Skip to Content

بزووتنەوەى “هێلەگ زەردەكان” و چەند وانەیەك …. پێشڕەو محەمەد

بزووتنەوەى “هێلەگ زەردەكان” و چەند وانەیەك …. پێشڕەو محەمەد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 11, 2018 General, Opinion, Slider

دەروازە

تارمایی كارەساتی كەش و هەوا باڵی بەسەر سەرجەمی مرۆڤایەتیدا كێشاوە. دوایین پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دامركاندنەوەى بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، كۆتاییهێنان بوو بە ڕێككەوتننامەى كەش و هەوا و ژینگە لە پاریس. حكومەتە سەرمایەدارییەكانیش هەمیشە لەڕێگای بەڵێنی ڕیفۆرمەوە، ویستوویانە هەم درێژە بە بەرهەمهێنانی زیاتری دوان ئۆكسیدی كاربۆن بدەن و هەمیش بۆ ماوەیەك سەرنجی جەماوەر و میدیاكان لەسەر پرسەكە دووربخەنەوە. تا كار گەیشتۆتە ئەوەى زۆرێك لە حكومەتە سەرمایەدارییەكان تەنانەت مەسەلەى گۆڕانی كەش و هەوا بە تیۆری پیلانگێڕیی ماركسیستیی دەزانن، كە دەیەوێت ڕێگریی لە گەشەى ئازادانەى ئابووریی بازاڕی سەرمایەداریی بكات و لەم ڕێگایەوە پڕوپاگەندە بۆ ئابووری ڕوولەهەڵكشاوی چین بكات.

دوایین هەوڵی ڕیفۆرمیستانە (بەڵام لەجەوهەردا ساختەكارانە)ی ئەمانوێڵ ماكرۆن بوو بە دانانی باج لەسەر سووتەمەنیی؛ دیارە پاساوەكەى ماكرۆن، هیچ نەبێت كەمكردنەوەى كاریگەرییەكانی دوان ئۆكسیدی كاربۆنە لەسەر بەرگەهەوای ئۆزۆن، وەك سەرەتایەك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پیسبوونی ژینگە. بەڵام ڕوون و ئاشكرایە باجەكەى هاووڵاتی دەیدات و لەلاكەى دیكەشەوە، دەبێتە گەورەترین خزمەتكردن بەهەڵكشانی قازانجی زیاتری كۆمپانیا فرەنەتەوەكان. ئەم بڕیارە بەخراپی بەسەر ماكرۆندا شكایەوە و لەهەنگاوی یەكەمدا، خەڵكانێكی كرێكاری هێنایە سەر شەقام، كە زەرەرمەندی ئەم بڕیارە بوون، واتا بەكاربەرانی سووتەمەنیی، بەڵام داواكارییەكان هەڵكشان، لەپاریسدا نەمایەوە، لە خواستی ڕیفۆرمی ئابوورییەوە بەرزبووەوە بۆ خواستی سیاسیی كۆتاییهێنان بە حكومەتەكەى ماكرۆن. بزووتنەوەكە سەرتاپای شارەكانی پاریسی گرتەوە، تەنانەت بەوڵاتانی دیكەشدا بڵاوبووەوە، وەك بەلجیكا و هۆڵەندا و ئومێد دەكرێت، وڵاتانی پێشكەوتووتری دیكەى سەرمایەداریش بگرێتەوە.

