Skip to Content

207 Views

دەستکێشانەوە لە کوردستان … نیگار نادر

دەستکێشانەوە لە کوردستان … نیگار نادر

Be First!
by December 18, 2018 General, Opinion
image_print

دەکرێ بێژین مرۆڤی کورد حەسرەتبارترین مرۆڤی ئەو سەردەمەیە لەبۆیە ئەگەر ورد و بەئاگا سەرنج بدا هەستتدەکا بەدرێژایی مێژوو لەو کاتەوەی هاتۆتە ژیان و چاوی بەسەر ئەو خاکەدا هەڵێناوە لەخاکی خۆی تۆرێندراوە و کۆمەڵە ئاستەنگ و پاڵنەرێک هەبوون جا چ سیاسی چ ئابووری چ هەستی و نەستی بەبەردەوامی چواردەوریان تەنیوە هاندەری بوون بۆ ئەوەی خۆی بەکەمبزانێت ، زمانی کوردی پێ گرنگ نەبێت ، سەرهەڵگرتن هەڵبژێڕی و نائومێدانە لە نیشتیمانی خۆی بڕەوێتەوە و بە تۆراوی لە کوردستان دەستبکێشێتەوە.

ئەو بەربەست و هاندەرانەش مێژووین و لەسەردەمی جیاوازدا پیادەکراون هەروەها هەمەجۆر و هەمەشێوازیشن هەر لە هەڵاواردنی رەگەزی ، جەنگەکان ، ڕاگواستن، خۆخۆری کوردان ، توندوتیژیە هەمەجۆرەکان ، ترس و تۆقاندن، ململانێ حیزبیەکان ، دابەشبوون ، ئاوارەبوون ، ئەنفال و کورد قڕان ، زمان یاساغکردن، پاشکۆ بوون، پاکتاوی نەژادی ، بەعەرەبکردن و لەسێدارەدان ،ناسنامە هەڵپەساردن، پەراوێزخستن و تاراوگە هەڵبژاردن ، گەندەڵی و شکۆشکاندن ، پراکتیکردنی ئەو سیاسەتی تۆراندنەش بەجۆرەها تاکتیک و پیلان و بەدرێژایی میژوو لەسەردەستی دوژمنانی کوردو لەڕیگەی جۆرەها رژێم و نەتەوەی سەردەست و خۆبەڕێوەبەری بوونەتە هۆی دابەشکردن و پەرتەوازەبوونی کورد و لەمپەربوون لەبەردەم نەتەوەسازی سەربەخۆبوون و ئیرادەیەکی خۆکردی کوردانە .

جێی خۆیەتی لە ئێستادا زۆربەی مرۆڤی کوردی تۆرێندراو وەک هەمیشە بەگوومانێکەوە لە خۆی بپرسێ ئایا ئیدی یەکجاری بڕۆین و سەرهەڵگرین و نەگەڕێینەوە کوردستان؟ یا دووبارە چۆکدانەدەین و لە کوردستان بمێنینەوە؟ یان دەیان جاری تر دەستهەڵنەگرین و ملنەدەین و دەبارە بە هیواوە بۆ زێدی خۆمان بگەڕێینەوە؟
ئایا دەکرێ ئاسان دەست لە خاک و نیشتیمان بکێشرێتەوە؟ یان ئایا دەتوانرێ پشت لە نیشتیمان بکرێ و یەکجاری تاراوگە هەڵبژێردرێ و بۆ هەتاهەتایە ڕووح لە کوردستان بکێشیرێتەوە؟

دڵنیام زۆربەی هەرە زۆری کورد سەرباری گەلێک دڵشکاوی سەرباری شکۆ ڕوشاوی بەڵام هەمیشە لەهەوڵدایە و هەمیشە بەپەرۆشە بۆ کوردستان بگەڕێتەوە یان دووبارە لەسەر خاکی خۆی جێگیرببێتەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی بێئەژماری نیشتیمان، بۆ بەبەردەوامی دانیشتن لە نێوان هەموو کەس و هاوڕێ و خۆشەویستان بۆ بیستی زمانی کوردی و ئاخافتن بەزمانی کوردی ، بۆ چاندنی نەمامی پێشکەوتن و ئاوەدانی ، بۆ سەبوریهاتن بە چیایەکان، بەهیوای بەشداربوون لە چاکسازی و لە پاکسازی بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمنانی کوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوە و بوون بە بەربەست و چقڵی چاوی گەندەڵسازان ، بە ئامانجی رەگداکوتانەوە و رزگارکردنی زمانی کوردی بۆ پاراستنی کرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ چاندنی تۆوی نەتەوەسازی بۆ بەشداربوون لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

بەڵام گوومانی تیدانیە هەر کەسێک پێش ئەوەی بڕیاربدا بگەڕێتەوە نیشتیمان دەبێ دڵنیا بێت کەچەندە بریارێکی ئەستەمە چ هەنگاوێکی سەختە ؟
هەرچەندە باوەڕکردنی زۆر سەختە بەڵام ا بەداخەوە لەئێستاد لە کوردستان سەرەکیترین پێشمەرج بۆ نیشتەجێ بوونەوە و پەیداکرنی کارێکی شیاو ئەوەیە کە پێویستە زمانی ئینگلیزیت زۆر پاراو و ڕەوانتر بێت لە زمانی کوردی ، منداڵەکانت بنێریتە قوتابخانەو زانکۆ ئینگلیزی زمانەکان ، یان هەڵگری بڕوانامەی بیانی بیت ، لەهەمووی کارەساتبارتر ئێستا لە هەرێمدا زمانی کوردی هەر بەناو زمانی یەکەمە، ئەگەر نا زۆربەی ڕێکەوتنامە فەرمیەکانی حکومەت و ڕیکەوتنامە بازرگانیەکان، تابلۆی سەر دوکان و کۆمپانیاکان، لیستی خواردنی ڕێستوران و ئارایشتگا و کافێیەکان ، باڵازمانی و باڵادەستی قوتابخانەو زانکۆ بیانیەکان، گەواهی دەری دروستن کە چۆن زمانی کوردی سڕکراوە و پەککخراوەو لەهەرێمداو لەپاش زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بەزمانی لاوەکی دێتە ئەژماردن !

هەرچەندە خەوشێکی گەلێک بێسنورە بەڵام راستیەکەی ئەورۆ بەهەموو بارەکاندا زمانی کوردی بە کوشندەترین شێواز دەشێوێنرێ لەڕێگەی مێدیا بازرگانخەسڵەتەکانەوە زەبری داگیرکەرانەی لێدەدرێت، ئەو ڕاستیە ئەگەر زۆر جەرگبڕیش بێت دەبێت پەسەندی بکەین کە ئەوڕۆ کوردستان کۆلۆنیایەکی ئەمەریکی ئینگلیزی زمانە و عەرەبسەروەریش بەزمانەکەیەوە زبرەکەیەوە لەو پەڕی بەهێزی دایە بەرامبەر زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان .

دەزانم ددانپێدانانی سەختە بەڵام ئەوە راستیەکی تفتە کە ئێمەی مرۆڤی کورد لەڕەگەوە هەڵپاچراوین لە ناخەوە هەڵپەسێردراوین ، ستەمێک ڕ وحی سست کردوین ، خۆخۆریەک وەک مۆرانە کەوتۆتە گیانمانەوە ،بێگانەپەروەریەک زمانی شکاندوین ، دوژمن سالاریەک پەراوێزی خستووین ، خۆبەکەمزانینێک لەپێی خستوین ، لەبەرئەوە ئەگەر دونیاش موڵکی ئێمە بێت و تا ئەوسەری جیهانیش دوربکەوینەوە هەر هەستت دەکەین مرۆڤێكی خاڵین و بێسەنگین ، هەمیشەش نەخشەی نکۆڵی لێکراوی کوردستان کێشمان دەکات تا بەرخودان بکەین دەستهەڵنەگرین و لە کوردستان نەسڵەمینەوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی تائێستاش مرۆڤی کورد هەر دەترسێ و دەستەوەستانیشە لەهەمبەر ئەوەی ئەو بێ زمانی و بێناسنامەیەی چەوا لەسەر ئەتڵەسی جیهان دەیسرێتەوە،هەر لەبەرئەوەشە سەرهەڵگرتن و تاراوگەنشینیش دادی ئەو بێ ناسنامەیەیی نادات و هەمیشە لە هەوڵ و دودڵیدا دەژی و بەبەردەوامی چاوەڕێیە دووبارە لە کوردستان نیشتەجێ ببێتەوە .

بەڵام جێگای خۆیەتی وەک کوردێک بە گوومانەوە بپرسێ ؟ ئەی ئەگەر بگەڕێتەوە کوردستان هاوشێوەی هەرهاووڵاتیەکی ئەو نیشتیمانە ئەگەری زۆری هەیە دەسخەڕۆببی و بەپیلانێک بە تەڵەی کەڕکەبەرپرسێکی و مافیاڕەفتارەوە ببێت و مووچەبەستوو و دەمبەستوو بکرێ دواتریش ناچاربکرێ دەست لە کاربکێشینەوە؟! یا بەهۆی توانای زانستی و بڕوانامە و هەڵکەوتەیی ترس لەدڵی بازرگانێک بەرپرسێک یا سەرۆکی زانکۆحێزبیەک دروستبکا و دڵشکاوانە دووربخرێتەوە! یا لەکولفەوکونێکدا نەخۆشیەکی کوشندە بگرێ و لەبەر هەژاری و وێرانی سیستەمی تەندروستی ، لەدەست قاچاخچیەکانی دەرمانی ماوەبەسەرچو و قەسابی و بێویژدانی زۆربەی هەرەزۆری دکتۆرەبازرگان ڕەفتارەکانی ئەو هەرێمەوە دەستبەجێ گیان بسپێرێ؟!

مرۆڤ دواتر دەبێت زۆر بیربکاتەوە و بپرسێ ئەی ئەگەر بەهیچ چۆک دانەداو نیشتەجێ ببێتەوە وەک هەر هاونیشتیمانیەکی ئەو هەرێمە چۆن کارێکی شایشتە پەیدابکا ؟!
هەرچەندە زۆر سامناکە بەڵام زۆرترین شیمانە ئەوەیە کە پشت بە پشتی بەرپرسێکی حیزبی و بازرگانیەوە نەلکێنی ،ئەگەر دەستی نەبێ لەگەندەڵسازی ،ئەگەرچاوپۆشی نەکا لە تاوانسازی ، ئەگەر نەچێتە ناوگەندەڵبازی ،ئەگەر پێیەکی نەبێ لەناو ئاژاوەسازی ، ئەگەر سێخورو کۆیلەی کۆمپانیایەکی کوردستان تاڵانکەر نەبێ، ئەگەرباوکی شەریکی بۆڕی وچاڵ وجۆگەو تانکەرە نەوت و گاز و بەنزینی ڕەش نەبێ ، ئەگەر تووتی و ماستاوچی و باڵی بەرپرسێک نەبێ!

ئەی ئەگەر دۆست و هاوبەش و هاوپیلانی بەرپرسێکی و پێگەیەنراو نەبێ ، ئەگەر مۆدێلە و مەیکەپ ئارتێست و شایەری وەتسئەب و میدیا ستاری ئەو سوشیال مێدیا بازرگانیە نەبی ، نەچیتە ژێر فەرمانبارو و ژێرباری بژێوحیزبی و هونەرحیزبی و رۆشەنبیرحیزبی و زانکۆحیزبی! ئەگەر نە بندیوار و نە بەرپرسدیوار بی ؟! ئەی خودای گەورە چۆن دەکارێ بەشکۆمەندیەوە کار پەیدابکاو کارکەنارنەکرێ؟ ئەی چەندە مەحاڵ و ئەستەمە کار پەیداکردن و بەردەوامبوون لەسەرکارکردن بە شکۆوە!

لەگەڵ ئەوەی زۆر خەمهێنەرە بەڵام بڕوانە خۆ ئەورۆ لە کوردستان چەندە پاکی و چەندە ڕاستی و چەند کارامەو بەتوانای هەرگیز مەرجی گرنگ نین ! بەڵکو یەکەم مەرجی سەرەکی ئەوەیە چ باڵێكی ناو چ حیزبێکی ، ئایا دەتوانی باڵ دروستبکەی یا باڵ تێکبشکێنی؟! ئایا لە چاوپۆشی لەگەندەڵی دا بێڕکابەری! دووەم مەرج ئەوەیە هەڵگری چ ژمارەیەکی و چ ژمارەیەکت لە پشتە؟ جا ژمارەی بەرپرس، فان و فۆلۆوە یا جەماوەری یا کۆمپانیا و ژمارەو بلۆکی بانکی؟! دەزانی ئێستا دروستکردنی ژمارە چ کاسبی و پیشەسازیەکی بەبرەو گەورەیە؟ ئەی لە سازدان و بەرهەمهێنانی ئەو هەموو ژمارە و هاوکێشە ساختانە کە هەموو زانستی ماتماتیکیش دەرەقەتی لێکدانەوەیان نایەت لەگەڵ گەندەڵسازان.

دەزانم ئاسان نیە بەڵام وەک کوردێک هەردەبێت چەند بارە بپرسێ ؟ ئایا بۆ لەسەدەی بیستویەکەمدا سەرەڕایی ئەو سامانداریەی نیشتیمان مرۆڤ مافی ئەوەی نیە لەسەر خاکی خۆی وەکو هەر هاووڵاتیەکی سەردەمی ژیانێکی بێ ترس ،بێ پشتگیری حیزبی ، بێ هەڕەشە ، بێ دەستێوەردانی حیزب و بەناوئۆپۆزسێۆنەکان ، بێ دەست تیکەڵکردن لەگەڵ مافیای ناو حیزبەکان و بەبێ هاوبەش بوون لەگەڵ بازرگانانی سامانی نیشتیمانی و دەڵاڵەکانی نەوت شکۆمەندانە ژیان بەسەربەرێ؟!
ئایا ئەویش وەک هەر هاونیشتیمانیەک مافی ئەوەی نیە شکۆ و دەنگی بپارێزرێ ؟! وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ ؟ ئایا مافی ئەوەی نیە سیستەمێکی دادوەری دادپەروەر مافەکانی پارێزگاری بکا ؟! ئایا مافی ئەوەی نیە سیستەمێکی تەندروستی ساغڵەمی بۆ دابینبکرێ ؟ ئایا مافی ئەوەی نیە بەو هەموو سامانداریەی کوردستانەوە شانازی بە زمانی دایکی خۆیەوە بکات و زمانی کوردی سەروەری زمانە بیانیەکان بێت و زمانەکەی لەترۆپکی شکۆ و شانازیە نەتەوەیەکانی بێت؟!

لێرەبەدوا دەبێت بەهیج جۆرێک نەحەپەسێین ئەگەر عەقڵ و ئەزموون ئەستۆپاکی و مێژو پاکی مەرجی گرنگین تا جێگات ببێتەوە لە کوردستان! بەڵکو گرنگ ئەوەیە بڕوانامەیەکت بە پینەوپەڕۆ و ئاسانکاری حیزبی بەدەستهێنابێت و هاوبەش و هاوپشکی بەرپرسی حیزبێک بیت و دەستت هەبێت لە گەندەڵسازی و جۆکەرپەلەمانتار بیت و ئەزموونت هەبێت لە دووبەرەکی نێوان حیزبەکان و ڕایەڵەیەکت هەبێت لەگەڵ بەغدا و فیتنەسازی ، سەروسەودایەکت هەبێت لەناو نەوتبازی .

ئەوە هەرچەند زۆر ئازاربەخشە بەڵام دروست هەستی ئەو ڕەوەندە دڵشکاوانەیە پۆل بە پۆل بەو تاراوگەیەدا دەخولێنەوە ، نەوەی شەست و حەفتاکانی پێشتر لەدەستی بەعس و پەرتەوازە بوون و بە ئومێدی شۆررشگێری و گەڕانەوە بۆ کوردستانی ئازاد تەمەنیان بەڕێکرد و نیوەیان بەزیندووی نەگەڕانەوە ، نەوەی نەوەدەکان لەدەستی بێ خزمەتگوزاری و بێ دەرامەتی و لە نائومیدی شۆرشتێران لە کوردستان ڕەوینەوە تا بەو حەسرەتەوە سەریان نایەوە ، نەوەی دووهەزارەکان سەرەڕای بەتوانایشیان بەڵام لەدەستی نەبوونی سەرەوەری و ڕەگهاویشتنی گەندەڵی سڵەمینەوە لە کوردستان، بەبەردەوامیش لە بێدەسەلاتیان بەرامبەر پاکتاوکردنی کوردستان ناسرەون و هەمیشە لەدووڕیانی ڕووح لە کوردستان و لاشە لەتاراوگە عاسێ بووندا دەژین و سەرکزانە لەدەردی پەراوێزخسن دا بەبەردەوامی وەک مۆم کەمدەکەن و دەتوێنەوە .

هەموومان لە ئێستادا جێی خۆیەتی بپرسین ئایا دەستکێشانەوە و پاشگەزبوونەوە لە کوردستان تاکە چارەسەرە؟ ئایا چ ڕێگایەک هەڵبژێرین لەگەڵ ئەوەی هەموومان سەدلەسەد دڵنیاین ئەگەر دەستیشمان بکێشینەوە وەک ئەوە وایە بەیەکجاری گیانمان بکێشن! لەگەڵ ئەوەی ڕوحمان هەرگیز ناکێشرێتەوە لە کوردستان.
هەرچەند کۆست و خەوشێکی بێئەژمارە بەڵام ئەی کوردستانی خۆشەویست هەموو دەزانین ئەوڕۆ چۆن سیستەمێکی سەرمایەداری تاڵانتدەکا چۆن ئەمەریکاسالاریەک یاری بە سامان و سەروەریت دەکات و نەخشەی گەندەڵی لە ناو خانەخانەتدا دادەکوتێ ، بەناوی هاوپەیمانی چۆن رەگی کوردبوون سڕدەکا، ئەوەی ئاشکرایە هیچ شتێک هێندەی ناوی پاکی تۆ بازرگانی پێوەناکرێ ،زۆربەی ئەوەی بەناوی تۆ دروستکراوە پاڵنەرە بۆئەوەی کوردی پاک پێی سەرهەڵگرێ و پاشگەزببێتەوە، نیوەی ئەوەی ناوی تۆی پێوە چەسپاوە مرۆڤی کوردی سەرڕاست و بەتوانای پێ پەراوێزدەخرێ و پێ دەربەدەردەکرێ ، نیوەی ئەوەی ناوی تۆیان لەسەر نوسیوە و ناوی تۆیان پێوەلکاندوە گەرای گەندەڵی تێدا دەتروکێنرێ.

لە دووماهیەدا پێویستە بڵێین زۆر مەحاڵە کورد رادەستببێ ، زمانی ڕامبکڕێ چونکە سەدان ساڵە بۆ پاراستنی ئەو خاک و زمانە هەزاران مرۆڤی زانای ناوازە و شورشگێری مەزن خوێنیان بۆ ڕشتوە و بوونەتە قوربانی و چاوەکانیان و ژیانیان لەسەر داناوە و دەستبەرداری نەبوون .
بەڵین بێت ئێمەش ناتۆرێیین و نابەزین ، خشت بە خشت و وشە بە وشە دروستت دەکەینەوە ،دڵنیاین رۆژێک هەردێت بە هەر نرخێک بێت هیوای زامداربوو چاک دەکەینەوە ، پڕ بە نەبەزی و نەمری تۆ سەرکەوتن بۆ کوردستان دەگەڕێنینەوە ، وەک باهۆزێک چاوی دوژمنەکانت کوێردەکەین و ڤایرۆسی گەندەڵی لەبندێنین و لەسەر خاکت نیشتەجێ دەبێنەوە و هەرگیز دەستت لێناکێشینەوە.

Negar nadir
20\3\2017

Previous
Next

Leave a Reply