Skip to Content

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن –  سێیەم- ئەمجەد شاکەلی

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن – سێیەم- ئەمجەد شاکەلی

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2019 General, Opinion

3–

-ئابووری بازاڕ-

جڤاکی باشووری کوردستان وەک هەموو جڤاکێکی ئەم جیهانە، لە کۆمەڵێک چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. جاران، کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، بنگەی ئابووریی کوردستان بوون، تەنێ دوو چینی سەرەکی: ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار(چینی سەرەوە) و وەرزێر و ڕەشایی و کرێکار و ڕەنگە بەشێکی دیکەیشی وەک سوعلووک بۆ زیاد بکرێ(چینی خوارەوە) هەبوون و لەنێوان ئەو دوو چینەشدا، کەموکەیەکیش چینی ناوەند هەبوون.
دوای 14ی تەممووزی 1958 و گۆڕانی ڕێژیم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری و دواتریش بزاڤی چەکداریی کورد و دەسەڵاتی حیزبی بەعس، ئیدی ئەو دابەشبوونە چینایەتییە گۆڕدرا. گوند و ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار و وەرزێر، نەمان. زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تۆبزی و هەندێکیش بە ئارەزوو، ڕوویان کردە شاران و بوون بە “شلەشاری”. ئیدی لەبری بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە دانەوێڵە، میوە، سەوزە، شیرەمەنی، گۆشت، هێلکە، هەندێک پۆشاک و جلک و کاری دەستیی و شتی نێوماڵ، کە تەواوی ئەوانە پێداویستییەکانی خۆیانی دەشتەکی پڕدەکردەوە و شارییەکانیشیان پێیان دەژیان، تەواوی ئەو شلەشارییانە، لە بەرهەمێنەرەوە بوونە بەرخۆر.

ئەوان، لەوەی لە ئاواییدا خاوەنی جێگە و خانوو و ماڵی خۆیان بوون، لە شاردا بوونە کرێنشین. ئەوان لە فرۆشیارەوە بوونە کڕیاری هەموو شتێک. دەبوو ڕیز بگرن بۆ نانکڕین و هێلکە، مامر، ڕۆن، میوە، شیرەمەنی، نەفت، سەوزە، ئارد، ساوەر، دانەوێڵە، گۆشت و هەموو خۆراکێک و تەواوی شتەکانی دیکەش بکڕن. دەبوو لەبری، وڵاخ(هێستر، کەر، ئەسپ و مایین)، ئۆتۆمۆبیل، ماتۆرسایکل و پایسکیل، بەکاربهێنن و سواری تاکسی ببن. دەبوو لەبری خانووی قوڕ و و دار و قامیش و دارسووتاندن بۆ گەرمی و چێشتلێنان، بلۆک و چیمەنتۆ و ئاسن(بۆ زستان سارد و بۆ هاوین گەرم) و نەفت و گاز و کارەبا بەکارببەن، کە تێچوون و خەرجییەکی زیاد بوو بۆیان. دەبوو منداڵیان لە خوێندنگەکانیاندا لەبری جلکی کوردی یا دشداشە، پانتۆڵ و جلکی ئەوروپایی لەبەر بکەن، چون ئیدی شارنشێنن و ئەو جلکە لادێیانە “شەرمهێنەر” بوون بۆیان. دەبوو لەبری مەڕ و بزندۆشین و شیری چێڵ خواردنەوە و پەنیر و ژاژی و کەرێ و ماست و ڕۆن و دۆینە و قەرەخەرمان وجاجم و بەڕە و لباد و تەلیس و هۆڕ و شەڵتە…دنیایەک شتی تری دەسکردی خۆیان، ببنە کڕیاری تەواوی ئەوانە لە بازاڕدا.

