Skip to Content

خاڵ لە هێڵی یاداشتدا له‌گه‌ڵ د. مارف خه‌زنه‌داردا … سەباح ڕەنجدەر

خاڵ لە هێڵی یاداشتدا له‌گه‌ڵ د. مارف خه‌زنه‌داردا … سەباح ڕەنجدەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 14, 2018 General, Literature

تێبینی:
• وەك مەبەست بە زمانێكی ساكار ئەم یاداشتانه‌م تۆماركردووە.
• لە هیچ نووسینێكدا بەڕێز و كاك و مامۆستا و هێژا ….. تاد، بەكارناهێنم، تەنیا ناوی خۆیان لە هەموو ئاوەڵناوێك گەورەتر و شایاندارتر دەزانم.

————————————————-

خۆم له‌ پێشه‌كی پاراستووه‌، چونكه‌ ثيمه:‌ (ڕامانی سه‌ره‌كی) نووسین ده‌كوژێ و ڕه‌زامه‌ندی خوێنه‌ری نموونه‌یی وه‌رناگرێت، ناشبێته‌ ڕووداو له‌ نووسیندا.
حوزەیرانی 1988 نامیلكەی (زێوان)م چاپ كرد، دانەیەكم پێشكێش بە: (ئیسماعیل بەرزنجی) كرد، گوتی: دوو دانەی تریشم بدەرێ، یەك بۆ كتێبخانەی: (محەمەد مەولوود مەم) و ئەوی تر بۆ: (دكتۆر مارف خەزنەدار).
پێشتر: (محەمەد مەولوود مەم)م بەهۆی: (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف)ەوە دەناسی و پیاسەی دوور و درێژمان لە شەقامەكانی هه‌ولێر كردبوو، لە چایخانەی: (شەوانی هەولێر)یش چەند جارێك بە سێ قۆڵی دانیشتبووین و چەند جارێكیش لەماڵەوە نان و نمەكمان كردبوو، (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف) لە ژمارە (183)ی ساڵی 2004 لە گۆڤاری (كاروان)، بابەتێكی نووسیوە بەسەر ناوی: (چۆن مەمم ناسی) باسی ئەو دانیشتنانە دەكات و بۆچوونی مەمیشی لەبارەی منەوە هێناوەتەوە و دەڵێت: (هەر لەو دانیشتنەدا گفتوگۆیەك دەربارەی چیرۆكی (دۆزینەوە) لە نێوان كاك (سەباح ڕەنجدەر) و (مەم) دروست بوو، كاك سەباح بە وردی پرسیاری لەسەر چیرۆكەكە لە (مەم) كرد و باسی لە لایەنی بەهێز و كاریگەری چیرۆكەكەی
(مەم)ی كرد. (مەم)یش لە كاك (سەباح)ی پرسی: (تەمەنت چەندە). ئەویش گوتی: (نۆزدە ساڵ). (مەم) پێی گوت: (تەمەنی ڕۆشنبیریت پێش تەمەنت كەوتووە و ئومێدی زۆرم بە لاوی وەكو ئێوە هەیە باری ئەدەبیمان بەرەو داهێنان ببەن).

لەو چل و ئه‌وه‌نده‌ ساڵەی تێكەڵ بە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی بوویمە، پیاوی ئاوا لەخۆبووردووی وەك: (محەمەد مەولوود مەم) و (عەبدوڵڵا سەڕاج)م نەناسیوە، بەو شێوە پاك و له‌ دڵ و گیانه‌وه‌ پاڵپشتی بەهرە و لێهاتوویی لاوان بكەن و دڵ و گیانیان بە داهێنانیان خۆش بێت، دوای چەند ڕۆژێك لەگەڵ: (ئیسماعیل بەرزنجی) ڕێكەوتی یەكمان كرد و گوتی: (دكتۆر مارف خەزنەدار) دەیەوێ بتبینێت، ناونیشانی ماڵەكەی دامێ، ئەوسا هەولێر شارێكی وه‌ك ئێستا قژ ئاڵۆز نەبوو، بە ئاسانی شوێنە دەستنیشانكراوەكان دەدۆزرانەوە.
عەسرانێك زۆر بە شەرمەوە بەرەو ماڵیان بەڕێ كەوتم، دەرگای حەوشەیان كرابووەوە. بەرانبەر دەرگا لەبەر هەیوانەكەی لەسەر ئەسكەمبیلێكی تەختە دانیشتبوو، لبادێكی سپی نەخشی قاوەیی لەسەر نەخشا بوو، لەسەری ڕاخرا بوو، كۆمەڵێك گوڵدان لە دەوروبەری داندرابوون، دیاربوو تازە ئاودرابوون، لەگەڵ شەربەیەك، كە تافتەیەكی سپی بەسەر دەمی شەربەكەدا دادرابوو، ژێرەوەشی لەناو بارستێك قومی تەڕ دابوو، پیاوێكی پرچ و سەر و سمێڵ ڕەش زیاتر لە سپی شكۆدار فەرمووی لێ كردم. كتێبێكی بەدەستەوە بوو، بە قەڵەمی سوور هێڵی بە ژێر چەند بڕگەیەكی دادەهێنا. كتێبەكە هی: (حوسێن مەردان) بوو. بەناونیشانی: (الأزهار تورق داخل الصاعقة). دوای بەخێرهاتن و یەكترناسین. گوتی: (چاو و دڵم بە بەهرە و لێهاتوویی لاوان ڕوون و گه‌رمه‌). پێشتریش شاعیرانی لاوی هەولێر بەردەوام سەردانیان كردووم. وەك: (جەمیل ڕەنجبەر و عەبدوڵڵا پەشێو) و زۆری تریش.

دیار بوو (زێوان)ی خوێندبووەوە، چەند پارچە كاغەزێكی باریكیشی بڕیبوو لە نێوان لاپەڕەكانی دانابوو گوتی: له‌دایكبوونی شاعیرێكی داهێنه‌ری تێدا به‌دی ده‌كه‌م، هەرچی ڕێنماییەكی لەو دانیشتنەدا كردم. دواتر بەپێی هەڵكشانی ئەزموون هەمووی لە كات و شوێن و جێی خۆیدا ڕاست دەرچوون.
من لەسەر بەرگی زێوان نووسیبووم (چامە). ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو بۆ من. گوتی: زێوان چامە نییە. (ڕۆمانە شیعر)ـە، هەرچی شتێك لە هەقیقەتەوە بیڵێی زەرەرت پێناگەیەنێ. لە كەم ئەزموونی و ڕۆشنبیری ساكارم، یەكەم جار بوو دەستەواژەی ڕۆمانە شیعرم گوێ لێ بێت و ببیستم. ئەو كات من چەند ڕۆمانێكی كوردی و چەند ڕۆمانێكی وەرگێڕدراوم بۆ كوردی خوێندبووەوه‌. دیارترینیان
(شار)ی حوسێن عارف و (براكوژی) نیكۆس كازانتزاكی بوو، كە عەبدولكەریم شێخانی كردبووی بە كوردی.
ساڵی 2012 دكتۆر عەبدوڵڵا ڕەحمان كتێبێكی بەناونیشانی: (ڕۆمانە شیعر: مێژوو و سەرهەڵدان) چاپ كرد. لەم كتێبەدا (زێوان) بە یەكەم ڕۆمانە شیعری كوردی دەستنیشان كراوە.

كە لەلای هەستام و بڕۆم تا دەرگای حەوشە لەگەڵم هات و خانەدانانە بەڕێی كردم و گوتی: (دیار بە و قەتیش لە دەرگا مەدە). دوای ماوەیەكی كورت ئەو ماڵە بووە ماڵە باوك و تا كۆچی دوایی بەردەوام هاتوچووم كردووە. زووش گوتی: تۆ دووەم ئەدیبی دەبیتە كوڕی ماڵ. یەكەم كوڕی ماڵ: (دڵشاد مەریوانی)یە. ئەو كات شەهید نەكرابوو. گوتیشی: هەر كتێبێكت پێویست لە كتێبخانەكەمدا، پرسم پێ مەكە. بەس دوای گەڕانەوەی لە شوێنی خۆی دایبنێوە و جێگۆڕكێی پێ مەكە. بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لەو ماڵەدا هەموو چوارشەممان كۆڕی ئەدەبی دەبەسترا. چا و قاوە و جۆرەها شیرنەمەنیش ئامادە و پێشكێش دەكرا.

دوای خوێندنەوەی بابەتەكە ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی پێشكێش كراو دەكرد. یەك لەو چوارشەمموانە بەخت یارم بوو، بێ ئەوەی بۆچوونی من وەربگرێت، دوای كۆڕەكە گوتی: چوارشەممەی داهاتوو سەباح دەقێك دەخوێنێتەوە. بۆ هەموو كۆڕەكانی داهاتوو، لەدوای كۆڕەكان دەیپرسی چوارشەممەی داهاتوو نۆرەی كێیە و كێ ئاماده‌یه‌، ئامادەیی ئەدیبەكەی وەردەگرت، بەڵام ئامادەیی منی وەرنەگرت و یەكسەر ڕایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو فڵانە.

لە بەرگی حەفتەمی: (ڕۆژگاری من) لە لاپەڕەی (212) ئاماژەی بەم كۆڕەی من داوە، لەدوای خوێندنەوەكە: (محەمەد موكری و سەڵاح شوان و فیكرەت عزەت) گفتوگۆیان لەبارەی شیعرەكەمەوە كرد، بۆچوونەكانی سەڵاح شوان لەبارەی شیعری درێژەوە قووڵ و فرە زانیاری بوون. نەك بۆ من، بەڵكو بۆ تەواوی ئامادەبووان.
هەر لەو ماڵەدا چەند ئەدیبێكم ناسی. وەكو باوكێكیش هەمیشە ڕێنمایی ئەدەبی و ژیانی كردووم و سوودمەند بوویمە لە ڕێنماییەكانی. بەشێك لە ئەدەبی كلاسیكیم به‌ چاوڕوونی ئه‌و و لە ڕێگای كتێبخانه‌ی ئەوەوە ناسی. لە ناوەڕاستی نەوەدەكان، كە گەمارۆیەكی بكوژ لەسەر خەڵكی كوردستان هەبوو، خواردنی باش لە هەموو ماڵێك دەست نەدەكەوت. ڕۆژێك مێوانداری: (پیرباڵ مەحموود) و منی كرد. خوانێكی شاهانە خەمڵابوو. من كە خواردنەكەم بینی پێم نەخورا و هاوسەر و منداڵەكانم هاتنە پێش چاوم. وەك ئەوەی هەستی شەشەمی كاری كردبێت و پێی گوتبێت مێوانەكەت لەم حاڵ و بارە لاسەنگە دایە. لەسەر خوانەكە هەستا و دوای ماوەیەكی كورت هاتەوە گوتی: سەباح بە بنیادی بۆ ماڵەوەم نارد. ئەوەی لەسەر خوانەكە بوو، بە زیادەوە بۆ منداڵەكانمی ناردبوو.

دوای نان و چا و قاوە. دیوانی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی هێنا و گوتی: هەر یەكەمان شیعرێكی ئەو شاعیرە بلیمەتە بخوێنینەوە. پێش ئەوەی ئێمە بچین، دیاربوو شیعرەكانی ده‌ستنیشان كردبوو. بەوە زانیم لە نێوان هەر شیعرێكدا پارچە كاغەزێكی سپی دانابوو، خۆی شیعری: (سلێمانی)، پیرباڵ مەحموود شیعری: (بێخودی شاعیر). منیش شیعری (شێخ مەحموودی زیندوو).

بە پیرباڵی گوت: تۆ ئیلقات نەرم و بەهێزە، بەڵام ئەو شیعرەت له‌نگ خوێندەوە. ڕای لە خوێندنەوەكەی منیش نەبوو، هەستم كرد ڕێكخستنی ئەم دانیشتنەی بۆ ئەوە بوو توانایی دیلان بە من ئاشنا بكات. هەر لەم دانیشتنەدا بە باشی لەبارەی ئەزموونی: (ئه‌حمه‌د تاقانه ‌و ئەنوەر قادر محەمەد و فەرهاد شاكەلی) دوا، وەك شاعیر و وەك لێكۆڵەر.
بۆ نووسینی: (مێژووی ئەدەبی كوردی)یه‌كه‌ی داوای هەر دوو بەرگی چیرۆكەكانی: (محەمەد مەولوود مەم)ی لێ كردم. گوتیشی خۆم هەمە، بەڵام قوتابییەك بۆ كاری زانستی بردوونی و نەیگەڕاندووەتەوە. ڕێكەوتنەكە دەكەوتە 15/1/2001. ئەم ڕێكەوتە منداڵێكمان خودا بەخشی. بەو هۆیەوە لە بەڵێنەكەم دوا كەوتم. 18/1/2001 كتێبەكانم بۆ برد. پێش ئەوەی بەخێرهاتنم بكات و كتێبەكانم لێ وەرگرێت. گوتی: تۆ بیركردنەوە و هەڵكەوتی ئەوروپیانەت هەیە و زۆر باپەندی بە قسە و بڕیاری خۆت، بۆ دوا كەوتی. منیش واقیعەكەم پێگوت و گوتم لەدوای سێ كیژان، كوڕێكمان لە دایك بوو، ئەمەیە هۆی دواكەوتنەكەم. بزەیەكی شادمانی لە دەموچاوی گەڕا و پیرۆزبایی و سوپاسی خودای كرد. هەمان كات دایە (سەعدییە)سێ پاكەت شیرینی لە سوپەر ماركێتەكەی نزیك ماڵیان كڕی و گوتی: لە جیاتی من لە كۆڵانی خۆتان، خۆت بەسەر منداڵانی دابەش بكە. ئەمە كوڕەزای منە. خەزنەداریش گوتی: باجی دواكەوتنەكەت ئەوەیە، من ناوی لێ دەنێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆچوونی خۆی زاڵ نه‌كرد، ڕه‌زامه‌ندی من و هاوسه‌ره‌كه‌می وه‌رگرت، ئینجا ناوی نا (یاد).

* * *

لە ژمارە (43)ی 18/9/1997 لە (برایەتی پاشكۆی ئەدەبی) برادەرێك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (زەقبوونەوەی خود لەناو وەهمێكدا). زیاتر لە پازدە نووسینی بەكوردی و عەرەبی بەدوا داهات و ڕێكەوتنێك لە نێوانیان پەیدا ببوو، لەم نووسینانەدا سەد و حەفتا و دوو قسەی ناقۆڵا و ناشایستەیان پێگوتم. یەك لەو برادەرانە خەسڵەتی مرۆڤیشی لێ ستاندبوومەوە وەك: (ئاژەڵ) دەستنیشانی كردبووم. منیش لە ژیانی ئەدەبیم ڕێكەوتی لەوە دڵخۆشترم ڕووبەڕوونەبووەتەوە. ئاستی لەم جۆرە و نزیك لەم جۆرە، به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت. ئێستاش ئەگەر لە شەقام ڕێكەوتی ئەو برادەرە بكەم بێ ویستی خۆم، لە هێزی ئەدەبی بێگەردەوە خەندەیەكی ڕه‌زامه‌ندی دەمگرێت و دڵخۆش دەبم، ئەم ئاستانە به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می منیان به‌ دڵ بێت، ده‌بێ گومان له‌ توانایی ئه‌ده‌بی خۆم بكه‌م.

ئەم ئاماژەیەم تەنیا بۆ ئەوەدا، دوای ئەوەی قوڕولیتەی ئەم گەلەكۆمەكییە نیشتەوە، 11/11/1997 خەزنەدار تەلەفۆنی بۆ كردم نیوەڕۆ وەرە لای من نانێك بخۆ. كە چووم دوو قوتابی قۆناخی دكتۆرای لا بوون، ناویان: (محەمەد) و (شنۆ) بوو. هەموو ئەو ڕۆژنامانەی لەسەر یەك كه‌ڵه‌كه‌ كردبوون، كە نووسینەكانی تێدا بڵاوكرابوونەوە. وەك بە زمانێك، زمانی فەرمان گوتی: پێڵاوه‌كانت‌ له‌ پێ مه‌كه‌ره‌‌وه ‌و بڕۆرە سەریان و بەرز ڕاوەستە، منیش زەردەخەنەیەكی شەرمنم بۆ كرد و گوتم، ببوورە، گوتی: ئاخر هەمووی گێره‌شێوێنی ئه‌ده‌بی و جوێنن بۆ تۆ و ئەدەبی تۆ. گوتم: لەپاڵ جوێنەكانی ئەوان، بابەتی نووسەرانی تری تێدا بڵاوكراوەتەوە به‌ شكۆوه‌ باسی ئەدەبی كوردی دەكەن. یەكپێ لە شوێنی خۆی هەستایەوە و دەستی لەسەر شانم دانا.

گوتی ئاوا بە گەورەیی لە ئەدەب گەیشتووی بۆیە ئەو ……………………….. ئاوا تووشی هیستریا بوونە. لەناو كتێبخانەكەیدا لەگەڵ كتێب، كەلوپەلی بەنرخ و دەگمەنی دانابوون. كووپێكی چای پێشكێش كردم، كە لە ڕووسیا لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە و وێنەی پووشكینی لە قەدی نەخش كرابوو، زیاتر لە چل ساڵ بوو پاراستبووی، گوتی: ئەمەش یەكێكە لە ئازاردراوەكانی سەر زەوی و تۆش بەهێزبە تا دەكوژرێی و ئازادانه‌ به‌ دوای خه‌ونه‌كانتدا بڕۆ.
پاشماوەیەك كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)م چاپ كرد. دانەیەكم پێشكێش كرد. تەماشایەكی ورد و هەڵگێڕ و وەرگێڕی كرد و گوتی: شیعرەكان حه‌زی مرۆڤیان تێدایه‌ و كاریگه‌رن. چه‌تری شێوازی ئه‌فسوونكاری به‌سه‌ر خوێنه‌رانیان هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌ره‌و قووڵایییان ده‌به‌ن. تۆ شه‌رم له‌ جیهانی شیعری خۆت ده‌كه‌ی، بەڵام چاپەكەی زۆر سادە و سه‌ره‌تایییه‌ و خوێنه‌ر هاننادات بۆ خوێندنه‌وه‌ی.

دوای ماوەیەك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (خەونی خودایی لە كۆشیعری ڕووەكەكانی خواوەند) دا، لە ژمارە (45)ی 5/3/2000ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوی كردەوە. لەگەڵ شیعری نوێ كۆك نەبوو، لە گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (148)ی 5/9/2009 بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی: (هەندێ بیرەوەری ڕۆژنامەگەری و من و ڕامان) دان بەوە دادەنێ ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی چاوەڕوانی ئەوەیان لێ نەكردووە لەبارەی شیعری نوێوە بنووسێت، چونكە تایبەتمەندە لە شیعری كلاسیكی. لە وتارەكەیدا نووسیویەتی: (بەمجۆرە ئەو پارچە شیعرەی (سەباح ڕەنجدەر) كەوتە ناو ئەو چەند شیعرەی لاوانی سەردەم نووسیویانە و شیعرەكەم بەدڵ بوو).
* * *

سێزدە ساڵ و هەشت مانگ و یازدە ڕۆژ لە گۆڤاری (ڕامان)دا كارم كردووە. لە ژمارە (3) تا (153)، ئەو كاتەی كاركردنەم چ وەك تەمەن و چ وەك توانایی ئەدەبی دەبێتە قۆناخی گەشەی تەمەن و ئەدەب. یاداشتی ئەم ماوەیەم به‌ پڕی نووسیوە و لە نامیلكەیەكی سەربەخۆدا چاپی دەكەم. (ئازاد عەبدولواحید) سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو، بەیانی: 10/10/2008 هاتە ژوورەكەم و گوتی: وەرە قاوەیەكم لەگەڵدا بخۆرەوە. من ئەو پیاوەم قەت ئاوا بریندار نەبینیبوو. دەموچاوی تەواو نائاسایی بوو، لەناخەوە هەژا بوو، هەستی بە پیلان و غەدرێك لە من كردبوو. نموونەی داهێنەرانی بۆ دەهێنامەوە چ تۆڕ و داوێكیان بۆ داندراوەتەوە، نموونەی: (به‌در شاكر سەییاب)ی دەهێنایەوە و دڵیشی نەدەهێنا بابەتەكەم بۆ باس بكات.
بەردەوامیش دووبارەی دەكردەوە تۆ شاعیرێكی: (وتو وریای). گوتم چی بووە پێم بڵێ خۆ پلانی كوشتن نییە. بڕێك ڕوون بووە و زانی لەسەرخۆم و بەسەرخۆم زاڵم و له‌ هێزی چاوه‌كانمدا خاوه‌نی بڕوام. گوتی: ئەوەیان كوشتنی ڕۆحە. كۆمەڵێك كاغەزیشی لەسەر مێزەكەی دانا بوو، بۆ من دەدوا و تەماشایەكی كاغەزەكانی دەكرد و دەستی ناڕەزایی لەسەر دادەنان. بە چاوێك سەیری منی دەكرد، وەك ببینێ پەرداخێك ژەهرم بۆ ئامادەكرا بێت و ئەو ڕێگری بكات نەهێڵێ بیخۆمەوە، یان ده‌رخواردم بدرێ. گوتی: مرۆڤێك، لەوانەیە برادەریشت بوو بێت، زۆر كارامەیە لە كۆمپیوتەر و ئیمێل دروستكردن.

بە هەشت ناوی جیا جیای نووسەران ئیمێلی دروست كردووە و جوێن بە خۆت و ماڵ و منداڵت دەدا و بۆ ئیمێلی گۆڤاری ڕامانی ناردووە، وای كردووە من بیبینم. گوتم: بمدەرێ با بیانخوێنمەوە. گوتی: دڵم نایە نەك خودا نەخواستە جەڵتەی دڵ لێت بدا. گوتیشی هەموو كاغەزەكانم لەبەریەكدا ڕاگرتووە، وەك ڕێنووس و شێواز و وشه ‌و فه‌رهه‌نگ و زاراوه ‌یەك كەس نووسیویەتی. خودایە دەبێ من چی بم و چیم كردبێت. مرۆڤێك، ڕه‌نگه‌ ڕۆژگارێك برادەر و هاوكاریشم بوو بێت، ڕێ بە خۆی بدا بە هەشت ئیمێلی جیا جیا جوێنم پێ بدا و بوختانم بۆ هەڵبەستێ. لە كاتێكدا لە ژیانی خۆم نەك خراپەم لەگەڵ مرۆڤێك نەكردووە، بەڵكو كشەم لە مێشێكیش نەكردووە، به‌بێ دوودڵی هه‌میشه‌ش ڕێزی نووسینی باشم گرتووه‌ و ستایشم كردووه‌.

دەبێ ڕقی ئەو مرۆڤە لە چ پلەیەكدا كوڵا بێت، خودایە یارمەتی بدە تا ئازاری كەسێكی تر نەدات. ئەنجام دوای چەند ساڵێك پێم زانی برادەرێكمە بە چاوڕوونی برادەرێكی (شاعیر)م، كە من لە ژمارە (32)ی گۆڤاری (ڕامان)ی 5/2/1999 لە مێزگردێكدا بە ناونیشانی: (كێشەی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ئەدەب و هونەردا). بە شاعیری خاوەن ڕوئیا ناوم بردووە. نامەیەكی كراوەم بۆ ئەو برادەرە شاعیرەم نووسیوە و لە نامەكەدا بەدار و بارتر بۆچوونی خۆم دەربڕیوە. پێش ئەوەی بڵاویشی بكەمەوە دەیدەم بە خۆی.
له‌ په‌ره‌گرافێكی نامه‌كه‌دا نووسیومه‌: (ئه‌ده‌بی بێگه‌رد به‌ سروشتی خۆی دوژمنی دیكتاتۆرانه‌ و ڕه‌نگ و ڕوخسار و كرۆكی واقیع ده‌ستكاری ده‌كات، به‌ڵام له‌ توانایدا نییه‌ بیگۆڕێت، به‌ڵام ده‌توانێت ڕك و كینه‌ی ئازیزان وه‌رگێڕێت بۆ خۆشه‌ویستی).
دەمزانی خەزنەدار كاریگەری بەسەر ئازاد عەبدولواحیدەوە هەیە و ڕێزی داوای یەكتری دەگرن. چوومە لای و بابەتەكەم تێگەیاند، بەڵكو كاغەزەكانم بۆ وەربگرێت. گوتی: بەناوی خواستراوەوە جوێنیان پێ داوی، گوتم بەڵێ. گوتی: هەر یەك ناوی خواستراو بۆ كاری ناڕەوا بەكاربهێنێت (نامەردە). نامەردیش خاوەن ڕەئی نییە، بۆیە داواكەت جێبەجێ ناكەم. گوتیشی داهێنەر هەڵۆیە، هەڵۆش تەماشای ڕێگا درێژەكان دەكات و ڕێبواران دەپارێزێ. هەڵۆیانی ڕێگای درێژی ئەدەبی كوردیش تۆ دەپارێزن.

* * *

(دكتۆر لەتیف محەمەد حەسەن) شیعری: (سروودی باران)ی بەدر شاكر سەییابی وەرگێڕا بوو، لە ژمارە (93)ی گۆڤاری كاروان، ئاداری 1992 بڵاوی كردبووەوە. زۆر سەرسام بووم بە شیعرەكە و وەرگێڕانە بێ گرێ و گۆڵەكەی. باسی ئەم وەرگێڕانەم بۆ كرد. ئەویش بە دوورودرێژی تێكەڵاوبوون و ڕۆژگاری خۆی لەگەڵ سەییاب زۆر بەتاسە و لەدڵەوە گێڕایەوە. گوتم: ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەری كورد زۆر گرینگ و پێویستە، پێشنیاز ده‌كه‌م بیاننووسیت. گوتی: لە سەردانی داهاتووت شتێك دەبینیت. كردی بە بیركردنەوەی خۆی و به‌ شێوازێكی پڕ زانیاری، درێژه‌ به‌ بنه‌ماكانی براده‌رایه‌تی ده‌دا و بابەتێكی نووسی بەناونیشانی: (من و گۆران و سەییاب). لە ژمارە (53)ی 5/11/2000ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

22/11/2001 لە گفتوگۆیەكدا باسی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی كرد، كە خاوەن تیۆری شیعرییە، هەم داوام لێ كرد ئەم هەست بە تیۆرە و بیركردنەوە وەك نووسینێك تۆمار بكات و ئەندازەی تیۆرەكە بە پێودانگی ئه‌ندازیاریی بگەیەنێت. تێگەیشتنی خۆی بۆ تیۆرەكە كرد بە بابەتێك بەناونیشانی: (شیعر). لە ژمارە (79)ی 5/1/2002ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

17/8/1999(حوسێن عارف و خانم)ی خێزانی مێوانی بوون، لە گفتوگۆیەكان دیار بوو، بۆ چەند ڕۆژێك دەمانەوە. باسی چیرۆك، بابەتی دانیشتنەكە بوو. منیش لێم پرسی خۆ تۆ لە قۆناخی خۆت چیرۆكنووسێكی باشی، بۆ لە لێكۆڵینەوەی چیرۆكی كوردی وەك پێویست باست ناكرێ. گوتی: لایەنی لێكۆڵینەوەم غەدری لە چیرۆكنووسیم كردووە. ئەگەر ئەوەندە بایەخم بە نووسینی لێكۆڵینەوەی زانستی نەدابوایە. ئەوە وەك چیرۆكنووس، ڕه‌نگه‌ چیرۆكنووسێكی باشیش باس دەكرام. گوتم: بۆ ئەم غەدر لەخۆكردنەت وەك بابەتێك نانووسی بۆ خوێنه‌رانی ڕوون بكه‌یته‌وه‌، بابه‌تێكی نووسی بەناونیشانی: (من و چیرۆكی كوردی). لە ژمارە (41)ی 5/11/1999ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

6/8/2006 لە ماڵی خەزنەدار (دكتۆر دڵشاد عەلی) سەرنجی لەبارەی شیعرەكانی منەوە هەبوو، كە خاڵبەندی بەكارناهێنم و بە بۆشاییەك لە ئەزموونی منی دەزانی و منیش گوتم زانینم بۆ ئەم كارەم هەیە و لە ژمارە (50)ی 5/8/2000ی گۆڤاری ڕامان قسەی خۆم لەم بارەیەوە كردووە.
(كۆمەڵێك حیكمەت و گیانی پەتی و بیر و مەودای ئێستێتیكم لە كەلەپوور و ڕۆشنبیری كوردی بۆ ماوەتەوە. نموونە: لە حەیراندا خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە، سەربەند و ناوبەند و كرانەوەی دوا بەند هەیە. بە گوێگرتن و هۆشیارییەكی ڕاستەقینەی ترپە و ئاواز، هەستی خاڵبەندی لای حەیرانناس دروست دەبێت. هەروەها لە شیعری میللی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە. پەیڕەونەكردنی خاڵبەندی لای من نەزانین نییە. بگرە وەك مەبەست و هونەر گەڕانەوەیە بۆ هەستی سەرەتایی كوردی و ڕەسەنایەتیی كەلەپوور.
لە سپێتی كاغەز و دابەشكردنی وێنەدا، هەست و نیشانەكانی خاڵبەندی لە ئاستەكانی دەربڕین لە خەیاڵ و زەینی خوێنەری خود وریا دەستنیشان دەكەم.
نموونە: ڕستەی بۆ كوێ دەچیت. ئەم ڕستەیە، ئەگەر نیشانەی پرسیار، یان سەرسوڕمانم بۆ دانا. ئەوە بێگومان ڕستەكە دەستنیشان دەكەم. پرسیارە، یان سەرسوڕمان. ئەگەریش هیچ نیشانەیەكم بۆ دانەنا و بە كراوەیی هێشتمەوە لەم بار و بوارەدا ڕستەكە دەبێتە ڕستەیەكی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زەینی).
خەزنەدار پارێزگاری لە بۆچوونەكەی من كرد، منیش گوتم: با بۆچوونەكانت ببنە بەڵگە و لەبەر دەستی خوێنەراندا بن: بە دوو ئەڵقە بۆچوونەكانی لەبارەی خاڵبەندییەوە تۆمار كرد.
1ـ خاڵبەندی لە شیعری كلاسیكی كوردیدا، لە ژمارە (115)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/12/2006 بڵاوكرایەوە.
2ـ خاڵبەندی لە شیعری نوێی كوردیدا، لە ژمارە (119)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/4/2007 بڵاوكرایەوە.

* * *

17/5/2009 ڕۆژێكی تەواو گەرم بوو، سەردانیم كرد. بینیم پێیەكانی لەناو تەشتێكی نمیچە پڕ قوم دانا بوو، گوتم: ئەوە بۆ پێیەكانت جووت كردووە و لەناو ئەو قومە گەرمە دەیانجووڵێنیت. گوتی ناوە ناوە مێروولە دەكەن. ئەمە چارەی ئەم مێروولەیەیە.
فایلەكی پەمبەی لە تەنیشت خۆی دانا بوو، دایە دەستم، چیرۆكی: (سڤێتلانە)ی تێدا بوو. گوتی: ئەم چیرۆكەم دوای چل و دوو ساڵ ئەمڕۆ لەناو دەستنووسەكانم دۆزیومەتەوە، ئەگەر بەدڵت بوو لەگەڵ خۆتی ببە. خوێندمەوە و گوتم: جوانترین چیرۆكتە. بۆچوونەكەمی پێ لە جێی خۆیدا نەبوو، گوتی تۆ، یان لە چیرۆك نازانی، یان چیرۆكی: (ئەڵه‌مان كوردی و بووكەشووشە و دڵ و نەتەوەت) نەخوێندوومەتەوە. هەستم بە ناڕەزاییەك كرد. لە ماڵی خۆی قەت دڵی مێوانی نەدەشكاند. هەستا و منی بەجێهێشت و چووە ناو كتێبخانەكەی. زانیم نیشانه‌ی ناڕازیبوونه‌‌. له‌ فایله‌كه‌دا شیعرێكی: (دكتۆر ئیحسان فوئاد)یشی تێدابوو، شیعره‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌سكه‌مبیله‌كه‌دا دانا و چیرۆكەكەم هەڵگرت و ڕۆیشتم، دڵم ده‌یگوت بووه‌ته‌ تووره‌گه‌ی بزمار. بەیانی چیرۆكەكەم بردە گۆڤاری (ڕامان). لە ژمارە (145)ی 5/6/2009 دا بڵاوكرایەوە. هەمان ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی: دایكت خواردنی تایبەتی ئامادەكردووە. وەرە ئێرە نانێك بخۆ. نانەكەم خوارد و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، كە چیرۆكەكە بڵاوكرایەوە لەناو خوێنەران دەنگدانەوەیەكی تایبەتی هەبوو، بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: پێدەچی بۆچوونەكەت ڕاست بوو بێ.

* * *

لە 5/6/1999 كتێبی: (ئەلێكساندەر پووشكین: گەشتێك بۆ ئەرزەڕۆم)ی پێشكێش كردم. كتێبەكە هێشتان لە نێوان دەستی ئەو و مندا بوو، وەرم نەگرتبوو. بە زمانێكی نیمچە دڵه‌ڕاوكێ ئامێز لێی پرسیم: شیعر چییە. منیش گوتم: (ئەگەر دەمزانی چییە، نەمدەنووسی). كتێبەكەی دایە دەستم و گوتی: (جوانترین پێناسەیە لە هەموو زمانانی دنیا).

كانوونی یه‌كه‌می 2018 هه‌ولێر

Previous
Next
Kurdish