Skip to Content

پۆپۆلیزمەکەی نەوەی نوێ، لاساییکردنەوەی گۆڕانە …. کامیار سابیر

پۆپۆلیزمەکەی نەوەی نوێ، لاساییکردنەوەی گۆڕانە …. کامیار سابیر

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2019 General, Opinion, Slider

واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراق ئەوەیە کە حیزبێکی سیاسیی نوێ، پەیدابووە و ناوی “نەوەی نوێ-نن”ە. ئەم حیزبە، نەیاری سیاسیی زۆری هەیە، بەڵام دۆستی سیاسیی، کەمە. زۆریینەی ئەو رەخنانەی لەم حیزبە گییراون، بریتیین لە عوقدەی حیزبیی و شەخصیی، یان عوقدەی ئێرەیی و هەجووکردن. لە سووکایەتییکردن و زمانی بازاڕییەوە بیگرە کە بە درێژایی هەشتا ساڵی ئەو بزوتنەوە نەتەوەییەی هەیە و بە کوردایەتیی ناوزەد بووە، درێژەی هەیە تا بە سیاسییە مۆدێرن و گەنجە رادیکاڵە سیاسییەکانی ئەم سەردەمە دەگات. تا ئێستا، رەخنەیەکی سیاسیی، کولتووریی، فیکریی، ریشەیی و جدیی لە بونیادی سیاسیی ئەم حیزبە( جوڵانەوەیە)، نەگیراوە، یان لای کەم من نەمدییوە.

زۆرتریین رەخنەی ئەو نووسەر و رۆشنبییرانەی کورد کە بەردەوام قسە لەسەر سەراپای سیاسەتی کوردیی دەکەن، لەسەر نن، بێدەنگیی و خۆلادانیان لەم واقیعە سیاسییە، هەڵبژاردووە. ئەمانەیش هۆکاری ئەو بازاڕە پۆپۆلیزمەیە کە نایانەوێ دڵی هیچ سیاسیی و حیزبێکیان، لێ بڕەنجێ. هەروەها نایانەوێ، تەلەفزیۆنی ئێن ئار تی، بۆ نمایشکردن، لەدەست بدەن. لەسەرێکی تریشەوە، ریتۆریک و غروورێکی تووڕەهاتە کە خۆیان ناهێننە ئەو ئاستەی کە لە وەهمی نەرجسییەتی خۆیاندا، ئیستیبیانیان کردووە. تەنانەت، مافیا دێریینەکانی پێشمەرگایەتیی، کۆمەڵێ لە گەنجە نوکتەچییەکانی کوردایەتیی، کۆمەڵێ شەلاتیی و چەقۆکێشیان، بەرەڵای سۆشیاڵ مێدیا کردبوو، بە نەوەی نوێیان دەگوت” طفل جدید”، لە کاتێکدا، مەعریفەی کرچوکاڵیان، بایی ئەوە نییە کە “الجیل”ی عەرەبیی و “نەسڵ”ی فارسیی، بەرامبەر بە “نەوە”، دێن.

نن و سەرۆکەکەی، یان باشتر و دەقیقتر بنووسرێ، خاوەن و سپۆنسەرەکەی( شاسوار عەبدولواحید-شعو)،دونیایەک رەخنە و سەرنجی سیاسییان لەسەرە. بە تایبەتییش لە هۆکارەکانی دەوڵەمەندبوون و بیزنسەکانی، ئەو کۆنتراکت و پرۆژانەی کە دەسەڵات( بە تایبەتیی هەندێ باڵی یەکێتیی) ئاسانکارییان بۆ کردوون. بە باوەڕی من، وێڕای ئەوەی دەیان سەرمایەداری میلیاردێری شەریک لەگەڵ دەسەڵاتدا، لە کوردستاندا هەن و پارەی رەشی دزراو لە خەڵکی کوردستان، بۆ دەسەڵات سپیی دەکەنەوە و سامانەکانیان، دەیان و بگرە صەدان جار لە “نن و شعو” زەبەلاحترن، بەڵام چونکە ئەوان راستەوخۆ دەخالەتی سیاسەت ناکەن و حیزبیان دروست نەکردووە، هیچ کەس ناویشیان ناهێنێت. لێرەدا، بە کورتیی و پوختیی، دەمەوێ ئەوە بڵێم، هەموو ئەو رەخنانەی لەسەر شعو، لەلایەن گۆڕانەوە هەیە، لە جوغزی(پرەنسیپ، روئییە، دەرک، مۆراڵ و ویژدان)ی سیاسییەوە نییە، ئەوەندەی لەوێوەیە کە بە رەقییبی خۆی دەزانێ و بازاڕی بیزنسە سیاسییەکەی( ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیست) ئەو کەمدەکاتەوە( هەروەکو کردیشی).

بە کورتییەکەی ئەگەر شعو، وەکو ساڵانی رابردوو، کەناڵەکەی بۆ خزمەتی گۆڕان، تەرخان بکردایە، ئەوە شەریفی شام دەبوو. سەبارەت بە کۆنتراکت و سەرمایەکانیشی، وێڕای ئەوەی سوودمەندبووە لە دەسەڵات و حکومەتی هەرێم، هەروەها سەرمایەکەی جێگەی گومانە، بەڵام کام سیاسیی و سەرۆکی حیزب هەیە لەوانەی لە ئاستی مەکتەب سیاسیی و هاوپلەکانیان، خاوەنی دەیان و صەدان میلیۆن دۆلاری دزراو نەبن؟ بگرە بەشێکی زۆریان خاوەنی دەیان میلیارد دۆلارن( مافیا گەورەکان و رائیدە بێسەوادەکانیان، خاوەنی صەدان میلیارد دۆلارن). کەواتە لەو شامی ناشەریفەدا، شەریف نادۆزیتەوە لە شام و خەڵکەکەی و سامانی گشتیی، دزیی نەکردبێت و لە گەندەڵییەکان سوودمەند نەبێت؟

هاوکات، کام دەوڵەمەندی شەریف هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدا، دەستی تێکەڵ نەکردبێ و لای کەم، دەیان میلیۆن دۆلاری بۆ فڵان مافیای کوردایەتیی و فیسار چەتەی سەربەخۆیی ئابووریی، سپیی نەکردبێتەوە؟ واقیع ئەوەیە کە شەخصی نەوشیروان موصطەفایش-نم ، حیزبێک و چەندیین کۆمپانیا و صەدان میلیۆن دۆلاری، بە دۆکیومێنتی دادگا و طاپۆی رەش، بە موڵکی شەخصیی، بە سەرمایە و بە کاش، بۆ کوڕەکانی جێهێشت. لە کاتێکدا نم، لە لایەن دەنگدەرانی گۆڕانەوە، بە غاندیی، چێکیڤارا و ژۆسێ موغیکاJosé Mujica دەناسرا. گۆڕانیش، بە سیمبوڵی ئەنتی گەندەڵیی، چرای عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، باوکی هەژاران و دادپەروەریی، دەیناساند! سەرەنجامیش، لە پشت

خاکییبوونەکەی، جلوبەرگە ساکارەکانی و نانوماستاو خواردنەکانی، سەرمایەیەکی زەبەلاحی بۆ نەوەی دووەمی کوردایەتییە لیبراڵییەکە، جێهێشت و دەنگدەرانی گۆڕانیش، بە پتر لە سێ صەد هەزار دەنگ( کەم-کردن)، سزای حیزبەکەیان دا. جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە بەهۆی دزیی و گەندەڵیی و بیزنسی ناسیۆنالیزمەوە، نەوەی دووەمی کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە( بارزانیی)، خاوەنی صەدان میلیارد دۆلارن، نەوەی دووەمی کوردایەتییە ئەفەندییەکەش( تاڵەبانیی) خاوەنی دەیان میلیارد دۆلارن، بەڵام نەوەی دووەمی کوردایەتییە لیبڕاڵەکە( موصطەفا)، خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارن.

نن، هەلێکیان بۆ رێککەوتووە بە درێژایی یەک چەرخی تەواو( صەد ساڵ) لە سیاسەتی کوردیی( لە عێراقدا)، بۆ هیچ حیزبێک هەڵنەکەوتووە کە ئیڵیمێنتە سیاسیی و مرۆییەکانی ،زادەی فەشەلی سیاسیی و ئابووریی دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسۆن، بن. حیزبێک، کەوتووە بە سەر دونیایەک فەشەلی فرە رەهەندی ئەو مەدرەسە فاشیل و ساقیط و پڕ لە عەمالەتەی کە ناوی کوردایەتییە( بەهەرسێ باڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی جارانەوە). نن، دەتوانێ ببێ بە هێزێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گەورە، دژ بەم سیستەمە سیاسییەی دەسەڵاتی کوردیی، بەو مەرجەی خاوەنی روئییە و مانیفێستێکی نیشتمانیی بێت و خاوەنی قیادەیەکی گەنجانەی پڕ لە وزە( نەک یەک شەخص) بێت و لە بیزنس و لە گەندەڵیی ئابوورییەوە، نەگلێن! هاوکاتیش زۆر بە ئاسانیی دەتوانێ ببێ بەبەشێک لەو قەراصینانەی کە سامانی نیشتمانیی و پارەی خەڵکی کوردستان، دەدزن و سەهمی شەریکایەتیی خۆیان، بە زیادەوە دەپچڕن و داوای پشکی زیاتر دەکەن.

لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە، تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٩، لە کوردستانی عێراقدا، سێ شەپۆلی سەرەکیی لە ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان( ناسیۆنالیزم-کوردیی و عەرەبیی- بە کاڵیی و کوڵاویی)، شیوعییەت( لە هەشتاکانیشەوە لە ڤێرژنی نوێدا، چەمکی جیهانیی- کۆمیونیزم) و ئیسلامی سیاسیی( ئیخوانیی، سەلەفیی، جیهادیی و موشتەقاتەکانیان)، هەرسێکیان خۆیان تاقیکردەوە و هەرسێ ئایدیۆلۆژیاکە فەشەلی سیاسیی، کولتووریی و فیکریی خۆیان، دەزوو بە دەزوو، بەیان کرد. ئەوەی ماوەتەوە، بەهۆی دەسەڵات و دزیینی سامانی نیشتمانیی( کوردستانی عێراق)ەوە، فاشیزمی کوردایەتییە( ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردیی) کە رەونەقی خۆی بە تەزویر و ساختەکاریی بێت یان بەهۆی هاوکێشە ئیقلیمیی و جیهانییەکانەوە بێت، لە دەسەڵاتدا هێشتووەتەوە.

پارتیی و ماڵی بارزانیی، بۆچوونێکی دانسقەیان هەیە و دەڵێن لە شەستەکانەوە، هەرچییەک لێمان جودا بووەتەوە، سەرەنجام وەکو فەرع، بۆ سەر ئەصڵ و مەرجەع، گەڕاونەتەوە. راستییەکەی ئەوەیە نەک هەر ئەوانەی لە پارتیی جودا بوونەتەوە، بەڵكو بەهۆی پۆپۆلیزمی کوردایەتییەوە، ئەوانەی لە رەقییبە دێریینەکانی پارتییش ( حشع، یەکێتیی و چەپەکان و…تاد) جودا بوونەتەوە، لەگەڵ زۆریینەی پارادایمە ئیسلامییەکان و زۆریینەی حیزبە پرۆکسییەکانی کوردستانی ئێران کە رەدیفی پارتیین، هەموویان بۆ سەر خوانەکەی مەعاویەی کوردایەتیی( ماڵی بارزانیی) گەڕانەوە.

بە ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانیی و نم و… ئەتباعەکانیشیانەوە. تەنیا ئەوە نەبێت ئیبراهیم ئەحمەد لە ئاخیری تەمەنیدا، بەهۆی بۆچوونەکانی ئۆجەلانەوە، لە ماڵی بارزانیی و لە سیاسەتەکانیان، کەوتەوە رەخنەگرتن. ئەو لایەنگرانەی گۆڕان کە بە عەقڵیاندا ناچێت کە “نم” کە رابەرایەتیی لیبراڵیزمی کوردایەتیی دەکرد، گەڕایەوە سەر سفرەکەی مەعاویە، دەبێ بییریان بهێنرێتەوە کە لەناو مەنهۆڵەکانی کوردایەتیی( لە فاشیزمەکەی کاژیکەوە بۆ نەوەی دووەمی بارزانیی، تاڵەبانیی و موصطەفا) وەرنە دەرەوە و دونیا و پێوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، بە رەنگاوڕەنگ ببیینن. بڕۆن سەیری گیرفانی خۆتان، ناوماڵی خۆتان و ژیانی برا و خوشک و منداڵەکانتان بکەن و بەراوردی بکەن بە ژیانی ئەو منداڵانەی کە باوکەکانیان، لە چلەکانەوە تا ئێستا، مورتەزیقەی ئیقلیمیی( پێشمەرگایەتیی) بوونە.

پێشوەخت، نم، خۆی وەلەدی شەرعیی کوردایەتییە. بە یەک دێڕیش، رەخنەی سیاسیی و فیکریی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی و فاشیزمە سیاسیی و ئابوورییەکەی( کوردایەتیی) نەگرتووە. جگە لە کۆمەڵێ دروشمی پۆپۆلیستانە( عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بە دامودەسگاییکردن بە نیشتمانییکردنی حکومەت و کانوونەکانی دەسەڵات، دژایەتیی گەندەڵیی…تاد)، بە حەرفیش، حەرفێکی بۆ ستراکتۆری “سیاسیی و فیکریی” گۆڕان، رۆ نەناوە. بە پێچەوانەوە، پۆپۆلیزم و شەعبەوییبوون، جەماوەرییبوون و دوای کاریزما کەوتن، کۆکردنەوەی پاتاڵی ئەکادیمیستی لەبرسامردوو، نوخبەی موهەڕیج، موبایەعەچیی و کەسانی هەلپەرست، بەرژەوەندییخواز و گیرفان قووڵ، چەپی فاشیل و ئیسلامیی پڕ لە فیاسکۆ، سەری گۆڕانیان بە فەتارەیەک دا کە هیچ حەکیمێکی سیاسیی و ثیۆریستێک، ناتوانێ چارەسەری بکات. لەسەروو هەموو ئەمانەیشەوە، ئەم شکستەی گۆڕان کە هەرگییز بەرعەکس نابێتەوە(irreversible )، خەتا سەرەکییەکەی بە تەنیا بۆ خانەی راپەڕاندن، جڤاتی گشتیی و ئەو نوخبانەی بەدەوری گۆڕانەوە بوون، ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری بۆ بێ مانیفێستیی و پەلەپەلکردنی شەخصی نم و بەرنامە سیاسیی و پرۆژە پۆپۆلیزمیی و بێ فیکرییەکەی دەگەڕێتەوە.

ئەوەی بە نۆ ساڵ بەسەر گۆڕاندا هات ، بە دڵنیاییەوە ئەگەر نن لەسەر هەمان نەهجی پۆپۆلیزمە تاقیکراوەکەی گۆڕان کار بکات ( کە رێک وا دەکات)، بە عەقڵی یەک پیاوی بیزنسمانەوە هەڵبسوڕێت کە بە نوێیی، دەستی بە سیاسەت کردووە، وێڕای ئەوەی ئیعجابێکی گەورەیشیان بە لیبراڵیزمی ئابووریی رۆژئاوا و بگرە بە سیاسەتە راستڕەوەکانی عەصابەیەکی نیۆلیبراڵیستی وەکو ترەمپیش هەیە، ئەوە بە دڵنیاییەوە داکشان و داڕمانێک بەسەر نەوەی نوێدا دێت، ئەوەی گۆڕان لە چاویدا، لاربوونەوەی یەک قاقمەی دارەڕاکەیە ، بەڵام داکشانی نن، وەکو تەزرە( تەرزە بە رەشۆکییانە- vulgar) ی بەهارێکی درەنگ، فریای توانەوەیش ناکەوێت، بەڵکو هەڵدەپڕوکێت. ئەمانەی باسکران، تا جەولەیەکی تر لە هەڵبژاردن، ئاکامەکانیان بە وردیی، دەرناکەون.

ئەم باسە، درێژەی دەبێت و لە بەشی ئاییندەدا، دەچێتە سەر ئەوەی ئایا نن، دەتوانێ بە ئاستی گۆڕانی ٥-٦ ساڵ لەمەوبەر بگات؟

Previous
Next
Kurdish