ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی (١٩٧٥- ١٩٩٣) … ئیسماعیل تەنیا-


ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی
(١٩٧٥- ١٩٩٣)
ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

————————————————

* باشوری کوردستان:

دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق، لە ساڵی١٩٣٤ دا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی و کوردستاندا بەتایبەتی. پێش بوونی ئەم حزبە، هەست کردن بە جیاوازی چینایەتی، جگە لەلای دەستەبژێرێک لە ڕۆشنبیرو خوێندەواران بەولاوە، بوونی نەبوو. بەهۆی خەباتی کادیرانی ئەم حزبە لەنێو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگاو، دواتر کردنەوەی بارەگا یاخود (هەرێمی کوردستان)ی ئەم حزبە لەشارە گەورەکانی کوردستاندا، ئیدی خەڵک هوشیار بۆوەو هەستی بەوە کرد کە لەپاڵ چەوساندنەوەی نەتەوایەتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ئاغاو دەرەبەگ و خاوەن مولکە گەورەکانیش، ڕوبەڕوی جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر دەبنەوە کە ئەویش، چەوساندنەوەی چینایەتییە. ئەوان، فیکری تازەو چمکی مۆدێرنی وەک: (یەکسانی ژن و پیاو، خەباتی کرێکاران، چەوساندنەوەی چینایەتی، مافی مرۆڤ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، …. تاد)یان، لە کوردستاندا، بڵاوکردەوە.

هەر لەم سەرو بەندەو، هەشت نۆ ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی ئەم حزبە، کۆمەڵێک ئەندامی چاڵاک و ڕۆشنبیری (حزبی هیوا)، کە خاوەن دیدو بۆچوونی فیکری چەپ بوون، لە (هیوا) جیابوونەوەو، لەساڵی ١٩٤٣ دا، ڕێکخراوێکیان بەناوی (کۆمەڵی میللەت)، دامەزراند، کە دەتوانین بە یەکەم ڕێکخراوی سەربەخۆی چەپی کوردی، ناوزەدی بکەین. ئەم ڕێکخراوە، هەرلەم ساڵەدا، بڵاوکراوەیەکیان بەناوی (دەنگی کورد)، بڵاوکردەوە، کە بە دەستنووس، بڵاودەکرایەوە. هەر لەهەمان ساڵدا، عەبدولسەمەد محەمەد ناسراو بە ( سەمەد مەنجەڵ)، ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە شاری کۆیە، بڵاوکراوەیەکی یەک لاپەڕەیی بە دەستنووس، بەناوی (بڵێسە)، بڵاو دەکردەوە. بەداخەوە، تا ئێستاکە دانەیەک لە هەردوو بڵاوکراوەکە: (دەنگی کورد) و (بڵێسە)، نەدۆزراونەتەوەو لەبەر دەستدا نین. ئەو زانیارییانەی هەشن هەر وردە زانیاری نێو یاداشت و پەراوێزی ڕوداوەکانە… هەتا ئەمەی دواییان (بڵێسە)، هەندێک دەڵێن هەر بوونی نەبووە، ( بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە: بورهان حاتەم گۆمەتاڵی، ساڵح حەیدەری ١٩٢٢-٢٠٠١ ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیریی، چاپی یەکەم، هەولێر،٢٠١٢ ، لاپەڕە ١٧٠).

ڕێکخراوی (یەکێتی تێکۆشین)ی عەرەبی، لەسێ ڕێکخراوو گروپی مارکسی لەساڵی ١٩٤٣ دا، دادەمەزرێت. لە هاوینی هەمان ساڵدا، بە مەبەستی یەکگرتن، پەیوەندی بە ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)ەوە، دەکەن. پاش گفتوگۆو دانوستاندن، هەردوولا، یەکدەگرن. مەرجی کوردەکان ئەوە بوو: کە لقێکی کوردی (وحدة آلنضال)، لە کوردستاندا بکەنەوەو ڕۆژنامەیەکیش بەزمانی کوردی بەناوی (یەکێتی تێکۆشین)، دەربکەن. یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە، لەهاوینی ساڵی ١٩٤٤ دا، بڵاوکرایەوە کە (نافع یونس و سالح حەیدەری و عەلی عەبدوڵلا)، سەرپەرشتکارو لێپرسراوی بوون. بەشە کوردییەکەی ئەم ڕێکخراوە (یەکێتی تێکۆشین)، خۆیان هەڵوەشاندەوەو ناوی خۆیان کردە (حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق). لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٤ دا، ئەم حزبەش، خۆی هەڵوەشاندەوە. دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ڕۆژنامەی (یەکێتی تێکۆشین)، یەکەمین ڕۆژنامەی چەپی کوردییە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. لەمە بەدواوە، کادیرو سیاسەتمەدارە کوردەکانی ناو ئەم حزبەو دەرەوەیدا، لەبواری ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی، درێژەیان بەخەبات کردندا.

گرنگترین ئەم گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٤٥-١٩٧٥)دا، دەرچووینەو دەچنە خانەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردییەوە، دەکرێت وا پۆلینیان بکەین:
– ڕۆژنامەی (ئازادی): ساڵی (١٩٤٥) بەنهێنی دەرچووە. لەساڵی (١٩٥٩)دا مۆڵەتی وەرگرتوەو، بە ڕەسمی و ئاشکرا، بڵاوکراوەتەوە.
– ئاڵای کارگەران: حزبی شێوعی عێراق (هەرێمی کوردستان- لقی سلێمانی)، بەنهێنی، دەریکردوە.

پاش لێکترازانە مێژووییەکەی ساڵی (١٩٦٤)، باڵی جیابۆوە (پارتی دیموکراتی کوردستان- مەکتەبی سیاسی)، کە دواتر بە (جەلالی)، ناسران، ئەندام و هەوادارانی بەشێک لەم باڵە، خەریکی زەمینەسازی بوون بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تازە. لەم پێناوەدا، لەساڵی (١٩٦٩)، ڕۆژنامەی ڕووناکی (آلنور)، بە عەرەبی و، گۆڤاری (ڕزگاری)یان بەکوردی، دەردەکرد. بڵاوکردنەوەی وتارو ڕەخنەو گفتوگۆکانی نێو ئەم دوو ڕۆژنامەو گۆڤارە، بوونە زەمینە سازییەک بۆ دروستبوونی (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٠ دا. دوای (آلنور)و (ڕزگاری)ش، (ئاڵای سوور- تەموزی ١٩٧٣، ئۆرگانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان) و، (بیری نوێ)ی حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی ١٩٧٢ دا، بڵاوکرانەوە.

لەدوای کارەساتی ئازاری (١٩٧٥)و، کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلول، هەر دوای ساڵێک، دووبارە خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوەو، ئەمجارەیان لەجیاتی خەباتی تاک حزبی، زەمینەی ئەوە ڕەخسا کە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی جیا جیا دروست ببن و، درێژە بە کاروانەکە، بدەن. لەگەڵ بوونی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق و، (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، کە دواتر ناوەکەی بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، گۆڕدراو، باڵی قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق، ڕیکخراوێکی تری چەپ بەناوی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان) لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دامەزرا. ئیدی لەمە بەدواوە، ڕێکخراوو گروپی بچووک بچووکیتر دروستبوون و تا ساڵی (١٩٨٥)، توانییان کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەن، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

– ئاڵای یەکگرتن: ڕۆژنامەیەک بوو حزبی شیوعی عێراق ( باڵی قیادەی مەرکەزی)، بەزمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦، لە سوید، دەریکردوە.
– ڕەنجدەر: بڵاوکراوەیەکی نهێنی بوو، ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دەریکردوە. ئەم ڕێکخراوە، هەر لەم ساڵەدا دامەزراوە.
– ئاڵای شۆڕش: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان، لەساڵی (١٩٧٧)دا، دەریکردوە.
– کۆمەڵە: گۆڤارێک بوو، (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– تێکۆشان: ڕیکخراوی (تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان)، کە شەهید (رەئوف ئاکرەیی) لێپرسراوی بوو، بە نهێنی لەشاری سلێمانی، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕاپەڕین: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان- لقی ئەوروپا، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای کوردستان: حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، دوای دەرچوونیان بۆ شاخ، لەساڵی (١٩٨٠)دا، دەریانکردوە.
– سۆسیالیست: گۆڤارێکی تیۆری بوو، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەریانکردوە.
– ڕێگای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بووە، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەرچووە.
– کار: بڵاوکراوەیەک بووە لەنێوان ساڵانی (١٩٨١-١٩٨٢)دا، نزیکەی سێزدە ژمارەی لێدەرچووە.
– گۆڤاری (ڕێبازی زەحمەتکێشان)، لەنێوان ساڵانی (١٩٨٣-١٩٨٥)دا، یازدە ژمارەی لێدەرچووە.

لەساڵی (١٩٨٥)، لەهەناوی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)دا، دوو ڕێکخراوی چەپ دروستبوون کە خۆیان لە دایکە چەپەکانیان بە چەپتر دەزانی، ئەمانە بریتیبوون لە:
– ئاڵای شۆڕش: ساڵی (١٩٨٤) هەوڵیانداو لەساڵی (١٩٨٥)دا، بە ڕەسمی دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند. (مەلا بەختیار) ڕێبەرایەتی دەکردن.
– حزبی سۆسیالیستی کوردستان-ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، لەساڵی (١٩٨٥)، بە ڕێبەرایەتی (قادر عەزیز و عەبدولخالق زەنگەنە)، دروستبوو. ئیدی ئەمانەش بە بڵاوکردنەوەی ئۆرگان و گۆڤارەکانیان، مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردیان، دەوڵەمەندتر کرد. لەساڵی (١٩٨٥)ەوە تاوەکو ڕاپەڕین، کۆمەڵێک گۆڤارو بڵاوکراوەی تر، چ لەلایەن ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی خەباتی چەکداری، یان لەلایەن ڕێکخراو و دەستەو گروپی تازە دروستبوو لەنێو شارەکانی کوردستاندا، بڵاوکرانەوە، بریتیبوون لە:

– بیری نوێ: گۆڤارێک بوو، حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی (١٩٨٥)دا، دەریکردوە.
– سۆسیالیزم یان بەربەری: بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بووە، لە مانگی ئابی (١٩٨٥)، لە سوید دەرچووە.
– پێشکەوتن: گۆڤارێکی تیوری بوو، حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، کە دواتر بوونە (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨٦)دا،دەریانکردوە. تەنها پێنج ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
– دەنگی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، ئاڵای شۆڕش لەساڵی (١٩٨٦)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم: گۆڤارێک بوو لە بنچینەدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو. چاپە کوردییەکەی لەلایەن حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (١٩٨٦)، لە سوریاوە، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ بوو و لە ساڵی (١٩٨٦)ەوە، بڵاو دەکرایەوە.
– ڕابەر: گۆڤارێک بوو، (ئەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)، بەنهێنی لە شاری هەولێر، بە دەستنووس ( بە کاربۆن لێی زیاد دەکرا) و بڵاو دەکرایەوە. لە ساڵی (١٩٨٧)، دەرچووە. ئەڵقەی ناوبراو، لەساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، جەمال کۆشش)، دامەزراوە.
– ئاسۆی سۆسیالیزم: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (کۆمەڵەی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست- کۆتک)، لەساڵی (١٩٨٧)، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (سالار ڕەشید، ڕەحمان داود، ڕێبوار ئەحمەد)، دامەزراوە. – پەیامی کرێکاران: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس،(گروپی عیماد ئەحمەد و ئەبوبەکر خۆشناو)، لەساڵی (١٩٨٨)دا، دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ئاڵای شۆڕش، جیا ببوونەوەو خۆیان بە (ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس)، دەناساند.