بۆ لەفەڕەنسا؟

هیچ جێگای سەرسامیی نییە و تەنانەت هیچ سەیریش نییە كە ناڕەزایەتیی بزووتنەوەى جەماوەریی فەڕەنسا بگرێتەوە. مێژوو پیشانی داوە ئەو شۆڕشانەى توانیویانە وەستانی مێژوویی و وەرچەرخان دروستبكەن، لە فەڕەنساوە سەریانهەڵداوە: شۆڕشی 1789، كە كۆتایی بە ڕژێمی كۆنی ئەریستۆكراسیی و فیودالیزم هێنا و ئینسانی لە گوێڕایەڵەوە كردە هاووڵاتیی. شۆڕشەكانی 1848، شۆڕش لە پێناوی خواستە دیموكراسییەكان و شۆڕشە دیموكراسییەكانی كردە هەوێنی سەرهەڵدانەكانی دیكە، كۆمۆنەى پاریس 1871، كە بۆ یەكەمجار، كرێكارانی دیموكراسیخواز و دادپەروەریخواز، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و ئەنجوومەنە خۆبەڕێوەبەرە كرێكارییەكانیان دامەزراند، شۆڕشی 1936 و پاشان 1968، كە چوار بكەری شۆڕشگێڕ بوونە هەوێنی گۆڕانكاریی سەرتاپای پاشماوە كۆنەپارێزییەكانی دونیا: یەك، كرێكاران، دوو، خوێندكاران، سێ، ژنان و چوار، خەڵكانی دژەكۆڵۆنیالیست. شایانی باسە یەكەم مێژووی باریكادەكانی سەر شەقامەكانیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا.

تەنها ماوەیەكی كەم (كە بیست بۆ سی ساڵ) فەڕەنسا لە جۆرێك چالاكیی ناچالاكدا دەژیا، ئەویش ئەو كاتە بوو كە لەڕووی ئابوورییەوە، سەردەمی بووژانەوەى درێژمەودا و دەوڵەتی خۆشگوزەران دەستیپێكردبوو، لەلایەكی دیكەوە بیری ڕادیكاڵ پاشەكشەى كردبوو و فەلسەفەى ئایدیالیستی ئەڵمانیی باڵی بەسەر ئەكادیمیاكاندا كێشا بوو و سەردەمێك بەناوی گومانكردن لەهەموو شتێك، لەژێر ناوی پۆستمۆدێرنیزمدا سەریهەڵدا، كە گومانیان لە شۆڕش، خەبات، بەرەنگاریی، حزب، ڕێكخستن، بزووتنەوەى كرێكاریی، بە بزووتنەوەى خۆڕسكیشەوە كردبوو. ئەم سەردەمە لەسەردەمی جەنگی ساردیشدا زۆرترین پشتیوانیی لێكرا، هۆڵیوود و ئەكادیمیاكان لەخزمەتیان بوون، بە سەرۆكی وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوای پیشەسازیی و بازاڕی سەرمایەدارییەوە. لەگەڵ كەوتنی سۆڤێت، ئەم ڕەوتەش بەرەو خانەنشین بوون ڕۆیشت. فەلسەفەى ئایدیالیستی ئەڵمانییش (وەك فەلسەفەیەكی كۆنەپارێز) پاشەكشەی كرد و دەكرێت بڵێین ڕادیكاڵیزم بۆ شەقامی فەڕەنسیی گەڕایەوە.

بەڵام بزووتنەوەى “هێلەگ زەردەكان” لە لوتكەى سەردەمی ئەفسانەى پارێزەری ئەوروپا: ئەمانوێڵ ماكرۆندا سەریهەڵدا، تەنها چەند ڕۆژێك دوای گوتارەكەى: دامەزراندنی سوپای یەكگرتووی ئەوروپا دژی ڕووسیا، ئەمریكا و چین. ئەمە وایكرد بۆرژوازیی و میدیای گشتیی ئەوروپا ئەفسانەى پارێزەری یەكێتیی ئەوروپا و دانیشتووانی ئەوروپا بۆ ماكرۆن دروستبكەن. ئەم ئەفسانەیە، بەپێچەوانەى ئەفسانە پاڵەوانپەرستییەكانی دیكەى ناسیۆنالیستە ئەوروپییەكان، زۆر درێژەى نەكێشا و تەنها یەك حەفتە عومری هەبوو. وشەى “نیۆلیبراڵیزم” بووەتە وشەیەكی قێزەون و پیس لەسەر زاری خەڵك بەكاردەهێنرێت، تەنانەت هونەرمەندە پۆپ ستارەكانیش، وایانلێهاتووە بەسوكایەتییەوە ناوی نیۆلیبڕاڵیزم بهێنن. تەنانەت پۆپ ستارێكی وەك “پامێلا ئەندرسن” بەڕاشكاوی دەڵێت: “من توندوتیژیی ڕەتدەكەمەوە، بەڵام كاتێك دەبینم هێلەگ زەردەكان پەلاماری بانكەكان، شوێنە لوكسەرییەكان و سەیارە گرانبەهاكان دەدەن، ئەوە دەبینم كە چۆن دژی توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەتیی و نوخبەى دەوڵەمەند و سەرمایەدار دەجوڵێنەوە، ئەو نوخبەیەى خەڵكی بەرەو برسیبوون بردووە”. خەسڵەتی ئەم بزووتنەوەیە، كەمێك ئاڵۆزە، بەڵام زۆر ڕادیكاڵە. كورتناكرێتەوە، بۆ حزب، ترەید یونیەن و یەكێتیی كرێكاریی زەردی فەرمانپێكراو.

