شانزدەی سێ.. فەرەیدوون سامان
ناوم هەڵەبجەیە
لەسەر نەخشەی جیهاندا
بوونم نییە
عاشقێک نییە خۆشی بوێم
شاعیرێکیش چامەیەکم بۆ نانووسێت،
کراسێکی سوورم لەبەردایە
خوێنی منداڵەکانی لێ دەتکێت.
بێ سەر
بەتەنێ
بەنێو جەنگەڵەکاندا رێ دەکەم..
بە قفڵێکی گەورە دەرگای رووناکی دادەخەم،
لە سەر رێگاکاندا
لە بۆنی عەترەکانیان مەست دەبم
رێبوارەکانیش نادوێنم
گورگەکان کاتێ دەیانبینم
لە نیگای چاوەکانیان تێدەگەم
لە زمانیان حاڵی دەبم
نێچیرەکەیان راو دەکەن،
من ناوم هەڵەبجەیە
خودایەکەی ئێوە
منداڵەکانی ئێمە ناناسێتەوە..
فەرەیدوون سامان