Skip to Content

خوێندنەوەیەكی فێمێنیستانە بۆ كۆچیرۆكی “دەزگیرانە قوڕینەكەم”

خوێندنەوەیەكی فێمێنیستانە بۆ كۆچیرۆكی “دەزگیرانە قوڕینەكەم”

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2018 General, Literature

سۆران محەممەدە سوورە

————————-
دەروازەیەك بۆ كۆچیرۆكەكە:

دەزگیرانە قوڕینەكەم، كۆمەڵە چیرۆكی چیرۆكنووس “كازیوە ساڵح”ـە، ساڵی2012 لە چاپخانەی ئاراس، لەچاپ دراوە. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە بیست و هه‌شت چیرۆكی لەخۆ گرتووە. هەژدە چیرۆك لەم كۆمەڵە چیرۆكە بە شێوەیەكی بەرچاو باس لە زووڵم، شەرمە و كوشتنی ژنان دەكاتن. لاوازیی، نزمسەیركردن و لەشیش؛ وەك چێژ و سەرچاوەی دامركاندنەوەی ئاڵۆشی پیاوان، خراوەتە ڕوو.

نووسەر خۆی ئامادەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە داواكردنی مافی ژنان هەبووە، چ لە ناوەوەی كوردستان، چ دوای ڕووكردنە دەرەوە. كازیوە، جیاواز لە ژنگەلێكی نووسەر خوێندنەوەی بۆ كێشە و پرسی ژنی كورد و ژنایەتیی (فێمێنیزم)ی كوردیی جیاوازە. چونكە ناوبراو لەلایەك منداڵیی و گەنجیشیی هەر لەنێو نەریت، ژینگە و فەرهەنگی نەتەوەكەی خۆیدا بەسەر بردووە. لەلایەكەی تریشەوە بەهۆی ڕووكردنە هەندەران و تێكەڵبوون بەو كەشە ئازاد و یەكسانییەی، كە لەوێ لە ئارادایە؛ ئاگاداربوونی لە كارە رێكخراوەیی و بزووتنەوەكانی ژنانی ئەورووپیی و چۆنیەتی هەڵوێستوەرگرتنیان بۆ ماف و ئازادیی ژن، تێگەیشتنێكی نوێی بۆ بواری چالاكی ژنان و بزووتنەوەكانی ژنان لە كوردستاندا، خستووەتە ڕوو.

بەشێوەیەك چیرۆكەكانی ڕێكخستووە، كە دەنگی كاره‌كته‌ری چیرۆكەكان، لە هەناوی لێبووردەیی، مرۆڤدۆستیی و یەكسانییی ڕەگەزیییەوە ڕێبكاتن. كارەكتەرەكانیش ژنن و لەلایەن پیاوانەوە ناڕەوایی و زووڵمیان لێدەكرێت و دەچەوسێنرێنەوە، وەك كازیی و مەرام بەكارهێنراون و ڕەگەزەكەی تریش ئاڵۆشییی خۆیانیان لێبەتاڵدەكەنەوە. كاره‌كته‌رەكان هەڵقوڵاوی ئەو كولتوور و سیستێمە دواكەوتووەن، كە هەمیشە ژن قوربانیدەر بووە و پیاویش وەها براوەیەك، كە بەشان و باڵیدا هەڵبگوترێت.

هەندێك لەو چیرۆكانە وەك (دەزگیرانە قوڕینەكەم یان ژووری ژمارە 508، كێ كوشتنەكەی ئاشكرا كرد؟ و مەیموونستان، ئەو سێوەی دایكیشم بە خواردنی گوناهباری كردم، ژنەكانی جەنەراڵ و كچە ئازادەكە) جێگەی سەرنجن
چیرۆكنووس باس لە كێشەكانی ژن لە كوردستان دەكات. هۆكردەكان و گرێكوێرەی دروستبوونی ئەم ئارێشانەش دەخاتە ڕوو، خودی بەربەستەكانیش كە هەمیشە نێر/ پیاو لە پشتیەتی، دەخاتە بەردەم نەشتەری ڕه‌خنه‌.

نووسه‌ر له‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌، خاوەنی بیرێكی یەكسانییخواز و داكۆكیكاری ژن ده‌رده‌كه‌وێت. لەو ڕوانگەی، كە ژنی كورد هەمیشە ڕووبەڕووی كەمسەیركردن و هێنانەوەی ژن وەك زەعیفە، خزمەتكار و تێركاری ئەو “ژەنەڕاڵ/ پیاو”ـە بووە، كە گوایە هۆشێكی ڕەهای هەیە و بەرزترە لە ژن و ژن زێتر سۆزی هەیە. بۆیە پیاو مافی بەسەر ژنەوە هەیە، خاوەنداریەتی بەسەرەوە بكا، لەگەڵی ڕابوێرێت و ئارەزووەكانی خۆی لێ تێر بكات.
هەوڵی ئێمە خوێندنەوەی ئەم كۆچیرۆكەیە، لە چەند ڕوانگەیه‌كی جیاوازی بزووتنەوەی ژنان، كە ژنان خوازیارینی و كاری بۆ دەكه‌ن و لە ژیانی كارەكتەرە سەرەكیی و لاوەكییەكانی نێو كۆچیرۆكەكەش “دەزگیرانە قوڕینەكەم”ـەوە ڕەنگ دەداتەوە.

1- نیشاندانی سروشتی دایك، لە دەسەڵاتێكی پاتریاركیدا

ژن هەمیشە لەكۆمەڵگەكان بەگشتی و كۆمەڵگەی كوردیی بەتایبەتی، لە پەراوێزی كۆمەڵایەتیی، ڕۆشنبیریی و ئابووریی … تاد، گۆش كراوە. هۆكارەكەیشی سروشتی ژن خۆی نەبووە، بەڵكو كۆمەڵگە و هێزی خۆسەپێنەر ئەمەی خستووه‌تەوە. پلە و چینایەتیی دروستكردووە. بۆیە دەبینین كارەكتەرەكانی نێو چیرۆكەكانی”دەزگیرانە قوڕینەكەم” هەمیشە لە پێگەی كۆمەڵایەتییدا كەنارگیر كراون. ئەو ڕۆڵەیان لێسەندراوەتەوە، یان پێیان نەدراوە، كە دەبێ ئەمیش وەك ڕه‌گه‌زێك هەیبێت. بۆیە دەبینین هەمیشە ژن لە گۆشەیەكی ماڵدا هێڵدراوەتەوە، ((دایكی هەموو جارێك بانگی دەكرد” كچم وەرە بۆ چێشتخانە با ڕێگەكانی گەشتن بە دڵی پیاوت فێر بكەم.))، ل 118.

ئەم بیركردنەوەیە، بیرێكی باوی نێو كولتووری خێڵەكییی كوردیی بەرییە و تا ئێستاش خەڵكگەلێك چ پیاو، چ ژن، هەڵگری وەها تێگەیشتنێكن، كە گوایە ژن دەبێت خزمەت بە پیاو بكات و تەواوی تەمەنی لە چێشتخانە بباتە سەر. ئەم چیرۆكە ئەوە نیشاندەدات، كە هەمیشە پیاو خۆی لەپێشەوە داناوە و ژنیشی وەك خزمەتكار سەیركردووە. هەڵبەتە هەر ئەم پیاوەش بووە، كە ئەو دایكەی دروستكردووە، كە بڵێت: ڕازیكردنی دڵی پیاو؛ گەیشتن بەدڵی پیاو، كارێكی پیرۆزە و جوانیی بەژن دەبەخشێت. بەمانایەكی تر لێرەوە چیرۆكنووس دەیەوێت پێمان بێژێ: دایكی كورد خەونی خۆی لێسەندراوەتەوە. بۆیە هەر خەونێكیش، كە هەیبووبێت ئەوە خودی سیستێمی پیاوسالاریی بۆی چێكردووە. ئەوە نییە هەموو ڕێگه‌كانی ژنی هەر بۆ لای خۆی بردوونەتەوە.

بۆیە چیرۆكنووس سەركەوتووانە توانیویەتی، لە هەناوی نەریتە دواكەوتووەكەی گەلەكەیەوە، كارەكتەر دروستبكات. بیری وشیاریی و هەڵوێستیش لە بەرانبەریدا و یاخیبوونی كچی تێگەیشتووش، نیشان بدات: ((ئەویش بە دەم بۆڵەبۆڵەوە ئەی هاوار كەی لەم عەقڵە كۆن و تۆزگرتووەی تۆ ڕزگارم دەبێت))، ل 118.

لێرەوە چیرۆكنووس دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، كە دایكان كەوتوونەتە ژێر ساوێری عەقڵی كۆن و پێویستە وەئاگا بهێنرێنەوە. سەرەڕای ئەمە پەیامێك ئاڕاستە دەكات، كە دەبێت كچان سەردەمیانە بیربكەنەوە و خاوەنی كەسیەتیی و بڕیاری خۆیان بن. تەنیا كەسێكیش، كە ئەم دایكە وه‌ئاگا بهێنێتەوە، ئەوە خودی كچەكانیان/ ژنان خۆیانن. چونكە ئەمانیش هەر ئەو مێیینەیەن، كە وەك یەك جیاوازییی ڕه‌گه‌زیی و نایەكسانیی گرتوونیەتییەوە و دەیانگرێتەوە، ئەگەر یەكنەگرن، ئاگا نەبنەوە و بە بیرێكی نوێ و سەردەمیانە لە دنیا و ژیان نەڕوانن.

ئەگەرنا هەر ئەو ڕه‌گه‌زە دەمێنێتەوە لە چێشتخانەدا بێت و هەوای ژیانی ئازاد هەڵ نەمژێت. چونكە ژنیش وەك پیاو پێویستە بۆ خۆی بژێت. چونكه‌ ده‌سه‌ڵات و مه‌یلیی خاوه‌نداریه‌تیی و خۆبه‌خاوه‌نزانین، دڵی پیاوی كردووه‌ته‌ دڵێكی ڕەق لە بەرانبەر ژن، چونكە هەر خۆی ژنی خستووه‌تە پەراوێز و گۆشەی چێشتخانەوە، جا چۆن دایك ڕێگه‌یەك بۆ كچەكەی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەدڵی پیاو بگات؟!

((هەرگیز وا نییە، بیرت چوو خۆتان پەروەردەكەری ئەو داوانەن… ئێمە هەر لە لەدایكبوونەوە، لاسایی زمانی ئەو دایكانە دەكەینەوە كە باوكمان قۆپچەی ڕەشی داوە لە زمانیان و چاوەڕوانی جەنەڕاڵی قەدەرە لە خەزانێكدا بیانوەرێنێت))، ل 89.

ئایا ئەم دایكە توانیویەتی لە كونجی ماڵەوە ئەم ڕێگه‌یە، كە پیاو وەك داهۆڵێك سەرەڕێی گرتووە، بیگرێتە بەر یان لایەك لەم ڕێگه‌یە بكاتەوە؟! بۆیە بەتەوسەوە كارەكتەری چیرۆكەكە دەڵێت ((تۆ هەرگیز ڕێگەیەكت زانیوە بمگەینێت بە عەقڵی پیاو، نەك دڵی، مەبەستم مەعیدەی؟)) ل 118.

گەدەی پیاو، لەلایەك ئاماژە بۆ هەرسكردنی خواردن، تێرنەبوون و چێژ وەرگرتنی پیاو، لەژن دەكات، لەلایەكی تریشەوە گەدەی پیاو، بریتییە لەو ئیمپراتۆریەتە مێژوویییەی، كە دروستی كردووە: بەچەوساندنەوە و لەگۆڕنانی خەونی ژن. مێژووێك كە پیاو وای لەژن كردووە بۆ گەیشتن بەدڵی، دەستبەرداری خەونەكانی ببێت و لەگۆشەی ماڵەوەدا بمێنێتەوە و خواردن پێشكێشی ئەو پاشایە بكات، كە هەرگیز لەئاستی مرۆڤ سەیری نەكردووە، كە وەك ئەم خەون، مەیل و پرسیاری هەیە. ((ڕۆڵە خوا عەقڵێكت بداتێ كە پێی بژیت، چونكە ئەم عەقڵە ناتژێنێت))، كورتە برووسكەكانی غوربەت- برووسكەی یەكەم ل 118.

هەمیشە متبوونی ژن، وایكردووە پیاو دەسەڵاتە میریەكەی خۆی بەرفراوان بكات و پەرە بەمێژووە چەوسێنەرایەتیییەكەی خۆی بدات. ((تا خواستی دەسەڵاتداری زۆرتر و زاڵتر بێ ئاستی هۆشیاری لاوازتر و كۆڵتر دەبێ، خواستی ملكەچبوون باڵاتر دەبێ، مرۆڤی ملكەچ لە سرووشت و بەهای ئازادی ناگا، تەنیا مرۆڤی ئازادیش هەڵگری مەزەندەكردن و هۆشیاری مافی بەرانبەرە، مافیش باسی كاتی نەبوونی دەسەڵات و ژێردەستەیییە، كەواتە ژن كە بە مرۆڤی بێ دەسەڵاتی ناو كۆمەڵ ناوزەدكراوە و كۆمەڵیش بێ دەسەڵاتی دەسەڵات ناكرێ لە زلهێزیی دەسەڵاتەوە داوای ماف بكات.))(1) بۆیە دەبینین دەسەڵاتی پیاوسالارانە، بواری بە ژن نەداوە؛ هزر بكاتەوە، پرسیار بكات و بڵێت و بڕوات. بۆیە ئەمەش وایكردووە، پیاو هەمیشە براوە بێت لەبەردەمی بێهەڵوێستییەك، كە خۆی بۆ خۆی فەراهەمی كردووە. هەر وەڵامدانەوەیەكیش بە كوشتن و بەردباران كردن كۆتاییی پێدێنێت. بۆیە عەقڵێك، كە هەڵوێستی نەبێ و بییەوێت كۆیلانە بژێت، ئەوە دەبێت ئەم نەوەیەش وەك دایكی هەمیشە لەسووچێكی ماڵەكەیدا، خەریكی ناوماڵیی بێت، ئەگەرنا ئەقڵی نوێ و بیری نوێ قڕانی دەكات و نایژیەنێت. بۆیە خۆشویستنی پیاو بۆ ژن لەم چیرۆكەدا تەنیا بۆ گەدەكەیەتی.

2- جیاوازییی ڕه‌گه‌زیی و ترس لە ڕه‌گه‌زی نێر؟

جیاوازییی ڕه‌گه‌زیی و هەبوونی نایەكسانیی لەكۆمەڵگەی كوردییدا، ژنی كردووە بە ڕمووزن. لەوێوە ژن وەك نامووس، شەرمگەی وەك ئافات و ئابڕووچوونی خێزانەكەی لێكدەدرێتەوە. بۆیە چیرۆكی “ئەو سێوەی دایكیشم بە خواردنی گوناهباری كردم” چیرۆكی كچێكە سەرتاپای منداڵیی لە نێو ترس و شەرمەدا بەسەر بردووە. ترسێك، كە وایكردووە، لە خەونیشدا دار، دیوار…تاد، لێی ببن بەسێبەری باوك و برا.
كارەكتەری چیرۆكەكە كچێكی یازدەساڵانەیە. هەر لە منداڵیی و لەو تەمەنە بچكووكەیه‌وە بە گوێیدا چرپێندراوە، كە نابێت تێكەڵاوی هیچ نێرینەیەك بێت. جا چ لە خوێندنگە بێت یان قسەكردن لە ڕێگه‌ لەگەڵ كوڕ. هەموو ئەمانە بۆ كچ تابۆ كراون و نابێت لێی نزیك ببنەوە.

((دایكم بە نیوەی هاوپۆلەكانمی گوتبوو هەر شتێكیان لێبینی یا لە ڕێگه‌ لەگەڵ كوڕدا قسەی كرد خێرا وەرن لە ماڵەوە بەمن بڵێنەوە))، ل 114.
هەر ئەمەش وایكردووە كە كارەكتەر/ كچی كورد، تێكەڵاوی ڕه‌گه‌زی نێریینە نەبێت و باوەڕ بە هیچ پیاو/ كوڕێك، نەكات. ((هەزار جار پێم وتویت و پێت دەڵێمەوە، ئەوەی نێر بوو باوەڕی پێ نەكەیت، تەنانەت گەر باوكیشت بوو، ئەگەر ئۆتۆمۆبێلێك لە ڕێگە ماڵی هەر كەسێكی لێ پرسیت نزیك نەبیتەوە))، ل 112.

ئەوە سیستێمی خێڵەكیی و باوكسالاریییە قوربانیی بە هەردووك ڕه‌گه‌ز كچ/ كوڕ، دەدات. ئەو دوو ڕه‌گه‌زەی سروشت هەڵی بژاردوون و خودا وەك یەك گیانی بەبەردا كردوون، ئیتر لە یەكتری دەكرێن. كوڕ دەبێتە ڕه‌گه‌زی دڕندە و كچیش دەبێتە ڕه‌گه‌زی شوورەیی، شەرمە و سەر بە فەتارەت. ناڕەوایەتییەك پیاو دوو جار بەخۆی دەكات، جارێك بە ڕەگەزی بەرانبەر و جارێكیش بە خۆی، كە خۆی وەك دڕندە دەناسێنێت
ئەم كچە داماوە تەنانەت سووڕی مانگانەشی، كە سروشتی خۆیەتی. لێی ڕادەكات و لێی دەترسێت، چونكە هەموو شتێكی لەلا كراوەتە شەرمە و شوورەیی.
دایكە عەیبە یانی چی؟
واتە خوا دەتخانە جەهەننەمەوە……، ل 110.

بۆیە هەموو پرسیارەكانی بۆ دەكرێنە ترس و دڵەڕاوكێ. هەر، كە خوێنی مانگانەش دەبینێت، ئەوە لە خوێندنگە بۆ ئەوەی هاوڕێكانی نەیبینن، قسەی بۆ هەڵنەبەستن و نەی گەیەننەوە بە دایكی، پەنا بۆ پاسارانی خوێندنگەكە دەبات.
تەنانەت، كە خەونیش دەبینێت و كوڕێك ماچی دەكات و زگی لێپڕدەبێت، ئەوە لە كاتی سووڕی مانگانەی و بینینی خوێن، ترس دایدەگرێت و ئەم خەونەی وەك ڕاستییەك بۆ دەردەكەوێت. چونكە پێشتریش چیرۆكی ئەو كچەی بیستووە و زانیویەتی، كە چۆن بەهۆی زگپڕبوونی لە خۆشەویستەكەیەوە، نەفرەتی لێكرا و بە بێڕەوشت ناوی بردرا.

ئەمە جێگەی هەمیشە كۆچكردنی كچانمان بووە، بۆ ژوورە تاریكەكان. ئەمەیە كەپتكردن، كە هەمیشە كچی كورد تێكەڵاوبوونی لەگەڵ ڕه‌گه‌زی بەرانبەریدا، بۆی كراوەتە شەرمە، لە وەڵامی بۆچییەكەشیدا؟ ئەوە هەمیشە پەنا بۆ ئەو سزایە بردراوە كە خودا دەتخاتە دۆزەخەوە. هەرگیزیش ئەم تێگەیشتنە باوەی كۆمەڵگە، ئەو بوارەی بە ژن نەداوە وەها تێگەیشتنێك بخوێنێتەوە، لێكی بداتەوە و ڕەزامەندی بۆ دەرنەبڕێت.

ئیتر ئەمە دەبێتە هۆكارێك و وا لەو كچە دەكات، كە تەنانەت سەیركردنی ئاوێنەش بۆی نەشیاوە، چونكە پێی دەڵێن: ((دڵت پەیدا كردووە))، ل 114. بۆیە ئیتر سەیركردنی ئەو بۆ ئاوێنە، سەیركردنی ڕووخساری نابێت وەك سروشتی خۆی، وەك هەر كوڕ و كچێك، كە لە جوانیی خۆیان، حەیران دەمێنن، بەڵكو كاتێك سەیری ئاوێنە دەكات، بۆ ئەوە سەیری دەكا، كە ئەو جییاوازیانە ببینێتەوە ((كە شوانی برامی لای دایكم شیرین كردووە و منیشی نابووت كردووە))، ل 114. ئیتر گەڕان بۆ دۆزینەوەی جیاوازیەكان، دەبێتە بەدزی سەیركردنی ئەو بۆ ئاوێنە، تا بزانێت بۆچی ئەم شوومە؟! كەچی ئەو/ برا، پیرۆز و ئازادە. بۆچی جەستەی ئەو كارەساتە و مایل بە دیلكردنیەتی؟ تۆ بڵێی پێوەندییەكی ڕه‌گه‌زیی لە نێوان مێ و ئاوێنەدا نەبێت؟ كە تەواوی منداڵیەتی لەنێو ئاوێنەدا بۆ نەبێتە خۆ ناسكردن، دەرككردن و پێشیانی سۆز و جوڵانی ئارەزوو، هەڵبەت ئەمە لە هەرتك ڕه‌گه‌زدا و بەبێ گەڕانەوە بۆ نارسیس.

3- ئازارەكانی كچبوون

لە دایكبوونەوەی زەوی، هەڵگرتنی جیاوازییی ڕه‌گه‌زیی نێوان ژن و پیاوە، كە چیتر ژن وەك ڕه‌گه‌زی كەمتر، شووم و ئابڕووبەر… تاد، سەیر نەكرێت. ژنیش لە زمانی خۆی و تێڕوانینی خۆیەوە، ئەمیش گوزارشت لە ژیان، بوون و گەوهەری مێبوونی خۆی بكات. ئەوە ڕوونە كە ژن لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا هەمیشە سەركووتكراوە و دەچەوسێنرێتەوە. هەموو ئەمانەش بە هۆی مێبوونییەوە بووە. هەڵەیەك، كە هەرگیز نەیكردووە، مێبوونیەتی، بەڵام نا مێبوون؛ ڕووحی پاسارییەكە، لە فڕین بەنێو ئەبەدییەت. مێبوون ڕووحی شیعرە. بەفرە كاتێك سەر بە زەویدا دەكا بۆ لەدایكبوونەوە و ژیانەوە.

چیرۆكی “دارسێوەكەی باپیرم” وێنای ئەم جیاوازیییە ڕه‌گه‌زییە دەكات، لە نێو خێزانی كوردییدا، ئەمیش لە ڕێگه‌ی میراتەوە. ئەم چیرۆكە ئەوە نیشان دەدات، كە هەرگیز لە نێو خێزانی كوردییدا وەك یەك سەیری كچ و كوڕ نەكراوە. ئەمەش بووه‌تە فه‌رهه‌نگ و هەمیشە كوڕ لەپێشتر دادەنرێ و كچیش نەك هەر لەدایكبوونەكەی، بەڵكو بەرگوێكەوتنی ئەوەی، كە منداڵە لە لەدایكبووەكە “كچە؟!” ئەوە نێوچاوانی باوك، برا و مام، گرژ دەبێت، چونكە لە لەدایكبوونی كچ، گوایە هێنانی بەڵایەكی گەورە و شوورەیییەكی مەزنە.

سەرەڕای ئەوەی، كە مافی میرات بەخشكاریش، هەمیشە پیاو سەرقافڵەی ئەم كاروانە و خاوەنی هەموو شتە هەبووەكانی بنەماڵە و كوڕە لە پێشەكەی خێزانەكەیە. ((باپیرم بەر لەوەی بمرێت ماڵ و موڵكەكەی بەسەر كوڕ و كچەكانیدا دابەش كرد و ئەو دارسێوەشی بە من بەخشی. من تەنیا نەوەیەكی بووم لە نێوان یازدە نەوەدا شتم بەركەوت، ئەویش تەنیا بە خواستی باپیرم))، ل 9.

هەڵبژاردنی نەوەیەك لەنێو یازدە نەوەدا لەلایەن باپیریەوە، ئەمیش كچ و بەخشینی دارسێوەكە، كە میراتی بنەماڵەیییە، ئەوە هەر زوو تەقینەوەی نەك تەنێ پیاو، بەڵكو ژنیش لەبەردەم پێدانی ئەم بەشە میراتە ڕوودەدات، چونكە كچەكانی باپیرەش میراتیان دەكەوێت، كە ئەمانیش كوڕیان هەیە.

((ئامۆزا و پوورزا هەرزەكار و كامڵەكانم دەنگی ناڕەزایەتییان گەیاندە ئاسمانی سەروو دارسێوەكە، مامەكانم و پوورەكانم خەریك بوو دیوەخانەكەی باپیرم بكەن بە گۆڕەپانی جەنگی مەغۆلەكان))، ل9.
هەرزوو ناڕەزایی ئەوە دەردەبڕن، كە ئەم بڕیارەی باوكیان، واتە باپیری كچەكە داویەتی، ئەوە بڕیارێكی ئێجگار هەڵەیە و نادادپەروەریی تێدایە، چونكە:
یەكەم: منداڵەكانی مامی گەورە، ڕەچاو نەكراوە، كە لە پێشترن.
دووەم: بەخشینی وەها دارسێوێك، كە ئەو هەموو شەڕ و قوربانیانەی، كە لە پێناوی پاڕاستنی ئەم دارسێوەیە دراوە، ئێستا دەدرێت بە نەوەیەكی یەكێك لە كوڕە بچووكەكانی و سەرەڕای ئەمەش ئەو نەوەیە، كوڕ نییە و كچە. چونكە كچ بە دیتەی ئەمان ئەوە نە هێندە لە پێشەوەیە، نە توانای پاڕاستن و بەرگە گرتنی هەیە.

تا بەو هۆیەوە بەسەر مافی نەوەكانی، كە كوڕی گەورەیە بازبدرێت. ئەم تێڕوانینەش لەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ژن زوو خۆی لەدەست دەدات و توانای بەرگەگرتن و داكۆكی كردنی نەك هەر لە كەس و شت، بگرە لە خۆیشی نییە. ئەمەش بیركردنەوەیەكی هەرە لاوازی كۆمەڵگەی داخراوە، هەڵقووڵاوی ئەو دەسەڵاتەیە، كە پیاو پاوانی كردووە، ئەمەش سیمای كۆمەڵگەی داخراوە بە ڕووی شارەستانییەت، دێموكراسیی و یەكسانییی نێوان مرۆڤەكان.

یەكێك لە بیرە هەرە سەرەكیی و مرۆڤدۆستیەكانی ژنایه‌تیی لەو دەقەدا ئەدگاری خۆی یان بیری خۆی تێدا لەق نەكردووە، كە باپیری خودی كارەكتەر/ كچەكە، دەڵێت: ((من خۆم دەزانم چ ئازارێك لە ناخی ئەم دارسێوەدایە و دەشزانم منداڵەكان و نەوەكانم كامیان باشتر تیماری ئەو ئازارانەیان پێ دەكرێت و كامیشیان مێژووی ئەو دارسێوە وەكو خۆی دەڵێتەوە))، ل 10.

ئەم چیرۆكە ڕێگریەكانی بەردەم ژن، هەر تەنیا بە پیاو نابەستێتەوە، بەڵكو ژنیش بەشێكی ئەم رێگریەیە. سەرەڕای ئەمەش وێنای پیاوێكی شكۆمەندیشمان بۆ دەكێشێت، كە بیردەكاتەوە و جیاوازییی ڕه‌گه‌زییش وەلاوە دەنێت. وەڵامی ئەم هەڵە تێگەیشتنەش دەداتەوە، كە گوایە ژن توانای پارێزگاریی، پاڕاستن و بەرگەگرتنی نییە و ناتوانێت بارودۆخەكان تێبپەڕێنێت، بەڵام وەدەنگهاتنی پیاوی وشیار، ئەوە ڕێگه‌ بە وەها تێگەیشتنێك چۆل دەكات، ((باپیرم سوور بوو لەسەر قسەی خۆی و گوتی، ڕۆڵە منیش بۆیە دەیكەم بە ناوی ئەم كچەی تۆوە، دەمەوێت ببێت بە موڵكی كەسێك كە بتوانێت بە گژ ژیاندا بچێت((، ل11.

لێرەدا گەرەكە ئەوە بگوترێ، كە هەر سێوێكیش لەو دارسێوە، ژنێكە، مرۆڤێكە. هێنانی ناوی دارسێو لەم چیرۆكەدا ئاماژەكردنە بەوەی، كە ژن وەك سەرچاوەی ئاشكراكردنی زانین و خواردنی بەری دارسێوی بەهەشت، كە زانینی بۆ مرۆڤایەتیی كەشفكرد، هێنراوە. كە هەر ئەمیش بوو ئەوەی، كە لە بەهەشت لێی یاساغكرا، لە سەر زەوی بەدەستی بێنێت. بۆیە ژن ئەو مرۆڤە كاردۆسته‌یه‌ كە هەمیشە بزوانی بۆ ژیان و ژیانێكی نوێتر تێدایە. مرۆڤ كاتێ دادەماڵرێت لە بەها مرۆڤییەكات، ئەوكاتەیە، كە چالاكی نییە، چونكە چالاكیی ڕیشەی هەیە؛ كە خواستە.

بۆیە دارسێو: پێگە، جوانیی، ڕۆڵ و كاریگەریی ژن، لە كۆمەڵگەدا نیشان دەدات. كەچی ئێستا بۆچی ناكرێت ژن خاوەنی شتێك نەبێت. ((من دەمێكە لەوە تێگەیشتووم ئەوەی خەڵكی مەملەكەتی حیكایەتخوانەكان شێتگیر دەكات ئەوەیە ژنێك خاوەنی دارسێوێك بێت))، ل 13. ئەمڕۆ ئەو لاپەڕەیە هەڵدراوەتەوە و نهێنییەكەی خوێندراوەتەوە، كە پیاو و پیاوی كوردیی، بۆچی ترسی لە ژن هەیە ببێتە خاوەنی خۆی و خۆی بڕیار بدات، چونكە ئەودەم ژن پرسیار لە ناسنامە ڕاستەقینەكەی دەكات و بەدوای بوونە ڕەسەنەكەی خۆی دەگەڕێت. چیتر ئەو مرۆڤە بەنامرۆڤكراوە نامێنێتەوە بۆ پیاو، كە سەرچاوەی چێژبینین و سۆز جووڵاندنی پیاو بووە. بۆیە هەرگیز ناكرێت وەك ترس سەیری: ماف، ئازادیی و بزووتنەوە فێمێنیستەكان بكەین، بۆیە باسكردن لە ئازادیی، نە تەنێ ژن، بەڵكو هاوكات پیاو خۆیشی خوێنێكی لەبەر ڕۆیشتووی برینێك دەبێت، برینێكی قووڵ، كە هەمیشە ئەگەری نەخۆشییەكی تری كوشندەی بۆ سەر مرۆڤایەتیی و كۆمەڵگەی لێدەكرێت. برینێك دەبێت هەمیشە كولاوە، كە مرۆڤ پێیەوە دەتڵێتەوە، بێەوەی خواستی بۆ چارەسەركردنی هەبێت. بۆیە باسكردن لە ئازادیی نەك تەنیا پیاو، بەڵكو مرۆڤ، ساڕێژكردنی برینێكی قووڵە، كە مێژووی دەسەڵاتی باوكسالاریی، كردوویەتیە ژیانی كۆمەڵگەوە؛ كردنەوەی دەرگە داخراوەكانە بە ڕووی ژیانێكی یەكسان و بەختەوەر.

بەدیوێكی تر ئەم چیرۆكە، دەكرێت چەند خوێندنەوەی تر هەڵبگرێت، ئەم چیرۆكە لە 2012 بە دووساڵ پێش داعش نووسراوە. هەڵبەتە ئەمە ڕامان دەگرێت. چونكە دەكرێت بیبەستینەوە بەو بەرخوودانییەی لە كۆبانێ كچانی شەڕڤان كردیان. وێجا دارسێو دەبێتە هێما بۆ خاك، كە هەر ئەو كچە دەیپارێزێت، كە باپیرە لە وەسیەتدا بۆی بەمیرات داناوە. واتە میراتی كچانمان شەڕەفی پاڕاستنی نیشتیمانە، چونكە هەر ئەو دەتوانێت بەرگریی لێبكات و بیپارێزێت. هەڵبەت باپیرەش لە كەسیه‌تیی عەبدوڵڵا ئۆج ئاڵان وێنا دەبێته‌وه‌، كە وەك سەركردەیەك پاشخانێكی لە ڕووی هزر و كارەوە بە نەوەی نوێ بەخشیووە. هەم ناسنامەی خەباتی چەكداریی بەخشییە ژن و هەمیش وێڵی دوای بوون و ئازادیی خۆی خستن.

لەوێوە خەمی پاڕاستنی نیشتیمان، كە بۆ پیاو ئەمڕۆ ئێجگار قوورس كەوتووه‌تەوە، ئەوە ژن هەڵگر و داینەمۆی شەڕ و خەباتە. بۆیە هزریش بەبێ خەم و خەمیش بەبێ چالاكیی بەدی نایەت. ئەوەی ناسنامەی ژنانی شەڕڤانی كۆبانێی گەیاندە هەموو جیهان، ئەو پڕۆژە گەورەیەیە، كە باپیرە و نه‌وه‌ی ڕووناكبیر و تێگه‌یشتوو وەگەڕی دەخەن.

كە هیچ خەون، چالاكییەك نەبوو، تا ئیرادەی ناساندن و بەدیهێنان بكات، ئەوە نەبوونی خەون و چالاكیی، كوشتنی ئازادیی نابێت، بەڵكو كەوتنەوەی دنیایەك، نیشتیمانێك دەبێت، كە ڕۆڵەكانی خەیاڵپڵاو و تەنبەڵ دەژن. چاوەڕێی دەستێكی ئاسمانیی دەبن بێت و لەو چاڵە ڕزگاریان بكات. لێ ئێمە هەموو ئەو ڕه‌گه‌زانەی ملكەچ نەبوون و كارابوونە، لە ڕزگاركردنەوەی كۆبانێدا دەدۆزینەوە. واتە ژیانی نوێ لە كۆبانێ، خەڵكگەلی ڕووحمردوو بەرهەم ناهێنێت. بۆیە ڕەوتی ژنایه‌تیی لەم نەوەیەدا، لە ئەگەری باشترین بەرەو و پێشەوەچوونەكان دەبینرێت. هەڵبەت بە بەردەوامیی ڕه‌گه‌زەكانی جووڵەی ژیان: هزر، خەون، خەم، ئیرادە، چالاكیی.

4- نموونەی ژن وەك دایكێك دوای كۆستكەوتن

ژن لە گەلێك بار و ڕووداودا لە پیاو خۆڕاگر و بەهێزتر بووە. تەنانەت لە ژیانی هاوسەریەتی و چاوەڕوانیشدا، ئەوەندەی ژن بە بێگەردیی(*) و خاوەنی نەشكاندنی بەڵێنی هاوسەریەتیش دوای كۆستكەون و لەدەستدانی مێردەكەی ماوەتەوە، ئەوە پیاو ئەوەی نە كردوویەتی نە دەتواناشیدا هەبووە بیكات. بە مانایەكی دیكە، ئەوەندەی ژن دەتوانێت بۆ منداڵەكەی كچ/ كوڕ، دوای لەدەستدانی مێرد یان لێكجوودا بوونەوەیان، پارێزكاریییان بكات، نانیان بدات و پەروەردەیان بكات، ئەوەندە پیاو بۆی ناكرێت، چونكە بەڕاستی ژن توانایەكی بێسنووری لە چاوەڕوانیی و دانبەخۆداگرتندا هەیە.

ئەی بۆچی بە سۆزداریی زێتر لە پیاو سەیر بكرێت؟ ئەوە نییە پیاو دوای مردنی ژنەكەی، زوو یان دڕه‌نگ ژن دێنێتەوە، بەڵام ژن لەسەر منداڵەكانی دادەنیشێت، تا گەورە دەبن. لێرەدا دایك/ ژن تەمەنی گەنجیی خۆی بە منداڵەكانی دەبەخشێت؟!
یەكێك لە چیرۆكە سەرنجڕاكێشەكەی نێو” دەزگیرانە قوڕینەكەم” چیرۆكیر “ئەو بخووری نەمری دادەگیرسێنێ”یە، كە دوای ئەوەی “ئەم”، كە دایكی “ئەو”ە، واتە دایكی كچەكەیە، ئەوكاتەی باوكی لە شەڕێكدا دەكوژرێت، ئەوە “ئەو” لە زگی دایكیدا بووە، بۆیە دایكەكە بەخێوی دەكات و وەك بێوەژنێكی داوێنپاك و میهرەبان دەناسرێت و خەریكی بەخێوكردنی منداڵەكەی دەبێت و مێرد ناكاتەوە، لە وەڵامی پرسیاریی شوونەكردنەوەشی وتوویەتی: ((من ویستوومە لە ژیاندا بۆ یەك كەس بژیم و بۆ یەك كەسیش بمرم، بۆ ئەو كەسە ژیام هەر بۆ ئەویش دەمرم))، ل 94.

ئەم دایكە، بۆ بەخێوكردنی كچەكەی و ئاگالێبوونی، دەكۆشێ و ڕووبەڕووی هەموو ناو و ناتۆرەیەكیش دەبێتەوە، كە بە دوایەوە هەڵیدەبەستن و چاودێرییی دراوسێی خراپ و تانە و قسەی بێجێش ڕۆژانە لە بڕانە. تەنانەت ئەو ژنەی، كە كونێكی كردووه‌تە حەسارەكەوە و تێیدا چاودێریی هەموو خەڵك و جووڵانەوەی هەر هەنگاوێكی ئەم دایك و كچە دەكات. بۆیە هەناسەكانی ئەم كچە و هەناسەكانی دایكێك دوای مردنی مێردەكەی، دەبێت چەند گەرم و چەند جاریش ساردییی دراوسێی چەتوون و خەڵكی بیركۆر و تێنەگەیشتوو، هەناسە تەنگیان كردبێتن؟

5- شەڕەف، چەكێكە بەدەستی پیاوەوەیە بۆ كوشتنی ژن

شەڕەف هەمیشە، لە واتا بەرفراوانەكەی خۆی داماڵدراوە، بچووك و بەرتەسك كراوەتەوە، هەر ئەمەش زیانی زۆری بە مرۆڤ/ ژن، گەیاندووە، شەڕەف بە مانا بەرفراوانەكەی و لە كۆمەڵگەیەكی كراوە، خاوەن ئازادیی و ڕاوبۆچوونی جیاواز، بە واتای بەها، نرخ، گەورەیی و شكۆمەندیی دێت، كە بۆ تاكەكان دەیگەڕێننەوە. كاتێك دەڵێن: فڵان كەس، كەسێكی بەشەڕەفە، ئەمە واتە ئەو كەسە خاوەنی گەورەیی، ئازادیی و ڕووحێكی مەزنە، كە كەس پێی نەداوە، بەڵكو خۆی فەراهەمی كردووە.

بەڵام شەڕەف لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و دەسەڵاتی پاتریاكی، هەمیشە بەرتەسك كراوەتەوە. ئەو مانا مرۆڤیییەی شەڕەف هەیەتی، لێی ستاندراوەتەوە و مانایەكی نەرێنی لێباركراوە. شەڕەفێك ئەوەندەی پیاو بۆ ناسنامە و دەسەڵاتە پاتریاركییەكەی بەكاری هێناوە، ئەوەندە هەڵوەستەیەكی مرۆڤاسای لەتەك شەڕەف نەكردووە، كە ژنی پێ نەچەوسێنێتە، بەڵكو پێچەوانە بووه‌تەوە. ئێستا شەڕەف بەندە بە كچێنیی و كاری زایەندیی (سێكسیی)، دوور لە نەریت و شەریعەتە ئایینییەكان. وێجا نێر ئەوەی بۆ ژن بە بێڕەوشتیی و شكاندنی یاسا دینییەكان سەیری دەكا، ئەوە بۆ ئەم، دەچنە پەراوێزی نەبوونەوە، كەچی ژن بەنێوی شەڕەفەوە دەكوژێ و بەردبارانی دەكات، بۆیە زۆرجار تەنیا شتێك دەفریای ئەم كچ/ ژنە داماوە بێ، لە یەكەم شەوی بوكێنییدا، ئەوە دڵۆپێك خوێنە، ((تەنیا ئەو پەڵە سوورانە گەواهی دانایی ئێمەن و بوركانەكان ڕامانناماڵن))، ل 153.

لە یەكێكی تر لە چیرۆكەكان، یادەوەریی ژنێك دەگێڕێتەوە، كە چۆن بەهۆی دەستدرێژیی نامەحرەمەوە، كە باوكی مێردەكەیەتی، لە ڕێگەی بێهۆشكردنەوە زگی ژنەكە پڕدەكات، هەڕەشەشی لێدەكرێت بە ناوزڕاندن و كوشتن. بۆیە دوایی وا بەباش دەزانێت بەهۆی ئەو خۆشەویستیی و وەفایەی بۆ پیاوەكەی هەبووە، پێی بڵێت و ئاگاداری بكاتەوە. هەرچەندە زۆرجار لەوە دەترسێت، كە باوەڕی پێ نەكات، چونكە: ((ئاخر ئەوساش هەر لەو ئابڕووچوونەی ئێستا دەترسام بەبێ تاوان دەیتوانی ئەوە بخاتە پاڵم))، ل 61، هەر كە پێی دەڵێت، ئیتر ئەوەی بیری لێكردبووەوە، كە پشتتێكردنی پیاوەكەی بوو و تاوانباركردنی بە بێابڕوو، كە گوایە درۆ دەكات، منداڵەكە لە كەسێكی ترە و خیانەتی لە هاوسەریەتیی كردووە، ئێستاش دەیەوێت پاكانە بۆخۆی بكات، چونكە ((پیاوان هەمیشە خۆیان لە ژنەكانیان بەڕاستتر دەزانن و ئەوەندەش ژن بەشەڕەفی خۆیان ناوزەد دەكەن، ئەوەندە كەسوكاریان نزیكترە لێیانەوە هەتا ئەو شەرەفە،….))، ل 58.

ڕاستییەكەشی ئەم ژنە هیچ تاوانێكی نییە و بێگوناهە، بەڵكو ئەوە ئاڵۆشی دڕندەیی نێرێكە، پیاوێك كە خیانەتی لە كوڕەكەی كردووە و ژنێكی بێگوناهیشی كردووه‌تە قوربانییی ئاڵۆشییەكەی. لەوەش زێتر، كە هەڕەشەی كوشتنیشی لێكردووە، كە ئەگەر ئەمە ئاشكرا بكات یان ئەم كارەی لەگەڵ نەكات، ئەوە ئابڕووی دەبات و دەیكوژێت، چونكە هەمیشە شەڕەف چەكی دەستی پیاو بووە، بۆ ناو زڕاندن و ڕیسواكردنی ژن: ((لەوەش زیاتر چەقۆیەكی گەورەی لێ دەردەهێنام و دەیگوت دەتكوژم و دوایی دەڵێم شتی خراپم لێ بینیوە و لەسەر لەشفرۆشی كوشتوومە))، ل 62.

ئەمە چارەنووسی ژنێك و دوان نییە، بەدەیان و سەتان ژن، تووشی وەها ناڕەوایی و دەستدرێژییكردنەسەر بوونەتەوە و دەبنەوە. دوایش بەنێوی شەڕەف و لەشفرۆشیی دەكوژرێن.

ئەم چیرۆكە گۆرانییەكی غەمگینە. گێڕانەوەی ناڕەوایییه‌كە، كە ڕەوەندەكانی بە چیرۆكەوە ژیاو، حەوسەڵەی گێڕانەوەیان نییە. نامە نەگەیشتووەكانی منداڵێك دەگێڕێتەوە، كە نامە بۆ خودا دەنێرێت تا باوكی بۆ بنێرێتەوە، كەچی نازانێت ئەو باوكەی ئەوی بەناو بانگ دەكرێ، باوكی ڕاستەقینەی نییە ((… نازانی باوكی ڕاستەقینە لەگەڵ ناوی خۆیدا زنجیرەی سێیەم وەردەگرێ))، ل 62. ئەفسووس هەموو نامەكانی منداڵێك لە نەگەیشتن كاڵ دەبنەوە، منداڵێك لەو ڕۆژەوە بۆ ئەو ڕۆژ، لە چاوەڕوانیی باوكێكدایە، كە هەمیشە خۆزگە بە ئاراییی خواستنیەتی لە ژیاندا. ئەمە یەكسان دەكرێت بە مەیل و خولیاكانی كچانیشمان، كە هەمیشە نامەكانیان ناگەنە جێ، كە شەڕەف هەزاران وێڵ و سەرگەردان دەكات. هەزارانیش نەشتەری شەڕەف خوێنیان دەڕژێنێ و خوێنیان دەچێتە گۆزە شكاوەكانەوە.
زۆرجار ئەم گۆرانییە هاوئاهەنگ دەبێت، لەگەڵ عەشقێكی ناكام. یانیش داوای دڵنیاییكردنەوە، لە دڵدار و نیازیەتی گۆرانیی خۆی بۆ بچڕێت و پێی بڵێ:
دڵنیام بكە،
چیی تر گەنمی تاڵە قژەكانم
رێژنەی ماچ تەڕیان ناكات
چونكە نیشتیمانی سەرابی رووت
خستمییە گەرووی پامیامێكەوە
پاكیزەییمی
كرد بە دەمامكی گوناه و
كچێنیمی كرد بە قەرەبرووت، ل 53.

بەڵێ نیشتیمانێك، كە مەیل و خەونی هەموو مرۆڤێكی وەك سەراب، وەك تەمێكی نەناسی زستانە، كە تەنیا هەڵدەكات، بەڵام هەرزوو لەباردەبرێن و هەم بێگەردیی هاژەی سولی بەرزی لێدەستێنن و هەمیش كچێنیی دەدزن و ئاور دەدەنە ڕووخساری فریشتە ئاسای. ئیتر نە ماچی خۆشەویستیی، نە هەستی مرۆڤدۆستیی نییە تا بیلاوێنێتەوە. هەموو ئەمانە لەگەڵ كچێنییدا مانا دەبەخشنە خێڵ و هەرزووش بێمانایی دەبەخشنە گوناهێك، كە بێگووناهییە.

6- ژن و پێگە سیاسییەكەی

دەسەڵاتی پاتریاكی، نەك بووە بە بنەمای سەرەكی خێڵ، بگرە ئەو دەسەڵاتە سیاسەت و جومگەكانیشی گرتووەتەوە. بە شێوەیەك كە ژنگەلێكیشی كردووه‌تە كەسێك كە خۆی، لە دەمولوتی پیاو هەڵبسوێت و لمووزی ماچ بكات. بەرگریی لە دەسەڵاتی پیاو بكات و بووه‌تە بەشێكی بچووكی خۆ لەلا گەورە، بەڵام بەكارهێنراو لەلایەن بەشێكی گەورەی سیاسیی چەوسێنەرەوەی ڕه‌گه‌زی ئەم.
لە چیرۆكی “ئەو نامانەی بەر لە مردن نەخوێنرانەوە”، كە پێكهاتووە لە( 6) شەش نامە، كە بۆ “دلارام” دەینێرێت.

دلارام لێرەدا دەكرێت هێما بێت بۆ هەموو ئەو پیاوانەی، كە لە دەسەڵات دان و هۆكارێكی هەرە سەرەكین لە چەوساندنەوەی ژناندا. هەڵبەت دلارام، كە خۆی بەشداریی ئەم دەسەڵاتەیە دەكرێت لە خەونی خودی چیرۆكنووسیش شتێكی تر نەبێت، كە زیاتر شیمانەی ئەوە دەكرێت چیرۆكنووس خەونی پێوە دەبینێت بە بوونی وەها كەسێك، كە وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە و دەخەمی سیاسەتێكی شەفافدایە، ئەوە وەك چیرۆكنووس دەڵێت ((چۆنە تا ئێستا بێدەنگن چۆن سیاسەت دەكەن؟))، ل 186.

دوای ئەوەی باس لە دەستەیەك دەكەن، كە دروست دەبن و هەموو شتێك بە میزی نێرینەیی خۆیان پیرۆز دەكەن، هەرچی جوانیی هەیە دەی شێوێنن و دزە دەكەنە ئەقڵی میرەكانی شار. دیارە ئەم دەستەیە لەسەر بنەمای دۆگما و چەقبەستوو خۆیان بەرز دەكەنەوە بۆ ئاستێك، كە هەمیشە ئەم ساوێرە وەك خۆشەویست لە ئاوی مەلكانەی ئەقڵی مرۆڤی بێ هزر و زۆرینەی خەڵكیدا بڵاو دەبێتەوە و گەرا دەكات.

هەر دوای ئەمە ئەم دەستەیە بێباكانە ڕگەزی بەرانبەر دەچەوسێننەوە و ئازاریان دەدەن و ((بێباكانە پێ دەنێن بە دڵی هاوڕه‌گه‌زەكانی خۆماندا))، ل 184، كار دەگاتە ئەوەی، كە تەنانەت ژنگەلێكیش، كە دوێنێ ناڕازییی و چالاك دەبینران، ئەوە ئەمیش بۆنی میزیان گرتووە و ملكەچی هەموو ئەو بنەما سیاسیی، ئایینیی و خێڵەكییانەن، كە بە هۆیانەوە هاوڕه‌گه‌زەكەیان دەچەوسێنرێتەوە، كەچی نەك بێدەنگن، بەڵكو ئەوەی زمانی بكاتەوە ئابڕووی دەبەن و تووشی مەینەتیی، گێرمە و كێشەی زۆری دەكەن.

بۆیە گەڕان بەدوای خۆدا و خۆ دیتنەوە، یان ملكەچنەبوون بۆ ساوێری چەكووشی دەسەڵاتێكی فاشیل، ئەوە یان دەبێت بچیتە ژێر باڵیان، یان ئەوەتا هەمووان دەنگت لێهەڵدەبڕن و بە نەشاز، دز و بێشەڕەف تاوانبارت دەكەن و ڕووت لێهەڵدەماڵن، چونكە گەلێك لە هاوڕه‌گه‌زەكانی بەر لافاوی میزی ئەم دەستەیە كەوتوون، ڕەنگ و دەنگیان بووە بە هی ئەمان و ئەمانیش بەهۆیانەوە هاوڕه‌گه‌زەكانیان پێ دەمكووت دەكەن.

ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی، كە خشتەی كارەكانی ئەوە، ڕۆژێكی تێدا نەماوەتەوە بۆ پاكیی، جوانیی و خۆشەویستیی، چونكە تەواوی ڕۆژەكانی حەفتەیان بە ناشیرنییەكانی خۆیان پڕ كردوون و پڕیان دەكەنەوە، ئەوەتا ((شەموو: دڕینی سكی كچۆڵەیەك كە بە ناوی عەشقەوە لە خشتە براوە، یەكشەم: لە بەردەم ئێوارە هاتنی بێوەژنێكدا ڕشانەوەی گورگێكی برسی ئێوارەكەی ڕەش داگەڕاندبوو، دووشەم: دایكی شەهیدێك پەنجەرەكانی پاشگەزبوونەوەی بەڕوودا دەخرێتە سەرپشت، سێشەم: گێڕانەوەی چیرۆكی نیفاق و داستانیكاره‌كته‌ریەتیی دەستكرد بۆ ڕیزی كەنیزك، چوارشم: چەند تێكۆشەرێكی مۆدێرن لەسەر ژمارەی مەعشووقەكانیان بەشەڕ دێن، لە یەكەم پێنجشەمی سەرەتاییتانەوە هەتا دوا پێنجشەمی ئەم وشەیە كاره‌كته‌رێكی دۆڕاوتان قیڕەی هەموو بۆقە بەزیوەكانتانی لەگەڵدا تاقی كردمەوە هەتا گەنجیەتیی سەربڕاوم دابەش بكات بەسەر سمكۆڵانی ئەسپەكانی عەشیرەتاندا))، ل 186.

بۆیە پرسیاری كاره‌كته‌ر، پرسیاری ژنگەلێكە، تەواوی ناڕەوایییەكان، كە دەرهەق ژن كراون، ئەوە دەرهەقی كاره‌كته‌ریش كراون و ڕووحی مرۆڤانەكەی ئەمیان ئازارداوە. بۆیە بە چاوێك، كە پەرۆشییەكی گەورە دەبینرێت لە گلێنەكانیدا، دەپرسێت و بە تەوسەوە یێژێ: كام ڕۆژتان ماوەتەوە، كە خشتەی كارەكانتانی لێدابنێن، چونكە ئەوەتا هەموو ڕۆژەكانتان بە چەوساندنەوە، كوشتن، لەچاڵنان، بێوەژنكردن و تازیەباركردن، پڕكردووه‌تەوە.

هەر ئەمەیشە، كە وا دەكات كاره‌كته‌ر حەز بە گەورەبوونی “دلارام” نەكات و هەر بە بچووكی بمابایەوە لای جوانتر دەبوو، چونكە چی پیاو هەیە، ئەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان منداڵێكی بێگەرد بووە، كەچی گەورەبوون ئەمی كردووە بە پیاوێكی ترسناك و چەوسێنەرەوە، ((چەندم پێ خۆش دەبوو منداڵێكی منداڵ بوویتایە، نەك منداڵێكی گەورە، چەند لە گەورەبوونت دەترسم. چونكە دەزانم ئەو جۆرە منداڵییە دەتكات بە گەورەیەكی ترسناك))، ل 186.

دوو تێڕوانینمان لەمەڕ دلارام خستنە ڕوو، تێڕوانینی سێیەممان لەمەی سەرەوە هەڵدەهێنجین، كە ئاوڕ لەو فەرهەنگە باوە كۆنەی نێو كۆمەڵگەی كوردیی دەداتەوە، كە سەبارەت بە لەدایكبوونی منداڵی كوڕ هەیانە، كە هەمیشە وەك پیرۆزیییەك سەیر دەكرێت. كەچی بۆ كچ پێچەوانە دەبێتەوە، كە كچ مایەی شوم و نەگریسییە. بۆیە هەر ئەو منداڵە كوڕە، كە لەنێو فەرهەنگێكی باوك سالاردا چاو دەكاتەوە، ئەوە كاریگەریی ژینگە و خێزانەكە بەسەریەوە گەشە دەكات. دواییش خۆی دەبێتە پیاوێك، كە دەیەوێت نەك چارەنووسی خۆی، بەڵكو هی ژنیش دیاری بكات. لێرەوە چیرۆكنووس ترسی ئا لەم گەورەبوونەیە هەیە و ناكرێت نەرێیانەش لەم گەورەبوونە سامناكە، ترس هێن، بۆ بەشەكەی تری ژیان و ژین نەهێنێت، كە ژنە.

7- ڕەنگدانەوەی ستەمكردن لە ژن

شكۆ هەمیشە پیاو لە خۆی مارە بڕیوە. بۆیە لەو كاتەوەی شكۆ لە ڕه‌گه‌زی بەرانبەر دەستێندرێت و پێی نادرێت، ئەوە خودی ئەم ڕه‌گه‌زە كە ژنە، مەحكوم بە كۆیلەیی و مەحكوم بە تاوانی بوون دەكرێت. هەر ئەم ژنە مەحكومكراوەیە، كە لە جیاتی ئەوەی باوەشی پێدا بكرێت و شكۆمەندیی و میهرەبانییە سروشتییەكەی لەبەرچاو بگیرێت، ئەوە خراوەتە ژێر باری قورس، ئەشكەنجە، ئازار و قامچی پیاو.

هەڵبەتە ستەمكردن هەر تەنێ نەبەستراوەتەوە بە سووچی ماڵەوە، زیندانییكردن و لێستاندنەوەی گەلێك لە مافەكانی ژیانی مرۆڤ/ ژن. بەڵكو ستەمكردنی پیاو لە ژن، ئەمڕۆ زەقتر بووه‌تەوە، كە چووه‌تە لایەنی لەشی ژنەوە و ئەم ستەم و زووڵمكردنە لەسەر ژن لە لەشە و خۆدامركاندنەوەی پیاویش بۆ ئەندامەكانی لەشی ژن دەگەڕێتەوە، كە پیاو وەك چێژ و خۆدامركاندنەوەی ئارەزووی زایەندیی، خۆی لە ژن نێزیك دەكاتەوە، بەڵام بە جیاوازتر لە ژیانی بەری. كە هەوڵدەدات لەوێوە ئارەزووە زایەندییەكەی خۆی دابمركێنێتەوە و لەگەڵیدا ڕابوێرێت و كات بەسەر ببات. تەنانەت بۆ مەیل و تێركردنی ئارەزووەكانی و كات بەسەربردن، ئەوە كار گەیشتووه‌تە فریودانی ژنی هاوسەردار، یان دوای هاوسەرگریی كردن، لەپێوەندیی بەستندایە لەگەڵ ژنانی تر. ئەمەش بۆ ژنەكەی خۆی بەشیاوی نازانێت. تەنانەت ژن وەك هەڵوێستوەرگرتنیشی لەبەردەم وەها كارێكدا، كە مێردەكەی دەیكات. ((پیاوێك لە بازاڕی گەوادەكاندا لە قوژبنی تاریكییەوە، فریوی ژنی هاوسەرداری دەدا بۆ خیانەتی هاوسەری))، ل 8.

هەموو ئەمەیش ستەمكردنە لە ژن، بۆیە ئەمڕۆ چەوساندنەوەی ژن لە لەشیدا وێنا بووه‌تەوە و زێتر دەیچەوسێنێتەوە. ئەمڕۆ لەوەی كە پیاو بە سۆز نیشان بدرێت، ئەوە هەر ژن دووچاری دەبێتەوە و كەم سەیركردنیشی لەم ڕوانگە كۆنەی پیاوەوە بۆ ماوەتەوە كە ژن سۆزدارترە.

هەڵبەتە بۆ ئەمەش هەمیشە پیاو دەمامكی پۆشیوە و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی هەرگیز وەك ئەوەی، كە هەیە پێشان نەداوە. بۆیە هەمیشە ژن لەم تاوان ئەنجامدانەی پیاودا، قوربانی بێگەردیی و بێگوناهیی خۆی بووە، بۆیە ئەم ئاڵۆشییەی پیاو هەیەتی، بووه‌تە هۆكارێكی هەرە سامناك لە كولتووری كوردییدا، ناپاكی كردنی پیاو، لەوێوە دزە دەكاتە نێو بێگەردییەك كە خودی دەسەڵاتی پاتریاكی ڕێگر بووە لە تێكەڵبوونی ڕه‌گه‌زیی، كە وایكردووە متمانە بە هەموو ڕاستییەكی درۆ بكات و وشیارییەكی كەمتریشی هەبێت لە ڕه‌گه‌زەكەیتر.

سەرەڕای ئەمە نەبوونی ڕۆشنبیرییەكی خێزانداریی و زایەندیی. ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو سەرەڕۆیییەی كە پیاو دەیكات، شێواندن و نواندنی بێوەفایییەكە، كە ژنانمان مینا كوڵوكەی تەرزە لێدراو، تەمەنیان هەمیشە لە ئەفسانەكانی پرۆمیسۆس و داستانی” ئۆدێسە و ئێلیادە”ی هۆمیرۆسەوە، بۆ پێوە لكاندنەوەی تاوانێكی تر لە گێژاوێكدایە، كە تێیدا ژن وەك هۆكاری هەموو شوومی و شەڕێك نیشان دەدات. بۆیە ڕازیبوون بەشی ئەوە بەوەندەی كە هەیە و پێی ڕەوا بیندراوە، ئیتر دەبێ بڵێت: ((ئێمەی قەیرە كچانی قەدەر، هەردەم ئەفسانەی فرمێسك بە گوڵەكانی ماچ دەسپێرین))، ل 52.

بۆیە گۆكردنی “قەیرە” لە دەمی كارەكتەر، دەرەنجامی ڕەشبینییەكی ناكۆتا، بۆننەكردن و شیمانەنەكردنی هەڵوێستێكی مرۆڤییانەیە لە پیاوێك، كە هەمیشە سەنگی خۆی بۆ كەمسەیركردنی ژن و چاوتێبڕینی وەك چێژ و دامركاندنەوەی ئارەزوو، شكاندووه‌تەوە. ((لەگەڵ ئەوەی ژیان بەبێ ژن نابێت، بەڵام ژیانێكی سەرفراز و ماناداریش لەگەڵ ژنێك جێگای باس نابێت كە تا ئەو ڕادەیە بچووك و سووككراوە))(2)، بۆیە ڕێزگرتنی ژن، لەلای پیاوەوە ئاماژەكردنێك دەبێ، بۆ خۆشویستنی ژن و خۆشویستنی ژیان. ژیانێك كە هەر لە سەردەمە كۆنینەكانەوە بووژانەوەی خاك و زیندووبوونەوە و چرۆكردنی سروشت، وایكردووە بە دایك بچوێنرێت. لەم دیتگەیەوە مانایەكی قووڵ هەڵدەمژین كە: بوونی سروشتی دایك، بوونی بنەڕەتی سروشت و ژیانە، چونكە خودی دایك (ژن) ئەم بوونە موفەڕك و پیرۆز دەكات.

8- ماسكی پیاو هۆكاری فەرهەنگی داخراوە؟

ا- چیرۆكی “كچە ئازادەكە”

فەرهەنگی داخراو، هەمیشە سەر بە ژوورە بێدەنگەكان و كۆڵانە بێ جمەكاندا دەكات. فەراهەمی كەشێكە، كە هەمیشە چاوی ئەم، چاوی گشت تاكەكانە. دەبێت لە چاوی ئەمەوە خەڵك سەیری خۆی و دەوروبەری خۆی بكات، چونكە هەمیشە باوك و دایك {دایكی دروستكراوی دەسەڵاتی پاتریاكی}، بە گوێچكەی تاك بەتاكدا دەچرپێنن، وەك ئەوەی ئەحلام مەنسوور دەڵێت: ((هەمیشە دایكم پێم دەڵێ وەكو خەڵكی رەفتار بكەم))(3)، لە وەها دۆخێكیشدا ژن/ كچ، هەمیشە بەهۆی ئەو نەریتە ڕیشە داكوتاو و دەقگرتووە، دەكرێت بە كۆیلە و قووربانی سەرەكیش هەر خۆی/ ژن دەبێت.

بۆیە لە چیرۆكی “كچە ئازادەكە”، كە كچێكی ڕۆژهەڵاتییە و لە ڕۆژهەڵاتی نەریتیی ژیاوە، لەم چیرۆكەدا كاره‌كته‌ر داوای یاخیبوون دەكات. یەكسانیی و ژن دەكاتە لەرە و لە بێدەنگیدا نەوای دەنگێكی یاخیی و خودێك دەبیسترێت. جاڕ دەدات و هاوارێك، كە ماسوولكەكان وێك دێنێتەوە.
بەڵام ئەم كاره‌كته‌رە نەك هەر لەلای پیاوانەوە، بەڵكو لە لایەن خودی ژنان خۆیانەوە، دەدرێتە بەر نەشتەر و پلار، چونكە ئەم، ڕچەی نەریتی شكاندووە و لە یاسای خێڵ هەڵقریوەتەوە، بۆیە ((لە ڕۆژێكی ژناندا كۆمەڵێك لە ژنان بە ژنێكی ناعادەتی ناوزەدیان كرد و تاوانی دابونەریت شكاندنیان دایە پاڵی گوایە ئەو یەكسانییەی ئەو داوای دەكات بۆ ئەوان زۆرە))، ل 160.
ئەم كچە، دژی كۆنپەرست، مرۆڤكوژ و تەسكبینەكانە، نزا و هاواری، لە گەواڵەیەكی سەركەشانەدا دەبن و ئاوێزانی هەستێكی مرۆڤدۆستانە دەبن، كە هەمیشە پەنجەی هێواشییەك و نەرمونییانییەكی خوداژنانە، لەسەر ژێكان سەمایانە و سەر لە ماڵی یەكسانیی هەڵدەسوون.

بەڵام ((بەبەهانەی ئەوەی گوایە چەندین ساڵ پێش گەلەكەی خۆی كەوتووە و لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنی مێژووی نەتەوەكەیدا ناڕوات، هاوار دەكات دەست دەخرێتە گەرووی، سەربەرز دەكاتەوە دەدرێت بەسەریدا، هەنگاو دەنێت قاچی دەكرێت بە داوادا. بەر نەفرەتی مینبەرەكانی دەخەن. گوایە ئەو پێشكەوتنەی ئەو لە نەتەوە رۆئاوایە كافرەكانەوە وەرگیراوە))، ل161.
فەرهەنگی داخراو، بە ڕووی هەموو شتێكی نوێ، دەنگێكی ئازاددا هەڵدەشاخێت و ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەرگیز نابێتە لەنگەر بۆ هەرسكردنی نوێ. فەرهەنگی خێڵ، هەرگیز خوازیاری ئاشنایەتییی و تێكەڵبوونی لەگەڵ فەرهەنگێكی تر نییە. بۆیە هەر دەنگێكی لەخۆی جیاواز دەداتە بەر نەشتەر. هەر كەسێكی لەخۆشی، كە بانگ بۆ یەكسانیی و ئازادیی بدات، تاوانباری دەكات و بە هەڵگەڕاوە، لەدین دەرچوو، ناوی دەبات، كە هۆگر بە پێشكەوتنی نەتەوە ڕۆژاوایییە كافرەكان بووە.

دواجار كاره‌كته‌ر، ڕووكردنە دەرەوە هەڵدەبژێرێت، لەو فەرهەنگە دەربازی نابێت، بەڵكو لەو فەرهەنگە هەڵدێت، كە یەكسانیی و پێشكەوتن ناخوازێت. هەنگاوەكان لە وڵاتێكدا دەیگیرسێننەوە، كە گوایە تێیدا پێی دەوترێت ((هەموو بۆچوونەكانت پەسندن. وڵاتی ئەو یەكسانی و ئازادییە كە باسی دەكەیت، فەرموو ئەوە دیمەنی شیرینی دەریا كە هەمیشە بە ئاواتییەوەیت. دەبرێتە سەر دەریا و مەلەوانگەیەكی تێكەڵاو، وەكو هێشووە ترێ پیاوان و ژنانی ڕووتی بەیەكسانی لێ هەڵنیشتووە))، ل 161.

گرفتی سەرەكیی لەم چیرۆكە و لە گەنجانماندا ئەوەیە، كە لەجیاتی بەڕه‌نگاریی: هەڵهاتن و ڕووكردنە دەرەوە هەڵدەبژێرن، ئەمەش پێوەندیی بە ڕووحێكی تەنبەڵ و ترسەنۆكەوە هەیە، چونكە مرۆڤ دەبێت بە خواستێكی بەهێز سەنگەر بگرێت و ئەحلام ئاسا بیر لە ناوزڕاندن و ژیانێكی ڕازاوە نەكاتەوە. كوا ڕچەشكاندن، بێبەهاییكردنی بەهاكان و شەڕی كۆنخوازیی، ڕووحی مرۆڤی هەڵاتوو، له‌ كاتێكدا، كە هەمیشە لە ڕاكردندایە. مرۆڤی هەڵاتوو بەدوای هیچەوە نییە، نە خەونی هەیە، نە بە خۆی دەگات وەك ناسین. هەڵاتوو دەبێت تا پەسڵان دەست بە سەریەوە بگرێت. له‌ ده‌مێكدا زەمینە بۆ وێرانكاریی لە وڵاتدایە. لە هەر وڵاتێك زێتر، ئەم زەمینەیە لێرە سازاوە و دەبینرێت.

كاره‌كته‌ر لەوێش هەم دیسان، كە گوایە بەهەشتە و ئازادیی و ماف هەیە، بەڵام هەر زوو دەبێتە مایەی پێكەنین و گاڵتەپێكردنی ئەو ژن و پیاوانەی لە ئاوی دەریادان، كاتێك شەرم دایدەگرێت، چونكە ئەو لە فەرهەنگێكی كراوەدا نەهاتووه‌تە ئەو وڵاتەوە، بۆیە ((ناچار دەبێت، لەجیاتیی مایو (سترێج) و تیشێرتێك لەبەر دەكات بۆ ناو مەلەوانگە))، ل 161، جارێكی تر هەندەی دیكە شەرم دایدەگرێت و كاتێكیش لە ئاوەكەدایە نزیك بە خنكان دەبێت. ئیتر ئەم خنكانەش دەبێتە خنكانی ڕاستەقینە، دەرەنجامی ئەمەش هەر ئەو پێكەنینە و گاڵتەپێهاتنەی هاوەڵە نوێیەكانی بوو، كە گوێبیستی ئەوە دەبێت پێی دەڵێن ((ئەم دواكەوتووە داوای یەكسانی دەكات، كە خۆی لەناو یەكسانیدا جێگەی نابێتەوە؟)) ل 162، ئەمەش كاتێك قووڵتر دەبێتەوە، كە زۆر ڕه‌گه‌ز پەرستانە دەڵێن: ((بابە ئەمانە بەسەد ساڵی تر ناگەن بەشارەستانیەتی ئێمە، هەتا دوێنێ بەشاخەوە بوون)) ل162.
ئەورووپایییەكان بۆ ئەوەی ئازاد بژن، هەڵنەهاتن، بەڵكو لەو زەمینەیەی بۆ گۆڕانكاریی دەبینرا، یاخی بوون و بەڕه‌نگاریییان نواند. بەڵێ، شەڕی ئایندە بە هەڵهاتن/هەڵهاتووان ناكرێت.
دوای ئەمە كاره‌كته‌ر، لەگەڵ دوو هاوڕێ، ڕوو دەكەنە كافتریایەك، كە لەوێ یەكترناسین لەگەڵ كۆمەڵێك كەس دەكەن، كە بە یاخی و ئازاد ناسراون. دوای ئەمە یەكێكیان جگەرەیەكی پێشكێش دەكات، بەڵام ئەم سوپاسی دەكات، چونكە جگەرە ناكێشێت و سروشتی ئەوە. دوای ئەوە خزمەتگوزارەكە فەرموویان لێدەكات، كە ((هەریەكەیان داوای بیرەیەكی كرد و ئەویش داوای شەربەتێكی پرتەقاڵی كرد))، ل 162، بۆیە ئەمان ئەم هەڵوێستەی ئەو بە نەشیاو دەزانن و پێی دەڵێن: كە تۆ كەسێكی ڕۆشنبیر بیت و شەرمە هەر لەگەڵ شەربەتدا بیت. چیرۆكنووس لەم وێنەیەدا وێنەی ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانەی ئەوێشمان بۆ دەكێشێت، كە جۆرە ڕۆشنبیرەكانی ئەوێش، مەرج نییە هەموویان كەسانی تێگەیشتوو و مرۆڤدۆست بن، بەڵكو كاتێ كارەكتەر هەر كە داوای شەربەت دەكات، ئەوان وەك جێنێویان پێدرابێت، دەتەقنەوە، كە بۆچی داوای شەراب ناكات.

ئا هەر لەوێ كە سەر بەرز دەكاتەوە، چاوی دەنیشێتە سەر ژنێكی باڵاپۆشی چارشێو بەسەر، كە بەرانبەری دانیشتووە و تاوناتاوێك، چەمكی پەچەی لادەدات و پێكەكەی هەڵدەدات. بۆیە سەری سووڕ دەمێنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت ((ئای خۆ لای ئێمە تەنیا باسی ئەم دیمەنەش بكەین بە چاوی خۆت بینیوتە، بڕیاری كوشتنت دەدرێ، سەیرە من داوای ئازادی بۆ ئەو دەكەم، كەچی ئەو لە من ئازادتر و ئازاتریشە))، ل 163.

دوای ئەم گفتوگۆیە، بابەتێكی تر قسه‌ی ده‌رباره‌ دەكرێت، ئەمیش خۆشەویستییە، كە هەریەكەیان باسی ژیانی خۆشەویستیی و پێوەندیی خۆیان دەگەڵ دڵدارەكانیان دەكەن. كاتێكیش ڕووی دەمیان دەكەنە كاره‌كته‌رەكە ((ئەی تۆ باسی چی خۆتمان بۆ دەكەیت، باسی خۆشەویستییە ڕاستەقینەكان، یان كاتییەكان؟))، 163. بەڵام ئەوە دەیورووژێنێت و دەڵێت: لە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتدا، ڕاستەقینە قەدەغەیە، چجای ئەوەی كاتییەكان.

ڕاستییەكانیش سنگت دەكەنە نیشانەی گوللە. ئەوە كاتیی هەر مەپرسە، لە پێواردایە، تاوانێكە مایە بە لێخۆشبوون نییە، تا من ئەزموونی بكەم. بۆیە پیاوێكی دانیشتووی نێو گفتوگۆكە، لە هەموویان پیرتر، پێی دەڵێت ((بۆ كچم تۆش وەكو هەموو مرۆڤێكی تر مرۆڤ نیت))، ل 163، بۆیە بە چاوی پڕ ئەسرین و دنیایەك پەرۆشیی و غەمەوە، پێی دەڵێت: ((بەڵێ مرۆڤم… مرۆڤێكی لێوانلێو لە نەخێرەكانی ڕۆهەڵات، مرۆڤێكم ڕەهەندی ڕوانینەكانم پڕ كراوە لە ڕشانەوەی كەسانێك كە لە دێرزەمانەوە تاوانباری مێژووی مرۆڤن))، ل 164.

ڕۆژهەڵاتێك هەمیشە دەنگ و ڕەنگی ژنانی، لەپشت پیاوەوە دەبیسترێت و دەبینرێت. ژن لە زمانی خۆیەوە نا، بەڵكو لە زمانی ڕه‌گه‌زی نێر/پیاوەوە گوزارشتی لێكراوە و وێناكراوە، كە دەبێت چی بكات و چۆنیش بیكات، ئەمە هەر پیاو بڕیاردەدات و داردەستەكە هەر لە دەستی ئەمدایە. ئەو ئەمەی، كە شكۆی پیاوی پێناس دەكرێت.

ب- چیرۆكی ژنەكانی ژەنەڕاڵ

چیرۆكی ژەنەڕاڵ، چیرۆكێكە كار لەسەر ڕووهەڵماڵینی دەمامكی پیاوێك دەكات، كە چۆن بۆ ئارەزووەكانی فریوی كچێك دەدات، باسی خۆشویستن، عەشق و بەدڵسووتانی خۆی، بۆ كچە دەكات. ژەنەڕاڵێك، كە كۆشكە سپیەكەی، لە ژنگەلێك بۆ ئارەزووەكانی، كە وەها سەیری ژن دەكات، كە ژن جگە بۆ ئارەزووە زایەندییەكەی و كات بەسەر بردن هیچی تر نییە، پڕ كردووە. ((كانی هەر یەك جار خۆشە ئاوی لێ بخۆیتەوە… بەڵام من وەكو وتوویانە” كانیێك ئاوت لێخواردەوە بەردی تێ مەگرە” بەوەفا دەبم بەرامبەریان و لە ساختمانەكەدا كاریان بۆ دابین دەكەم، بەردیان تێ ناگرم))، ل 133. ڕۆژانێك ئەم دەنگە ((چەندین جار بەسرپەی خۆشەویستی و بە ئاكام گەیشتن و دڵسۆزی دڵ و دەروونی ئەمی پڕ كردبوو ئەو دەنگە دلێرە لە بێ هەڵوێستیی مرۆڤەكاندا باسی جورئەتی دەكرد و لە خیانەتدا باسی پاكی دەكرد))، ل133.
بەڵام، كە وەك پێشتر هەرزوو بێ چاوەڕوانیی كردن بۆ دیداری، دەكرایە ژوورەوە. ئەوە ئێستا ئەم دەرگەی بەڕوودا داخراوە. ئیتر ژەنەڕاڵ بەكامی دڵی خۆی گەیشتووە و ئارەزووی لێ شكاوە. هەرگیز ئەو ژەنەڕاڵە نییە، كە پێشتر ((چەندین خۆشم ئەوێی بەگوێی مندا داوە))، ل 134. بۆیە گومانی ئەوە دەكات، كە ڕه‌نگە ئەو دەنگەی لە ژوورەوه‌ دێت ئەم نەبێت ((ئەگەر ئەو بوایە ئێستا هەر بەزانینی كە من لێرەم خێرا دەیكردمە ژوورەوە و قسەی خۆم لەگەڵ دەكرد… یا هیچ نەبێ كە دەیزانی من گوێم لێیە هەرگیز وا توندوتیژ خۆی پێشان نەدەدا، هەر بەو ناسكی جارام دەجووڵایەوە))، ل134، ئیتر مەیلی مریشكێكی تر دەكات.

ئەم ژەنەڕاڵە ببووە نموونەیی و ژەنەڕاڵێك دلێر و مرڤدۆست، بەشێوەیەك كە ((لە هەموو كەس بێگەردتر بێت مرۆڤتر بێت بەڕەوشتتر و بە هەڵوێستتر و ئاشتیخوازتر بێت))، ل 134، كە خۆشەویستییەكەی وایلێكردبوو، كە خودی خۆیشی نەبینێت تەنیا و تەنیا ئەو ببینێت. خۆشەویستییەك، كە وەها بەرپەرچی هەر قسە و قسەڵۆكێكیشی دەدایەوە، كە دەربارەی ئەو/ژەنەڕاڵ، دەكران، ئەم نمایشەش درێژە دەكێشێت تا ئەو ڕۆژەی، لە دەستبازیی و گەرموگوڕیی ماچدا، ژەنەڕاڵ دەیداتە بەر زللە، نە یەكیان و نە دووان.

سەرەتا واهەست دەكات زللەی خۆشەویستییە و گاڵتەی دەگەڵ دەكات، بەڵام تا ئازاری لێهەڵدەستێنێت و تەنانەت بەر دەم و چاویشی دەكێشێت، هەر ئەمە نا بەڵكو چی وشەی ناشیرینیش هەیە پێی دەڵێت: ((هیچ و پووچ، بێنامووس، سۆزانی))، ل 135.
كە تا ئەو كات هیچ كەسێك، وەها وشەیەكی پێ نەگووتووە. لەپڕ هەموو شتەكان ئاوەژوو دەبنەوە و وێنەی ڕاستی خۆ وەردەگرنەوە. ژەنەڕاڵیش، لە پیاوێكی خۆویست، چەوسێنەر و مێشك پووچ، تای تەرازوویەك داگیر ناكات. بەڵێ وشەگەلی وەك: هیچ و پووچ، بێنامووس و سۆزانیی، ئەم وشانەن، كە لە بازاڕی دەمقەرەباڵغییی پیاودا، ئەمڕۆ بۆ ناشیرینكردن، ناوزڕاندن و كەمسەیركردنی ژن، ئاووسن بە ڕۆژانە هەزاران جار بیستنەوەیان، كە پیاو وەك پاكانەیەك بۆ خودی خۆی و چەكی بەرگریییە دینیی، سیاسیی، ئابووریی و مرۆڤبوونە شكۆمەندەكەی، خۆی پێ دەكڕێتەوە. ژنیش هەڵدەداتە دۆزەخێك، كە هەر پیاو دروستی كردووە.

بۆیە هەر دوای هەڵمژینی جوانیی و پەژمووردەكردنی خونچەی، دوای تێربوون و وەڕسبوون لێی، دوای سووكایەتیی پێكردن و جنێو پێدان، نەك هەر خێرا دەری دەكاتە دەرەوە، بەڵكو هەڕەشەشی لێدەكات ((خێرا بڕۆ دەرێ با بەفیشەكێ كاسەی سەرت لێ نەكەمەوە))، ل 135.
ئایە كەسێك شەڕ و فیشەك، چەك و سووكتەماشاكردنی ژن گەورەی كردبێت، لە مانای خۆشەویستی و عەشق دەگات؟!
((ژن بوو بەوەی لە پیاو بدات))، ل135. كەی گوێ لە دەنگی ناوەوەی دەگرێت؟! كەی كەی. ئیتر ئەم ژەنەڕاڵە، ژەنەڕاڵی شەڕە دۆڕاوەكانە، ئەو شەڕانەی مێژووێكی بۆ ناسكردنی مرۆڤبوون بە مرۆڤی نەبەخشیووە.
چونكە ژەنەڕاڵ لە كڵپە و بڵێسەی ئەوین ناگات. تێگەیشتنی نییە لە مستەكۆڵە و زللە خۆشەویستییەكانی دڵبەر. تەنیا دامركاندنەوەی دەوێت و تێربوون.

بۆیە كچە/ كاره‌كته‌ر، پێی دەڵیت: ((جەنەڕاڵ تۆ بەردەوام خۆت بەبراوە دەزانیت، بەڵام دەبێ ڕۆژێ ئەوەت تێ بگەینم كە تۆ براوەی شەڕێكی دۆڕاویت))، ل 136، ئەوەی تۆ شەڕی بۆ دەكەیت، ئەوەی بۆی ژیاویت، ئەوەی خۆتت پێی ناسكردووە، ئەوە ڕۆژێك ئەوەت پێشان دەدەم، كە چەندە مایەی پێكەنین و گاڵتەجاڕی دەم گەمەیەك بوویت، كە هەر لە زووەوە بە وەدەرنانی تۆ ئاشنا بووە. چونكە ((لە شەڕەكاندا فرمێسكی ژن و خوێنی پیاو هیچ بەها و نرخێكی نییە))، ل 136. ئەمە دەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەسەر بوون و ماف. بوون و خودێكی ڕه‌سه‌ن، چونكە پیاو وەچەی دوای شەڕە دۆڕاوەكانە. لە تۆڵەی دۆڕان بەدرێژایی مێژوو، دەیەوێت كێماسییەكانی خۆی بە ژن پڕ بكاتەوە و شوورەیییەكانی بەژن بسپێرێت.

ئەمەش كاتێك بۆ ژەنەڕاڵ دەردەكەوێت و ئاشكرا دەبێت ((كە هەستت بەوە كرد فرمێسكی ئێمە بەرامبەر خوێنی ئێوەیە ئەوكات دەزانیت براوەیەكی دۆڕاویت))، ل 136، ژەنەڕاڵ شەڕ وایكردووە هەرگیز تۆ خۆت نەناسیت. شەڕی تۆ لەپێناو بێبەهاكانە و شەڕكردنە لەپێناو هیچ. بۆیە شتێك دەستەبەرت كردبێت، خۆشاردنەوە و نیشاننەدانی ڕووی ڕاستەقینەتە. نیشاننەدانی ڕووی ڕاستەقینەش، لە دۆڕان و نشووستییەكانەوە فێر بوویت، كە هەمیشە دۆڕاو سوود لە متمانە وەردەگرێت و لە مامەڵەی باش و خۆشەویستی ناگات. بۆیە هەمیشە ترسنۆكانە لەپشتەوەڕا هێرش دەبات.

دەركەوتەی چیرۆكەكە:

ژەنەڕاڵ، یەكسانە بە پیاوانێك دوای شەڕێكی دۆڕاو. شەڕیش پاشماوەكەی كەسانێكی نەخۆشە.
كچە هەڵخەڵەتێنراوەكە، یەكسانە بە كچانی وڵات، كە بوونەتە قووربانییی نەخۆشیی پیاوانێك، كه‌ شەڕ لە هەموو بەها ڕەوشتییە مرۆڤییەكان دایماڵیوون.

وێنەی ژن، لە تێگەیشتنە تەسكبین و كوێرانەكەی ژەنەڕاڵەوە:

دوای تێربوونی ژەنەڕاڵ و دەركەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی بۆ كچەكە، كە بۆی دەردەكەوێت ژەنەڕاڵ تەنیا بۆ كاتبەسەربردن و ڕابواردن دەگەڵیدا بووە، هەرگیزاو هەرگیز وەك مرۆڤیش سەیری نەكردووە، تەنانەت وەك (مریشك) چاو دە ژن دەبڕێت و سەیری كچەی كردووە ((ئەمەش هەر پاشماوەی خۆمە بیگەیەنن بە تەویلەكان، خۆتان دەزانن ئەمساڵ هەموو كەڵەشێرەكانم پاش ئەوەی لە شەڕەكەڵەشێردا دەدۆڕان خەساند و مریشكەكانیش نیوەیان بەدەردی دڵەوە مردار بوونەوە و ئەوانی تریش لەبەر ئەوەی لە كڕ كەوتن یاخی بووبوون سەرم بڕین، بۆیە ئێستا ئەو تەویلانەم بۆ ئێوەمانانە هەتا لەسەر ئەو هێلكە ماوانە بنیشن و هەڵیان بهێنن))، ل 137.

تێگەیشتنی ژەنەڕاڵ وایە، كە دەبێت ژن لە كونجی ماڵەوەدا بێت. كار بكات و خزمەت پێشكێش بە پیاو بكات، ئەو پیاوەی وەك كەڵەشێر، لەگەڵ چەندین ژنە و خۆی تێر دەكات و ڕادەبوێرێت. له‌ ڕوانگه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ/ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ئەركی ژن ئەوەیە، كە ئارەزووی ژەنەڕاڵ/پیاو تێر بكات. ئەمە هەر وەك كەڵەشێر، كە لەدەوری چەندین مریشك هەڵدەسووڕێت.
ئەمە بەدیوێكی تر، ژەنەڕاڵ ماف بەخۆی دەدات، هەر وەك كەڵەشێر دەگەڵ ژندا بێت، چونكە لە كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامییدا، پیاو بۆی هەیە تا چوار ژن بێنێت و چێژیان لێببینێت.

لە لایەكی تریشەوە، ژەنەڕاڵ هەر تەنیا ئەو ژنانەی بۆ تێركردنی غەریزە زایەندییەكەی نییە، بەڵكو دەیەوێت لە رووی ئابووریشەوە سوود لە ژن ببینێت ((دەمەوێ سوود لە ئێوە وەرگرم بۆ ئابووری وڵات))، ل137.

ج- وەرە پێكەوە سەما بكەین

ئەم چیرۆكە، گێڕانەوەی پێوەندییی خۆشەویستیی ژنێكە لەگەڵ پیاوێك. سەرەتای دەستپێكردنی گێڕانەوەش لە فێستیڤاڵی گوڵ و خۆشەویستیدایە. كاتێك ژنێكی پرچ سپی، سەروو پەنجا ساڵ، لێیدەپرسێت شێوەت نامۆ نییە. ئەم ژنە خوشكی ئازادە، بەنێوی بەهێ و چاوی بە مینا دەكەوێت. ئەمە دوای لێكدابڕانی سی ساڵی مینا لە ئازاد. دوای گفتوگۆ، بە فلاشباك باسی منداڵیی، زانستگە و خۆشویستنی مینا و ئازاد دەكرێت. دوایی كەسیەتی ئازاد وەك پیاوێك، كە مینا كۆرانە و شێتانە بە دڵ و گیان ئازادی خۆش دەویست، دەردەكەوێ.

وەك لە دوایی كە مینا ئیمێلێكی بۆ دەنێرێت و بە ناوێكی خوازراو قسەی لەگەڵ دەكات، ئەوە ئەم پیاوە كە دوای سی ساڵ لێكجوودابوونەوە و ژیان بردنەسەر لە دەرەوەی وڵات، ئەوە هێشتا ئەو دەمامكەی لە ڕوو لانەداوە. پیاوێكە ئازاد و پێشكەوتوو خۆی نیشاندەدات، بەڵام لە ڕاستیدا، پیاوێكە وابەستە بە فەرهەنگی داخراو. گوایە پیاوێكە باس لە ئازادیی ژنی وڵاتی خۆی دەكات، بەڵام ڕازی نییە و كراوە نییە سەما لەگەڵ خۆشەویستەكەی خۆی بكات. چونكە هەر خۆشەویستی مینا وایكرد، كە داوا لە ئازاد بكات ئاهەنگێك لە ڕۆژی خۆشەویستیدا بكەن. سەما و دەستلەملان، ئاوێزانبوونی گیان و لەدایكبوونەوە، سەما گیان بەبەر دڵە مردووەكاندا دەكاتەوە و جارێكی تر بەرەو ژیانێكی ئازاد و دوور لەو ژیربێژییە باوەی مێگەل تێیدا دەژێت.

بۆیە كاتێك لەو ئاهەنگەدا، كە پۆلێك لە هاوڕێ مەسیحییەكانیان داوەت كردووە، ئەمەش بەو هۆكارەی، كە ئەوان كراوەترن و (خەڵكی خۆیان) كەمیان دەزانن ڤالەنتاین مانای چییە؟ داوای ئەم ئاهەنگەی كردووە، بۆیە كاتێك كەس بەسەر كورسییەكانەوە نییە، میناش دەیەوێت تێنوویەتی گیان بشكێنێ و خۆشەویستییی خۆی بۆ ئازاد دەرببڕێت، داوای لێدەكات كە پێكەوە سەما بكەن، بەڵام ئازاد هەر زوو هەڵدەداتێ ((شێت بوویت، تۆ ژنێكی ئابڕوومەند نیت، چۆن ڕێگەت دەدەم سمت و كەفەڵ بادەیت بۆ ئەو هەموو پیاو))، ل 33. بەڵام مینا گفتوگۆی لەگەڵ دەكات و پێی دەڵێت، ئەگەر ئا ئەم جۆرە ناوەرۆكە و بیركڵۆڵییە، ئەم داخراویی و دەمامكەت هەبوو، یان پێم دەوتیت بۆچی ئەم هەموو خۆنوواندن و تەماشاكردنە، لەپای چی؟ ئەوە پێت دەوتم ((گرێت هەیە بەرانبەر عەقڵی پیاو))، ل 34. ئازاد نموونەی پیاوێكی دەمامكدارە، ئەم دەمامكەشی تەنیا بۆ لەخشتەبردنی ژنە و بەس؛ بە مەبەستی شكاندنی ئارەزووی خۆیه‌تی لێیان.

گفتوگۆی مینا بە نێوێكی خوازراو لەگەڵ ئازاد:

مینا دوای مردنی مێردی، بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ ئازاد هەیبوو، ئەوە هەوڵدەدات بە نێوێكی خوازراو قسەی لەگەڵ بكات، هەڵبەتە وەك كوردێكیش نا. بۆیە كاتێك، كە قسەی لەگەڵ دەكات، لێی دەپرسێت، كە خۆشەویستیی كردووە؟ یان نا؟ یان بۆ ڕاستی؟ یان چۆنە تا ئێستا هەر سەلتە و ژنی نەهێناوە. ئەوە پێی دەڵێت من خۆشەویستییم كردووە، بەڵام تەنیا بۆ كات بەسەربردن بووە و هیچی تر. تەنانەت لە یەككاتدا، من لەگەڵ دوو ژن، پێوەندییم هەبووە، ((خۆت دەزانیت ژنی ئەم كولتوورە زۆربەیان بێوەفان و هەر ئەوەندە لەگەڵ پیاوێكدا دەبن هەتا مەبەستی پێیەتی، یان پارەدارە، یان دۆستێكی باشی كولتوورەكەی خۆیان دەست دەكەوێت، پاشان بە ئێمەی بێگانە ناوزەدكراو دەڵێن بەی بای))، ل 36. ئەم وێنەیەی ئازاد بۆ ژنی بێگانە و ژنی وڵاتەكەی خۆی دەیكێشێت، كە گوایە بێوەفا، پارەبردە و ڕه‌گه‌زپەرستن. ئەوە وێنەی خودی خۆی/ ئازادی تێدا بەرجەستە دەبێتەوە. مرۆڤ چۆن وێنای شتەكان و دەوروبەر بكات، ئەوە لە توانای ئاستی بینینی خۆیەوەیەتی و لە تێگەیشتنی خۆشیەوە دەڕوانێتە دەوروبەر و لێكدانەوە بۆ بینراو، بیسترا و هەستپێكراوەكان دەكات.

لە كاتی ئەم قسانەدا، ئەوە ئازاد هەندێك لەو قسانەی، كە لە ڕابردوودا مینا پێی گوتبوون، بەكار دەهێنێت. بۆیە ئەو خۆشەویستییە نەمرەی مینا بۆ ئازاد، ئەمەش وایلێدەكات ترووسكایییەك یان ئومێدێكی پێ ببەخشێت، كە ئازاد خۆشی دەوێت و هەر بە یادی ئەوەوە ژیاوە. ئەو قسانەی لە ئاهەنگی پێشتر واتە سی ساڵی بەری، مینا هەمان ئەو قسانەی كردبوو، كە ئەو پێی وتنەوە، ((ئەوە خواستی منیشە، یەكەم هەنگاو بەسەما دەست پێ بكەین، سەما سەما هەتا ئەودیوی ژین، سەمایە ئارەزووی منیش، سەما هەتا ئەودیوی ڕۆح))، ل 38. بۆیە دوای ئەمە{ مەبەست پێوەندیی ئیمەیل}،كە دوو ساڵ دەخایەنێت، بڕیار دەدەن یەكتر ببینن، كە هێشتا خۆی پێنەناساندووەتەوە.

هەروەها مینا لێی دەپرسێت، كە هەندێك شتی نەشیاو و سەیر دەبیستم، لە وڵاتی ئێوە لە مەڕ ژن. لەم پرسیارەدا ئازاد باسی خۆی دەكات، كە گوایە لەبەر وەها شتێك وڵاتەكەی جێهێشتووە. جێهێشتنی وڵاتیش، وەك ئازاد گوتەنی، بەهۆكاری داكۆكیكردنی لە مافی ژن و ئازادییی ژن بووە. كەچی خۆی لەوەتەی لە وڵاتدابووە، ئەوە پێوەندییەكی ڕاستەقینەی لەگەڵ ژنان نەبووە، تەنیا بۆ كات بەسەربردن بووە.

كاتێكیش لێی دەپرسێت و باس دێتە سەر ئاهەنگ و سەما، ئەوە قسەكانی یەكەم ئاهەنگی بەری سی ساڵ، كە مینا كردنی، دەیانكاتەوە، كە گوایە كەسێكی تێگەیشتووە، بەڵام هەر زوو ئاهەنگەكەی شێواند و ڕووی ڕاستەقینەی بەدیار كەوت.
بۆیە كە باس لە سەما دەكات لە وڵاتەكەی، ئەوە دەڵێت: ((من لەوێش ژنێكی عەقڵ كراوەم نەدەبینی، كە تەنانەت ئەم سەماكردنەی ئێستای من و تۆی پێ ئاسایی بێت و ئێوارەخوانێكمان پێكەوە هەبێت… كەسیشیان ئەوەندە ڕۆشنبیر نەبوونهیچ لە جیهانی ئەفسووناوی سەما بگەن))، ل 41. هیچ كەسێك خەونێكی نەبووە بۆ سەما. خەون لەوێدا نییە. چجای بۆ سەما بێت. هەڵبەت ئەمە لە قسەكانی ئازاددا، بەڵام مینا لێی دەپرسێت ئەگەر نییە ((ئەی تۆ بۆ فێرت نەكرد؟))، ل42. یان بەڕاستی تۆ وەها كەسێك بوویت و ئەوە وێنە و دەنگی ڕه‌سه‌نی تۆیە؟ ئەوەی تۆ دەیگشتێنی، ئەوا ناڕاستە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەی ئەوە نییە كەسێكی ڕۆژهەڵاتیی لێرە ئامادەیە و لەتۆش باشتر سەما دەزانێت؟ كاتێكیش مینا خۆی پێدەناسێنێت و دەڵێت من مینام:
ئازاد پێی دەڵێ ((ئەو مینای سی ساڵ بەر لە ئێستا وازم لێ هێناوە و بێ شەرمانە بەم تەمەنەوە و بەم سەری سپییەوە لەناو ئەم هەموو خەڵكەدا كەوتووەتە سمت و قنگ بادان))، ل 42.
ئازاد وێنەی پیاوێكە، كە تا سەرئێسقان دەیەوێت كۆرانە، نەریتیی و خێڵەكیی بژێت و خۆشی وەك پێشكەوتووخواز و داكۆكیكاری سەرسەختی ژنان، نیشان بدات.
هەڵبەتە ئێمه‌ لە بەكارهێنانی تێگەی ڕۆژهەڵاتیی، لەم چیرۆكانەی بەتایبەتی لە ئەورووپا دەنووسرێن، وەك خۆبردنە پێشەوەیەك لە بازاڕ و بڵاوكراوەكانی ئەورووپا دەبینین، نەك ئاگایی و خوێندنەوەی فەرهەنگە ڕۆژهەڵاتیییەكان. بەتایبەتی لەم چیرۆكە و چیرۆكی كچە ئازادەكەدا بە ئاگایی ژنانە و هزر بەم شێوەیە نییە، كە ڕازیمان بكات. ئا ئه‌لێره‌وه‌ ده‌بێت خوێنەر گومانی لە بەكارهێنانی تێگەی ڕۆژهەڵاتیی هه‌بێت.

كاره‌كته‌رە سەرەكیی و لاوەكیییەكان، لە هەرسێك چیرۆكەكەدا:
ا- كچە ئازادەكە:
– كچە ئازادەكە، دەمامكی نییە و داوای ماف و ئازادیی بۆ ژن دەكا.
– ڕووكردنە دەرەوەی كچەكە، هۆكارەكەی داخرانی فەرهەنگەكەیە، كە تێیدا پیاو بەها بۆ شتەكان دیاری دەكات.
– مامەڵەكردنێكی مرۆڤانە دەكات و كار بۆ ئازادیی و ئاشتیی دەكات.
– لە ناوەوەی وڵات، كچەكە پێشكەوتوو دەردەكەوێت و یاخییە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات، بەهۆی كاریگەریی فەرهەنگە داخراوەكەیەوە، كە هێشتا بەسەریەوە ماوە، وەك دواكەوتووێك سەیر دەكرێت، لە ئاست فەرهەنگی ئەورووپا.

ب- وەرە با پێكەوە سەما بكەین:
– پیاوەكە دەماكی هەیە.
– ئەم دەمامكەش بۆ تەفرەدان و هەڵخەڵەتاندنی ژنان بەكار دێنێت.
– خۆی بە پێشكەوتووخواز پێشان دەدات، گوایە جاڕ بۆ مافی ژنان و ئازادیی دەدات، كەچی تەنیا بۆ مەرابە بەرژەوەندیخوازییەكەی خۆیەتی و تێركردنی ئارەزووەكانی.
– فەرهەنگە داخراوەكەی دەكاتە هۆكارێك، كە گوایە هۆكار بووە و لەوێ ڕێگری لە مافی ژن دەكرێت و دەچەوسێنرێتەوە، بۆیە ڕووی كردووه‌تە دەرەوەی وڵات.
– لە دەرەوەی وڵاتیش، كە فەرهەنگێكی كراوەیە، ئەم ناگۆڕێت و رووی ڕاستەقینەی ئەو هەڵخەڵەتاندن بووە، ڕابواردن و كاتبەسەر بردنە لەگەڵ ژنان.
– لەم چیرۆكەدا ژنێك لە خشتە دەبردرێت و دەبێتە قوربانییی خۆشەویستییەكی ساختەی پیاو.

ج- ژنەكانی ژەنەڕاڵ:
– ژەنەڕاڵ دەمامكدارە.
– دەمامكداربوونیشی بەمەبەستی ڕابواردنە لەگەڵ ژن و خۆ تێركردنیەتی لە ژن.
– ژەنەڕاڵە و گوایە كچەی خۆش دەوێت و باس لە مرۆڤدۆستیی و ئاشتیی و… تاد دەكات.
– بە كەمسەیركردنی ژن، وەك ئەوەی مرۆڤ نەبێت.
– مامەڵەكردنی لەگەڵ ژن وەك ئەوەی ژن مریشك بێت و خۆیشی كەڵەشێر.
– ژنانێك لە بەرانبەر یەك پیاودا، لە ڕوانگەی ژەنەڕاڵ/كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی- ئیسلامیییەوە.
– هەڵخەڵەتاندن و فریودان، كە گوایە كچەی خۆشدەوێت، كەچی تەنیا بۆ كاری زایەندییە.
– ساوێرەكانی پیاوانی مایل بە ئارەزووبازیی لەگەڵ ژن، نەخۆشییە و یەكسانە بە مەیلی ژەنەڕاڵ/ پیاوان، كە شەڕ نەخۆشی كردوون.

9- كاتێك مرۆڤ دەتكوژێت و سەگ/ ئاژەڵیش دەبێتە هاودۆست و ڕزگارییده‌رت

كاتێ هەستی مرۆڤدۆستیی پێوارە و مرۆڤەكان بەهۆی توندڕەویی و ئیدیۆلۆژیای ئایینیی و سیاسیی دەچەوسێنرێنەوە، لە ئازادیییان و مافی خۆیان بێبەش دەكرێن. ئەوە كۆی سیستێم تووشی تۆقێنەریی، گەندەڵیی و هەرەسهێنان بووە. بۆیە، كە مرۆڤ لەو دەوڵەتە یان وڵاتە لە ژێرچەترێكدا وەك مردوویەك هەریەك بۆیەكتر نەناس و بێجووڵە دەبینرێت، ئیتر هەمیشە لەژێر هەڕەشەی كارەساتێكدا دەبن. لەم وڵاتە یۆتۆپیا دینیی و ئیدیۆلۆژیییە هەرەسهێناوە، مرۆڤ هیچ شتێك بۆی جێگەی متمانە و دڵنیایی نابێت، ئاژەڵ لەوێوە وەك جێگرەوە دەبینرێت و دەردەكەوێت، بۆ ئەو دۆخەی كە لە كوچە و كۆڵانەكاندا، هەستی مرۆڤدۆستییەتی بەر فیشەكی ئیدیۆلۆژیا كەوتووە.

چیرۆكی كێ كوشتنەكەی ئاشكرا كرد؟ لەم كەشەدا و دۆخی وڵاتێك لەژێر شەپۆلی بێبەهاكردنی مرۆڤ وێنا دەكاتەوە. زەمینەی ئەم چیرۆكە سلێمانییە. چیرۆكنووس لەو ڕۆژگارانە دەدوێت، كە ئازادیی و بەهای مرۆڤ، پێشێل دەكرێت. ئەو دۆخەش، كە ئاگایی چیرۆكنووسیان جووڵاندووە، كە پڕمەترسییترینە و لە هەموو شوێنێكیش: بارەگە، پەرستگە و شوێنە گشتیی و تایبەتیییەكان…تاد، نمایشی خۆی دەكات و خەڵكیش لەو مەترسییە، هیچ هەڵوێستێكیان نییە، ئەم بێهەڵوێستییەش بووە بە خزمەتكردنی مەترسییدارترین بیروباوەڕی قڕكردن. كە دواجار ئەم مەترسییە و قڕكردنە لە جوندولیسلام، دواجاریش لە داعشدا، كەوتەوە.

ئەم چیرۆكە، شەڕی ئیدیۆلۆژیی و دەسەڵاتی دوو بەرە وێنا دەكات، كە بەرەی بەرهەڵست وەك چیرۆكنووس دەیناسێنێ، بەرەی تووندڕەوە ڕیشنەكانە. واتە ئەو بەرەیەی ئیدیۆلۆژیایەكی دینیی دەیجووڵێنێ. بەرەی دووەمیان بەرەی دەسەڵاتدارە، كە ئیدیۆلۆژیای عه‌لمانی لە خراپترین دۆخ و تۆتالیتارییدا، خۆی دەبینێتەوە. دۆخێك، كە دێموكراسیی و ئازادییی تاك، تێیدا وەلاوەنراوە.

ژن و سەگێك پێكەوە لە خانووێكدا دەژن. ژنێك، كە ناچێتە ژێر دەسەڵاتی باوكسالاریی، ڕیشن و تاكڕەویی. خانووێك كە بازارەكە بەدەوریدا نەخشەی كێشاوە، ئەمەش ماڵەكەی پڕكردووە لە دەنگەدەنگ. ئارامیی لەوماڵەدا تەنگی پێهەڵچنراوە، كە بازاڕ كۆخەڵك دەگرێتە خۆی و ئەم ماڵەی دەورەداوە، ئەمەش كۆدە بۆ دەوروبەر، داب و نەریت. كە دەیەوێ هەموو شتێك بازار/ مێگەل ئاڕاستەی بكات، نەك تاك.

ئەم خانووە هێمایە بۆ فه‌رهه‌نگی ناڕێكییی بازاڕیی و خێڵەكیی. فه‌رهه‌نگێك، كە مرۆڤەكان لە بێبەهاییدان، كارناكەن، كەچی یەجگار سەرقاڵ و تووڕەن. نەناس و لێك غەیانن. ئەمەش بە تەرم هێمای بۆ كراوە، ئەم تەرمە لە ماڵەكەدایە، ڕێك لەو ژوورەی كە تێیدا چەترێك بە دیوارەوە هەڵواسراوە، لەژێر ئەم چەترەدا تەرمێك دەبینرێت. لەژێر ئەو چەترەدا تەرمێك كڕ و بێدەنگە، نە بەركەوتنت لەگەڵ دەبێ نە لاش دەدرێت. لەژێر چەتردابوون، واتە كۆخەڵك لە نیشتیمان یان خاكدا دەگرێتەوە، چونكە چەتر لە فەرهەنگی كوردییدا ئاماژە و هێمایە بۆ كۆمەڵ، خاك و نیشتیمان. ئەم تەرمە ناجووڵێ، وەلێ ڕۆژ بەڕۆژ لە گۆڕانی بەردەوامدایە. ئەم تەرمە سەرەتا تەرمی یەك كەسە و دواییش گۆڕانی دەكەوێتێ، كە گۆڕانەكە هەر تەرمێك نابێت. ئیتر كۆتەرم زیندووە ڕووحمردووەكان دەنوێنێ. ((تەرمێكی نادیاری نەناسراو بەردەوام لەوێدایە، كەچی تەرمی یەك كەسیش نییە، تەرمێك هەرگیز زیندوو نابێتەوە و، كەچی بەردەوام لە گۆڕاندایە)) ل 48.
سەرووی چەترەكەش ئاسنێكە، كە دەسەڵات وێنا دەكات. ئاسن/دەسەڵات، نیشانكراوی دەستی دژەئیدیۆلۆژیای دەسەڵاتدارە. واتە ئاسن ئاماژەیە بۆ دەسەڵات و شەڕی ئیدیۆلۆژیای مرۆڤكوژ.

گێژنەی هاوسەرگریی ژن و مێردەكە، چەند ڕۆژێكی ماوە، كە سێ ساڵ پێوەندیی وسێ ساڵیشە هاوسەرن. بۆیە پێكەوە لەماڵەوە وەدەر دەكەون، بۆ كڕینی دیاریی بۆ یەكتر. بەڵام چەند كەسێكی، ڕیشن ئاسنی سەرووی چەترەكەیان دەكەنە نیشان و ئومێدی هاوسەری ژنە دەپێكرێت و ژنەش لەخۆ دەچێت. تەنیا هەوشاری سەگی هاوڕێگەیان ئەم هەواڵە دەگەیەنێتە بەڕێوەبەری خوێندنگەكە و ژیانی ژنەكە ڕزگار دەكات. سەگێك وەفاكەی هەر ئەوە نییە، كە بژێویی بۆ ماڵەوە پەیدا دەكات، بەڵكو شوێنی ئەو مرۆڤە دەگرێتەوە، كە مرۆڤ دەكوژێت. بۆیە سەگ، لە مرۆڤەكان مرۆڤانەتر و وەفادارتر دەجووڵێتەوە.

دوای ئەم ڕووداوە، سەگ كار دەكا و لەگەڵ ژنە ژیان دروست دەكەنەوە، ژنێك، كە شكۆمەندیی و شەڕەف لە ژیان لەگەڵ سەگدا دەبینێت، نەك لەگەڵ باوكێكی پیاوسالار. نایەوێت ژیانێك بژێت، كە لەلایەن هاومرۆڤەكانیەوە، تا ڕادەی پڕمەترسیی بێبەها كراوە. دەسەڵاتێك داماڵدراوە لە یاسای مرۆڤیی. شەڕ بۆ ئیدیۆلۆژیا؛ كوشتنی مرۆڤە و زیادكردنی پێڕەوكار و لایەنگرانە. نەك خزمەتكردنی مرۆڤ و شارەستانییەت.

لە كۆتاییدا ئەوی گەرەكە بگوترێ، ژیانی كاركتەر و كەشی ئەم چیرۆكە، لە هەمان دۆخی ژنانی كۆبانێ دەكا، كە ماڵ/ خاكیان ڕزگار كرد و ژیانیان دروست كردەوە. ژنانێك بەرگریی لە مانەوە و ئازادیی خۆیان كرد. ژنانێك نە چوونە ژێر دەسەڵاتی خۆسەپێنەر و ڕیشنەكانەوە نە چووشنە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریییەوە.


ئەنجام

لەم نووسینەدا گەیشتینە ئەم ئەنجامانە:

1- ئەم بابەتانەی چیرۆكنووس ورووژاندوونی، كێشەی زەق و بەرچاوی ڕۆژانەی ژیانی ژنی كوردە. زیاتریش ئەم بیرە فێمێنیستییەی تێدا دەبینرێت، سەرەتایییە، یان بڵێین قۆناغی ڕه‌خنه‌ و بەرهەڵستكاری فێنێنیستییە. قۆناغێكە، كە دەتوانێت هەنگاوی زێتری تێدا بهاوێژێت، بۆیە لە قۆناغی ئاوڵەمە بوونی ژنایەتیی كوردیی جموجۆڵێكی ژنانە نمایش دەكات. بیرێكی ژنانە، دەنگێكی ژن، گەلێك لە كێشەكانی خێزان و كۆمەڵگەی كوردیی دەورووژێنێت. كە كەم نووسەر توانیویانە بەم شێوە كۆچیرۆكیییە، بە بیرێكی فێمێنیستانە، كاری خۆی دەست پێبكات و تێشیدا سەركەوتوو بێت.

2- زیاتر لە هەر شتێك ئەدەب دەتوانێت ڕه‌نگدانەوەی دەنگی ژن بێت و ژن بتوانێت وێنای خۆی و ناخی خۆی تێدا هەڵبڕێژێت و ڕۆڵ و كاریگەریی خۆیشی بخاتە ڕوو، لە ململانێی مێژووی ژیانی مرۆڤ، كە كۆچیرۆكی “دەزگیرانە قوڕینەكەم” دەنگ و وێناكاری دەنگی ژن، مەیل و خولیاكانی ژنە، بۆ ماف، ئازادیی و یەكسانیی.

3- چیرۆكنووس هەندێ لە بیر و بۆچوونەكانی لەمەڕ ژنی كورد، ئەرێنی نیین، بەڵكو وێنەی ژن زیاد لەوەی، كە هەیە شێوێندراوە. واتە ژن، یەجگار ئەو پەڕوباڵ سووتاوە نییە، كە چیرۆكنووس دەیەوێت ئازار و چەوساندنەوەی بەرچاو بخات. بەشێك لەمەش بۆ چالاكنەبوونی مێدیای كوردیی دەگەڕێتەوە. بۆیە دەبێت نووسەر ئاگایی بەرانبەر بەمە هەبێت. چونكە پیاوی كورد یەجگار ئەو زاڵمە ژنكوژ، مافخۆری ژنەش نییە به‌ تێگڕا، كە تێگەیشتنی چیرۆكنووس تێیدا دەور دەكاتەوە. وێجا ژنی كورد تێكڕا داماڵدراو نییە لە ئازادیی و ماف. دەكرێ بڵێین لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیدیۆلۆژیای حزبی ئیسلامیی و بنەمابوونی ئەقڵی خێڵ لە حزبە عەلمانییەكانی كوردییدا، دەنگی ژن ناوشیارانە كپ كراوە. بەڵام لەهەمانكاتدا وێنەی هەر بینراوە. ناشبێت ئەو تێگەیشتنە زەقبێتەوە، كە ژن لە كۆمەڵی كوردەوارییدا هیچ بەها و ڕێزێكی بۆ دانەنراوە.

4- چیرۆكنووس جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هۆكارەكانی چەوساندنەوەی ژن یان وابەستە بوونی ژن بە گەلێك لەو گرێكۆرانەی لە كۆمەڵگەدا هەن و بوونەتە خاڵی لاوازیی، هەر تەنیا لە دەسەڵاتی باوكسالارییدا ڕه‌نگ نادەنەوە، بەڵكو هەر ئەو دەسەڵاتە ڕه‌گه‌زیییەی پیاو هەیەتی، لە ئایین، سیاسەت و تەواوی جومگەكانی ژیاندا دەبینرێت. بە شێوەیەكیش ڕەگی داكوتاوە، كە دەبێت بە وردیی و هۆشیاریییەوە كاری بۆ بكەین و كۆمەڵگەی كوردیی لێ وەئاگا بهێنرێتەوە.

******************
سه‌رنج: ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ به‌ دوو به‌ش له‌ گۆڤاری (ڕامان) ژماره‌ 249 و 250 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
******************

په‌راوێز و سەرچاوەكان:

* بێگەردیی: ئه‌م زاراوه‌یه‌، زمانی پیاوه‌، كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ناسنامه‌ی به‌ ژن داوه‌، ژنی پێده‌ناسێنێت و پێی كۆتوبه‌ند ده‌كات، ئێمه‌ لێره‌دا به‌كارمان هێناوه‌، وه‌ك لایه‌نی كرده‌یی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م كۆچیرۆكه‌. ئه‌م زاراوانه‌ نموونه‌یان یه‌جگار زۆره‌: حۆریی، فریشته‌، شێره‌ژن، مه‌لیكه‌، په‌ریی، خانمیخانمان،… ئه‌مه‌ش هه‌مووی داهێنراوی زمانی پیاون بۆ مه‌یل، حه‌ز و خولیاكانی خۆی. سه‌رباری ئه‌مه‌ وابه‌سته‌كردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌مان به‌ فه‌رهه‌نگی كوردیی، بۆ زێتر كاریگه‌ریی دانان خۆمان له‌ به‌كارنه‌هێنانی زۆر وشه‌ نه‌پاراستووه‌.

——————————-

1- كازیوە ساڵح، ئاسمان لە هەموو شوێنێك شینە- كۆمەڵێك دیمانە، چاپخانەی ئاراس، چ1، هەولێر- 2013، ل 61- 62.
2- عەبدوڵڵا ئۆج ئالان، قەیرانی شارستانی لەخۆرهەڵاتی ناوین و چارەسەری شارستانێتی دیموكراتی، ل 472.
3- ئەحلام مەنسوور، گرەوی چاوەكانی ئەم- ئەزموون، چاپخانەی ئاراس، چ1،هەولێر- 2008، ل 38.
4- كازیوە ساڵح، دەزگیرانە قوڕینەكەم، چاپخانەی ئاراس، چ 1، هەولێر- 2012.

Previous
Next
Kurdish