Skip to Content

194 Views

پرسی شۆڕش – 3 – … کاوە جەلال

پرسی شۆڕش – 3 – … کاوە جەلال

Be First!
by January 26, 2019 General, Opinion, Slider
image_print


بەشی سێیەم

1

پەیوەند بە پرسی شۆڕشەوە ئەو پرسیارە کرۆکییە زیت دەبێتەوە، کە داخۆ چۆن تاکەکەس لە شێوەی ڕەفتار و هزرینی سوننیگەرا “دەر-بچێت”، ئاخر بەبێ خۆدنەفیکردن، واتا وەک پێشتر گۆتمان، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییەکەی خۆ و بنیاتنانەوەی کەسێتییەکی نوێ، کەسێتیی شۆڕشگێڕ چێنابێت. (ئەمە پرسیارێکە کە گەرەکە بناغەی بڕێژرێت و لە بەشەکانی دیکەدا بە وردی ڕووی تێدەکەین).
سەرەتا گەرەکە پەیوەند بە شۆڕشەوە ببێژین، کە ناشێت یەک پێناسەی ئیدیۆلۆژییانە بۆ شۆڕش زیتبکرێتەوە و بسەپێنرێت، واتا دەشێت شۆڕش بە شێوەی جیا بگێڕرێت. بۆ نموونە شۆڕش هەیە لەژێرەوە، وەک شۆڕشی فەڕەنسی و ڕوسی کە لەژێرەوە بە ڕاپەڕینی خوێناوی دەسەڵاتی دێرینیان ڕووخاند؛ یان شۆڕش هەیە لە سەرەوە، وەک لە ژاپۆن کە ئەو وڵاتەی بە ئیجرای سیاسی ڕووەو سەرمایەگەری (کەپیتالیزم) پەڕاندەوە؛ لێ لە سەردەمی هەنووکەدا هاوکات دەشێت شۆڕش کرداری ئازادیخوازانەی بەرپاکراو بێت لەدژی کەسێتیی سۆسیۆکولتووریی خۆ، لێرەشدا بەبێ ئەوەی مرۆڤ بپەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سۆسیال و لەتەک هاوهزرانیدا خەبات بۆ گۆڕانی یان هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی بکات. بێگومان دەشێت ئەم جۆرەی شۆڕشگێڕێتی لە ڕووی ئێتیکەوە (ئەخلاقناسییەوە) شایانی سەرزەنشتکردن بێت، چونکە کەس بەبێ وەرگرتنی بەرپرسیاریی سۆسیال ژیانی خۆی بە ئازادی بەڕێوەدەبات، لێ بەڕێوەبردنەکە سەرەڕای ئەوە هێشتا هەر شۆڕشگێڕانەیە، چونکە لە شێوە هزرین و ڕەفتاری سووننیی دەر-چووە. جگە لەوە ڕێنیسانسێکی زەردەشتایەتیش گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانەیە، چونکە مرۆ ڕەخنەییانە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە سوننییەکەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەو ڕەوتەشدا هێدی هێدی هەڵیدەوەشێنێتەوە و “خۆی بکەرییانە” دەکات بە کەسێتییەکی دی کە لە ناخییەوە جەخت لە بڕیاری ئازادی خۆیی دەکات. ئاخر ئەوە کەسێتییەکە کە چیدی لەخواترس نییە، بەڵکو خودای خۆی خۆش دەوێت، هەروەها وەک زەردەشتی، واتە وەک ناسێنەری سروشت، لە کەسێتییەکی سوننیانەی وێرانکەری سروشتەوە بووە بە کەسێتییەکی ژینگەپارێز.

لێ ئێمە گەرەکە سەرباری ئەم شێوە جیاوازانەی شۆڕش وردتر مۆرکە کرۆکییەکانی دیاربهێنین. شۆڕش لە پەیوەندییە داکەوتییەکانی ئەو دەڤەرە جیانابێتەوە کە شۆڕشی لێ دەگێڕرێت، جگە لەوە شۆڕش هەردەم گۆڕانکارییە ڕووەو ئایندە. لەم ڕوانگەیەوە ناشێت بزاوتە پاشڤەرووەکان شۆڕش بن، بۆ نموونە ناشێت بزاوتە جیهادییەکان ناوبنرێن شۆڕشی ئیسلامی، چونکە کەسانی نێو ئەم جۆرە بزاوتانە خۆیان سەرەتا وەک مرۆڤ بە تەنگژە ئەخلاقییەکانی سەردەم بارگاوی بوون، لێ لەبەر ئەوەی کوڕان و کچانی باب و باپیرانیانن، کەواتە لەبەر ئەوەی هەیەپارێزن، ئەوا ناوێرن خۆیان ڕەخنەییانە بەو تەنگژانەوە خەریک بکەن، بەڵکو وەک کەسێتیی ترساو هانا بۆ ڕابوردوو دەبەن، واتا پەرچەکردار (ڕێئەکسیۆن = ڕەجعە) دەنوێنن. ئەوان بەم هەنگاوە پاشڤەرووەیان ڕووەو سەردەمانی دێرین و بنەما ئاینییە چواندووەکانی ئەو سەردەمانە دەگەڕێنەوە و وەک نموونەی باڵا دایاندەنێن، ئەوەش بۆ خاتری ڕزگارکردنی سەردەمی هەنووکە لە تەنگژەکانی. هەروەها ڕاپەڕینی ئێرانییەکان لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لەدژی دەسەڵاتی شاهەنشاهی شۆڕش نییە، چونکە لە سەرەتاوە وەک ڕاپەڕین لایەنێکی بەهێزی ئاینی لە خۆ گرتبوو، جگە لەوە نەدەشیا ڕێکخراوە بەناو چەپەکانی نێوی بەهۆی ئەدگاری ئیسلامییانەی (واتا سۆسیالیزەکراویی شیعی یان سوننییانەی) خەباتگێڕانیانەوە شۆڕشگێڕ بن. ئەوە لە بنەڕەتدا یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بۆچی ڕاپەڕینی گەلانی ئەو وڵاتە لە ئاکامدا بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تیۆکراتی دامرکایەوە. هەروەها ناشێت ڕاپەڕینی چەکداری و یاخیبوونە کوردییەکان شۆڕش بن، بۆ نموونە بزاوتە چەکدارییەکەی 1961 یان دەستپێکردنەوەی زۆرانی چەکداری دوای ئاشبەتاڵ ی 1975 لای کوردەکانی ئێراق، یان شەڕی چەکدارییانەی هێزە سیاسییەکانی کوردانی ئێران (ح.د.ک و کۆمەڵە و شێخ عیزەدینی حوسەینی) دوای ڕووخانی شا لەو وڵاتە. ئەم بزاوتە ناوبراوە کوردییانە لە ئێراق و ئێران هێشتا قەرزبارن بە ساغکردنەوەی ئەو پرسە کە داخۆ ئەوان بزاوتی “ڕزگاریخوازی ی ناسیۆنالیستی” بن یان بریتی بن لە “یاخیبوونی چەکداری بە ئامانجی بەشداریکردنی سیاسیی کوردان لە دەسەڵاتی مەرکەزیی دەوڵەتدا”. لەم ڕوانگەیەوە دەستەواژەی “شۆڕشە کوردییەکان” هیچی دیکە نییە جگە لە ڕەوانبێژی.

2

واژەی کوردستان لە بنەڕەتدا دوو واتاییە: کوردستان لە لایەک وەک تێگە بریتییە لە “پرۆژە”، کەواتە بەدیهاتوویەکی ئایندەییە. لەم ڕوانگەیەوە ئەرەبەکان ڕاست دەبێژن کاتێک ئەوان لە “ئەلخەتەر ئەلکوردی” دەدوێن؛ واتا کورد پڕمەترسییە بۆ سەرجەم قەوارە دەوڵەتییەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین. نەشیاوە نکۆڵی لەم ڕاستییە بکرێت. لێ کوردستان لە لایەکی دی ڕێزمانیانە واتای “خاک” ی “کورد” دەگەیەنێت و هەر وەک ئەم خاکەیە کە زۆرینەی کوردانی سوێندخۆر سوێندی پێ دەخۆن، یان بەبێ ئاسۆ لەسەری دەژین و بەزۆریی وێرانی دەکەن.
ئەمڕۆ ناسیۆنالیزم، کە دەشێت دێمۆکراتیگەرا بێت بە ڕاگەیاندنی بنەمای دەسەڵاتی پەرلەمانی لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی یان فرەنەتەوەییدا، چیدی ناشێت بە میللییبوون بانگەشەی بۆ بکرێت و هەستەکییانە پیادە بکرێت. میللیبوون و هەستەکێتی لە پرسی نەتەوەییدا دەشێت زۆر بەلاوەکی، بۆ نموونە لە هۆزان و سرووددا، بەپیت بکرێن. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ئاڕاستەی نەتەوەچێتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاشکرایە دەمێکە سەردەمی نەتەوەچێتیی کوردی بەسەرچووە، واتا سەردەمی نەتەوەخوازی بە حیکایەت، بە هۆزان، بە کردنی ئەندێشەییانەی ئەم یان ئەو گرووپی ئێتنی (بۆ نموونە لوڕ) بە کورد، یان حیکایەتی سنووری کوردستان و هتد. بە کورتی، کوردایەتی لە شێوەی حیکایەتخوانیی شەوچەرەی زستاندا بەسەرچووە. “کوردایەتیی هۆزانی” لە بنەڕەتدا تەنیا پەیوەندییە خێڵەکی و خانەوادەییەکانی کوردانی بەرهەمهێنایەوە، ئەمەش ڕووداوێکە کە لە هەناوی دووڕوو و مشەخۆری شێخایەتیی تەریقەتەوە سەریهەڵداوە. ڕوونتر ببێژین: بەچکە شێخەکانی کوردایەتی دووڕوویی و خۆحەشاردان و دەروونی مشەخۆری باب و باپیرانی خۆیان لە سیاسەتدا پەیڕەو کرد، واتا چۆن باب و باپیرانیان گەورەترین دوژمنی هەر ئابوریگەرییەکی پشت بە خۆ بەستوو بوون، بۆ نموونە کاری سەپان لای ئاغا لە پێناوی مسۆگەرکردنی بژێویی خێزاندا، یان کرێکاری، مامۆستایەتی، قۆنتەراتچێتی، دوکانداری و هتد.، کەواتە چۆن باب و باپیرانیان کەمترین عیززەتی نەفسیان نەبوو بۆ ئەوەی بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین، بەڵکو ساختەچییانە بە دوعانووسین و جادووگەری و هتد گیرفانی خەڵکی “ئۆمی”یان بە مایەی داهاتی خۆیان دادەنا، بە هەمان شێوە لە 1961 بەدوواوە ئەم بەدڕەفتارییەی شێخایەتیی تەریقەت بە تەواوی لە بزاوتی کوردایەتیی هۆزانیدا پیادە کرا: بەچکە شێخەکان کە هاتبوونە مەیدانی سیاسەتەوە و دەسەڵاتیان هەبوو، هاوشێوەی باب و باپیرانیان وەک دوژمنی خوێنەخۆی پشتبەخۆبەستن چالاک بوون، ئەوجا وەک بەچکە شێخ لەم یان لەو دەوڵەت (ئێران، ئەمەریکا، تورکیا، سوریا، لیبیا و هتد) سواڵی پارەیان دەکرد و هاوکات سواڵکەرێتیی خۆیان وەک کوردایەتی بە گەل دەفرۆشتەوە. ئەوجا ئەم دەروونە سواڵکەرەی بەچکە شێخەکان سەرجەمی ئەو سیاسەتکارانەی بارگاوی کرد کە هاتبوونە نێو خەباتی کوردایەتییەوە، بەڵێ تەنانەت “کۆمەڵە” نامەی بۆ دەوڵەمەندانی شار دەنارد پارەی بدەنێ، لێ لەبەر ئەوەی داهاتەکە مفت بوو و ڕەنجی پێوە نەدرا بوو، ئەوا زۆرینەی هەرە زۆری دەچووە گیرفانی مەسئولەکانەوە.

هەقیقەتێکی دیکەی ئەم ڕووداوەی “کوردایەتیی هۆزانی” ئەوەیە کە ڕەفتاری سوننەگەرای نەتەوەچییان، بەڵێ تەنانەت ڕەفتاری ناسیۆنالیستانی سوننەگەرا، ڕێیان بۆ سەرکەوتنێکی بەو چەشنەی خانەوادەکان خۆش کرد. ئاخر ئەوان بۆ نموونە بە هەستی هۆزانڤانی، هەروەها بە میللیبوون و ڕەفتاری خێڵەکییانەی خۆیان و هتد، هاتبوونە نێوەندی سیاستکردنەوە، لێرەشدا بە لایانەوە ئاسایی و تەنانەت مایەی شەرەف بوو کە شوێن ئەم یان ئەو کوڕە شێخ یان کەسی ناوداری خێڵەکی بکەون، کە ئیدی سەرەنجام زۆرینەیان لای ئەم یان ئەو بەرپرسی خێڵەکی و خانەوادەگەرا گیرسایەوە – وەک پەرلەمانتار یان میدیاکار، وەک شایەر یان ڕستە سازێنەری لەخشتەبەر و هتد. لەنێو ئەم لیستەدا دەیان و بگرە سەدان ناوی هەڵگری دکتۆرا هەیە! بەمەش دەردەکەوێت کە تا چەند ئەم خۆژێرخستنە کەرامەتی مرۆڤ دەپووکێنێتەوە.

3

ناسیۆنالیزم، کە دەشێت وەک خەباتی چەپی مارکسیستی بە ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی یان فرەنەتەوەیی بەربخرێت، هەرگیز لەسەر “بنەما”ی نووسینەکانی مارکس و لێنین و تەفسیرکردنی ئاوەزمەندانەیان بنیات نانرێت، چونکە ئەو نووسینانە خۆیان گەرەکە لە هەنووکەدا بخرێنە ژێر سەنگاندنی ڕەخنەییەوە. بێگومان دەشێت تەفسیرکردنی ئاوەزمەندانە سوودی بۆ فراوانکردنی ئاگایی تاکەکەسی خەباگێڕ هەبێت، لێ بنەڕەتی نییە بۆ بنیاتنانی شۆڕشگێڕی چەپ لەنێو کردەکێتیدا.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەروەها پەیوەند بە شۆڕشەوە پرسیاری جیاواز ئاڕاستەی چەپەکان بکەین. لەم پەیوەندییەدا بە تایبەتی ئەو پرسیارە پڕبایەخە کە بۆچی ئەوان تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ببن بە هێزی کارای سیاسی. ئەوان کە پەیوەند بە مارکس یان هەر تیۆریڤانێکی مارکسیستییەوە زۆر جەخت لە “ڕیالێتی” (واقع) و گۆڕانی دەکەن، هەرگیز شۆڕشگێڕانە ڕوویان لەو ڕیالێتییە نەکردووە، چونکە بە خۆیەتیی مەڵاسدراو و شەرمنانە لە نێویدا کردار دەنوێنن. لە بنەڕەتدا ئەوان بە پاساوەکانیان هێشتا لە دۆخی بەرهەڵستیکردنی جیابوونەوەدان لە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە کوردی-خۆرهەڵاتییەکەیان، کەواتە چەپ نین، واتا ئەوان دەر-هاویشتەیەکی بە بکەربووی “واقعەکە” نین، کە ئیدی وەک دەر-هاویشتە چیدی بەو ڕیالێتییە نەگونجێن و لەبەر ئەو هۆیە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بەرانبەری وەربگرن. لێرەدا مەبەستمان لەوەیە کە مرۆڤ پێش جومناستیکە واژەییەکانی وەک سەرخان-ژێرخان، شۆڕشی سۆسیالیستی، بۆرژوازیی کوردی و هتد، ناچارە خۆی ڕەخنەییانە بە هەرە کێشە توخمییە مرۆڤییەکانی کوردان خۆیانەوە خەریک بکات، نەک ڕۆمانتیکییانە سەحابە موسڵمانەکانی نیوە دورگەی ئەرەبی بۆ شۆڕشگێڕەکانی دێرینی ڕوسیا تەرجومە بکات و هاوشێوەی ئەوان “ئیدیالیزەیان بکات”! ئەو پرسە توخمییانە کە سەرەتا بەرۆکی هەر کەسێک دەگرن کە بەڕێوەیە ببێت بە کەسێتییەکی چەپ، بۆ نموونە بریتین لە: فەزای / سپەیسی ژیان و شێوەی دەرککردنی لە لایەن تاکەکەسەوە، واتا داخۆ ئەو هەستمەندانە لە جیهاندا دەبزوێت یان بە ئاگاییەوە ستوونیانە بەنێویدا بێداربۆتەوە؛ ئەوجا ئاگامەندیی تاکەکەس لە هەنووکەدا یان هەستمەندی و سۆزداریی کەس و خەونبینین بە ئایندەوە؛ جگە لەوە لاوازیی و ترسداریی یان تەنانەت ترسنۆکیی پیاو کە وا دەکەن ئەو هەمیشە پتر ژن بچەوسێنێتەوە، بەڵێ تەنانەت هاوشێوەی مەلی سەر چڵەدار یان ئاسکە کێوی بیکوژێت؛ هەروەها خەتەنەکردنی کیژان کە نوێنەرە سەرەکییەکانی تاوانەکە ژنان (دایکان و نەنکان) خۆیانن، هەروەها چڵێسیی ژنان بۆ زێڕ و زیو یان شەیدابوونیان بۆ سیلیکۆن و دانانی لەنێو لەشی سروشتیی خۆدا، کەواتە دوژمنایەتیکردنی سروشت؛ ئەوجا کوڕ و کچی بەردەوام کڕووزاوە، یان تەمەڵی بۆ کار و هەڵوێستی سیاسی و هتد، لێ بەقەد ئەوەش دەمەوەری لە گشت بوارێکدا؛ هەروەها ئەگەری زۆر شیاوی ئەوە کە کرێکار یان فرۆشیاری دەستگێڕ و هتد موڵکدار بێت یان هیچ نەبێت دۆخی گوزەرانی باشتر بێت لە هینی فەرمانبەر؛ توخمی دیکەی زۆر کرۆکی بۆ نموونە بریتین لە: ئیجتماعێتیی بەردەوامی کەسان وەک دوژمنی سۆسیالێتی؛ خانووی بلۆکی چیمەنتۆ کە دوژمنی ژیانی مرۆڤە؛ پەککەوتنی زانستگەکان و بەمەش پەککەوتنی پیشە پسپۆرییەکانی وەک پزیشی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد؛ پیسبوونی ژینگە کە ئاشکرایە ژینگەی مرۆڤە و هتد.

ئەمانە لە بنەڕەتدا سەر بە توخمە بنەڕەتییەکانی “سۆسیۆلۆگیی شۆڕشن بە کوردی”، کەواتە نەک نووسینە دێرینەکانی لێنین یان ماو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمەڵی کوردییەوە نییە. گومانی تێدا نییە کە خوێندنەوەی ڕەخنەیی مارکس، بێگومان هینی خەباتگێڕانی دیکەی مارکسیستیش، گرنگ و پێویستە، لێ خوێندنەوەی ڕەخنەیی دژبەری خوێندنەوەی سوننەگەرایە کە هاوشێوەی خوێندنەوەکانی فەقێی حوجرە ئەنجام دەدرێت. لە بنەڕەتدا چێنەبوونی پەیوەندییەکی توخمی ی بەناو چەپەکان لەتەک ئەو پرسە ناوبراوانەی سەرەوەدا بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەوان هێشتا هەر لە کرۆکەوە هەیەپارێزن (کۆنزەرڤاتیڤن)، چونکە نایانەوێت و ناوێرن لە گرفتاریی ناخەکییان بۆ وەرگرتن و ناساندنی نێویەکی دووربکەونەوە، یان بۆ ستایشکردنیان وەک کوڕی یان کچی چاک – هەروەها وەک زیرەک. ئەم گرفتارییە بۆ وەرگرتن و ناساندن هێندە هۆشقاڵی کردوون کە ئیدی نەتوانن هەستناسک بن بۆ پرسە هەرە نامرۆڤی و تەنگژاوییە ناوبراوەکان کە ئیدی لە کرۆکەوە دەرکیان بکەن، ئەوجا لە هەڵوێستی ڕۆژانە و نووسیندا بییانتەقێننەوە، بەڵێ تەنانەت لەسەر ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە “بیکەن بە ڕۆژی حەشر”. ئەوە ناخی هەیەپارێزیانە کە وا دەکات نەوێرن بە کردار و نووسین هەڵوێست دژی ئەو چەوسێنەری و خۆچەوسێنەرییانە وەربگرن، کە “واقیعەکە ڕێ بە هەڵوێستوەرگرتنی ئاشکرا لەدژیان نادات”. لەم ڕووەی هەیەپارێزانەوە گەرەکە هەروەها ئاماژە بۆ ئەو ڕەوشە بدەین، کە هزری مارکس بەهۆی جەختکردنییەوە لە پرسە سۆسیالەکان و خۆڕێکخستن، زۆر چاک دەگونجێت بۆ ئەوەی هەیەپارێزانی سوننەگەرای خۆرهەڵاتی تەواو یەکلایەنی بۆ مەبەستی سیاسی وەریبگرن، بەوەش درێژە بە سوننەگەراییەکەی حیزبی شیۆعی و “کۆمەڵە” بدەن.

ئێمە بەم شێوەیە لە ڕەوتی خەریکبوونی ڕەخنەییماندا بە چەپەکانەوە دەکەوینە بەردەم چەند کێشەیەکی کرۆکی لای ئەوان، کە گرنگترینیان بریتین لە: شێوەی کارکردنی سوننەگەرا کە تەفسیرە، بە تایبەتیش تەفسیری تەفسیرە، ئەوجا، دووەم، جوینەوەی گۆتراو یان نووسراوەکان، کە بەزۆریی گۆتنەوەی تەفسیری تەفسیرەکانە؛ جگە لەوە، سێیەم، گەرەکە کێشەی خۆهەڵواسین بە “ناو”ی زانا یان تیۆریڤان یان فەیلەسوفەوە دیاربهێنین، چونکە ناو بەهابەخشە، بەوەش لە کۆمەڵی رواڵەتگەرای کوردیدا کە پڕە لە هەستی کەمنرخی (شعور بیلنەقس)ی خۆیی، جێ بۆ هەر کەسێک دەکاتەوە کە خۆی بە ناوێکەوە هەڵدەواسێت.

پێش ئەوەی ڕوو بکەینە کێشەی تەفسیری تەفسیر گەرەکە ڕەخنەییانە دوو کێشەکەی دی دیاربهێنین، واتا گۆتنەوەی بیستراوەکان و خۆهەڵواسین بە ناوی مەزنی خۆرئاواییەوە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا کەسێتیی بێپرسیارمان هەیە کە بە هەست و سۆز تەنراوە. مرۆ بۆ نموونە لە کەسێکی بە “زیرەک” دانراو تێڕوانینێک دەبیستێت، کە دەشێت ڕوونکردنەوەی تەفسیرێکی ئەرەبی یان فارسییانەی لێنین بێت، پاشان مرۆ لەنێو کۆڕی هەڤاڵانی یان لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا دەیڵێتەوە. ئەمە لەنێو کوردانی ئێراقدا زۆر بڵاوە. ئاخر هەر ئەوەندە کە کەسی بێپرسیار لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یان دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، دێتە نێو ژیانی دەرەکیی کۆمەڵایەتییەوە و لەنێو بازاڕ، یان لەنێو چایخانە و قاوەخاناندا چاوەڕوانی وەرگرتن دەکات، یەکسەر بەر ڕەفتاری باو و ئەقڵیەتی ڕۆشنبیرگەریی، یان شێوەی سیاسەتکردنی بە باوبووی نێو ئەو پەیوەندییانە دەکەوێت. لێ ئەوی هەرزەکار کە لە ڕووی مرۆڤییەوە هاوکات پێویستی بە ناساندنە (ئیعتیراف پێ کردنە)، واتا لەبەر ئەوەی کەوتۆتە بەردەم پرسی وەرگرتن لە لایەن ئەوانیدییەوە، ئەوا “زۆر دەشێت” یەکسەر بکەوێتە بەردەم ئەم بنەمایەی خوارەوە و بە ناچاری قبووڵی بکات: “من ئەوها دەهزرێم و جیهان دەبینم، چونکە ئەوان ئەوها دەهزرێن و جیهان دەبینن”.

ئەم بنەمایەی بوونی نێو گرووپ، جا گەر تەنانەت گرووپی دوو کەسیی بێت، لە کارابوونیدا وا دەکات کە کەسی هەرزەکار بەڕێی “ئەوانیدی”یەوە هێزی کۆمەڵایەتی وەربگرێت، بەوەش ڕێی بۆ خۆش ببێت کە لەم نێوەندی کولتووری یان لەو گۆڵمزەدا دەربکەوێت. لێ ئەم ڕەوشە لە بنەڕەتدا خزانە نەک هەڵچوونی ئەوی هەرزەکار، چونکە لەم ساتانە بەدوواوە وەک هەڵوێستنوێنێکی باوەڕ بە خۆ بوو کردار نانوێنێت، بەڵکو وەک “ئەوان” کردار دەنوێنێت و خۆی دەردەبڕێت. بەڵێ، لە بنەڕەتدا ئەم کەسێتییە پێناگات، بەڵکو دەخزێتە نێو دۆخێکی دژواری جووتەنییەوە: لە لایەک هاوشێوەی ئەوانیدی قایلە بە “وتی وتی” و دانەوەی تێڕوانینە بیستراوەکان، لە لایەکی دی پێداویستییە مرۆڤییەکانی داوای لێدەکەن کە خۆیەتییەکەی بژێنێت، لێ ئەوی وەرگیراوی نێو ئاگایی و ڕەفتاری مێگەل، لە ترسی چاو و دەمی ئەوانیدی ناوێرێت جەخت لەو خۆیەتییەی بکات، بەڵکو دەیچەپێنێت. لەم ڕوانگەیەوە چەپچێتیی ترادیسیۆنی لای کوردەکان شێواندنی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییە، کەواتە کارکردنی ڕەخنەیی نییە لەو کەسێتییەدا بە ئاڕاستەی بنیاتنانی کەسێتییەکی بکەری ئاگامەند (وەک چۆن بۆ نموونە پ.ک.ک. بە “شێوازی خۆی” کردوویەتی و دەیکات). بۆیە ئێمە لای بەناو چەپەکانی کورد کەسێتییەکی جووتلایەنمان هەیە: کەس لە لایەک سوننیگەرا و هەیەپارێزە، لە لایەکی دی شێوێنراوە. گەر لەم جۆرە پەیوەندییەدا باسی شۆڕش بکرێت، ئەوا شۆڕش تەنیا ڕەوانبێژییە یان جوینەوەی گۆتراوی نێو کتێبەکانە.

هەروەها هزرمەندانی خۆرئاوایی سەنگی تایبەتییان لەنێو کۆمەڵی لاساییکەرەوەی کوردیدا هەیە. مەسەلەکە لەم پەیوەندییەدا خۆخەریککردنی ڕەخنەییانەی بکەرێکی ئاگامەند نییە بە هەر هزرێکی خۆرئاواییەوە، بەڵکو کەسی بێ پرسیار کە کەسێتییەکی لەنگ یان من-لاوازی هەیە، زۆر سانا تەسلیمی ناوی بیانی دەبێت، چونکە ناوی بیانی دەرخەرترە لە ناوی خۆماڵی: چە بە زرنگە وشەییەکەی، چە بە سەدای نێونەتەوەییانەی هزرڤانی خاوەن ناو. لێرەشەوە ئیدی دەشێت هاڤرکێی فرەشێوە لەسەر ناوەکان سەرهەڵبدات (1). ئێمە لەم پەیوەندییەشدا دانانی لەبرییەکمان بۆ محەمەد و سەحابەکانی هەیە، کە کەسێتیی سوننیگرا ئەنجامی دەدات، چونکە وەک سوننیگەرا لەوە زیاتری پێ ئەنجام نادرێت.
لێ گرنگترین کێشەی چەپەکان یان بەناو چەپەکان تەفسیرە وەک شێوەی کارکردنی سوننیگەرا. مرۆ بۆ نموونە بابەتێک وەردەگرێت و ئاقڵانە ڕاڤەی دەکات، بەبێ ئەوەی ڕەخنەیانە ڕۆبچێتە نێوییەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا دابێکی درێژخایەنی فێرگەییە و دەشێت لە حوجرەی مەلا یان لە زانستگەیەکی خۆرهەڵاتیدا پراکتیزە کرابێت. بێگومان هەروەها دەشێت گەنجی فێرکراوی ئەم دابە لە زانستگەی خۆرئاوایشدا درێژەی پێ بدات، کە ئیدی بە کۆششی خۆی، یان بە یاریدەی فێرخوازێکی ئەو وڵاتە کە لێی دەخوێنێت، یان بە پارە، خوێندنی زانستگەیی تەواو بکات. بە هەر حاڵ، ئەمە تەواو دژبەری هزری ڕەخنەیی مارکسە کە لە لێکخشانی نێویەکییانەی تاکەکەس و “پەیوەندییەکانی ژینگە مێژوویی و کولتووری ئەو خۆیەوە” پێدەگات.
گونجاو دەبێت گەر ئێمە لە پرسی تایبەتیتری تەفسیردا لای چەپەکان یان بەناو چەپەکان ڕووبکەینە مەنسوری حیکمەت وەک تەفسیرکارێک کە بڕێکی چەپە کوردەکان تەفسیری دەکەنەوە. لە بنەڕەتدا نووسینەکانی ئەو بەڕێزە هیچ تەجاوزێکی خۆرهەڵاتییانەی مارکس و لێنین لە خۆ ناگرن. ئەو زۆر لەنێو سیاسەتی لێنینیستیدا قاڵ بووە (پرسی حیزبی سیاسی و جیاوازیی “کومۆنیستەکان” لەم یان لەو لایەن). لێ بۆ دەرخستنی شێوەهزرینی ئیسلامییانەی مەنسوری حیکمەت، نووسینێکی ئەو بە ناونیشانی “بۆلشەفیزم و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە. دەربارەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین” بە نموونە وەردەگرین، کە نوسینێکی خۆرهەڵاتییانەی باشە لە بواری نووسینی ئیسلامییانەی (واتا تەفسیری سوننی یان شیعییانەی) چەپەکاندا.

مەنسووری حیکمەت لەو نووسینەدا وای دەبینێت کە جیاوازیی نێوان لێنین و مەنشەفیکەکان جیاوازییەکی مێتۆدۆلۆژییانەی (ڕێبازناسییانەی) خەریکبوونە بە مارکسەوە. ئەو دەبێژێت: زەمینەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین و “کەپیتال”ی مارکس بریتییە لە “تێزەکانی مارکس لەبارەی فۆیەرباخ” و “ئیدیۆلۆژیی ئەڵمانی”. ئەم نووسینانە خۆیان بە ئابووری سیاسییەوە خەریک ناکەن، بەڵکو ڕەخنەن لە ماتەریالیزمی میکانیستی و سکۆلاییزم. ئەوجا مەنسووری حیکمەت دەیەوێت بۆ تێگەیشتن لە لێنین لەو تێزانەوە دەربچێت نەک لە پەرەسەندنی سەرمایەگەریی ڕوسیاوە. ئاخر بە دیدی ئەو لێنین بەوەفا بووە بۆ ماتەریالیزمی مارکس کە ماتەریالیزمی پراکتیکییە، واتا ماتەریالیزمێکی دیالێکتیکیی خۆخەریکردووە بە پەیوەندیی نێوان پراکتیکی مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانە ی خودی مرۆڤەوە. لەم ڕووەوە مێتۆدی هزرینی لێنین لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی جیادەبێتەوە.

مرۆڤ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت: ئایا ئەمە چییە کە خەباتگێڕێکی ئێرانی خۆی پێوە خەریک دەکات؟ ئایا ئەمە پرسە؟ گومانی تێدا نییە کە هزری مارکس، یان پوختتر ببێژین، دیالێکتیکی خۆخەریککردوو بە کرداری مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانەی مرۆڤەوە دەتوانێت لە چەندین بواری جیاوازدا بەرجەستە ببێت و بەرهەمی ڕەخنەیی یەکجار بەواتا بخاتەوە، لێ ئەو دیالێکتیکە سەرەتا تەحەدای “سکۆلایزمی خودی مەنسوری حیکمەت” دەکات کە نموونەکەی سەرەوە بەڵگەیەتی. ئاخر سەرەتا گەرەکە مەنسووری حیکمەت هزرینی مارکسیستیانەی خۆی لەو پەیوەندییە جووتەنییەی نێو وڵاتی ئێرانەوە بنیات بنێت، کە پاشان بە زەرووری ئەو پەیوەندییە ئێرانیانە ڕۆشن دەبنەوە کە ئەو خۆی لەنێویاندا سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە / بە کەسی کولتورێکی تایبەتی کراوە). گرنگترین کێشە لە خەریکبوونی مارکسیستی یان ڕەخنەییدا بە ئێران و ڕەفتاری سوننەتیی ئێرانییەوە بریتییە لە خەریکبوونێکی ڕۆشناییدەر بە مرۆڤی ئەو وڵاتەوە، بە تایبەتی بە ئەجەمەوە کە مێنتالێتی و کولتوورەکەی مۆتۆڕی ئێرانە، واتا کێشە بەراییەکە دەستبردنی ڕەخنەییە بۆ ناخی خۆحەشاردەری شیعەیی (هەروەها سوننی)، چونکە ئەمە بووە بە نەریت و کەسێتییەکی جووتەنیی هێناوەتە گۆڕێ کە ڕاستەوخۆ وەک کێشە لە بەردەم بنیاتنانی کەسێتیی مارکسیستیدا زیتدەبێتەوە. کێشەیەکی دیکەی کرۆکی ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەخنەییانە “فەزیلە” هەرە باڵاکەی ئەجەم بخرێتە ژێر پرسیارەوە کە بریتییە لە “بکەرێتیی ماچ و پاشقول”.

سەرەتا لەم پەیوەندییەدا ئاشکرایە، کە لەبەر ئەوەی ڕەفتارەکە گەورەترین “فەزیلە”ی ئەجەمە، ئەوا ئەجەم نەک هەرگیز نایشارێتەوە، بەڵکو بە ئەوپەڕی شانازییەوە پێشانی سەرجەم جیهانی دەدات! ئەوجا پرسیار ئەوەیە کە ئایا چۆن لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییانەوە کە لە دابی باب و باپیرانیانەوە شانازیی بە “بکەرێتی ی ماچ و پاشقول”ەوە دەکەن و ئەو بەدڕەفتارە وەک “فەزیلە” لای ئەوان لە منداڵییەوە شکۆفەی پێدەدرێت، سەبژێکتی شۆڕش بنیاتدەنرێت؟ بەدووی ئەم ڕۆشناییدانەدا پرسیارانی دی سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە ئەو پرسیارە کە داخۆ چۆن لەو پەیوەندییانەوە، هەروەها لەو کەسێتییانەوە کە سۆسیالیزەکردنێکی شیعەیی یان سونییان هەیە، سۆسیۆلۆگییەکی شۆڕش گۆڕان پێدەدرێت و تێیدا پێگە و رۆڵی توێژەکانی نێو ئێران، ئەوجا دیدی کەسان بۆ جیهان و هتد دیاری کرابن. پرسێکی دی بە گشتی لەم پەیوەندییەدا پان-ئیرانیزمە کە لە بنەڕەتدا واژەیەکی دیکەیە بۆ پان-فارسیزم و لە تێڕوانینی لێنینیستانەی “کۆمەڵگەی فرە نەتەوە” تێپەڕ دەکات.

بەکورتی: گەر مرۆڤ لە پەیوەندیی ئێرانیانەی ئەوهادا بژی، ئیدی ئایا گەڕان بەدووی جیاوازیی مێتۆدیانەی لێنین لە مەنشەفیکەکان، ئەوجا بینینەوەی ئەو جیاوازییە لە تێزەکانی مارکسدا دژی فۆیەرباخ، چە واتایەکی هەیە؟
ئاشکرایە ئەم کێشانە واتایان بۆ ئەو کوردانەی ئێراقیش هەیە کە خۆیان بە مەنسوری حیکمەتەوە خەریک دەکەن یان لە هزرین و سیاسەتکردنیاندا لە ئەوەوە دەردەچن. لێ کێشەکانی ئەمان لەوانەی ئێرانییەکان یان کوردانی ئێران ئاڵۆزترە، چونکە ئەمان، بە پێچەوانەی کوردانی ئێرانەوە، لە کۆمەڵێکدا دەژین کە تێیدا داب و نەریتە ترادیسیۆنییەکان لە ڕیشەوە شێواون، بەڵێ گەندەڵ بوون. ڕوونتر ببێژین، چەپەکانی کورد گەرەکە بزانن کە کوردانی ئێراق، کەواتە ئەوان خۆیشیان، لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە خزاونەتە نێو تەنگژەی قووڵی ئەخلاقییەوە، کە سەرەنجام لای ئەوان رواڵەتگەرییەکی ترسناک سەریهەڵداوە. ئاخر ئەمان نەک تەنیا هاوشێوەی موسڵمانانی دی گیرۆدەی تەنگژەی ئەخلاقی ئیسلامی-سوننین، بەڵکو لە کاتی خلیسکانە مرۆڤ داماوکەرەکەی 1961 بەدوواوە لە “دۆخی جەنگ”دان، ئەوجا ژمارەیەکی زۆری ئەم کوردانە لە هەشتاکاندا بە تەواوی شەرەف و کەرامەت و عیززەتی نەفسی لەدەست دا و بوو بە جاش، موستەشار، ئەمن و ئیستیخبارات. پاشان هەر ئەم جۆرە کوردانە دوای “راپەڕین” لەنێو دوو پارتە ترادیسیۆنییەکەی یەکێتی و پارتیدا درێژەیان بە بەدڕەفتاری چەکەرەکردووی خۆیان دا. لەم پەیوەدییەدا گەرەکە داتەپینی دۆخی ئابووریی کوردەکانی ئێراق لە سەردەمی حەساری نەوەدەکاندا ڕەچاو بکەین، چونکە کاریگەریی پسیکۆلۆژیانەی زۆر گەورەی لەسەر ئەوان بەجێهێشت. جگە لەوە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کوردانە بەرژەوەندییان لەتەک پارتە ترادیسیۆنییەکانی هەرێمەکەیاندا تێکەڵ بووە و لەتەک ڕەوتە سیاسییەکەی ئێراقی “وڵاتیان”دا ملدەنێن. کێشەیەکی دیکەی کوردانی ئێراق ئەوەیە کە زۆرینەی گەنجانیان تاقەتی سیاسەتی نەماوە، چونکە بێهیوا بووە لە هەر گۆڕانێک.
ئەو کێشە دیارهێنراوانەی سەرەوە سەراپا ئاستەنگی بەرجەستەن و وەک پرسیار دەکەونە بەردەم هەر کەسێک کە بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی چەپ، جگە لەوە گەرەکە ڕەخنەییانە لە پرسی شۆڕشدا دەربخرێن.

کەواتە چیدی مەسەلەکە بە تەنیا ئەوە نییە کە چۆن کەسێتییەکی سوننیی خۆرهەلاتی دەبێت بە کۆمونیست، بەڵکو هاوکات ئەوەیە، داخۆ چۆن کەسێتییەک کە لە ژینگەیەکی رواڵەتگەرادا دەژی، دەبزوێنرێت ڕووەو بوون بە بکەرێکی ئەو سۆسیالێتییە کە ئیدیۆلۆژیانەیە پێناسەکراوە. چەپەکان دەبێت پێش هەموو شتێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە بە کۆمونیست بوون هەروا گۆڕانێکی ئاسان نییە، بەڵکو لە نەفیکردنی (نێگاسیۆنی = هیچاندنی) کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییەوە سەرهەڵدەدات، بەو ڕێیەشەوە ئیدی کەسێتییەکی کردارنوێنی سۆسیالی نێو پەیوەندییەکانی جیهان سەرهەڵدەدات، بێگومان کردارنوێنێک کە زۆرینەی کێشە توخمییە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکانی بە زمانی دایک بۆ شرۆڤەکراون! ئاخر ئاشکرایە کە ئاگایی مارکسیستی لە پەیوەندیی تاکەکەس و ژینگەکەیەوە بێداردەبێتەوە، ئەو پەیوەندییەش پێویستی بە شرۆڤەی وردە. مرۆڤی ئەو دەڤەرە تەنگژاوییە سەرەتا وەک کەسێکی ئارام لێ هەڵگیراو چالاک دەبێت، نەک بە قریوەی نێو هەڤاڵان قۆڵی لێ هەڵبکات و وەک شاگەشکەبوویەک لەنێو چایخانە و سەر شۆستەی شەقامان دیاربدات، هەروەک پێمان ببژێت: “کوڕینە، منیش لێرەم!”.

بە هەر حاڵ، مرۆڤ لە جیهانبینیی سووننیدا ناتوانێت ڕەخنەیی بێت. لە بنەڕەتدا چەپی (یان خوێندکاری) سوننەگەرا هاوشێوەی ئیمانداری سوننی ڕەفتار دەنوێنێت: چۆن پیاوى ئایین ڕەهایەتى بە نووسراوى سەر کاغەز، واتا بە قورئان دەدات و لە ناخەوە بۆی دەچەمێتەوە، ئەوجا هێدى هێدى ئەو قورئانە کە نەشیاوە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە و دەرخى دەکات، بە هەمان شێوە چەپەکان (خوێندکارى خوێندنگە و زانستگەکان) مامەڵە لەتەک نووسراوی بەردەمیاندا دەکەن، واتا هەر نووسراوێک وەک وشەى تۆمارکراوی نێو ڕستە وەردەگرن، نەک وەک گوزارشتی هزرڤانێک، جا ئەوە گوزارشتێکی زانستی بێت، ڕەخنەی کۆمەڵگە یان تیۆریی شۆڕش بێت. ئاخر هەموو نووسراوێک (کەواتە چە قورئان و چە نووسینەکانی مارکس و لێنین) دوو لایەنی هەیە: لە لایەک وشەى ڕیزکراوى نێو ڕستەیە، لە لایەکی دی تێیدا پسیکۆلۆژییانە دەربڕینێکی خۆیی هەیە، واتا تێیدا هۆشێک بەرجەستەکراوە، کە گەرەکە بکرێت بە بابەتی پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی.

بێگومان پێویستە لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و ببێژین، کە تەفسیرگەریی یان تەنانەت تەفسیرچێتی بەد نییە، بۆیە ناشێت وەک بێسوود دابنرێت. مرۆ با ئیبن ڕوشد بهێنێتە بەر دیدی خۆی کە لە ئاستی جیهاندا وەک “تەفسیرکارە مەزنەکەی ئەڕیستۆتێلیس” ناسێنراوە. لێ هەروەها دەتوانین لە مێژووی نزیک و هەنووکەشدا نموونەی گونجاو بهێنینەوە، جا گەرچی نەشیاوە بگەن بەو ئاستە باڵایەی ئیبن ڕوشد، وەک: تەفسیرەکانی مەنسوری حیکمەت، تەفسیرە ئەرەبیستییە ئەدەبییەکانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، یان زۆر دکتۆرای ڕەسەنی سوننەگەریی کە خاوەنەکەی بە کۆکردنەوەی تێڕوانینی نێو کتێبەکان نووسیوێتی. ئێمە جگە لەوە دەتوانین ببینین کە چۆن بە تایبەتی خوێندکارانی زانستگەیی دێرین (تا ڕادەیەکی “زۆر” کەم خوێندکارانی ئەمڕۆش) بە دەرخکردن و تەفسیری زانستەکان بە ڕێژەی بەرچاو هەڵکەوتوون، بەڵی لە نێویانەوە پزیشک و ئەندازیاری باش، یان مامۆستایانی فێرگەیی باش لە سەرجەم بەشە زانستییەکاندا هەڵکەوتوون. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت ببێژین کە سووننەگەریی توانیوێتی بەرهەمی تا ڕادەیەک گونجاو بخاتەوە. لێ ئەمڕۆ لە گشت بوارەکانی خوێندنی فێرگەیی و زانستگەیی، بازرگانی و پیشەی دەستی، یان فەرمانبەری و کرێکاری و هتد جۆرە کەسێتییەک دەبینین، کە جیاوازە لەو کەسێتییانە کە لە سەردەمی کارایی ساناتری ترادیسیۆنیدا پێدەگەیشتن. ئەم جۆرە کەسێتییە بەتایبەتی رواڵەتخوازە، بەپەلەیە، سەری خۆی زۆر کەم بەگەڕ دەخات، ئەوجا لەکوێ بکەوێتە بەردەم کاری سەر، هانا بۆ ئینتەرنێت دەبات و بەڕێیەوە هەر وەڵامێکی بۆ مەبەستەکەی دەست دەکەوێت (کە بێگومان دەشێت خێرا بیدزێت). گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕەوشانە لە پرسی شۆڕشدا ڕاستەوخۆ کۆسپی هەڵچنراون و دەبێت ڕەخنەییانە هەڵبووەشێنرێنەوە.

4

ئاشکرایە جیاوازیی گەورە لە نێوان کوردەکاندا هەیە. تورکیزەکردن پەیوەند بە کوردانی تورکیاوە لە ئاکامدا بە پۆزەتیڤ کەوتەوە (2)، چونکە بەو ڕێیەوە لای ئەوانیش کەسێتیی کەمالیستی بنیاتنرا، بەوەش دەرفەت بە تایبەتی بۆ شاری و شارنشینانی ئەوان ڕەخسا کە لە کوردێتیی خێڵەکیانە و هەستی هەڵئاوساوی پەخشانی دووربکەونەوە، لەم ڕەوتەشدا کەمالیزمی تورکی بۆ بزاوتی ڕزگاریخوازییان تەرجومە و بە ستالینیزم تەجاوزی بکەن (پ.ک.ک). کوردانی ئێراق زۆر کەم لەم کێشەیە تێدەگەن یان تێگەیشتنیان بۆی هەیە، ئەمەش سەرلەنوێ یەکێکە لە نیشانەکان بۆ جیاوازیی گەورە لە نێوان کوردانی تورکیا و ئێراقدا. بە هەر حاڵ، کوردانی تورکیا لەو بنەمایانەش تێپەڕیان کرد، ئەمەش بەوەدا ڕووندەبێتەوە کە ئوێجەلان گۆڕانی بە تیۆریی دێمۆکراتیی خۆسەری دا. لە لایەک گومانی تێدا نییە، کە زۆر پێویستە پ.ک.ک. و خوشکە پارتەکانی لە ڕوانگەی جیاوازەوە بنرخێنرێن و لە نێویاندا ڕوانگەی ڕەخنەیی پێگەیەکی دیار وەردەگرێت، لێ لە لایەکی دی نرخاندنە جیاوازەکان هێشتا هەر ناتوانن ئەو ڕاستییە نەدرکێنن کە کوردانی تورکیا (یان “کوردانی باکوور” بەگوێرەی فەرهەنگی یان ئیدیۆلۆژیی پ.ک.ک) بەو هەڵچوونە ڕێکخراوەیی و ستراتیژی-سیاسی و میلیتارییە کاریگەریی یەکجار ترسێنەریان نواند: ئەوان، یان پوختتر ببێژین، پ.ک.ک.، لە لایەک نەک تەنیا ترسی لای دەسەڵاتدارانی سوننەتیی کوردستانەکانی دی هێنایەگۆڕێ، کە ئیدی کەوتنە مشوورخواردن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ترادیسیۆنییان، بەڵکو هەروەها لای دەوڵەتانی ناوچەکەش. ئاخر پ.ک.ک. فێنۆمێنە، بەڵگەی ئەم دەربڕینەش ئەوەیە کە ئەو لە سەرجەم گۆی زەویدا “دەرککراوە”، یان “هۆشسامی” پێی لە ئاستی جیهاندا دەرخراوە، هەروەها ئەو خۆیشی “لەسەر ئاستی جیهان” سیاسەت دەکات! لێ لە لایەکی دی پ.ک.ک. بۆ کوردان بەگشتی بوو بە مایەی هۆشسامی، ئەوەش پتر دەرفەتی بۆ ڕەخساند تاکو مەبەستمەندانە لە کوردستانەکانی دیکە و دەرەوەی ئەوانیش کارا ببێت.

ئەوان لەم ڕەوتەدا بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر کوردانی سوریا نواند و هەر لەوێ تێگەی “ڕۆژئاڤا” لە فەرهەنگی سیاسییانەوە بەرجەستە بوو، لێ ئەوان تا ڕادەیەکی گونجاو بەڕێی “پژاک”ەوە کاریگەرییان لەسەر کوردانی ئێرانیش نواند، بەڵێ لە سنووری “سابڵاخ”-“سەنەندەج” تپەڕین و ئەولاتریش شۆڕبوونەوە، کە ئیدی بەو ڕێیەوە پێگەی “حیزبی دیموکراتەکان” و “کۆمەڵەکان”یان تا ڕادەیەکی بەرچاو لەق کرد. لەم پەیوەندییەدا گەرەکە ببێژین کە کاریگەریی پ.ک.ک. لەسەر کوردانی ئێراق کەمترە وەک لەسەر کوردانی دوو کوردستانەکەی دی، چونکە کوردانی ئێراق بەرگەی کرداری بە دیسپلینی ئوێجەلانیزم (“مرۆڤە-مەکینە”ی ستالین) ناگرن. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، ئەوان پتر بوون بە دیلی رواڵەتگەری، جگە لەوە ئەوان (تا ڕادەیەک کوردانی ئێرانیش) هێشتا هەر گیرۆدەی ئاگایی خێڵەکی و دەسەڵاتگەریی خانەوادەکانن، هەروەها لە ڕووی خەباتی جددیی نەتەوەییەوە نەیانتوانیوە ڕەخنەییانە کار لە جەمال نەبەز یان مەسعود محەمەددا بکەن، یان لە ڕووی خەباتی فرەنەتەوەییەوە پابەندی تەفسیرەکانی نووسەرانی ئەرەب یان ئەجەمن. ئەمە لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ ئاستنزمی کولتووریانەی کوردانی ئێراق بە تایبەتی، لێ هەروەها کوردانی ئێرانیش، چونکە هیچ کامیان تا ئەمڕۆ بە پێچەوانەی کوردانی تورکیاوە نەیتوانیوە لە لایەنی خۆیەوە گۆڕان بە سۆسیۆلۆگییەکی شۆڕش بدات، بەڵکو هەردووکیان بە “ئۆخخەی!” باوەشیان بۆ شێوە هزرینی ئیسلامییانەی ئەرەب یان ئەجەم گرتۆتەوە و سوننەگەرایانە کاریان پێدەکەن.

-ماویەتی-
کاوە جەلال
———————-
پەراوێز

(1) مرۆ بۆ نموونە “لە ڕکی تاقمێک” کە زۆر باسی مارکس و لێنین یان ترۆتسکی دەکەن، وەک کەللەڕەقێک پەرچەکردار دەنوێنێت، لێ لەبەر ئەوەی کەللەی “ڕقە” و هاوکات هەیەپارێزێکی خۆرهەڵاتییە، ئەوا دەشێت ئەوپەڕی نەفامانە هانا بۆ ناوی هەرە یاخییەکانی هزری فەڕەنسی بەرێت، بۆ نموونە سارتر. ئەم ڕەوشە زۆر ڕوونتر لە خۆگرێدان بە مارکس یان تیۆریڤانانی مارکسیستییەوە هەقیقەتی هەیەپارێزان دەردەخات، چونکە لە هزری ساتردا یاخیبوونی تاکگەرایانەی تاکەکەسمان هەیە، لێ لای وەرگرانی خۆرهەڵاتییانەی ئەم هزرە بە تایبەتی هەیەپارێزی دەروونپەژارە و خەفەتخۆری مازۆخیستی یان “کوڕی عائیلە”مان هەیە. لەم ڕەوشەدا دژبەرییەکە زۆر درشتە: لەم هزرەدا تاکەکەس لە پەیوەندیی خێزانی دەر-پەڕیوە و لە هەر بەرپرسیارییەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە باوەکان و هتد دابڕاوە، لێ تاکەکەس ی دەر-پەڕیو هاوکات ئاگامەندانە لێرەبوونی مرۆڤدۆستانەی خۆی بنیاتدەنێت، ئەوەش شێوەیەکی یاخیبوونە کە لەتەک خۆیدا هەڵوێستی یاخی بەرانبەر سەرجەم میکانیزمەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤی و چینایەتی دەهێنێت. لەبەر ئەم هۆیەیە کە کلوود لێڤی-سترۆس دەبێژێت: سارتر جیاوازی لە نێوان مرۆڤایەتیدا چێدەکات، چونکە فەلسەفەکەی بە تەنیا تایبەتە بە مرۆڤی ئەوروپی. لێ لە خۆرهەڵاتی کوردیدا بە پێچەوانەوە کەس دەخزێتە نێو “جومناستیکی واژە”وە، چونکە منێتییەکەی شکۆفەی نەکردووە، هەروەها پرسیاری نییە. بۆیە گەر کەسێکی بەو چەشنە بنووسێت، ئەوا بەهۆی سۆسیالیزەکراوییە سوننییەکەیەوە تەنیا تەفسیری ئەرەبیستانەی سارتری پێ دەکرێت، ئەوەش بێگومان بە زمانێکی پەخشانی نەک فەلسەفەیی، جگە لەوە وەک هەیەپارێز لە دەرکەوتنی کۆمەڵایەتیشدا بە لای سەرجەم چەوسێنەری و بەدێتی و قێزەوەنیی مرۆڤیدا ڕەت دەبێت، واتا تەواو پێچەوانەی هزری سارتر ڕەفتار دەنوێنێت. لێ کەس، وەک ئەرەبیستێکی تەفسیری، دەشێت وەک بێهەڵوێستێکی هەیەپارێز توخمیتر لە مارکسیستەکان درێژە بە جیهاندیدیی باو بدات، بۆ نموونە ئەویش، هاوشێوەی مەسئولە سیاسییەکان، بەخشکەیی تێبکۆشێت بۆ مەزناندنی خۆی و وەک “کوڕی عائیلە” بە یاریدەی کەس و کاری بۆی چالاک ببێت.
(2): ئەمڕۆ زۆر ناسیۆنالیستی تورک بەهۆی گیرخواردنیانەوە بە پ.ک.ک. و بزاوتی ڕزگاریخوازیی کورد لەو وڵاتە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە تورکیزەکردنی کوردەکان (“تورکە کێوییەکانی ئەنادۆل”) هەڵەیەکی گەورە بووە، چونکە کوردەکان بەو ڕێیەوە فێربوون جیهان ڕوونتر ببینن و ڕێکخراوی مۆدێرن بهێننە گۆڕێ، هەروەها سوپای کارا دابمەزرێنن! بە هەر حاڵ گومان لەوە ناکرێت کە پ.ک.ک. بەبێ پەروەردەی کەمالیستیانەی دامەزرێنەران و ئەندامانی نەیدەتوانی لە پرسی مۆدێرنێتی (نەک مۆدێرنیزەکردن!) نزیکبکەوێتەوە، ئەوجا وەک پارتێکی مۆدێرن سوپای مۆدێرن دابمەزرێنێت.

Previous
Next

Leave a Reply