Skip to Content

” هاڤیبوون ” ناوەندێکی چالاک و بەخشندە بوو … ئیسماعیل تەنیا

” هاڤیبوون ” ناوەندێکی چالاک و بەخشندە بوو … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2018 General, Literature, Slider

بە گوێرەی بوون و ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتی ڕەوەندی کورد لە وڵاتە جۆر بە جۆرەکانی دنیادا، بە دەیان ڕێکخراو و کۆمەڵەو ناوەندو گۆڤارو ڕۆژنامە دامەزراون و درێژەیان بە کارو چالاکییەکانیان داوە… کرۆک و ئامانجی هەمووشیان، خزمەت کردن بووە بە مێژوو و کولتوری کوردی و، کێشە سیاسییە ڕەواکەی. هەر یەکەو لە تێڕوانینی خۆیەوە هەوڵی داوە شتێک بە شتێک بکات. هەندێک لەم دامودەزگاو سەنتەرانە، بە حوکمی نەبوونی توانای ماددی و فکری و مرۆییەوە، نەیانتوانیوە بەردەوام بن و درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن، زوو بەزوو، لە چاوان ون بووینە… هەندێکیش لەمانە بەهۆی لێهاتوویی و ئارام گرتن و سوور بوون لەسەر درێژە پێدان، توانیویانە بەردەوام بن و خەرمانەکە بە بەرەکەت تر بکەن.

یەکێک لەم ناوەندە چالاک و پڕ لە بەخششانە، کە ڕۆڵێکی ئەکتیڤی لە ناساندن و بەرچاو ڕوونکردنی کوردەکان لە دەرەوەی وڵاتدا هەبوو، ” ناوەندی هاڤیبوون بۆ لێکۆڵینەوەو بڵاوکردنەوەی کوردی- بەرلین” بوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستی ئێمەدان و بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم ناوەندە توانیومانە سوودی لێوەربگرین، ئەوەیە کە لەسەرەتادا بە هەوڵ و کۆششی چەند خوێندکارێکی کورد لە (زانکۆی ئازاد )ی بەرلین، لە هاوینی ساڵی ١٩٩٠دا، توانیویانە گروپێکی کوردی لەو خوێندکارە کوردانە پێک بهێنن کە لەم زانکۆیەدا دەیانخوێند… دوای چەند دانیشتن و یەکتر بینین و کۆبوونەوەیەک، توانیویانە (گروپی کاری کوردستانی-کوردستان ئا گێ ) ڕابگەیەنن.

ئەم گروپە لەساڵی ١٩٩٢دا، هەوڵیانداوە کارو چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن و (ئینستیتویەکی کوردۆڵۆژی) لە زانکۆی ناوبراو دابمەزرێنن، بەڵام لەبەر فشاری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەلایەک و، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زانکۆ لە لایەکی ترەوە، ڕوبەڕووی ڕەفزکردن بوونەتەوە… بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا زۆر هەوڵیداوە بەرپرسانی زانکۆ ڕازی بکات کە ڕەزامەند نەبێت لە پێدانی مۆڵەت بەم گروپە.ئەم نەیارانە، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو بووینە. لەگەڵ وەرگرتنی ئەم ڕەفزەش، هەندێک لە بەرپرسانی زانکۆ ڕێگەیان بەو خوێندکارانە نیشانداوەو پێیانگوتوون: (ئەگەر لەسەرەتادا ئێوە بتوانن چەند سیمینارێک ڕێکبخەن و تیایدا سەرکەوتووبن، ئەوە دەبێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ هاتنەدی خواستەکانتان).

شایانی گوتنە؛ لەم کاتەدا، ژمارەی سەرجەم خوێندکارەکانی ئەم زانکۆیە خۆی لە شەستو پێنج (٦٥٠٠٠) هەزارێک دەدا. بۆ بەختیاری ئەم گروپە، یەکێک لە ئەندامەکانی سەرۆکی (دەزگای خوێندکارانی زانکۆ) بووەو ڕۆڵێکی چاکی بینیوەو، پشتگیری لە بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکە، کردووە.
هەر لەم کاتەدا، گروپێکی کاری کوردۆلۆژی لە زانکۆی (هامبۆرگ) هەبووەو، لە ئەنجامی پەیوەندی و ڕا گۆڕینەوەدا، توانیویانە یارمەتی گروپەکەی بەرلین بدەن. بە هاوکاری ئەوان، ڕیزە سیمینارێکیان لەسەر دۆزو کولتوری کوردی لە هاوینی ١٩٩٣دا، لە زانکۆی بەرلین سازکردووە. بابەتەکانی ئەم سیمینارانە، لە کتێبی جیا جیاو سەربەخۆدا، بە زمانی ئەڵمانی، چاپکراون و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە. لەمە بەدواوە، بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەم گروپە، سەرۆکایەتی زانکۆ لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٥دا، ڕەزامەندی لەسەر داواکانیان داوە. لە وەرزی خوێندنی (هاوینی ١٩٩٥و زستانی ١٩٩٥و ١٩٩٦)دا، بە هاوکاری لەگەڵ (بەشی ئێتنۆلۆگی) زانکۆ، چەند سیمینارێکی کوردۆلۆژییان ڕێکخستووەو زانکۆش هەموو مەسروفەکانی گرتۆتە ئەستۆی خۆی. بۆ ئەم سیمینارانەش دەیان پسپۆڕو شارەزاو کوردناسیان، لە وڵاتە جۆربەجۆرەکاندا، بانگهێشت کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٨دا، سەرۆکایەتی زانکۆ، خەڵاتی (مارگەریتا برینتانۆ)ی داوەتە گروپی ناوبراو. خەڵاتەکە بەهای بیست هەزار مارکی ئەوکاتی ئەڵمانی بووە. لە ڕۆژانی ( ٢٩-٣١/گوڵانی ١٩٩٨)دا، بە هاوکاری و پارەی سەرۆکایەتی زانکۆ، توانیویانە گەورەترین کۆنگرەی کوردۆلۆژی لە ئەوروپا رێکبخەن و، هەژدە پسپۆڕی کوردۆلۆژی لە وڵاتەکانی جیهاندا، بانگهێشت بکەن.

دوای ئەم کۆنگرەیەو دانوستاندنی بەردەوام، سەرۆکایەتی زانکۆ بڕیاریدا دوو کەس لەم گروپە، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زانکۆ دابمەزرێنن تاوەکو هەوڵبدەن (ئینستیتوتەکی کوردۆلۆژی) دابمەزرێنن. دەزگاکە دامەزرا، شوێنەکەی بریتی بوو لە دوو ژوور. دوای پێنج مانگ توانییان کتێبخانەیەک بۆ ناوەندەکە بکەنەوە. لە ڕۆژانی (٢٣-٢٥/٩/٢٠٠٠)دا، لەشاری (کاتسۆف)، کۆنگرەی (لێکۆڵینەوە لەسەر ژنانی کورد)یان سازکردو، دواتر بابەتە پێشکەش کراوەکان بە زمانی ئەڵمانی لە دوو کتێبدا، وەک زنجیرەی بڵاوکراوەکانی (کوردۆلۆژی)، بڵاوکرانەوە. هەر لە سەرەتادا، چەندین ناوەندو مامۆستای زانکۆ، دژایەتی ئەم ناوەندەیان دەکرد. بۆیە ناوەندەکە ناچار بوو لەگەڵ (ئینستیتوتا ئێرانستیک) پێکەوە کار بکەن. ئەم ئینستیتوە هەوڵی دەدا تەواوی گروپە کوردییەکە کۆنترۆڵ بکات و چاڵاکییەکانیان سنوردار بکات، بۆ بەرژەوەندی ئێران بەکاریان بهێنێت… تا ئەو ئاستە کە ئامادە نەبوون ناوی پڕژەکەش بە (لێکۆڵینەوەی کوردی )، بمێنێتەوە. بۆیە ئەم دوو کەسە کۆتاییان بە چاڵاکییەکانیان لەگەڵ ناوەندی ناوبراو هێناو لێی دوور کەوتنەوە. بەهۆی ئەم دژایەتی کردنەو گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی زانکۆی بەرلین، لەم کاتەدا، زیانێکی گەورە بەر چالاکییەکانی پڕۆژەی کوردۆلۆژی کەوت.

لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠١)دا، بە فەرمی (ناوەندی هاڤیبوون بۆ لێکۆڵینەوەو بڵاوکردنەوەی کوردی) لەلایەن (عەبدولڕەحمان مزوری و موحسین ئۆسمان و سالمێ جاسم) و بە ڕاوێژکاری (د. فەرهاد ئیبراهیم)، دامەزرا. ئەم ناوەندە توانیویانە چەندان سیمینارو کۆنگرەی گرنگ لەسەر پرسەکانی (کولتور، ژن، شانۆ، زمان، مێژوو) سازبکەن و تا سەرەتای ساڵی (٢٠٠٨)یش، توانیویانە چل و هەشت (٤٨) کتێبی هەمەچەشن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی، بڵاوبکەنەوە. لەپاڵ ئەم چالاکیانەشیاندا، تا هاوینی (٢٠٠٨)، توانیویانە بیستو یەک ژمارە لە گۆڤاری (هاڤیبوون) و دوو ژمارە لە گۆڤاری (کوردناسی)، کە گۆڤارێکی تایبەت بوو بە وەرگێڕانی لێکۆڵینەوەکانی بابەتی کوردۆلۆژی بۆ سەر زمانی کوردی و، دوو ژمارە لە گۆڤاری (پێڵ)، گۆڤاری یەکێتی نووسەرانی کورد- ڕۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی وڵات، چاپ و بڵاوبکەنەوە.

گۆڤاری (هاڤیبوون)

ئەم گۆڤارە هەروەک لە پێناسەکەیدا دیارە، گۆڤارێکی تایبەت بووە بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی وشوێنێکی بەرچاوی هەیە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. جگە لە دەستەی بەڕێوەبەرو ستاڤە هەمیشەییەکەی، چەندان پسپۆڕو خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی پشتگیرییان لێکردووەو بابەتەکانیان لەوێدا بڵاوکردۆتەوە. یەکەم ژمارەی لە هاوینی ١٩٩٧دا، بە (١٣٢) لاپەڕەی قەبارە (١٤ جاران ٢٠)سم، بە زمانی کوردی (کرمانجی خواروو و ژوروو- ڕێنووسی ئارامی ) دەرچووە. لە پێناسەکەیدا هاتووە: ( کۆڤارەکا ڕەوشەنبیری گشتییە ژ پڕۆژی کوردۆلۆگیێ سەر ب کوردستان ئاگ، ئاستا فو ل زانکۆی ئازادا بەرلین دەردکەڤیت).
سەرنڤیسەر: سالمێ جاسم.
دەستەکا نڤیسەرا: کەریمێ بیانی، موحسین ئۆسمان، نەجیب باڵایی.
دەرهێنانی هونەری: گوهدار سەلاحەدین.

مانای (هاڤیبوون)

خوالێخۆشبوو (هەژار موکریانی) لە لاپەڕە (٩٤٠)ی فەرهەنگی ( هەمبانە بۆرینە)، چاپی یەکەم،تاران، ١٣٦٩دا دەنووسێت: ( هاڤی: نامۆ، غەوارە، بێگانە، غەریبە). کەواتە: هاڤیبوون بە مانای نامۆبوون،ئاوارەبوون دێت.

قەبارەو کاتی دەرچوونی

هەموو ژمارەکانی لە کاتی دیاریکراودا دەرنەچووینەو، ژمارەی لاپەڕەو قەبارەکانیشیان چەسپاو نەگۆڕ نەبووە. لەبەرگەلێک هۆکار نەتوانراوە مانگانە یان وەرزانە، ژمارەکانی بڵاوبکاتەوە. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان کاتی ژمارە بڵاوکراوەکان دەبینرێت. بۆ نموونە؛ لە ساڵی ١٩٩٧دا تەنها یەک ژمارە دەرچووە. لەساڵی ١٩٩٩دا، تەنها دوو ژمارە دەرچووە. لە ساڵانی (٢٠٠٠)، دوو ژمارە لەیەک بەرگ و (٢٠٠١) یەک ژمارە دەرچووە. ساڵی (٢٠٠٦)یش هیچ ژمارەیەکی لێدەرنەچووە. دەتوانین کاتی دەرچوونی (هاڤیبوون) بە شێوەیەکی ناڕێک وەسف بکەین.
بۆ کارئاسانی و بەرچاوڕوونی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم گۆڤارە بکەن. وامان بەباش زانی زانیارییەکان و ژمارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلین بکەین:
– ژمارە (١)، ١٣٢ لاپەڕە، قەبارە (١٤ جاران ٢٠)سم، هاوینی ١٩٩٧.
– ژمارە (٢و٣)، جمکانە ژمارە، ٢٨٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی ژمارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٨.
– ژمارە (٤)، ٢٠٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٨.
– ژمارە (٥)، ٢٢٤لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو. ساڵی ١٩٩٩.
– ژمارە (٦)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٩.
– ژمارە (٧و٨)، جمکانە ژمارە، ٢٨٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٠.
– ژمارە (٩)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠١.
– ژمارە (١٠)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٢.
– ژمارە (١١)، ٢٧٢لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی٢٠٠٢.
– ژمارە (١٢و١٣)، جمکانە ژمارە، ٣٣٦لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، کۆتایی ساڵی٢٠٠٢و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣.
– ژمارە (١٤)، ٢٤٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٣.
– ژمارە (١٥)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی٢٠٠٤.
– ژمارە (١٦و١٧)، جمکانە ژمارە، ٣٦٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٥.
– ژمارە (١٨)، ١٨٦لاپەڕە، قەبارە (١٦ جاران ٢٤)سم، ساڵی ٢٠٠٧.
– ژمارە (١٩و٢٠)، جمکانە ژمارە، ٣٢٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٨.
– ژمارە (٢١)، ٢٢٤لاپەڕە، قەبارە (١٧ جاران٢٤)سم، ساڵی ٢٠٠٨.

دەستەی بەڕێوەبەر

لەڕوی کار دابەشکردن و سەرپەرشتکارانی (هاڤیبوون)ەوە، لە هەموو ژمارەیەکدا، یەک کلیشە نابینرێت. لەژمارە یەکدا (سالمێ جاسم ) سەرنووسەرو ( کەریمێ بیانی و موحسین ئۆسمان و نەجیب باڵایی) دەستەی نووسەرانن و، (گوهدار سەلاحەدین)، دەرهێنەری هونەری بووینە. لەژمارە (٢و٣)دا، سەرنووسەر وەک خۆی ماوەتەوەو بەڕێوەبەری نووسینی بۆ زیاد کراوەو (کەریمێ بیانی ) بۆتە بەڕێوەبەری نووسین. (عەبدولڕەحمان مزوری و سیامەند حاجۆ)ش بۆ دەستەی نووسەران زیاد کراون. لەژمارە (٤)دا، سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین، وەک خۆیان ماونەتەوە.
دەستەی نووسەران نەماوە. بەڕێوەبەر زیادکراوەو بە (موحسین ئۆسمان)، سپێردراوە. لە ژمارەکانی (٥)و (٦)و (٧و٨)دا، هەمان کاردابەشکردنەکەی ژمارە (٤)، دووبارە بۆتەوە. لەژمارە (٩)دا، پرۆژەی گۆڤارەکە بۆتە پڕۆژەی هاوبەش (پڕۆژەی کوردۆلۆژی زانکۆی بەرلین و ماڵی شەرەفخانی بەتلیسی لە هەولێر). دەربارەی ئامانجی ئەم پڕۆژە هاوبەشە لە سەروتاری ژمارە (٩)دا، هاتووە: ( کۆڤارا مە ژی هاڤیبوون، کو هەتا نها ل بەرلینێ چاپ دبوو ژ دەرڤەی وەلاتی بەلاڤ دبو، دخوازیت ژ ڤێ ژمارێ -٩- پێڤە ل کوردستانێ ژی چاپ ببیت و ب بەرفرەهی ل هەمی جها بێتە بەلاڤکرن، چونکی بەری نهو یەک ژ ئارێشێن مە گەهاندنا کۆڤارێ بوو بۆ کوردستانێ و ڕەنگە دابڕینەک د ناڤبەرا مەو خواندەڤانێن د ناڤ وەلاتدا هەبوو، لێ ب چاپبونا -هاڤیبوون-ێ ل کوردستانێ دێ ئەڤ ئارێشە چارەسەر بیت و دێ گەهیتە بەردەستێ هەمی خواندەڤانان. هاڤیبوون دێ بزاڤێ کەت پرەکێ د ناڤبەرا نڤیسەرو خواندەڤاناندا چێکەت، ل کوردستانێ ب هەردو پارچێن خۆڤە دگەل دەرڤەی وەلاتی ژی پەیدا بکەن. ژمارە ٩، لاپەڕە ٤-٥).

ئەم پڕۆژەیە تا ژمارە (١٢و١٣)، بە هاوبەشی ماوەتەوە. لە ژمارە هاوبەشەکاندا؛ (د.فەرهاد پیرباڵ) بۆتە خاوەن ئیمتیازو، (سالمێ جاسم) بۆتە سەرنووسەرو، (موحسین ئۆسمان)یش بۆتە بەڕێوەبەری گۆڤارەکە. لە ژمارە (١٤)دا، پڕٶژە هاوبەشەکە نەماوەو (سالمێ جاسم) بە سەرنووسەری و (موحسین ئۆسمان)یش بە (بەڕێوەبەری نووسین)، ماونەتەوە. (عەدنان شینۆ)ش بەڕێوەبەری هونەری بووە. لە ژمارەکانی (١٥)و (١٦و١٧)دا، هەمان دەستەی ژمارە (١٤)، دووبارە بوونەتەوە. لە ژمارە (١٨)دا، قەبارەی گۆڤارەکە گۆڕاوەو خاوەنی ئیمتیاز بۆتە (عەبدولڕەحمان نەقشبەندی). لە ژمارە (١٩و٢٠)دا، سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازو بەڕێوەبەری نووسین وەک خۆیان ماونەتەوەو بەشی (سەرپەرشتی گشتی ) بۆ زیاد کراوەو بە (عەبدولڕەحمان مزوری ) سپێردراوە. هەروەها (د.فەرهاد ئیبراهیم و د.سەلاح هرۆری و د. فەرسەت مەرعی) ، وەک بەشی سەرپەرشتکاری ئەکادیمی، بۆ زیاد کراوە. هەمان کار دابەشکردن، لەژمارە (٢١)یشدا، دووبارە بوونەتەوە.

بابەتە بڵاوکراوەکان بە زمانی ژمارە

لەگەڵ ئەوەی گۆڤاری هاڤیبوون کە بە گۆڤارێکی ئەکادیمیش ناسراوە، لە ژمارە سەرەتاییەکانیدا، دەقی چەند شیعرو چیرۆکێکیشی بڵاوکردۆتەوە. ئەم حاڵەتە تا ژمارە شەش دەبینرێت. لەمە بەدواوە، هیچ دەقێکی شیعرو چیرۆکی بڵاونەکردۆتەوەو، قورسایی خۆی خستۆتەسەر بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی، کە هەندێک لەم لێکۆڵینەوانە بابەتی کتێب بووینەو بە دوو سێ بەش بڵاوکراونەتەوە. بۆ زانیاری زێتر، تەواوی بابەتە بڵاوکراوەکان پۆلین دەکەین:
– (١٦٧) لێکۆڵینەوەی زانستی (بە نووسین و وەرگێڕانەوە).
– (٧٣) وتار.
– (١٧) بابەتی تایبەت بە خستنەڕوو و کتێب خوێندنەوە.
– (١٥) دیدارو دیمانە لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و ئەدەبییەکان.
– (١٠) هەواڵی جۆر بەجۆر.
– (٨) شیعر.
– (٨) چیرۆک.
– (٧) ریکلام و ئاگادارینامە.
– (٦) وتاری بیرەوەری ئامێز.
– (٤) ڕێپۆرتاژ.
– (٣) ڕەخنەی ئەدەبی.
– (١) نامە (نامەی د. ئەمیری حەسەن پوور بۆ گۆڤاری هاڤیبوون).
هەمووی بەسەریەکەوە، (٣١٩) بابەت و ناوونیشانی بڵاوکردۆتەوە، کە لێکۆڵینەوە بەشی شێری بەرکەوتووەو ڕێژەی لەسەدا پەنجاو دوو و نیوی ناوونیشانە بڵاوکراوەکانی داگیر کردووە. جگە لەم بابەت و چمکانە، لە ژمارە (١٠) بە دواوە وەک پاشکۆیەک، (٦١) بەڵگەنامەی بڵاوکردۆتەوە، کە (د. نەجاتی عەبدوڵلا)، لە پاریسەوە ئامادەی کردون.

نووسەرەکانی هاڤیبوون

لە (٢١) ژمارەی هاڤیبووندا، بەدەیان نووسەرو پسپۆڕی شارەزای کوردو بێگانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە، بابەت و لێکۆڵینەوەیان لەم گۆڤارەدا بڵاوکردۆتەوە. ڕێژەیەکی کەم بەناوی خوازراوەیە، هۆکاری سەرەکیش ئەوە بووە، کە وا ڕێککەوتووە نووسەرێک دوو بابەتی لە یەک ژمارەدا هەبێت. بۆیە ناچار بووینە پەنا بۆ ناوی خوازراو ببەن. زۆرترین بابەت بە ناوو ئیمزای (هاڤیبوون)ەوەیە، کە (٢٢) بابەتە. دیارە زۆربەی ئەم بابەتانەش لە (سەروتار) خۆیان بینیوەتەوە، ئەو کەسانە نووسیویانە کە لە گۆڤارەکەدا کاریان کردووە.

نووسەرانی بابەتەکانی (هاڤیبوون) و ژمارەی نووسینەکانیان، لەچەند گروپێکدا پۆلین دەکەین:

* گروپی یەک بابەتی: ئەم نووسەرانەن کە تەنها یەک بابەتیان لەم (٢١) ژمارەیەدا بڵاوکردۆتەوە کە ئەمانەن: (سیامەند حاجۆ، ش. لیبیرسینێڤێسکی، موحسین قۆچان، شکری شەهباز، نزار محەمەد سەعید، نەجیب باڵایی، مەجیدێ حەسۆ، جوتیار بامەڕنی، د. سیابەگ میران، د. نەلیدا فوگارۆ، د. گونتەر بێرند، موحسین ئەحمەد عومەر، شێرکۆ بێکەس، هزرڤان، جانکورد، د. عەباس وەلی، نەوشێروان مستەفا، د.مارف خەزنەدار، سەرفراز نەقشبەندی، م. مەلا ئەحمەد، د. محەمەد موکری، محەمەد فەریق حەسەن، عەبدوڵلا جوندی، ڕ.ها، ئەحمەد بەربەر، د. برهان یاسین، میرهەم یگت، عومەر شێخ مووس، د. یوسف زەنگەنە، سەبیحا، د. فەرهاد پیرباڵ، سەیوان، سەلاح قادر، ڕۆژان حازم، د. ئیسماعیل شوکر، زانا خەلیل، فەتحوڵلا حوسێن، گوشاد حەمە سەعید، قادر ڕەشید ” ئەبو شوان “، د. ئەفراسیاو هەورامی، عەبدولموئمین دەشتی، بەدرخان عەلی، پێشڕەوی سەید برایم، عەمەرێ تۆڤی، خەلیل دهۆکی، د. جەبار قادر، ئومێد تەها، فوئاد سەدیق، د. هەژار مەعروف، کەرەڤان ئامێدی، عەبدال نوری، جەلال مستەفا، موحسین عەبدولڕەحمان، بورهان هەژار، د. فازیل عومەر، غەیاسەدین نە‌قشبەندی، د.کریستۆفەر ئونگەر، ڕەزۆ، غەفوری میرزا کەریم، عەبدولغەنی کاکۆ، محەمەد عەلی یونس، د. ئەحمەدی مەلا، شیرالی ئەحمەد، ئەدیب چەلکی، سەلاح سەلیم سەیدۆک، عەبدوڵلا سەڕاج، نەوزاد هرۆری، محەمەد ژۆری، سەدیق ساڵح، د. ئازاد شێخانی، ساڵح محەمەد ئەمین، عەلی مەحمود محەمەد، عەبدوڵلا دارتاش، حەمە جەزا ساڵح، جوتیار تۆفیق هەورامی، سدقی هروری، فەیسەڵ داغلی، د. ئازاد ئەمین باخەوان، د. لەیلا جەلیل عەباس، فەیسەڵ مستەفا، سەلیم بچووک، مستەفا ڕەشید، سەدیق سنداڤی، سەعید ئۆسمان، مەسعود خالید گولی).

