Skip to Content

زەمیننامە، بە تامی شیعر … پێشەوا کاکەیی

زەمیننامە، بە تامی شیعر … پێشەوا کاکەیی

Closed
by تشرینی دووه‌م 3, 2016 General


«پڕۆژەی دووەم»

———————————-

زەمین، سەد جار: لە ئێمەی مرۆڤ عاشقترە.
زەمین، کە دڵی شکا: بە بورکانیش ناوەستێت.
زەمین، کە چاوی بە خودا دەکەوێت:
لە حەوتەمین پلەی فەنابوونی خولانەوەی خۆیدا، ڕادەچڵەکێت.
کەچی ئێمە، لە هەواڵەکان وەهای دەبیستین:
کە ئەمە عەردهەژێنە و، حەوت پلەی ڕێختەرە!.
***

زەمین، لە داخی ئێمە، لە پشتی هەورەکانەوە: مانگ دەدوێنێت.
نامە دەگەڵ هیچ ئەستێرەیەکدا ناگۆڕێتەوە: بۆ وەی چاوباشقاڵی بکات.
ئەو کە دێوانە دەبێت: لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆ ناشارێتەوە.
ئەو کە مەست دەبێت: بە شەپۆلی زەریاکان خۆ ناشواتەوە.
ئەو بە نووری خۆر، ناسووڕێتەوە: قژی، وەک دەروێش بهێڵێتەوە.
خەنجەر لەسەر ملی کات دابنێت و، چرکە، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
ئەو هەر عاشقە و، دە نێو کاکێشانی ڕێگای شیرییدا’١’: دەخولێتەوە.
***

مرۆڤ، بە نێوی خۆشییەوە: پۆز بە مەریخەوە لێ دەدات.
دەیان جار، بە بیانووی شەوی هەنگوینییەوە:
ژن، داوا لە پیاو دەکات، ڕەوانەی سەر مانگی بکات.
دەیان جار، مرۆڤ بە بیانووی پیسیی ژینگەوە: زەمین بە نەفرەت دەکات.
دوا جار، هەر مرۆڤیشە: بۆ مردن، خۆی بە قوربانی چەند بستێکی خاکی زەمین دەکات.
***

گەر مرۆڤ لە زەمین بکەیتە دەرەوە، چ ڕوو دادات؟
ئایین، نامێنێت.
ئاژەڵیش، دیین وەکار ناهێنێت.
ئەو هەموو تەفسیرە بۆ خودا ناکرێت.
هیچ کەسێك نامێنێت، وشەی دڕندە، بە شێر و پڵنگ و بەور، بڵێت.
مێروولە، واز لە هەڵگرتنی دەنکە گەنم دەهێنێت.
دەی لەبەر کێ: زەیتوون و هەنجیر، سوێندی پێ بوخرێت.
ماسییش، لە دەستی مرۆڤ دەحەسێتەوە، هێندەی تۆڕی بۆ دابنێت!.
***

زەمین، گەر لەبەر مرۆڤ نەبوایە: حەزی لێ بوو، شیعرێکی ڕووت بێت.
چیدابوو لە کێش و سەروا، ترێفەی مانگ و تیشکی خۆر، دە شیعرەوە بگلێنێت.
چیدابوو لە بڕگەکردنی: دەشت و تەپۆلکە و چیا و دۆڵ، بۆ وەی پێوەی ڕازاوە بێت.
باوبژ، چاوی هیچ عاشقێکی کوێر نەدەکرد: گەر حەزی بە تراویلکە نەهاتبێت.
باوبۆران، بە ڕەگەوە داری دەرنەدەهێنا: گەر ئێمە دەستمان پێی فێر نەبووبێت.
چ بولبول بوو، دە قەفەزمان کرد و لەبەر پەنجەرەمان دانا: بەس بۆ وەی بخوێنێت.
دەبێت مەمنوونی کۆتر بین، گەر ڕەمزی ئاشتی نەبێت: هەموو ڕۆژێکمان شەڕ دەبێت!.
***

