Skip to Content

فەرھاد عەبدولحەمید- پاڵەوان- ، ئەو تێکۆشەرەی بۆ نەمریی ژیا!. … هەڵۆ بەرزنجەیی

فەرھاد عەبدولحەمید- پاڵەوان- ، ئەو تێکۆشەرەی بۆ نەمریی ژیا!. … هەڵۆ بەرزنجەیی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 11, 2018 General


١٩٤٦ـ ٢٠١٨ بۆ چلەی فەرهاد عەبدولحەمید ـ پاڵەوان
هەڵۆ بەرزنجەیی ٥/١٢/٢٠١٨

ئەگەر ژیان شانۆیەکی سادە و ڕووتیش بێت، پەردەی مردن تێیدا، ناخۆشترین و تاریکترین
بوون و مانایەتی .

ئاخر ئەوە مەرگە، وەک دێوزمەیەکی ببێبەزەیی دێ و لەناکاو ئاوقای خۆشی و جوانی و ڕووناکی ژیانی ئازیزێکمان دەبێت و لەناوی دەبات. ئەوە مەرگە، وەک چنگێکی ڕەش پەلامار دەدا و کارەساتێکی دڵتەزێن ساز دەدات. ئەوە مەرگە، هەموو ساتێک ھەڵگری پەیامی کوژانەوەی ژیان و ناوی مرۆڤەکانە.
گەر بێت و لەم یاسا و چارەنووسە حەتمییەی، نێوان ھاتنەبوون و ماڵئاوایی لێکردن دەرچین، وا مردن لە ژیانی مرۆڤ دا، بەسوێترین ژان و گەورەترین زیان و قورسترین زوڵم و ناهەمواترین قەدەرە. دیارە مردنی ناوەختیش چیرۆکێکی ترەو، بۆکروزی ئازارەکەی بەسوێ ترە.

من ھێشتا بە چاوی خەواڵووەوە لە ھاوکێشەی «ژیان و مەرگ» دەڕوانم. جارێ ھەر چاوەکانم ھەڵدەگڵۆفم و تا هەنووکە مانا و خۆشی چەمکی یەکەم و بێمانایی و دڵتەزێنی دووەمیانم بۆ ناچێتەوە سەریەک !. بەواتایەکی تر، جارێ هێشتا ماومە، وەک مرۆی ئاسایی، دروست خۆم بدۆزمەوە و دەستی ڕازیبوون بۆ قەدەر و چارەنووسە ئامادەکراوەکە، بەرز بکەمەوە. ئاخر لەئەندێشەی خۆم دا، سەرقاڵی ئەوەم پەنجەی ڤیتۆ لەو شوێنەدا بڵند بکەمەوە، کە مەرگ زیاتر لە قەبارەی خۆی، ئازار بە ژیان دەگەیەنێ و لە ناسکترین ساتەوەخت دا، بەچەپۆکی نەگریسی، زیڕەمان لێهەڵدەسێنێ و دڵی کەسێکی میهرەبان و شیرینمان لەکارکردن دەخات. بەگومانم و خانەگومانیم، لێ بۆتە دیدێکی داپۆشراو بە تارماییەکی ڕەشتاڵە و چەپەڵ، کە دەزانم جگە لە تاڵکردنی ژیان، مەرگ هەڵگری هیچ مانا و بەهایەکی تر نییە.
لەم سیناریۆ و فلیم و بەسەرھات و چارەنووسە بۆ نووسراوە، تێناگەم و حاڵیش نابم!.

چ دەبوو گەر مرۆ لەم گەردوونەدا ژیانێکی بێ بڕانەوە و جاویدانی پێ ببڕایە و بۆدابین بوایە؟. ئایا کێشە کەم شوێنی و نەمانی جێگا و رێگایە بۆ کەسانی دیکە؟ یاخود چەرخوفەلەکی ھاتن و چوون و دەستپێک و کۆتایی زاڵە بەسەر بزاوتە ترسناک و ئازاربەخشەکەدا. پرسیاری من لێرەدا ڕوو لەسەرچاوە و ھێز و ئافەریدەیە، ئایا ئێمە خوڵقاوین بۆ نمایشتکردنی فلیمی مەرگەسات و مردن؟!. یاخود دەبێت بێینە بوون و دواتر ھەردەبێت، نابەدڵانە و بەناچاری ماڵئاوایی لە بوون بکەین ؟. ژیانێکی لەم چەشنە وا مەرگەسات، هەر لە نمایشتی فلیمێکی درامایی دەچێ و ھەرجارێک بێ مۆڵەت و ڕەزامەندی دێت و پاشان خۆی لە سێرە دەگرێ و تاکێکمان لێ دەپێکی. مەرگ خۆی دەخاتە بۆسەوە و کەوکوژی نیشانە لە ئازیزێکی ترمان دەگرێ و ئەستێرەی ژیانی دادەچۆڕێنێ و ژمارەیەکمان لێ کەم دەکاتەوە. ئەمە چۆن سەرەتا و کۆتاییەکی تراژیدیاییە؟! بە دەستپێکێکی خۆشی پێوقەدەم بەخێر و بە گریانی خۆت و ئاوازی شادمانی دەووروبەرت دەست پێدەکات و دواتر دڵشادی ماڵئاوایی خۆت و ریتمی گریانی دەورووبەرت کۆتایی دێت؟!.

ئاخر ئەی مەرگ! زۆربەی کات میوانێکی ناوەختی رەزا گرانی، تارماییەکی شوومی. زرنگانەوەی ناوەکەت ناخۆشە، کردارەکەت نابەجێیە و ئازارەکەت بە سوێیە. تۆ گەر ڕاست دەکەیت وەرە و زاڵمێک ڕاماڵە، بکوژێک بسڕەوە، کاولکارێک سزا بدە.. نەک بێیت و ئەوانە لوول بدەیت، کە خەبات بۆ بەھای ژیانی پەپوولەش دەکەن و بە بیری چاک و و قسەی چاک و ڕەفتاری چاک ھەڵسوکەوت دەکەن. لێ سەرباری ئەو خەسڵەت و سیفەتە نەرێنییانەی لە هەگبەتدا هەڵت گرتووە، سەد ھێندەی تریش ڕەفتارەکەت ناڕەوا و ناقۆڵا بێت و خۆت بە خاوەن دەسەڵات و زەبروزەنگ بزانی، هێشتا ناتوانی ململانێکە بەریتەوە و ژیان ببەزێنی و جیهان تاریک و خەمبار بکەیت.

ئەوە دوێنێ بوو،چل رۆژ بەر لە ئێستا، فەرھاد پاڵەوان، کە هێشتا ژیان لە چاوەکانی دا دەبریسکایەوە و لە دڵیدا قوڵپی دەدا و هیوای بە کار و ئایندەی تێکۆشانی هەبوو، هێشتا لە تەمەنێک دا بوو، گوڕ و تین و وزە و زانینی زۆری پێمابوو پێشکەشمان بکات، مەرگ پێچایەوە و لەبەرچاومان جەستەی بزر کرد.
نا نا ئەی مەرگ! چاک بزانە!، باھۆزت چەند بەھێز بێت، ھەر ناتوانی ڕامانماڵی و چەند بێبەزەیی بیت، نەکاری قڕمان بکەیت و ھەرچەند ھەڵمەتت توند بێت، لەبەردەمتدا ناچەمێینەوە و خۆڕاگری دەکەین. هاوبیر فەرهاد، دوای خوێندنەوە و شۆڕبوونەوەیەکی زۆری بە واقیعی نەتەوەکەی دا، باش لەوە گەیشتبوو، کە کولتوور فاکت و کۆڵەکە و بنەما هەرە سەرەکییەکەی بوونی نەتەوەیە. قسە کردن لەسەر نەتەوە، بێ کولتووری ڕەسەنی زادەی ژیانی کۆمەڵایەتی خودی، وەک ئەوەیە خەیاڵی هەڵچنینی کۆشک لەسەر لم بکەیت. ئیدی ساتەوەختێ هاوبیر فەرهاد لەم ڕاستییە بێ چەندوچوونە حاڵی بوو، تێگەیشت کە کولتوور پێکهاتەیەکی هەرە سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیە، ژیانی خۆی بۆ ئەم بوارە بە بێنیازیی و دڵسۆزانە و پەرۆشەوە تەرخان کرد.

دوای قووڵبوونەوەیەکی زۆر بۆی دەرکەوت، هەر بەتەنها ڕووداوە مێژوویەکان و جوگرافیا و چیرۆکەکانی دوانزەسوارەی مەریوان و بەرپابوون و خامۆشبوونی زنجیرە شۆڕشەکانمان و کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و لەسێدارەدان و قڕکردن، بەس نین بۆ گێڕانەوەی مێژوویەکی ڕاست و دروست و تۆکمە و نیشاندانی ئازار و ژانەکانی نەتەوەیەک لە جیهان دا، بەڵکو بنەما و خەسڵەتی کولتور دەتوانێ پەیامی نەتەوەیەک لە ئاسانترین شێوەدا بەرجەستە و نمایش بکات. ئەم هەموو ڕاستی و فاکتانە پاڵیان نا بە کاک فەرهادەوە زۆرینەی ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوە و ناساندنی کولتووری نەتەوەکەی تەرخان بکات. لەمەشدا هەر زوو گەیشتە ئەو باوەڕەی،کە بیر و هزر و جیهانبینی زەردەشتی فەیلەسووف و بیریار و ئایینەکەی، ئەو تاقە زەمینە و کەرەسە و مەیدانەیە، تاکی کورد خۆی تێدا بدۆزێتەوە و خۆی پێ چەکدار بکات و ناسنامە و پێناسەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە. تا دەگاتە ئەوەی لێرەوە گەشەپێدانی زەردەشتێتی تێدا زیندوو بکاتەوە. ئاخر ئەو باش لەوە حاڵی ببوو کولتووریی داگیرکەران، تاسەر ئێسک و تا ناو بێشکەی منداڵەکانمان و تا ئەو دیو سنووری کێلی گۆڕەکانمان و تا قوڵترین پرسەکانی مێژوومان و تا بڵندایەتی ئاسمانی نیشتمانمان مێخی ترسناکی خۆی داکوتاوە.

ئامانجی بیرمەند فەرهاد پاڵەوان، لەم کارە داتاشینی پەیکەری مردوویەک نەبوو، لە وتە و پێداهەڵگوتنی سەرزارەکی، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ قوڵایی ڕاستییەکی مێژوویی دەوڵەمەند بە دووڕ و گەوهەر و یاقووت. ئەو کارە گەورە و شاکارانەی ئەویش لە ڕێی بەرهەمەکانییەوە لەدواجاردا ئەنجامی دا، بە ڕەنج و زەحمەتێکی زۆر و شەونخوونی و لێبڕانێکی بێ پسانەوە، بوونە تۆکمەترین خشتی بینای هەڵچنینەوەی کۆشک و تەلاری فەرهەنگی نەتەوایەتیمان و دەروازەیەک بۆ چوونە دنیا جوانەکەی زەردەشت و بیروباوەڕە گەش و مرۆڤدۆستەکانیەوە. مامۆستا فەرهاد بە کۆمەڵێ کتێب و وەرگێڕان و نووسینی جۆراوجۆر و چالاکی،توانی تۆوێکی باش لەسەر زەمینەی کوردەواری بچێنێ. بەوەشدا گەیشتە وێستگەی هەڵکردنی چرایەکی ڕووناککەرەوە لەسەرە ڕێی تاریکستانی نیشتمانی کوردەواری دا.
چەند وێستگەیەکی یەکتر ناسیمان :
ھاوینی ساڵی ١٩٨٤، بڕیارم دا ڕوو لەتاراوگە بکەم. ڕەوانشادی ھەمیشە زیندوو کاک عومەر شەمەیی،کە بۆ من برایەکی گەورە و مامۆستایەکی هێژا بوو، بۆ خواحافیزی ھاتە ماڵمان و وتی: نامەت لەبەر سەلامەتی بۆ نانووسم، لێ لە شاری سنە بچۆ بۆ لای فلان کەس ـ مەبەستی ف. پاڵەوان بوو ـ بڵێ بەناونیشانی ئەوەی پیش ماوەیەک (٥ ) کتێبم بۆناردی لەوانە، ناوی کتێبی « مێژوو» ی د. کەمال مەزھەر و “داغستانی من”ی عەزیز گەردی و “میر”یی حسین عارفی ھێنا. ئەو چی پێ بکرێ یارمەتیت دەدات.

وەختێ چوومە شاری سنەی ھیوابەخش و لای کاک فەرھاد، (٢ ) ھاوبیری تریشم لەگەڵ بوون. ئەوپەری ڕێزی لێ گرتین و ھێندەی وت، کەوا یەک تاکە کەس دەناسێ و ئامادەیە نامەیەکمان بداتێ بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکات. دوای میواندارییەکی شاھانە، نامەیەکی بۆ دکتۆر شەوکەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٨ پارتی لە کەرەج نووسی بۆمان. ھەرچەند کارمان بە نامەکە نەکرد، چونکە پێویستی نەکرد، لێ کاتێ نامەکەمان گەیاندە دەستی د. شەوکەت، ناوبراو وتی مادام لای کاک فەرھادەوە ھاتوون، بەسەر سەر و چاوان چیم پێ بکرێ درێخی ناکەم .

ساڵی ١٩٩١ دوای راپەڕین هاوینەکە گەڕامەوە بۆ کوردستان و بەشداریی کۆنگرەی پاسۆک، چوومە شاری سنە بۆ دیداریی کاک فەرھاد،ئەو کاتە جێگری پارێزگاری سنە بوو، بەداخەوە لەوێ نەبوو. جارێکی تریش لە تیڤی سەحەر میواندارییان لێ کردبوو، قسەی دەکرد، منیش فاکسێکم نارد بۆ تیڤی ناوبراو و دەستخۆشی بەرنامە و سڵاوم بۆ کاک فەرهاد نارد. بێژەری بەرنامە تلفونی بۆکردم، وتی دوای تەواو بوونی بەرنامە دەتوانی قسەی لەگەڵ بکەیت. دروست وابوو، کۆمەڵێ چاکوچۆنی و قسەی بەناوەڕۆک و هێمامان کرد و هەواڵمان لەمەڕ هاوبیرانەوە ئاڵوگۆڕ کرد. زۆری پێ خۆش بوو.

دوای ڕووخانی سەددام لە ٢٠٠٣ دا،دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ باشوور بۆ ساز بوو، سەرەتا لە شاری هەولێری پایتەخت و دواتر لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو. ئیدی هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان، بەدیداریی شاد بووم و لە نزیکەوە بە بیرو بۆچوونەکانی بەهرەمەند بووم. گەلێ جار لەماڵی خۆیان و هەندێ جارانیش لە دوکانە خنجیلانەکەی هاوبیر، پشکۆ پێک دەگەیشتین. جارێکیش ساڵی ٢٠٠٩ لەتەک هاوبیران بەختیار شەمەیی و ئاراس وەلی دا، چووین بۆ دەوروبەری دوکان و لەسەر داخوازی ئەو بۆ ئەشکەوتی قزقاپان،زۆر شاد بوو، بە قوڵی سەرنجی ئەو شووێنەوارە مێژووییەی زەردەشتییەکانی دەدا و ورد و بە سەلیقەوە بۆ ئێمەی شی دەکردەوە. کۆمەڵێ وێنەی جوانی لەسەر گرت. لەسەر پێشنیازی هاوبیر بەختیار شەمەیی و حەزێکی لەبن نەهاتووی خۆشم، بۆ ئەوەی دیدارێکی لەتەک دا ئەنجام بدەم و بەشێکی بچووک لەو زانین و زانیارییەی لە خەزێنەی ئەقڵ و سنگی دا هەڵیگرتوو و پاراستبووی بخەمە بەردەم خوێنەران، کۆمەڵێ پرسیارم ئاڕاستە کرد، بەداخەوە لەبەر کەم کاتی مانەوەی من لە کوردستان و دوورییەکەم و نەخۆشی و پێدا ڕانەگەیشتنی ئەو، کارەکەمان بەتەواوی سەری نەگرت. ئەمەش ئەفسووسێکی گەورەیە بۆ بەندە، لەدوای کۆچی دوایی لەناکاوی کاک فەرهاد بۆم بەجێماوە،ئاخر ئەو هێشتا پڕ بوو لە زانیاری و ئەزموون و لێهاتوویی و ئێمەش گەلێ تینووی کۆمەڵێ زانیاریی بووین،کە بەشێکی تەنها لای ئەو چنگ دەکەوتن. ئەو لە هەموو قۆناغەکان دا ئاگاداریی بڕیار و گۆڕانکارییە هەستیار و گرنگەکان بوو،ئەو ئەزموونێکی دووری درێژی لەسەرە ڕێی کاروانی خەباتی نەتەوایەتی دا هەبوو، ئەو کەشکۆڵێکی هەمەڕەنگ و خەزێنە و سندووقێکی پارێزراوی نهێن پارێزی دەستپاکی ڕاستەقینەی گەلێ شت بوو. ئەو جێی متمانەی سەرکردایەتی حیزب و هاوبیر و کادێرە ناوەنجیی و سەرەتاکان بوو. ئەو هاوبیری ڕێزلێگیراوی هەموو لایەک بوو، ئەو شکۆ و قەڵای متمانەی بەرز و قایم بوو، ئەو پاڵەوان بوو!.

سەروەختێ کۆمیتەی چالاکردنەوەی پاسۆک، دەستی بە چالاکی کردەوە، کاک فەرهاد زۆر لێبڕاوانە کەوتە خۆیی و هانی کاروچالاکی هاوبیرانی دەدا. لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ دا و دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دا، کاک فەرهاد هاوکار و بزوێنەرێکی بەرچاوی کارەکان بوو. لە کۆبوونەوەکان دا ئامادە دەبوو، پێشنیاز و سەرنجی سوودبەخشی دەخستە بەردەم هاوبیران،کەموزۆر ڕٶڵی ڕابەر و برایەکی گەورەی دەگێڕا.

