Skip to Content

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ بێری وایزڵه‌ر سكرتێری ڕێكخراوی سۆشیالیست ئاكشن لە کەنەدا

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ بێری وایزڵه‌ر سكرتێری ڕێكخراوی سۆشیالیست ئاكشن لە کەنەدا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2018 General, Marxism, Opinion, Slider

گۆشه‌یه‌ك له‌ کارو خەباتی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی لە كه‌نه‌دا

گفتوگۆو ئامادەکردنی: گۆران عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگه‌كان

———————————————–
1- بێری وایزڵەر کێیە؟

بێری وایزڵەر:

من، نووسەر، سەرنووسەر، مامۆستا، سەندیکالیست، خوێندکاری مێژوو، ئاژیتاتۆری دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە دامەزرێنەری پارتی شۆڕشگێڕانەی سۆشیالیستیم.
لە تۆرنتۆ لە دایک بوومە لە ساڵی 1953، کوڕی ڕزگار بوویەکی هۆڵۆکۆستی جولەکەکانم، نەوەی ئاوارەکانی دەستی شەڕو سەرکوتم. دژی کۆڵۆنیاڵیزم و داگیرکاریم لە فەڵەستینەوە تا کوردستان و هەموو شوێنێکی تر لەم دونیایە.
حەزم لە مۆسیقای میللیە، لە ئارت – کلاسیک و نوێ، چێشت لێنان لە ماڵەوە، باخەوانی، گەشت و گوزار، وەرزش و ئارەزوویەکی زۆریش بۆ خوێندنەوە. لەگەڵ کۆمپیوتەریش سەرو کارێکم پەیداکردووە، بەڵام خۆم لە ئەلکترۆنیات بە دوور دەگرم، کاری ناو ماڵ، لە بیرکاریش سنووردارم. لەگەڵ هاوسەرە شیرینەکەشمدا سی ساڵمان پێکەوە گوزەراندووە.
نزیکەی پەنجا ساڵم لە تەمەنم لە ناوبزوتنەوەی سۆشیالیستیدا بەڕێکردووە بۆ گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵگا. سەرەتای کارکردنم لە قۆناغی ئامادەییەوە دەستی پێکرد ئەوەش لە هەڵمەتێکەوە بوو لە پێناوی دیموکراتی و مافی خوێندکاران. لێرەوە دەرگایەکی گەورەتر لەدونیابینی خەباتکردن ئاواڵە بوو، شەڕی ڤێتنام، کۆڵۆنیاڵیزمی نوێ و عەسکەرتارییەت، چەوسانەوەی کرێکاران و جودا خوازی لەسەر بنەمای ڕەنگ و ڕەگەز، بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتێکان، تا دەگاتە هەڕەشەکانی بۆمبی ئەتۆمی.
کە ئاوڕ دەدەمەوە لە ڕابردووم دڵخۆشم بە کارە ڕێکخراوێکانم: هەر لە جوڵانەوەکانی خوێندکارانەوە تا وەستانەوە دژ بە کۆڵۆنیالیزم و هاوپشتیکردن لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک لە ئەمریکای ناوڕاست، یەکێتی مامۆستایان ( پاش بیست ساڵ لە لایەن بیروکراتیەتی سەرکوتگەرەوە بەلاڕێدا برا)، گەورەترین و کاریگەرترین بەرەی چەپ لەناو پارتی نیشتمانی دیموکراتی(NDP) لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە هەوڵی بەردەوامم دژ بە زوڵم و ناعەدالەتی و هەروەها بنیاتنانی ڕێکخراوەیەکی شۆڕگێڕانەی سۆشیالیستی لەم وڵاتە کە پەیوەندی هەبێت بە هاوڕێکانی ترمانەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

2- کەی و چۆن پەیوەندیت پەیداکرد لەگەڵ مارکسیزمدا؟

بێری وایزڵەر:

پەیوەندێکانی سەردەمی لاوێتیم لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاران بۆ بەدیموکراتیزەکردنی سیستمی خوێندن، بوو بە مایەی ئەوەی بەشداری بکەم لە خۆپیشاندانەکانی دژی شەڕی ڤێتنام، لێرەشەوە پەیوەندیم پەیدا کرد لەگەڵ گەنجانی دیموکراتی نوێ و لاوانی سۆشیالیست. لە زانکۆی تۆرۆنتۆ ئەندامانی لاوانی دیموکراتی نوێ NDY باسی ئیمپریالیزمیان بۆ کردم، هەرچەندە تێڕوانینەکانیان قەتیس ببوەوە لە سنوری ناسیۆنالیزمی کەنەدیدا.
لە پێشانگەیەکی کتێبدا کە لەلایەن ( کۆمەڵەی کاری سۆشیالیستی – LSA)ه‌وە ڕێكخرابوو، بۆ یەکەمین جار کۆپییەکی (مانیفێستی کۆمۆنیست)م کڕی کە پێشەکێکەی لەلایەن ترۆتسکییەوە نووسرابوو. LSA زۆر بیرکردنەوەی لا درووستکردم لەسەرەتادا وام هەستکرد پارتەکە زۆر ڕەقە و لە تاکتیکدا کۆنسێرڤەتیڤە، پەیوەندیم کرد بە گروپێێکی ڕادیکاڵی قوتابیانەوە ناویان لە خۆیان نابوو ( Old Mole)، پاشان ئەندامی کۆمەڵەی مارکسییە شۆڕشگێڕەکان، دوواتریش کۆمەڵەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (Revolutionary Workers League). لە کۆتاییدا LSA (League for Socialist Action ) لە کەنەدادا زیاتر ڕۆشن بوو لە هەموو لایەنە چەپەکانیتر .

3- لەو کاتەوەی خۆت بە مارکسی زانییوە تا ئەم کاتە، چۆن دەڕوانیتە مارکسیزم و بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا، وە بەچ ئاراستەیەکدا دەڕوا؟

بێری وایزڵەر:

بزووتنەوەی مارکسیزم لە کەنەدا بە شێوەیەکی گشتی باوەشی بە خەباتی ئینتەرناسیۆلیستیدا کردووەو خۆی دەربازکردووە لە ناسیۆنالیزمی کەنەدی , وەک داکۆکیکەرێکی ئازادی نەتەوەکان خەباتی کردووە و پشتیوانی کردووە لە خەڵکی ئیندجنس و کیوبەک و فەڵەستین، هەروەها لایەنگیری خۆشی بۆ چینی کرێکار پیشان داوە. مارکسێکان لە ڕووی ژمارەوە لە ئێستادا کەمترن لە ساڵەکانی هەفتا و هەشتاکان، بەڵام دووبارە ڕوو لە گەشەکردنە.
کێشەیەکی سەرەکی لەمڕۆدا ڕوبەڕوی شۆڕشگێڕەکان دەبێتەوه‌ ئەوەیە کەچۆن بکرێت ئەم باوەڕە پراكتکڵی ببرێتە ناو جەرگەی چینی کرێکارو لەوێدا پارتێکی شۆڕشگێڕانە دروستبکرێت.
چارەسەری ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە یەکگرتنەوە، وە تەجسید کردنی ئەم ڕۆحە لە ناو یەکێتییە کرێکارێکان و ئەو بنەما کرێکارییەی ناو “پارتی دیموکراتی نوێ”. بە کورتی خەباتی چینایەتی بەرەی چەپ لە هەموو شوێنێک لە پێشڕەوی دایە دژ بە بیروکراتیەت و چوارچێوه‌ی رابەرایەتێکەی، ئەمەش لە خۆیدا کلیلی چونە پێشەوەیە. پێویستە بزوتنەوەی مارکسی بەم ئاراستەیەدا بڕوات، یان هەر لەو دوورە پەرێزییەدا دەمێنێتەوە، لەوەش خراپتر لە چوارچێوەی ئەکادمییەتدا خۆی قەتیس دەکاتەوە.
من دڵخۆشم بەو سەرهەڵدانە نوێیەی نێو گەنجان دژ بە سەرمایەداری، کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو یاخیبوونەی کرێکاران لەبەرانبەر خاوەنکارەکانیان و بیرۆکراتیەتدا. ئەمە لە خۆیدا دەرگایەکە بە ڕووی دامەزراندنی پارتێکی شۆڕشگێڕدا لە داهاتوویەکی نزیکدا. دژە کاپیتاڵزمی بەتەنها بەس نییە، دەبێت هەر ئەمڕۆ خۆت ڕێکخراو بکەیت.

