Skip to Content

دوا نامەی ڕیچارد براتیگان بۆ (تەکاکۆ شینا) ١١/٨/١٩٨٤ … به‌شی1 … سۆران محه‌مه‌د

دوا نامەی ڕیچارد براتیگان بۆ (تەکاکۆ شینا) ١١/٨/١٩٨٤ … به‌شی1 … سۆران محه‌مه‌د

Closed
by كانونی دووه‌م 14, 2019 General, Literature, Slider

-1-2

وەك لای زۆرمان زانراوە، ڕیچارد براتیگانی رۆمان نووس و شاعیری بەناوبانگی ئەمریکی سەدەی بیستەم لە بەرواری ٣٠/١/١٩٣٥ لە ناوچەی تاکۆمای پایتەختی ئەمریکا (واشنتۆن) لە دایك بووە، لە بەرواری ١٤/٩/١٩٨٤ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناو بۆ دوا جار ماڵئاوایی لەم ژیانە پڕ لە کێشمەکێشە کرد، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ژیان و بەرهەمەکانی جێی مشتومڕێکی زۆرن و لایەنگەلێك بە شاراوەیی ماونەتەوە تیایاندا، جیاواز لە نووسەرانی پێش خۆی، شێوازێکی سەیری تێکەڵ لە گاڵتەجاڕیی و سوریالی و واقیعیی تێکەڵاو دەکردن و بەرگی سۆزو خەیاڵی لەبەردەکردن، ئەم شێوازە جارانێك لە سەردەمەکەی خۆیدا ڕەخنەگرانی چەواشە دەکرد و ئەوانیش خۆشییان پێدا نەهات و ئەویش نێوانێکی کاولی هەبوو لەگەڵیاندا.

لەگەڕانم بەدوای ئەرشیفەکانی ئەم کەڵە نووسەرەدا دوانامەی بۆ تەکاکۆ شینا سەرنجی ڕاکێشام و وای لێکردم بە دواداچوون بکەم بۆ کەسایەتی ئەم خانمە.
تەکاکۆ شینا ئەو خانمە یابانییەیە کە خاوەنی باڕێك بوو لە یابان بە ناوی (لانکەکە The Cradle) کە زیاتر نووسەران و هونەرمەندان هاتووچۆیان دەکرد و تێیدا کۆ دەبوونەوە، ئەم خانمە وێنەی هەیە لەگەڵ نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی (ڕیچارد براتیگان) لەسەر بەرگی دواوەی پەڕتووکێکی بڵاوبووەتەوە کە لە تۆکیۆ- مۆنتانا ئێکسپرێس وێنەکەیان گرتبوو، تەنانەت هەندێك لە چیرۆکەکانی ناو ئەو پەڕتووکە باس لە تەکاکۆ شینا دەکات. ئەو هاوڕێیەکی براتیگان بووەو نووسەر بە (خوشکە یابانیەکەم) ناوی هێناوە.

هەروەها چوار هۆنراوەش لە بەرواری ٣٠ ی حوزەیراندا لە لایەن براتیگانەوە بۆ ئەم خانمە نووسراون.
فوجیمۆتۆ ئەو وەرگێڕەیە کە چەند پەڕتووکێکی براتیگانی پەرچڤەی سەر زمانی یابانی کردووە، یەکێك لەو کارە بڵاونەکراوانەی پەیوەندی بە براتیگانەوە هەیە بریتیە لە یادەوەرییەك لە لایەن ئەم خانمەوە بە زمانی یابانی سەبارەت براتیگان نووسراوە ، فۆجیمۆتۆش وەك یادەوەرییەك بۆ یەکەمجار لەگەڵ یادەوەریەکانی تردا سەبارەت براتیگان بڵاوی کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا لەلایەن ماساکۆ کانۆ پەرچڤەی سەر زمانی ئینگلیزی کراوە.

ئاوها یادەوەریەکە دەست پێدەکات:

” بە پێی ڕۆژمێری یابانی لام وابێ ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦ بوو، کاتێك ڕیچارد براتیگان بۆ یەکەمجار هات بۆ دوکانەکەم به ناوی (لانکەکە The Cradle) ، من ئەو کات هیچ لە پەڕتووکەکانیم نەخوێندبووەوە، بۆیە هیچ وێنەیەکی پێشینی لە بیرو هزری مندا نەبوو، دوای ئەوەی هەموو میوانەکان ڕۆشتن ئەو شەوە پێکەوە دانیشتین و وتوێژمان کرد، بۆم دەرکەوت ڕیچارد براتیگان زۆر پیاوێکی پاڵفتەو راستگۆیە، ئیدی وام هەست کرد چیدی پێویست ناکات نیگەران بم لەوەی کە ئەو چۆن دەربارەی من بیر دەکاتەوەو یان من چی پێدەڵێم، ئەمە یەکەم رەنگدانەوەو مۆرکی بەهێز بوو دەربارەی براتیگان لە لای من دروست بوو، دواجاریش کە ئەوم بینی ١١ی مایسی ١٩٨٤ بوو، هەمان ئەو تێگەشتنەم هەبوو هەتا دوا دیدار وەك خۆی مایەوەو گۆڕانی بەسەردا نەهات.

من هەرگیز وەك میوانێك سەیری براتیگانم نەدەکرد، ئەو لە هوتێلی (کییۆ پلازا) مایەوە بە نیوە بەها بە هۆی هاوڕێیەکمەوە لەوێ، بە گشتی ئەو پاشنیوەڕوانی لە کافێی (هاراجوکو) بەسەر دەبردو لە شەواندا دەهات سەردانی باڕی (لانکەکە The Cradle) ی منی دەکرد، جارانێك ئێمە پێکەوە هاتوچۆمان دەکردو سەردانی هاوڕێیان و خێزانەکەمان پێکەوە دەکرد، و ئەوم دەبرد بۆ کۆنسێرتەکان، شانۆکان، ئاهەنگی پێشانگا تایبەتەکان، و هەروەها باڕە جۆراوجۆرەکانیش کە ژمارەیان زۆر بوون، من دەتوانم بڵێم ئەو لە یابان وەك گەشتیار نەبوو، بەڵکو وەك کەسێکی نزیك لە دانیشتوانی ئێرە دەبینرا، کاتێك هەڵدەستا لە خەو بە بێ فەرامۆشکردن ئەو سڵاوی لێدەکردم، و کاتێکیش پێش ئەوەی بیویستایە بخەوێت بانگی دەکردم و هەمو ئەوانەی پێ دەگوتم کە ئەو ڕۆژە بەسەریدا هاتبوون…
سەرەتا ریچارد داوای لە من کرد ببمە خۆشەویستی، بەڵام من بە شێوەیەکی رۆمانتیکی نەمدەڕوانیە ئەو- خۆشەویستان و هاوسەران رەنگە لە یەك جودا ببنەوە، بەڵام براو خوشك پێکەوە دەمێننەوە لە سەرتاپای ژیانیاندا، ئیدی پێم گوت ئەی بۆ نەبینە خوشك و برا؟ ئیتر ئەویش دوای ئەوە بانگی دەکردم خوشکەکەم… ”
***
جێی ئاماژەپێکردنە وێڕای ئەوەی لە ٢٤/١٢/١٩٥٥ دا ریچارد براتیگان لە لایەن پۆلیسەوە گیراوەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی ویلایەتی ئۆریگۆن کرا، بۆ چارەسەری نەخۆشی دەروونی دوای ئەوەی شوشەی پەنجەرەی پۆلیسخانەی شکاند تا رەوانەی بەندیخانەی بکەن و لەوێ نانی دەست بکەوێت و لە برسێتی ڕزگاری بێت، کەچی بە پێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی ئۆریگۆن چارەسەری ئەلەکتریکی درا لەسەری بە بیانووی دەستنیشانکردنی حاڵەتی خەمۆکی و بەدگومانیی شیزۆفرینیایی.
یەکێك لە دواهەمین نامەکانی براتیگان تەنیا مانگێك پێش کۆچی دوایی نووسی و رەوانەی کرد، بریتیە لەم نامەیەی بۆ خانمی یابانی تەکاکۆ شینا ی نووسیوە، ڕەنگە خوێنەرانێك بپرسن بەستنەوەی براتیگان بە یابانەوە چییە؟ ئێمەش لە وەڵامدا دەڵێین دووەم هاوسەری کە بۆ ماوەی دوو ساڵ پێکەوە بوون خەڵکی یابان بوو بە ناوی (ئاکیکۆ یۆشیمورا).

دەقی نامەکە:

بۆلیناس
١١ی ئابی ١٩٨٤

بەڕیز تاکاکۆ
سڵاو
من (تۆم ڕاد) م بینی لەسەر شەقامێکی سانفراسیسکۆ چەند رۆژێك پێش ئێستا، ئەو سلاوێكی دوورو درێژ و بەچێژی لە لایەن (لانکەکە) پێدام.
من بەردەوامم لەسەر ئەوەی دەیکەم. کار.
ئەم بەیانیە، دوو سەگی دەریاییم بینی بە دووریی نزیکەی پەنجا مەتر لە رۆخی دەریاوە پێکەوە بوون، گەر ( ئی . تی) {کچی تاکاکۆ شینایە} بیبینینایە شادمان دەبوو. ئەو دوو سەگە دەریاییە پێکەوە هاتن، زیاتر بە شێوازی سەگی دەریایی قسەیان دەکرد، پاشان هەردووك بە مەلەکردن لە چاوان بزر بوون بە دوو ئاراستەی جیاوازدا، ئەوان لە ئاوەکەدا بازیان دەداو بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا مانەوە، من وای بۆچووم خەریکی ڕاوکردن بوون بۆ ژەمی بەیانی، ئەوان بەیانییان بە یاریکردنەوە بەڕێکرد.
لە چاوانی مندا جوان دەردەکەوتن. ئۆقیانووسی ئارام تەمومژێکی پشووبەخشی لەگەڵ خۆدا هەڵگرتبوو، و هەواکەش بەرامەیەکی تازەی خۆشی پێبوو، من بیرم لە ( ئی. تی) دەکردەوە.
من چەند ئەوم خۆشدەوێت، من چەند تۆم خۆشدەوێت.

ڕیچارد

تێبینی: ئەم نامەیە ئەمڕۆ ڕەوانە دەکەم دووشەممە [١٣ی ئاب] پشووی هەفتەی رابردوو من مسوەدەی سیناریۆی یەکەم فلیمی رۆژئاواییم تەواو کرد، دەمەوێت تۆ ئەم هەواڵە بە پیاوەکەت بڵێی لە تۆکیۆ کە حەزی بە پۆلی (ب)ی فلیمی رۆژئاوایی هەیە، ئەمە ئەوەیە کە من و اتێدەفکریم ناوەڕۆکەکەی دڵخوازی ئەو بێت کاتێك دەمنووسی، تەماشای دەکات و بە دڵی دەبێت.

تێبینی٢: ژمارەی تەلەفۆنەکەم دەسکەوت …
451-868-24xx

ئیمزای براتیگان

Previous
Next
Kurdish