Skip to Content

ئاوێنە … سەلام عومەر

ئاوێنە … سەلام عومەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2018 General, Poems

ئاوێنەیەک
سەرنجم دەخاتە سەر
چیمەنە سپیەکانی خەنافیزم و
ناچاری بژارکردن و
بڕینی پەرژینی
سمێڵە ماش و برنجیەکەم دەکا،
دێراوەکانی سیمام پیشان دەداو
ئاڵۆز بوونی چڵەکانی برۆم پێدەبڕێ،
تا
سێبەرێكی گرانتر نەخاتە سەر
دیدە لاواز بووەكانم و
خۆم پێنەخوێندرێتەوە،
داوێک
بۆ کەڵە گیاکانی کوڵمەم دەنێمەوەو
ئەو مووە زیادانە پێوە دەبن
كە سپیاتی كوڵمەی داپۆشیوم،
هەندێ‌ جاریش
بروسكەیەك بە دەمارەكانمدا دێنێ‌ و
فرمێسكم پێدەڕێژێ‌
ناچاری گریانێكی پیاوانەم دەكا،
ئاوێنەیەك
ئەو ساڵانەم بیر دەخاتەوە
کەکەوتونە
نێو تۆڕی راوچیەکان و
نامدەنەوە،
ئەو ساڵانەی بەئاشكرا
خەریكی چرچولۆچكردنی سیمامن،
دوواجار….
ئەو کولوە بەفرانە دەتەکێنم
کە بەسەر کۆشمدا باریون،
ئەو كولوانەی
بەگەرماو سەرما دێن و
نایانبینمەوە.

Previous
Next
Kurdish