Skip to Content

کۆچ  …. چۆلی فایەق

کۆچ …. چۆلی فایەق

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2019 General, Poems

زەریای ژیان لەم جوگرافیایەدا
شەپۆڵەکانی هزرم، لەخۆ ناگرن
لەپێناو بەردەوامی و
نوێبوونەوەی شەپۆڵەکانم…
لانیکەم
دەبێ
ئۆقیانووسێک بدۆزمەوە…

لە ئاقاری سەربەستیی ئێرە
ئەسپی ئارەزووم پێ تاو نادرێ
بۆ تاودانی ئەسپی ئارەزووم
دەبێ
دەشتێکی بننەهاتوو ببینمەوە…

هەرچی شەقامی شارە
نەقشی بنەپێڵاوەکانمی لەسەر دیارە
شارەوانی فەرمانی داوە
لەجیات ناوی ناوداران
بەپێی پای من، بە ژمارەی شەقاوەکانی قاچم
تابلۆی ناوونیشانی شەقامەکان
هەڵبواسرێ…

ئەم هەموو ڕۆیینە
بۆ چی؟
بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەنگاوەکانمە…

لە عیشق
دووبارە و دووبارە
مەعشووقیم نیشان دەدەیتەوە
بۆ ناپرسیت
چ عەزابێکە
کوڕ بیت و مەعشووق بیت؟

لە دابڕان
دووبارە و دووبارە
هەموو ئەو قوژبنانەم نیشان دەدەیتەوە
کە ئازیزترینی من
لە پێش چاوی من
ڕووی خۆی لەسەریان دەنوێنێ،
خودا یەکجار ئەوی مراند
تۆ هەموو ڕۆژێ دەیکوژیت و
مەرگیم نیشان دەدەیتەوە
چ عەزابێکە
هەموو ڕۆژێکی نووێم ماتەتم بێ
وەک ئەوەی دوێشەوێ
زیندووبووبێ!

ئەی ئەو هێلانەیەی
هەوایەکی نوێم پێ هەڵنامژی
من لە دووبارەبوونەوەت وەڕس بووم
ئەی شاری نەفرەتیی چوارخوداڤەندەکە
ئەی دووبارەترین شاری دنیا
ئەرێ تۆ تۆ،
تا کەی لە من وەڕس نابیت؟

دەنگی “من” بە گوێی “خۆم” دەڵێ
پێستەی نوێ .. بخشێنە
بۆنی نوێ .. بۆ کە
دەنگی نوێ .. ببیستە
ڕەنگێ نوێ .. ببینە
تامی نوێ .. بچێژە…

قاچێکم لەنێو فیکر
قاچێکم لەنێو ئەدەب
هەزاران جار عەقڵ و دڵم
بە پێیەکانم پێ کەنیون…

ئەو قاچانەم، چەشنی چرقەی نیوەڕۆ
خۆیان بۆ تواندنەوەی داکەسان و دانیشتنی
وجوودی من، مەڵاس داوە…
قاچەکانم
تەمای ماچی خاکێکی دیکەیان هەیە
دەخوازن
بە سواری هێسترێ
بەسەر بەرزاییەکانی هێمالایا بکەون،
بەدووی یۆگییەکی پێنج-سەت ساڵە بگەڕێن،
پێ لەسەر پەیژەیەکی پۆڵاین
خۆ بگەیننە سەر ملی فیلێک
ڕووبارە پڕ لە مار و تێمساحەکانی
هێندوستان ببڕن،
چل و هەشت کاژێر
لە سەید بەدەویی تەنتا
لەگەڵ سۆفیان
بڕەقسن و سەما بۆ خوا بکەن،
قاچەکانم
مرۆڤێکیان هەڵگرتووە
تەمای وایە
لە سەنگافورە مۆزی تیژ بخوات،
چای سوێر
چای بە خوێی ئەندەنۆسیا بخواتەوە،
لەگەڵ مێگەلان لە سیلان ئەنەناس کاوێژ بکاتەوە،
دەڵێن لە دوورگەی بالێ
نانی ماسی چێ دەکرێ
قاچەکانی چوونە وێ دەخوازێ،
دڵی خواردنی مار و مێروولەکانی
هۆنگ کۆنگی دەوێ،
یادی فلیپین دەکا
دەڵەمەی هێلکە
بە سماق و بیبەر لەسەر بکا،
بەسەر پشتی وشترێ بکەوێ
چاو لە فیرعەون و
هەرەمەکانی جیزەی میسرێ
بگێڕێ،
گەلابیەیەک بپۆشی
عەگالێ لەسەر نێ
لە سەحڕای عێراقێ
ڕەبابە بژەنێ،
لەگەڵ سەگ و تاژیان
سەرخەوێ بشکێنێ،
بە عەمامەیەکی ڕەش
لە قوم
شین و واوەیلا بگێڕێ،
بە ڕوتوقوتییەوە
لە شەقامەکانی ئەمستردامێ
تێر لێی وەسووڕێ،
بە هەستانێکی فەرهاد زیرەک
دڵی سەرکۆماری کۆریای باکوور
نەرم بکا..
لەنێو
قاپووتێکی کەوا خوری هەورامان
لە وەڵاتێ بەفر و ئەسکیمۆ،
لە شەوێ
کە کاتێ تف هەڵدەی دەیبەستێ
دەگەڵ قژکاڵێکی لێوئاڵی ڕووسیایی
هەرچی شەرابی ترێی سپییە
چۆڕینە فرەنساییەکەی
بنۆشێ،
چارشێولەسەرێکی جادووبازی مەغریبی
لە کەنارێ ڕامووسێ،
لە فڕۆکەی نێوان
تۆکیۆ و نیۆڕۆک
کتێبی سەمفۆنیای ژیان بنووسێ،
لە فارگۆنی هەشتەمینی
شەمەندەفەری نێوان
وارشۆ و ڤیەننا
وانەی نۆتەی مۆسیقا بخوێنێت،
لە تێڕمیناڵیەکەێ میلانۆ
فێری درووین ببێ
بە یادی ئۆلیڤەر
کتێبێ لە ڤینیسیا بدزێ
لە تێکساس
دە هەزار دۆلار لە قومارخانە
بژمێرێ،
لە بۆمبای
مەریجوانەی ئەفەغانی بکێشێ،
هەر بۆ دیتنی دکتۆرە چاوبازەکان
سێ مانگ
لە نەخۆشخانەیەکی تەهران بکەوێ،
لای گۆڕی گۆتە
ماڵی بیتهۆڤن
مەرقەدی ڕۆمی
کارگەی کڵانشیکۆف
قەورستانی قاهیرە
تیاترۆخانەی موسڵێ
حەفتەیەک بخەوێ…
بکرێتە سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە فەرمان و دەستی خۆی
هەرچیی کتێبە بسووتێنرێ..
لەسەر گۆڕی نالی
لە ئیستەنبۆلێ
تنۆک تنۆک فرمێسک
بۆ غوربەتی ئەزەلیی کوردان
بەسەر دڵی بڕژێنێ،
ببێ بە پێغەمبەرێ
خودا لە مرۆڤایەتیی بتۆرێنێ
مرۆڤایەتیی لە خۆی بتارێنێ…
لە لانکێ
تا ڕۆژی سەر تاتەشۆرێ
وەڵامی
دنیا “هیچ”ە
یان
“هیچ نییە”؟
لە کۆچەکانی بپرسێ!
دژوارترین کۆچ
بۆ وەڵامی دژوارترین پرسیار…

ڕۆژانی مەلوولیی ۲۰۱٦

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish