Skip to Content

خۆشترین بەشی ڕۆژ … نووسینی: عەتا میرەکی

خۆشترین بەشی ڕۆژ … نووسینی: عەتا میرەکی

Closed
by شوبات 13, 2019 General, Literature

یادداشتێک لەسەر ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ(کازوو ئیشیگورۆ)

ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ (The Remains of the Day)سێهەمین بەرهەمی ڕۆماننووسی بەریتانیایی (کازوو ئیشیگورۆ) یە کە نۆبێلی ئەدەبیی ساڵی ٢٠١٧ی پێ بەخشرا. هەروەک دوو ڕۆمانی پێشتری خۆی، پاشماوەی ڕۆژ
لە گۆشەنیگای(Point of View) یەکەم کەسەوە دەگێڕدرێتەوە کە کەسایەتی ستیڤێنزە(Stevens) و وەکوو باتلێرێکی(butler) ئینگلیزی لە گەورەماڵێێکی ئەشرافیدا کار دەکا.

خاوەن ماڵەکە کەسێکی ناودار و دەست ڕۆیشتوویە بە ناوی لۆرد دارلینگتن کە لە میانەی ڕۆمانەکەدا بە وردی باسی کەسایەتیی دەکرێ. لە کولتووری ئینگلیزیدا باتلێر وەکوو سەرپەرشتیاری خزمەتکاران لە ماڵەئەشرافیەکاندا ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماڵی پێ دەسپێردرێ و بێجگە لەوەش سەرپەرشتیی خزمەتکاران دەکا.

ئیشیگورۆ خۆی دەڵێت بۆ ئەوەی لە شێواز و زمانی ئاخاوتنی باتلێرەکان کەڵک وەربگرم زۆرم هەوڵ دا بەڵام لەو بارەیەوە هیچم دەست نەکەوت، چۆنکە هیچ باتلێرێکم نەبینییەوە کە یادەوەرییەکانی خۆی نووسیبێتەوە، بۆیە بە ناچار شێوازی قسەکردنی باتلێرێکم لە مێشکی خۆمدا خۆڵقاند کە وەک لە ڕۆمانەکەشدا دەردەکەوێ زمان و لەحنی ستیڤێنز زمانێکی شەق و ڕەق و فەرمییە و هەمیشە دەرخەری ڕێزی تایبەتی باتلێرێکە وەکوو ژێردەستەیەکی گوێڕایەڵ بۆ گەورەی خۆی.

چیرۆکی ڕۆمانەکە لە کۆتایی پەنجاکاندا و بە گەیشتنی نامەیەک لە هاوکارێکی کۆنەوە دەست پێ دەکا. لەو نامەیەدا میس کێنتن(Miss Kenton) باسی ژیانی هاوبەشی خۆی دەکا کە ستیڤێنز بەوە تێدەگا کە گوایە لە ژیانی هاوبەشی ناڕازییە و بۆیە بە هەلی دەزانی بە بیانووی هێنانەوەی خاتوو کێنتن بۆ سەرای دارلینگتن دیسان بچێتەوە سەر سۆزدارییە کۆنەکەی و هەستی بەرانبەر خاتوو کێنتن کە هیچکات نەیویست ئەو سۆزە بدرکێنێ.

ئێستە ئیتر سەردەمی لۆرد دارلینگتن کۆتایی هاتووە و خاوەنی تازەی سەرای دارلینگتن کابرایەکی دەوڵەمەندی ئەمریکاییە بەناوی فارادەی. فارادەی بە پێچەوانەی دارلینگتن باوەڕی بەو دیسیپلین و نەزم و نەسەقە ئینگلیزییە نیە کە پێشتر وەکوو یاسا و ڕەوشت لە هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی سەرای دارلینگتندا پەیڕەو دەکرا. فارادەی ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆی بە ستیڤێنز دەدا بۆوەی چەند ڕۆژێک وەکوو پشوو سەفەر بکا و ڕایبوێرێ.