– ئاڵا: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس، لە ساڵی (١٩٨٨)دا، دەریدەکرد.
– خەباتی کرێکار: (کۆمەڵەی کرێکارانی یەکی ئایار)، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاسۆی کرێکار: کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری (ئاڵای شۆڕش)، بە نهێنی، لەناو شاری هەولێر، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاڵای شۆڕش: ڕۆژنامەیەکی قەبارە گەورە (ئەی سێ ) بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە ساڵی (١٩٩٠)دا، دەریاندەکرد.
– نۆژەن: گۆڤارێکی تیوری بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە زستانی (١٩٩١)، یەک مانگ پێش ڕاپەڕین، دەریکردوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)، بەهۆی بەرقەرار بوونی ئازادی و نەمانی دەسەڵاتی ڕژێم لە کوردستاندا، چەندین گروپ و ڕێکخراوی چەپی مۆدێرن دروستبوون کە ئەندام و دامەزرێنەرانی زۆربەیان بە سیاسەتمەداری چەپی فارس (مەنسووری حیکمەت ١٩٥١-٢٠٠٢)، سەرسام بوون. لەژێر ڕۆشنایی نووسین و وتارەکانی ئەودا، خەباتیان دەکرد. گرنگترین گۆڤارو بڵاوکراوەی ئەم ڕیکخراوانە، لەم قۆناغەدا، ئەمانە بوون:
– هەواڵنامەی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، (هەستەی کرێکارانی سۆسیالیست)، لە ساڵی (١٩٩١)دا، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە کۆتایی نیسانی (١٩٩١)دا، دامەزراوە.
– بۆ پێشەوە: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)، لەساڵی (١٩٩١)دا، دەریدەکرد. رەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٨٤دا، دامەزراوە.
– پەیامی کرێکار: هەڵسوڕاوی بواری خەباتی چەپ لە کوردستان، تاهیر حەسەن، لە ساڵی ١٩٩١ دا، دەریدەکرد.
– سەرنجی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، کۆڕو کۆمەڵ و ئەڵقە کرێکارییەکان لەساڵی ١٩٩١ دا، دەریاندەکرد.
– ئەدەبی کرێکاری: گۆڤارێکی ئەدەبی، خاوەن ئایدیای چەپ بوو، عەباس شوان، لەساڵی ١٩٩١ ، لە شاری سلێمانی دەریدەکرد. (٣٣) ژمارەی لێدەرچووە.
– پڕۆلیتاری: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٩١ دا، بڵاویدەکردەوە.
– ڕێبازی کارکەر: بڵاوکراوەیەک بوو، (کۆمەڵەی خەباتی سور)، بە کوردی (کرمانجی خواروو)، لەساڵی ١٩٩١دا، دەریاندەکرد.
– بڵێسە: بڵاوکراوەیەک بوو، (ئەڵقەی کۆمۆنیستی بڵێسە)، لەساڵی ١٩٩٢ دا، دەریاندەکرد. ئەڵقەی ناوبراو لەساڵی (١٩٨٥)دا، دروست بووە.
– دەنگی بێکاران: ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران، لەساڵی ١٩٩٢دا، لە هەولێر دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە (٢/٦/١٩٩٢)دا، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ )ەوە، دامەزراوە.
– شۆڕشی کرێکاری: بڵاوکراوەیەک بوو، (یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست)، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەریانکردوە.
– نینا: گۆڤارێکی ئەدەبی پڕۆلیتاری بوو، لەساڵی (١٩٩٢)، لە هەولێر دەرچووە.
– هاوپشتی کرێکاری: بڵاوکراوەیەکی ئەنتەرناسیۆنالیستی کرێکاری بوو، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەرچووە.
– دەنگی کرێکار: دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی چیمەنتۆی شاری سلێمانی بوو، بەداخەوە نازاندرێ کەی دەرچووە. بەندە (نووسەری ئەم بابەتە)، ژمارە حەوتی بینیوە، بەڵام مێژووی دەرچوونی لەسەر نیە.
– کرێکارانی کۆمۆنیست: بڵاوکراوەیەک بوو، نازاندرێ کەی دەرچووە. دەڵێن سێ ژمارەی لێدەرچووە.
– زەنگ: بڵاوکراوەیەک بوو، یەک دوو ژمارەی لێدەرچووە. مێژووی دەرچوونی دیار نیە.

* ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆ (حزبی تودەی ئێران، دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرو تێکۆشەرانی کورد، کە دواتر هاتونەتە ڕیزی (حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران)، سەرەتای خەباتی سیاسییان لە (حزبی تودە)ەوە، دەست پێکردوە. دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو و غەنی بلوریان، دوو سیاسەتمەداری دیاری کوردن و، سەرەتای کاری سیاسییان لە (حزبی تودە)وە، بووە. واتە، ئەوانە باکراوندێکی چەپ و کۆمۆنیستیان هەبووە. لە سەردەمی حوکمی (شا)دا، کۆمەڵێک گروپ و دەستەی هەڵگری ئایدیای چەپ لەساڵی (١٩٦٩)، (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە)، بە ڕەسمی ڕادەگەیەنن و درێژە بە خەباتی سیاسی، دەدەن.
پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩دا، بە ڕێبەرایەتی (خومەینی)، دەسەڵات دەگرێتە دەست، نکوڵی لە مافە نەتەوایەتیەکانی کورد دەکات، لەپاڵ (حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران)، کە هەڵگری بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بوو، کۆمەڵێک خەڵکی تری کورد، (حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٨٣دا، دادەمەزرێنن و لەسەر ڕێبازی مارکسیزم- لینینیزم، لەپێناو بنبڕکردنی چەوساندنەوەی چینایەتی و بەرقەرار کردنی کۆمەڵگایەکی ئازادو بنیاتنانی سۆسیالیزم، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

دوای ئەم (حزب و کۆمەڵە)یە، (مەنسوری حیکمەت)، لەساڵی ١٩٩٠دا، (ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری)، دادەمەزرێنێت، کە دواتر کاریگەری کردە سەر کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان. لەژێر ڕۆشنایی نووسینەکانی ئەودا، کۆمەڵێک دەستەو گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هاتنە دامەزراندن. لەلایەن ئەم کۆمەڵ و حزبە چەپانەدا، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو گۆڤار بڵاوکرانەوە، نموونەی:
– (مردم)، یان (نامەی مردم): بڵاوکراوەیەک بوو (حزبی تودەی ئێران)، لە ساڵی ١٩٧٩، لە (تاران)دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە. ئەم بڵاوکراوەیە، چاپی فارسیشی هەبوو.
– شۆڕش: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی ئینقلابی زەحمەتکێشانی کوردستان- کۆمەڵە)، لە ساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– خبرنامە: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی فارسی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشڕەو: ڕۆژنامەیەک بوو، هەمان سازمانی ناوبراو، لەساڵی ١٩٨٣دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشەنگ: گۆڤارێکی ئەدەبی کرێکاری بوو، لە پایزی ١٩٨٥دا، بە زمانی کوردی، لەلایەن (کۆمەڵە)وە، بڵاودەکرایەوە.

* ڕۆژئاوای کوردستان:

لە ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)دا، هەر لەگەڵ لێکترازانی (پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا)، لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، باڵێک لەم پارتە جیابۆوەو، خۆیان بە هەڵگری بیری چەپ و سۆسیالیزم، ناساند. دوای ئەوان، کۆمەڵێک گروپ و ڕێکخراوی چەپ، چ ئەوانەی لەناو وڵات، یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات، خەباتیان دەکرد، دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند، لە نموونەی:
– گرێدانا مارکسیستێن کورد: ئەم گروپە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری (عەفرین)، گۆڤارێکی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی،یان بە ناوی (پێشەنگ)، بە زمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦دا، بڵاودەکردەوە.
– هەمان ڕێکخراو، لەساڵی ١٩٧٧، لە ئەڵمانیادا، ڕۆژنامەیەکی سیاسییان بە ناوی (ڕێیا ڕاست)، بە زمانی کوردی، بڵاو دەکردەوە، کە تا ساڵی (١٩٨٠)، توانراوە دوازدە ژمارەی لێدەربکەن.
– ڕێک (آلطریق): گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری ساڵانە بوو، (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ)، بە زمانی کوردی و عەرەبی، لەساڵی ١٩٧٧دا، دەریاندەکرد.
– الاشتراکی: ڕۆژنامەیەک بوو، ئۆرگانی (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ) بوو. لە ساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی عەرەبی لە سوریا، بڵاودەکرایەوە. دواتر، شوێنی دەرچوونی بۆ ئەڵمانیا گواستراوەتەوەو، لەوێ بەردەوام بووە. ژمارە (١٤٥)ی لە ئەیلولی ١٩٩٩دا، دەرچووە.
– (طریق الیسار) و (فکر الجدید)یش، بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، دەرچووینە.

* باکوری کوردستان:

لەم بەشە ستراتیژییەی کوردستاندا، لە ژێر کاریگەری پارتە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی تورکیادا، یەکەمین ڕۆژنامەی هەڵگری ئایدیای چەپ و سۆسیالیستی کوردی، لەساڵی ١٩٦٦دا، بە ناوی (ڕیبازی نوێ- یەنی ئاکیش)، لەلایەن (محەمەد عەلی ئەسڵان)ەوە بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەوە، وردە وردە ئەو کوردە چەپانەی کە لە ڕیزەکانی (پارتی سۆسیالیستی تورکیا)دا، خەباتیان دەکرد، لەگەڵ هەندێک چەپی تورک، لەساڵی ١٩٦٩دا، لە ئەنقەرەو ئیستانبول، (یانەکانی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات- دۆغو دەڤرمچی کولتور ئۆجاغی)، کە کورتکراوەکەی (د.د.ک.ۆ)، بوویان دامەزراند. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی کورد بوون. هەر زوو لە شارەکانی باکوری کوردستاندا، لقیان کردەوەو لەناو خەڵکدا، دەستیان بە خەبات کرد. پاش (د.د.ک.ۆ)، هەندێک چالاکڤانی سیاسی تر، لەنێوان ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥)دا، دامەزراندنی (کۆمەڵەی کولتوری دیموکراتی شۆڕشگێڕ- دەڤرمچی دەمۆکراتیک کولتورو دەرنەگلەری)یان، دامەزراند. ئیدی لەمە بەدواوە، ساڵ لەدوای ساڵ، گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و چەپ، لەلایەن کوردەکانەوە، دادەمەزران، نموونەی:
– پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا: لە دێسێمبەری ١٩٧٤، لەلایەن ( کەمال بورکای)و چەند هەڤاڵێکی ترەوە، دامەزرا.
– رێکخراوی ڕزگاری کوردستان: لەساڵی ١٩٧٦دا، زیاتر دەرکەوتن و ناسران. ئەندامەکانی، پێشتر لەچەند گروپێکی جیا جیادا، جیاببوونەوە وەک: (پارتی کرێکارانی تورکیا)، (یانەی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات).
– ڕێکخراوی کاوە: لە ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٧)دا، دامەزراوە.
– کۆمەڵی تێکۆشین: لەساڵی ١٩٧٨دا، دروست بووە.
– پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دواتر ناوەکەی بۆ: (پارتی پێشەنگی کارگەری کوردستان) گۆڕدرا، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– پارتی کرێکارانی کوردستان- پ.ک.ک: بە ڕێبەرایەتی (عەبدوڵلا ئۆجەلان- ئاپۆ)، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– تەڤگەری سۆسیالیستی کوردستان: جولانەوەیەکی مارکسی- لینینی بوو، باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەبوو. ماوەیەک لەگەڵ (پ.ک.ک)، نێوانیان خۆش بوو. هەندێک هێزی چەکدارییان هەبوو کە لەژێر ناوی (لەشکری ڕزگاری کوردستان)، خەباتیان دەکرد. ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (دەنگی وڵات)، دەردەکرد.
هەموو ئەم ڕێکخراوانە، تا کودەتای سەربازی ١٢/٩/١٩٨٠، بە نهێنی و ناوە ناوەش بە نیمچە ئاشکرا، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان دەردەکرد:
– ڕێیا ئازادی (ئۆزگورلوک ێۆلو): پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٥دا، بە زمانی تورکی و کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– بروسک: ڕێکخراوی (مارکسیستێن- لینینیا کوردستان/باکور)، لەساڵی ١٩٧٧دا، بە زمانی کوردی و تورکی، بڵاویاندەکردەوە.
– پێشەنگ بۆ شۆڕش: پارتیا پێشەنگا کارگەریا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا، بڵاویان دەکردەوە.
– ئەم چی بکەین: (ڕێکخراوا مارکسیستێن شۆڕشگەرا کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی کوردی و تورکی لە ئەڵمانیا، بڵاویاندەکردەوە.
– ڕۆژا وەلات: پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا لە تورکیا بڵاویدەکردەوە. پاش قەدەغەکردنی، لەساڵی ١٩٧٩، لە ئەڵمانیا درێژەی بە بڵاوکردنەوەدا.
– کاڤا (کاوە): ڕیکخراوی کاوە، بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٨ لە تورکیا، بڵاویدەکردەوە. دواتر گواسترایەوە سویدو بەزمانی کوردی و تورکی، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵا ڕزگاری: ڕێکخراوی ڕزگاریا کوردستان، لەساڵی ١٩٧٩دا، بەزمانی تورکی بڵاویدەکردەوە. هەر زوو لەهەمان ساڵ بە بڕیارێکی عەسکەری، قەدەغە کرا.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان، بە زمانی تورکی لەساڵی ١٩٧٩، دەریدەکرد.
دوای ئەوەی کودەتاچییەکان، بە ڕێبەرایەتی جەنەراڵ (کەنعان ئێڤرین)، لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا، کودەتای سەربازییان ئەنجامداو، دەسەڵاتیان گرتە دەست، پێش هەموو شتێک کەوتنە گیانی حزب و ڕیکخراوە چەپەکان، بە تایبەتیش کوردەکان. لەنێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٣)دا، زیاتر لە حەڤدە هەزار کوردیان، زیندانی کرد. بەدەیان سیاسەتمەداریان لە سێدارەدا. لە ساڵی ١٩٨٢یشدا، دەستورێکی تازەیان نووسیەوە. لە ماددە سێی ئەم دەستورەدا هاتووە: (جگە لە زمانی تورکی، هەموو جۆرە زمانێکی تر بۆ قسە کردن و نووسین، قەدەغەیە. دەوڵەتی تورکیا خاک و میلەتەکەی یەک قەوارەیەو دابەش نابێت و زمانەکەشی تورکییە). هەروەها لە ماددەی (٤٢)یشدا هاتووە: (هیچ بڵاوکراوەیەک رێگەی پێنادرێ ئەگەر بە زمانێک بێت کە بە قانون قەدەغە کرابێت).

لەسایەی ئەم دەستورو حوکمە عەسکەرتارییەدا، ئەم دەنگە کزانەی کە جاروبار لەملاو لەولا، دەبیستران و ناوە ناوە، ڕۆژنامە، یان گۆڤارێکیان بڵاودەکردەوە، ئەمەش نەما. بەشی زۆری چالاکڤانە چەپەکان، ئەوانەی زیندانی نەکرابوون، توانیان تورکیا جێبهێلن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. ئەوانە، لە هەندەران، درێژەیان بە خەباتی سیاسی و کولتوری شۆڕشگێڕی خۆیاندا. چەند ڕێکخراوێکی تازەی وەک: (یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان) و (پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان- ک.ک.پ)یان، لە دەرەوەی وڵات، دامەزراند.
ئەم ڕێکخراوانەی پێش و دوای کودەتای ئەیلول، دروستبوون، چ لە ناوەوەی وڵات، چ لە هەندەران، بە گوێرەی دەرفەت و زەمینەسازی، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان، بڵاوکردۆتەوە:

– دەنگێ کوردستان: پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان (ک.ک.پ)، لەساڵی ١٩٨١دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویان کردۆتەوە.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٢، لە ئەڵمانیا، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– بەرخودان: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٣، لە سوید، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– راستیا کوردستان: یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان، لەساڵی ١٩٨٧دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویانکردۆتەوە.
– ئاڵا یەکێتی: رێکخراوی کاوە، لەساڵی ١٩٨٨دا، لە ئەڵمانیا بەزمانی کوردی، بڵاویکردۆتەوە.
– تێکۆشینا سۆسیالیست: کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (تێکۆشینا سۆسیالیست)، بەزمانی کوردی، لە وڵاتی سوید، بڵاویانکردۆتەوە.
– کوردستانلی مارکسیست: ئۆرگانی (بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان) بووە. لەساڵی ١٩٩٠، بەزمانی تورکی لە بەریتانیادا، بڵاوبۆتەوە.
– (کەندال نەزان)یش، وەک خوێندکارێکی چەپی سەربەخۆ، لەساڵی ١٩٧٦دا، گۆڤاری (ئازادی)، بەزمانی کوردی، لە فەڕەنسا (پاریس)دا، بڵاوکردۆتەوە.

ئەنجام

(١) هێنان و بڵاوکردنەوەی فیکری چەپ لە کوردستاندا، لەلایەن (حزبی شیوعی عێراق)ەوە،هاتۆتە کوردستان.
(٢) یەکەم ڕێکخراوی چەپ لەسەرانسەری کوردستاندا، ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)،بووە، کە لەساڵی ١٩٤٣دا، دروستبووە. ئەندامەکانی، پێشتر لە ڕیزی (حزبی هیوا)دا، خەباتیان کردوە.
(٣) لە نێوان ساڵانی (١٩٧٥-١٩٩٣)دا، (٦٧) ناوونیشانی: (گۆڤار، ڕۆژنامە، بڵاوکراوە)ی هەڵگری فکری چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان و دەرەوەیدا، دەرچووینە، کە زۆرترینیان لە باشوری کوردستاندا بووەو ژمارەیان گەیشتۆتە (٤٠) ناوونیشان و، هەمووشیان بە زمانی کوردی بووینە. ئەوانی تریش: (لە باکور: ١٦، لە ڕۆژئاوا: ٦، ڕۆژهەڵات: ٥).
(٤) لەڕوی ئەو زمانانەی کە بڵاوکراوەکانیان پێ بڵاوکراوەتەوە: ئەوانەی باشور، هەمووی کوردی بووینە. ئەوانەی تر: – باکور: شەش بە کوردی و تورکی، سێ بە کوردی، پێنج بە تورکی.
– ڕۆژئاوا: سێ بە عەرەبی، دوو بە کوردی، یەک کوردی و عەرەبی بووە.
– ڕۆژهەڵات: دوو بە زمانی فارسی، دوو بە کوردی، یەک بە فارسی و کوردی بووە.
(٥) قەبارەی زۆربەی ناوونیشانەکان، قەبارەی فۆلسکاپ، بووە.
(٦) هەندێک لە بڵاوکراوەکان بەدەست نووسراونەتەوەو تیراژیان سنوردار بووە.
(٧) سێ تا چوار هەوڵی تاکە کەسییە، ئەوانەی تر لەلایەن ڕێکخراوی سیاسییەوە، بڵاوکراونەتەوە.
(٨) رۆژنامە، یان گۆڤاری (یەکێتی تێکۆشین)، بەیەکەم ڕۆژنامەی چەپی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان، دادەنرێت.