4- لە بەشێک لە وەڵامەکەتدا ئاماژەت بە کەمبوونی ژمارەی سۆشیالیستەکان کرد لە ئێستادا لە چاو پێشووتر. ئەو پێشووە کەیە، وە هۆکاری ئەم کەمبوونە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بێڕی وایزڵەر:

ئەگەر ئێمە بەراوردێك لە نێوان ئەمڕۆ و ساڵانی شەستەکان و هەفتاکانی پاش شەڕی جیهانی دووەم بکەین، جیاوازییەکان بە ڕۆشنی دەبینرێت. بوژانەوەی ئابوری پێشکەوتوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوای سەرمایەداری، هاوتا بوو لەگەڵ فشاری دەوڵەت و بە حاشییەبوونی چەپی ڕادیکاڵ. سیاسەتە توندو سەرکوتگەرەکانی ستالینیش بوو بە هۆکاری دابڕانی بەشێکی تر لە کرێکاران لە بزوتنەوەکەی. بەڵام شەڕ لە ڤێتنام و کەلتوری بەهەدەردان و زیادەخۆری، لە ئاستی جیهاندا بزوتنەوەیەکی گەنجانی هێنایە دەرەوە، نەک تەنها دژ بە شەڕ، بەڵکوو دژ بە ڕەیسیزم، سێکسیزم، نادادپەروەری و وێرانکردنی سروشت. خۆپیشاندانەکانی مانگی مەی ١٩٦٨ی فەرەنسا ئەوەیان نیشانداین، کە خوێندکاران ناتوانن شۆڕشی سۆشیالیستی ئەنجام بدەن بەبێ بوونی پارتێکی جەماوەری مارکسی شۆڕشگێڕ، لێرەوە چینی کرێکار لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دوور دەخرێتەوە لەلایەن سەرکردە ستالینی و دیموکراتخوازەکانەوە.

لە ناوەڕاستی حەفتاکان و هەشتاکاندا، سەردەمی زێڕینی وڵاتە سەرمایەدارێکان کۆتایی هات و دەرگای قەیرانکان کرانەوە. لێرەوە هێرشەکان دەستپێدەکاتەوە بۆ سەر دەسکەوتە کۆمەڵایەتێکان و ئەو دەسکەوتانەی چینی کرێکار لە ڕابردوودا بەدەستیان هێنابوو. بە شێوەیەکی بەرچاو هەست بە نەبوونی بڕێکی تەواو لە ڕابەرانی سەندیکاکان و پارتە سیاسییەکان دەکرێت بۆ وەستانەوە بەرانبەر بەو هێرشانەی کە دەکرایە سەر بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار لە لایەن کەمپانییەکانەوە. خوێندکارانی ڕادیکاڵ بێدەنگبوون لە بەرانبەر کێشە ئابورێکاندا. کرێکارانی ڕادیکاڵیش ڕووبەڕووی کێوێک لە بەرگری بوونەوە، تەنانەت فشار خستنە سەریان لەڕێی بیروکراسییەتی کارەوە. بۆیە ژمارەی سۆشیالیستەکان “کەمبوونەوە” بە بەراورد بە گەشەی دانیشتوان و خواستی بەرگری کرێکاران.

ئەمرۆ بزووتنەوەی کرێکاری لە حاڵەتی بەرگریدا ماوەتەوە. گۆڕینی ڕابەرانی گەندەڵکار لە بزووتنەوەکەماندا ناکرێت جیابکرێتەوە لە ڕووبەڕووبونەوەمان لەگەڵ چوونەسەرەوەی قەیرانەکانی دەسەڵات، کە خۆیان دەردەخەن لە کێشەکانی ژینگە، چوونەسەری هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی، پلانی دەستگرتنەوەی نەزۆکانە، پاوانخوازی دەسەڵات، ئەمانە دەبنە مایەی هاتنە دەرەوەی فاشیزمی نەتەوەیی و ڕەگەز پەرستی و ڕق بوونەوە لە پەناهەندە. قڵیشێکی گەورە کەوتۆتە نێوان دونیابینی ئەوانەی له‌ دەسەڵاتدان لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگە لە کرێکاران، ژنان و لاوان کە دژایەتێکانیان بۆ سیستمی سەرمایەداری ڕوو لە زیاد بوونە. کاری سۆشیالیستەکان ئەوەیە ئاسۆو ئامانجێکی ڕۆشن و شۆڕشگێڕانە بخاتە پێش نەوەی نوێ لەکرێکارانی شۆڕشگێڕ. ئامانجمان پەیوەستکردنیان بە ڕیزی کرێکارانی شۆڕشگێڕی جیهانییەوە.

5- ئێوە ڕێکخراوەیەکی سیاسیتان هەیە بە ناوی کاری سۆشیالیستی، وەکوو گروپێک لە ناو پارتی دیموکراتی نوێ کار دەکەن. کەی ئەم ڕێکخراوەیەتان دامەزراندووە؟ ئەی بۆچی لە ناو ڕێکخراوەیەکی سیاسین و سەربەخۆیانە کاری خۆتان ناکەن؟

بێڕی وایزڵەر:

