Skip to Content

پاشخانی بازرگانیی و روئییەی نەوەی نوێ …. کامیار سابیر

پاشخانی بازرگانیی و روئییەی نەوەی نوێ …. کامیار سابیر

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2019 General, Opinion, Slider

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ-نن، پیاوێکی بیزنسمانە، ئەوەی بە زمانی شەعبیی پێیدەگوترێ بازرگان، لە مێژووی حیزبە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهانیشدا، لە زۆربەی ئەو سەرمایەدار و بازرگانانەی بەشداریی سیاسەتیان کردووە، کەمتریینیان، سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە! بە سروشتیی، چونکە بیزنسمان، پێوەندییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە بازاڕ، ئابووریی و دەسەڵاتەوە هەیە، لە ئاستی شەعبییدا، مەقبوولییەتیان کەمە، مەگەر خاوەنی کۆمەڵێ کرێدتی گەورەی کۆمەڵایەتیی و مرۆیی بن و فەضیڵەت و بەهای سیاسیی کۆمەڵگە لەسەروو بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانەوە ببیینن. هەروەها، لە رێگەی پارە و سامانەکانی خۆیانەوە، بیانەوێت خزمەت بە خەڵک بکەن، نەک بیانەوێ لە رێگەی هەڵکشانی سیاسیی و قورسایی حیزبەکەیانەوە، داوای پشک و پرۆژەی زیاتر لە سەرمایەگوزارییدا بکەن.

بۆ تێکهەڵکێشکردنی ئەم باسە بە قیادەی نن و حیزبە کلاسیک و مۆدێرنەکانی کوردایەتییەوە، ئەم نموونەیەی خوارەوە، بە گرییمان، لەسەر خاوەن کارێک ( کۆنتراکتچیی- قۆنتەراتچیی) دەهێنینەوە. نموونەکە، رووی لە قیادەی نن ( بەتایبەت شاسوار عەبدولواحید-شعو) و رەدفیعلەکانی گۆڕانە لە ماوەی رابردوو، ئێستا و ئاییندەدا. خاوەنکار، چەند کرێکارێک، ناوبەناو، رۆژانە، ئیشی بۆ دەکەن. پارەی هەندێکیان بە زیادەوە دەدات، بۆ ئەوەی وەلائیان بکڕێت و دووزمانییش بەسەر کرێکارەکانی ترەوە بکەن. هەندێ کرێکار، پاش ماوەیەک بەدەمەوەگرتن کە ئەم مانگ نا، مانگێکی تر، پارەکە وەردەگرن، بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر رەنجکێشان و کارکردن، نەک هەر پارە وەرناگرن، بەڵکو تۆمەتباریش دەکرێن بەوەی دزییان کردووە، یان سیخوڕییان بۆ ئەملاولا کردووە!( بێ بەڵگە) هاوکات، خاوەنکار، دەستی لەگەڵ هەندێ مەسئولی گەندەڵی سیاسییدا تێکەڵ کردووە و پرۆژەی گەورە وەردەگرێ و بیزنسی خۆی دەکات و بەشێک لە مەسئولەکانیشی، شەریک کردووە. پاش چەند ساڵێک، دێت سیاسەت دەکات و حیزب دروست دەکات و حیزبەکەیش وەکو کۆمپانیاکانی، دەیەوێ خۆی کەسی یەکەم بێت و خۆی سییۆ ( بەرزتریین دەسەڵاتی پرۆفێشناڵیی لە دەسگایەکدا یان کۆمپانیایەکداCEO ) بێت و هەموو ئەوانی تر، وەکو ستاف لە حیزبەکەیدا، تەعیینیان دەکات.

ناوەڕۆکی ئەو نموونەیە، بەشی هەرە زۆری رەخنەی گۆڕان و نەیارە سیاسیی و شەخصییەکانی (نن و شعو)ن. لە کۆی ئەو رەخنانە، یەک تەوەرەی سەرەکیی زۆر گرینگە کە راستەوخۆ، پێوەندیی بە مۆراڵ، کەرامەت و ویژدانی ئینسانییەوە هەیە کە ئەمەیە: من ئەگەر کرێکار بچەوسێنمەوە، ئەگەر پارەی خەڵکی کاسبکار و زەحمەتکێش بخۆم و فێڵی لێ بکەم، ئەگەر لە ئیشی کۆمپانیایەکدا( گەندەڵیی،هەڵاواردن و ناعەدالەتیی بکەم) لە جوغزی مۆڕاڵی سیاسیی و ئیعتیباری شەخصییەوە، چۆن لە رووم بێت و جورئەت بکەم حیزبێک دروست بکەم کە ئیدیعای گەڕانەوەی مافی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی ئەو جیۆگرافیا سیاسییە بکات کە سیاسەتی تێدا دەکەم؟

دیوێکی تری ئەو رەخنانەی لەسەر نن و شعو هەن، وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆریان، بازاڕیین و لە هەمان مێنتاڵیتیی و کولتووریی مافیاکانی کوردایەتییەوە، سەرچاوەیان گرتووە، کەمتریین رەخنەی سیاسیی و جدیی لە نن، گییراوە. ئایا بەڕاستیی هیچ حیزبێکی سیاسیی ( بەوانەی بە خۆیشیان دەگوت ئۆپۆزسیۆن) لە کوردستاندا هەیە کە کەسی یەکەمەکانیان، لەسەر حیسابی هەژاریی خەڵک و جەهلی عەوامی لایەنگرانی حیزبەکانیان، میلیۆنێر نەبن؟ یان لای کەم، وەکو جێمتمانەی کەسی یەکەمی حیزب و بنەماڵەکان، شۆردنەوەی پارە، کڕیین و شاردنەوەی بیزنس و کۆمپانیای گەورە، بۆ کوڕی بنەماڵە سیاسییەکانی ناو حیزبەکان نەکەن( بە گۆڕانیشەوە)؟

تا کاتێک، دادگایەکی عادییلانە و سەربەخۆ لە کوردستان و عێراقدا نەبێت و لە گەندەڵکاران و سیاسییە دزە گەورەکان، بپێچێتەوە، تا کاتێک ئەندام پارلمانەکان و وەزیرەکانت، زۆریینەی رەهایان لە گەندەڵییەوە گلابن، سەرۆکی حکومەتەکانت( هەرێم و عێراق)، دەیان و بگرە صەدان بیلیۆن دۆلاریان بەهەدەر دابێت، تا کاتێ تۆ دڵت خۆش بێت لەگەڵ ئەوانەی تێرۆری رۆژنامەنووسان دەکەن و دزیی لە خەڵک دەکەن، حکومەت پێکبهێنێت، هەر قسەکردنێک لەسەر دزی گەورە و بچووک، مانایەکی نامێنیت، ئەگەر بەرنامە و پرۆژەکانی خۆت لەهەمان خولگەی دز و مافیاکانی کوردایەتییە چەتەگەرییەکەدا بسوڕێتەوە و خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، لە خاڵە جیاوازەکانی نێوان خەڵک و مافیاکانی دەسەڵاتدا، زۆرتر بن.

روئییەی سیاسیی نن

هەموو حیزبێکی سیاسیی، دەبێ لەیەک کاتدا، روئییە و روئیای هەبێت، واتە دید و جیهانبیینیی هەبێت، لەهەمان کاتیشدا خەونی سیاسیی هەبێت کە لە مانیفێستەکەیدا، جێکەوتی کردبێت و پلانی بۆ داڕشبێت. روئییە، بەو دیدە لیبراڵییە ناگوترێ کە هەندێ نەشئەی غەربیی و لیبراڵیزمی ئەمێریکیی( هەندێجار، نیۆلیبراڵیزم) و گەشەی ئابووریی هەندێ وڵات، بکرێن بە پێوەر و بەراوردکاریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و جیهاندا. گرینگ ئەوەیە، چۆن لەو ماتێریاڵ و سەرچاوە( مرۆیی)ەی کوردستان، کەڵک وەردەگریت و تەحەدای ئەم سیستەمە سیاسییە شێخنشیینییە رەیعییەی کوردستانی عێراقی پێدەکەیت؟ ئەمانەیش، بەشی هەرە زۆریان بە قیادەی پڕچەک( لە باری فیکریی و سیاسییەوە) و رۆحی تەحەداکردن و جەرائەتەوە دەکرێن.

دونیا، بەو فەخفەخە سیاسییە ناگۆڕێت کە هەموومان دەوڵەمەند بین و هەژاریی بنەبڕ بکەین و هەموومان لە خانووی زۆر گرانبەها و راقییدا دابنشین و سەیارەی مۆدێل باڵا و براندی ناودار لێبخوڕین. ئەم فەنتازیا لیبراڵییانە نە بازاڕی بگرەوبەردەی سەرمایەداریی و نە خورافاتی کۆمیونیزمیش، رێگە نادەن ئەم هێلکە ئایدیال و ئایدیۆلۆژییە، جووقەی لێ پەیدابێت. لە هەموو شت، گرینگتر ئەوەیە کە روئییەکی سیاسیی شەفاف، مۆدێرنانە، مرۆییانە و نیشتمانییە( کوردستان وەکو نیشتمانی هەموو ئەوانەی لەسەری دەژیەن( کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحیی، کاکەیی، ئێزیدیی…تاد) بە پرەنسیپەوە جێکەوت بکرێت ولە ئاستی عێراقیشدا، عێراق بە نیشتمانی خۆت بزانیت و لە چوارچێوە سیاسییەکەیدا، کار بکەیت. هەر ئالوودەبوون و یەقکردنەوەیەک بە فاشیزمی نەتەوەیی( لەسەر بناغەی نەژاد، نەتەوە، زمان و یەک ئاڵا و یەک خاکی موقەدەس)، گەڕانەوەیە بۆ درۆ گەورەکانی ٨٠ ساڵی کوردایەتیی، هەر حەساسییەتێک بەرامبەر بە عێراق، بە عەرەب، بە تورکمان، بە شیعە، بە عەرەبی سوننە، بە ئێزیدیی…تاد، گەڕانەوەیە بۆ هەمان زێرابە بۆگەنەکانی کوردایەتیی و فاشیزمە نەتەوەییە کاژیکییەکەی و تەواوی رێگەکان قوفڵ دەکرێنەوە( هەموو لە بانەوە” کوردایەتیی”، سەر دەردەکەنەوە).

لە هەمووی گرینگتر، ئەمانە بە کەسانی قیادیی خاوەن فیکر و پرەنسیپی سیاسیی و مۆراڵی بەرزی سیاسیی دەکرێن. بە قیادەی جەماعیی دەکرێن کە روئییەیان هەبێت و سەردەمی تاکگەریی، زەعامەت و قائیدی ئەوحەد، نەک هەر بەسەرچوونە، بەڵكو نەقص و نەرجسییەتە کە مرۆڤ بییر لەوە بکاتەوە بە تەنیا، جڵەوی حیزبێک و بزوتنەوەیەک لە ئەستۆ بگرێت. لێرەدا مەسەلەی پارە، دێتە پێشەوە. حیزب و کاری سیاسیی، پێویستی بە پارە، بە مێدیا و بە کەمپەینی بەربڵاوە. ئەگەر شعو، بیەوێ بەهۆی بیزنس، پارە و ئیمکانییاتە ماددیی و مەعنەوییەکانی کۆمپانیا و سەرمایەکەیەوە، ئەجێندای شەخصیی خۆی بەگەڕ بخات و بییر لەوە نەکاتەوە کە قائیدی گەنج، نەوەیەکی نوێ لە گەنجان بێنە پێشەوە و هەر خۆی زەعیمی بەڕ و بەحری نن بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە، درەنگ یان زوو، هەمان رێچکەی بارزانیی باوک و کوڕ، قاسملۆ، تاڵەبانیی و نەوشیروان موصطەفا، دەگرێت و بە خێراییش بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت( مەگەر ئەوەی وەکو حسک، قیادە لەسەر خۆی طاپۆ بکات)، هەروەکو چۆن ئەو زەعیمە کوردانە، تاکە زەعیمی حیزبەکانی خۆیان بوون و رێگەیان نەدا، یەک قائید لە ناو حیزبەکانیاندا دروست بێت.

بە تێڕوانیینەکەی کێنەدی، ئەگەر قیادەی سیاسیی و فێربوون لەخەڵکەوە، لازم و مەلزومی یەکتر بن، ئەوە قیادەی نن ( بە تاک و بە کۆ)، لەهەموو کات زیاتر پێویستیان بە فێربوون، بە پەروەردە، بە روئییە و دیسپلینی سیاسیی هەیە. دیارە ئەم کاتەگۆرییانە نەک بە مانا ستالینیستیی و حیزبە چەپەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، بەڵکو بە ئامبازبوون لەگەڵ رۆحی نیشتمانیی تاکەکانی وڵات و لەبەرچاوگرتنی بەها، مۆراڵ و فەضیڵەتی سیاسیی، بۆ رای گشتیی و بۆ خەڵکی کوردستانی عێراق، بە تایبەتیی…

سەرکەوتن و پووکانەوەی نن، بەندە بەوەی، هەمان ریس، نەڕێسێتەوە کە گۆڕان، رستی. گۆڕان و سیاسەتەکانی ( پرۆژەکانی، خۆکردن بە وەکیلی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی کوردستان، قۆرغکردنی ئۆپۆزیسیۆنبوون لەسەر خۆیان، بەشدارییکردن لە حکومەت، مەثەلی ئەعلای سیاسەتی کوردیی…تاد) بە شوێنێک گەیشتوون کە مرۆڤ زۆر چاوی قاییم نەبێت لە رووی نەیات بڵێ رۆژێ لە رۆژان، گۆڕان بوومە. ئەو فەشەلە خێرایەی گۆڕان( کەمتر لە دەیەیەک)، چەند پێوەندیی بەوەوە هەیە کە رێکخەری گشتیی (پێشوو)، سەرمایە مەعنەوییەکەی خۆی بۆ مێژوو لە دەستدا کە نەیتوانی قەناعەت بە زۆریینەی حیزبەکەی خۆی و لایەنگرانی بهێنێت کە پارە، سەروەت و سامانی شەخصیی بەلاوە گرینگ نییە و لە پێناوی خەڵکدا دەژیەت و سیاسەت دەکات؟ چەند پێوەندیی بەوەوە هەیە کە متمانەی سیاسیی و دەستپاکیی (بە تایبەتیی لە ئابووریی و مومتەلەکاتی حیزب) بە گۆڕان و بە قیادەکەی، تەواو هەرەسی هێنا؟ ئەوەندەیش زیاتر پێوەندیی بەوەوە هەیە کە نەیتوانی قیادەیەکی عەقڵانیی و واقیعیی کە بەرژەوەندیی خەڵک( نەک خۆیان) لەبەرچاوبگرن.

هاوکات لە سیاسەتیشدا، ئەوەندە کورتیان هێنا کە جیاوازییە سیاسییەکانی گۆڕان لەگەڵ پارتییدا لەچاو خاڵە هاوبەشەکانیان( حیکمەتەکانی کوردایەتیی، ریفراندۆم، دەوڵەتی رەیعیی کوردیی، تەصدیقکردنی جەهەننەمی سەربەخۆیی ئابووریی، رقبوونەوە لە شیعە، لە عەرەب و لە عێراق، هاوسۆزیی لەگەڵ سەرکەوتنەکانی داعش لە موصڵ و لایەنگرییکردن لە سیاسەتە فاشیلەکانی هەرێم لە هەمبەر بەغداددا( بەتایبەتیی لە ساڵانی رابردوودا)، زۆر کەمترن. ئایا قیادەی نن، ئەگەر قیادەیەکن وەکو گرووپ کار دەکەن، روئییەیان هەیە و مۆتیڤی بازرگانیی بەسەر کەسی یەکەمی حیزبدا زاڵ نییە و توانای تەحەداکردنی ئەم هەموو وێرانەیەیان هەیە کە ٨٠ ساڵ لە فەشەلی کوردایەتیی لەسەریەک کەڵەکەبوونە؟ ئەگەریش، هەموویان گوێ بەس لە رێنماییەکانی شعو، دەگرن، ئایا حیزبی زەعیم واحید، قائید واحید و سەرکردەی ئەلجەبارولقەهار، نەک هەر فەشەلی هێناوە، ئایا بەسەرنەچووە؟ لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، ئایا پارتیی و یەکێتیی، دەبێ چەند کەسیان لەناو قیادە گەنجەکانی( نن) دا، زەرع کردبێت؟ چۆن گەرەنتیی ئەوە بە خەڵک دەدرێ کە ئەندام پارلمانەکانی نن، بە فیکر و بە مۆراڵ، بە پرەنسیپ و بە کردەوە، چۆن جیاوازتر دەبن لەوانەی گۆڕان و یەکگرتوو کە زۆریینەیان هێزی یەدەک و زەرعکراوی پارتیی، دەرچوون؟ پارتییش وەکو سووکایەتییکردن بە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک و زەلیلکردنی ئۆپۆزسیۆن، دەیانکاتەوە بە وەزیری دارایی، بە سەرۆکی لیست، بە موستەشاری مەرجەعی قەبییلە و عومدەی ریفراندۆم و…تاد؟

Previous
Next
Kurdish