Skip to Content

لە وەرگێڕاندا؛ چی ماوەو، چی كراوە؟! …. سەنگەر حەسەن

لە وەرگێڕاندا؛ چی ماوەو، چی كراوە؟! …. سەنگەر حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2018 General, Opinion

هەڵبەتە وەكو ئاشكرایە دەتوانین شێوازی وەرگێڕان بكەین بە دوو بەشی سەرەكی، وەرگێڕان لەزمانەكانی بێگانە بۆ كوردی، وە لەزمانی كوردییەوە بۆ زمانەكانی بێگانە. سەرەتا ئەوەی یەكەم بەشە هەرە باوەكەیە، واتە زۆری وەرگێڕەكان، كە وەرگێڕان دەكەن، سەرەتا لەزمانەكانی بێگانەوە دەست پێدەكەن، بەم پێیە ئەمە ئاسانترین جۆری وەرگێڕانە.
وەرگێڕ بەئاسانی دەتوانێت جۆری ڕستەو شێوازی بەیان كردن و دەمی كارەكان بناسێتەوەو جارێكی تر لەسیاقی زمانی دایك دا سەرلەنوێ دایانبڕێژتەوە، جگە لەمەش، ڕەنگە خوێنەری كوردی زمان نەتوانێت وەرگێڕانەكەت بەراورد بكات لەگەڵ دەقە ئەسڵییەكە، بەڵام خوێنەری زمانی بێگانە زۆر ئاسان دەپرژێتە سەر هەڵەكان.
چیمان وەرگێڕاوە؟ جاران گلەییمان دەكرد كەهەرتەنها شیعرمان هەیە، ئێستاش شتێكی وا لەهاوكێشەكە نەگۆڕاوە، ئەوەتانێ بەلێشاو ڕۆمان خراوەتە سەر زمانی كوردی و تا ئێستا بێ شومار ئیشی لەسەر دەكرێت. ئەمە شتێكی خراپ نییە، گەر بێت و كەسانی پسپۆڕ لەم بوارە پێی هەڵسن، لەهەمان كاتدا كەسانی پسپۆڕ لەبوارەكانی تریش بە ئەركی خۆیان هەڵسن. تاك و تەرا كتێبی زانستی دەبینین، ڕۆژانەش ئەم هەموو دكتۆرا و ماستەرە لەم لا بوەستێ!

تا ئێستا شاكارە جیهانییەكان زۆری وەرگێڕدراوەو بگرە هەیانە زیاتر لەچەند وەرگێڕانێكی بۆكراوە. بەهەمان شێوە بۆ تایتڵە نوێیەكان، كەڕۆژانە دەخرێتە نێو كتێبخانەی كوردی و ئەوانەش لەساتی ئەم نووسینەدا ئیشی لەسەر دەكرێت. ئەوەش تا ئێستا كتێبخانەی كوردی بەدەستییەوە دەنالێنێت، كەمی سەرچاوە زانستییەكانە. لەسەرووی هەمووشیانەوە زانستەكانی وەكو كیمیا، فیزیا، زیندەزانی و بیركاری.. ئاخۆ دەبێت هۆكاری سەرەكی كەمی وەرگێڕان لەم بوارەدا چی بێت؟! تۆبڵێ ی خوێنەرمان نەبێت لەم بوارانەدا؟ بێگومان نەخێر، بگرە لەئێستادا بۆتە یەكێك لەپێداویستیە سەرەكییەكان، ئەمیش بەهۆی ئەو شاڵاوە تەكنۆلۆجی و زانستییەی ئێستا ڕووی تێكردووین، سەرنج بدە، دەتوانی چەند كتێب بدۆزیتەوە لەبوارەكانی دیزاین و بەرنامە نوێكانی كۆمپیوتەرەوە.. چەند كتێب لەبوارەكانی نەوت و ئەندازیاری و بەشەكانی تری زانست بدۆزینەوە؟!.. لەگەڵ هەبوونی ئەم هەموو بەشە زانستیانە لەم هەموو كۆلێژە زۆرە لەم هەرێمە چكۆڵەدا.. لەلایەكی تر ئێستا هەندێك كەس و كۆمەڵ و لایەن پەیدابوونەو بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە گوایە كتێبخانەی كوردیش، لەبابەتە زانستییەكاندا بەرەو پێشچووەو كار گەیشتۆتە ئەوەی بڵێن: لەئاستێكی باش دایە! یانی گەر چەند كتێبێك لەبارەی فیزیاوە خرایە سەر زمانی كوردی، مانای وایە ئیتر تەواو لەم بوارەدا كێشەمان نەما! بۆ بەرچاو ڕوونیش، نزیكەی سەرجەمی كتێبە زانستییە وەرگێڕدراوەكان، كتێبی گشتین، نەوەك تایبەت.

گشتی بەمانای ئەوەی كتێبێك باسی تەواوی زانستی كیمیا یان فیزیا دەكات.. بەڵام پێویستە بپرسین هەریەك لەم زانستانە چەندە لقی لێدەبێتەوە، ئەوا هیچ نەبێت بەلایەنی كەم پێویستە لەبارەی هەموویانەوە سەرچاوەمان هەبێت. بەنموونە: لەبابەتێكی وەكو فیزیا، پێویستە سەرچاوەمان لەسەر هەریەك لەبابەتەكانی وەكو: كارەبا، موگناتیس، شەپۆڵەكان، كێشكردن، تیۆری ڕێژەیی، بیناییزانی، ڕووناكی، كارۆموگناتیسی، هێزی لێكخشاندن، بزوێنەرەكان، لەرینەوە، جووڵە، گەرمی، دەنگ، خێرایی…
بەڵام وەكو ئاماژەی پێدرا، ئەو سەرچاوانەی كە بەردەستن، نزیكە سەرجەمی باسی تەواوی بابەتەكە دەكەن، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش، دەكرێت سوودێكی زۆر لەزانكۆكان ببینرێت و ببن بە كاراترین ناوەند لە بوارەدا، لەم ڕووەوەش دەكرێت چەندەها ڕێگای خێراو سەركەوتوو بگرێتە بەر.

خۆ ئەگەر باسی وەرگێڕان بكەین لە زمانی كوردی بۆ زمانەكانی تری بێگانە، ئەوا تا ئێستا تەنانەت مشتێكیش لەخەرمانێ نەكراوە! ئەوەش كراوە لەچەند كارێكی ئەدەبی تێپەڕناكات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە یەكێكە لەهۆكارە هەرە گرنگەكانی ناساندنی گەلەكەمان. دەكرێت ئەوانەش كەڕۆڵیان هەبووە لەم بوارە، بڵێین نووسەری كوردن، ئەوانەی بەزمانی بێگانە دەنووسن. زیاد لەوە وەكو وتمان لەبواری وەرگێڕاندا لەزمانی كوردی بۆ زمانەكانی تری بێگانە تا ئێستا لەچەند بابەتێكی ئەدەبی تێپەڕ ناكات. باشە ئەی گەر بێگانەیێ ویستی لەبارەی مێژوو، كلتوور، جوگرافیا…ی كوردان بزانێت، ئاخۆ هەر دەبێت پەنا بباتە بەر بێگانە، ئەوانەی تا ئێستا بەئاڕاستەی مێشكی خۆیان مێژووی ئێمەیان نووسیوەتەوە.

ئەگەر جاری جاران واپێویستی دەكرد بۆ وەرگێڕان لەزمانی كوردی بۆ زمانانی بێگانە، سەرەتا مێژووی كورد وەربگێڕدرێت و باسی نەهامەتی و ناسۆرییەكانی كورد بكرێت.. ڕەنگە ئێستا ئەم تێگەیشتنە تەواو گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و پێویست بكات دەست بكەین بە وەرگێڕانی شاكارەكانمان بۆ زمانانی بێگانە و جیهان بەمجۆرەو لەم ڕێگەیەوە تامەزۆی مێژووی كورد بكەین.


سەنگەر حەسەن – خوێندكاری ماسته‌ر (زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین )

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish