Skip to Content

280 Views

دوانامەی براتیگان… سەدای گیانە بزربووەکان به‌شی2 …. سۆران محه‌مه‌د

دوانامەی براتیگان… سەدای گیانە بزربووەکان به‌شی2 …. سۆران محه‌مه‌د

Be First!
by January 15, 2019 General, Literature, Slider
image_print

(بو، تا ئەبەد)

دەسوڕێمەوە وەك خێو
لە بنەوەی سەرەوە
من داگیرکراوم لەلایەن
هەموو ئەو بۆشاییانەی
تیایدا ئەژیم بێ
تۆ

– ڕیچارد براتیگان-

ڕەنگە بزربوونی توتکەکەی ڕیچارد بە ناوی (بو) تەنیا بزربوونێکی ماددی نەبووبێت، بەڵکو بزربوونی گیان، یادەوەریی، خود، تەمەن… یش بووبێت.
ڕۆژێك پزیشكێکی ڤێرتینەری باسی کەسێکی گێڕایەوە سەگێکی بزر کردبوو، ئیدی لەوساتی لە دەستدانەوە چاوی بەهەڵەیدا دەبرد لە تەماشاکردنی هەر شتێکدا بیبینیایە، ئەمەیە هەستی دووبارەبووی لەدەستدان کە بناغەی لەسەر نەدۆزینەوەی شتانی عادەتییش دادەکوتێت ، ئەمەیە مانای بێهیوابوون کە زیاتر دەچەسپێت لە ڕێی جیابوونەوەی هەستەکی، ئەمە بەهێزترین بەشی ئازاری خەمناکییە، لێرەوە یادەوەریی دەبێتە ستەمکار لەو زەمەن و شوێنانەی تیایدا دەجوڵێین، چونکە بەرەو پێشەوەو بەرەو دواوە درێژدەبێتەوە لە ساتی تایبەتی خۆیاندا.

لە مایسی ١٩٣٤داو تەنیا هەشت مانگ پێش لە دایك بوونی ریچارد: (بێرنارد فریدریك براتیگان١٩٠٨-١٩٩٤)ی باوکی ڕیچارد کە کرێکاری کارگە بوو و دایکی (لولو ماری١٩١١-٢٠٠٥) لێك جودابوونەوە، پاشتر دایکی لەگەڵ ئارسەر مارتین تیتلاند ژیاو لە ساڵی ١٩٣٩ دا (باربرا ئان) ی خوشکی لەدایك بوو، ڕیچارد دەڵێت جارانێك بووە دایکم بۆ ماوەی ٢ رۆژ ئێمەی بەجێدەهێشت لە ژوورەوە لە کاتێکدا تەمەنی من ٧ ساڵان و خوشکەکەم ٢ ساڵان بوو. دواتر لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ جاری سێهەم بووە هاوسەری رۆبەرت پۆرتەرفیڵدو کچێکیان بوو بە ناوی ساندراو لە١٩٤٦ جیابوونەوەو لە ساڵی ١٩٥٠دا بۆ دواجار دایکی بووە هاوسەری ولیەم دەیڤید فۆڵستۆن و کوڕێکیان بوو.

ڕیچارد براتیگان لەگەڕان بە دوای سۆزی لەدەستچوویدا لەساڵی ١٩٥٣دا دایکی باشترین هاوڕێی خۆی (پیتەر وێبستەر) ی کردە دایکی خۆی و ساڵێك لەگەڵیاندا ژیاو پاشان لە بێ پارەییدا سەری خۆی بۆ سانفراسیسکۆ هەڵگرت و چەند جارێكیش گەڕایەوە بۆ ئۆریگۆن.
خانەوادەی ریچارد رۆژانێكیان بەسەربردووە هیچ خواردن نەبووە بیخۆن، ڕیچارد ناچار دەبوو بە قولاپی ماسیگرتنەوە لە کەناری دەریا چاوەڕوانی ئەو ماسیانە بێت بەزەییان پێیدا بێتەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن و خۆیان بکەن بە قولاپەکەیەوە، تا خۆی و خانەوادەکەی لە برسێتی رزگاریان بێت.
لەساڵی ١٩٥٥دا و لە نەخۆشخانە چیرۆکێکی ٦٠٠ وشەیی نووسی و بۆ دوو بڵاوکراوەی ناردن، وەلێ مەخابن ئەوان بە هێندیان نەگرت و هیچیان بڵاویان نەکردەوە، لەمساڵانەی دواییدا کۆپی ئەم چیرۆکە لە لای (هاری مووتۆن) دۆزرایەوەو رووناکی بینی.

ریچارد بە هۆی قەموریی پشتیەوە بۆ خزمەتی سەربازیی رەفزکراو ئەم هەلەی ژیانیشی لە دەستچوو… بەڵێ، ئاوها لە نێوان دڵڕەقی ژیانێکی بێویژداندا مرۆڤەکان بە دڵشکاوی دەگرین و کەس لێیان تێناگات و ئاوڕێکیان بەلادا ناداتەوە، تەمەنێکی کورتی چەند چرکەیی بۆچی دەبێت لێوانلێو بێت لە ئازاردان و ئەم تراژیدیانەش کەسانێك دڵخۆشبکات؟ لەبن چەتری شەقامەکانداو لەناو بیبلۆگرافیای چرکەکانی پیرەمێردێکی مۆم فرۆشی کوێردا چەندان حەسرەت خۆیان داڵدە داوە، یەك یەك تەپەی پێی مرۆڤەکان دەژمێرێت تا دەستێکی میهرەبان مۆمێك دەکڕێت، ئەو گڕی پێ بەردەداتە چرای شەوە تاریکەکانی ژیان، ئەمیش نانێکی گەرمی پێ دەکڕێت و لە برسێتی ڕزگاری دەکات. یان ئەو مرۆڤە کەمئەندامەی لە گۆشەیەکی قەرەباڵغی بازاڕی لەشساغەکانەوە بە پاڵنان زیاتر و زیاتر دەیخەنە کەنارەوەو ئەویش چاوەڕوانی کەسێك دەکات بە مرۆڤێکی تەواوی خاوەن هەست و فرمێسك و زەردەخەنە تەماشای بکات و کارتێکی مۆبایلی لێبکڕێت، تا بە پەیوەندیکردن ڕێگای دوور بۆ ئەو نزیك بکاتەوەو ئەمیش پاتری عەرەبانەکەی پێ شەحن بکاتەوە.
چەند ڕۆژێك دوانامەی ڕیچارد براتیگان کە بۆ (تەکاکۆ شینا)ی هاوڕێی نووسی بوو لە ناخەوە هەژاندمی و ڕووبەڕووی ئەو فرمێسکە گەرمانەی دەکردمەوە کە لە ئازارەکانی ڕیچارد تێدەگەشت، لە کاتێکدا ئەو دوور لە مرۆڤەکان بەرەو ڕۆخی دەریا لە سپێدەیەکی زوودا کە زێڕینگەرەکان دەرگای دوکانەکانیان دەکردەوە ئەویش بەرەو دەریای شینی بێ بن هەنگاوی دەنا، ڕەنگە دەریا هەناسەیەکی ڕۆژە میهرەبانەکانی یابانی پێ بێت، تا گیانی نامۆ و تەنیای بگەشینێتەوە، نازانرێت رەنگە دوا سەردانیش بێت بۆ ئۆقیانووس.

/ ئۆقیانووسی ئارام تەمومژێکی پشوبەخشی لەگەڵ خۆدا هەڵگرتبوو، و هەواکەش بەرامەیەکی تازەی خۆشی پێبوو./

ئێمە زۆرجار بە هۆی سەرقاڵیی بوونمان و بە ڕۆتینبوونی ژیان لە دیدگاو دنیابینینەکانمانەوە، زۆر شتی گچکە لە بیر دەکەین کە رەنگە ماناکانی ژیانیان پێ تەواو بێت، بۆ نموونە ئێمە زۆرجار سەفەری کورت و درێژ.. بە ویست و بە ناچاری دەکەین، بەڵام ڕەنگە زۆر کەمتر ئەو دنیایەی بە جێی دێڵین بە تەبایی و لە هارمۆنییەتدا ماڵئاوایی لێ بکەین، کە ئەم حاڵەتەش ئاسوودەییەکی سایکۆلۆجی لێ فەراهەم دێت، لە مێژە شاعیری مێردمنداڵی فەرەنسی بەناوبانگ (ئارسەر رامبۆ ١٨٥٤-١٨٩١) لە شیعری کۆچ دا پەی بەم حاڵەتە پەنهانە گرنگە بردووە لە کۆچ و سەفەرداو رەنگە لەبەر ئەمەش بێت لە کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت :

/ کۆچ لە ناو سۆزو درەوشانەوە /

چەند خۆشە بە دڵشکاوی ماڵئاوایی نەکەین، دنیا زوویرەکان ئاشتبکەینەوە، ئەوسا هەمیشە یادەوەریەکان هیوایەکمان بەبەردا دەهێننەوە، ئاسوودەییەکمان پێ دەبەخشن، وەك ئەوەی بەشێك لە گیانمان لەو جێیانەدا جێهێلا بێت بۆ موتابەعەی گۆڕانکاریەکان تیایاندا، پرسینی هەواڵی ئەزیزان و جۆرێک لە ژیان لەگەڵیاندا، یان یادەوەری مۆنیمێنتی ئەو دەستە میهرەبانانەی تیایدا ڕوابوون، هەرواش هزرە لۆژیکیە داناکان کە لەبەهای مرۆڤ تێگەشتبوون و بە گومانی بەد ناخیان تاریك نەکردبوو.
ڕیچارد براتیگان، مرۆڤێك تا سەر ئێسقان وەدەرنراو لە بازنە تاریك و نوستالیژیاکانی کۆمەڵگا، برسێتی و چەرمەسەریی مامۆستا دڵسۆزەکانی بوون، کەمئەندامێتی ئەو شێتییە زاناییەی پێ بەخشی کە رەخنەنووسە ئۆروستوکرات و بڵاوکەرە بورجوزاکان چاویان پێدا هەڵنەدەهات، رەنگە ئەوان لە زمانی موعاناتەکانی تێنەگەشتبن.

ئەو؛ سەگە دەریاییەکانی پێ جوان و سەرنجڕاکێش بوون، بە هێمنی و تەنیایی تێی دەڕوانین، دوور لە مرۆڤەکان لە قوڵایی ئۆقیانووسەکانەوە هاتبوون و یارییان دەکردو بێ پەساپۆرت بە مەلەوانی لە سەرو بنی دەریادا دەهاتن و دەچوون، لە دیدگای فەلسەفی و ئەفراندنی ڕیچاردەوە ڕەنگە لەگەڵ کەسایەتی هەنێك لە مرۆڤەکاندا تێکەڵاوبووبن وا زیاتر بە شێوازی سەگی دەریایی قسەیان دەکرد! ئەوان لە زمانی شەڕ نازانن، بەیانییان بە یاریکردنەوە بەڕێکرد. رەنگە پەیامی ڕۆخەکانی یابانیان بۆ ریچارد هێنا بێت، خۆ سەگە دەریاییەکانی هەردوو لا وەك یەکن و جیاوازی لە ناو خۆیاندا ناکەن وەك مرۆڤەکان.
کێ لە خەمەکانی ریچارد براتیگان تێدەگات؟ خشتەی نەخشەی ژیانی لای سپێدەش شاراوەیەو ڕەنگە جیابوونەوەو مەلەکردنی ئەو دوو سەگە دەریاییە جوانە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا هەر ئاماژەیەکی تیل نیگا ئاسا بێت بۆ دوا قەسیدەکەی ئازاد سوبحی مرۆڤ و شاعیر کە دەڵێت:
/ بێزاربووم هێندە ژیام
نامەوێ یاری بەم قوڕە بکەم…
ناگەڕێمەوە بۆ نیشتمان…
تازە من ڕۆشتم
بێزاربووم هێندە ژیام
ئەمەوێ یاری بەم گەڵا کۆنانە بکەم…/

لەو لێکدانەوەیە جوانترم بۆ ئەم حاڵەتانە نەدۆزیەوە وەك ئەوەی رەخنەگرێك لە ژێر ناونیشانی (کەوتنی رۆشنبیرێك)دا لێکیداوەتەوەو نووسیویەتی: ” شوێن وزەمەنی مانەوەو ژیان كردن لە لای ئەو لە دەرەوەی بازنەی زەمەن وشوێنە خودیەكانی ئەودا بوون..”
رەنگە ڕیچارد زانیبێتی بۆ دوا جارە سەردانی دەریا دەکات، حەز دەکات بچوکترین دیمەن و خێراترین چرکەشی لە دەست نەچێت، ئێدی لەگەڵ سوبحیدا و دوای تاوتوێکردنێکی درێژ گەشتبێتە سەر ئەو بەرەنجامەی بڵێت بێزاربووم هێندە ژیام.. شتەکان دووبارەن، قێزەونن، گیانم ئازار دەدەن، هەر بە نامۆیی ژیام و بە نامۆییش ئەمرم، ئەمە جیهانی من نییە، با کەمێك لەو شەپۆلانە رابمێنم کە بەشێك لە گیانمی تیا ئاوێزان بووە، رەنگە میهرەبانیەکم لێ بەجێمابێت لە تۆکیۆ، با بۆ دواجار کەمێك بەو هەوایە هەناسە هەڵمژم کە لەو ئاراستەیەوە دێت، با کەمێك لە هارمۆنییەتدا زەردەخەنە بۆ کۆتاییەکان بکەم.

Previous
Next

Leave a Reply