Skip to Content

ئۆپەرێتی: چنار و ھێمن ….نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئۆپەرێتی: چنار و ھێمن ….نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

Closed
by كانونی دووه‌م 9, 2019 dengekan, Kids Literature

ئه و دوو منداله ي كه له زستاني سالي 1992 دا و له رؤزي 7/1 دا كيانيان بةخشي و بوون به سونبولي به روه رده و زانست لة شارؤجكه ي سيد صادق

منداڵان پێکەوە خەریکی یاریی کردنن لەسەر شانۆکە.
دارا:ھاوڕێیان دەزانن خوێندن چرای ژیانە و ڕێگەی تاریکمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە.
شەن:ڕاستە ئەوەتا ئێمەش بەخۆشییەوە دەچین بۆ قوتابخانە و دەخوێنین.
سێوە:منیش ئێستا لە باخچەم حەزدەکەم وەکو ئێوە بچمە قوتابخانە.
شەن: باشە باخچەکەی ئێوە ناوی چییە؟

سێوە:

باخچەکەمــان رەنگینە
ھــەر قاقـاو پێکەنینە
خۆشە و جــوانە و رازاوە
باخچـەی (ھێمن)ی ناوە
سێوە:ئەی قوتابخانەکەی ئێوە ناوی چییە؟
شەن: قوتابخانەکەم
ناسراو و دیارە
ھەمــوو بیزانن
نــاوی (چنارە)

کۆرس:

قوتابــــخانەی چنــار و
باخچە جوانەکــەی ھێمن
دوو جێگەی ناو ئەم شارەن
بۆ پەروەردە و بۆ خـوێندن
منداڵێک: خۆزگە دەمزانی بۆچی کە ناوی ( چنار و ھێمن) دەھێنین باوکم و دایکم بێدەنگییەک دایان دەگرێت و ھەناسەیەک ھەڵدەکێشن..چونکە لانەی خوشکم لە باخچەی ھێمنە و منیش لە قوتابخانەی چنارم.
دارا: منیش ئەو ڕۆژە لە مامۆستا جەمالم پرسی ئەویش دوای ئەوەی کە تەماشایەکی کردم وتی گوڵەکەم چیرۆکێکی دوور و درێژی ھەیە ،ڕۆژێک بۆ تۆ و ھاوڕێکانیشتی دەگێڕمەوە.
شەن: ئەی بۆی نەگێڕانەوە؟
دارا: با …بۆی گێڕاینەوە؟
(لێرەدا چەند کەسێکی تر ئەگەر گەورەش بن باشترە دەردەکەون و نمایش دەست پێدەکاتەوە.)

یەکەم:

شاری جوانی سید ێادق …….. .شارێکە لەم ھــەرێمە
خۆش و دڵگیرە و ئـازیز……….خــۆشەویستە لای ئێمە
دووەم:
شــاری ڕازاوەی شەم و …..شاری وەلی دێوانە
لە جەرگەی شارەزوورا……وا ئێستا ئاوەدانە

سێیەم:

ساڵانێک بوو ئەم شارە……مەنزڵگەی ئاوارە بوو
کێ دوژمن دەری دەکرد……میوانی ئەم شـارە بوو

چوارەم:

لە ســـاڵی نەوە و دوودا…..کۆمەڵێک میوان ھاتن
لەناو شار و چوار دەوری…نیشتەجێ بوون دانیشتن

پێنجەم:

ساڵی نەھامەتی و مەرگ….ساڵی کۆڕەوی کوردان
نابێت لەبیری بکـــەین…ھەتا ماوین لە ژیان

یەکەم:

زستانێکی ســەخت بوو…..بەفر و باران دەباری
لەگەڵ ئەوەش نەبوونی…خۆی کردبوو بە دیاری
دووەم:
کۆمەڵێک کەسی دڵســــۆز….وەک ئەرکی نیشتمانی
بوون بە مامۆستا و خەمخۆر…بۆ شــــار و منداڵانی
سێیەم:
تا ئەلفوبێی خوێندن و …خۆشەویستی کوردستان
فێری منداڵان بکــــەن….تا سـەرکەون لە ژیان
چوارەم:
بە زانســـت و زانیاری……منداڵانیان گۆش دەکرد
بۆ ئەوەی کە گەورە بوون ….دڵسۆز بن بۆ گەلی کورد

پێنجەم:

ڕۆژێکی ســەرماو بەفر…منداڵان ھــــاتنە دەر
قوتابخانەیان جێھێشت..ڕێگەی ماڵیان گرتەبەر
دوای ماوەیەک منداڵان..کەســیان نەمان لەو ناوە
تەنھا چـــنار و ھێمن ..مابـــوون بەناو ڕێگاوە
بەفر و سەرما ڕێگربوون….کە ئەو خوشک و برایە
بگەنەوە مـــــــاڵەوە…بۆ ناو بــــاوەشی دایە

یەکەم:

چناری لێو بە خەندە و…. ھێمنی جوان و ڕۆح سووک
دوو منداڵ بوون ئاوارە…….نەشمیلە و ژیر و بچووک
چنار زانی کـــە ھێمن… تەواو لە گۆ کــــەوتووە
ھێزی ھیچ تیا نەماوە و….پەنجەی جوانی سڕ بووە
باوەش پێداکــــردوو…دەستیشی کرد بە گریـــان
بێگەردییان تێکــەڵی.. ..بەفرەکە کرد ھەردووکیان
دووەم:
وا ئیتر لــــــەو ڕۆژەوە….ناوی چــــــــنار و ھێمن
بوون بە سـونبولێکی جوان..بۆ زانســــــت و بۆ خوێندن
وەک دوو پەپولەی رۆح سووک…شەنگ و نەشمیلە و نازدار
ناویان وەکو ئەســــــتێرە…دیارە لە ئاسمانی شــــار

سێیەم:

ئێستا لە دەروازەی شـــار…..بۆ ئــەم دوو پەپولەیە
تا ھەمیشــــە لە یاد بن….پەیکـەری ئەوان ھــەیە
تا ھەمــوو کەس بیزانێت…کــــەوا چـــنار و ھێمن
دوو مـنداڵی شــــەھیدن…لەڕێی زانســت و خوێندن
قوتابخـــــانەی چنار و…. باخچە جوانەکەی ھێمن
دوو جێگەی ناو ئەم شارەن….بۆ پەروەردە و بۆ خوێندن
کۆرس(کۆمەڵێک منداڵی باخچە دەر دەکەون و پێکەوە ئەم گۆرانییە دەڵێن و لەسەر پارچە کارتۆنێک نوسراوە ( باخچەی منداڵانی ھێمن) .):
ژیکەڵە و بچکۆلانەین………خونچەی ئەم باحچە جوانەین
دڵ پڕ لە ھیوای مەزن ……..ھاتووین بۆ باخچـــەی ھێمن
دادە و مامۆسـتاکانی…….. زۆر بـــە نــــــەرم و نیانی
ئێمەی بچوک دەدوێنن……..بەســـــــــۆز دەمان لاوێنن
چیرۆک و ئامۆژگــاری……. ھۆنراوەی خۆش ،زانیـــــاری
دیاری دەستی ئەوانن…….. بۆ ئێمەی ژیــــر و جــــوانن
کۆرس(کۆمەڵێک قوتابی دەردەکەون و لەسەر پارچە کارتۆنێک نوسراوە(قوتابخانەی چنار) و ئەم گۆرانییە دەڵێن):
ئێمـــەی منداڵ قــــوتابی……….قوتابخـــــانەی چنــارین
ھەمــوو ھاتووین بۆ خوێندن………چــالاک و وریا دیـــــارین
ھــەوڵ و تێکۆشــــانی زۆر……….دەکەینە کــار و پیشــــــە
تا ئاســۆمان گەش دیاربێ و……….ســەرکەوتووبین ھەمیشـــە
مامۆستاکـــانمان ھەمـــوو……….دڵسۆزمـــانن بۆ خـــوێندن
ڕێنیشـــــاندەری ئێمـــەن……….بەرەو لوتکەی سەرکـــەوتن
رێزی مامۆســـتاکانمـــان……….لەئەســتۆی ھــەموواندایە
خۆشـــەویست و خەمخـۆرن……….ھەروەکـــــو بابــە و دایە
بەڵێن دەدەین کۆڵ نــەدەین……….بخوێنین ژیــروچـــــالاک
ھەتا لە پاشــــــــەرۆژدا……….سوودمەند بین بۆ گەل و خاک
ئێستاش لە ســـایەی ئاڵای……….شەنگی ئەم کوردســـــتانە
سرودو گــــــــۆرانی خۆش ……….دەڵێینەوە ڕۆژانــــــــــە

Previous
Next
Kurdish