Skip to Content

بەریەکەوتنە قێزەونەکان لەمەڕ پرس ئازادی ….. چالاك ئاغجەلەری

بەریەکەوتنە قێزەونەکان لەمەڕ پرس ئازادی ….. چالاك ئاغجەلەری

Closed
by كانونی دووه‌م 13, 2019 General

داری ئازادی بە خوێن ئاونەدرێ …. سەربەخۆیی بێفیداکاری ئەبەد سەرناگرێ
پیاو ئەبێ بۆ مردنی خۆی لەمردن سڵ نەکا…هەر بڕوخێ بەس نییە تاکو نەسەندرێ نادرێ.
ڕەوانت شاد فایەق بێکەسی شاری هەڵمەت و قوربانی، ئەوە هەر دوێنێ بوو وەک مێژوو قەڵەمەکانی ئەم شارە بۆ ئازادی ووشەی بەرخودانیان دەکردە نێو پەیڤەکانیانەوە بۆ ئەوەی گەلێک بە ئاگا بهێننەوە لە بەرهەڵستکاری بەرامبەر ڕەقیبەکان، ڕەقیبێک بە ئازار و کوشتن و زیندانی کردن تەقەلای زۆردا خواستی ئازادی لە ناخی خەڵکدا خامۆش و دەستەمۆ بکات، ئەنجام و ئاکامی ئەو مێژووە خوێناوییە خاڵی کۆتایی بۆ مردنی ڕەقیبە دەست بە خوێنەکانی ئەو ڕابردووە دانا و خواستی ئازادی تاک و کۆمەڵگە بە گەشی مایەوە و خامۆش نەبوو ، بەردەوامیش دەبێت لە هەنگاوەکانی بۆ هەرچی گەیشتن بە دوا وێستگەی خۆی لە هەڵمژیینی ئازادییەکی بێ قەید و شەرتتدا.

ئەم خەڵکە بە درێژایی چەندین دەیە ڕاهاتووە لە بەرگریی کردن بەرامبەر هەر سانسۆرێکی سیاسی دەسەڵات کە بزانێت سنور بۆ ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکانی دادەنێت. کێشەی گەورەی شۆڕشی چەکداری کوشتنی دەسەڵاتێکی چەکدار و هێنانی هەمان چەک بەدەستە بەڵام لە فۆرمێکی جیاوازدا بە نەتیجە لە درێژمەودادا دەچێتەوە سەر هەمان فۆرمی پێشوتری ئاراستەکراو کە شۆڕشی چەکداری بەڕووداکرا. هەڵەی جەوهەری لەم یاریە ئاگرینەدا بە جیا لە ئازارە جەستەیی و ڕووحیەکەی نە بوونی دیدگا گەلێکی ڕۆشنە کە شەقامی تێدا ئاراستە بکرێت، دووبارە بوونەوەی ئەم گۆڕانکاریە لە یەکچونانە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات ئێمە خاوەنی روئیایەکی ڕۆشنن نین بۆ گەیشتن بە خواستەکانمان لە پەیوەند بە ئازادی تاک و کۆمەڵگە.

بەشەرەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە درێژایی ژیانی سیاسیی و بگرە کۆمەڵایەتیان ئازادییەکانیان سنور بۆ کێشراو بووە ، سنورێک بەخواستی دەسەڵاتی سەردەست و کلتوری بۆ ماوەی پڕ لە نابەراری بەڕووی جێندەردا ، وەک چۆن مێینە پشکی شێری پێبڕاوە لە پرسی ئەخلاقدا هەر ئاماژە پێدان و ڕەخنەیەک بەرووی ئەم فۆرمە سەقتەدا سنوربەزاندنی ئازادیی کۆمەڵگەیە و دەبیتە حاشیەو مۆری نابووتی بەدەستی نابووتخوازان بەڕوودتدا دەکرێت، ئەم تەوق و سنوربەندیانە پێویستی بە خەڵکێکی هوشیارە ڕێنسانسێک بخوڵقێنێت کۆی پرسەکانی ژیان بە شێوەیەکی سەردەمیانە ببێت بە بەرکەوتەی هەڵسوکەتی تاکەکانی کۆمەڵگە. لێرەوە ڕەهەندە سیاسیەکان وەکو چۆن لە جیهانی دۆگما و کورت بینیدا پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەگەڵ ڕووحی کۆمەڵگەدا هەیە، هەر هەڵسوکەوتێکی تەندروست بۆ کایەی سیاسی دەبێت بە فۆرمی موعجیزەی دوور لە مەنگق، کەواتە ئەوەی ڕوودەدات دووبارەیە و گریمانەیەکی چاوەڕوان کراوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ناوەڕاستی ئەم دیدگایەدایە و کۆت و بەندەکان لەوە دژوار و ئالۆزترن کە من بتوانم بە چەند دێڕێک گوزارشتی پێبکەم.

هەر بۆیە ئەوەی لە سلێمانی ، هەولێر یان هەر جێگەیەکی ئەم ناوچەیە ڕوودەدات بە شێکن لەو پاشخانە فیکر و سیاسیەی خەڵکەکانی بەڕوویدا بوونەتەوە، کێشەی سەرەکی ئەم ڕێگری و ڕاپێچانە هەردوو بەرەیە . لەم ناوچە گۆشەگیرەدا دەست بردن بۆ سیاسەت و گرتنە دەسەڵات مەقاشێکی گەرمە دەبێت بەزاناییەوە دەستی بۆ بەریت، چونکە هەموو سوچێک ئەکرێت جێ دەستی سوتاوتی پێوە دەرکەوێت، ئەم چزەیەش ئازار بەخشە بەڵام نەسوتانی نانەکە پێش هەر ئازارێکە. بۆ ئەوەی تێبگەین دەبێت دەست بۆ باشترین ڕەهەندی سیاسی بەرین بۆ هەرچی کەمترین بەریەککەوتنی سیاسی ناتەندروست بەرۆکت بگرێت، ئەگەر ناسیونالیسستی دەبێت پێگە بنچینەیەکانی ئەم پرسە بە هەند وەربگریت داڵدەی هاوخوێن و هاوزمانەکانت بەشێک دەبێت لە ئاکاری سیاسیت هەر ڕێگرییەک بە ڕوویاندا بەتاڵتدەکاتەوە لەو ڕەهەندەی خەباتی بۆ دەکەیت، بۆ ڕەهەندە دینی و ئیشتراکیو دیموکراتیەکان و ئەوانی دیش ڕاستە.

ئەنجامی ئەم ئارگومێنتە کورتە تەنها دەبێت پرسی لێک تێگەشتن بکرێتە بنەما بۆ هەرچی کەمترین بەریەکەوتن ، نە دەسەڵات ببێتە سوارەی بەر لەشکر و دەرودراوسێ هەرچیەک بفەرموون ئێوەش بەجێیبهێنن نەوەک بەرامبەریش خوێندەوەیکی قوڵ بۆ بارودۆخەکە نەکات و دووربێت لە پرۆکسی و گوزارشت بە پرسی ژینگەی سیاسی خۆی بکات.
ئەم بەریەک کەوتنانە بەشێکی دانەبڕاون لە دونیای سیاسی ئێمە ، هەر گرتن و ڕاپێچکردنێک لە دەرەوەی یاسا و ڕێکارەکانی بەر ڕەخنە دەکەوێت و پێشێلی ئازادییەکانە، کارێک مەکەن فایەق بێکەس زیندو بکەنەوە و فۆرمی ڕەقیبی خۆماڵیتان بەباڵاتاندا بپۆشێت، ئەو دارەی بەخوێن ئاوتاندا خەریکە بەدەستی خۆتان دەیبڕننەوە و مام جەلالیش لە ئارمگاکەی ڕادەچڵەکێنن!!

Previous
Next
Kurdish