خڕپ… سۆران محەمەدەسوورە

ئێسك

یەک یەک جلکوبەرگی بەر خۆڵەمێشم هەڵدایەوە
بۆ خۆشەویستیی ئێسكانم داچنی
لێوم خستە لێویەوە
بەڵام ڕووحی تێنەگەڕایەوە
هەموو شتێک مرد…
هەموو شتێک؛ وتم
وتی؛ خۆشەویستیی نامرێت وام بیستووە

خۆشەویستیی مرد
ئاسمان داکەوت
خوداش سەری هەڵگرت
٭٭٭

كڕ

دوور دوور شاعیرێک
لە دالێکدا دوو مەدلوولی دیت
بەربەیان خەونێک لە لێفەکەیەوە کوژ…
کوێرەڕێیەک دونیا لە دووردەستەکانی خوشی
تێکچڕژاویی هەڵەنگوتە شارێکی وەندا
خودایەک ئەستێرەیەکی کڕکەوتوو نیشتە سەر پێڵوەکانی
منیش خۆشەویستەکەم…
٭٭٭

خڕپ

خۆم و پێ و ڕێگه‌كان بووین
هه‌ڵتكوڕماندینه‌ غه‌ریبیی
به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی من
تۆ كه‌سێكی دیكه‌ نیت
ڕێگه‌كان غه‌ریبییان لێهه‌ڵكوڕما
پێیه‌كان بێ[هاو]ڕێیی بردنی
خۆشم
نه‌ خودا نه‌ ناكامیی
بڕكی سێبووریی[م] گلی نه‌دانه‌وه

مرۆڤ
بۆنكڕووز گرتوویه‌تی
قاچه‌كانم بۆ ناشاردرێنه‌وه‌

10/ 12/ 2021- 2/ 2022