دەریا ئەکەمە شایەت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
من دوا کۆپلەی گۆرانی عەشقت بچڕم
رۆژێک نایەت
دێڕی شیعرم خاڵی بێت لە بۆنی هەستی تۆ
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
ئەم “وەلی”یە دڵی “شەم”ی خۆی جێبهێڵێت
رۆژێک نایەت
پێنووسەکەم خاڵی کۆتایی دابنێ و
لە سەحرای شیعرێکی مردوودا جێتبهێڵم
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
مورووی رەشی تەنهایی بدەم لە گەردنت
رۆژێک نایەت
بەرگی قەترانیی دڵڕەقیت بکەمە بەر و
قوفڵی بێدەنگی بدەم لە دەرگای هەمیشە کراوەت
بە رووی ئارەزووەکانمدا
دەریا ئەکەمە شایەت و
سوێند بە هەموو شەپۆلەکان دەخۆم
سوێند بە قووڵایی رۆحی دەریا دەخۆم
سوێند بەچاوی شینی دەریا دەخۆم
خۆم لا نادەم لەژێر خوڕەی
بارانی خۆشەویستی تۆ
هەتا ئەوکاتەی دەبمەوە بە تۆ

2018