تۆزقاڵێک لە جوانی کەنار… شيعر: كاوه عوسمان عومه ر
ئەو چاوانەی مانگیان تیا وونبوو
فریشتەیەک لەشيعرێكه وە دروستبوو
جەستەیەک بوە پەروانە
ڕستەیەک لە تەرتیلەکانی نەفرەت
لەسەر لەپی شەوێک
نەبارانی لەبەرا بوو، نە چارەیەکیشی
بۆ ڕۆحپژانی ئەو تارماییە مەستانە کرد
لە قەڵایەک لە ئازاری زومردی دەریا
تا سپێدەیەکی تر،
بۆ مشتێ لە ژوان توانەوە
بەڵام خۆ مانگێک لەبەردەما بۆت گریا
تۆ هەر بە دڵپژانی خۆتەوە
ڕۆژە زومردیەکانمت گوڵچنین کرد
کە ویستم بتبینمەوە
گفتو گۆی باران و ووشە بوو
ڕەگی دارەکان لە رۆحی منایە
بۆیە بە بڕینی هەر پەلێک
لە دارستانی سپی تەنیایی تۆ
دڵێشم خورپەیەتی
وەک خۆکووشتنی بایەک
بە پەنجەرە شەرەنگێزەکەی سەفەرمان
شەقامیش چۆڵ بن
هەر تەنیایی قیبلەنمامە
پیاوێک لە ئاسن
ژنێک لەبەرد
شاخێک لە ئاو
ئاسۆیەکیش پێشگەیشتنی ئەو کەشتیەی
لە ڕەگ و لم و نیشتمان پڕکرابوو.