Skip to Content

ماندووم..خاڵۆ ماندووم !! …. شیعری : مەولود ئیبراهیم حەسەن

ماندووم..خاڵۆ ماندووم !! …. شیعری : مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2019 General, Poems

شۆربایەکی گەرممان هه بوو،
ئێوارە..
کچەکەم گوتی :
پێدەچێ ئەم شەو زۆر ساردبێت !
چ شەرمێک دایگرتووم!
کە بیر لە برسیەکانی نێو خەیمەدەکەمەوە .
***
سەرمایەکی ساردتر لە دوێنێ
دزەی کردووتە ژوورەکەم ،
ناچارم..
بەتانیەکی زیاتر بەخۆم دادەدەم.
چ شەرمێک دایگرتووم !
کەبیر لە بێداری نێو کەمپەکان دەکەمەوە .
***
بە ئاسودەیی ڕاکشاوم ،
لەو دیوی پەنجەرەوە
هاژەی ساردیی با دێت ،
چ شە رمێک دایگرتووم!
کە بیر لە کۆلبەرەکانی سەر سنوور دەکەمەوە .
***
چرا کانی سەر شەقام ،
کزکز دەسووتێن
لە نێو هه وای بەستووی ئەمشەو
چ شەرمێک دایگرتووم !
کە بیر لە پاسەوانی شەو دەکەمەوە .
***
هه رچی دەکەم ..
ئەم تەلەفزیۆنەم بۆ ناکوژێتەوە ،
تا چیتر دیمەنی ئەو پیرە نەبینم !
کە بە دەست و پی شکاوی
لە نێو ئاودەسێکا
بە برسییەتیەوە
خۆی لە بەتانیەک لولدابوو!
***
عەمباری سۆبەکەمان
پڕ نەوتە !
ئاگرەکەی جوان دەسووتێ ،
ئای چەند شەرم لە خۆم دەکەم .
کە بیر لەو پیرەژنە دەکەمەوە
بەرمیلی بەتاڵی لەسەر پشتە .
***
دوگمەی پاڵتۆکەم داخستووە،
خاولیەکەم لەملم لول داوە
گەرمی ماشێنم داگیرساندووە
شەرم لەو منداڵەدەکەم
لە چوارڕێان ..
بە ملی ڕووتەوە
لەسەرمان..نازانێ چیم پێ بڵێێ !
***
ماندووم خاڵۆ..ماندووم
منداڵێک لە سەر گوفەکی ژیان
بە گریانەوە ،وای گوت ؛
ئای چەندم ڕق لەخۆم دەبێتەوە !
کە خوارزاکەم ..
پێمدەڵێ..خاڵؤ .

******* سەعات سێی خەولێنەکەوتن/٣١/١٢٢٠١٨- هه ولێر

Previous
Next
Kurdish