Skip to Content

جەنگ لەگەڵ مەرگ و ژیاندا.. ئەحمەد کامەران

جەنگ لەگەڵ مەرگ و ژیاندا.. ئەحمەد کامەران

Closed
by November 21, 2021 General

منداڵێك رۆژی له‌ دایكبوونێكی جیاوازی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ژیانێكی جیاوازتری هه‌بوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی دیكه‌دا . ئه‌مه‌ش وای لێكردبوو كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك به‌ جیاوازتر دیاربێت ،ئه‌و منداڵه‌ش ناوی (ئامانج) بوو .
ئامانج له‌ خێزانێكی زۆر هه‌ژارو ده‌ستكورتدا له‌دایكببوو.ئیتر ئه‌م كوره‌ خێر له‌خۆنه‌دیوه‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی زوودا به‌ سه‌خترین قۆناغه‌كانی ژیانی هه‌ژاریدا تێپه‌رده‌بێتن.ئه‌و له‌پاش كۆچی دوایی باوكی ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ی كه‌ له‌سایه‌ی باوكییه‌وه‌ هاتبووه‌ ئاراوه‌ بۆی . ئامانجیش ناچارده‌بێت ئه‌و ژیانه‌ سه‌خت و هه‌ژاریه‌ بخاته‌ سه‌رشانی خۆی له‌پێناو خیزانه‌كه‌یدا.
ئامانج گه‌نجێك بوو كه‌ له‌ قۆناغی گه‌نجێتی ژیانی هیچ كاتێك دڵداری له‌گه‌ڵ هیچ كچێكدا نه‌كردبوو، چوونكه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌یگوت: من نامه‌وێت هیچ كاتێك بكه‌ومه‌ ته‌ڵه‌ی خۆشه‌ویستی كچێكه‌وه‌ كه‌ داهاتوویه‌كی هه‌ژار بنیات بنێم له‌سه‌ری. ئه‌وكاته‌ خۆشه‌ویستی ده‌كه‌م كه‌ توانای به‌رزراگرتنی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌م هه‌بێت له‌ ژیان و هیچكاتێك نه‌رووخێت…

كاتێك منداڵ بووم، ژیانێكی زۆر جوانم هه‌بوو چوونكه‌ نه‌مده‌زانی له‌ چوارده‌وره‌كه‌م چی ده‌گوزه‌رێتن .جگه‌ له‌ پێكه‌نین هیچ شتێكی ترم شكنه‌ده‌برد ،به‌ڵام كاتێك به‌پێی تێپه‌ربوونی ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی ژیانم كه‌ گه‌وره‌ بووم . له‌ گریان و خه‌م هیچی دیكه‌ فێرنه‌بووم له‌م ژیانه‌دا.خۆزگه‌ بۆ به‌شێكی زۆری مرۆڤه‌كان ته‌نیا ژیانی منداڵیان هه‌بووایه‌ به‌تایبه‌تیش بۆ من.
ئه‌گه‌ر بمزانیبایه‌ كه‌ ژیانێكی له‌م جۆره‌م ده‌بێت كه‌ پڕیه‌تی له‌ سه‌ختی و ده‌رده‌سه‌ری كه‌ هه‌موو رۆژێكم جه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ مه‌رگ و ژیانی خۆمدا. هیچ كاتێك من ئاره‌زووی له‌دایكبوونی خۆمم نه‌ده‌كرد.
خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ سه‌خترین ژیانیان هه‌بوو.كه‌ به‌رده‌وام به‌ده‌ستی هه‌ژاری و كرێچێتیه‌وه‌ ده‌مانناڵاند، هه‌رجاره‌و له‌ كرێی خانوویه‌ك نیشته‌جێ ده‌بووین، باوكم پیاوێكی كرێكارو هه‌روه‌ها عاره‌بانه‌ شڕه‌یه‌كی هه‌بوو له‌ناو بازاری شێخه‌ڵا بژێوی ژیانی ئێمه‌ی پێدابین ده‌كرد .رووخساری باوكمم هه‌میشه‌ له‌یادم ماوه‌ كه‌ پیاوێكی باڵا به‌رزی ئه‌سمه‌ری پشت كۆماو بوو،كه‌ هیچ كاتێك ئه‌و باوكه‌ی من نه‌یده‌زانی مانای پێكه‌نین چییه‌؟ جگه‌ له‌ گریان و رژاندنی كۆمه‌ڵێك فرمێسكی بێبه‌هایانه‌ كه‌ هیچ كاتێك ئه‌و فرمێسكانه‌ی باوكم نه‌یتوانی ژیانی خۆش بكاتن ته‌نانه‌ت بۆ چركه‌یه‌كیش بێتن.
باوكی من ژیانێكی زۆر سه‌ختی هه‌ڵبژاردبوو كه‌ ئه‌ویش ره‌نجدان بوو له‌ پێناو من و دوو خووشكه‌كه‌م.رۆژێكیان له‌ قووتابخانه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بینیم له‌پێش ده‌رگای ماڵه‌وه‌ ئۆتۆمبیلێكی فریاكه‌وتن وه‌ستابوو. خه‌ڵكی هه‌موو گه‌ڕه‌ك له‌پێش ماڵمان كۆببونه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ماڵی خۆمان نه‌بوو كه‌ رۆژێك به‌ ئارامی تێیدا بحه‌سێینه‌وه‌. منیش جانتاكه‌ی سه‌رشانم فڕێدا سه‌رزه‌وی و به‌راكردن به‌ره‌ولای ماڵه‌وه‌ رۆیشتم ،كاتێك نزیكی ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان بووم راسته‌وخۆ دوو كارمه‌ندی ته‌ندرووستی باوكمیان خستبووه‌ سه‌ر قه‌روێله‌یه‌كی چوار تایه‌ری.كه‌ به‌خێرایی به‌ره‌و نێو ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتنه‌كه‌ سه‌ریان خست. له‌ولاشه‌وه‌ دایكم به‌گریان و له‌ خۆداین له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ی فریاكه‌وتن رۆیشت و منیش ئه‌و رۆژه‌ ناچاربووم له‌ماڵه‌وه‌ له‌لای خووشكه‌ بچووكه‌كانم بمێنمه‌وه‌…
كاتژمێر پێنجی ئێواره‌ بوو دایكم به‌ گریانه‌وه‌ زه‌نگی بۆ كردم منیش هه‌ستم كرد كه‌ شتێكی مه‌ترسیدار به‌سه‌ر باوكمدا هاتووه‌ ، دایكم به‌ ناخێكی پڕ له‌ گریانه‌وه‌ پێی راگه‌یاندم كه‌ باوكت كۆچی دوایی كردوه‌.ئیتر ئه‌و بۆ هه‌تا هه‌تایی ماڵئاوایی له‌هه‌موومانی كرد.ته‌نانه‌ت له‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ی كه‌ ساڵانێك به‌ ده‌ستیه‌وه‌ گیرۆده‌ ببوو.
دوو خووشكه‌ جوانه‌كه‌م (دینه‌و زینه‌) دینه‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا چوار ساڵان بوو وه‌ زینه‌ی خووشكم هه‌شت ساڵان بوو. ئه‌وان زۆر هه‌ستیان به‌بوونی بێ باوكی نه‌ده‌كرد چوونكه‌ له‌ سه‌ره‌تای به‌هاری منداڵی خۆیان بوون . به‌ڵام من و دایكم له‌و رۆژه‌وه‌ خه‌نجه‌رێك له‌سه‌ر دڵماندرا.منیش ئه‌وكات ته‌مه‌نم ته‌نیا چوارده‌ ساڵان بوو،كه‌هیچ كاتێك خۆشیم له‌ورۆژانه‌ی خۆم نه‌بینی.
باوكمان ببووه‌ په‌رده‌یه‌ك بۆ شاردنه‌وه‌ی هه‌ژاریه‌كه‌مان، له‌هه‌مانكاتیشدا پردێك بوو له‌ نێوان ژیانی ئێمه‌ و هه‌ژاریه‌كه‌مان .كه‌ هیچ كاتێك نه‌یهێشت ئێمه‌ چێژی هه‌ژاری بچێژین،هه‌موو سه‌ختیه‌كانی ژیانمان دابووه‌ سه‌رشانی خۆی به‌ته‌نیا.
له‌پاش كۆچی دوایی باوكم ئه‌و پرده‌گه‌وره‌یه‌ رووخا كه‌ ساڵانێك باوكم بنیاتی نابوو بۆمان . باوكم بڕبڕه‌ی پشتی ماڵه‌كه‌مان بوو ، ئه‌و باوكه‌ ماندووه‌م له‌ته‌مه‌نێكی زوودا به‌هۆی ماندووبوونیه‌وه‌ ژیانی خۆی به‌ختكرد بۆمان ، له‌یادمه‌ كه‌ چه‌نده‌ها جار له‌ كرێكاری له‌سه‌ر ئه‌سكه‌له‌كان كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ به‌رگه‌ی گرت و وازی نه‌هێنا له‌ پێناو ئێمه‌دا ،به‌ڵام تا رۆژێك سه‌ری خۆی خوارد و ئێمه‌ی ته‌نیا كرد…
له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ باوكم ئێمه‌ی به‌جێهێشت ژیانمان زۆر به‌ره‌وسه‌ختبوون ده‌رۆیشت. كه‌ ناچار بووم من به‌شێكی سه‌ختیه‌كان هه‌ڵبگرم، كه‌ ئیتر له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌وه‌ ده‌ستم دایه‌ چه‌ندین كاری جۆراو جۆر له‌پێناو په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌م.رۆژی وا هه‌بوو منێك كاتژمێر سێی شه‌و له‌ كار گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌…
هیچ كاتێك خۆشیم له‌ ته‌مه‌نی منداڵی و هه‌رزه‌كاری خۆم نه‌بینی به‌هۆی ژیانی هه‌ژاری و به‌رده‌وامی كار و ئه‌و قورسایانه‌ی به‌سه‌ر شانمه‌وه‌ بوو، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی كه‌ دایكیشم له‌ پێیه‌كانی خۆی كه‌وت و توانای جوڵه‌ كردنی نه‌ما ئیتر ئه‌و كات من زیاتر هه‌ستم به‌ ماندووبونی خۆم ده‌كرد . پێش ئه‌وه‌ی دایكم بكه‌وێته‌ سه‌رجێگا هاوكارێكی باشم بوو كه‌ شان به‌شانی من كاری ده‌كرد له‌گه‌ڵم .
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ من ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌كه‌م نه‌بووم . چوونكه‌ خوێندنه‌كه‌م تاكه‌ رێگای ده‌ربازبوونم بوو له‌م ژیانه‌ سه‌خته‌. هه‌ربۆیه‌ ناچاربووم له‌ قووتابخانه‌یه‌كی شه‌وان ناوی خۆم تۆماربكه‌م و درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌م بده‌م. كاتێك ته‌ماشای خۆم و منداڵی خه‌ڵكی ده‌كرد كه‌ من چۆن ده‌ژیم و ئه‌وانیش چۆن ده‌ژین، ئه‌وان ده‌م به‌خه‌نده‌و دڵخۆش بوون. هه‌موو شتێكیان بۆ فه‌راهه‌م كرابوو له‌لایه‌ن دایك و باوكیانه‌وه‌. كه‌چی منێكی داماویش چاو به‌فرمێسك و خاوه‌نی دڵێكی مردوو بووم. منداڵی خه‌ڵكی له‌ باشترین خوێندنگه‌كان ده‌یان خوێند منیش وه‌كو شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ له‌ قووتابخانه‌یه‌كی شه‌وان درێژه‌م به‌خوێندنه‌كه‌م ده‌دا، به‌شێكی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون له‌ خوێندنگه‌ی شه‌وانیه‌كه‌دا له‌ رووی په‌روه‌رده‌و ئاستی رۆشنبیری داشۆرابوون . منێك به‌ناچاری له‌گه‌ڵیان راهاتبووم،چوونكه‌ هیچ چارم نه‌بوو هه‌روه‌ها نه‌شمتوانی بگه‌ڕێمه‌وه‌ به‌ر خوێندنی به‌یانیان به‌هۆی زۆری كاركردنم له‌ به‌یانیان،یاخود وه‌كو منداڵی خه‌ڵكی پاره‌م نه‌بوو له‌ قووتابخانه‌ تایبه‌تییه‌كان بخوێنم.
به‌ڵام رۆژێكیان بیرم له‌خۆم كرده‌وه‌ كه‌وا باشه‌ من چیتر چاوم له‌سه‌ر منداڵی فَڵان و فیسار هه‌ڵبگرم ،چوونكه‌ ئیتر ئه‌مه‌ چاره‌نووسی منه‌ كه‌ له‌ رێگای باوكمه‌وه‌ ئه‌م چاره‌نووسه‌م بۆ دیاری كرابوو،كه‌ ده‌بێت باجی هه‌ڵه‌كانی باوكم بده‌مه‌وه‌. بێگومان من هیچ تاوانێكم نییه‌ كه‌ باجی ئه‌م سه‌ختیانه‌ بده‌م. ئه‌گه‌ر بمزانیبایه‌ ژیانم به‌م شێوه‌ی لێدێت ،ئه‌وا نه‌فره‌ت له‌و رۆژه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌دایكبوومه‌.
رۆژانه‌یكی كه‌مم ده‌ستده‌كه‌وت له‌و كارانه‌ی كه‌ ئه‌نجامم ده‌دا كه‌ زۆر جاران به‌ئه‌سته‌م به‌شی خێزانه‌كه‌م و كرێی خانووه‌كه‌مان ده‌كرد، ئه‌گه‌رچی له‌پاش كۆچی دوایی باوكم خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ كرێیه‌كه‌ی له‌سه‌رمان كه‌می كرده‌وه‌ بۆ سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی ، به‌ڵام هێشتاكه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر بوو.
رۆژانه‌ له‌كرێی كاركردنه‌كه‌م توانیم چه‌ند دینارێكی كه‌م بۆ خۆم جار به‌جار پاشه‌كه‌وت بكه‌م ،ئه‌ویش بۆ كڕینی هه‌ندێك كتێب و گۆڤار. كه‌ زۆر ئاره‌زووم له‌ خوێندنه‌وه‌ هه‌بوو چوونكه‌ له‌ رێی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێب و گۆڤارانه‌ی كه‌ ده‌مكڕین شتی نوێی و جوانی تێدا فێربووم . ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌ كتێبه‌كان نرخیان زۆر گران بوو منیش توانای ئه‌وه‌م نه‌بوو به‌ده‌ستیان بێنم. به‌ڵام مامۆستا شه‌وكه‌ت یادی به‌خێر له‌ بازاری رۆشنبیری كتێبخانه‌یه‌كی هه‌بوو ،ناوبه‌ناو هه‌ندێك له‌و كتێبه‌ گرانبه‌هاكان به‌ خۆرایی یان به‌ بڕێكی كه‌م پێی ده‌دام تاوه‌كو چێژیان لێوه‌رگرم، چوونكه‌ هه‌ستم ده‌كرد له‌پاش هه‌ر كتێبێك كه‌ ته‌واوم ده‌كرد ئه‌و سه‌ختیه‌ی سه‌رشانم لاواز ده‌بوو. كتێبه‌كان وه‌كو جادووكه‌رێك وابوون بۆم كه‌ رۆیشتبوونه‌ نێو دڵمه‌وه‌و ئازاره‌كانی دڵمیان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ر ده‌كرد.به‌ڵام نه‌یان توانی بۆهه‌تا هه‌تایی چاره‌سه‌ری بكه‌ن. ئه‌وه‌ شتێكی ئه‌ستمه‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌پێی تێپه‌ربوونی رۆژگار چاكببێته‌وه‌ یاخود تاوه‌كو مردنم بمێنێت ئه‌و زامه‌ی دڵم. دڵه‌ زامداره‌كه‌ی من،له‌ پێناو باڵاو چاوی جوانی كچێكی ناسكۆله‌ بریندار نه‌كراوه‌،به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامی هه‌ژاری و سه‌ختی ئه‌م ژیانه‌ نادادپه‌ره‌وه‌ره‌ زامداركراوم. خۆزگه‌ منیش له‌لایه‌ن كچێكه‌وه‌ دڵم زامدار بكرابایه‌ .نه‌ك هه‌ژارییه‌كی نه‌گریس منێك بێده‌سه‌ڵات زامداربكات…


ته‌نانه‌ت جارێكیان كه‌ كتێبێكم به‌ده‌سته‌وه‌ بوو،راسته‌وخۆ خه‌یاڵم كرد كه‌ رۆژێك بێت من ببمه‌ نووسه‌رو ئه‌كته‌رێكی لێهاتوو ، كه‌چی به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ به‌ خۆمم گوت: هه‌ی ئامانجه‌ خه‌ون حوشتر،هه‌ربه‌راستی خه‌ونی زۆر گه‌وره‌و په‌مه‌یی ده‌بینم له‌م ماوه‌یه‌.
من له‌كوێ و نووسه‌ری و ئه‌كته‌ری بۆ منێك كوجا مه‌رحه‌با، منێكی داماو به‌رده‌وام ئه‌بێت راكه‌ راكه‌م بێت له‌ملاو بۆ ئه‌ملا بۆ په‌یداكردنی دوو لووقمه‌ نان بۆخۆم و خێزانه‌كه‌م، ئه‌و كاته‌م له‌كوێ ده‌بێت كه‌ بۆ نووسه‌ر بوون و ئه‌كته‌ری ته‌رخان بكه‌م؟ واهه‌ست ده‌كه‌م رۆژ به‌رۆژ به‌م خه‌ونه‌ خۆشانه‌وه‌ ئه‌قڵم له‌ده‌ست ده‌ده‌م . ها ها ها نووسه‌ری و ئه‌كته‌ری ،وه‌ڵا بابه‌ ئامانج و نووسه‌ر واته‌ كۆتایی ژیان.با هه‌ستمه‌وه‌ برۆمه‌ لای كاره‌كه‌ی خۆم باشتره‌ با به‌م خه‌ونه‌ بێمانایانه‌ له‌ كاره‌كه‌یشم ده‌رنه‌كرێم.
به‌ڵام هه‌ستێكی ترم هه‌بوو كه‌ له‌ناخه‌وه‌ هێزی پێبه‌خشیم و پێی ده‌گوتم: ئامانج تۆ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی ژیاندا خۆتده‌بینیته‌وه‌ ، بۆیه‌ هه‌رگیزهیچ كاتێك له‌نیوه‌ی رێگا ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ به‌جێ نه‌هێلیت.چوونكه‌ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ كاتییه‌ و له‌پاشان ژیانێكی جوانت به‌روودا ده‌كرێته‌وه‌وسه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌كانی قۆناغی هه‌رزه‌كاری و منداڵیت له‌یاد ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ بتوانی له‌م تاقیكردنه‌وه‌ سه‌خته‌ نمره‌یه‌كی باش بهێنیت . ئیتر ئه‌وكاوته‌ به‌ هه‌موو خۆشیه‌كانی ژیان شادده‌بیته‌وه‌.
ئه‌وهه‌سته‌ی ناخم له‌و رۆژه‌وه‌ بووه‌ پاڵنه‌رێكی گه‌وره‌ بۆم، كه‌ به‌ئاسانی له‌ نیوه‌ی رێگا خۆم نه‌ده‌مه‌ ده‌ستی سه‌ختیه‌كانی ژیانم ، چوونكه‌ ژیانی من وه‌كو جه‌نگێكی خوێناوی وایه‌ . بۆیه‌ منیش ده‌بێت ببم به‌سه‌ربازێكی لێهاتوو تاوه‌كو بتوانم به‌ به‌هێزی له‌م گۆرپانه‌ فراوانه‌دا جه‌نگ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی پێشی خۆمدا بكه‌م كه‌ دێنه‌ سه‌رێگام. من له‌ سه‌رده‌مێك دا ده‌ژیم هیچ كه‌سێك خه‌می كه‌سی تری نییه‌ ته‌نیا ده‌بێت خۆت خه‌می خۆت بخۆیت.ئه‌گه‌رنا به‌زیندوویی له‌ به‌یانیه‌كی رووناك زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێی، ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك نایه‌ت به‌لاته‌وه‌ ده‌ستت بگرن و بتخه‌نه‌ سه‌ر پردی ژیان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و پرده‌ی كه‌به‌ ماندووبوون ده‌ته‌وێت بنیادی بنێی ئه‌یانه‌وێت بیروخێنن بۆم بۆئه‌وه‌ی له‌ دۆڵی مه‌رگی ژیان نغرۆ ببم.
ئێواره‌یه‌ك به‌ رووخسارێكی ماندوو له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی لاواز له‌ كار گه‌ڕامه‌وه‌ ،به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ماڵ بڕۆم راسته‌وخۆ به‌ره‌و گۆرستان رۆیشتم له‌ كه‌سنه‌زان بۆ سه‌ردانی گۆری باوكی كۆچكردووم. كاتێك گه‌یشتمه‌ لای گۆری باوكم ، كه‌چی گۆره‌كه‌ی باوكم هه‌روه‌كو خۆی مابوو كه‌ نه‌مان توانی به‌ كاشی و مه‌ڕمه‌رێكی شاهانه‌ بۆی بڕازێنینه‌وه‌ ،چوونكه‌ پاره‌یه‌كی زۆری ده‌ویست ئێمه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌مان پێ په‌یانه‌ده‌كرا كه‌ بۆی بكه‌ین،ته‌نانه‌ت باوكیشم له‌پاش مردنی نه‌یتوانی گۆرێكی جوان بۆ خۆی برازێنێته‌وه‌. چه‌پكه‌ گوڵێك و هه‌ندێك ئاورێژی سه‌ر گۆره‌كه‌یم كرد تاوه‌كو باوكم له‌نێو ئه‌و چاڵه‌دا هه‌ست به‌ فێنكی بكات ،باوكم زۆر ئاشقی گوڵ بوو، هه‌میشه‌ به‌بۆنی گوڵه‌كان هه‌ستی به‌ئارامی ده‌كرد ،بۆیه‌ منیش چه‌پكه‌ گوڵێكم له‌گه‌ڵ خۆم برده‌ سه‌ر گۆره‌كه‌ی.
ئه‌م شوێنه‌ كش و ماته‌ كه‌ به‌ده‌یان كه‌سی لێ پاڵكه‌تووه‌،له‌نێویشیاندا باوكه‌ ماندووه‌كه‌ی من لێره‌ به‌ ئارامی پاڵیداوه‌ته‌وه‌ ،ئه‌و له‌ماڵی خۆی هیچ كاتێك پاڵدانه‌وه‌و پشوودانی لێ زه‌وتكرابوو. باوكم دایم له‌ راكه‌ راكه‌ بوو بۆ ئێمه‌ تاوه‌كو پارووه‌ نانێكی گه‌رم بۆمان بهێنێته‌وه‌.گۆڕستان ئه‌و شوێنه‌ جوانه‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌ پاكه‌كان و ماندووه‌كان تێیدا به‌ ئارامی ده‌حه‌سێنه‌وه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ماندوویان بكات، چوونكه‌ ئه‌وان هیچ كاتێك له‌ ژیان بۆ چركه‌یه‌ك نه‌یان توانیوه‌ به‌ ئارامی خه‌وێك له‌چاوه‌كانیان بڕوات، به‌ڵام لێره‌دا بۆخۆیان چاوه‌كانیان لێك ناوه‌ته‌وه‌…
له‌سه‌ر گۆڕی باوكم هه‌ندێك ده‌رده‌ دڵیم له‌گه‌ڵ باوكم ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گوێی له‌من نه‌بوو به‌ڵام قسه‌كانی ناخی خۆم كردو پێم گوت:باوكه‌ له‌پاش تۆ من زۆر ماندووم له‌م ژیانه‌ دوو رووه‌دا، ئیتر نازانم تاوه‌كو كه‌ی به‌رگه‌ی سه‌رماو گه‌رما ده‌گرم، باوكه‌ تۆ ئاگه‌داری كه‌ من له‌پاش تۆ هه‌موو به‌یانیانێكی زوو چاوه‌كانم له‌خه‌و راده‌په‌رێت، ئیتر وه‌كو دێوانه‌یه‌ك له‌ملا بۆ ئه‌ولا ده‌كه‌م بۆ په‌یداكرنی پارووه‌ نانێكی گه‌رم بۆ دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌م و دوو خووشكه‌ بچووكه‌كه‌م.
باوكه‌ ئه‌مه‌ شه‌شه‌مین جارمه‌ كه‌ پێڵاوه‌كه‌ی پێم ده‌دڕێت و منیش به‌ناچاری پێنه‌ی ده‌كه‌م به‌هۆی نه‌بوونی .ئه‌گه‌ر بمزانیبایه‌ ژیان ئه‌وه‌نده‌ بۆمن سه‌خته‌ هییچ كاتێك ئاره‌زووم نه‌ده‌كرد له‌ دایك ببم.من و دوو خووشكه‌كه‌م ئاره‌زوو ده‌كه‌ین وه‌كو ژیانی منداڵی خه‌ڵكی خۆش بژین،دوێنی كاتێك له‌ كار گه‌رامه‌وه‌ زینه‌ی خووشكم داوای پاسكیل و بووكه‌ڵه‌ شووشه‌م لێده‌كات منیش به‌ڵێنم پێداوه‌ كه‌به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بۆی بكڕم.
ئه‌ی باوكه‌ كێ بۆمن شت بكڕێت؟
ماڵئاوا باوكه‌ تۆ رۆیشتیت و هه‌موو قورسایه‌كانی ئه‌م ژیانه‌ كه‌ پڕیه‌تی له‌ مرۆڤی بێوه‌فا هه‌موویت دا به‌پاڵی من، منیش ناچارم له‌ پێناو خۆم و خێزانه‌كه‌م جه‌نگ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زیندوویی بمێنینه‌وه‌.
كاتێك له‌سه‌ر گۆری باوكم هه‌ستامه‌وه‌ ،له‌پاشان به‌نێو ئه‌و گۆرستانه‌ فراوانه‌ ده‌رۆیشتم . كه‌ بینیم له‌هه‌ر سووچێكی ئه‌م گۆرستانه‌ی كه‌سنه‌زان چه‌ندین گۆڕ سارد و سڕ ئه‌هاته‌ پێش چاوه‌كانم كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و گۆرانه‌ كه‌سێك بۆخۆی له‌نێویدا پاڵیداوه‌ته‌وه‌ ،چوار گۆرم بینی له‌نێو ئه‌و گۆرستانه‌دا كه‌ له‌ته‌نیشتی یه‌كه‌وه‌ بوون دانه‌یه‌كیان باوكه‌ بوو ئه‌وی تریش دایكه‌كه‌یان بوو له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی و كوڕه‌ی كه‌ هه‌رچواریان له‌ته‌نیشتی یه‌كه‌ نێژرابوون زۆر پێیان كاریگه‌ر بووم.
راستیه‌كه‌ی چوون بۆگۆرستان شوێنێكی ئێجگار جیاوازه‌ له‌هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ كه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌رچی هه‌ستم به‌دڵته‌نگی ده‌كرد له‌نێو ئه‌و گۆرستانه‌ بێده‌نگه‌ كه‌ به‌ده‌یان مرۆڤی مردوو تێیدا نێژرابوو،به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ به‌خۆمم گوت: ئاخ ئامانج تۆش رۆژێك دێیته‌ ئێره‌ و ده‌چیته‌ ژێر ئه‌م خاكه‌ تاریك و بێده‌نگه‌ ئه‌گه‌ر بێت و لێی بێبه‌ش نه‌بم.چووكه‌ زۆر كه‌س هه‌یه‌ رۆژانه‌ پارچه‌ گۆرێكیان نابێته‌ به‌شیان ، كه‌ ئیتر نازانم له‌پاش مردنم چاره‌نووسم چی لێدێت و به‌ره‌و كوێ گه‌شت ده‌كه‌م؟
مردن گه‌شتێكه‌ ته‌نها كه‌سی مردوو خۆی ده‌زانێت چاره‌نووسی چی لێدێت ،خۆزگه‌ بمزانیبایه‌ باوكم له‌كوێیه‌ ئێستاكه‌!
ئه‌گه‌ر ببمه‌ نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر یان فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا یان پزیشك و ئه‌ندازیار یاخود وه‌زیر و سه‌رۆك. هه‌مووی له‌كۆتایی دا به‌چاوتروكانێك له‌ده‌ستیان ئه‌یه‌م،ته‌نیا ئه‌م شوێنه‌ بێنازه‌ پێشوازیم لێده‌كات به‌پارچه‌ زه‌وییه‌كی باریك و تاریكی چاره‌نووس نادیار.كه‌واته‌ چیتر پێوست ناكات من بۆ به‌ده‌ستنه‌هێنانی شتێك دڵگران ببم. چوونكه‌ خۆ له‌كۆتاییدا به‌هۆی مردنه‌وه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌م بۆ هه‌تا هه‌تایی هیچ كاتێك نابێته‌ موڵكی من.
ئه‌م شوێنه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن گۆرستان ماڵی هه‌موو كه‌سێكه‌، ئه‌وه‌ی ئاین و رێبازی جیاوازه‌ یاخود ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر پله‌و پۆستێك خزمه‌تی كردووه‌ رۆژێك له‌ رۆژان،پێم وایه‌ مردن هیچ كه‌سێك له‌ ئێمه‌ ناناسێت،ئه‌م شوێنه‌ رۆژانه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ بۆخۆی ده‌بات بۆ شوێنێك كه‌ هه‌مووكه‌سێك چاوڕێیه‌تی رۆژێك له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری مه‌رگ دابه‌زێت.


پاش پێنج ساڵ له‌ كۆچی دوایی باوكم، له‌ شه‌وێكی دره‌نگ دایكیشم چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره‌ی نه‌گرت ، كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ئه‌یناڵاند.دایكم له‌پاش كۆچی دوایی باوكمه‌وه‌ تووشی چه‌ندین نه‌خۆشی كووشنده‌ بوو كه‌ نه‌مان توانی ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌رێكی سه‌ره‌تایی بۆی بكه‌ین، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌ دایكم نه‌یتوانی به‌رگه‌ بگرێت ،ئیتر وای لێهات تاوه‌كو ئه‌و رۆژه‌ی چاوه‌كانی لێكنا هه‌ر له‌سه‌ر جێگاكه‌ی خۆی نه‌یتوانی هه‌ڵسێته‌وه‌ سه‌رپێیه‌كانی .كه‌ ئه‌مه‌ش بۆمن قورساییه‌كی دیكه‌ بوو له‌سه‌رشانم كه‌ له‌لایه‌ك كاری ده‌ره‌وه‌و لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌خێوكردنی دایكم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامیم له‌خوێندن.
بۆ دواجار له‌ دره‌نگانێكی شه‌و دایكیشم كۆتایی به‌و ئازاره‌ی هات و به‌ره‌و مه‌نزڵگه‌ی ئارامی به‌ڕێكه‌وت و له‌ته‌نیشتی باوكمه‌وه‌ به‌خاكمان سپارد.
له‌پاش كۆچی دوایی دایكمه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ من و دوو خووشكه‌كه‌م به‌بێ دایك و باوك ماینه‌وه‌.دینه‌ و زینه‌ی خووشكم رۆژ به‌ رۆژ ئه‌وانیش گه‌وره‌ بوون،زینه‌ و دینه‌ دووكچی ژیر و تێگه‌یشتوو بوون ،هه‌روه‌كو براكه‌یان ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ سه‌ختیه‌كانی ژیان جه‌نگیان ده‌كرد. من زۆر شانازیم پێیانه‌وه‌ ده‌كرد ،به‌شێكی قوربانیه‌كانم له‌ پێناو ئه‌و دوو خووشكه‌ی خۆم بوو.
له‌پاش كۆچی دوایی دایكم ئه‌و خانووه‌ی كه‌ تێیدا بووین به‌ كرێ، به‌جێمان هێشت و به‌ره‌و شووقه‌یه‌ك رۆیشتین له‌وێ نیشته‌جێ بووین. چه‌ند به‌ ئاواتی ئه‌وه‌ بووم رۆژێك شووقه‌یه‌ك یان ماڵێكمان هه‌بێت و به‌ ئاسووده‌یی تێیدا بژیم من و خووشكه‌كانم.


به‌شێك له‌هاورێكانم كه‌ له‌ زانكۆ پێكه‌وه‌ بووین ژیانی هاوسه‌رگیریان پێكهێنابوو، هه‌ندێكیان له‌ كاتی زانكۆ وه‌ هه‌ندێكی تریشیان له‌ پاش ته‌واوبوونی زانكۆ چوونه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌.ناوبه‌ناوه‌ به‌منیان ده‌گوت: ئامانج تۆش كه‌ی ده‌بیت به‌ زاوا؟ پرسیارێكی زۆر بێماناو بازاریانه‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن هاورێكانمه‌وه‌ لێم ده‌كرا به‌ڵام زۆر گوێم بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ شل نه‌ده‌كرد. چوونكه‌ من هیچ كاتێك پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌نێو میشكی خۆمم دانه‌نابوو.
من به‌ چه‌ندین قۆناغی سه‌ختی هه‌ژاری دا تێپه‌ریبووم ، ئه‌و قۆناغانه‌ی كه‌ من تێیدا تێپه‌ربووم سه‌رجه‌میان بۆمن وانه‌ بوون بۆ ژیانم ،كه‌ جارێكی تر ئه‌و وانه‌ ناخۆشانه‌ دووباره‌ی نه‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بێت و ئێستا من پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌م ئه‌وا دووباره‌ ژیانێكی سه‌خترم دێته‌وه‌ پێش ، كه‌ ئه‌مجاره‌یان جگه‌ له‌ خۆم منداڵه‌كه‌م و هاوسه‌ره‌كه‌م باجه‌كه‌ی ده‌دات، ته‌نانه‌ت به‌ قورسترین شێوه‌ش باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌كو چۆن باوكم كۆچی دوایی كرد من باجی هه‌ژارییه‌كه‌ی باوكم دا .هه‌زاران خه‌ونی جوانی منداڵیم و هه‌رزه‌كاریم هه‌مووی به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ له‌ گۆرنران.قۆناغی ژیانی هه‌رزه‌كاریم سه‌خترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی من بوو له‌ ژیانم . كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌ یادیان بكه‌م، به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆژانه‌ له‌تاو سه‌رمای سه‌ختی زستان و به‌ پێڵاوێكی دڕاوی پینه‌كراوه‌ له‌ كاركردن بووم . هه‌موو ده‌سته‌كانم له‌تاو سه‌رما ده‌له‌رزین،بۆیه‌ ئێستاكه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و ژیانه‌ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌.
چوونكه‌ من وانه‌گه‌لێكی گرنگ فێربووم له‌و سه‌ختیانه‌ی ژیانم ،كه‌ ئیتر ئێستا خۆم باش ده‌زانم چۆن هه‌نگاو ده‌نێم به‌ره‌و پێشه‌وه‌و بۆ ژیانێكی جوانتر و ئارام.
نامه‌وێت منداڵه‌كه‌م هیچ كاتێك چێژی هه‌ژاری ببینێت.ته‌نانه‌ت بۆ چركه‌یه‌كیش ریگا ناده‌م منداڵه‌كه‌م ژیانێكی ناخۆشی هه‌بێت ، هه‌روه‌ها هیچ كاتێكیش بۆی باسناكه‌م كه‌ باوكت به‌ چه‌ندین قۆناغی سه‌ختی هه‌ژاری دا تێپه‌ریوه‌،چوونكه‌ ئه‌وه‌ی من چه‌شتم له‌م ژیانه‌، ته‌نیا ئاوات ده‌خوازم هیچ كاتێك به‌سه‌ر دووژمنه‌كه‌یشمدا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. ته‌نیا خۆم هه‌ست به‌ ئازاره‌ سه‌خته‌كه‌ی ده‌كه‌م. كه‌ تاوه‌كو مردن ئازاری ئه‌و رۆژه‌ تاڵانه‌ی ژیانم له‌پێش چاوم وناو مێشكم ده‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌وكاته‌ ده‌بم به‌ باوكێكی باش كه‌ خاوه‌نی ئابورییه‌كی مسۆگه‌ركراوم. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم داهاتووی خۆم و منداڵه‌كه‌م له‌ رێگه‌ی ئه‌و داهاته‌وه‌ كه‌ هه‌مه‌ ژیانی منداڵه‌كه‌م زۆر به‌جوانی و بێ كه‌م و كورتی مسۆگه‌ر بكه‌م.ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌ من ئێستا تێدام كه‌مێك گۆرانی به‌سه‌رهاتووه‌ رۆژ به‌ رۆژ پێداویستیه‌كان و خواسته‌كان زۆر ده‌بن به‌تایبه‌تیش منداڵی ئێستا ده‌بێت باشترینه‌كان بۆیان بكه‌ین وه‌كو باوك و دایك،چوونكه‌ ته‌نیا به‌خێوكردن گرنگ نییه‌ به‌ڵكو فه‌راهه‌مكردنی ژیانێكی ئارام بۆ منداڵه‌كه‌م گرنترینیانه‌ .
باوكم كاتێك بریاری هاوسه‌رگیریدا هیچ كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی دووربینانه‌ نه‌یڕوانیه‌ داهاتووی خۆی و ئێمه‌ ،هه‌ربۆیه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌و رۆژه‌ سه‌ختانه‌ گه‌یشتین كه‌ هیچ كاتێك نه‌بووینه‌ خاوه‌نی پارچه‌ زه‌وییه‌كیش. ئه‌گه‌رچی جاروبار هه‌ستێك له‌ناو ناخمه‌وه‌ وام لێده‌كات له‌باوك تووڕه‌بم ،به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ من هه‌رباوكم خۆشده‌وێت و شانازی پێوه‌ده‌كه‌م.چوونكه‌ ئه‌و له‌م ژیانه‌دا كه‌ كاتێك كۆچی دوایی كرد، وانه‌یه‌كی گرنگی فێركردم كه‌ ئه‌ویش بریتی بوو له‌ وانه‌ی (بیركردنه‌وه‌) .
چوونكه‌ هه‌ژاری و ده‌رده‌سه‌ری له‌ ئه‌نجامی بیرنه‌كردنه‌وه‌یكی فراوان دێت له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه‌ بۆیه‌ مرۆڤ ده‌بێت خاوه‌نی هه‌ڵگری بیرێكی فراوان بێت له‌ژیانیدا.ئه‌و سه‌ختیانه‌ی ژیان كه‌ پێیدا تێپه‌ریبووم، فێری زۆر شتی كردم كه‌ گرنگترینیان،بریتی بوو له‌وه‌ی زۆر به‌جوانی بیربكه‌مه‌وه‌ .ئه‌وه‌ی من فێری بووم له‌ژیانم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ژیانه‌ وه‌كو جه‌نگ وایه‌ ده‌بێت سه‌ربازێكی باش بیت له‌ پێناو مانه‌وه‌تدا ، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی (بیركردنه‌وه‌ی باش دێت نه‌ك به‌هێزی). زۆرجار هێزی جه‌سته‌ ناتوانێت زاڵبێت به‌سه‌ر هه‌ندێك كێشه‌و سه‌ختیدا،بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵی مێشكێكی فراوان هه‌بێت بۆ بیركردنه‌وه‌ی جوان و ته‌ندرووستانه‌،تاوه‌كو له‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كان ده‌رباز ببین.
رۆژێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هاورێكانی زانكۆم له‌ باخچه‌ی زانكۆكه‌مان پێكه‌وه‌ دانیشتبووین، ئه‌و هاورێیه‌م پێ گوتم: ئامانج ده‌زانی خۆشترین رۆژی من له‌ ژیانم چییه‌؟
-منیش خۆم سوڕانده‌وه‌ بۆلای هاورێكه‌م كه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بم ناوی نیهاد بوو كوڕێكی كورته‌باڵای سووره‌ بوو. منیش به‌ نیهادم گوت: خۆشترین رۆژی تۆ چییه‌ نیهاد؟
-نیهادیش گوتی: یه‌كه‌م شه‌وی هاوسه‌رگیریمه‌ كه‌ خۆشترین رۆژی ژیانمه‌،زۆر به‌ئاواتی ئه‌و رۆژه‌م كه‌ به‌چاوه‌كانی خۆم بیبینم.
-منیش به‌ نیهادم گوت: باشه‌ نیهاد ئه‌توانی زیاتر بۆمی روونبكه‌یته‌وه‌ كه‌وا بۆچی یه‌كه‌م شه‌وی هاوسه‌رگیری به‌لاته‌وه‌ رۆژێكی خۆشه‌؟ واته‌ ده‌مه‌وێت زیاتر بۆمی روونبكه‌یته‌وه‌ كه‌ له‌و شه‌وه‌ چی داهێنانێك رووده‌دات له‌نێوان تۆ و خێزانه‌كه‌ت؟
-نیهادیش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ گوتی: ئاخ ئامانجی هاورێم دووباره‌ خۆت گێل كردووه‌ له‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌…
-بۆچی خۆم گێل كردووه‌ به‌راستمه‌ ده‌مه‌وێت بزانم خۆشی ئه‌و یه‌كه‌م شه‌وه‌ چییه‌؟ ره‌نگه‌ منیش به‌ دڵم بێت …
نیهادیش به‌ ده‌نگێكی كزه‌وه‌ پێی گوتم: یه‌كه‌م شه‌وی هاوسه‌رگیری ئه‌و شه‌وه‌ جوانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كچێكی جوان و نه‌رم و ته‌ڕی تازه‌ پێگه‌یشتوو بۆخۆم له‌ ژوورێكدا شه‌وی سوور به‌رێده‌كه‌م له‌گه‌ڵی دا. تۆ سه‌یری ئه‌م هه‌موو كچانه‌ی ناو كۆلێژه‌كه‌مان بكه‌ چه‌نێك جوان ناسكن،كه‌چی ناتوانین به‌ ئاره‌زووی خۆمان گانیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین .به‌ڵام له‌یه‌كه‌م شه‌وی هاوسه‌رگیریه‌كه‌م تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌م كچانه‌ی كۆلێژ له‌ خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌.
-منیش له‌ قسه‌كانی نیهاد زۆر بێزاربووم ،ناچاربووم له‌ته‌نیشتی هه‌ڵستمه‌وه‌ سه‌رپێ و بڕۆمه‌ شوێنێكی تر به‌ ئارامی دابنیشم. چوونكه‌ هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و نیهاده‌ سووره‌یه‌ ته‌نیا بیرو هۆشی له‌لای گه‌ڵ و گونی خۆیه‌تی هیچی تری نه‌ده‌زانی له‌ژیان .داماوه‌ وای زانیووه‌ كه‌ ژیان بریتیه‌ له‌ گه‌وره‌كردنی كێر و ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ كچانی تازه‌ پێگه‌یشتوو. نیهاد پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌ پرۆسه‌یه‌ك دانابوو كه‌ وا ده‌زانێت له‌ رێگایه‌وه‌ ئه‌و ئاره‌زووه‌ سێكسیانه‌ی پێی تێرده‌كاتن یاخود هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌و كچه‌ سۆزانیانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان شووپهاندبوو كه‌ شه‌وان له‌گه‌ڵ چه‌ندین پیاودا ده‌سته‌ گانێكیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری تێگه‌یشتبم له‌ گانێكی شه‌وان زۆر گه‌وره‌تره‌ ،چوونكه‌ پرۆسه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ چه‌ندین به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانته‌وه‌ له‌ ژیان.

پاش شه‌ش ساڵی ره‌به‌ق له‌ته‌واوكردنی زانكۆم، رۆژێكیان له‌ بازار له‌به‌رامبه‌ر قه‌ڵات چاوه‌كانم كه‌وته‌وه‌ نێو چاوه‌كانی نیهاده‌ سوور. دوومنداڵی بچكۆلانه‌ی له‌گه‌ڵ بوو، منیش لێی نزیك بوومه‌وه‌و سڵاوێكم لێی كرد و پێم گوت: چۆنی نیهاد ؟
ئه‌ویش به‌ زمانێكی پڕ له‌ ماندووبونه‌وه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌و وتی: هیچ باش نیم ئامانج…
-بۆچی نیهاد باش نیت؟خوانه‌خواسته‌ خۆ نه‌خۆش نیت؟

  • خۆزگه‌م به‌نه‌خۆشییه‌ك ، ژیانێكی زۆر ناخۆشم هه‌یه‌ ، هه‌ر راكه‌ راكمه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ی ژیانم زۆر ماندوو بووم. هیچ كاتێك ماندووبونی وام نه‌چه‌شتووه‌ .
  • هه‌ر ئه‌م دووكوڕه‌ت هه‌یه‌ نیهاد؟
  • كچێكی یه‌كساڵانیشم هه‌یه‌…
    -ته‌مه‌ندرێژبن بۆت…
    -سووپاس ئامانج…
  • باشه‌ بۆچی وا ماندوو دیاریت نیهاد؟
  • چۆن ماندوو نه‌بم هاورێ گیان ، كه‌سێكی وه‌كو منی كرێچی ده‌بێت هه‌موو سه‌ره‌ مانگێك بڕی سێسه‌دوو په‌نجا هه‌زار دینار بده‌مه‌ كرێی شووقه‌كه‌مان، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌خێوكردنی سێ منداڵی بچووك. به‌راستی ژیان زۆر ئه‌سته‌م بووه‌.پێداویسته‌كانی رۆژانه‌ ئێجگار زۆرن و سه‌رباری ئه‌وه‌ش نرخیان زۆر گرانه‌. كه‌ ناتوانم فریای هه‌موویان بكه‌وم له‌ یه‌ك كاتدا، به‌تایبه‌تیش پێداویستی و داواكاری منداڵ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌ر پڕناكرێته‌وه‌ به‌ ئاسانی. ئه‌گه‌ر وا بڕوات من ئیتر چه‌ند ساڵێكی تر مووی سپی له‌ پرچه‌كانم ده‌رده‌كه‌وێت.
    -منیش به‌ نیهادی هاورێم گوت: باشه‌ هاورێ گیان ئه‌ی تۆ نه‌بووی هه‌ربه‌رده‌وام ده‌تگوت یه‌كه‌م شه‌وی هاوسه‌رگیریم خۆشترین رۆژه‌كانی ژیانم ده‌بێت!
    -راسته‌كه‌ی ئامانجی هاورێم، من ته‌نیا بیرم له‌و شه‌وه‌ بچووكه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا وامزانی هاوسه‌رگیری هه‌ر چێژی ئه‌و شه‌وه‌ خۆشه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م ده‌ستبازی و شه‌وی سوورمان به‌ڕێ ده‌كرد، به‌ڵام كه‌چی دواتر رۆژه‌ سه‌خته‌كانی ژیانم هاته‌ پێشم. زۆر زوو په‌له‌م كرد له‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ،هیچ كاتێك گوێم له‌ قسه‌كانی تۆ نه‌ده‌گرت ، كه‌ هه‌میشه‌ به‌من ده‌گوت: په‌له‌مه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری تا ئه‌وكاته‌ی ده‌بیته‌ خاوه‌نی ئابوورییه‌كی باش و پته‌و. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئێستاكه‌ سێ منداڵم خستۆته‌ سه‌رشانی خۆم كه‌ به‌خوێوكردنیان ئێجگار ئه‌سته‌مه‌ بۆم. ئه‌وكات من پێكه‌نینم ده‌هات به‌و قسانه‌ی تۆ كه‌ ده‌رباره‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری ده‌تكرد،كه‌چی ئێستا گریانم بۆ ئه‌و قسانه‌ی تۆ دێت كه‌ پێش شه‌ش ساڵ به‌منت گوت له‌باخچه‌ی زانكۆدا كه‌ هه‌روه‌كو زێر وابوون،من ته‌نیا ئه‌وكات بیریم لای كێره‌ نه‌فره‌تیه‌كه‌م بوو هیچی ترم نه‌ده‌زانی،تۆ كورێكی زۆر رۆشنبیری ئامانج خۆزگه‌ منیش به‌ قه‌د تۆ تۆزێك رۆشنبیر بوومایه‌…
  • خۆت ئه‌م ژیانه‌ت هه‌ڵبژاردووه‌ نیهادی هاورێم بۆیه‌ ده‌بێت تا كۆتایی له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بیت…
    ژیانی نیهادی هاوڕێم هاوشێوه‌ی ژیانی باوكی كۆچ كردووم ده‌هاته‌وه‌ پێش چاوم، كه‌ ئه‌ویش به‌ سێ منداڵه‌وه‌ ژیانێكی سه‌ختی به‌ڕێده‌كرد . كه‌چی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئێمه‌ باجه‌كه‌یماندا،به‌ڵام هیوادارم منداڵه‌كانی نیهاد باجی هه‌ڵه‌كانی باوكیان نه‌ده‌نه‌وه‌ له‌ ژیانیان .چوونكه‌ ته‌نیا من ده‌زانم كه‌ باجی هه‌ژاری له‌ته‌مه‌نی منداڵی چه‌نده‌ ناخۆش و سه‌خته‌…


    ئابی/٢٠٢١ هەولێر
Previous
Next