خۆت پاڵەوانی ژیانی خۆت بە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                    

بەدرێژایی ژیانم، كە لە پاییزی تەمەندامە و وەك شاعیرە سوێدییەكە گوتەنی، بە نێو پاییزدا بەرەو مەرگ دەڕۆم، بیرم نایەت یەك پاڵەوان لە ژیانم، بە دایكم و باوكم، مامۆستا و هاوڕێكانم، خێزانەكەم هەبووبێت، چونكە مرۆڤ لە ژیانیدا كە لە ژێر سێبەری كەسێك وەستا، بە نەمانی سێبەرەكە خۆشی نامێنێت، بۆیە دەبێت خۆی پاڵەوانی ژیانی خۆی بێت و خۆی لە سەر پێی خۆی بووەستێت و هیچ كەس بە مامۆستاكانیشیەوە، كە ئەركی پیشەیی خۆیان بە جێ دەگەیەنن، بە پاڵەوانی خۆی نەزانێت، چونكە ئەمە وەك هایدگەر دەڵێت، جۆرێكە لە بوونی ناڕەسەن! هەر لە منداڵییەوە، هەستم كرد فڕێ درامە نێو ژیان، ئیدی دەبوو لە سەر پێی خۆم بووەستم و خۆم ببمە پاڵەوان و ڕێ نیشاندەرەی خۆم و سوپاس بۆ خوا تا بە ئەمڕۆ گەیشتم. لە ژیانمدا، سەدان، بگرە هەزاران ناسۆری و كەوتن و شكست و نائومێدی و ڕەشبینی و سەختی و نەبوونی و هەژاریم بینی، بەڵام هیچ كام لەو واقیعە سەختانەی ژیان، ئەو هەستەیان لا دروست نەكردم، بچمە ژێر سایەی كەسێكی دیكە و ئیدی بیكەمە پاڵەوانی ژیانم، بەڵكو خۆم ڕووبەڕووی گرفت و سەختییەكان بوومەوە. ئەو دەمانەی لە هەولێر دەمخوێند، لە بەر بێ پارەیی، بە پێ دەچوومە پەیمانگا، چەندین كیلۆمەترم دەبڕی و دەهاتمەوە، چونكە پارەم نەبوو كرێی پاس بدەم، دەمتوانی پارە لە چەندین دۆست و هاوڕێ و كەسانی زەنگین بە قەرز وەربگرم، بەڵام شكۆمەندی خۆم ڕێگەی پێ نەدەدام. نەك دەیان جار، سەدان جارن نان و شەربەتم خواردووە،جار هەبوو بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هیچم نەدەخوارد، چونكە لە خێزانێكی هەفت كەسی یەكجار نەدارو پەرپوت و هەژار بووم و باوكم توانای ئەوەی نەبوو بمانژێنێت، لە سەردەمی گرانییەكەو شەڕی ناوخۆدا. جارێكیان كە بەڕێوەبەری قوتابخانە بووم، چەندین مامۆستای دۆست و هاوڕێ و ئازیزم لابوون، هەموویان گوتیان گەر پێویستیت بە پارەیە چەندت دەوێ با پێتی بدەین، یەكێك لە مامۆستاكان، كە لە هەموویان زیاتر هاوڕێم بوو، ئێستا لە فینلەندا دەژیت و یادی بەخێر، وەك ئەوان نەیگوت پارەت پێویست نییە؟ئەو مامۆستایە ڕووی لە مامۆستاكان كردوو پێی گوتن، من لە هەمووتان نزیكترم لەو، لە هەمووشتان زیاتر خۆشم دەوێت، بەڵام من نەفسیەت و كەسیەتی مامۆستا سەدیق دەناسم، كە ئامادە نییە پارە لە هیچ كەسێك وەربگرێت، دەنا من لە بەرایی هەمووتان، چەندی بووێت پێم دەدا. مەبەستم لەو نموونانە ئەوە نییە، ئێمە نموونەیی بین، كە ئێستاش ژیانم پڕە لە قەهڕ و خەفەت، نەخێر، بەڵكو مەبەستمان ئەوە بوو مرۆڤ نابێت شانازی بەوە بكات پاڵەوانێك لە ژیانی هەبووە ! ئەی خۆت چی؟ وەك ئەو ژیریی و هەست و توانات نەبووە؟ ئەوانەی خۆیان لە ژێر سایەی سێبەری كەسێك دەبینەوە، دەیانەوێت بچووكی خۆیان بە گەورەیی كەسەكە دەربخەن. كاتێ دەبینم كەسێك هەڵپەی ئەوەیەتی وێنە لەگەڵ بەرپرسێكی گەندەڵ بگرێت، خۆم لە شوێنی خۆم تەریق دەبمەوە، مەگەر ئەویش وەك تۆ مرۆڤ نییە؟ بگرە تۆ لەو شكۆمەندتر و بەڕێزتریشی، هیچ نەبێ تۆ وەك ئەو سەرمایەی ئەم وڵاتەت نەدزیوە و گەندەڵیت نەكردووە. مرۆڤ دەبێت خۆی پاڵەوانی ژیانی خۆی بێت، چونكە ئەوەی واهەست بكات پاڵەوانێك لە ژیانی هەبووە، بۆ هەتا هەتایە ناتوانێت ببێتە پاڵەوان، چونكە پاڵەوان بوون یەك جارە و بۆیەك كەسە.

سەدیق سەعید ڕواندزی