دەبوو لەبری خوری و بەرگن و موو و پەڕ و گۆرەوی و پووزەوانە و دەستەوانە و کڵاو و فەرەنجی و کەڕەک و کڵاش، ئیدی وەدووی کەوشی ئیتالی و تورکی و شتی پلاستیکی و تەتکەولەرزانەدا غار بدەن. دەبوو لەبری دروستکردنی ترشی و ترخێنە و ساوەر و قەرەخەرمانی خۆماڵی، هاوردەی تورکیا بکڕن و لەبری بەستووقە و دەفری گڵینی جوان و خاوێنی کەرکووک و خورماتوو، پەقرەجە نایلۆن و پلاستێکی ژاراویی ئێران و تورکیا بەکار ببەن. ئیدی دەیان دەبووی دیکەی لەو جۆرە..
بەهۆی لەنێوچوون و تێکشکانی ئاواییەوە، کە بنگەی ئابووری کوردستان بوو و بەهۆی شێواندنی چەمکی ئاوایینشینییەوە، ژینگەی وڵات گۆڕا. بیرکردنەوە و جیهانبینیی مرۆڤی باشووری کوردستان، لە مرۆڤێکەوە، کە خۆی پشتوپەنای خۆی و بەخێوکەری خۆی و وەدەستهێنەری بژێوی خۆی بوو، گۆڕا بۆ مرۆڤێکی چاولەدەست خەڵک بوو و مشەخۆری چاولەدووی مووچە و کۆمەکی دەوڵەت و خۆراکی پاکەت و قوتووخۆر و چاولەڕێی شتی ئامادەکراو.

لە وەها بارێکدا، چینێکی مشەخۆری هەلپەرستی ناوەند(بۆرژوازی) لە شاردا لەسەر حیسابی زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان، لەسەر حیسابی گوندی و وەرزێران، لەسەر حیسابی ڕووخان و دادەپینی گیانی هەرەوەزی وەرزێر و ڕەشایی و لادێیی، هەلی قۆستەوە و بە هەموو جۆر و ڕێگەیەک، نایاسایی و تەنانەت بێڕەوشتانەیش، گەشەی کرد و بۆ سەرەوە هەڵکشا و دەستی بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت. ئەم چینە، چینی ناوەند بوو، کە چینێکە لەنێوان”سەرمایەدار و چینی باڵا” و “کارگەر و ڕەشایی و سوعلووک”اندا. چینی ناوەند، کە چینی بۆرژوازیشی پێ دەگوترێ، بۆ خۆی یەک پێکهاتە نییە، بەڵکە چینی ناوەندی باڵا(بۆرژوازی گەورە) و چینی ناوەندی ناوەند (بۆرژوازی ناوەند) و چینی ناوەندی خوارێ(بۆرژوازی بچووک یا وردەبۆرژوازی)، ئەمەی دواییان لە کارگەر و نەدار و وەرزێرانەوە نزیکە، لێ سروشتێکی هەلپەرستانەی هەیە و وەدووی خوانی چەور و پووڵی مفتدا دەگەڕێ و مشەخۆر و بێ بەڵێن و بێ ئاوڕووە، ئەو دووانەی سەرێش، لە سەرمایەدار و موڵکدارانەوە نزیکن و دەزانن چۆن قۆڵ ببرن.

ئەم چینی ناوەندە ئابوورییەکی تێکشکاوی پووچەڵی خزمەتگوزاری (services) و بەرخۆریی لە کوردستاندا بەرهەمهێنا، کە جۆرە ئابوورییەکە، چ سامانێکی ماددی، چ بەرهەمێک، بە وەڵات نابەخشێ و ئەوەی دەیهێنێتە دەست، سامان نییە، چون خزمەتگوزاری لە بنەمادا، وەک نۆکەر و پاشکۆ (subservient)ی بەرهەمهێنانی کاڵا هاتووەتە گۆڕێ و لە خزمەتی سەرمایە و سەرمایەداریدایە. ئەو ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری و کەڵەکەکردنی فرەتری سامانی سەرمایەداران دەکات. خزمەتگوزاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی کاڵا و بەرهەمەکانی سەرمایەدارییە، ئەو، کاڵا فرۆشراوەکانی وەک ئۆتۆمۆبیل، جلشۆری، ماشینە ئەلەکتریکی و ئەلیکترۆنییەکان خاس دەکاتەوە و دەپارێزی، خانووبەرە و تەلار و باڵەخانە بەکرێ دەدا، ئۆتۆمۆبیل و ماشینی دیکە بەکرێ دەدا، بیمە و پارێزەری و کۆمەکی قانوونی دابین دەکات، بە ماشین ئۆتۆمۆبیل دەشۆرێ، ژمێریاری بۆ خاوەن کۆمپانیا و فرۆشگە و شوێنی دیکە دەکات، ڕاوێژکاری قانوونی و خزمەتی دارایی و خزمەتی هەناردن و هاوردن و خزمەتی گەشتوگوزار، خزمەتی هوتێل و سینەما و یانە و جێگەی کار دەکات، ماڵ و ئۆفیس و پەنجەرە و بنمیچ و دووکەڵکێش و مێز و ئاودەستخانە و حەمام و زۆری دیکەش خاوێن دەکاتەوە، ئاهەنگ و زەماوەند و تازیەباری و ئەو بەزمانە ساز دەکات و هۆڵ و جێگە بۆ گێڕانی ئەو بەزمانە بە کرێ دەدا، ڕێکلام و بانگەشەی هەموو جۆرە کاڵایەک تەنانەت ئەگەر کاڵاگەلێکی زیانبەخشیش بن بۆ جڤاک و تاکی مرۆڤیش دەکات، بانگەشەی ئایین و دژەئایینیش لەیەک کاتدا دەکات، تەنانەت نووسینی سیڤیش بۆ ئەوانەی وەدووی کاردا دەگەڕێن، ئیدی هەر جۆرە کارێک بێت، ئەوەش دەکات و هەموو ئەوانە و زۆری تریش دەکات.
خزمەتگوزاری بەرهەم نییە، واتە: بەرهەمێکی ماددی نییە، کە بەهایەکی بەکارهێنانی هەبێت. مارکس، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە کار بە تەنیا، تاکە سەرچاوەی سامانی ماددی نییە، هەر شتێک بەهای بەکارهێنانی هەبێت، کار باوکیەتی و زەویش دایکی. ئەو دەیگوت: کار و زەوی (یا سروشت) و نەیدەگوت خزمەتگوزاری، چون ئەو بێ دایکە.

کە دەڤەری نەفڕین لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواوە بۆ بەشێک لە باشووری کوردستان پەسەند کرا، ئیدی هێزە سیاسییەکانی کورد لە 1991دا، لە کەژوکێوان هاتنە خوارێ و شۆڕبوونەوە نێو باژێڕان و بوون بە سەرداری ئەو دەڤەرە. ئەوان دەستیان بەسەر وەڵاتێکدا گرت، کە ڕێژیمی بەعس تەواوی ژێرخانی ئابووری تێکشکاندبوو و وەڵاتێکی بەدگۆڕاوی لێ چێکردبوو. بەعس، بنەما و بنگەی ئابووریی باشووری کوردستانی لە ئابوورییەکی دامەزراو لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوایی خۆبەخێوکەر و بەرهەمهێنەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، کاری دەستیی و بەرهەمهێنانی هەندێ کاڵای وەک پۆشاک و کەوش و کڵاش و کاری دار و تەختە و شیرەمەنی، کارگەی وردەبەرهەمهێنەری کاڵای ناوماڵ و زۆری دیکە، کە سەرچاوەی تەواوی ئەوانە ئاوایی و خاک و ئاو و ئاژەڵ و وەرزێر وکارگەر بوون، گۆڕیبوو بۆ وێرانەیەک، کە تێیدا نە ئاوایی و نەخاک و نەئاو و نەئاژەڵ و نەوەرزێر و نەکارگەری، هێشتبوو، هەمووی سڕیبووە. خاک و ئاوایی، وێران کرابوون و سووتێنرابوون و ڕووخێنرابوون، ئاو، ژاراو کرابوو، ئاژەڵ، لەگەڵ کاولکردنی گونددا، نەمان و ئاژەڵداران، ناچارکرابوون بە فرۆشتنیان و لەبەینبردنیان و وەرزێر و کارگەریی لادێییش، ناچاری بارکردن و ڕاگوێزتن کرابوون بۆ شاران یا بۆ ئۆردووگە زۆرەملێیەکان. حیزبە کوردییەکان، بەسەر ئەو ڕەوشەدا هاتنە سەر کار.

پاش دامەزراندنی پەرلەمان و حوکوومەت، دەسەڵاتە کوردستانییەکە، لەبری تێکدان و سڕینەوەی تەواوی شوێنەواری بەعس و کردە و نەخشە و بەرنامە و ئەنجامی کارەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر جڤاکی کوردستان، بەوەی گوندەکان چێبکەنەوە و کۆمەک بە وەرزێرەکان و لادێییانی پەڕیوەی شاران بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ ئاواییەکانیان و بۆ نێو خانووە قوڕەکانیان، کە خاوێنترین ژینگە بوون و لەبری ڕووخاندنی تەواوی ئۆردووگە زۆرەملێیەکان و لەبری ئەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەنە بنەمای ئابووری وەڵات، ئەوان، ئابوورێیەکی بێ بەرنامە و بێ نەخشە و پاشکۆی هەر چوار دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستانیان هێنایە گۆڕێ. ئابووری خزمەتگوزار(Service economy) وەک لە ئەدەبی بۆرژوازیدا پێی دەگوترێ، ئابووری بەرخۆر نەک ئابووری بەرهەمهێنەریان چێکرد. ئابوورییەکیان پیادەکرد، لە هیچ نەدەچوو و نموونەی لە جیهاندا نەبوو.

زۆرینەی سەران و بەرپرسانی حیزب، ئەوانەی لە چیا، خۆیان بە مامۆستای شۆڕشگێڕی و جەنگاوەری دەزانی و گەلێ جاران لەسەر سۆسیالیزم و مارکسیزم و ماویزم و زۆرێکی دیکە لەو ئیزمانە، ڕایان لە کەس نەبوو و خۆیان بە ڕاستینەی ئەو هەموو ئیزمانە دەزانی، لە ساڵانێکی کەمدا، لەگەڵ چینە بۆرژوازییە هەلپەرستەکەی نێو شار، دەستیان تێکەڵ کرد و دەستیان بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت و بۆ خۆیان، دەمامک و جلکی شۆڕش و جەنگ و مامۆستایی و سۆسیالیستییان تووڕدا و گیرفانەکانیان بەرین بەرین کردەوە و سەرتاپای لەش و جلکیان بوونە شەڵتە و خورج و هۆڕ و هەرچی کونوقوژبنێکیان لەو دنیایە شک دەبرد، پڕیانکرد لە پارەوپووڵ. پارەیان بە ژوور و هۆدەی پڕاوپڕ، بە لۆری، بە میلیۆن و بیلیۆن دۆلار دەژمارد و شانازییان بە بوونی میلیۆنێر و بیلیۆنێرانی کوردستانەوە دەکرد. زەوییان داگیرکرد. خانوو و تەلار و کۆشک و باخیان، دروستکرد. کۆمپانیایان بە میلیۆنان دۆلار پێکەوەنا. بۆ سڕینەوەی بازاڕی کۆنی جاران و فرۆشگەی گچکە و کاری دەستی و خۆماڵی، ئەمان مۆڵی زل و زەلام، نەک دانەیەک دەیانیان قوتکردەوە، کە یەک شتی خۆماڵیی تێدا نییە و سەرلەبەری هاوردەیە. ژن و زارۆکیان، هەموو کرانە مووچەخۆر و هەموو تایبەتمەندییەکیان بۆ دابین کران. سەدان پاسەوانیان وەدووی خۆ خست.

ئەوان بۆ خۆیان بەکون فەیەکوون”کن فیکون”ێک، لە چەکدار و شۆڕشگێڕ و جەنگاوەر و سۆسیالیستەوە، کە لەڕاستیدا هیچ یەکێک لەوانە نەبوون و تەنێ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بوون بە سەرمایەدار و هاوپشکی سەرمایەدار. بەو جۆرە چینێکی مشەخۆری مرۆڤخۆری پێکهاتوو لە: سەران و بەرپرسی حیزب و دەسەڵاتداران+ چینی نێوەندی بۆرژوازی، چینێکی نوێیان پێکهێنا، کە ڕەنگە ئەگەر ڕەوانشاد کارڵ مارکس، ئێستا لە ژیاندا بووایە، نەیتوانیایە ناوێکی لێ بنێ. ئەم چینە نوێیە بوو بە خودانی ئەو ئابوورییە مشەخۆرە، کە تا هەنووکە شیرازەی جڤاکی کوردستانی شڕ کردووە و هەڵوەشاندووەتەوە و هەرچی ڕایەڵە و پێوەندە کۆمەڵاتەییەکان و یادەوەرییە مێژووییەکان و فەرهەنگە ساکار و باو و ڕەسەنە گوندییەکانە، هەمووی لوولداوە و بەرەبەرە دەیانخاتە چاڵی فەرامۆشییەوە. هاتنەگۆڕێ و سەرهەڵدانی وەها چینێکی نوێ، لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتەیە، لە هیچ هەژمار و لێکدانەوەیەکدا بە بیری هیچ کەسێکدا نەدەهات.

ئەو چینە نوێیە تێکەڵەیەی دەسەڵاتداران و بۆرژوازییە ناوەندەکان، بە هەردوویانەوە، کە ئیدی دەشێ وەک سەرمایەدار سەیر بکرێن، هەموو ئاوەز و چالاکی و زانیاری خۆیان خستە بواری خزمەتگوزارییەوە نەک بەرهەمهێنان. وەک ئاشکراشە، هەموو زیادەکردنێک لە بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاریدا، زیادەکردنیشە بۆ تێچوونی ئەو کاڵانەی بەرهەمدەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕ. بە تێچوونی سامانێک بۆ تەنێ خزمەتگوزارییەک، کە چ پێوەندێکی بە بەهای بەکارهێنانەوە نییە، باری سەرشانی کاڵاکان و کڕیار و بەکارهێنەرانیان گران دەکات. کاتێک کەسێک کاڵایەک لە بازاڕ دەکڕێت، دەبێ تێچووی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی، وەک: پێچانەوە، پڕکردن، گوازتنەوە، پارەی باج و بانک و گومرک و گەنجینە، هەڵگرتن و دابەشکردن، کە ئەو کاڵایە تەواوی ئەوانەی لەنێو خۆدا هەڵگرتووە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆی هەبێت، دەبێ بیدات. ئەمە ئەو سیستمە ئابوورییە نوێیەیە، کە ئابووری بۆرژوازی، مژدەدەرێتی و هەردەمە بە ناوێکەوە، دەمێک وەک ئابووری بازاڕ و دەمیک وەک ئابووری زانیاری و دەمێکیش وەک ئابووری ئازاد. دەردەکەوێ.

دەسەڵات و بۆرژوازییانی کوردستان(واتە: چینە مشەخۆرە نوێیەکە)، وەها ئابوورییەکیان بۆ کوردستان کردە دیاری. ئەوان، مۆبایل، کاڵای ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمۆبیل، جلکی مۆدەی ئەوروپایی، خۆراکی لە قوتووکراوی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە، هوتێل، گازینۆ، قومارخانە، مەیخانە، مەساجخانە، نۆکەر و کارگەری بیانی، ژنی فلیپپینی و ئەسیووپیایی و تایلاندی، هەزاران باڵەخانە و تەلارخانەی بیست و سی نهۆمی، سەدان کەناڵی تەلیڤزیۆنی بێ کەڵک و وێرانکەری جڤاک، سەدان دەسگە و پەخشخانەی پەخش و بڵاوکردنەوەی بێبایەخ، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها، کە تەنێ چینە دەوڵەمەندە باڵاکە سوودمەندە لێی، خوێندنگە و زانستگەی تایبەت، کە بۆ منداڵە تەنبەڵ و تێڕە و تەوەزەلەکانی خێزانە دەوڵەمەندەکانە، هەزاران چێشتخانە، نێرگەلەخانە و بازاڕی جگەرەی قاچاخ، کە نموونەیان لە هیچ وەڵاتێکی جیهاندا، بێجگە لە کوردستان نابینییەوە و سەدان شتی بێبایەخ و ناپێویستی دیکەیان بۆ خەڵکی کوردستان، کردنە دیاری، کە تەنێ سوودیان بۆ گیرفانی خۆیان و زیانیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە و هەیە.
ئەو ئابووریی بازاڕە، ئازادە، زانیارییە، کە ئەو چینە نوێیە کردیانە پۆشاکی جڤاکی کوردستان، بەو هەموو ڕەنگ و ناوە جوداکانییەوە، لەسەر یەک پایە و بنگە و ڕێباز ڕاوەستاوە، ئەویش هێشتنەوەی پتر لە نیوەی هێزی کارە، هێزی کارگەر و جووتیار و وەرزێر، هێزی بەرهەمهێنەر، بە بێکاری. چون ئەو هێزی کارە پڕتوانست و پڕهێز و وزە و هیوا و ئامانجە، لە لایەن چینە باڵادەستەکەوە(بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات و چینە ناوەندەکەوە) بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنران، ئەوان کران بە، پاسەوان، شوان، گاوان، باخەوان، قەلەوان، چایدانەر، چێشتلێنەر، سەگەوان، ئاژۆر، دەرگەوان، پۆلیس و دەیان کاری بێکەڵکی بێنرخی دیکە، لە ماڵ و جێی کار و شوێنی ڕابواردنی ئەو چینە باڵادەستە. ئەوەی، چینە باڵادەستەکە، بەناوی کارەوە، بۆ هێزی کار دەیژمێرێت، تەنێ پاراستنی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیانە و کەڵەکەکردنی پتری سەرمایەیە و بێجگە لە بێکاری بۆ چینە هەژارەکەش، هیچی دیکە نییە. ئەو هێزی کارە، سەرگەرمی شتێک دەکرێ، کە بێ بەرهەم و وزەفەوتێن و سستکردن و مراندنی توانست و ئومێدەکانە. بێکارییەکە، بەرهەمهێنەری هیچ بەهایەک نییە، کە بشێ بگۆڕدرێتەوە و سوودێک بە جڤاکی کوردستان و مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوەش ڕێک پەکخستن و زیانپێگەیاندنی بەرهەمهێنەرە ڕاستینەکانە (کارگەران و وەرزێران).

گرنگیدان بە خزمەتگوزاری و بانگەشەی ئەوەی، کە مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستی بە خوێندن و بارهێنان و فەرهەنگ و مۆسیقا و وەرزش و مۆبایل و تەلیڤزیۆن و ئۆتۆمبیل و خۆراکی قوتوو و مۆدەی پۆشاکی ئەوروپایی و نێرگەلە و شامپۆ و دارودەرمانی ڕوومەت و پرچ و ئارایشتگە و دیکۆر و نەخش و نیگاری بیانی نەگونجاو و مۆبیلە و…سەدان پۆخڵەواتی دیکەی جڤاکی بۆرژوازی، هێندەی پێویستی بە کەوش وکراس و جلک و نان و ئاو و گەرمی و ساردی و ئەو شتانە نییە، تێزێکە چینە باڵا بۆرژوازییە سەرمایەدارە حیزبییەکەی کوردستان وەک هەموو چینە ناوەندەکان و سەرمایەداران و سۆسیالدیموکراتەکان لە جیهاندا، پەرەی پێدەدەن و پشتی دەگرن.
چینی نێوەند، چینێکی مشەخۆرە و مارکس بە چینی بۆرجوازی بچووک یا وردەبۆرژوا(Petty Bourgeoisie)ناوی دەبات. ئەو چینە، هەرگیز ناتوانێت وەک هێزیکی بەرهەمهێنەر لە جڤاکە نوێیەکاندا، پێگەی سەروەری وەدەستبهێنێت و بۆ وەها ئەرکێک سست و بێ وزەیە. چینی نێوەند، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئامرازێکی بەرهەمهێنان نییە، کە بتوانێت هەموو پێویستییە بنەڕەتییەکانی جڤاک دابین بکات، بۆیە ناتوانێت سیستمێکی جڤاکیی سەقامگیر و چەسپاو دابمەزرێنێت. ئەم چینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە خودانی زانیارییە، بۆیە ئاڵای”ئابووری زانیاری” هەڵدەکات، لێ زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە. زانیاری، لە کۆمەكکردن بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زیاتر، تێناپەڕێت، مرۆڤ هەر لەمێژە بەبێ زانیاری نەیتوانیوە ساکارترین ئامێرەکانی بەرهەمهێنان بەکاربهێنێت. دیارە ئەو زانیارییانەی پێویست بوونە بۆ دروستکردنی چەرخ لەو زانیارییانەی، کە ئەمڕۆ پێویستن بۆ دروستکردنی مووشەک یا بۆمبی ئەتۆم، پێشکەوتووتر و باڵاتر بوونە. زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە و تایبەتیش نییە بە دابەشکردنی کار، تا چینێکی جڤاکی پسپۆر لە بەرهەمهێنانی زانیاریدا چێ ببێت. پێوەندی دیالیکتیکی کارگەر بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، ئەو پزدانەیە، کە هەموو زانیارییە جیاوازەکانی تێدا دەئافرێن، چون چینی ناوەند بێجگە لە خزمەتگوزاری هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت. ئەو چینە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نییە تا بتوانێت سامانی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت.
بەم ئابوورییە خزمەتگوزارییە مشەخۆرە، وابەستەیەی داهاتی نەفت و هاوردەی هەموو شتێک، لە تەماتە و هێلکە و ساوەر و هەزاران پێویستی دیکەوە لە هەندەرانەوە، بەم ئابوورییە، کە تەلار و باڵەخانە بۆ حەلحەلەی ئاسمان بەرزدەکاتەوە، بەم ئابوورییە، کە شانازی بە زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمۆبیل و کۆمپیووتەر و مۆبایلەوە دەکات، بەم ئابوورییەوە، کە هەژار هەژارتر دەکات و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر و بە…بە…بە و هەزاران بەی دیکە، هەرگیز کوردستان ناگاتە جێگەیەک و تا دێت پتر دادەتەپێ. چارەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵییە وەک بنگە و بیناکردنی پێشەسازییەکە لەسەر ئەو بنگەیە. ئابوورییەک دەوڵەت، دەوڵەتی خەڵک و مرۆڤە ئاسایی و هەژارەکانی کوردستان، بەڕێوەی ببات. ئابوورییەک هێزی کار تێیدا نۆرەی خۆی ببینێ و بەرهەمهێنەر و وزەبەخش بێت و دواڕۆژ دروست بکات. ئابوورییەک ئەگەر سەدلەسەدیش سۆسیالیستی نەبێت، ڕێژە زۆرەکەی سۆسیالیستی بێت. ئابوورییەک دەستی بەرپرس و حیزب و دەسەڵاتدار و ئەو چینە ناوەندە، کورت بکاتەوە و لە دواییدا بیبڕێ، ئابوورییەک بەها بۆ مرۆڤەکانی خوارێی پلەکانی جڤاک بگێڕێتەوە، نەک هێندەی دی لە قوڕیان بگرێ.
قانیعی شاعیر(1898 – 1965)، لە شیعرێکیدا بە ناوی”پێنج خشتەکی لەسەر شیعری موفتی پێنجوێنی” دەڵێ:
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لە شیعرێکی دیکەیشیدا بە ناوی “بۆ چییە؟” دەڵێ:
تا کڵاشی بەنچنی ژێرمەحکەمی خۆم دەسبدا
قۆندەرەی تەسک و تروسک و لار و خوارم بۆچییە؟
تا سەبیلی زەرد و سووری فیتکەدووری خۆم ببێ
فڵتەفڵتی نێرگەلە و تۆپی سیغارم بۆچییە؟
شەربەتی هەرمێ لەت و دۆشاوی شۆکەم دەسکەوێ
ئارەق و تریاکی هەروەک ژەهرەمارم بۆچییە؟
نەی کە شومشاڵە عەزیزم، سەد گرامافۆن ئەژی
سۆزی شومشاڵم ببێ من عوود و تارم بۆچییە؟
ڕانک و چۆخەم دەسکەوێ، چیمە لە فاسۆن و حەریر؟
جاوی خۆماڵیم ببێ چیتی توجارم بۆچییە؟
(بانی خێڵان) ئاوەدان بێ بۆ قەڵەم بۆ کوردەکان
تازە ئیتر ئووچی پیسی بەدنیگارم بۆچییە؟
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن ئێڵاخی خۆم
ئاوی سوێر و دڕکەزەردەی گەرمەسارم بۆچییە؟
حەفتا ساڵێک پێش ئەمڕۆ، قانیعی شاعیر، ئەوەی گوتووە، ئەو قسانە بۆ ئێستاش کۆن نین و کاتیان بەسەر نەچووە. ئێستاش کۆمەڵی کوردستان پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ خۆ، بە دۆزینەوەی خۆ، بە لەسەرپێی خۆ ڕاوەستان. کۆمەل و نەتەوە و گەل و خەڵک و وەڵاتی پاشکۆ و تەوەزەل و بێبەرهەم و خۆهەڵواس و چاولەدەست و چاولەدووی کۆمەک و خێری ئەم و ئەو و بەرخۆر، هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئامانج و هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە.

22 – 01 – 2019

Previous
Next
Kurdish