تەوارەکانی ڕۆژهەڵات.. فازیل شەوڕۆ
دوو پشکۆی ئەبەدین
ئەو دوو چاوانە
لە تەندووری خۆر گەش کراونەتەوە
شاپەڕی ئاگرینت
دیاریی خوداوەندی فڕینە
تا بەرزتر
بۆ تۆقەڵەی ئاسمان بچێت
جوانتر دەبینیت
باشتر دەبیستیت
چرنووکی پەنجەت
زریانە و
سیڕڕەت سەدای گەردوون
تا پتر لە قووبەی ئەفلاکا
بە دەووری بازنەی
مەرگی خۆتدا بسوڕێتەوە
گەشتر دادەگیرسێت و
نەمرتر زیندوو دەبیتەوە
تەبعی تەوارە
سووتان لە پێناو ئاگر و
خنکان بۆ خاتری ئاو و
ڕۆحبەخشین بۆ ئازادکردنی ئازادی
سەمای تەوارە
لەسەر عەمامەی ژێر پێی ژیناکان
بانگی تەوارە
لەبن گوێی جیهانی کاس و وڕ
تۆڵەی تەوارە
لە ژنکوژ و ژیانکوژ و ئازادیکوژانی
ڕۆژهەڵات
تەوار
کە باڵە ئاگرینەکانی کردەوە و
بوو بە برووسکە
تەخت و تاراجی تاریکپەرستان
گڕ دەدات و
باڵای بەرزی شەهیدان
دەکاتە بەیداخی سوور.
تەوار
لە قەندیل تەوارە و
لە شار ژینایە و
لە شەقام
بڵێسە.
٢/١١/٢٠٢٢ دوبلن