Skip to Content

شکستهێنان بە تەفسیری سەرکەوتن  … کامەران چروستانی

شکستهێنان بە تەفسیری سەرکەوتن … کامەران چروستانی

Closed
by تشرینی دووه‌م 1, 2016 General, Opinion

هەموو تاکێکی کورد دەزانێت بە درێژایی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو لە کوردستاندا چی گوزەراوە و باڵادەستترین دوو هێزی سیاسیی کێ بوون، کە لە سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەتا ئەم ساتە وەختەش دوو هێزی بڕیاردەر و بەهێزی هەریمن. جگە لەوەی هێزی سەربازی و دارایی ئەو دوو حیزبە بە هێزی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستان بەراورد ناکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی پاش ڕێککەوتنە ستراتیجییەکە کوردستان و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و دەسەڵاتیان وەک برا لەنێوان خۆیاندا فیفتی فیفتی دابەش کرد.
سەباری هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەی ئێستای کۆمەڵگا و پاش بەڕێکردنی تەمەنی نەوەیەک ئەگەر کۆی وتەکانی سەرکردەی هەردوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ باری ئێستای کوردستان کۆبکەینەوە، ئەگەر لە ڕستەی ئەم سەرکردە و بۆچوونی ئەو پسپۆر و هەڵسەنگاندنی بەرپرسێی دیکە بکۆڵینەوە، ئەگەر ورتەورتی ئەم ئەندامی سەرکردایەتی سەبارەت بە گەندەڵی و چرپەچرپی ئەوی دیکەیان سەبارەت بە دانانی پلانی هەڵەی ئابووری، لەولاوە حساباتی کۆتایی وەزارەتی سەرچاوە مرۆییەکان کۆبکەینەوە، ئنجا ئەگەر توێژینەوەیەک بۆ بواری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و پلانی بازاڕی کار ئەنجام بدەین و لە کۆتاییدا هەموو ئەمانە کۆبکەینەوە و دەسەڵاتی کوردی بخەینە ژێر هەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوەی تەمەنی ئەم بیست و پێنج ساڵە، ئایا چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
بێگومان هیچ کەسێکی ژیر نکوڵی لەوە ناکات کە کوردستان نەگۆڕاوە، پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە کاتێک باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی کوردی تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکات، ئەوا بە بێگومانەوە پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە کۆمەڵێک لاوی تازەپێگەیشتووی بەتوانا بەو هەموو سەرچاوەی داراییەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی کورددا هەبووە و بە تایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئەگەر لەوە زیاتریان نەکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەوە کەمتریان ئەنجام نەدەدا. خۆ ئەگەر تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، ئەوا ئەگەر چاوێک بە (گۆڕانکارییەکانی) دوانزە ساڵی پێشووی هەر وڵاتێکی هەژاریشدا بخشێنین ئەوا (گۆڕانکاری) هەر ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە: ئایا گۆڕانکارییەکان لە چ بوارێکی ژیانی تاک – خێزان – کۆمەڵگادا کاریگەریی خۆی هەبووە و ئەرێنییانە ئەنجام و دەرهاویشتەکانی درک پێ دەکرێن؟
کاتێک باس لە بار و دۆخی ئێستا و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردی دەکرێت خودی ئەوانەیش کە لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا لەناو مەیدانی سیاسەتی کوردیدا یاریزانێکی گەورە و کاریگەر بوون یاخود لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدا پەتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕادەکێشن، خاوەنی سکاڵا و ڕەخنەیەکی زۆرن و دان بەوەدا دەنێن، کە دەسەڵاتی کوردی بەردەوام بە هەمان کێشەوە دەناڵێنێت، کە چەندین ساڵە پێوەی ناڵاندوە. واتە هەر خودی ئەو یاریزانانەن دان بە (سەرنەکەوتنی) بەڕێوەبردن و پلان و ئەرکەکاندا دەنێن و باس لەوە دەکەن، کە پێویست وا بوو لەم بوارەدا یان ئەو بوارەدا کۆمەڵگا لە ئێستادا لە ئاستێکی دیکەدا بووایە. واتە هەمان کۆمەڵە کەس، هەمان جۆرە بیکردنەوە، هەمان بۆچوون و هەمان ئاستی زانستی، هەمان ڕەوتی ئابووری و هەمان سیاسەت کە بە درێژایی بیست و پێنج ساڵە ئەم هەرێمە (بەڕێوە دەبەن) و هەتا ئەم ساتە وەختەش هەر باس لە (خزمەتکردن و بەڕێوەبردنی) کۆمەڵگا دەکرێت و شانازیی بە (سەرکردایەتی) هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت! بەڵام ئایا جگە لە پیاهەڵدانێکی شاعیرانە چ ڕۆژێک بە داتا و زانیارییەکی ورد باسی لە پێشکەوتنی جۆری و چەندیی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی کراوە، ئایا ڕێژەی بێکاری واقیعی باسی لێوە دەکرێت؟ ئایا باس لە ڕیزبەندیی زانکۆکانی کوردستاندەکرێت لەناو لیستی زانکۆ جیهانییەکاندا؟ ئایا باس لە گەندەڵی سیستمی تەندروستی و بازرگانییەکانی ئەو بوارە دەکرێت؟
لە هەمووی گرنگتر ئایا کەس هەیە باس لە کرۆکی پرۆسەی گۆڕانکاری دەسەڵاتی وڵاتە دیموکراسییەکان بکات: کە ئامانجی گۆڕانکاری هەموو چەند ساڵەی هەر حکومەتێکی لەم جیهانەدا بریتییە لە هێنانی هزرێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ ئەوەی تەوژمێکی نوێ بدرێت بە ژیانی کۆمەڵگا نەک تەنها مەبەست گۆڕانکاری دەموچاو و کەسایەتییەکان بێت، بەڵام لەلای ئێمە بیست و پێنج ساڵە ئەو (هزری بەڕێوەبردنە) لەنێوان کۆمەڵێک کەسایەتیدا قەتیس ماوە، گۆڕانکارییەکان لەنێوان خۆیاندا دەکەن، بەڵام خودی خۆیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
دەگەڕێمەوە بۆ هەمان پرسیاری پێشووم: لە هەموو ئەم خاڵانەدا وەک تاقیکردنەوەیەک چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
کاتێک خودی سەرکردەکانی کورد بە نەرێنی باس لە ئاستی شادەمارەکانی ژیانی ئێستای کۆمەڵگا بکەن، کاتێک دان بەوەدا بنێن، کە لە سەرەتاوە پلانە ئابوورییەکان و پرۆسەی دامەزراندنی بەلێشاوی هاووڵاتیان هەڵە بووبن، کاتێک بواری تەندروستی و پەروەردە لەناو گێژاوێژی چەقبەستوودا خۆی بەدی بکات، لەولاشەوە بەرهەمی ماشێنی خوێندنی باڵا بەم هەموو بڕوانامە بەدەستەوە بازاڕێکی کار بەدی نەکەن، کاتێک بەرپرسان بە بەردەوامی گلەیی و گازندە لە گەندەڵی بکەن و خۆزگە بخوازن بەوەی کە بریا ئەوە نەکرایە و ئەوە نەوترایە، ئەی ئایا کەی ئەو بوێرییە لە ناخی سەرکردایەتی کورددا دەتەقێتەوە کە دان بە (شکستهێنانی) بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگایەدا بنێن؟ پاش بیست و پێنج ساڵ ڕۆحی تەبایی و نیشتمانپەروەریی بەرەو داڕۆچوون ڕۆیشتووە و دەیان هەزار لاوی وڵات لەبەر نەبوونی ئاواتێک بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی لەبار وڵاتیان بەجێ هێشت. ئەگەر نەتوانرێت هەموو ئەو هەڵە و قەیران و کێشانەی لە ژیانی (تاک-خێزان-کۆمەڵگا) و زۆرینەی دامودەزگاکانی حکومەتدا بوونیان هەیە، لەناو دەستەواژەی (شکستهێننان)دا کۆبکرێنەوە، ئایا لە فەرهەنگی بەڕێوەبردندا چ جیاوازییەک دەبێت لەنێوان (شکست و سەرکەوتندا)؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە جیاوازی لەنێوان (گۆڕانکاری و پێشکەوتن)دا بکەین؟ دەستنیشانکردنی پێناسەی ئەو دەستەواژانە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییانەمان دەکەنەوە، کە سەرباری هەموو گۆڕانکارییەکان، سەرباری ئەو پێشکەوتن و بەرەو پێشچوون لەم بوار یان لەو بوارەدا بەدی بکرێت، بەڵام کاتێک شادەماری کۆمەڵگاکەمان ئابووری، پەروەردە و تەندروستی لەناو کێشە و قەیرانێکی قوڵدا بژین، ئایا جگە لە شکستهێنان چ دەستەواژەیەکی دیکەی گونجاو بتوانرێت بۆ ڕەوتی ئەم دەسەڵاتە بەدی بکرێت؟

Previous
Next
Kurdish