Skip to Content

هەڵبژاردن … کەنعان مەدحەت

هەڵبژاردن … کەنعان مەدحەت

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2018 General, Poems

دەنگتان نادەمێ
لە قوڕ و چڵپاوی هەڵی بە فیرۆ دراوی
کۆی پەرچەمە خوساوەکانتان خۆم دەگرم و
تانەی سەر گلینەی مێژووتان
بە بەرخودانیم دەسڕمەوە
تا ساماڵی
ئاسۆی دوور و نزیکی
روو لە تاریکەشەو کراوم
وێڵن بە دوی تروسکەی دیدی
خاکی دەیمی و
باراناویم
بڕوانن لە کونجی ئەم کەلاوە دێرینە
چەندین چەکی سەرەوخوار
بە دیار فیشەگی لەبارچوو
دەستەو ئەژنۆ و
دۆش داماو
تانە لە پەنجە و
پەلەپیتکەی سواو دەگرن
ئاواتێکی قورس ،
لە تەرمی بە ئازارتری دایکم
شانی داگرتووم
بێباکییەکانتان..
کەیلی بەردەبازی لینج
پێش بە پەڕینەوەی پێشبینیم دەگرن
چەندیترم پێجەوانەی ڕێژنە تاو دەنێن؟
لە سەر ترۆپکی گەنجینە بێژمارەکانتانەوە
سەرەوخوار هەڵیشمبەن
کێشانی ئەم خاکە
هەر باوەشە گۆڕێکی شایستە
بە ڕۆڵەی ڕا دەبینێ
بە قوربانی هەنگاوی لە هێز نەکەوتووی پەڵەم
دەپارێمەوە لەو دڵۆپە بارانانەی
کە لە یەکدا کۆدەبن و
لافاو بە ڕێ دەخەن
تا چیتر ،
باخچە و هەرێزی گەشی ژێر کەمەر
نەخرێنە ژێر پێلەقەی
گورگی بەڕەڵلا و
بزن و
گێسکی بە هەمەر

هاوینی ٢٠١٨
کفری

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish