بەشەرمەوە ماچم دەكا … ستار ئەحمەد

ئەمشەو درەنگ
وەك دوا ساتی
عومری جوانیی بەفیڕۆچووم
شاتوویەكی هەڵوەریوم
لە كەناری جووداییدا
بەرەو ناخی سووتان رۆچووم
عەشقێك لەلاتەی چۆلەكەو
شاباڵی چرپەی هەور دەچێ
بەهێمنی لەرۆحمەوە
بەرەو هەناسەم هەڵدەچێ
هەموو شتێك
بۆنی پاكیتی گرتووە
پرسیارو سۆراخی ژینت
دوو دەستی رەش هەڵگەراون
بەرۆكی ناخمیان گرتووە
بۆ كوێ بڕۆم
نیگات لەدیدەم نابڕێ
ئەم عەشقەی تۆ
چەقۆی ملی ئیسماعیله‌
بەشەرمەوە ماچم دەكاو
سەرم نابڕێ