هێلەگ زەردەكان كێن؟

گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت، ئەوانە كێن وا لەسەرشەقامن. ئایا ئەوانە خەڵكن، كرێكارانن، جەماوەرن، یاخود توێژە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەن. لەلایەكی دیكەوە، گفتوگۆی ئەوەش دەكرێت كە بەشێكی زۆری خەڵكی ڕاستڕەو لەناو بزووتنەوەكەدان. ئەمەش وایكردووە كرێكارانی سۆسیالیستی زۆرێك لە وڵاتان، خۆیان لە پشتیوانیكردن بەدوور بگرن. بەڵام بە نیگایەكی خێرا دەردەكەوێت كە ئەمانە كرێكارانی بەشمەینەتی كۆمەڵگان. بەڵام لەلایەكی دیكەوە هێشتا زووە خەسڵەتی سەرجەمی بزووتنەوەكە دیاری بكرێت.
ڕاستە كرێكاران زۆرینەن، بەڵام هەموو كرێكارانیش سۆسیالیست یان شۆڕشگێڕ نین، تا باسی شۆڕشی سۆسیالیستیی بكەین، چونكە لەلایەكی دیكەوە ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی شۆڕشی سۆسیالیستیی، بە قەیرانی شۆڕشگێڕی و سەردەمی شۆڕشگێڕیدا تێپەڕدەبێت، كە ئێستا بە نیگایەكی خێرا لە هەلومەرجی ئێستای ئەوروپا، تێدەگەین، كە ئێمە لە قۆناغ و قەیرانی شۆڕشگێڕیدا ناژین. لەبەر ئەوە زۆرێك لە چاودێرە سۆسیالیست و چەپەكانیش، خۆیان بەدوور دەگرن لە بەكارهێنانی وشەى شۆڕشی سۆسیالیستیی. ئەوەى گرنگە ئەوەیە، چۆن بتوانین خەسڵەتی بزووتنەوەكە دیاری بكەین. بەبێ تێگەیشتن لە خەسڵەتی بزووتنەوەكە و تێگەیشتن لە هەلومەرجەكە، ناتوانین لە تاكتیك و ستراتیژەكانی خەباتیش تێبگەین.

ئەو خەڵكانەى لەژێر ناو و بەجلوبەرگی “هێلەگ زەردەكان” (gilets jaunes) خۆیان ڕێكخستووە، خەڵكانێكن كە دەكرێت بە دەرەجە دوو، یان خەڵكی خوارەوەى كۆمەڵگای فەڕەنسیی لەقەڵەمیان بدەین: خەڵكانی شارۆچكەكان، سەنتەرە هەژارنشینەكانی شارەكان، وەرەشە و فرۆشیارە بچووكەكان، كرێكارانی كەرتە پیشەسازییە كەمدەرامەتەكان و هتد. بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان بەیەكەوە (وەك باسمكرد) دژی هەڵكشانی باجی سەر سووتەمەنیی هاتنە سەر شەقام. ئەوان هۆكاری گونجاویان هەبوو، دیزڵ لە23% باجی خرابووە سەر، بەنزینیش 14% و حكومەت ڕایگەیاندبوو كە نرخەكانیان زیاتریش بەرز دەبێتەوە. ئەم ڕاگەیاندنە بووە هۆى ناڕەزایەتیی چینی كرێكار و بەشێكی چینی ناوەڕاستیش لەهەمانكاتدا، بەتایبەت ئەوانەى زەرمەندی تێچوونەكانی گواستنەوەى گشتیی دەبوون. بۆ ئەوانەى ڕۆژانە چەندان كیلۆمەتر بە سەیارەكانیان دەچنە سەر كارەكانیان، ئەم بەرزكردنەوەى نرخ و باجە، دەبووە هۆى كەمبوونەوەیەكی ئێجگار گەورە لە داهاتی گشتیان.