دواتر کە پێداویستی دامەزراندنی کۆمەڵە یان ڕێکخراوێکی سەربەخۆ، بۆ هاوبیرە نەتەوەییەکان هاتە کایەوە، دوای خوێندنەوە و گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەیەک لە ماڵی خۆیان دا درا. کاک فەرهاد لەگەڵمان دا بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ” کۆمەڵەی هاوبیرانی کوردایەتی”. کاک فەرهاد هەمیشە ئامادەی کارکردن بوو، باوەڕ و ئیمانی نەلەقیو بوو، بەردەوام لە بیرکردنەوەی و هەوڵی کۆکردنەوەی هاوبیران دا بوو، یەکبینە ئامۆژگاری دڵسۆزانەی دەکردین، لە پەساوە بە بیروبۆچوونە وردەکانی ڕێی تێکۆشانی بۆ هەموار دەکردین. هەمیشە ورە بەرز و هیوا گەشت و باوەڕ و هزر گەش بوو. مامۆستا فەرهاد زۆر بەسەلیقە بوو، خوێنەوارێکی زیت و وریا بوو، ئەزموونی سیاسی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتر کاژیک و ئەوجا شۆڕشی ئەیلوول دا هەبوو. لەهێزی خەبات،یەکێ بوو لە باوەڕ پێکراوە هەرە نزیک و خۆشەویستەکانی گیانبەختکردوو،کاک فەتاح ئاغای بەرپرسی هێز. لە پاسۆکیش هەژماری ئەندامێکی دامەزرێنەری بۆ دەکرا. ساڵانێکی زۆر ژیان و ماڵی لە شاری سنە تێکۆشان و بارەگای پاسۆک بوو.

دواتریش لەتەک زەردەشتیانی دیکەی کوردستان دا، ڕێکخراوێکی زەردەشتی ـ یەسنا ـ یان دامەزراند و بووە سەرۆکی شانازیی ئەو رێکخراوە.
ئەمە چەند لاپەڕەکی خێڕای ژیانی ئەو مامۆستا و هاوبیرە تێکۆشەرەمانە،ڕۆیشت و لەدوای خۆی خەرمانێ خزمەتی بۆ بەجێهێشتین. کاک فەرهاد زۆر دڵسۆزانە هەوڵی لە چوارچێوەخستنی چەمکی “کوردبوون” دەدا،لەسەر بنەمایەکی پتەوی تۆکمە، لە هەموو ڕەهەندەکانەوە. کاک فەرهاد بۆ خۆی کێوێک بوو لە باوەڕ و ورە و وزەی کارکردن و چالاکی. ڕۆشنبیرێکی پلەبەرزی ئاسۆی بیرفراوان بوو، نووسەر و وەرگێڕێکی بە سەلیقەی بەدیقەتی بوو. ورد بیری دەکردەوە و نەخشەی بۆ کارەکانی دادەڕشت و دەست بەکار دەبوو. شارەزایەکی باشی مێژووی سیاسی و فەرهەنگی کورد بوو، سەراسۆیی لەگەڵ ئەدەبی کوردی و جیهانی هەبوو،یەکێ لە بەرهەمەکانی سەمەدی بەهرەنگی (ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە) ی وەرگێڕا بۆ سەر زمانی کوردی و چەند بەرهەمێکیشی لەسەر زەردەشت کردە کوردیی و بە شاکارە گەورە و نایابەکەشی “زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی” گەورەترین خزمەتی پێشکەش بە نەتەوەکەی کرد.
٧٢ ساڵ تەمەنێکی کورت، لێ تژی لە بیرکردنەوەی باش و قسەی دروست و کرداریی چاک و بەرز و بەرهەم و تێکۆشانی گرنگ، وای کرد لە دواجاردا کاک فەرهاد بە شایستە و بە شانازییەوە بچێتە مێژووی نەمرییەوە.

لە ژوانی ئەم مەرگە ناوادەیەدا، جارێکی تریش بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە، هاوبیران هەموو بەڵێن نوێ دەکەنەوە، نەیەڵن ئەو ئاڵایەی ئەو بڵندی کردەوە، نەوی بکرێت. ئەو ڕێبازەی ئەو خۆی بۆ تەرخان کرد کوێر بێتەوە و ئەو بیروباوەڕی ئەو ژیانی پێ بەخشی،گەردی لێ بنیشێ.
بنوو، هاوبیر و برا و مامۆستا هێژاکەم، با لەدەست ئازاری نەخۆشی و تاڵاوی مەرگ سەرفراز بیت. ئەی هاوبیرە نەمرەکە، ئێمە لەبیرت ناکەین.

Previous
Next
Kurdish