Skip to Content

نەماندۆزییەوە …. هیوا سەعید

نەماندۆزییەوە …. هیوا سەعید

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 11, 2018 General, Poems

ئای دنیا..
لەم شەقامە چۆڵ و تەنگانەت
بوین بە چ شاعیرێکی دڵشکاو،
چ ئاوازێکی غەریبمان لێ دەرچو!
کەس نەیپرسی ئەم وێنە سەیرانە بۆچی دەکێشین،
کەس نەیزانی ئەم گۆرانییە غەمگینانە بۆ کێ دەڵێین..
لەناو هەر چیرۆکێک قارەمان قارەمان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

ئێستا کاتی ئاشکرابونی گەورەترین درۆیە
نە هیچ مرۆڤێکمان بە دڵ خۆشویست و
نە هیچ کەسیشمان بە هاوڕێ دانا!
لەناو دڵی هەر خۆشەویستێک و
سەری هەر هاوڕێیەک بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

لە هەر وڵاتێک شار شار
لە هەر شارێک گەڕەک گەڕەک
لە هەر گەڕەکێک ماڵ ماڵ بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

لە چایخانەکان لەسەر کورسییەکەی تەنیشتمان بەدوای گەڕاین،
لە چێشتخانەکان لەوبەری مێزەکەی بەردەممان بەدوای گەڕاین،
لە ئوتێلەکان لە قەڕەوێلەکەی تری ژورەکە بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

بوین بە چەپەڵترین بازرگانی قاچاغ
لە هەر دەریایەک بە کەشتی گوناهمان فرۆشت
لە هەر ئاسمانێک بە فڕۆکە خراپەمان کڕی
گیرفان گیرفان
قاسە قاسە
لەناو پارەی تلیاک و لەشفرۆشخانەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

بوین بە درۆزنترین ئاییندار
لە هەر ناوچەیەک چەندین ماڵمان بەناوی خوا کردەوە
مزگەوت مزگەوت
کڵێسا کڵێسا
لەناو باوەڕدارە ساویلکەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

وەک دڕندەترین پیاوی سیاسی
بە کوشتن تا ئەوپەڕی دەسەڵات چوین،
سنور سنورمان بە باروت و قەوان گڕدا،
خوێنی هەزاران کوژراومان کەوتە ئەستۆ
چ لەناو زیندوەکان
چ لەناو مردوەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

هێشتا بە کۆڵێک تاوانەوە
ڕۆژەکان بە گەشبینی ئەم ئومێدە بەڕێ دەکەین
شەوەکان لە دڵەڕاوکێی ئەم چاوەڕوانییە بەسەر دەبەین
هەندێک جار لە ئاودا دەیبینین و ناگیرێ
هەندێک جاریش لە ئاوێنەدا خۆی دەردەخا و نایەتەدەر
ئێمە بۆ دۆزینەوەی ئەم هاوشێوەیەی خۆمان چیمان نەکرد!
هەتا لێواری مردنیش بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

Previous
Next
Kurdish