لەسەرەتادا خواستەكانی “هێلەگ زەردەكان” خواستێكی ڕوون و ڕاشكاو بوو: پاشەكشێكردن بەم یاسایە. بەڵام لە حەفتەى ڕابردووەوە، خواستەكان گۆڕاون، ئەو دەنگەى دەبیسترێت، هەستێكی ڕوون و ئاشكرای توندە، مانایەكی تەواوی لەپشتەوەیە كە ڕایدەگەیەنێت، ئێمە بووینەتە ئەڵقەلەگوێ و قوربانیی چینێكی سیاسیی كە بەگشتیی، كاتی هاتووە، سەرجەمیان ڕەتبكەینەوە.

ئێستا زۆرینەیان بەیەك دەنگ هاوار دەكەن: ماكرۆن دەبێت بڕوات. لەگەڵ ڕاپرسیی ڕۆژی جومعەى ڕابردوودا، ئەمانوێڵ ماكرۆن، ڕێژەى دەنگەكانی دابەزیوە بۆ 20.1% و هاتووەتە خوارەوە بۆ پلەى چوارەم، لەكاتێكدا ژان لوك میلانشۆ، سەرۆكی پارتی چەپ، كە لە سەردەمی هەڵبژاردنەكاندا هاتبووە پلەى سێیەم، ئێستا بووە بە یەكەم و بەڕێژەى 28% دەنگەكانی بەرز بووەتەوە. ئەمە نیشانەى ئەوەیە كە بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، لە خواستێكی ئابوورییەوە هەڵكشاون بۆ خواستێكی سیاسیی ڕوون و ڕاشكاو، كۆتاییهێنان بە ڕێساكانی ئابووریی نیۆلیبراڵی، دەبێـت هاوكات كۆتایی بە سیاسەت و دامەزراوە سیاسییەكانی نیۆلیبراڵیزمیش بهێنێت. ئێستا هەمووان بەیەك دەنگ هاوار دەكەن: “ماكرۆن؛ سەرۆكی دەوڵەمەندانە”.

دەربارەى توندوتیژیی

لەوانەیە دەرفەتی ئەوە نەبێت، لەسەر تیۆر و چەمكی توندوتیژیی هەڵوەستە بكەین. بەڵام وەك واڵتەر بنیامین لە وتارێكیدا (1921) بەناوی “ڕەخنەى توندوتیژیی” زۆر بە ڕاشكاوی ئاماژەى پێدەكات، توندوتیژیی، كاتێك چین و گروپە چەوساوەكانی خوارەوەى كۆمەڵگا بەكاریدەهێنن، بۆ كۆتاییهێنانە بەتوندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت، ئەو توندوتیژییەى بە ئاگر و ئاسن بەسەر خەڵكی خوارەوەى كۆمەڵگادا دەسەپێنرێت. بەمانایەكی دیكە: دیالەكتیكی لەناوبردنی توندوتیژیی دەوڵەت. كەواتە ئەو بزووتنەوەى بتوانێت بەپێچەوانەى ڕەوتی مێژوو مەلە بكات، دژی توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت، توندوتیژیی مۆنۆپۆلكراو و سەركوتكەر، مافی بەكارهێنانی توندوتیژیی هەیە، دیارترین نموونەى توندوتیژیش لە مێژوودا، كە خەڵك دژی دیكتاتۆرییەتی ئەریستۆكراسیی و لۆردەكان و فیودالەكان و پاشا ستەمكارەكان بەكاریهێنابێت، توندوتیژیی بووە لە شۆڕشی فەڕەنسیی، مارا، دانتۆن و ڕۆبسپێر، ڕەوایەتیی بەكارهێنانی توندوتیژییان لە جەماوەرەوە وەرگرتبوو، بۆ ڕێگریكردن لە گەڕانەوەى دیكتاتۆریەت. بۆیە بێهۆ نییە، بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، ئامرازی ملپەڕاندنی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیی، كە بە “گیۆتین” ناسراوە، دەهێننەوە هەمان مەیدان و پیشانی ماكرۆنی دەدەن، چۆن شۆڕشگێڕان و جەماوەر ئەوكات، پیشانی لویسی شانزە و ماری ئەنتوانێتیان دا.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە، ئەوەى ئێستا هەیە ئایا توندوتیژییە؟ نەخێر، بەڵام لەچاوی چینی باڵادەستەوە، هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی، توندوتیژییە، لەكاتێكدا كوشتن لەلایەن پۆلیس، سوپا و هێزە ئەمنییەكانەوە وەك شتێكی موقەدەس سەیر دەكرێت. یاخود توندوتیژیی سەرمایە، كە ملیۆنان ئینسانی فڕێداوەتە پەراوێزەكان، كەلاوەنشینەكان و هەژاری خستوون و ملیۆنان ئینسانی بێ ماڵی خستۆتە سەر شەقامەكان و نووستن لەسەر كارتۆنەكان بە شەوانی زستان، بووەتە ئاساییترین دیاردەى وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداریی، وەك توندوتیژیی نابینرێت، بەڵكو وەك كردەوەیەكی ئاسایی، بەڵام ناڕەزایەتیی توندوتیژییە. بەڵێ دەكرێت بڵێین توندوتیژییە، چونكە هەڕەشەیە لەسەر دیكتاتۆریەتی دەوڵەت و حاكمییەتی سەرمایە.

سەرەڕای ئەمە، چەندین ڕۆژە من چاودێریی دەكەم، بەردەوام ویستوومە وتارێك بنووسم، چەند جاریش داوام لێكراوە، لەكاتێكدا چۆن دەتوانم بەو ڕوونییە دەربارەى ئەمریكای لاتین، ئەمریكا، بڕیتانیا و ئەڵمانیا یاخود توركیا بنووسم، بەڵام ناتوانم تەعبیر لەم بزووتنەوە تازەیە بكەم. هۆكارەكەى ڕوونە: ئەم بزووتنەوەیە بە ئاسانی پێناسە ناكرێت. سەرەڕای ئەوە، زۆرجار تەنها دەستمكردووە بە بۆچوونی خەڵكانی دیكە، چ نووسەران، سیاسیی، ئەكادیمیی و تەنانەت پۆستە كورتەكانی فەیسبووكیش. هەركەسێك لەڕوانگەى خۆیەوە دەیەوێت پێناسەى بكات. بەرەى لیبراڵ ناو لە بزووتنەوەكە دەنێن: توندوتیژ، ئاژاوەگێڕ، چەتە و یاخیگەر و هتد. ئەمانە بە ڕۆشنبیرانی بەرەى لیبراڵ لەكوردستانیشەوە لەپشتی ئەم بۆچوونانەوە وەستاون. لەلایەكی دیكەوە، زۆر كەس بەهەڵە ناوی دەنێن شۆڕشی سۆسیالیستیی، ئەمەش هەڵەیە.

