Skip to Content

بۆ ڕێبوارێک …. دابین ڕەمەزان

بۆ ڕێبوارێک …. دابین ڕەمەزان

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2019 General, Poems

چی تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟!
لەسەر پشتی کام ئەستێرە بەربوویتەوە؟
هەوای ئێرە سینگ تووند ئەکا !
هەوای ئێرە مرۆڤ کوژە.

هاتووی چی بکەی؟
هەوای ئازادی هەڵمژی؟!
ئەی نازانی هەوای ئازادی قەتیسە، لەم وڵاتە؟

هاتووی چی بکەی؟
بۆنی گوڵکەی؟
ئەی نازانی خونچە لێرە چرۆ ناکا و هەڵ ئەوەرێ؟!

هاتووی بۆنی باران بکەی لەم ووڵاتە؟!
ئێرە هەور تۆفان دێنێ،
بۆنی مەرگی لەگەڵدایە!

مەگەر هاتووی، جێژوانی عاشقان ببینی،
یاخوود دیدەنی کووشتنیان؟
هاتووی چرای کام سووچی شار داگیرسێنی؟
ئەی نازانی ئێرە شاری خامۆشانە؟
شاری تاریک پەرستانە؟!

چۆن نازانی لەم وڵاتە مردن نامۆ نییە بەژیان،
نامۆ نییە بە عاشقان؟
لێرە مردن خاک و خۆڵە!
هەرکات ویستت دەست ئەکەوێ!
هێندە بەسە مرۆڤێک عاشقی ئازادی و
دوانیتر عاشقی یەک بن،

لێرە مەرگ لەهەر ساتێک نزیکترە
لەکیژۆڵەیەکی بەگوڵ ڕەنگین،
هێندە بەسە، خەیاڵ بیبات بۆلای کوڕێک.
ئەی نازانی ئێروکانە کوفرستانە؟
لێرە کوفر ناونیشانی دارو بەردە؟!
وێنە،
عەشق،
جوانی،
هونە،
لێرە هەمووی باری لەنگە!

ئەرێ بەڕاست!
هاتووی لێرە چی ببینی؟
تابلۆی ژیان؟
تابلۆی جوانی؟!
باش بزانە!
ئەوەی کە لێرە ئەیبینی
تابلۆیەکە و لێی نووسراوە:ئاگاداربە! شەرەف لێرە هەڵوسراوە!
بڕۆ لێرە، پێم نەووتی هەوای ئێرە سینگ تووند ئەکا!

Dabin Ramazan

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish