Skip to Content

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی… کاوان محەمەدپوور

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی… کاوان محەمەدپوور

Closed
by شوبات 5, 2019 Literature, Theatre, زمان

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی 

“کورتەیەک لەسەر شانۆنامەنووسیی کوردی”

هێرتا مولەر لە چیرۆکی (بەڵێنی دیدەنییەکە)(1997) دەڵێت: “هەندێ شت کێشەیان نییە، تاکوو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. ڕەنگە هەر کات ئێمە بیر لە هونەری کوردی بە عام و بە تایبەت -شانۆی کوردی- دەکەیەوە زیاتر مانای ئەم ڕستەی مولەرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بیرکردنەوە لە چییەتی شانۆی کوردی بە هۆگەلی جیاواز هەمیشە وەکوو گرفتێکی سەرەکی بۆمان دەردەکەوێت. ئەم گرفتە هەر لە سەرەتای پرسیارکە زەق دەبێتەوە. نەبوونی هیچ بنەمایەکی فەلسەفی و پاڵپشتێکی زانستی لە ئارگیومنتەکانی کورد و لە سەرێکیشەوە، نەبوونی ئارشیوگەلێک لە شانۆگەری کوردی، کە توێژەر و ڕەخنەگر، لانیکەم بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی، بتوانێت ئیماژی ئەم هونەرە لای کورد بە جیهانەوە بدۆزێتەوە، تەنیا لە کێشە سەرەکییەکانی وڵامدانەوە بەو پرسیارەیە. لە درێژەی دەستەویەخەبوون لەگەڵ ئەم پرسیارە، ئەمجا خودی  گرفتی (زمان) زەق دەبێتەوە، ئایا تەنیا نووسینی شانۆنامە بە کوردی، شانۆی کوردییە؟ تەنانەت ئەگەر هیچ چەمک و ئایدیایەکی کوردیشی تێدا نەبێت؟

 بەڵام بەم هەموو کێشە و گرفتە کە ڕووبەرووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە، کاتێک پرسیارەکەی وەگڕدەخەین، ناچار دەبین چەمکێک وەکوو بنەما بگرین و لە تاوتوێی ئەم چەمکە، مەودا و دەرەتانێک بۆ وڵامدانەی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە، ڕەنگە خودی پرۆسەی تاوتوێ کردن لە ئاکامدا ئەوەشمان بۆ دەربخات کە تاکوو ئێستا ئێمە چەندە بە هەڵەداچووین و خودی پرسیار لە شانۆ بەم شێوە نابێت و ئێمە کێشەکەلی زانستی و مێتۆدۆلۆژیکمان لەگەڵ شێوەی پرسیار لە شانۆ هەیە. لە هەر ڕووەوە دەستنیشان کردنی چەمکێک بۆ بیرکردنەوە یەکەم هەنگاو بۆ دۆزینەوەکانە؛ چ دۆزینەوەی وڵامێک بۆ دیاری کردنی چوارچێوی شانۆی کوردی و چ دەرخستنی هەڵە تێۆریەکانی خۆمان.

من لەو وتارە کورتەدا (زمان) وەکوو چەمکی بنەڕەتیی گێرانەوە ڕەچاو دەگرم و لە پێناو زماندا هەوڵ دەدەم دەلاقەیەک بۆ بیرکردنەوە لە مانای شانۆی کوردی یان بە گشتی هونەری گێڕانەوەی کوردی بدۆزمەوە. جەختی ئەم وتارە لە سەر (زمانی گێڕانەوە)یە و مەبەست لە زمان لێڕەدا (زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە) نییە، زمانی گێڕانەوە، زمانێکە کە ئێمە لە سیستەمی گێڕانەوەدا بە کاری دێنین. ئەم زمانە بە پێی سیستەمی زاڵی گێڕانەوە خۆی هەڵگری چەندین چەمک و لق و پۆیە کە لە زاتیاندا تەکنیک و فۆرمی بەکار هێنانی زمان دیاری دەکەن. دیارە لە کاتی گێڕانەوەدا، نووسەر یان بێژەر بۆ بەیانی چیرۆکی خۆی کەڵک لە کەرەستەگەلێکی تایبەت دەگرێت، چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم کەرەستەیە خۆی لە خۆیدا فەزایەکی تایبەت لە چیرۆک و زمان دەخولقێنێت کە ڕەنگە تەنیا لای ئەم نووسەر/بێژەرە دەست کەوێت. زمانی ڕۆژەزار، هەمیشە تێکەڵاوی سیستەمی سەپێندراوی بیری -هزرییە کە پشت ئەستوور بە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتە، لە لایەکی ترەوە زارەکی بوونی ناخافتنی ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی (دەق) و کارکردی نەستی بەکۆمەڵ لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا، باشترین شوێنە بۆ کارتێکەری ئایدیۆلۆژی و هێژمۆنی زاڵ. هەر بۆیە ئەم زمانە (واتە زمانی ڕۆژەزار) بە بێ پاڵپشتی زمانی بەدەق‌کراو (جەستەمەند)، کە وێنای زیاتر لە (زمانی گێڕانەوە)دا دەبینێتەوە ناتوانێت گوشار و هێژمۆنی زاڵ تاوتوێ بکات و دەرەتانێکی هزری بۆ بدۆزێتەوە،

کۆستیکا براداتان، پسپۆری فەلسەفەی ئاکسفۆرد، لە وتارێکدا لەسەر بەرهەمەکانی هێرتا مولەر، دەڵێت: “زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە”. مەبەست لە (پیسی زمان) لە بۆچوونی براداتان، ئالوودەبوونی زمان بە دژە حەقیقەتەکانە، واتە زمان جیا لەوەی دەتوانێت دژ بە سیستەمی تۆتالیتار بوەستێت، لە هەمان کاتیشدا توانستی ئەوەی هەیە بە پێچەوانە بێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی سیستەمی دژە حەقیەقەتدا بێت. ڕۆڵان بارت لەم بارەوە دەڵێت: “زمان ڕواڵەتێکی فاشیستی هەیە، شکاندنی ئەم ڕواڵەتە و دۆزینەوەی مەودایەک بۆ دەربازبوونی زمان لە فاشیزم، تەنیا بە گێڕانەوە دەکرێت”. لێردا گێڕانەوە (Narration)  هەمان -بەپێچەوانە کردنی زمانە-، واتە سیستەمی سەپێندراو خۆی زمانێکی تایبەت بە مانایەکی تایبەت، بەرهەم دێنت کە لە پرۆسەی ئاخافتن و بەکار هێنان وەکوو هێژمۆنیای زاڵ گشت مانا و چەمکەکان دەباتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لێرەدا گێڕانەوە- کە همیشە گێڕانەوەی شتێکە- لە هەوڵی ختۆکەدانی هێژمۆنیای زاڵە. شەری دەستەویەخەی -گێڕانەوە و هێژمۆنی زاڵ- لانیکەم یەک چەمک بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە: ئەویش جیاوازی بیرکردنەوەی (من گێڕەوەر) و سیستەمی بە هێژمۆنی‌کەری زمانە. کەواتە -پیسی زمان- تەم و ڵێڵ بوونی حەقیقەتە، بە زمانێکی‌تر، پیسی زمان، پێشگری لە وەدەرخستن و وەگڕخستنی منی گێڕەوەرە. زمانی گێڕانەوە بە شێوەی ناراستەوخۆ -هەندێ جاریش ڕاستەوخۆ- فەزای بیر و هەست و ئارگیومنت تا ڕادەیەکی بەرچاو زەق دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەو زمانە لە چەمکێک بدوێت کە هیچ پێوەندی بە ژین ـ جیهانەوە نەبێت. بۆ نموونە کاتێک زمانی کوردی بۆ گێڕانەوە- لێرەدا جەخت لەسەر گێڕانەوەیە، نە زمانی ئاسایی ئاخافتن- بەکار دێنین بە شێوەی نەستەکی دەکەوینە ناو بازنەیەکی بیری و هزری لە فامستی ئێمەی کورد بە (جیهان، مرۆڤ و بوون). تەنانەت ئەگەرچی منی کورد ئەزموونێک کە کامۆ و سامۆئێل بێکێت، پاش چەند سەد ساڵ فەلسەفە و ئەندێشە هەیانبووە، نیمە، بەڵام کاتێک منی کورد بە فەزای زمانی گێڕانەوەی کوردی لەگەڵ ئەم نووسەرانە بەروروو دەبمەوە، ئەوە دیسانەکە دەرکی منی کورد-تەنیا منی کورد- لەو نووسەرانە و کێشەکانیان بەرجەستە دەکاتەوە. کەواتە لێرەدا بە کارهێنانی زمانی گێڕانەوەی کوردی نە تەنیا جیاوازی دەرک و فامی من لە جیهان بە عام و لە هونەر بە تایبەتی زەق دەکاتەوە، بەڵکوو دەرەتانێکی تەکنیکیش بۆ من دەخولقێنێت. چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم تەکنیکە لە کاتی گێڕانەوەی بەردەوامدا بە باشترین شێوە خۆی وەدەردەخات، بۆ نموونە لە شانۆدا جەخت کردن لەسەر مانایەکی تایبەت و نیشاندانی ئەم مانایە بە بەردەنگ پێویستی بە داڕشتنێکی تایبەتیش هەیە و ئەم داڕشتنە پێویستی بە کەرەستەی تایبەتەوە هەیە. بەم پێیە پرسیار لە زمانی گێڕانەوە دەکەوێتە پێش پرسیار لە هونەر/شانۆی کوردی. واتە زمانی گێڕانەوەی ئێمە چییە؟ کاتێک مرۆڤێکی کورد دەست بە گێڕانەوە دەکات، فەزای چیرۆکی چۆن دادەڕێژێت؟ و لە کەرەستەکانی گێڕانەوە چۆن سوود وەردەگرێت؟ بێگومان بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت گشت دەقگەل و دەنگبێژیی کوردی کە شێوەیەک لە گێڕانەوەی پێوە دیارە، تاوتوێ بکرێن تا بتوانین ئارگیومنتەکانی کورد بە جیهان و مرۆڤ و بوون بدۆزینەوە.

هەمیشە یەکێک لە گرفتەکانی شانۆنامەنووسی و شانۆگەری کوردی، کەوتنە ژێر ڕکێفی جیهانبینیی غەیری کورد بووە. هەڵبەت مەبەستی من لێرەدا نەک ڕوانینێکی ناسیۆنالیستی بۆ ئەو پرسە، بەڵکوو ئاوردانەوە لە ژین ـ جیهانەکانە کە بێ ئەوەی هیچ بریارێکی فەلسەفی لەسەر بێت، لەسەر جیهانی تاک بە تاکی مرۆڤەکان کاریگەری هەیە. یان بە واتایەکی‌تر لە ژێر ڕکێف‌بوونی جیهانی کوردی، بیر و هەڵسەنگاندی جیهان لە لایەن مرۆڤی کورد بە سیستەم و هێژمۆنیای زاڵە. بێگومان یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ژێر ڕکێف کەوتنە، دەگەڕێتەوە سەر نەناسینی زمانی گێڕانەوەی کوردی. بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ شانۆنامەیەک کە بەکوردی نووسراوە بەروڕوو دەبینەوە، لایەنەکانی ئەم باسەمان زیاتر بە لاوە ڕوون دەبێتەوە؛ تەنیا بە سەرنجدانی ڕاوێژی کاراکتێرەکان بۆمان دەردەکەوێت ئەم زمانە زمانی گێڕانەوە نییە و زیاتر وەکوو زمانی وتارنووسین و وتاربێژی دەچێت تا زمانێک کە خەریکە بۆ ئێمە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، ئەم گرفتە لە دەقی وەرگێڕدراو بۆ کوردی زیاتر بەرچاوە. نەبوونی دەرک و تاوتوێ لە چییەتی زمانی گێڕانەوە شانۆنووس بەرەو زمانێک دەبا کە نموونەکەی بە هیچ ڕوو لە گێڕانەوەدا ڕوو نادات و نایەتە هیچ خانەیەکی گێڕانەوەیی. ڕەنگە لە ڕواڵەتدا ڕاوێژی کاراکتێر وەکوو زمانی ڕۆژەزار بێت، بە پێی بۆچوونی گێڕانەوەناسی ئەمە کەم‌وکۆڕی بە هیچ چەشنێک بۆ ڕاوێژی چیرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو بەرزی ئاستی گێڕانەوەش دەگەیەنێت، زمانی گێڕانەوە شێوەیەک لە بەکارهێنانی ڕاوێژ و چەمک و نموونەی دەست نیشانکراو نییە، بەڵکوو لێرەدا، مەبەست سیستەمی گێڕانەوەیە کە لە کۆی گشتی چیرۆکدا پێک دێت، ئەم سیستەمە ڕوانگەی منی نووسەر بە جیهان و ماناکانی ڕوون دەکاتەوە. ڕەنگە هەر بە هۆی نەناسینی زمانی گێڕانەوەیە کە ئێمە کاتێک شانۆیەک بە زمانی کوردیش دەخوێنینەوە، دیسانەکە ناتوانین ئارگیومنت و ئیماژەکانی مرۆڤی کوردی تێدا ببینینەوە، هەر بۆیە هەر کات باس لە شانۆی کوردی دەکرێت بێ یەک و دوو بیر لە شانۆیەک دەکەینەوە کە یان خەریکی گێڕانەوەی بەیت و حەقایەتەکانی فۆلکلۆری کوردییە یان سەرقاڵی گێڕانەوەی کارەساتەکانی کوردە. واتە زیاتر خودی ناوەرۆک و بابەتی شانۆ بۆمان دەردەکەوێت تا چۆنییەتی بە کارهێنانی کەرەستەی گێڕانەوە و تەکنیک و فۆرمی نوێ کە لە ئاکامدا بیرو هزر بە نسبەتی جیهان و مرۆڤ و بوون ڕوون دەکاتەوە. بەم پێیە شانۆنووسی کورد حوکمی لەسەر دەکرێت کە (تۆ کاتێک شانۆی کوردیت نووسیوە کە تەنیا یەکێک لەم جیهانانەی کورد باس بکەی)!، کەواتە بەم دەرکە، باس کردن لە گرفت و کێشەکەلی ئەمڕۆی کۆمەڵگا یان ورووژاندنی باسێکی فیکری نایەتە خانەی شانۆی کوردی. ئەم بۆچوونە بە پێی گێڕانەوەناسی و زانستگەلی مرۆیی تا سەرئێسقان هەڵەیە، چونکە هەر کات من وەکوو کورد یان هەر نەتەویەکی‌تر بە زمانی گێڕانەوە – هەڵبەت بەو مەرجە کە من زانستم بە سەر زمانی گێڕانەوەدا هەبێت- بە شێوەی نەستەکی ئەو ڕوانینەم بە سەر جیهاندا زاڵ دەکەم؛ ڕوانگەیەک کە لە ژیانی ژیندراومدا سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت بە ڕوانگەیەکی پۆست کۆلۆنییالەوە، ئەگەر نووسەرێک لە زمانی چیرۆک و نووسینەوە خەریکی وێناکردنی جیهانی ئەویتریش بێت، دیسانەکە شێوەیەک کە جیهانی خۆی وێنا دەکا، ئەویش جیهانی کۆلۆنییال کراوی خۆیەتی، کەواتە بەردەوام‌بوون لە گێڕانەوەدایە کە توانستی ئەوەی پێدەدات لەم جیهانە کۆلۆنییالە بێتە دەر.

بە پێی بۆچوونەکانی سەرەوە، پێویستە ئێمە ئارشیوێک لە دەقگەل و دەنگبێژی/بەیت بێژیی کوردیمان هەبێت کە لە تاوتوێی ئەم دەقانە شێوە گێڕانەوەی کوردی تا ڕادەیەک دیاری کەین. ڕەنگە ئەم کارە کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام بە مانای نەکران نییە. نموونەگەلی بەرچاومان لە چیرۆکی جیهانی و تەنانەت شانۆی جیهانی هەیە کە بێ ئەوەی ناوی نووسەرەکەی بزانین تەنیا بە خوێندنەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم چیرۆکە هی فڵانە شوێنە. ڕیالیزمی سیحراویی ئەمریکای لاتین بە ساکاری لە ڕیالیزمی سیحراویی ئەڵمانیا جیا دەکرێتەوە. یان شانۆی ژاپۆن تەواو لە شانۆی بریتانیا جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە تەواوی شێوەکانی گێڕانەوەدایە، لە سینەماوە بگرە تا ڕۆمان و نیگارکێشی.

(کاوان محەمەدپوور)

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان

Previous
Next
Kurdish