ئەوەى لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا دەبینرێت: بەڕوونی لەڕووخساریانەوە خەڵكانێكی شەكەت، لاشەى ماندوو، دڵی شكاو، بێدەرەتان و بێ هیواكانە. لەسەردەمی بێهواییدا، هیوا لەدایكبووەوە. جۆش و خرۆشی خەڵك، وایكردووە وزەیەكی گەورە بە جەستەى هەر یەكێكماندا بگەڕێت. وەك باسمكرد، توندوتیژیی تا ئەو شوێنە ڕەوایەتیی هەیە كە كۆتایی بەسەرجەمی توندوتیژیی بهێنێت. گومانی تێدا نییە هەر یەكێكمان خەون بە جیهانێكی ئاشتیی و خۆشەوە دەبینین. هەموومان فیلم كارتۆنی “كۆنان كوڕەكەى داهاتوو” (كە بەكوردیی بووەتە عەدنان و لینا)مان بینیوە. جیهان بەسەر دووبەرەدا دابەشبووە و دوای جەنگی ماڵوێرانكەری جیهانیش، كەچی هێشتا بەرەیەك هەر خەریكی سەپاندنی توندوتیژیی سەرمایەیە بەسەر جیهان و تێكدانی ژینگەدا، ئەم فیلمە كە لە دەیەی 1980 بەرهەم هاتووە، لەوێدا دەبینین، دوورگەى هیوا وێنەى جیهانێكی ناتوندوتیژە. بەڵام دواجار لەوێش توندوتیژیی كۆتایی نەهاتووە، چونكە هێشتا حاكمیەتی سەرمایە ئامادەیە. منیش كاتێك سەیری جەستەى شەكەت و ماندوو، جیهانێكی نایەكسان دەكەم، هەموو ئەو خەڵكە ماندوو و زیاندیدەیە دەبینم، ناتوانم بڵێم بۆ كۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە، پیادەكردنی توندوتژیی ڕەوا نییە. بەڵام وەك باسمكرد توندوتیژیی جەماوەر زۆر جیاوازە لە توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت. ئەوان بە تانك و تۆپ و تەیارە و كڵاوەى ئەتۆمییەوە هێرشدەكەن، كەچی چەكی دەستی ئێمە ناڕەزایەتیی و كۆتاییهێنانە بە حاكمیەتی سەرمایە.

ئەگەر بەوردیی سەیر بكەن، توندوتیژیی بۆرژوازیی لەگەڵ توندوتیژیی جەماوەری ناڕازیی جیاوازییەكەیان ئەرز و ئاسمانە. بە سەیركردنی سەرجەمی وێنە و ڤیدیۆكان دەردەكەوێت، جەماوەر جگە لە یەكگرتوویی و بەیەكگرتوویی هاتنە سەرشەقام و بەرزكردنەوەى داواكرییەكانیان، هیچ ئامرازێكی سەركوتكەریان پێ نییە. بەڵام بەپێچەوانەوە، توندوتیژیی بۆرژوازییەكان بەڕوونی دەبینرێت، چەك، گازی فرمێسك ڕێژ، باتۆم، دەمانچە، پیشاندانی تانك و تۆپ، هەڵدانی تەیارە و هەلیكۆپتەر بەئاسماندا، بڵاوەپێكردنی سەدان هەزار پۆلیسی پڕچەك، بە یونیفۆرمەوە.

بەڵام توندوتیژییەكانی جەماوەر، كۆتاییهێنانە بە حاكمییەتی سەرمایە، بە خستنی ڕێسا و نەزمی نیۆلیبراڵیزم، توندوتیژیی جەماوەر، داواكردنی یەكسانیی و عەدالەتە. دامەزراندنی دیموكراسیی ڕاستەقینەیە.
دواجار ئێمە دەبێت بیبەینەوە. چیتر ناتوانین لە شكستی چەپ خۆش ببین، ئیتر چەپ مافی سازشكردنی نەماوە، مافی ئەوەى نییە قەیرانانە بدۆڕێنێت و بیگۆڕێتەوە بە كورسیی پەرلەمانیی. بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان گەلێك وانەى بەكەڵكی بۆ چەپ تێدایە: ئەو گۆڕانكارییەى لە دوو حەفتەى ڕابردووەوە دروستبووە، بارتەقای پەنجا ساڵ هەڵبژاردنی ئاشتیخوازانەى پەرلەمانی بۆرژوازیی بووە كە چەپیش بەشداریی لەو پەرلەمانانەدا كردووە. چەپ چیتر ناتوانێت بەرگەى شكست بگرێت، دەبێت ئەمجارە بیباتەوە.
لێرەدا بەم سەرنجانە كۆتایی پێدەهێنم، هیوادارم ڕووداوەكان بەئاراستەیەكدا بڕۆن، دەرفەتی خوێندنەوەى ڕوونترمان پێبدەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەم چ بە سەرنجی كورت، یان بە وەرگێڕانی ئەو وتارانەى بە وردبینییەكی تەواوەوە تێبینیی ڕووداوەكان دەكەن، بكەم بەكوردیی.

Previous
Next
Kurdish