پارتی دیموکراتی نوێ- ی کەنەدی (NDP)، پارتێکی سۆشیال دیموکراتی لاوازە. لە پاش درووستبوونی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دروستبوو لە 1961 بە دەستپێشخەری کۆنگرەی کاری کەنەدی و CCF پارتێکی چەپی دیموکراتی کۆمەڵایەتی بوو لە 1933 درووستببوو. زوو زوو هەوڵدەدرێتNDP لە ئاستی هەرێمەکان دەسەڵات بگرێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە لە ئاستی فیدراڵدا براوەبێت. چونکە ڕابەرەکانی لاینگیری لە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن کرێکارانی پێشڕەوەوە لایەنگیری دەکرێت، ئەوانەی نائومێد بوون لە پارتە گەورە کاپیتالیستێکانی کەنەدا، لیبراڵ و کۆنزێرڤەتیڤ. هیچ پارتێکی تر نییە لەNDP چەپ تربێت. ئەوەی هەیە پارتی کۆمۆنیستی و چەند گروپێکی بچوک لە ترۆتسکێکان و ماوێکان، جیا لەمانە شتێکی تر نییە.
ڕێگریکردن لە چوونە ناو NDP وە بە مانای ڕێگریکردنە لە گفتووگۆکردن لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کرێکارانی هۆشیار لە ڕووی چینایەتی و سیاسییەوە لەم وڵاتەدا، ئەوە لە خۆیدا بڕیاری تەریکبونەوەو پچرانی پەیوەندییە.
سۆشیالیست ئاکشن SA هەوڵی بردنە پێشەوەو ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان دەکات لە ناو ڕێکخراوە جەماوەرێکاندا لە ئاستی کرێکارانی کەنەدا. هەروەها دەبێت دژایەتی بیروکراتیزم بکەین لە ناو چینەکەماندا و تووڕ هەڵبدرێنە دەرەوە، وە ئەمکارە دەبێت لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرێکانیشدا ئەنجام بدرێت. ئەوە باوەڕو سیاسەتمانە لە ناو سەندیکاکان و NDP دا.

په‌یوه‌ندی كاری ئێمه‌ به‌ NDP یه‌وه‌، وه‌ك به‌شداریكردنمانه‌ له‌ سه‌ندیكا كرێكارێكان، له‌ بنه‌ره‌تدا ستراتیجیه‌تی ئێمه‌ گه‌شتنه‌ به‌ چینی كرێكار و ڕێكخراوه‌ كرێكارێكان. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئایدیۆلۆجیمان نییه‌ له‌گه‌ڵ سۆشیاڵ دیموكراتدا، ئه‌وه‌ هه‌ر وازبێنه‌ له‌ كڵێشه‌ لاوازه‌كه‌ی كه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ NDP دا.
ناتوانرێت NDP بگۆڕدرێت، پڕه‌ له‌و خاڵه‌ دژ‌انه‌ی سۆشیاڵ دیموكراسی. ئێمه‌ له‌وێ كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی گۆڕانێك به‌رینه‌ پێشه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وكرێكارانه‌ی له‌ قاعیده‌ی ئه‌و حزبه‌ كارده‌كه‌ن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جۆراو جۆره‌كانی قیاده‌و قاعیده‌ی ئه‌م حیزبه‌ لێك ده‌ترازێن و دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌یه‌كتر. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌وا كاره‌كانی SA له‌ده‌ره‌وه‌ی NDP دایه‌.
له‌ ئێستادا SA نوێنه‌رێكی خۆی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی سۆشیالیستی ڕۆشنه‌وه به‌شداری پێكردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانێكاندا. هه‌روه‌ها ته‌قریبه‌ن ڕۆژانه‌ خۆپیشاندانمان هه‌یه‌ بۆنمونه‌ دژ به‌ ده‌ستپێوه‌گرتنه سه‌رمایه‌دارێكانی‌ دۆگ فۆردی پارتی پارێزگاران له‌ ئۆنتاریۆ.

ئێمه‌ به‌شدارین له‌و نێتوۆركه‌ هاوپشتییه‌ی بۆ كوبا و ڤنزوێڵا، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی چه‌پی كیوبه‌كین بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی كه‌نه‌دا بۆ كشانه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان و گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل. به‌شدارین له‌ به‌رهه‌ڵستكاریكردنی ڕاكێشانی بۆڕییه‌ نه‌وتێكان به‌ قازانجی دانیشتوانه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ وه‌ك مافێكی ڕه‌وای خۆیان. سه‌رباری ئه‌وكارانه‌شمان هه‌ڵده‌ستین به‌ پیشاندانی فیلم، به‌ستنی كۆنفرانس، گێڕانی كۆڕو سیمنار، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك له‌گه‌ڵ به‌ چاپگه‌یاندنی نامیلكه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی سۆشیاڵست ئاكشن كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی مانگانه‌یه‌ له‌ ئاستێكی فراواندا.
تێكه‌ڵاو بوونمان به‌ ND یاریده‌ده‌رێكی باشه‌ له‌ ڕووی میدیاییه‌وه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی كارو چالاكێكانمان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و به‌ره‌ی چه‌پدا له‌ ناو ئه‌م پارته‌، ئیتر ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌و كارانه‌مان كه‌ به‌درێژایی ساڵ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.

6- بانەری سۆشیالیست ئاکشن-SA وێنەی هەردوو کەسایەتی” لیۆن ترۆتسکی و ڕۆزا لۆکسمبۆگ”ە کە بەردەوام لە بۆ نەکانتاندا ئامادەییان هەیە. دەپرسم بۆچی ئەم دوو کەسایەتییە بوونەتە ئایکۆنی ڕێکخراوەکەتان؟

-بێری وایزڵه‌ر:

ئێمە هیچ ئایکۆنێکمان نییە، ئەگەر ئایکۆن بە مانای سیمبولی ئاینیی بێت، یان ئامانج لێی پەرستن بێت. سەرسام بوونی سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان بە لیۆن ترۆتسکی و ڕۆزا لۆکسۆمبرگ، دەگەڕێتەوە بۆ بیر و ڕێسا و کارە سیاسیەکانیان کە بەرجەستەیان کردووە.
ئێمە بڕوامان بە سۆشیالیستی زانستی هەیە، بۆچی ڕێز لە کەسانێک نەگرین کە توانیویانە نەخشە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری جیهانی دابنێن؟
هەروەها هاوشانی لینین، ترۆتسکی گەورەترین مارکسیستی سەدەی بیست بوو. ئەو فۆرمۆڵەی ستراتیجیەتی شۆڕشی بەردەوامی داهێنا. کە نیشانی دەدا، سەرمایەداری و باڵی لیبراڵ بۆرژوازی هیچ ڕێگا چارەیەکیان پێ نییە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سەرمایەداری.

ترۆتسکی پەیوەندی کرد بە پارتی بەلشەفیکەوە، وەبەشداری کرد لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1917، سوپای سوری دامەزراندو سەرکەوتووانە ڕێگری کرد لەهاتنە ژوورەوەو دەستێوەردانی سوپای دەرەکی و جەنەراڵە سپییەکان. ڕابەری ناوەندی کۆنگرەی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستەکان بوو لە ساڵەکانی یەکەمدا. شەڕی سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بیروکراتییەتی ستالینی کرد لەگەڵ تێڕوانینە کۆنەپەرستێکانی لە دامەزراندنی “سۆشیالیزم لەیەک وڵاتدا”، زۆر بەڕۆشنی و ڕاشکاوانە دەستنیشانی سەرهەڵدانی فاشیزمی کردو چۆنیەتی وەستانەوە لە بەرانبەریدا. بۆیە باڵی چەپی ئۆپزسیۆنی درووست کرد لەگەڵ کۆنگرەی چوارەمی ئینتەرناسیۆناڵ بۆ درێژە دان بە هێڵی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.

ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ شۆڕشگێڕێکی ئینتەرناسیۆنالیستی ناسراوە. بەڕۆشنی ڕیشەی مادی ئسڵاحخوازەکانی ڕۆشنکردەوە، شوناسی ئەوانەی ناساند کە خیانەتیان لە چینی کرێکار کرد بۆ وەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و خۆیان دایە دەست شەڕی کۆمەڵکوژێکانەوە. پێداگری دەکرد لەسەر خەباتی جەماوەری بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم کە تیایدا چینی کرێکار ڕاستەوخۆ جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست. ڕۆزا دامەزرێنەری پەیوەندی سپارتاکۆسێکان و پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا بوو، وە سەرسەختانە بەرگری لە شۆڕشی ڕوسیا دەکرد لەدژی ئسڵاح خوازەکان و چه‌پی په‌ڕگیر.

سۆشیالیست ئاکشن بڕوای وایە، لیۆن ترۆتسکی و ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ دوو کەسایەتی زۆر ئازا و ڕۆشن بوون، وه‌ خاوەنی درکی تایبەت بوون بە بارودۆخی سەردەمی خۆیان. بۆیە بۆ ئێمە گرنگە لێیانەوە فێربین، لەوەش گرنگتر ئێمە دەتوانین لەو ئایدیاو میتۆدە فکریانەی ئەوان کە زادەی سۆشیالیزمی زانستین و لە ڕۆژگاری خۆیاندا پێشکەشیان بە چینی کرێکار کرد سودمەندبین، چونکە دونیای ئەمڕۆمان درێژ کراوەی هەمان دونیای دوێنێیە و خراپتریش. بۆیە ئێمە پێویستیمان بەوزانستە سیاسییە هەیە بۆ وەستانەوە بەرانبەر بەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی بەشەرییەت دەبێتەوە خراپتر لە هەموو سەردەمەکانی تر.

7- له‌ كه‌نه‌دا چه‌ندین گروپ و ڕێكخراوه‌ی چه‌پ هه‌یه‌، كه‌ چی حزبێك نییه‌ هه‌موویان كۆبكاته‌وه‌. بۆچی چه‌پ یه‌كگرتوونین؟

بێری وایزڵه‌ر:

پێگه‌ی چه‌پ له‌كه‌نه‌دا، به‌به‌راورد به‌هاوڕێبازه‌كانی له‌ ئه‌مریكا زۆر باشتره‌، لاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كه‌ناردایه‌. ئه‌مه‌ش له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازی هۆشیاری چینایه‌تی و خه‌باتی چینایه‌تی. ئه‌م لاوازییه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار كه‌ په‌یوه‌نده‌ به‌ داموده‌زگاكانی ئه‌م وڵاته‌وه‌.
چینی ده‌سه‌ڵاتداری كه‌نه‌دی سوودمه‌ندن له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌روه‌تی نیوه‌ی كیشوه‌ری باكور، ئه‌و ئاسانكارییه‌شیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بوو له‌ ڕێی جینۆساید كردنی دانیشتوانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ له‌ ڕێی به‌ كۆیله‌كردن و سه‌ركوتكردنیان، ئه‌وه‌ش بوو به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ خوڵقاندنی ئیستعماری كه‌نه‌دی‌. توانرا هاتنی شه‌پۆله‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی په‌نابه‌ران به‌ حه‌قده‌ستێكی كه‌مه‌وه،‌ په‌یوه‌ست بكرێن به‌م سیستمه‌وه‌ له‌ڕێگای ده‌ستڕاگه‌شتنیان به‌م سامانه‌ نوێیه‌ی كه‌نه‌دا،‌ به‌یارمه‌تی بانكه‌ ئیمپریالێكانی كه‌نه‌داو و كارگه‌كانی ده‌رهێنانی كانزایه‌كان و ده‌زگا وه‌به‌رهێنانه‌كانی تر.

هه‌رچۆنێكبێت سه‌رباری ئه‌م هێزه‌ مادییه‌، كرێكار به‌ ڕێژه‌ی %٣٢ ڕێكخراوه‌، له‌ ئه‌مریكا به‌ ڕێژه‌ی %١٢. ته‌نها پشتیوانیكه‌ری له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باكوردا پارتێكی كرێكاری جه‌ماوه‌ریه‌‌ ( هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانی و ڕیفۆرمیستیشه‌). به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌حزابه‌ بچوكه‌ چه‌په‌كان، تاكتیكه‌ سیاسی ومیتۆده‌ جیاوازه‌كانیان له‌شێوه‌ی جیاوازی له‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتردا زه‌قده‌كه‌نه‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندی چه‌په‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌كان.
مێژووی ئینشقاقات له‌ نێوان ماركسیزمی شۆڕشگێڕ یان ترۆتسكییزم له‌ به‌رانبه‌ر سۆشیال دیموكراسی، ستالینیزم، ئه‌ناركیزم و هه‌موو ئه‌م به‌شانه‌ له‌ چه‌پی كه‌نه‌دیدا بوونیان هه‌یه‌.
چه‌پ یه‌كگرتوو نییه‌، چونكه‌ جیاوازی له‌ نێوان خه‌باتی سیاسی چینایه‌تی و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی هاوكاریكردنی چینایه‌تی هه‌یه‌، وه‌وه‌ش ناكرێت وه‌لابنرێت.
ئه‌وه‌ی كاری سۆشیالیست ئاكشن (SA) جیاده‌كاته‌وه‌ له‌وانی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا درێژه‌ پێده‌ری مێژوویی ماركسیزمه‌ له‌ كه‌نه‌دا، له‌ سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ تا وه‌كووئێستا، پابه‌ندبوونی SA به‌ كاری سه‌ربه‌خۆی سیاسیانه‌ی چینی كرێكار له‌ ئه‌حزابه‌ بۆرژوازییه‌كان و ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها پێداگرتن له‌سه‌ر كاری به‌كۆمه‌ڵ، به‌ره‌ی یه‌كگرتوو، شۆڕشی به‌رده‌وام و دیموكراتیه‌تی كرێكاری بووه‌.

ته‌نانه‌ت له‌ ناوه‌ندی یاخیبونی شۆڕشگێرانه‌شدا، ئه‌وكاته‌ی چه‌په‌كان له‌یه‌ك به‌ره‌ی خه‌باتدان، ئه‌گه‌ر بڵێین جیاوازێكان نه‌ماون ئه‌وه‌ كارێكی نه‌كرده‌یه‌. یه‌كگرتنی هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ی چه‌پ، له‌ چوار چێوه‌ی یه‌ك حزبدا، جیاوازی سیاسی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌مین جیاوازی ببێته‌ مایه‌ی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ هۆكاری وه‌ڕه‌زی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌.
باشترین ڕێگا بۆ داڕشتنی یه‌كگرتنێكی ئسوڵی، له‌ ڕێگای درووستكردنی دیالۆگێكی كراوه‌‌ و هاوكاری سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وكارانه‌ی كه‌ له‌ڕووی پراكتیكه‌وه‌ هاوڕان له‌سه‌ر به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی، جگه‌ له‌وه‌ش پاڵپشتیكردن و به‌هێزكردنی دیموكراتیه‌تی ناوخۆیی.

8- سۆشیالیزم له‌یه‌ك وڵاتدا، له‌ به‌رانبه‌ردا شۆڕشی به‌رده‌وام. ئایا ئه‌مه‌ دوو ستراتیجیه‌تی جیاوازه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی جیاوازه‌، یان ته‌نها تاكتیكی جیاوازه‌ بۆ گه‌شتن به‌ هه‌مان ئامانج؟

بێری وایزڵه‌ر:

سۆشیالیزم لەیەک وڵاتدا نەک تەنها مه‌حاڵه‌، به‌ڵكو پاساو هێنانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌ بیروكراتیكردنی سیسته‌مه‌كه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێیه‌وه‌ خه‌باتی چینی كرێكار قه‌تیس بكاته‌وه‌ بۆ بەکارهێنانیان لەپەیوەندییە دپلۆماسییەکاندا لەگەڵ سەرانی سەرمایەداری لە هەموو وڵاتانی تر، لەژێر ناوی نەبوونی و هەلومەرجی مه‌وزوعیانه‌ بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم. لایەنگرانی قۆناغ به‌ قۆناغ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چینی كرێكار به‌ شێوه‌یه‌كی ناپاكانه‌ ده‌خه‌نه‌ خزمه‌ت هاوپه‌یمانێكانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بۆرژوا لیبراڵه‌كان و نه‌ته‌وه‌چێكان، كه‌له‌خۆیدا خه‌ریكی خۆڕێكخستنن بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان.
ستراتیجیه‌تی شۆڕشی به‌رده‌وام ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ چینی كرێكار بچێته‌ هاوپه‌یمانی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ مالیی و ده‌زگا ده‌وڵه‌تێكانه‌وه‌.
ئەمە به‌مانای ئەوە نایه‌ت، ئێمە نەجەنگین بۆ ڕیفۆرم و داواکارییە دیموکراتییەکان، یان تێناکۆشین بۆ گەڕان بەدوای هاوپەیمانیدا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێكی دیاریكراو. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌، ترۆتسكێكان دۆزه‌كه‌ و داخوازێكان لێك گرێده‌ده‌ن له‌ پێناوی شۆڕشی سۆشیالیستیدا، خه‌باتكردن له‌ پێناو‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات‌ له‌لایه‌ن چینی كرێكاره‌وه‌و ڕێكخستنی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له‌ ژێر ڕابه‌رایه‌تی پارتێكی شۆڕشگێڕدا كه‌ده‌توانێت هێزه‌كان یه‌كبخات و ڕابه‌رایه‌تییان بكات بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كه‌مینه‌ی سه‌رمایه‌داریدا.

9- به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، چه‌پی ڕۆژئاوا موخاله‌فه‌تی به‌ئیسلامی سیاسی نییه‌. له‌زۆر كه‌یسدا چه‌پ له‌ ژێر ناوی دژه‌ ئیمپریالیستی و دژه‌ ڕه‌یسیزم كاری هاوبه‌ش ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ كه‌ هه‌ڵگری فیكری ئیسلامی سیاسین. به‌ڕای ئێوه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ چییه‌؟

-بێری وایزڵه‌ر:

وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد سۆشیالستەکان تێدەکۆشن بۆ كاری هاوبه‌ش لەگەڵ هەموو مه‌یلو ڕه‌وتێك، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاریدان له‌ پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌كی تایبه‌تدا، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی پێگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری دێت له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ پێناوی گه‌شتن به‌ده‌سه‌ڵات.
كه‌واته‌ به‌رپرسیارێتی بنه‌ڕه‌تی ئێمه‌ له‌ ئاستی ناوخۆدا دژایه‌تی كردنی ده‌سه‌ڵاتی دژ به‌ چینی كرێكار، له‌ ئاستی جیهانیشدا پشتیوانیكردنی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری دژ به‌ ئیمپریالیزم به‌ كاری خۆمان ده‌زانین به‌تایبه‌ت ئیمپریالیزمی كه‌نه‌دی.
باشترین ڕێگە بۆ تێكشكاندنی وه‌همی دینی و شوێن كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ده‌ستنانه‌ گه‌ردنی ئیمپریالیزمه‌.
ئیسلامی سیاسی بیانوی‌ ‌ده‌ستی ئیمپریالیزمه‌ بۆ ده‌خاڵه‌تكردن. خنكاندنی ئیمپریالیزم له‌ خۆیدا ڕێگرتنه‌ له‌ گه‌شه‌ی ئایینی، دژه‌ ژنی، دژه‌ هاوڕه‌گه‌زبوون و زۆرێكی تر له‌ كاری نه‌شیاو كه‌ ئیستعمار و سه‌رمایداری پروپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

ئه‌و به‌شه‌ی چه‌پ كه‌ خۆی سه‌رقاڵی دژایه‌تیكردنی ئیسلامی سیاسی ده‌كات له‌ ڕۆژئاوا، ئه‌بێته‌ ده‌ستكه‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕۆژئاوا، وه‌ پشتده‌كاته‌ دژایه‌تیكردنی ئیمپریالیزم و كرێكارانی پێشڕه‌و له‌ وڵاتگه‌لێكی وه‌ك كه‌نه‌دا.
ئێمه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆتاوا ده‌ڵێین نا بۆ بایكۆتكردنی ئێران، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ پشتیوانیكردنی زایۆنیزم و ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌ز په‌رستی ئیسرائیله‌وه‌، به‌ جه‌ستن ترودۆ ده‌ڵێن ده‌ستێوه‌ردانتان ڕاگرن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وئه‌فریقا.
چینی کرێکار هەرەس دێنێ به‌ده‌سه‌ڵاتداری كۆنه‌په‌رست لەڕۆژهەڵات له‌ ڕێگای ده‌ستكۆتاكردنی‌ هه‌ژمونی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر ئابوری و دامه‌زراوه‌ جه‌ماوه‌رێكانی ڕۆژهه‌ڵات.

10- بایه‌خدان به‌ كارڵ ماركس له‌مڕۆدا له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ نیشانه‌ی زیندویی فكری ماركسیه‌ته‌، له‌و كاته‌ی شه‌رعیه‌تی سه‌رمایه‌داری كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئایا هاوڕان له‌مه‌دا؟

بێری وایزڵه‌ر:

بەڵێ هاوڕام. سەرمایەداری ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان زەحمەتە بتوانێت ئه‌و چاكسازی و دانی مافانه‌ی له‌ ڕابردوودا كردوونی و‌ له‌و ڕێیه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی وه‌رگرتبوو دووباره‌ بیانكاته‌وه‌. ئه‌م سیستمه‌ له‌مڕۆدا له‌ ژێر باری قه‌رزێكی زۆر دایه‌.
سه‌رمایه‌داری له‌مڕۆدا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك قه‌یران ژیان ده‌كات، له‌ هه‌ر كاتێكدا قابیل به‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ساڵی ٢٠٠٧. كێشه‌ ئنڤایه‌رمه‌نت به‌ شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌ ئارادایه‌ كه‌ له‌ ڕێیی گۆڕینی ئاوهه‌واوه‌ ده‌كرێت كێشه‌ی گه‌وره‌ ڕووبدات، كۆچی ملیۆنی خه‌ڵك و شه‌ڕ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ مادێكان به‌ هۆكاری ئه‌مسیستمه‌ جیهانییه‌ فاشیله‌وه‌.
دەبێ چی بکرێت؟
ئەوەی گرنگە بکرێت بیری مارکسی ببرێتە ناو شوێنە سەرەکییەکانی چینی کرێکاران و له‌وێش جەنگ لەپێناوی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ڕابەڕایەتی بكرێت بەوپەڕی تواناوە سود لە تاکتیکه‌كان و پێكهێنانی بەرەی یەگگرتوو وه‌ربگیرێت، له‌و ڕێیه‌شه‌وه‌ پارتێكی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانه‌ درووست بكرێت.