* گروپی دوو بابەتی: بریتین لە : (حوسێن کارتاڵ، سیروان حەجی بەرکۆ، یاسین بانیخێڵانی، هەژار عەزیز سورمێ، حەمە سەعید حەسەن، کەچا کورد، تێمورێ خەلیل، حەمە نوری عومەر کاکی، حەجی جەعفەر، نەوزاد جەمال، غازی حەسەن، جەزا چنگیانی، ئامەد تگریس، ڕوهات ئالاکوم، د. عزەدین مستەفا ڕەسوڵ، زاگرۆس ئاگرخوین، عەبدوڵلا ئوزون، د. کەمال فوئاد، محەمەد ساڵح ئامێدی، زەین عابدین خان، هۆشەنگ بروکا).
* گروپی سێ بابەتی: بریتین لە : (عەلی جەعفەر، حەیدەرێ ئومەر، خەسرەو پیرباڵ، پەروێز جیهانی، شاخەوان شۆڕش، عەبدولڕەحمان نەقشبەندی، د. زەردەشت حاجۆ، فەرسەت ڕۆژبەیانی، کەریمێ بیانی، محەمەد ئەمین پێنجوینی، فەهمی باڵایی، شێرزاد هەینی، تەلعەت تاهیر).
* گروپی چوار بابەتی : بریتین لە: (کونێ ڕەش، فاتیح ڕەسوڵ، د. نوری تاڵەبانی، د. فەرهاد ئیبراهیم).
* گروپی پێنج بابەتی : بریتین لە : (کاکشار ئورەمار، د. ئەمیری حەسەن پوور، حازمێ جاسم).
* گروپی شەش بابەتی: بریتین لە ؛ (د. سەروەر عەبدوڵلا، جەمال خەزنەدار).
* گروپی حەوت بابەتی: بریتین لە ؛ (د. جەلیلێ جەلیل، سەعید دێرەشی).
* گروپی هەشت بابەتی: تەنها (سالمێ جاسم )ە.
* گروپی یازدە بابەتی: بریتین لە : (عەبدولڕەحمان مزوری، د. زۆرابێ بودی).
* گروپی دوازدە بابەتی: تەنها (موحسین ئۆسمان)ە.
* گروپی شازدە بابەتی: تەنها (د. نەجاتی عەبدوڵلا)یە.

ڕاوێژکارەکان

بابەت و لێکۆڵینەوەی زانستی کە لە (هاڤیبوون)دا بڵاوکراونەتەوە، پێویستیان بە سەرنج و بۆچوونی خەڵکی پسپۆڕ هەبووە، هەر بۆیەش گۆڤارەکە لە دەرەوەی ستاڤی کارەوە چەند ڕاوێژکارێکی بۆ خۆی دەستنیشان کردووە. ئەم ڕاوێژکارانە پشتگیرییان لێکردووەو بە سەرنجەکانیان گۆڤارەکەیان دەوڵەمەندتر کردووە. لە ژمارە چوارەوە کۆمەڵێک ناو وەک گروپی پشتگیری کردنی گۆڤارەکە دەبینرێن. لە ژمارە چواردە بەدواوە، ئەم دەستە ڕاوێژکارییە نەماوە. ئەو کەسانەی کە لە ژمارەکانی (٤) تاوەکو (١٣)، ناویان هاتووەو لەسەر گۆڤارەکەدا نووسراون بریتین لە؛ (د. ئەمیری حەسەن پوور، د. ئۆردیخانی جەلیل، د. برهان یاسین، د. جەلیلی جەلیل، د. سیابەگ مگارۆیان، م. عەبدولڕەحمان مزوری، عومەر شێخ مووس، د. فەرهاد ئیبراهیم، د. مەمۆ عوسمان، د. نەزەند بەگی خانی، د. نوری تاڵەبانی، د. یوسف زەنگەنە، دلشاد سەعید، د. محەمەد موکری، د. زۆرابێ بودی، شارەزاد موجاب، د. سەروەر عەبدوڵلا، د. ئەحمەدی مەلا، جەمال خەزنەدار، د. دلێر شاوەیس، نەجدەت ئاکرەیی، د. عارف حیتۆ، د. عەبدوڵلا ئاگرین، عزەت فەندی، د. مارف عومەر گوڵ، د. موەفەق دەرگەڵەیی).
ئەم ناوانەی سەرەوە لە هەموو ژمارەکاندا دووبارە نابنەوەو جاروبار ناوێک نەماوەو ناوێکی تر هاتۆتە جێگای، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەسە ناو هاتووانە، ناویان وەک پشتگیری و ڕاوێژکار، لە چەند ژمارەیەکدا هاتووە.

هەندێک وردە زانیاری تر

(١)- ژمارەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢و١٣)، بە هاوبەشی لەگەڵ ماڵی شەرەفخانی بەتلیسی لە هەولێر دەرچووە.
(٢)- لە ژمارە (١-١٧) بە قەبارەی (١٤ جاران ٢٠)سم دەرچووە. ژمارەکانی (١٨، ١٩و٢٠) بە قەبارەی (١٦ جاران ٢٤)سم و ژمارە (٢١)یش بە قەبارەی (١٧ جاران ٢٤)سم دەرچووە.
(٣)- ژمارە یەک بە کەمترین لاپەڕە دەرچووە کە (١٣٢) لاپەڕەیەو، ژمارە (١٦و١٧)ش بە زۆرترین لاپەڕە کە (٣٦٠) لاپەڕەیە.
(٤)- بەرگی هەموو ژمارەکان بە تابلۆیەکی جوانی ڕەنگاوڕەنگ، ڕازاندرایتەوە.
(٥)- هەڵەی چاپی کەمە.
(٦)- کۆی لاپەڕەکانی سەرجەم ژمارەکانی بە هەردوو قەبارەیەوە، (٤٠٣٨) لاپەڕەیە.
(٧)- (١٣٦) نووسەر بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.
(٨)- زیاتر بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
(٩)- سالمێ جاسم و موحسین ئۆسمان، بە داینەمۆی سەرەکی گۆڤارەکە دەژمێردرێن.
(١٠)- لە ژمارە (٤)دا، نرخی گۆڤارەکە دیاری کراوە کە (١٠) مارکی ئەڵمانی بووە. هەروەها ئابۆنەی ساڵانەش ( بۆ کەسەکان پەنجا مارک و دەزگاکان حەفتاو پێنج مارک ) بووە. لە ژمارە (١٠)شدا، ئابۆنەکە بۆ کەسەکان بۆتە (٢٥) ئۆیرۆ و، بۆ دەزگاکانیش (٣٥) ئۆیرۆ.
(١١)- زۆرترین بابەت لە دوای ئیمزای (هاڤیبوون)ەوە، (د. نەجاتی عەبدوڵلا)، بڵاویکردۆتەوە.

بۆ هاڤیبوون ؟!

لەبەر ئەوەی گۆڤارێکی ئەکادیمییەو لەلایەن دەزگایەکی کوردۆلۆژی لە دەرەوەی وڵات دەرچووەو کۆمەڵێک بابەتی گرنگی بە قەڵەمی ڕۆژهەڵاتناسان و شارەزایانی کوردۆلۆژی، بڵاوکردۆتەوە، لە دواڕۆژیشدا دەبێتە ژێدەرێکی باش بۆ نەوەی داهاتوو، لەوانەیە هەموو کەسێکیش بەم گۆڤارە نەزانن… بۆیە بە پێویستمان زانی کۆمەڵێک زانیاری چڕ دەربارەی (نووسەرەکان، کاتی دەرچوون، ژمارەکان، قەبارە، لاپەڕەکان، جۆری بابەتەکان، ….. ) بلاو بکەینەوە. ئامانج لە نووسینی ئەم بابەتە؛ دەست نیشانکردنی پێگەی (هاڤیبوون)ە لە کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ئاسانکردن و بەرچاو ڕوونییەکیشە بۆ ئەو کەسانەی کە لەبارەی ڕۆژنامەگەریی و کاری بیبلۆگرافیاوە، هەوڵەکانیان، چڕ کردۆتەوە.

سەرچاوەکان

جگە لە ژمارەکانی (هاڤیبوون)، بە تایبەتیش هەرسێ ژمارەی (٧و٨)ی جمکانەو ژمارە (٩)، سوودیش لەو دیمانەی (سالمێ جاسم)ی سەرنووسەر وەرگیراوە کە ڕۆژنامەنووس (نازم دڵبەند) لەگەڵیدا سازیکردووەو، لە لاپەڕە (١١)ی ژمارە (٤٥٠٠)، ڕۆژی ١٩-٢-٢٠٠٨ی (کوردستانی نوێ)دا، بڵاوکراوەتەوە.

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish