Skip to Content

216 Views

لە بەردەم جنۆکەدا… کورتەیەک لەسەر چیرۆکی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) لە نووسینی لەتیف هەڵمەت….کاوان محەمەدپوور

لە بەردەم جنۆکەدا… کورتەیەک لەسەر چیرۆکی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) لە نووسینی لەتیف هەڵمەت….کاوان محەمەدپوور

Be First!
image_print

کاوان محەمەدپوور

ڕەنگە هیچ نووسەر و شاعیرێکی کورد بەڕادەی (لەتیف هەڵمەت) لە بواری کەسایەتییەوە، دوو دەستەواژەی (ناسراو) و (نەناسراو)ی لای خۆیی کۆنەکردبێتەوە. (ناسراو) لەو سۆنگەوە کە هەر کەس تەنانەت بۆ ماوەیەکی کوردتیش خوێندنەوەی لەسەر ئەدەبی کوردی هەبووبێت ئەوە ناوی هەڵمەتی بیستووە و لانی کەم بەشێک لە شێعرەکانی خوێندۆتەوە. (نەناسراو)یش لەو سووچەوە کە لەتیف هەڵمەت لەو نووسەرانەیە کە هەمیشە شتی نوێیی هەیە و کەمتر ئەم نوێگەرییەی بە بەراوردی نووسەری‌تر هاتۆتە بەرباس. ڕەنگە یەکێ لەم هۆیانەی کەم باسکردنە بگەڕێتەوە سەر گۆشەگیری هەڵمەت کە خۆی بەردەوام لە وتووێژەکان ئاماژەی پێداوە. ئەزموونەکانی لەتیف هەڵمەت ڕێک وەکوو سەمای دەروێشانە جیا لە مەعریفەتی نهێنی، جەزمەیەکی شاعیرانەی تێدایە. ئەم جەزمەیە بۆتە هۆی ئەوەی نوێگەرایی هەڵمەت جارێک لە جەستەی شێعر دەرکەوێت و جارێکی‌تر لە ئەدەبی مناڵان و لە کاتێکیشدا خۆی لە قەرەی چیرۆک بدات. لە هەر سێکی ئەم بابەتانەدا هەڵمەت قسەی بۆ وتن هەیە. لە شێعردا ساڵی (1971) گرووپی کفری لەگەڵ فەرهاد و ئەحمەد شاکەلی دادەمزرێنێت و بەچەشنێک یەکەم کتێبی شێعری (پەساگۆران) بەناوی (خوا و شارە بچکۆلەکەمان) دەنووسێت. لە ئەدەبی مناڵاندا خەڵاتێکی  (Apic)لە وڵاتی سووید وەردەگرێت و لە چیرۆک‌دا لە یەکەم کەسەکانە کە بە شێوازی مێتاڕۆمان/مێتاداستان (Metanarrative /Metafiction) دەنووسێت، جیا لەوانە لەسەر سۆفیگەری کتێبی نووسیوە و چەند کاری لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و گریمانەی ئەدەبیش هەیە. لەم وتارەدا دەمهەوێت باسی یەکێ لەم لایەنە نوێگەریانی هەڵمەت بە ناوی چیرۆکی(ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) بکەم.

ئەم چیرۆکە- کە خۆیی نووسەریش گومانی لەوە هەیە پێی بڵێت ڕۆمان- لە دەگەمەن چیرۆکگەلێکی کوردییە کە بە شێوازی (مێتافیکشین) نووسراوە. ئەم چەشنە لە گێڕانەوە ئاگامەندی نووسەر بەسەر چیرۆکی باسکراوە و بە شێوەیەک لە حەولی ئەوە دایە خوێنەر بەم قەناعەتە بکەیەنێت کە هەر چیرۆکێک لە بنەڕەتدا خەیاڵی نووسەرە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەش وەرگیرابێت.

مێتاچیرۆک یان مێتاگێڕانەوە -(لەودیو چیرۆکەوە)( لەسەروی گێڕانەوە)- .شێوەیەک لە نووسینی چیرۆکە کە خسڵەتی (خۆگێڕانەوە)ی هەیە. واتە بەجێگەی گێرانەوەی چیرۆکێکی دەرەکی سەرقاڵی گێڕانەوەی ئەو چیرۆکەیە کە نووسەر ئەینووسێتەوە. چیرۆکێک لەبارەی ئەو ڕۆمانەی کە نووسەر خەریکی نووسینیەتی. خسڵەتی مێتاڕۆمان/مێتاچیرۆک، سیستەمێک لە گێڕانەوەیە کە بە شێوەی ئاگامەندانە خودی گێڕانەوە دەکاتە بابەتی چیرۆک. بە وتەی جان بارت(John Barth)-نووسەری ئەمریکی-(مێتاڕۆمان ئەو چیرۆکەیە کە چیرۆکێکی‌تر بە جێگەی جیهانی ڕاستەقینە لاسایی دەکاتەوە). هەرکات نووسەر بە جێگەی ئەوەی باس لە چیرۆکێکی دەرەکی بکا لە ناو ڕۆماندا، باسی ئەو چیرۆکە بکا کە لە ڕۆماندا دەینووسێتەوە ئەوە لە شێوەی نووسینی مێتافیکشین کەڵکی گرتوە. نووسەرانی وەکوو (کورت وەنەگات) و (ئیتالیۆکالوینۆ) و (جان بارت) لە نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم شێوە لە نووسینەن.

 تەکنیکی نووسینی (مێتافیکشێن) وەکوو تەکنیکی نووسینی (فیکشێن)(چیرۆک) نییە. (چیرۆک) لایەنی گێڕانەوەی تایبەتی هەیە کە لە نیزامێکی دابینکراودا مانا دەبنەوە. بۆ نموونە چۆنییەتی سازکردنی کاراکتێر و دەستەویەخەکردنی کاراکتێر لەگەڵ نیزامی ڕیوایی چیرۆک و پارستنی پلۆت(Plot) و هێڵی مەنتیقی چیرۆک، لە پێداویستییەکانی هەر چیرۆکێکە. بەڵام مێتافیکشێن تەکنیکەکانی زیاتر لە ئەزموونی خودی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە خودی نووسەر دیاری دەکات بە چ شێوە تەکنیکێک بەکار بێنێت کە چیرۆکەکەی چیرۆکی مێتافیکشێن بێت، بەڵام لە پاڵ ئەوانە چەندانە خسڵەتی دیار هەیە کە فیکشێن و مێتافیکشێن لە یەک جیا دەکاتەوە. خسڵەتی سەرەکی مێتافیکشین هەر (خۆگێڕانەوە)ی چیرۆکە، واتە بەم شێوەی باسمان کرد چیرۆکێک کە لەبارەی خودی چیرۆکی باسکراودایە دایە. بۆ نموونە کاتێک نووسەر لە دەقی ڕۆمانەکەیدا ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ خوێنەرەکانی دەکا و ئاماژە ئەدا کە منی نووسەر چیم کردوە و چی دەکەم و بە شێوەیەک خۆی لە دەرەی چیرۆک وەکوو کەسایەتی ڕاستەقینە پێناسە دەکا ئەوە لە شێوەی میتافیکشین کەڵگی وەرگرتەوە. گێڕانەوەناسەکان، (نووسەر) و (گێڕاوە)ی چیرۆک لەیەک جیا دەکەنەوە. نووسەر کەسایەتی ڕاستەقینەیە و لە دەرەوی چیرۆک ژیان دەکا، وەکوو گشت مرۆڤەکانی‌تر، بەڵام گێڕەوە تەنیا و تەنیا بوونی لە چیرۆک وەردەگرێت. ئەوەش بەو مانایەیە کە لە شیکاری گێڕانەوەناسانەدا ڕەخنەگر هیچکات ژیان و کەسایەتی نووسەر لەگەڵ گێڕەوە تیکەڵ ناکات و ئەم دووانە لە یەک جیا دەبینێت. بەڵام لە مێتافیکشێندا هەوڵی خودی نووسەر بۆ ئەوەیە کە گێڕەوە و نووسەر هەر بە یەک کەسایەتی بزانین. واتە کاتێک دەڵێن نووسەری ئەم چیرۆکە مێتافیکشێنە، ئەوە هەر وەکوو ئەوەیە بڵێن: گێڕەوە-یان یەکێ لە گێڕەوەکانی چیرۆک-ە. ڕەنگە لەم چەشنە ڕیوایەتەدا(مێتافیکشێن) لەگەڵ چیرۆکێک بەروڕوو نەبینەوە کە توانستی گێڕانەوەی دووبارەیی بۆ بەردەنگ پێک بێنێت. واتە بەردەنگ کاتی خوێندەوەی ئەم چەشنە چیرۆکانە بە شێوەیەکی شیاو نەتوانێت چیرۆکەکە بۆ کەسێکی‌تر بگێڕێتەوە- مەبەست هەر بەو جۆرەیە کە داستانەکانی تۆلۆستۆی یان مارکز دەگێرێتەوە-، چوون لێرەدا زیاتر لەوەی «گوێ بیسی چیرۆک» بین «گوێ بیسی چۆنییەتی نووسینی چیرۆک»ین. هەر بۆیە چیرۆکی مێتافیکشێن زیاتر وەکوو ئەو ئۆتۆبیوگرافییە دەچێت کە بەسەرهاتی نووسەر لە کاتی نووسینی چیرۆک دا دەگێڕتەوە. واتە لەو بارەدا کە منی نووسەر کاتی نووسینی ئەم چیرۆکە چ بارودۆخێکم هەبووە.

 چەشنی جۆراوجۆر لە بەکار هێنانی تەکنیکەکانی مێتافیکشێن هەیە کە ڕەنگە جێگەی ئەوە نەبێت گشتیان لێرە باس بکەین بەڵام بە پێی پێوسیت بۆ خوێندەوەی چیرۆکی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) باس لە چەند خسڵەت و تەکنیک دەکەین.

ڕا دەربڕینی نووسەر

لە ڕۆمانەکەی هەڵمەت‌دا، بەچەشنێک لەگەڵ ڕادەربڕینی نووسەر بەوڕووین، نووسەر لە گشت لایەنەکانی چیرۆکدا بوونی هەیە. هەر لەسەرتای ڕۆمانەوە نووسەر خۆی ئاوقای کاراکتێرێک دەکاتەوە کە بێت و یارمەتی بدات کە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە، بۆیە لە قارەمانێک بۆ ڕۆمانەکەی دەگەرێت و باسی چۆنییەتی کاراکتێری پێویست دەکا. نووسەر لەسەرەتاوە بە خوێنەر دەڵێت: تۆ لەگەڵ ڕۆمانێک بەروڕوویی. ئەم دخاڵەتی نووسەرە شتێکە کە لە قوتابخانەکانی تری ڕۆماندا نایبینین. گێڕەوەی ڕۆمانی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) باس لەوە دەکا بۆ گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی پێویستی بە قارەمانێک هەیە. بۆیە لە حەولی دیتنەوەی ئەوە قارەمانەیە. لەسەرەتا چاوی بە ژنە جنۆکەیەک دەکەوێت کە خەریکی قژ شانەکردنە تا شوو بە شێخ مەحموود بکات. نووسەر بۆ شیکردنەوەی بەشێک لە تیپ/کەسایەتییەکانی چیرۆک-هەڵبەت ئەگەر مەجالی ئەوەمان هەبێت بڵێین کەسایەتی- لە پەراوێزی دەقەیدا شیکاری دەکا و ڕای تایبەتی خۆی دەردەبڕێت. هەڵبەت شیکاری پاواوێزیش خۆی هەر وەکوو چیرۆکێک دەنوێنێت. دخاڵەتی بەردەوامی نووسەر لە چیرۆکی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) تا کۆتایی گێڕانەوەکەی بەردەوامە.

دەق ئاوێزان (Intertextuality)

کەڵک وەرگرتین لە دەق ئاوێزان(بینامتنیت) یەکێ تر لە خسڵەتەکانی مێتافیکشێنە کە لەم چیرۆکەشدا پاتە دەبێتەوە. بەکارهێنانی شێعر و زکری دەروێشانەنی کفری، کەڵک وەرگرتن لە حەقایەت و ئەفسانە کوردییەکان، بەکارهێنانی ناوی نووسەر و کتێب و، ئاماژەی بە کەسایەتییە دەرەکییەکانی کۆمەڵایەتی چەشنێک لە کارکردی دەق ئاوێزان لەم چیرۆکەدایە. هەڵمەت هەروەها لە پێکهاتەی چیرۆکە کلاسیکەکان-وەکوو (حەقایەتەکانی هەزار و یەک شەو)- کەڵک وەردەگرێت. لەو جێگەیانەی کە چیرۆک لە ناو چیرۆکدا دەهۆنێتەوە و کەسایەتی ڕۆمانەکەی گوێ بیسی چیرۆکی گێڕەوە دەبن دەق ئاوێزانی پێکهاتەیە بۆ رۆمانی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) کە دێتە خانەی پێکهاتەی حەقایەتی کلاسیکە.

سازکردنی پێکهاتەیەکی ئەفسانەیی

هەڵمەت لە پاڵ کەڵک ورگرتن لە پێکهاتەی گشتی حەقایەت، خۆی پێکهاتەیەکی تایبەتی ئەفسانەیی لە چیرۆکەدا ساز دەکا. پێکهاتەیەک کە لە لایەنی مێتافیزیک بوونی کەسایەتییەکان وەکوو ئەفسانەکان دەچێت و لە لایەن پێکهاتەی بووتیقاییەوە خسڵەتی مێتافیکشێنی هەیە. لێرەدا نووسەر پێکهاتەیەکی ئەفسانەیی بۆ گێڕانەوە پێک دێنێت کە دوو کەسایەتی (ڕاستەقینە/ خەیاڵی)، دوو پێکهاتەی (کلاسیک /پۆست مۆدێڕن) و دوو گێڕانەوەی (دەرەکی /ناەوەکی) تێدایە. فەزاسازی نووسەر لەم دەستکردەیەدا گەمەیەکی بەردەوامی (وێستانی ڕیوایی) و (بازدانی ڕیوایی)تێدایە. واتە لە زۆر جێگە گێڕانەوەی چیرۆکەکە ڕادەگرێت و دەست دەکا بە شرۆڤە و خوێندەوەیەکی بە ڕواڵەت فەلسەفی وعاریفانە. بۆ نموونە ئەو کات کە کچە جنۆکەکە لە دووا بیستنی چیرۆکێک لە گێڕەوەی ڕۆمان و چێز برنی دەڵێت: ئەگەر هەموو شەو چیرۆکێکی ئاوا چێژدارم بۆ بگێڕیەوە ئەوە شووت پێدەکەم، گێڕەوە دوا نووسینی ئەم ڕستە باسی بێدەنگی نێوان خۆیی و جنۆکەکە دەکات و دواتر لە پاڕاگرافی کۆتاییدا، چیرۆکەکە دەوێستێنێت و شرۆڤەی بێدەنگی دەکا.

ئایرۆنی لەسەر زانیارییەکانی خوێنەر

 گشت ژێدەر و شرۆڤەکانی گێڕەوەی (ژنە جنۆکەکای شێمەحموو) زانیاری هەڵە دەدەن بەخوێنەر، بە چەشنێک زانستی خوێنەر لە بازنەیەکی (ئایرۆنیک) داوێت بۆ ئەوەی هەم پلارێکی تەنزی لە دەقەکانی پێشوو بگرێت و هەمیش بەم گەمەیەکی مەعریفی جارێکی تر بە خوینەر بڵێت: تۆ لەگەڵ جیهانی دەستکردەی چیرۆک بەروڕوویی و واقیعییەتی نییە. بۆ نموونە لە لاپەڕەی یەکەم دا (ئالبێر کامۆ) وەکوو کوردێکی ئاوارەی سووری! پێناسە دەکا کە ڕۆمانێکی بە ناوی (الغریب یان بێگانە) بە زمانی عەرەبی! نووسیوە، یان بۆ (هێنری باربوس) دەڵێت کە یەکێ لە جنۆکەکانی باوەگەورەم بوو کە ساڵی (١٩٣٠) بە دووکەڵی سیگار ڕۆمانێکی بە ناوی (دۆزەخ) نووسیوە، لە لاپەڕەکانی تر کتێبی (حەقایەتەکانی هەزار و یەک شەو) لە نووسینی هاوبەشی (مارکس و هێگل) دەزانێت. ئەم شێوە زانیاریە کە بە ئەنقەست لەلایەن نووسەرەوە دێتە پانتای ڕۆمانەوە بۆ ئەوەی جارێکی‌تر بە خوێنەری چیرۆک ڕاگەیەنێت ئەم چیرۆکە ڕاستەقینە نییە و تۆ لە گەڵ گەمەیەکی خیاڵی نووسەر بەرەوڕوویی.

شکاندنی هێڵی لۆژیکی چیرۆک

جیهانی ئەفسانەکان پێکهاتەی جیهانی واقیعی نییە، واتە لۆژیکی ئەم جیهانەی بەسەردا زاڵ نییە و (هۆ و بەرهۆ)یەکانی وەکوو جیهانی واقیعی نییە، لە کاتی خوێندەوەی چیرۆکی لەتیف هەڵمەت‌دا، لەگەڵ دەستوور و هێڵێکی دیاری کراوی ڕیوایی بەروڕوو نین و دەیان چیرۆکی نێو ڕۆمانەکە هیچیان بە کۆتایی ناگەن. نووسەر بەردەوام لە (بازدانی ڕیوایی) بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی بەهەرە دەگرێت، واتە بێ ئەوی هێڵێکی مەنتقی-واتە مەنتقی دەرەکی- لە پشت کۆتایی و دەستپێکی چیرۆکی نوێ بێت هەر لە نێوان چیرۆکێکدا دەپەرێتە ناو چیرۆکێکی ترەوە، بەم تەکنیکە، هەم ئاڵۆزی و خەیاڵی بوونی جیهانی جنۆکەکان و ئەفسانەکان بە نیسبەتی جیهانی واقیعی نیشان دەدات، هەم پێکهاتەیەکی مێتافیکشێنی بۆ چیرۆکەکەی دەخوڵقێنێت،

لە کۆتاییدا، (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو)، هەروەکوو ئەوەی کە لەتیف هەڵمەت باسی دەکا حەولێکە بۆ دەرباز بوون لە فەزایی نووسینی کلاسیک لە ناو ئەدەبی داستانی کوردی دا. ڕەنگە ئەم چیرۆکەی هەڵمەت، ئەوەندە لە بوواری تەکنیکی و پێکهاتەی چیرۆکەوە بە هێز نەبێت بەڵام لانیکەم شەهامت و جەسارەتی ئەوەمان پێدەدات، شێوە و چەشنی نوێ بۆ ئەدەبیاتی داستانی کوردی تاقی بکەینەوە و لانیکەم بۆ جارێکیش بێت خۆمان سەرقاڵی ئەوە بکەین کە ئایا ئەم زمان و زەینە کوردییە توانستی ئەوەی هەیە پێکهاتەی نوێ بەرهەم بێنێت یان نا؟.

Previous
Next

Leave a Reply