Skip to Content

دەنگی منی ژن کپ ناکرێتەوە! … ن. ن. ئیبراهیم

دەنگی منی ژن کپ ناکرێتەوە! … ن. ن. ئیبراهیم

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2018 General, Women

ئەم نووسینەی کەلیردا دەیخوینەوە لە دواین ژمارەی رۆزنامەی هاولاتی بلاوکراوەتەرە، گۆشەیەک لە ژیانی ئنیسانیکە کە لە تەمەنی 13 سالیدا دەدریت بە شوو، لە 15 سالیدا دەبیتە دایک….! ئەم ئینسانە تەنیا یەکیک لەو هەزاران ژنەیە کە لە کۆمەلگای ئیمەدا ئازارو نارەحەتیەکان ژیانی تەنیبیتەوە بۆیە لە شوینکدا رادەوستیت و رادەچلەکیت و بەدوای پرسیارەکانی خۆناسینەوەو خۆ دۆزینەوەدا دەگەریت!
هاوکات جیگەی خۆیەتی ئامازەیەک بەوەش بکەین کە ئەم نووسینە لەگەرمەی کەمپەینێکدا بەرهەم هاتووە بەناوی ( نا بۆ رفاندنی) کەمانگی رابردو دەست بەکاربووە، بۆ چەند حالەتیک لە مندال رفاندن…. هیوادارین بینەری گرتەو بابەتەکانی ئەم کەمپینەبن لەریگەی پەیجی ( نا بۆ رفاندن )ەوە کە سەدان هەزار کەس بینەری بوون و هەزاران کەس لایک و کۆمیندنتیان لەسەر نووسیوەو سەدان کەس بابەتەکانیان شیرکردوەو پشتیوانیەکی زۆربەرفرانی بەدەستهینا . بۆیە هیوادارین بۆ ئاشنابوونیکی زیاتر لەپال خویندنەوەی ئەم نووسینەدا هاوکات بۆ بەدەستهینانی زانیاری زایاتر پەیجی ( نا بۆ رفاندن ) بەسەر بکەنەوە. جیگەی خۆیەتی ئەوەش بلین کە هەرکەس ولایەنیک خوازیاری هاوکاری کردنن بەم دایکە دەتوانن لە ریگە، ئیمەوە پەیوەندی بکەن بەم دایکەوە!

دەنگی منی ژن کپ ناکرێتەوە!

ن. ن. ئیبراهیم

لەبەهاری 12 ساڵیمەوە، هەر خزم و ناسیاوێکی «پیاوماقول» تەلەفونی دەکرد ئیتر بازاڕی کچەکەی بابە گەرم دەبوو… ( من کچەکەم بۆ ئێوە داناوە، حەدی چیە لە کوڕی ئێوەی باشتری دەستکەوێت، کچ کچی خۆتانە هەرچەند جارێ 12 ساڵیەتی…). بەڵێ بەلای ئەوەوە کێشە نیە ئەدی کچەکەی سنگی بەرزبووەتەوەو بەخێرێ مانگانە (عادە )دەبێت، کەواتە کاتی هاوسەرگیری هاتووە. بەخشینەوەی بەشێک لەم قسە شیرینانە لە زمانی باوکی خۆمەوە تەنیا بەمەوە نەوەستا، بەڵکو کار گەشت بەوەی کە ئیتر تۆ پێویستت بە خوێندن نیەو ساڵێکیتر دەبێت دەستهەلگریت لە قوتابخانە … ئەم دۆخە لەگەل ناڕەزایەتی ئەو برایەم ڕوو بەڕووبوو کە تەنیا دوو ساڵێک لەخۆم بەتەمەنتربوو، دایکیشم وەک زۆرێک لە دایکانیتر بێدەنگی هەڵبژاردبوو.

کە چاوم دەگێڕا بە نێو دەستەخوشکانی گەڕەک و خوێندنگەکەم، زۆربەی زۆریانم دەبینی کە باوکیان دەردەکەوت پێیدا هەڵدەزنان … دواتر کە لەخۆمدا ڕۆدەچووم لەماڵێکدا هەموومان لە یەک ژوردا ژیان بەسەردەبەین، بیرم لەوە دەکردوە کە من بۆچی هێندە لە باوکم دوورم، بۆ لێیدەترسم، بۆ وەک دایکم ناتوانم لەکاتی قسەکردندا چاو لەچاوانی بابم ببڕم،…ڕۆژیکیان لەتەمەنی 13 سالیدا دایکم هاتە تەنیشتم ووتی (کچم فلان کوڕ تۆی بەدڵەو دەیەوێ تۆ بکاتە خێزانی خۆی، تۆ چی دەڵێیت… بۆ ماوەیەک لە بێدەنگیدا غەرق بووم، نەمدەزانی چی بڵێم… گەر لە تەمەنی ئێستەمدا دەبووم 23 ساڵ دەمزانی چۆن وەلامی دەدەمەوە، بەجۆرێک کە هەرگیز هەرگیز ئەو وەڵامەی منی لەبیر نەچوبایە… بەڵی کچێکی 13 ساڵ لەباتی هەموو سەرگەرمیەکانی تەمەنی منداڵی دەبێت زەواج بکات، تۆبڵیت ئەم کلتورە چ کارەساتێک بێت.

دەکرێت چاوەڕیی چی بکەن لە هەرزەکارێکی 13 ساڵە، دواتر کە بەنجەکە بەریدام منیش ووتم ( بەراستی منی بەدڵە )… دوو هەفتەی پێ نەچوو بەلیباسی سپی بوکێنیەوە دایکم لە چەپمەوەو مێردەکەم و باوکیشم لای ڕاستمەوە وەستابوون، ئیدی وێنەی بوکێنی چرکینراو تەواو. پاش ماوەیەکی کورت دەوروبەر مێردەکەمیان فێردەکرد کەچۆن دەسەلاتی خۆی بسەپێنێت بەسەرمداو چۆن من بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە … ڕۆژیکیان لەبازار دامەنێکی تەنورەی سێ چارەکی هەلگرتوو سەیرێکی کردم و ووتی ئەمەت پێ چۆنە بۆ نایکڕیت؟ باوکم چاوی تێبڕی و بردیە ئەولاترەوە قسەیەکی لەگەڵ کرد… دوای ئەو ڕۆژە ئیتر جاریکتر باسی دامەنی کورت نەکرایەوە.
ڕۆژێکیان چووین بۆ مزگەوت و بۆ ناولینانی منداڵێک، منیش لەچکێکم لەسەرنابوو، ئێوارە کە گەڕاینەوە هەموومان چووینە بالکونەکەو دانیشتین، گڕگڕ باسەکە هاتە سەر من… ووتیان ئیتر تۆ مێردت کردوە دەبێ وەک ژن جلوبەرگ بپۆشیت، لەچکی تەواوت لەسەربێت و دەبێت وەک ژنێکی تەواو هەڵسوکەوت بکەیت. منیش هاتمە دەنگ و ووتم من حەزم لێنیەو ئەوکارە ناکەم، دایکم چاوێکی لە مێردەکەم کرد ووتی ئەو پێت لەسەردەکات، من چەندی ووتم نا حەزم لێنیە، دواتر مێردەکەم ووتی ئێمە عەشایەرین و لای ئێمە ژن ئەبێ لەچک بکات.

بەڵی لەتەمەنی 13 ساڵیدا مێردم کرد، ئیتر بەخاتری ئەوەی کە گەورەتر وەدەرکەوم لەچکیان لەسەرکردم. پێیانوابوو بە لەچکەکەی من عەیبەکەی خۆیان دادەپۆشن. پاش 15 ساڵ هەرجارێک کە دەمگوت باوکە، هەستم دەکرد کە لەدڵەوە نیەو هیچ هەستێکم بۆی نەبوو. هەرلەبەر ئەو هۆیانەش بوو کە بڕوام بەخۆشەویستیان نەبوو، پێموابوو کەباشترین کەس بۆ ئینسان هەر دایکە …. بەڵام لەمیشیاندا ئەزموون و خوێندنەوەو فێربوونەکانی دواتریش شتیکی تری پێووتم، هەستمکرد کە خۆ بەخۆ ناوی دایک بەرابەرنیە بە هەقیقەتی ئەو دایکەی کە دەبێت وەک دایک ڕۆڵی خۆی بنووێنێت …
من دەزانم کە بەراستی باوکانێک هەن لەخەمی ژیان و بوونی کچەکانیاندان. ئاخر ئاسان نییە بەئیستەشەوە من لەگەڵ باوکم دانیشتن و شۆخیەکمان نەبوو، بەداخەوە زۆر جار لەو تەمەنەشدا باوکم گاڵتەی پێدەکردم و پێکەنینەکانیم گوێ لێ دەبوو کە چاوەکانیم دەبینی دەمزانی چەند بەسوکی سەیرم دەکات. ئیتر لە نیوەی یەکەمی تەمەنی 13 ساڵیمەوە هەستم بە تەنیایەکی زۆر دەکرد، بۆیە بەناچار پەنام بۆ مێردەکەم دەبرد کە 13 ساڵ لەخۆم بەتەمەنتربوو بەڵکو ئەو بۆشاییەم بۆ پڕبکاتەوە.

پاش نیوەڕۆیەک ئێمە هەموومان پێکەوە دانیشتبووین لەسەر سفرەی نانخواردن قسەمان دەکرد باس هاتەوە سەر سوراو ئارایشتی من، لە تەنیشتی بابمەوە گسکێکی کارەبای لی بوو هەڵیگرت و بە هاوسەرکەمی ووت کوڕم کچەکەم بەقسەی کردی باشە، بەقسەی نەکردیت (لەگەڵ پێدانی دەستی گسکی کارەباکە ووتی (تەربیەتەکەی لەدەست تۆیە). ئیدی وەک گوشتی قوربانی درامە دەست کابرا…، تەنیا مانگێک لە تەمەنی 15 ساڵیم تێپەڕببوو یەکەمین منداڵی خۆم کردە باوەش، سەرەتا هەموو شتێک زۆر بەجوانی لەگەڵ منداڵەکەم دەگوزەرا، دەتگوت لەم دنیا تەنیا من و ئەو هەین، لەوساتەوە کە خێزانی مێردەکەم دەستیان نابووە ژیانمان هەموو شتێک لە پڕا گۆڕا. پیاوێک مۆلەتی پێدرابوو کە بەتەواوی و بەوشێوەی کە دەیەویت کۆنترۆلی خێزانەکەی بکات. خەڵکانی دەوروبەر نەخشەی هەڵسوکەوتی دیاری بکات، ئیتر دەبی چ چاوەڕوانیەکت لێ هەبێت وەک هاوسەرێکی ژیان. بۆیە ئیتر ڕووم لە دنیای خۆم و منداڵەکەم کرد، هەموو کەسانی ترم لەنێوان خۆماندا لابرد لەگەڵ منداڵەکەم دونیایەکمان بۆ خۆمان دروستکرد… دووهەمین منداڵم لەتەمەنی 17 سالی چاوی بەژیان هەڵهێنا، سێیەمین منداڵیش لەتەمەنی 19 سالی دابوو. کەواتە جارێکە نەببووم بە 20 سال بوومە دایکی سی منداڵ.

لەلایەک بکەوەرە ژێر گوشاری حەزو ئارەزوی مێرد، بۆ منداڵ بوون و لەلایەکی تریشەوە تەحەمولی قسەوباسی خەڵکی بکە کە چەندیان پێ سەیر بێت لەو تەمەنەدا دایکێکی وەک من خاوەنی سێ منداڵ بێت. لەم جیهانە نامۆیەدا گەڕامەوە بەخۆمم ووت :(خەیاڵی تۆ چی بوو بەمنداڵی، خەیاڵەکانت بوون بەچی بۆکۆی چون) بەڵی خەیاڵم لای نووسین بوو کە ببمە نووسەرو لەم ڕێگەیەوە ڕاستیەکان بهێنمە پێشچاوی خەڵکی، خەیاڵم لای ئەوە بوو کە ببمە وێنەکێش بەجۆرێک کە چاوم نووقاند بتوانم بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر هەستەکانی خۆم نیشان بدەم، خەیاڵم گەلێک زۆربوون، بەلێ دەموویست لە ڕێگەی خەیالەکانمەوە شانازی بەخۆمەوە بکەم و بەخۆم بڵێم، ئازایەتی و لێبڕوای خۆت بەم ڕۆژگارەی گەیاندی… بەڵام لە تەمەنی 13 سالیدا ئەلقەی بووکێنیم لە پەنجە کرا… تەمەنی 20 ساڵی ئیتر کاتی ئەوە هات کە ڕاچەنم و هەستمە سەرپێی خۆم. بۆیە دەستم کرد بەخوێندن و خویندنەوە… پێویستم بەخۆ تەکاندنێک بوو، دەبوو بە وردی بیرکەمەوە لەوەی کە چۆن گەورەکراین، چۆن فێرکراین، دواتر چۆن دەبێت من منداڵەکانی خۆم پەروەردە بکەم، بەکام پرۆسەی گەورەبووندا برۆن بەکورتی ئامانجێکم لەبەرپێی خۆم دانابوو دەبوو بکەومە ڕێ …. هەربۆیە دەستم بەخۆیندن کرد، هەولمدا هەنگاوی بەرەوپێش بنێم، بۆیە دروست لەهەمان ئەو بوارەدا دەستم کرد بەخۆیندن کە پەیوەندیان بە منداڵ و خیزانداری و ئەو ماف و خزمەتگوزاریانەی منداڵەوە هەیە. بۆیە ئەم هەنگاوەو بەڵگەنامەیەک کە لە ڕێگەی خویندنەوە بەدەستمهێنا زۆر یارمەتی دەربوو بۆ خۆدۆزینەوەو ڕاوەستان لەسەر ئەو پرسیارەی کە من کێم و دەمەوێ چی بکەم لەداهاتوودا.

بۆیە ئیدی ئاراستەکانی ژیانم گۆڕانی زۆریان بەسەرداهات، کارکردن، خۆدروستکردن و خوێندن و خوێندنەوە، کار لەگەڵ منداڵ و منداڵ پەروەردە کردن، کاروباری دائیرەو دەرەوە… لەهەمووشی زیاتر ئەوەی کە دەبێت من هەم دایک و هەم باوک بم، بە کورتی بۆ گەڕان بەدوای وەلامی پرسیارەکانمدا، هێزو لێبرانێکی جدیم لە خۆم نیشانداو بریارمدا کە ئێستا ئیتر کاتیەتی و دەبێت بۆ خۆدروستکردن و ژیانێکی باش بۆ منداڵەکان، جیا ببمەوە. یەکەم جار کە گەشتمە چرکەساتی دەربڕین و بڕیاردانی جیابوونەوە لە مێردەکەم، لە تەمەنی 21 سالیدا بوو، کە هەرچی هێنام وبردم سەرکەوتوونەبووم. بەڵام بیرکردنەوە لەوەی کە باوکیک بەهەر دەلیلێک بێت کەمترین بەرپرسیارەتی لەخۆ نیشان نەدات، بەردەوام لەسەفەرو سەفای خۆیدا بێت… کەی دێتە ماڵەوە، کەی دەڕوات… بەبێ ئەوەی کەمترین ڕۆلێکی هەبێت لە ئیدارەی ئەم خیزانەو پەروەردەی منداڵەکانیدا، بۆیە دووهەم جار کاتێک کە زۆر بەوردی و دلنیایەکی زۆر زیاترەوە بیرم لە ئایندەی ژیانی خۆم و منداڵەکان کردەوە، بەوە گەشتم کە تەنیا ڕێگەی بەردەمم جیابوونەوەیە، بۆیە لە تەمەنی 22 سالیدا دوابڕیاری خۆمدا.

هەر ئەو شەوە کە لەگەڵ منداڵەکانمدا لە خەوێکی قوڵدا بووین و ئەویش لە ژوری نوستنی خۆیدا بوو، کاتژمێر 3،30 دەقەی شەو من خۆشبەختانە توانیم لە هەوڵی مێردەکەم بۆ کوشتنم نەجاتم بیت.
سەرەڕای ئەو کارەساتەی کە بەسەرم هات و جیا بوومەوە، خێزانەکەم دیسانیش کەوتنەوە دژایەتم و کارگەشت بەوەی کە گوشاریان دەهێنا بۆ ئەو دۆستانەی کە لە دەوروبەرم بوون» لە کچەکەیان دورکەونەوە» کە گوایە بەتەنیایی بیرێک زیاتر لەخۆی بکاتەوە ناچاربێت بەوەی کە بگەڕێتەوە لای مێردەکەی… بەڵی بەبێ ئەوەی کە من ئاگاداربم دەوروبەرەکەم پڕکرابوون زۆریکیان پێیان سەیربوو دەیانپرسی ئێوە پاش تەمەنێک پێکەوە ژیان چۆنە ئێستە بەوە گەشتوویت و توانیت بڕیاری جیابوونەوە بدەیت… وەلامی منیش بۆ ئەوان ئەوە بوو کە ( ئیتر من کچە منداڵە تەمەن 13 سالەکە نیم و گەورەبووم، ئێستە من تەمەنم 23 ساڵەو دایکی سێ منداڵم و ئیتر کاتی بیرکردنەوەو بڕیاردانێکی جدیە بۆ ژیانی خۆم و منداڵەکانم. بۆیە دەبێت بەبروا بەخۆ بوون و جەسارەت لە خۆنیشاندان، دەست بکەمەوە بە دروستکردنەوەی سەرلەنوی ژیان و کەسایەتی خۆم. بۆیە لەو ڕۆژگارەوە کە چاوم کراوەتەوە بەردەوام ئەو قسەیە بەخۆم دەڵێم و دەڵێمەوە کە (تا من لەشساغ بم و بتوانم لەسەر پێی خۆم ڕاوەستم دەبێت بەهێزو سەربەرزانە ئەو بریارەی کە دەیدەم پاش لێوردبوونەوە و تیارامانێکی زۆر پێویست دەکات کاربکەم بۆ جێبەجێکردنی. مەرجێکی سەرکەوتنی خۆم لەوەدا دەبینمەوە کە کار لەسەر بیروڕاکانی خۆم بکەم و باوەڕی تەواوم پێیان هەبێت چونکە دەزانم دەبنە هەوێنی باشکردنی ژیانی خۆم و منداڵەکان هەربۆیە پاش ئەو بڕیارە هەوڵم دەدا خۆم باش نەفەس هەلکیشم بۆ ئەوەی منداڵەکانم بتوانن بە باشی هەناسەی پێ بدەن.
تیبینی / بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە هەقیقەتی داستانی منی دایک دەتوانن جەند خولەکێک سەیرێکی کەمپەینی ( نا بۆ رفاندن) بکەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish