Skip to Content

بەخشین …. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

بەخشین …. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2018 General, Kids Literature

سەر شانۆ دیکۆری چەند ماڵێکە و باخچەیەکی لەلاوەیە،کۆمەڵێک منداڵ یاری دەکەن ..دوور دەکەونەوە..منداڵێک دەردەکەوێت کە پەڕتوکێکی منداڵانی بە دەستەوەیە.وردە وردە دەڕوات و تەماشای دەکات.
ئارۆ:بەڕاستی چیرۆکەکانی ناوئەم پەڕتوکە زۆر خۆش بوون و سودی باشم لێوەرگرتن..پێویستە ھاوڕێکانیشم ھەر وەکو من سودی لێوەربگرن..دەیاندەمێ َ و زیاتر خۆشەویست دەبم لایان وسودیشی لێوەردەگرن.
بۆ یاریکــردن ……….کەوتومەتە ڕێ
تا منداڵی تر………..بکەم بە ھاوڕێ
خــوێندنەوەیە………کە بۆتە خولیام
بە خـوێندنەوە………دەگەم بە ھیوام
بەڵام وا ئەمـــڕۆ……..دێم پەڕتوکەکەم
کێ ھات بە دیاری………پێشکەشی دەکەم
لەم کاتەدا منداڵێکی کچ دەردەکەوێت ،بوکەشوشەیەکی پێیە،گۆرانی بۆ دەڵێت:
ھەی ھەی لەو بووکی منە
چـــەندە جوان و خرپنە
تۆ ســـەیری قژی خاوە
بە شــانە دام ھێنـــاوە
لە سەر شانی وەستــاوە
تــەسریحـەم بۆ لێداوە
گۆرانی خــــۆش دەزانم
بۆی دەڵێم تـــا دەتوانم
من لە گەڵ بووکــە خانم
ھیلاک بوونیش نـــازانم
ئارۆ:
سەیری ئەو کچە ……..وا بـــۆ ئێرە دێ
ئێستا دەیدەمێ و……..دەیکەم بە ھاوڕێ
لە گۆشەیەکەوە چەند منداڵێک وەستاون و ئاگایان لە (ئارۆ)یە و تەماشای دەکەن:
ئـــای ئەو منداڵە…….بۆ ئاوا دەکــــات
پەڕتوکەکەی خۆی…….بە خـەڵکی دەدات
ماڵی خـۆیەتی و…….ســودی زۆرە بۆی
پاراســـتنیشی……..بگرێتە ئەستۆی
کچەکە دێتە پێشەوەودەڵێت:
سڵاو ھاوڕێ گیان…….بۆچی بە تەنھای
ئاوا ســەرقاڵی…….بۆ کێ دەگــەڕای
ئارۆ :
چـاوەڕێی تۆ بووم……..بە پەرۆشـــــەوە
دیـــاریت بدەمێ………بە ڕووی خـۆشەوە
کچەکە پەڕتوکەکە وەردەگرێت ودەڵێت:
سوپاست دەکەم……..ھاوڕێی وەفادار
ھاوڕێی ئازیز و……..چالاک و وشیار
ئارۆ دەیداتێ و دەڕوات…..
کچەکەش دەڕوات و بە ڕێگاوە تەماشای پەڕتوکەکە دەکات(ئای کە جوانە!) دەڵێت:
ئێستا زۆر دڵخۆشم ،بەڵام چی بکەم کە ناتوانم بیخوێنمەوە،حەز دەکەم منیش بیدەم بە کەسێکی تر بەڵکو ئەویش وەکومن دڵخۆش ببێت و بتوانێت بیخوێنێتەوە..لە کاتی قسەکانیدا کوڕێک دەردەکەوێت گۆرانی دەڵێت:
ھاوڕێ وەرە تۆ لە کوێی……….ناکــرێ تا ئێرە بێی؟
منداڵەکان:
تەماشاکەن ئەمجــارە……..نەفــامێکی تر دیــارە
ئەویش وەک (ئارۆ) وایە………لە دنیا بێ ئاگــــایە
وا بەنیـازی بەخـشینە………ئەو پەڕتـوکە ڕەنگینە
کوڕ:
وا ھاتم ھــاوڕێی وریا……….تۆ چی دەکەی بە تەنیا
تەنھای ھاوڕێت لانییە……….پێم ناڵێی ھۆکەی چییە؟
کچەکە بە پێکەنینەوە دەڵێت:
ھاوڕێی دڵسـۆز و دێرین……….گورجوگۆڵ وخوێن شیرین
من دیــاریم بۆ تۆ پێیە………بە ســودە لە گشت جێیە
ئەم پەڕتوکــەم لەلایە……….چیرۆکی خـــۆشی تیایە
دیاری منە زۆر شـــەنگە……….پڕ وێنەی ڕەنگـاوڕەنگە
کوڕەکە:
سوپاس ھاوڕێی شیرینم………بە دڵخــــۆشی بتبینم
بۆ ئەو دیارییە جــوانە………لای من نرخی گـــرانە
کچەکە دەڕوات و بەرزدەبێتەوە بە دڵخۆشی یەوە …کوڕەکەش دەڵی باشە ئەم پەڕتوکە جوانە ،وێنە دارە چی لێ بکەم ،چاویلکەکەم پێ نییە و حەزدەکەم پێشکەش کەسێکی بکەم کە بیخوێنێتەوە…بەملاولادا دەڕوانێ کوڕێکی تر دەبینێ دەڵێ:ئەوە (بڕوا)ی ھاوڕێمە ئەوە چی دەکات لەوێدا؟.
کوڕەکە:
(بڕوا) وەرە ھەر ئێستە………لەودورە ڕامـــەوەستە
با پێکـــەوە دانیشین……….گوێ لە یەکتری بگرین
منداڵەکان:
چی ڕویداوە وا دەکـەن………دیاری بە یەکتر دەدەن
ئەمانە زۆر نەفــامن……….وا بە یەکتر سەرسامن
دەبێ شتێکی تیابێ………..ئەم کارە بێ ھۆ نابێ
دیاری بۆ یەکتر دەبەن……….سوپاسی یەکتر دەکەن
بە جوانی یەکدەدوێنن……….خۆشەویستی دەنوێنن
بڕوا:
باشە ڕاوەســـــتە وادێم……….ئەی خۆشەویست و ھاوڕێم
بزانــم کــارت چییە؟………ئەمڕۆ کەســــــت لانییە
دەتەوێ یاری بکـــــەین……….کاتی خۆش بەسـەر ببەین
کوڕەکە:
خـــــۆشی بە دڵت دەدەم………دیاریشت پێشکەش دەکەم
بڕوا:
من سوپاسی تۆ دەکــــەم……….ئەی ھاوڕێ ئازیزەکــــەم
تۆ بێ دیارییش ھەر جوانی……….ھـــــــاوڕێیەکی نیانی
کوڕەکە:
سوپاس بۆ تۆی قسەخۆش……….دڵنیابە، کـــە وای تۆش
ئەم پەرتوکـــەم ھێناوە……….بۆ تۆی ھــــاوڕێم داناوە
پڕە لە چیرۆکی خــــۆش……….پێویستە بۆ گەشەی ھۆش
(بڕوا )پەرتوکەکەی لێوەردەگرێت………..بەڕاستی تۆ ھاوڕێیەکی دڵسۆزیت ئەم دیارییەشت زیاتر دڵسۆزی و خۆشەویستی تۆی بۆ دەرخستم.
بڕوا:
ئەم پەڕتوکە ھەم چیرۆکی خۆش و بەسود ی تیایە و ھەم وێنەی ڕەنگاوڕەنگیش،بەڵام بەڕاستی زۆرە من ناتوانم ھەمووی بخوێنمەوە…کە بۆیشم نەخوێندرێتەوە بۆچی لەلای خۆم دایبنێم…بۆچی نەیبەخشم بە یەکێک کە بتوانێت بیخوێنێتەوە و زیاتر سودی لێوەربگرێت….تەماشای ئەملاولای دەکات و لاپەڕەکانی ھەڵدەداتەوە..
منداڵەکان:
١. دەوەرە شەق مەبە لەوە ناچێت ئەمیش ھەڵی بگرێت بۆ خۆی.
٢. ئەوە بۆ کێ دەگەڕێ؟لەوە دەچێت بۆ من بگەڕێت.بابچمە پێشەوە بەڵکو بیدات بە من ..زۆری حەز لێدەکەم..