11- مارکس مەبەستی لە ناکۆکییەکانی سەرمایەداری چییە؟

بێری وایزڵه‌ر:

ناکۆکی بنچینەیی ئەوەیە کەلەنێوان سروشتی کۆمەڵاتیەی بەرهەمهێنان ومڵکییەتی تایبەت بۆ ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، ئەنجامەکەشی درووستكردنی پاشماوەی زۆر، وێرانكردنی سروشت، په‌نابردنه‌ به‌ر سه‌ركوت بۆ درێژه‌دان به‌م سیستمه‌ نا عاقڵانی و زه‌هراوییه‌.
تاکە ڕێگە بۆچارەسەری ناکۆکیەکان لە ناوه‌ڕۆكی سەرمایەداریدا، بەگشتی کردنەوەی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و به‌ كۆمه‌ڵایه‌تی كردنه‌وه‌یه‌تی. بنیاتنانی ئابورییه‌كی دیموكراتیانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای: به‌رهه‌م له‌ پێناوی پێویستییه‌كانماندا و گونجانی لەگەڵ سروشتدا.
وه‌كوو ئه‌وه‌ی کارڵ مارکس ئەم قسە بەناوبانگەی کرد “تاکو ئێستا فه‌یله‌سوفه‌كان دونیایان شیكردۆته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر گۆڕینیه‌تی” هه‌روه‌ها لیۆن ترۆتسکی له‌ وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی خۆیدا ده‌ڵێت: “ بارودخی سیاسی جیهان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و تایبه‌ت له ڕێی قه‌یرانه‌ مێژوویه‌كانیه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پرۆلیتاریاوه‌ ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێت.”

12- كه‌نه‌دا وڵاتێكی فره‌ كه‌لتورو نه‌ته‌وه‌یه‌، زۆر له‌ گروپ و حزبی سۆشیالیستی وڵاته‌كانی تر ده‌بینین لێره‌، ئایا هیچ به‌شداریه‌كی چالاكانه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و سۆشیالیستی ئه‌م وڵاته‌ چ وه‌ك حزب و گروپ بێت یان تاك؟

بێڕی وایزڵەر:

ده‌شێت چینی كرێكار له‌كه‌نه‌دا زۆرترین تێكه‌ڵه‌ بێت له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتورییه‌وه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا. خاوه‌نكاره‌كان حه‌زیان به‌م تێكه‌ڵه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ ڕێیه‌وه‌ ئیستغلالی كرێكارانی په‌نابه‌ر بکه‌ن به‌دانی كرێی كه‌متر له‌ لایه‌نی كه‌می كرێ، ته‌نانه‌ت جاری وا هه‌یه‌ هه‌ر نایانده‌نێ، هه‌روه‌ها به‌ ڕوحیه‌تێكی توندڕه‌وانه‌ی جودا خوازییه‌وه‌ ساردیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ڕێكخراوبون بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانیان. له‌هه‌مان كاتدا چه‌پ ده‌توانێت سوودمه‌ند بێت له‌ ئه‌زموونی خه‌باتی چینایه‌تی كه‌ به‌شێك له‌ كرێكاره‌كان له‌ شوێنی پێشوتریان هه‌یان بووه‌. به‌شداریكردن له‌ خه‌باتی چینایه‌تی و سۆشیالیستی له‌ كه‌نه‌دا وه‌كوو ئه‌ركێك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی هه‌ڵسوڕاوانی په‌نابه‌رانی سۆشیالیستی، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ پێشوازی له‌ سۆشیالیسته‌كان بكه‌ین و بێنه‌ ڕیزمانه‌وه‌.
به‌ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ له‌ سه‌ندیكاكاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، دامه‌زراندنی پارتێكی شۆڕشگێڕانه‌ كه‌ ڕه‌گی له‌ ناو خه‌باتی چینایه‌تیدابێت له‌و وڵاته‌ی كه‌ ئێستا تێیدا ده‌ژین، كرێكارانی سۆشیالیست ده‌توانن به‌هره‌مه‌ندبن له‌ به‌ده‌ستهێنانی هه‌لی گۆڕانكاری پۆزه‌تیڤانه‌ لێره‌و هه‌ر ئێستا. ده‌رگامان ئاواڵه‌یه‌. پێوه‌مان په‌یوه‌ستبن!

13- وه‌ك كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیرێكی چه‌پ، به‌ڕای ئێوه‌ جگه‌ له‌سه‌رچاوه‌ كلاسیكێكانی ماركس چ نووسه‌ر و گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌كت پێباشه‌ ده‌ستی بۆ ببرێت بۆ خوێندنه‌وه‌؟

بێڕی وایزڵەر:

ده‌توانم پێشنیاری زۆر كتێب بكه‌م. له‌ كتێبه‌كانی ڤلادیمێر لینینه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ئیمپریالیزم، كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌وڵه‌ت، دامه‌زراندنی پارتی شۆڕشگێڕانه‌. لیۆن ترۆتسكی ستراتیجیه‌تی شۆڕشی به‌رده‌وام، مێژوی ( شۆڕشی ڕوسیا، ڕابونی ستالین)، هونه‌ر و شۆڕش، خه‌بات دژی فاشیزم له‌ ئه‌ڵمانیا و به‌رنامه‌ی گواستنه‌وه‌.
سه‌رباره‌ی ئه‌م كتێبانه‌ش پێشنیار ده‌كه‌م: جه‌یمس پ. كانون١، ئیرنست ماندڵ٢، كلارا زتكین ( دژایه‌تیكردنی فاشیزم)، ڕۆزا لۆكسمبورگ ( خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری، ڕه‌خنه‌كانی له‌ ڕیفراندۆم، هه‌روه‌ها نامیلكه‌كانی ٣)، ڤیكتۆر سێرج٤، فیدڵ كاسترۆ و چ گیڤارا.
ژماره‌یه‌ك نووسه‌ری كه‌نه‌دی هه‌ن هانتان ده‌ده‌م بۆ خوێندنه‌وه‌یان، له‌ كلاسیكه‌كان: بنیاتنانی كه‌نه‌دا، یه‌كتییه‌كی نابه‌رابه‌ر نووسه‌ر ستانڵی ڕایه‌رسن٥، له‌سه‌رده‌می دوواتریش كاره‌كانی ئیرنست تیت٦ ( چالاكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ په‌نجاكان و شه‌سته‌كان)، ڕۆس دۆسن٧ “هێزو كێشه‌ی سه‌ندیكاكان”، كتێبه‌كانی جۆن ڕیدڵ ٨ “ هه‌ر نۆ به‌شه‌كه‌ی له‌ بابه‌تی كۆمۆنیستی نێونه‌ته‌وه‌یی”، له‌ نووسه‌ره‌ نوێیه‌كانیش: فرانسوا مۆرۆ٩، بریت سمایڵی١٠، جودی ڕیبیك١١، ریتشارد فیدلر١٢ و جۆ فلیكسر١٣.
هه‌روه‌ها پێشنیاری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ سه‌باره‌ت به‌ سۆشیالیزم ئه‌نجام دراون له‌وه‌و پێش، بابه‌ته‌كانی كاری سۆشیالیستی ١٤، په‌یوه‌ندی كرێكارانی شۆڕشگێڕ١٥. نۆ كتێبه‌كه‌ی ئیڤ ئه‌نجڵه‌ر١٦ كه‌ له‌ ئێستادا بابه‌تگه‌لێكی گه‌رمن كه‌ به‌درێژی ڕه‌خنه‌ له‌ ئیمپریالیزمی كه‌نه‌دا ده‌گرێت، هه‌روه‌ها كاره‌كانی ئیان ئه‌نگس١٧ “ به‌لاشیفه‌ كه‌نه‌دێكان، ڕوبه‌ڕوی ئه‌نثروپوسیب١٨- Anthropocene، سه‌وزێكی مه‌یله‌و سوور١٩.

14- ئایا شتێكی تر هه‌یه‌ كه‌ پێویست ده‌كات بووترێت لێره‌دا؟

بێڕی وایزڵەر:

ڕێگام پێبده‌ن به‌ كورتی باسێكی هه‌ڵمه‌ته‌كانی كاری سۆشیالیستی بكه‌م.
دونیا له‌سه‌ر ئاگره‌، له‌ كالیفۆرنیاوه‌ تا برتش كۆلۆمبیا. له‌ ده‌شتایه‌كانه‌وه‌ تا باكوری ئۆنتاریۆ، تا سوید، یۆنان و تا ده‌گاته‌ ئه‌ریقا و له‌وێشه‌وه‌ ئاسیا، بكه‌ریش كه‌مپانیا سه‌رمایه‌داره‌كانه‌. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌م بارودۆخه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها سۆشیالیزمه‌ كه‌ ده‌توانت سروشت و كۆمه‌ڵگه‌ له‌م بارو دۆخه‌ ڕزگار بكات.
بارودۆخی سیاسیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ بارودۆخێكی پڕكێشمه‌كێشدایه‌، كرێكاران به‌ ڕێگای جیاواز له‌ هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ن به‌م سیستمه‌ جیهانییه‌ پڕ له‌ قه‌یرانه‌ ناجێگیره‌.
قوتوبه‌ندییه‌ سیاسێكان به‌ ئاشكرا ده‌بینرێن. هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمیه‌كانی برتش كۆلۆمبیا وئۆنتاریۆ و كیبه‌كو نیو برۆنزویك ئه‌مه‌ پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌. پارتی لیبراڵ له‌ ئۆنتاریۆ توشی شكستێكی گه‌وره‌ هات و پارتی كۆنسه‌رڤه‌تیڤی ڕاستی تووندڕه‌و به‌ ڕابه‌رایه‌تی دۆگ فۆرد له‌ ٦٠% كورسێكانی به‌ده‌ستهێنا …….
به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی NDP نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی ئۆپزسیۆن ده‌كات له‌ ئۆنتاریۆ كه‌ به‌ده‌نه‌ی ئه‌و حیزبه‌ زیاتر له‌ كرێكاران و چه‌پ پێكدێت.

له‌ كیوبه‌ك پارتی پارێزگارانی دژ به‌ ئیسلام و په‌نابه‌رانی عه‌ره‌ب و هاوكاری داهاتوی كیوبه‌ك (CAQ) زۆرینه‌ی كورسێكانی په‌رله‌مانیان له‌و هه‌رێمه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا. به‌ڵام هاوپشتی كیوبه‌ك كه‌ پارتێكی پۆپۆلیستییه‌ و دژ به‌ ته‌قه‌شوف و لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ جاری سێیه‌مه‌ ده‌نگه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ دواوه‌ی ده‌نگه‌كانی لیبراڵ، كه‌ پێشتر چه‌ندین جار له‌ هاوشانی پارتی بلۆك كیوبه‌كوای بۆرژوازی كورسێكانی ده‌سه‌ڵاتی به‌شده‌كرد كه‌ له‌ ده‌یه‌ی ڕابردودا چه‌ندین جار گه‌شتنه‌ ده‌سه‌ڵات.
له‌ به‌ری چه‌پی هه‌رێمی برتش كۆلۆمبیا (BC)، (NDP) توانیتی شكست به‌ پارتی لیبراڵ بهێنێت له‌ ٢٠١٧ و به‌ هاوكاری سێ له‌ پارته‌ سه‌وزه‌كان توانرا حكومه‌ت پێكبهێنرێت.
له‌ چوار چێوه‌یه‌كی بچوكیشدا چه‌پیش له‌ گه‌شه‌دایه‌. كاری سۆشیالیستی له‌ چوار ساڵی ڕابردوودا دوو به‌رابه‌ر بووه‌. ئێمه‌ (SA) له‌ ١٢ شاری ٦ ناوچه‌ی كات جیاوازدا ئاماده‌ییمان هه‌یه‌.
توانیمان گه‌شه‌بكه‌ین له‌ ڕێی به‌شداریمان له‌ بزوتنه‌وه‌كانی كرێكاریدا، له‌ پێگه‌ كرێكارێكانی (NDP) دا. له‌ دژی ده‌ستێوه‌ردانه‌كای ئیمپریالیزم له‌ ڤنزوێڵا، فه‌ڵه‌ستین، سوریا و ئاسیا و تاده‌گاته‌ ئه‌فریقا.
ئه‌وه‌ی ترۆتسكی پێش هه‌شتا ساڵ وتی بێ هیچ كورت بینییه‌ك هه‌مووی ته‌واوه‌. سه‌ره‌كیترین قه‌یران له‌ دونیای هاوچه‌رخدا، قه‌یرانی ڕابه‌رایه‌تی پرۆلیتاریایه‌. ئه‌رك و كاری هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری و لایه‌نگرانیان، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ ڕێگه‌ی كۆشش و خه‌باتكردن بۆ ڕزگاركردنی چینی كرێكار له‌و كۆتو به‌نده‌ بیوركراتیانه‌ی كه‌ بۆته‌ ڕێگر له‌ پێش هاوكاری و یه‌ك ڕیزی چینه‌كه‌دا.

ئێمه‌ هه‌ر ئێستا توانیمان زیاتر له‌ په‌نجا كرێكار، له‌ باڵی چه‌پی حه‌وت سه‌ندیكای كرێكاریی جیاواز له‌ كۆنفرانسێكدا كۆبكه‌ینه‌وه‌ له‌ سپتامبه‌ری ٢٩ دا، به‌ مه‌به‌ستی كاركردن بۆ به‌ستانی كۆنگره‌یه‌كی ده‌ستبه‌جێی كرێكارانی ئۆنتاریۆ و یه‌كڕیز بوون بۆ داڕشتنی مانگرتنی گشتی، بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌جندا دژه‌ كرێكارێكانی داگ فۆردی پارتی پارێزگاران. ئه‌نجومه‌نی كرێكارانی تۆرۆنتۆ چووه‌ پشتی داواكه‌مان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌و باره‌وه‌.
له‌ مێژوی ٢٥ ساڵه‌ی كاری سۆشیالیست ئاكشندا یه‌كه‌مین جاره‌ به‌شداری ده‌كه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی تۆرۆنتۆدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٢ی ئۆكتۆبه‌ردا. ئێمه‌ ڕکابەری NDP مان كرد له‌وه‌ی نه‌یان توانی به‌ ناوی پارته‌كه‌یانه‌وه‌ نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا و له‌و باره‌وه‌ شكستیان هێنا، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی خۆمان ڕاسته‌وخۆ خسته‌گڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كرێكاری به‌رینه‌ ناو هۆڵی شاره‌وانی.
چۆن سۆشیالیسته‌كان ڕوبه‌ڕووی بیروكراتیه‌تی كۆنسه‌رڤه‌تیڤ ده‌بێته‌وه‌ له‌ناو سه‌ندیكاكان، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر‌ باڵی ڕاستی NDP ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی درووستكردنی كوتله‌ی سۆشیالیستی له‌ناو ئه‌و پارته‌.

SA دیارترین باڵی ئۆپزسیۆنی چه‌په‌ له‌ كه‌نه‌دا. هیچ ناوه‌ندێكی شۆڕشگێڕ ناتوانێت ده‌ورو نه‌خشی ئه‌م ڕێكخراوه‌ نه‌بینێت له‌ په‌یوه‌ند به‌ كرێكارانه‌وه‌.
ئێمه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌مان له‌گه‌ڵ سۆشیالیست ئاكشنی ئه‌مریكا (SA-USA)، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ولایه‌نه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ شۆڕشگێڕانه‌ كه‌ لایه‌نگیرییان هه‌یه‌ بۆ كۆنگره‌ی ئینته‌رناسیۆناڵی چوار. ئێمه‌ پێكڕا كۆشش ده‌كه‌ین به‌وه‌ی له‌ توواناماندابێت دژ به‌ ڕاوڕوتی ده‌سه‌ڵاتدرێتی ئیمپریالیزم.
ئێمه‌ شه‌ڕی بۆڕێكانی نه‌وت و غاز ده‌كه‌ین و به‌رگری له‌ مافی دانیشتوانی ڕه‌سه‌ن و كرێكارانی په‌ناهه‌نده‌ ده‌كه‌ین. بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌ پارێزی له‌م دوایانه‌دا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێنا له‌وه‌ی له‌ڕێی دادگای فیدراڵیه‌وه‌ توانرا ڕێگا له‌ كه‌مپانی ترانس ماونتن پایپلاین ( Trans Mountain pipeline) بگیرێ كه‌ بۆرییه‌ نه‌وتێكان هاوته‌ریبی ئه‌و بۆڕییانه‌ ده‌بات كه‌ ٦٤ ساڵ پێش ئێستا له‌ لایه‌ن كه‌مپانیای كینده‌ر مۆرگن (Kinder Morgan) ه‌وه‌ ڕاكێشراون و له‌ ئه‌لبێرتاوه‌ بۆ كه‌ناره‌كانی بریتش كۆڵۆمبیا ده‌روات، ئێستا لییك ده‌كات.

سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا جه‌ستن ترودۆ به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ وا پیشان ده‌دات كه‌ لایه‌نگری له‌ دانیشتوانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كه‌نه‌دا ده‌كات. بۆ ئاگاداریشتان ترودۆ گه‌وره‌ترین ته‌نده‌ری ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی گازی شلی ئیمزاكرد كه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ره‌كانی ڕۆژئاواوه‌ به‌ره‌وه‌ بازاڕه‌كانی ئاسیا به‌ڕێده‌كرێت.
بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی وزه‌ كاربۆنێكان و گۆڕینی به‌ وزه‌ی سه‌وز، پێویسته‌ چینی كرێكار له‌‌ زووترین كاتدا بێته‌مه‌یدان.
سۆشیالیست ئاكشن هانی كرێكاران ده‌دات بۆ به‌گشتی كردنه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌مپانیا گه‌وره‌كانی نه‌وت و گازدا كه‌ ده‌توانێت له‌و ڕێیه‌وه‌ هیچ كرێكارێك بێ كار نه‌مێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێمه‌ دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌موو سیستمه‌ كاپیتالیستێكانی ترین كه‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕو نه‌هامه‌تین بۆ چینی كرێكار خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش.

له‌و بۆشاییه‌ی كه‌ له‌ ئاكامی فه‌شه‌لی ڕیفۆرمخوازه‌كانه‌وه‌ هاته‌كایه‌وه‌ شاهێدی گه‌شه‌ی سه‌ركوت و ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ فاشستێكانین له‌ چه‌شنی ئاسۆی ئاڵتونی ( Golden Dawn ) ی یۆنانیین. ترۆتسكێكان سه‌لماندیان له‌ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی باڵی ڕاستدان له‌گه‌ڵ به‌رگریكردن له‌ مافه‌ دیمهوكراتێكان له‌ ئاستی جیهاندا.
ئێمه‌ ده‌توانیین بنیاتنه‌ربین به‌ پشتبه‌ستنمان به‌ بیری سۆشیالیزم، به‌و مه‌رجه‌ی یه‌ك خاڵ به‌ ڕۆشنی له‌به‌ر چاوبگرین: چاره‌سه‌ر له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وی نییه‌، چاره‌سه‌ر له‌ ڕێی بازاڕی زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ نییه‌. شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ به‌م باره‌ ناهه‌مواره‌، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ سه‌ركێكانی به‌رهه‌مهێناندا، وه‌كئه‌وه‌ی كۆرێكان كردیان پێش ٥٧ ساڵ، وه‌ داڕشتنی پلانێكی دیموكراتیانه‌ كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ سروشتدا. ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگایه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی بتوانێت لێیه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ژیان بدات.
ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ سۆشیالیست ئاكشن بۆی درووست بووه‌ له‌ كه‌نه‌دا. ئێمه‌ به‌هه‌موو توانامانه‌وه‌ كارده‌كه‌ین له‌ چه‌ندین بواردا. به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی په‌یوه‌ندی و درووستكردنی گفتووگۆداین له‌ ئاستی ناوخۆو هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌ جیهانێكاندا. ئێمه‌ ده‌زانین و ئاره‌زوویه‌كی به‌هێزمان هه‌یه‌ له‌و باره‌وه‌و دڵنیایین سه‌رده‌می ئێمه‌ به‌ڕێوه‌یه‌.
بژی چینی كرێكاری جیهانی، نه‌مان بۆ بازاڕی ئازاد و نه‌هامه‌تێكانی. بژی خه‌باتی فیمینیزم و خه‌بات له‌ پێناوی ئابورییه‌كی سۆشیالیستیدا.
كرێكاران بۆ پێشه‌وه‌ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات.

تۆرنتۆ – کەنەدا
٢٠١٨
——————-
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە ڕێکخراوەی سۆشیالیست ئاکشن و کەسایەتی بێری وایزڵەر کلیکی ئەم لینکانەی خوارەوە بکەن:

https://www.facebook.com/SocialistActionCanada/

https://socialistaction.ca/

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish