Skip to Content

جەمال نەبەز، ڕووناکبیر و بیرمەند، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ … ئەمجەد شاکەلی

جەمال نەبەز، ڕووناکبیر و بیرمەند، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ … ئەمجەد شاکەلی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 30, 2018 General, Opinion, Slider

بڕوا ناکەم هیچ کەسێکی بە وێژدان بتوانێ، خۆ لە کار و بەرهەم و تێکۆشانی پتر لە 60 ساڵی تەمەنی جەمال نەبەز، نەبان بکات و هەموویان بسڕێتەوە و پشتگوێیان بخات. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس و ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند و سیاسەتکار بوو. ئەو وەک چۆن لە بیرکردنەوەی سیاسیی خۆیدا، هەموو ئامانج و خەونێکی یەکبوونی کورد و یەکخستنەوە و دامەزراندی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو، لە زمانیشدا، زمانێکی یەکگرتووی کوردیی، وەک زمانی ڕەسمی و ستاندارد، گەلێک بەلایەوە مەبەست و جێی بایەخ بوو. کارێکی گرنگی دیکەی جەمال نەبەز، ساغکردنەوەی مێژووی کورد و ناساندنی مێژوو و کێشەی کورد و کوردستان بوو، بە ئەوروپاییان و بیانییان بە گشتی. نووسین و هزرەکانی، بنەما و فێرگەیەک بوون، بۆ بارهێنانی نەوەیەک و پێگەیاندن و وەئاگاهێنانەوەی زۆرێک لە خەڵکی کورد. ئەو مرۆڤیکی بزێو و چالاک و کارا بوو و هەمیشە دەجووڵا و دەکۆشا، بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی، کە هەموویان بە دەوری کوردستان و نەتەوەی کورددا دەسووڕانەوە.
ئەوەی سەرەوە دیوێکی گەشی جەمال نەبەزە، لێ هیچ کەسێک، هیچ مرۆڤێک، سەدلەسەد هەموو دیوەکانی، هەموو لایەنەکانی ژیانی، هەموو دید و هویرەکانی، گەش و سوودمەند نین و تەنێ شایستەی پەسن نین و دەشێ مرۆڤ لە دیوێکی دیکەوە و بە جۆرێکی دیکە، بیانخوێنێتەوە و پێیان قایل نەبێت و ڕەخنەی لێیان هەبێت.

لەنێو کۆمەڵ و وەڵاتی خۆمان(کوردستان)دا، وەک باوە، کە کەسێک، کۆچیدوایی دەکات، بە تایبەت ئەگەر مرۆڤێکی بەناوێ بێت و لە بوارێکدا، کارێکی کردبێ و کاریگەرییەکی بووبێ و بەرهەمێک یا شوێنەوارێکی لەپاش خۆی جێهێشتبێ، ئیدی پاش مردنی، تەنێ پەسن دەدرێ و تەواوی کردەوەگەلێکیشی، کە سوودمەند نەبووبن یا چەوت بووبن، بەگوێرەی تیۆری”شەیتان و ڕەحمان دەستیان لێی شۆردووە”، دەسڕدرێنەوە و ڕەخنەیان لێ ناگیرێت و ئەگەر هەڵەیشی کردبێت، پەردەپۆش دەکرێت. بە من، مرۆڤ، دەبێ سەرلەبەری ژیانی بخوێنرێتەوە و تەواوی مێژووی ژیانی و تەواوی ئەو وێستگە و قۆناخانەی پێیدا تێپەڕیوە و سەرجەمی کار و کردەوە و گوتار و بیروڕاکانی، خاس و نەباش، بێ بازدان بەسەر تاکە یەک شتیشیدا، لەبەرچاو بگیرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێن. ڕەنگە لەمەر ئەم بابەتەی بەردەستتان بگوترێ، ئەوەی ئێستا لەمەڕ مامۆستا جەمال نەبەزەوە دەگوترێ، دەبوو کاتێک، کە لە ژیاندا بوو، بگوترابا، لێ من باش دەزانم ئێستا بێجگە لە پەسن، هیچ یەکێک لەوانەی باسی مامۆستا نەبەز دەکەن، توخنی لایەن و دیوێکی دیکەی ئەو ناکەون. بۆیە ئەوەی من لێرەدا دەیڵێم، شتێکی نوێ و شاراوە نییە و بێگومانیشم لەوەی، خەڵکێک هەن، لەگەڵ بۆچوونەکانمدا هاوڕا بن، هەر بۆیە بە ڕای من پێویستە بگوترێن.

جەمال نەبەز، وەک مرۆڤێک، بە گەواهی ئەوانەی لە نزیکەوە دیویانە، ناسیویانە، کاریان لەگەڵ کردووە، ژیاون: گەلێک خانەگومان و خۆویست بووە. هاوبیرێکی جەمال نەبەز گێڕایەوە، کە جارێک، خوشکێکی جەمال نەبەز لە کوردستانەوە هاتووە بۆ سەردانی بۆ ئەڵمانیا و لەتەک خۆیدا، وەک دیاری، چای بۆ هێناوە، کیسەیەک چای وشک، چای دووغەزاڵ(بە عەرەبی: أبوغزالین)، کە ئەودەمی زۆر باو بوو. ئەودەمە وەک ئێستا نەبوو و لە ئەوروپا هێندە چای نەبوو و ئەگەر هەشبووبێ، ئەوا چاییەک لە وڵاتەوە هاتبێ و دیارییش بووبێت، گەلێ خۆشەویست بووە و خوشکەکەیشی هەر بەو مەبەستە بۆی هێناوە. کە خوشکەکەی کیسە چاییەکەی داوەتە دەستی جەمال نەبەزەوە، لە خوشکەکەی پرسیوە، ئەوە چییە، ئەویش گوتوویەتی چاییە. جەمال نەبەز دەسبەجێ کیسە چاییەکەی فڕێداوەتە نێو زبڵدانەکەوە و بەوەش دڵی خوشکەکەی شکاندووە. ئەو کارەی بۆیە کردووە، چون گومانی ئەوەی کردووە، کە ڕەنگە حوکوومەتی عیراق ئەوەی وەک ژار و دەرمان، بۆ کوشتنی ئەو ناردبێ!
گەلێک تەنگەجیقڵدان و لە خۆڕازی بووە و هەڵسوکەوت و دۆستایەتی لەگەڵیدا هەرگیز ئاسان نەبووە، بەڵکە گەلێ سەخت و گران بووە. هەمیشە خۆی بە ڕاست و خەڵکانی ناهاوڕای بە ناڕاست زانیوە و کەمجاران ددانی خێری بە خەڵکدا ناوە.

هیچ مرۆڤێکی کوردی زیرەک و چالاک و کارای بواری نووسین و زمان و مێژوو و سیاسەتی، خۆشنەویستووە و هەموو کوردێکی لەو جۆرەی بە ڕکابەری خۆی زانیوە. هاوبیرێکی بۆی گێڕامەوە گوتی:”جارێکیان لەگەڵ جەمال نەبەزدا دانیشتبووین، ئیدی باسی سیاسەت و کورد و نووسین و…زۆر شتی دیکە کرا. هەر ناوێکی دەهاتە سەر زارمان، جەمال نەبەز شتێکی خراپی لەبارەوە دەگوت. لەپڕ باس هاتە سەر کەسێکی ناسراو، کە نووسەرێکی کارا و شارەزا و چالاک بوو و من هەندێ پەسنم دا، ئەو دەسبەجێ دەستی بە زەمکردنی کرد و گوتی، من دوو چاوم هەن، لێ یەک دانەیشیان هەڵنایە و ئەوی پێ نابینم، کوێراییم دادێ، ئەگەر ئەو کابرایە دەبینم!” دەی ئەوە لە “ئێرەیی” و “ڕقبوونەوە لە مرۆڤ” زیاتر، ناوێکی دیکەی لێنانرێت.

لەسەر شتگەلێکی بچووک و کەمبایەخ گەلێ جار، لە کەسە نزیکەکانی و ئەوانەی لە دەوری دەبوون و کۆمەکیان پێ دەکرد و ڕێزیان لێی دەگرت، دەتۆرا و دەکەوتە باسکردنیان بە خراپە و ناوزڕاندنیان، بە نووسین و بڵاوکردنەوە.
جەمال نەبەز، لەم ساڵانەی دواییەدا، لە ڕووی زمانەوە، کۆمەڵێک دەسکاری و گۆڕینی لە ڕێنووس و دەربڕین و دەستەواژە و وشە کوردییەکاندا دەکرد، بە بیانووی ئەوەی هەندێ تیپ، کە کورد بەکاریان دەهێنن، کوردیی نین و لە زمان و تیپی عەرەبییەوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردی و گەرەکە کورد، ئەو تیپە عەرەبییە”لایدە و نامۆ”یانە وەدەرنێ و زمانی کوردییان لێ پاکژ بکاتەوە. جەمال نەبەز، لە کاتێکدا ئەوەی دەگوت، کە بۆخۆی ئێرانناسی خوێندبوو و فارسییزان و کوردێزان بوو. ئەو وشە و دەستەواژانەی، تیپی “ح”، “ق”، “ع”، “غ”یان تێدابووایەن، ئیدی لە پێشەوە، لە ناوەنددا یا لە کۆتاییدا، ئەو دەیانیگۆڕین بۆ تیپی دیکە. بۆ نموونە:(حوسەین، حەمە، مەحموود، حەسوود، حەمکە، حەسیرەکە، حەیوان، حەز، حەوت، حەوتەوانە، حەسار، حاجی، لای ئەو دەبوونە: هوسەین، هەمە، مەهموود، هەسوود، هەمکە، هەسیرەکە، هەیوان، هەز، هەوت، هەوتەوانە، هەسار، هاجی).

(قوڕ، قارەمان، قڕقێنە، قەلەڕەش، قەوزە، قەیسەری، قاز، قەرەتەپپە، سەقز، خانەقی، قەرەداغ، قلیاسان، قاڵی، قۆری، بەعشیقە، نەقیزە، لای ئەو دەبوونە: کوڕ، کارەمان، کڕکێنە، کەلەڕەش، کەوزە، کەیسەری، کاز، کەرەتەپپە، سەکز، خانەکی، کەرەداخ، کلیاسان، کاڵی. کۆری، بەئشیکە، نەکیزە). (عەلی، عومەر، عەرەب، سەعید، جومعە، عەبا، سەعات، باعەباع، عەربەت، عەلی عەسکەری، عەلی ئەسغەر، لای ئەو دەبوونە: ئەلی، ئومەر، ئارەب، سەئید، جومئە، ئەبا، سەئات، بائەباء، ئەربەت، ئەلی ئەسکەری، ئەلی ئەسخەر). (غاردان، بەغدا، غەیدین، غاز، غیرەت، غەوارە، غەریب، لای ئەو دەبوونە: خاردان، بەخدا، خەیدین، خاز، خیرەت، خەوارە، خەریب). بەڕاستی ئەوەی جەمال نەبەز دەیکرد، بێجگە لە ئەتککردنی زمانی کوردی، چتێکی تر نەبوو. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس بوو، سەرباری ئەو ئەتکەیشی بە زمانی کوردی، هێشتا دەیتوانی شتی دیکەی باش پێشکەش بە زمان و مێژووی کورد بکات. سەد بریا لە بری سیاسەت، خەریکی ئەو بوارانە بووایە!

ئەو لە ساڵی 1962ەوە، واتە: ماوەی 56 ساڵان بوو، کوردستانی جێهێشتبوو و هەرگیز بۆ تاکە یەک جاریش سەردانی کوردستانی نەکردەوە. مرۆڤ، ئەگەر خۆشەویستیی بۆ خاک، وڵات، زێد، نیشتمان، گەڕەکەکەی، ئاواییەکەی، کۆڵانەکەی، یادەوەریی منداڵی و سەردەمی لاویی، خەڵکی وڵاتەکەی، هاوشارییانی، دۆست و هاوڕێ، کەسە نزیکەکانی، خانەوادە و خزمە نزیکەکانی، باوک و دایک و خوشک و براکانی هەبێت، ئەڵبەتە خۆڕاناگرێ و لەو ماوە دوورودرێژەدا، 56 ساڵان، چەندین جار سەردانی کوردستان دەکاتەوە. ئەو وەنەبێ تەنێ سەری باشووری کوردستان، کە لێی هەڵاتبوو، نەداتەوە، بەڵکە سەری باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیشی نەدەدایەوە، کە هەمیشە بۆ خۆی باسی کۆمەڵێک پارچەی کوردستانی دەکرد و هەموو کوردستانی وەک یەک وڵات تەماشا دەکرد. دیارە هیچ پاساوێک بۆ ئەو نەگەڕانەوەیە و سەرنەدانەوەیە، نەبووە و نییە، ئەگەر لای نەبەز خۆیشی بووبێ، هەرگیز جێی باوەڕپێکردن نییە و تەنێ کێماسی خۆشەویستی بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، پێشان دەدات.

ئەو بۆ خۆی هەر کاتێک باسی نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان کردبا، دەیگوت، “خولەی فێڕنەگولە”، رێگەی لێ گرتووم و نەیهێشتووە بگەڕێمەوە کوردستان. لە “خولەی فیڕنەگولە”یش، مەبەستی سیاسەتکاری بەناوێی کورد، دۆکتۆر مەحموود عوسمان بوو. ئەو باسی ئەو سەردەمەی 1970 تا سەرەتای 1974ی دەکرد، سەردەمی پێکهاتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ حوکوومەتی عیراقدا و ڕێککەوتننامەی 11ی مارسی 1970. ئەو بۆ خۆی ئەگەر مەبەستی گەڕانەوەی کوردستانی بووایە، بێگومان نەیبووە، نەک دۆکتۆر مەحموود عوسمان، هیچ کەسێک نەیدەتوانی ڕێگەی لێبگرێ! ئەو وا لە خۆی دەنۆڕی، کە دەبێ سەرۆک بارزانی یا کەسانی نزیکی ئەو، بانگهێشتی تایبەتی بۆ بکەن و وەک سەرکردە و ڕێبەر پێشوازی لێبکەن. دەنا ئەگەر وانییە، خۆ هەزاران کوردی پاژەکانی دیکەی کوردستان، لەو چوارساڵەیدا، کە کورد تا ڕادەیەک لە ڕەوشێکی باش و ئارامدا بوو، لە باشووری کوردستان و لە سایەی ڕێبەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانیدا دەژیان و تێکەڵ بە واقیعی نیشتمان بووبوون و ئەمیش دەیتوانی وەک ئەوان خۆی بخزێنێتە نێو زانستگە و کۆڕی زانیاری و بوارە فەرهەنگییەکەوە و لە پەناشدا سیاسەتی خۆیشی بکات. نەگەڕانەوەی دۆکتۆر نەبەز، تەنیا پێوەندی بە لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانینەوە بووە و هیچی دی.

ئەگەر پێش هەرەسی 1975، تەنێ سەرۆک بارزانی تاکە ڕێبەر و سەرکردە بوو و یەک حیزب(پارتی دیموکراتی کوردستان) لە کوردستاندا دەسەڵاتی هەبوو و یەک هێزی پێشمەرگە هەبوو، لێ کە شۆڕشی کوردستان هەرەسی هێنا، ئیدی مەیدان و گۆڕەپانی کوردستان لە یەک سەرکردە و یەک ڕێبەر و یەک حیزب و یەک هێزی پێشمەرگە و یەک بزاڤی چەکداری و یەک جووڵانەوەی سیاسی، چۆڵ بوو و ڕێژیمی بەعسی بەغدا، دەسەڵاتی حوکوومەتی عیراق، گەیشتە دوورەدەستترین و سەختترین جێگە و هەموو کونجێک لە کوردستاندا. پاش ماوەیەک جارێکی دیکە ڕێکخراو و حیزب و گرۆی چەکدار پەیدابوونەوە و جەنگی دژ بە ڕێژیم دەستی پێ کردەوە. لەو دەمەیدا، ئیدی سیاسەتکردن و بزاڤە چەکدارییەکە و کورد و کوردستان بە گشتی، بێ سەر مایەوە و لەتلەت بوو و هەموو جۆرە گرۆ و دەستە و حیزبێکی تێدا پەیدابوون. ئەوانە وەک کوارگی بەهارێ هەڵدەتۆقان و هەرڕۆژەی ناوێکی نوێ دەهاتە نێوانەوە. زۆرێک لەو گرۆ و دەستە و حیزبانە، کە بەشێکیان دەستکردی پێتەختەکانی دەوروبەری کوردستان بوون، بۆ خۆیان پێیانوابوو، چەپانە دەهزرێن و دەپەیڤن، چون ئەوان، هەموو نەهامەتی و داڕووخان و هەرەسیان، دەخستە ئەستۆی سەرۆک بارزانی و بزاڤەکەی، کە ئەمان بە ناچەپیان دەزانی. ئەوانە، ئەو بیری چەپایەتییەی خۆیانیان پێوە هەڵدەکێشا، تەنێ ڕواڵەت و ڕووکەش و دەمامکێک بوو، بۆ خۆڵ لە چاوکردن و فریودانی خەڵک و بێجگە لە بانگەشەیەکی پفدراو و درۆ، هیچی دیکە نەبوو.

لەو گەڕەلاوژە و بێ سەروبەرییەی دوای هەرەس، هەموو جۆرە بیر و هەموو جۆرە ڕەنگێک لەو دەڤەرەدا سەریان دەرهێنابوو و هاتبوونەگۆڕی، تەنیا یەک جۆرە بیر و ئایدیۆلۆگی لە کوردستان، ئامادەیی نەبوو، ئەویش هزری نەتەوەیی(ناسیۆنالیستی)کوردی بوو. جەمال نەبەز، کە خۆی بە دامەزرێنەری ئەو فێرگە نەتەوەییە کوردییە و ڕێناس و باوکی ئەو هزرە دەزانی، دەبوو وەک هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیاریەتی و چۆڵایی دەنگە نەتەوەییەکە، لە کوردستان، ئەو دەرفەتەی بقۆستایەتەوە و ئەگەر بەڕاستیی باوەڕی بە بیر و پەیامەکەی خۆی هەبوو، دەبوو دەستبەرداری ژیانی ئەوروپای بووایە و بێ هیچ یەکودوو و بیرکردنەوەیەک گەڕابایەوە کوردستان و بنەمای بزاڤێکی نەتەوەیی دانابا و خەڵکە هەوادارەکانی خۆی خڕکردباوە و لە مەیداندا سیاسەتی خۆی کردبا. جەمال نەبەز وای نەکرد. ئەو لە ئەڵمانیا ڕوونیشتبوو و تەنێ قسەی دەکرد و دەهزری و گەرەکیبوو خەڵک بیژنەفن و بەگرێی ملدا بدەن و بێژن”ئەشهەدو ڕاست دەفەرمووی…”. ئەو پێیوابوو بەو نووسین و تیۆری و قسانە لە ئەوروپاوە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕادەگەیندرێ. هزر هەرگیز لە کارکردن گرنگتر نییە. عەلی شەریعەتی دەڵێ:”ئەو خەڵکانەی ڕیبەرایەتی شۆڕشیان کردووە و کاری هەستەوەر و خەباتی کردەییان کردووە، لەو بیرمەند و فیلۆسۆفانەی، جەنگی ژیانیان نەکردووە، گرنگترن” .

جەمال نەبەز، کە دامەزرێنەری کاژیک بوو و کرۆکی هویری کاژیکیش، نەتەوەیی بوو، بێجگە لە کۆمەڵێک دەستەواژەی توندی نەتەوەیی و تەسکبیری و بەرچاوتەنگی و تووڕەیی، لە کاژیکنامە و ئەو هزرە نەتەوەییە و ڕێبازەکەیدا، لایەنێکی تیۆری و فەلسەفەیی و ئایدیۆلۆگی و شیکردنەوەی جڤاکی، ئابووری، سیاسی و مێژوویی و نەخشە و بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گرێدراو بە فەلسەفە و تیۆرییەک، کە ببێتە چرایەک و نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆمەڵی کورد و وڵاتی کوردستان، نابینییەوە. لە تێزەکانیدا گەلێ جاران، جەمال نەبەز، جەختی لەوە دەکردەوە، کە بیری نەتەوەیی کوردی، نە بیری قەومییەتی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی ڕۆژاواییە و لەگەڵ ئەوانەدا جیاوازە، لێ تۆ کە کاژیکنامە دەخوێنییەوە و دواتریش لە گوتار و ڕەوتاری جەمال نەبەز و پێڕۆیانی فێرگەکەی ورددەبییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر باندۆری فەلسەفە و تیۆرییەکانی ساتیع ئەلحوسەری(ساطع الحصري) و میشێل عەفلەق(میشیل عفلق) و بەعس و نەتەوەییە عەرەبەکان، لەسەر جەمال نەبەز و تێڕوانینی وی و فێرگە نەتەوەییەکەیشی بە ڕوونی دەبینی. سرووشی کاژیکنامەیش لەو پاشخانەوە بۆ جەمال نەبەز هاتووە.

ئەو فێرگە نەتەوەییە و بیروباوەڕەی جەمال نەبەز، کە بوونە پۆشاک و چوارچێوە و بنەمای کاژیک و دواتریش پاسۆک، هەرگیز نەبوونە فێرگە و بیروباوەڕێک، زۆرینە یا زۆرێک، لە خەڵکی کوردی لە دەور گلێر ببنەوە. هەمیشە دەستەیەکی کەمژمارە هەواداری ئەو ڕەوتە بوون. بە من ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی ئەو دوو ڕێکخستنە، کاژیک و پاسۆک، ئەوانە پتر دەڤەریی، لۆکاڵی بوون و لە سنووری باژێڕی سلێمانی نەچووبوونە دەرێ و تا ڕادەیەکیش مۆرک و سیما و ڕەنگ و بۆی سلێمانییان پێوە دیار بوو. جارێکی لەگەڵ کاک ئازاد مستەفادا، کە هێشتا لەگەڵ جەمال نەبەزدا نێوانیان تێکنەچووبوو، باسی بیری نەتەوەیی و پاسۆک و ڕەوشی کوردستانمان دەکرد، گوتم:”کاک ئازاد، ئێوە باسی چوار و پێنج و هەندێ جار زیاتریش پاژی کوردستان دەکەن، خۆتان بە خاوەنی فێرگەیەکی نەتەوەیی دەزانن و حیزبەکەتان بە نوێنەری هەموو کورد دەزانن، وانییە؟”. گوتی:”بەڵێ وایە”. گوتم:”یەک پرسیارت لێ دەکەم، هیوادارم ڕێکوڕەوان و دروست وەڵامم بدەیتەوە”. گوتی:”گومانت نەبێ، ئەوەی ڕاست بێ، پێت دەڵێم”.

گوتم:”ئێوەی پاسۆک، لە ئامێدی، لە دهۆک، لە مووسڵ، لە خورماتوو، لە کفری، لە خانەقین، لە مەندەلی، لە زرباتییە، لە بەغدا، لە ئیلام، لە کرماشان، لە بانە، لە ورمێ، لە قووچان، لە هەورامان، لە یێرەڤان، لە وان، لە دێرسم، لە دیاربەکر، لە مێردین، لە غازی ئەنتاب، لە قۆنیە، لە عاموودا، لە دێرک، لە قامشلوو، لە شام، لە بەیرووت، لەنێو کوردانی فەیلیدا، لەنێو کوردانی ئێزدیدا، لەنێو کوردانی کاکەییدا، لەنێو کوردانی شیعەدا، یەک ئەندامی پاسۆکتان هەیە؟”. گوتی:”نا وەڵڵا نیمانە…”. گوتم:”ئێوە هەرچەندە دروشمەکانتان گەورە و زەق و قەبەن، لێ هەرگیز لە چوارچێوەی سلێمانی نەچوونەتە دەر، لەوێ هەن، بەڵام کەمیشن”. گوتی:”دەی بە خوا ڕێک وایە..”. گوتم:”کاتی ئەوە نەهاتووە بە خۆتاندا بچنەوە و خوێندنەوەیەک بۆ مێژوو و داهاتوو و تەواوی بیر و کرداری خۆتان بکەنەوە و گۆڕینێکی ڕادیکال لە بوونی خۆتاندا بکەن!”. بڕێک ڕاما و سەرێکی بادا و گوتی:”وایە، دەیکەین ئینشائەڵڵا”. هۆکاری سەرەکی بڵاونەبوونەوەی بیری نەتەوەیی نەبەزیزم و بچووکیی کاژیک و پاسۆک، لە تەسکبیری و خانەگومانی و وشکی و تووڕەیی و باوەڕنەبوون بە خەڵک، لە دامەزرێنەری ئەو بیر و فێرگەیەوە، جەمال نەبەز و کەسەنزیکەکانی دەوروبەری ئەوەوە هاتبوون و ئیدی بووبوونە پەتایەک، هەرگیز لەو بزاڤە نەتەوەییە نەبوونەوە و تا ئێستاش هاتن، تا ئیدی مەرگ لە 08-12-2018دا، باوکە ڕۆحییەکەی پێچایەوە و هەموو خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا لوولدا.

من بۆ خۆم، لە نزیکەوە جەمال نەبەزم نەناسیوە و هەرگیزیش هیچ جۆرە پێوەندێکم لەگەڵیدا نەبووە، لێ بەشێک لە نووسینەکانیم خوێندوونەوە و چەندین جار، لە ستۆکهۆڵم، ئامادەی کۆڕ و سیمیناری ئەو بووم و تا ڕادەیەک ئاگاییم، لە بیر و بەرخورد و هەڵسوکەوتی ئەو هەبووە و زۆریشم لە هاوبیرانییەوە لەبارەی ئەوەوە ژنەفتووە، لەو باوەڕەدام جەمال نەبەز ئەگەر سەدلەسەدیش نەبێت، ڕێژەیەکی نزیک لەو ڕێژەیە، حاڵەتێکی ترس و سڵەمینەوە و دڵەڕاوکێ و گومانکردن و باوەڕنەبوون بە خەڵک و چاوەڕوانی خراپەکاری لە خەڵک، لە بیرکردنەوەیدا هەبووە، کە تەواوی ئەوانە، پتر لە خۆبەزلزانین و لەخۆڕازیبوون و ڕالەخۆبوونەوە دێن، کە بە لاتینی و زمانانی ئەوروپایی پێی دەگوترێ (Paranoia). ئەو حاڵەتە کارێکی وا دەکاتە سەر مرۆڤ، کە وەک لە ئەمەریکا و لەسەرجادە و بازاڕ و زمانی میللی و نێو خەڵک دەڵێن، مرۆڤ هەست بکات و پێیوابێ، خەڵک هەمووی وەدووی ئەو کەوتوون و دەیانەوێ بیگرن و بڵێ:(هەمووکەس وەدوومەوەن بۆ گرتنم”Everyone is out to get me”). تەواوی ئەو بیرکردنەوەیە و ئەو دیدە بۆ ژیان و سیاسەت و شێوازی ڕەوتار و کارکردن و داخراوییە، لە جەمال نەبەزەوە شۆڕبووبووەوە و ڕۆچووبووە خوارێ، بۆ نێو ڕێکخستنەکانی کاژیک و پاسۆک و سۆکسە و ئەو فێرگە و بزاڤە نەتەوەییە، کە بەرهەمی هزری جەمال نەبەز و هاوبیرانی بوون و تەنانەت بۆ نێو هاوبیر و هەوادارانیشیان.

جەمال نەبەز، لەودەمەوەی نەتەوەییانە، بەو جۆرەی خۆی باوەڕی پێبوو و کاژیکانە دەهزری، ئیدی هەرگیز چ نوێبوونەوە و گۆڕانێک لە بیرکردنەوەیدا، لەو بوارەدا، نەدەبینرا. ئەو هەر لەسەر هەمان هێڵ دەڕۆیشت و هەمیشە هەر شتەکانی خۆی، کە چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوون، دەگوتنەوە و چەندپاتەی دەکردنەوە.
هاوبیرێکی جەمال نەبەز دەیگێڕایەوە، کە جەمال نەبەز، لە تەمەنی لاویی و دەسپێکی نووسینیدا، بە ناوی “جەمال کڵۆڵ”ەوە ناسراو بووە، هەر بەڕاستیش پێموایە پرۆفێسسۆر دۆکتۆر مامۆستا جەمال نەبەز، نووسەر و ڕووناکبیر و مێژوونووس و زمانەوان و بیرمەند بوو، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ!

23-12-2018

———————
رسول، فاضل، هکذا تکلم علي شریعتي، دار الکلمة للنشر، الطبعة الأولی 1978، بیروت- لبنان، ص 70.

Previous
Next
Kurdish