ستیڤێنز ئەو سەفەرە وەکوو دەرفەتێک وەردەگرێ و جارێکی دیکە لە مێشکی خۆیدا بە ئەمەگناسیی و وەفاداریی هەمیشەیی خۆی بۆ لۆرد دارلینگتن وەک دەرخستنی مانای شکۆمەندیی(dignity) و پێوەندی خۆی و تەنانەت باوکیدا بچێتەوە کە ئەویش پێشتر باتلێر بووە و بۆماوەیەکیش لە سەرای دارلیگتندا کار دەکا و لەوێیش دەمرێ. لای ستیڤێنز وەفاداریی بۆ دارلینگتن و بەتەواوی ڕێک و پێکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی باتلێرێکی سەرکەوتوو دەرخەری مانای شکۆمەندییە.(dignity)

هەموو ئەمانە و هاوکات وردەکاریی ڕووداوەکانی ناو سەرای دارلینگتن لە ساڵەکانی پێش شەڕی جیهانی دووەم، کەسایاتیی لۆرد دارلینگتن و پێبەندیی لەڕادەبەدەریی ستیڤێنز بە یاسا و دەستووری وشکی ئەشرافیی ئینگلیزی و سۆزداریی هەرگیز نەگوتراوی بۆ خاتوو کێنتن لە ڕێگەی تەکنیکی فلەش بەک(flash back) و پێداچوونەوەی ڕووداوەکان لە مێشک و یادەوەریی ستیڤێنزدا بە چڕوپڕی دەگێڕدرێتەوە و خوێنەر لە دەلاقەی زەینی ستیڤێنەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە ئاگادار دەبێتەوە.

دواتر لە دیداری ستیڤێنز و کێنتندا دەردەکەوێ کە کێنتن ساڵانێکە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و ئێستە ناوی خانمی بێنە (Mrs.Benn). سەرەڕای ئەوەی بڕێجار خانمی بێن بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر خۆشەویستی ئەو و ستیڤێنز بێ سەمەر نەدەمایەوە و پێکەوە دەژیان ئاخۆ ژیانیان چۆن دەبوو؟ بەڵام ئێستە مێردەکەی خۆش دەوێ و چاوەڕێی لەدایکبوونی نەوەکەیان دەکا.

ستیڤێنز لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا بیر لەو دەرفەتانە دەکاتەوە کە تازە لەدەستی چوون. دەرفەتی خۆشەویستی و ژیان لەگەڵ کێنتندا، دەرفەتی ئەوەی کە دەیتوانی جۆرێکی تر لەگەڵ ڕووداو و دۆخە جیاجیاکاندا ڕووبەڕوو بێتەوە بەڵام ئێستە وەک مایەپووچێک لە ڕابردوو دەڕوانێ و تووشی حەسرەت بووە. هەرچەند سەرەڕای ئەو حەسرەتە خوێنەر قەت پێی وا نیە ستیڤێنز لەو شێوازە بیرکردنەوە ڕزگاری بێ کە لە ماوەی تەمەنیدا بەو باوەڕەوە ژیاوە و تەنها شتێک کە گرنگی پێداوە بەرجەستەکردنی شکۆمەندییە(dignity) و خزمەتکردن بە گەورەکان کە لە ناخودئاگای خۆیدا باوەڕی بەوە هێناوە کە لە ڕێگەی هەرچی باشتر خزمەتکردنەوە ڕۆژێک ئەویش دەبێتە خاوەن ئەو شکۆ و گەورەییە.

کاتێک دیداری لەگەڵ کێنتندا کۆتایی دێ و بەهەڵکەوت تووشی پیرە پیاوێک دێ کە ئەویش سەردەمانێک خزمەتکار بووە و پێکەوە قسە دەکەن. دوایی سەیری ڕیزەچراکانی قەراخ دەریا دەکا کە هەڵکراون و لەبەرخۆوە دەڵێ هێشتا تۆزێک لە ڕووناکایی ڕۆژ ماوە. ڕەنگە قسەکانی ئەو کابرایەش ڕاست بێ کە وتی بۆ زۆر کەس خۆشترین بەشی ڕۆژ شەوە، بەشێک کە بە درێژایی ڕۆژ چاوڕوانی دەکەن.
ئەگەر وا نیە بۆ ئەو جەماعەتە بە هەڵکردنی چراکان گەشکە دەبن و خۆشیی دەکەن. پیاوە بەساڵاچووەکە پێی دەڵێی ئەو ڕێگایەی تۆ گرتووتەبەر هەڵەیە، کەم چاوت لە ڕابردوو بێ، حاڵت خراپ دەکا. هەموومان واین، سەرەنجام دەبێ قاچمان ڕاکێشین. دەبێ چاوت لە ئایندە بێ، بۆخۆت خۆش بە، خۆشترین بەشی ڕۆژ شەوە.

بەڵام دوا دێڕەکانی ڕۆمانەکە دیسان ئەو تۆزقاڵە ڕووناکییەش دەکوژێنێتەوە کە وەکوو هیوایەک بۆ گۆڕان لە بیرکردنەوەی ستیڤێنزدا بەدی دەکرا؛ کاتێ ستیڤێنز دەڵێ: بەڕای من هیچ کێشە نیە ئەگەر گەورە و خاوەن سەرا لە خزمەتکارەکەی خۆی کە لە کار و ئیشی خۆیدا سەرکەوتووە چاوەڕێی گاڵتەوگەپ بکا، هەڵبەت من بۆخۆم ماوەیەکی زۆرم کات بۆ فێربوونی گاڵتە سەرف کردووە بەڵام لەوانەیە بە جدییەتی تەواوەوە وەدوای ئەو ئیشە نەکەوتبم. سبەی کە بگەڕێمەوە سەرای دارلینگتن بەڕێز فارادەی تا حەفتەیەک نایەتەوە، بۆیە زۆرتر دەرفەتم هەیەوە خۆم ئامادە بکەم ڕەزامەندیی بەڕێزیان وەدەست بێنم.

ئەوەوی دەکرێ وەکوو بەرچاوترین تێم(Theme) لە ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژدا ئاماژەی پێ بکرێ گرنگترین لایەنی ژیانی ستیڤێنزە کە هەمان شکۆمەندیی(dignity) باتلێرێکی ئینگلیزییە. لای ستیڤێنز ئەو دەرکەوتنانەی لە شکۆمەندییەوە سەچاوە دەگرن بەتایبەت لە دۆخە دژوار و چارەنووس سازەکاندا سەرخزمەتکارێکی سەرکەوتوو وەدی دێنن.
ئەم هەست بە شکۆمەندیی کردنە کارتێکەریی بەرچاوی دەبێ لەسەر ژیانی ستیڤێنز بەتایبەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مەرگی باوکیدا کە لەگەڵ ئەوەی لە مردنی باوکی ئاگادار دەکرێتەوە ئەو میوانی و ئاهەنگەی هاوکات خەریکە لەسەرای دارلینگتندا بەڕێوە دەچێ بەجێ ناهێڵێ، یان ئەوەی کە هەست بە خۆشەویستی کێنتن دەکا و تەنانەت کێنتن لێی نزیک دەبێتەوە کەچی ستیڤێنز لە درکاندنی هەستی خۆی خۆ دەبوێرێ و دواجار شکۆمەندیی پیشەکەی هەڵدەبژێرێ.

لە بەکگڕاوندی گێڕانەوەکەی ستیڤێنزدا چەن بڕگەی گرنگی مێژووی ئەورووپا و جیهان هاوپێچ دەکرێ و باسی لێوە دەکرێ کە دەگەڕێتەوە بۆساڵەکانی نێوان شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم و بە تایبەت چەند ساڵی پێش دەسپێکی شەڕی دووەم.

بیرەوەرییەکانی ستیڤێنز دوو بەشن: یەکەم ئەوانەی پەیوەستن بە ژیانی تاکەکەسیی خۆی کە چیرۆکی عیشقێکی بێ ئاکامن کە هیچکات تەنانەت دەریشی نەبڕی، دووەمیش ئەو ڕووداوانەن کە لە سەرای دارلینگتندا و لە پێش چاوی ستیڤێنز ڕوو دەدەن کە ئەو زۆر لێیان تێناگا و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆبوونەوە سیاسییانەی لایەنە کانسێرڤاتیڤەکانی ئینگلیز کە لەو سەردەمەدا هەوڵی لێکتر نزیک کردنەوەی دەوڵەتی ئینگلیز و ئاڵمانیان دەدا.

ئەم بەکگراوندە مێژوویی و سیاسییەی لە ڕۆمانەکەدا بوونی هەیە مرۆڤی فەرمانبەردار و گوێڕایەڵی وەکوو ستیڤێنز بەرهەم دێنێ کە وەک دەبینین تەنانەت پاش تەمەنێک چاوپۆشی لە حەز و ویستی خۆی وەک ئینسانێک، دواجار حازر نیە دەست لەو شکۆخوازیی و مەزن ویستییە پوچ و بێ ئەنجامەکە خۆی هەڵگرێ.

Ata

Previous
Next
Kurdish