گڕپۆشی شیر.. شیعری سەلاح جەلال

بۆ ئەو كۆرپەی ئەنفال فەرماندەكە بەگڕپۆش شیری دایە

ئێستا ساتی تەقینەوەی فیزیای خوێنە!
گڕپۆشە مەمكێك بوركان دەگرێت
گەردون بێشكەیەكی شەلالی خوێن
ئەنجیلۆی تەكنەلۆژیای ژیانەوە
گەڵای ئالودەیی دۆژە،
تابلۆی مەنجەنیق دەكێشێت
زمانی ئاماژەیی بو بەتابلۆ
گەردون بەبێ خەویی توایەوە
گەڵای شوكران و كوكە و تریاق
خومخانەی عیشقیان وێنا كرد
جەستە بەئیسپرتۆ تۆو چێن كرا.
شێزۆڤرینیای سروشتی سەدەكان
بەپلەی سەدی دوای سفرەوە
بەبێشكەی خوێنەوە بونیان پۆشی
دۆژە خەیاڵی وێنەی شیرپەنجەیی
شێزۆفرینیای فیلمی رۆحی سەدەیە.
خوێن بەحەشیشەوە هەڵدەكفێنێت،
گڕوگاڵ و نووزە و عیشقە مەرگ
فەزای سەهۆڵ بەندانی گرتەوە
رۆمانی مێژوی گەردونی،
تۆڕی دالی مەرگی هەزارەهای هەڵگرتووە
بەگێژەڵوكەی ئەزەلییەوە رەنگ دەبن
كەوچكی شۆفڵ دۆژەی ئەخدودی سەدەیە
بون بەگۆڕستانی شوشەی هەزارەها
رۆح لەگەڵ خۆڵباراندا یاریی دەكەن
گەردون بەتابلۆی بێشكەیەكەوە مۆمیا بووە
++++
زەمەن بڕان كەوتنە خوارەوەی بوون نەبوونە
تابلۆی هەسارەی تیژڕەوی
وێنەی ژیانەوەی رۆحە
هەسارەی خومخانەی وێنەیی
تابلۆی گوندێكی چۆڵی كێشایەوە
موساكانی سەردەم لەفڵچەوە ژیانەوە
بەپەلكە زێرینەی بوونەوە
وێنەی بێشكەیەكی شەلالی خوێن
بەگریە بوون دەهەژێنێت
ئاسمان و زەوی تێكەڵ بوون
گەردون كۆپی كرایەوە
ئایدزی خوێن بەگریە ئالودە بووە
جەنگی گەردون بوونی لابرد
كۆرپە بۆنی دایكی بەئەژدیهاوە گرتووە
تریقانەوە دەبن بە ئایدزی خوێناو
جیهان لەگڕپۆشی تفەنگێكدا كەڕولاڵ بو
كۆرپە تامی كەوسەری هەڵدەمژی
بەخوێنی خۆی شیری مردنی خواردەوە
ئەنجیلۆ و زەمەنی موسا تێكەڵ بوون
گەردون بەبێشكەی ئەبستراكی خوێنەوە
پەلكە زێڕینەی هەسارەكانی پێكهێنا
پەیكەرەكەی موسا لەنیلەوە ژیایەوە
عیسا و موسا و جۆریج و یوسف و یەحیا
لەسندوقەكەی ئایارخادا
بەزمانی شیرەخۆرەیی گەردونیان قفڵ كردەوە
14/4/2024
لەرۆژنامەی كوردستانی نوێی ئازیز ژمارە(9175) 22/5/2024 دا بڵاوبۆتەوە