٣. لاچۆ ناشیرین بۆ من دەگەڕێت.
١. دەیدات بە من لاچۆ.
٢. ئەوە چییە؟ لەبیرتان چوو دەیدات بە من.
٣. نەخێر دەیدات بە من …وەی کە جوانە!
بڕوا: لەل لەل لا لەل لەل لا لەل لەل لا لەل لەل لا لەل لەل لا
وەی بابڕۆم بگـەڕێم………وا ئێستا (ئارۆ)ی ھاوڕێم
دەبینم و دەیدەمـــێ……..دڵخۆشی دەکەم کەمێ
یارییشی لەگەڵ دەکەم…….ئەوسا پێشکەشی دەکەم
لەم کاتەدا (ئارۆ) دەردەکەوێت…جوڵەی وەرزشی دەکات..
بڕوا:
وەرە پێشێ ھاوڕێ گیان………ھـاوڕێی ئازا و یاریزان
یاریی دەکـەین پێکەوە………بـە دڵێکی خۆشــــەوە
ئەگەر ئێمـە بەسـۆز بین………بۆ یەکـتری دڵســۆز بین
ھـــەوری ڕەشی ئـاژاوە………بەجێی دێڵێ ئەم نــاوە
نمــە نمـــەی بارانی……….خۆشەویستی بە جوانی
ئەم ناوە دەگـــرێتەوە………ناخـــۆشی دەبڕێتەوە
ئارۆ:
وا ھـــاتم ھاوڕێی نازدار………ھـــاوڕێی باش و وەفادار
یاری دەکـــەین بێ پشوو………دەی با دەست پێ بکەین زوو
بڕوا:
ھاوڕێی گیان لەپێش یاری………ئەم چیرۆکـە بە دیـــاری
لە مـن وەر بگرە بۆ خـۆت………چـونکە ســودی زۆرە بۆت
ئارۆ:
ســــوپاسێکـی بێ پایـــان
بۆ تۆی ھـــاوڕێ( بڕوا) گیان
بەڵام پێش یـــــاری کــردن
کەمێک گـوێ بگــــرە بۆ مـن
ئەو پەڕتوکەی بە دیــــاری
دەمدەیتێ لەپێش یـــــاری
ھەر ئەوە بوو خۆم بەخشیم
بووە مایـــەی دڵخۆشـــیم
کەچی بۆ خـــۆم گـــەڕاوە
خـــــۆشی خستە ئەم ناوە
لەم کاتەدا (ئارۆ) تەماشای پەڕتوکەکە دەکات و منداڵەکانی تر پەیدا دەبن ودەڵێت:
کاتێ یەکتر دەدوێنین
خۆشەویستی دەنوێنین
ھاوکاری یەکتر دەکەین
دڵسۆزیمان دەردەخەین
بەبەرھەمی ھاوکاری
دەڕوێ گوڵی بەختیاری
ئارۆ:
با یەکێک لە چیرۆکەکانتان بۆ بخوێنمەوە….منداڵەکان بە چوار دەوریدا دادەنیشن ….پێکەنین و قاقایان ئەو ناوە پڕ دەکات.
منداڵەکان:
ھەتا ئێستا ھەڵە بووین
بۆ ھەرجێگایەک دەچووین
خـــەریکی ئاژاوە بووین
بەو کارە حەســاوە بووین
وا ئێمــەش بڕیار دەدەین
ھەر وەکو ئێوە بکــــەین
بۆ یەکتر بەســــۆز دەبین
ھاوکار و دڵســـۆز دەبین
ڕێمان بدەن ئێمــەش بێین
ھــــەموو گـۆرانی بڵێین
بڕوا:
دەتانەوێ بەشـــدار بن
لەگەڵ ئێمە ھــاوکار بن
واز لەو کـــارەتان بێنن
یەکتری مـــــەڕەنجێنن
خۆشەویستی ھــــەمیشە
لاتان ببێ بە پیشــــــە
چونکە ڕاستی و بەخشینە
سەرچـــاوەی خۆشی ژینە
…………………………….

کۆتایی
تێبینی:بۆ بیرۆکەی ئەم ئۆپەرێتە سودم لە چیرۆکێکی عەرەبی وەرگرتووە .

Previous
Next
Kurdish