دوو شیعری شەماڵ بارەوانی

دەڤەری بێدەنگی

لەو دیوی خەونێکی هەڵکڕوزاوەوە هاتووم

شیعرەکانم بۆنی پیرییان لێ دێت

من لەمێژە هەڵوەرینم کردووەتە ئەدرەس و
هەموو وشەکانم ڕەنگی ماتەمیان گرتووە

لێم گەڕێن تکایە، دەمەوێ بڕۆمەوە دەڤەری بێدەنگی و
هەرێمی بێتاقەتی بکەم بە نیشتیمانی ئەبەدیم

دەمەوێ ببم بە هاوەڵی سەراب و
لە کەنار دەریای نا ئومێدی لەنگەر بگرم

تاقەتی هیچ شکستێکی ترم نەماوە
چیتر بەرگەی وەرزێکی تری پاییز و هیچ دۆڕانێکی تر ناگرم

گوتم من پیاوی عیشق نیم نا، ئەوە بۆ تێناگەن.

ئاستانەی ئامێز

حەزەکەم
لە ئاستانەی ئامێزت دا کەسێکی بێ حەوسەڵە بم
ببم بە گوڵ و لە ئینجانەی ڕۆحتدا سەوزبم

حەزدەکەم
ببم بە هەڵۆی ماچ و لەسەر لوتکەی لێوت بگیرسێمەوە
ببم بە ناونیشان و لە هەواری هۆنراوەکانت بتوێمەوە

حەزدەکەم
ببم بە پێنووس و دەفتەری بوونت پڕکەم لە وردە خەون
ببم بە حەرف و لە ئامێزی دێڕەکانت فەنابم
هاوشێوەی خودا و کەون

حەزەکەم
ببم بە ڕەنگ و بخزێمە چوارچێوەی میهرەبانیت
ببم بە ئاوی دیدە و
بڕژێمە ناو چۆمی چاوەڕوانیت

شەماڵ بارەوانی