گەر زەمین نەبێت، کام هەسارە: ئەو هەموو تاوانکارە وە خۆ دەگرێت.
چ کانزایە، لێی دەردەهێندرێت، دواتر هەر مرۆڤیشە: خۆی پێ لە نێو دەبات.
نەوت، وەک خوداوەندێکی شلەمەنی سەیر دەکرێت، کەچی وەک تێزاب دامان دەپڵۆخێنێت.
ئاو، گەر بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تام نەبوایە: قەت نەدەچۆوە سەر خۆی، هێندەی مرۆڤ بیشێوێنێت.
ئاو، گوتی:
گەر من نەبام/ کێ هەڵمی دەناسی/ کێ دەیزانی هەور چییە/ کێ دەیزانی باران و بەفر و تەرزە چییە؟
گەر من نەبام/ هەور بوونی لە کوێ بوو/ کێ دەیزانی تنۆکی باران چییە/ ئەی کێ دەیزانی چەتر چییە؟
گەر لێزمەی باران نەبوایە/ گەڕەک و کۆڵان و کووچە، ئاشنا نەدەبوون بە سێڵاو/ خانوو، دەرگای لێ نەدەکردەوە؟
گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئاسمان، چۆن بەرگەی گرمەگرمی هەور دەگرێت/ لە دوای چی، پەلکەزێڕینە دەروست دەبێت/ گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئەی کێ ئەڵماس دەردەهێنێت؟
***

لە بەرد، نەرمونیانترم نەدیوە. لە ڕەقی دەستەوە، ڕاڤەی بۆ مەکە: ئەوە ڕۆحتە، لە پاشەکشەی میهرەبانییدایە!.
با هەموومان سەیری بکەین:-
بەرد: هەمیشە لە چاومانەوە، سووڕەتی ڕەقی دراوەتە پاڵ، بێئەوەی ڕۆحمان بەر ئەو بکەوێت.
بەرد: کە مردین، لەسەر تەپڵی سەرمان قیت دەبێتەوە، ئەوسا دەزانین تا ئەبەد حزووری دەبێت.
بەرد: هێندە ڕۆحسووکە، کە چاوی بە منداڵ دەکەوێت، خواخوایەتی بێتە کەلا و گەمەی پێ بکرێت.
بەرد: فەیلەسووفێکە، سەرقاڵی سروشتگەرییە/ حەز دەکات، زمانی قەوزە بخوێنێتەوە/ وەختێک وەک پردەباز، لە نێو چۆمێکدا پاڵ دەکەوێت/ تا بزانێت، چۆن لە پێی مرۆڤ دەڕوانێت/ دەچێتە نێو قووڵایی ئاوەوە، بزانێت چۆن چۆنی بێسەروشوێن دەبێت/ دەبێتە خیز، تا دڵمان بەر شۆرین بکەوێت/ هەندێک جار، وەک گاشەبەرد دەردەکەوێت/ تا لەسەر ترس ڕامان بێنێت/ هەندێک جاریش، وەک تاشەبەرد لێی دەخەوێت/ تا حەقیقەتی چاومان ببزوێنێت!.
***

چاڵ: هەر بۆڵەبۆڵی ئێمە نییە، بۆ ئازاردانی ڕۆح، بۆ کونکردنی دڵ/ هەر هەڵکەندنی بیرە نەوت نییە، لە ژێر گڵ/ چاڵ: دۆزینەوەی حەقیقەتێکی دیکەیە، کە لەسەر شوێن پێ بێت/ هەڵدانەوەی مێژوویەکی دییە، کە دایناسۆڕ پێیدا ڕۆیشت بێت/ هەڵبەز و دابەزی مەیموون نییە، مرۆڤ پێی قەڵس بێت/ کەوتنی نێزەکێکیش نییە، لە ئاسمانەوە بەر زەوی کەوتبێت/ چاڵ: وردنەبوونەوەی چاوە، کە ئاسمان سەرنخوون دەبینێت!.

دۆڵ: دێڕێکی شیعریی نییە، خۆی بە دوو تەپۆلکەوە هەڵواسێت/ شاعیر، بە مەمکی بچووێنێت و، تک تک… ئارەقەی پێدا شۆڕ بێت/ دۆڵ: دەنگدانەوەی شەڕەشمشێری سەربازی ونە/ کە بە درێژایی مرۆڤایەتیی، جەللادەکان ئاڕاستەیان دەکەن و دەکوژرێن/ ئەسپیش، وەک کەلاکێکی ڕەقوتەق بەجێ دەهێڵدرێت/ هەتاکوو، بۆنی بە نێو دۆڵدا بڵاو ببێت/ دۆڵ: بۆنی پونگ و ڕێحانە و نەعنا و گوڵەوەنەوشەی لێ نایەت/ بۆنی دەستی خوێنی مرۆڤی لێ دێت/ هەرگیز، مرۆڤ بەبێ بۆن جێی ناهێڵێت/ هەتاوەکینێ، زەمین: لە داخی وێران نەبێت!.

بیابان: ڕاگواستنی ئێمە نییە، بۆ بە غەریبکردن/ دڵشکانی دڵی خۆتە، لە تراویلکەدا: بۆ دووبارە بینین/ بیابان: هێندە غەمگینە، بە بێدەنگیی دادەنیشێت/ کەس نییە بیشوات، گڕوێ دەبێت/ کەس نییە بە لایدا بچێت، ئیدی وەکوو مەنگۆلێک تەماشا دەکرێت/ کەڕەتی وا هەیە، لەبەر بێ ئاوییان، چاوی بە تەمتومان دەشوات/ جاری واش هەیە، “با” دەکاتە لفەکە و، پشتی پێ دەشوات!.
.
دەشت: بۆ ڕاکەڕاکی ژیان نییە، بە گاجووتێک بیکێڵیت/ قووڵبوونەوەی ڕۆحە، تاوێک تێیدا بخەویت.
شاخ: هەتیو نییە، لەبەر هەتاو کەوتبێت/ شاخ: بەس دەستی فێر بووە بە هەورەکان و، بیاندۆشێت.
گردۆچکە: هەڵبەز و دابەزی ئێمە نییە، بۆ پشوودان/ بینینی گوڵەهەڵاڵە و نێرگزە، بێ دەست لێدان.
***

هەمیشە دوو ئەشکەوت هەیە: ئەویش، ئەشکەوتی دڵ و زەمین/ وەختێک، لە دڵماندا، تەنیاییەکی وەها دەبینین/ کە هێندە چۆڵەوانە، هەست بە تاریکیی و داوی جاڵجاڵۆکە دەکەین/ هەست بە ئاڵۆزیی و دەنگی تاسکەچەڵە’٢’ دەکەین/ زەمین، وەها نییە، کە ئێمە لە ترسان، بە شوێنی خۆحەشاردان سەیری دەکەین/ ئەشکەوت: جار جار، بە کوارتز’٣’ دەڵێت: ئەرێ کەی شیعرم لێ دەتکێت/ چەند جارێکش، بە کۆتر دەڵێت: کەی گۆرانییم بۆ دەڵێیت/ بە دەگمەن، هەست بە چێلەمێ’٤’ دەکەین، بۆچی پاسەوانی دەکات/ بۆچی باڵخەنجەرە، ورتەورت دەگەڵ پلیزرک’٥’ دەکات/ قالۆچەش، بە نهێنی سەرگوزەشتەی گشت گەناورەکان’٦’، بە هەردوو زمانی خشۆکیی و باڵەفڕێ تۆمار دەکات!.
***

دارستان: بێ بولبول، هیچ سیحرێکی نییە، لە جوانی ڕەنگ و خۆشی دەنگدا/ ئەفسانەیەکە بێ شێر، قەڵافەتی سپیندار، چییە لە شەودا/ زاڵەی’٧’ قەلەڕەشە، چییە لە ئاسماندا، گەر مەچەکت نیشانی هێز بێت/ ئەو شیوەن بۆ من ناگێڕێت، تەنیا دەڵێت، بۆ دەبێت هەر ئیشی مرۆڤ بێت/ مامز، چ لە بەور و پڵنگ بکات، گەر ترسی ڕاوی ئێمەی لەسەر بێت/ ئەو لە ڕاکردندا، هێندە جوانە، بەس پرسیاری ڕۆح، چی لێ بەسەر دێت/ گوێدرێژ، هەر تاوێك دەزەڕێنێت، ئەویش لە داخی بارگرانی نییە/ ئێمە کە نەبووینەتە بارگرانی بەسەر زەوییەوە، بۆ نابێت بزانین حیکەمەتی زەڕین چییە!.
***

زەلکاو: هەر دەمێکە، دوای غەمی باران، یان پەستبوونی ڕووبار، بەرۆکمان بەردەدات/ چ لە زۆنگاو دەکەیت، کە ئەبەدیییە و، دەبێت بوونمان دەگەڵیدا هەڵباکات/ زەلکاو: وەک دڵشکانی دوو عاشق دەچێت، هەر کەفوکوڵێکە، دێت و دەڕژێت و دەبڕێت/ زۆنگاو: بۆ بە نامۆیی لێی بڕوانین، هیچ نەبێت، وەک شمشاڵ، دڵمان دەژەنێت/ چیتەڵان: کە ناهێڵێت، مرۆڤ بە تەنیایی پێیدا تێپەڕ بێت/ مەبەست لە سمسکبوونی’٨’ نییە، نایەوێت کەس، دڵی بە قالۆر بچێت/ لیتە: پێش قەڵسبوونی، هەرچی پەڵاش بێت دە خۆیدا وەردەدات، تا پێی بگوترێت: لیتاو/ کەچی گڵ: گەر دەستی تێ وەرنەدەرێت، بە بێنووی گریانەوە، بە چی دەبێتە قوڕاو/ ئاو: گەر ڕوونێتی لێ نەستێندرێت، لە خۆوە هانا بۆ ئاوڕوونکەرەوە نابات، بۆ وەی قوتاریی بکات لە زیچاو’٩’/ لم: هەموو ڕۆژێك یادەوەریمان دەنووسێت/ گەر شەپۆلیش نەبێت، کێ ئەو هەمووە تاڵییەی دەروونمان دەشوات!.
———————————————-
١ / ٩ / ٢٠١٦- ١٨ / ٩ / ٢٠١٦
قەڵادزێ
——————————————–

فەرهەنگۆک:-
‘١’. ڕێگای شیری: یەکێکە لە کاکێشانەکانی گەردوون، کە بۆشاییەکی بەرینی هەیە و، کۆمەڵەی خۆر بە تەواوی ئەستێرە و هەسارەکانی تێدا دەخولێتەوە و، زەمینیش ئەندامێکە تێیدا.
‘٢’. تاسکەچەڵە: سسارک، سمسارک، سیسارکەکەچەڵە، سیسالەک، سەرگەڕ، سیسارک، کەرگەز، کەپەنەکداڵ.
‘٣’. کوارتز: بەردەئەستی، یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرد. جۆری بەردی ڕەقە. بریتییە لە ماکی سیلیکا بە تۆکمەیی. لە بنەڕەتدا: وشەیەکی فەڕەنسییە.
‘٤’. چێلەمێ: شەمشەمەکوێرە، شەمشەمە، شەمشەڵە، شەمەلە، شەوکوێرە، قەڕناقووچ.
‘٥’. پلیزرک: پەڕەسوێلکە، پڕەسوێلک، پەڕەسلێرکە، پلیسرک، تەڕنەبابیلە، حاجی ڕەش، سێ پرسک، مەقسوک، هاج ڕەشک، پلوسگرد.
‘٦’. گەناور: زیندەوارە، گەناوەر، دەعبا، جڕ و جانەوەر، حەشەرە. دەستەیەک لە گیانەوەرانی وشکەژین، وەکوو: مێش، مێشوولە، مێروولە، کوللە، پەپوولە، هەنگ، زەرگەرتە، دووپشک، جاڵجالۆکە و… کە زۆربەیان خاوەنی دوو جووتە باڵ و جووتێک شاخەکیلە و سێ جووتە پای بڕکە بڕکەن و، لەشیان لە سێ بەشی جیاوازی سەر و سینگ و زگ پێکهاتووە.
‘٧’. زاڵە: دەنگی قەلەڕەش.
‘٨’. سمسک: شووم، قدۆش، کۆچکڕەش، هوم، گوناتە، کۆدقەلین، دۆبڕ، بەدوم، بەد، بەدودم، نێوچاوان پیس.
‘٩’. زیچاو: لێڵ، لێخن، لیخن، لیخناو، شێلو، شێلوو، شیلۆ، غەور خەور، لێڵایی.

Previous
Next
Kurdish