هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە درێژەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩/١/٢٠٢٦ ـە.. شاخەوان قادر شۆڕش

ئەگەر گەل کەوتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و بەرگرییکردن خۆکوژیی بوو، گەیشتن بەڕێککەوتن و ڕازیبوون بە دەستکەوتێکی کەم باشترە لە لەناوچوون و لەدەستدانی وڵات. تەنها بۆ بیرهێنانەوە، ئەوەی بارەکەی ١٨٠ پلە گۆڕیی بوونی تڕەمپ بوو. کاتێ دۆناڵد تڕەمپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە هەڵبژێردرایەوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، یەکێ لە مەترسیەکان ئەوەبوو ڕۆژئاڤا بۆ تورکیا جێ بهێڵێت، وەکو ئەو لە ساڵی ٢٠١٨دا ویستی هەموویان بکاتە دیاریی بۆ تورکیا، کە بە کۆمەڵکوژیی و داگیرکردنی دەڤەری عەفرین کۆتایی هات. دیارە ئەوەی لێی دەترسیان بەداخەوە ڕوویدا. ئەردۆگان لە سیاسەتدا ئەزموونی هەیە و دەشزانێ چۆن سۆزی ترەمپ بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، پەیوەندی خێزانی و بازرگانیان لە نێواندا هەیە، جووت تاوەری ترەمپ لە ئەستەمبۆلدا دروستکراوە. ئەوەی ئەردۆگان دەیخواست دەرگەی بۆ کرایەوە، لەم ڕێگەیەوە وەکو ساڵی ٢٠١٨ پلانی نوێی داڕشت، لەگەڵ ترەمپ و ئیسرائیل لەسەر لابردنی ڕژێمی ئەسەد ڕێککەوتن، پشتی ئیسلامیە تیرۆریستەکانیان گرت، سەرکردەی تیرۆریستەکان ‌حەمە جۆلانیان هێنا وکردیانە سەرۆکی سوریا. وەکو تورکیا و بە پاڵپشتی تورکیا ئامانجی سوریا لەسەرەتاوە لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاڤا بوو، وەکو پێشتریش ئەم تیرۆریستانە دوژمنی سەرەکیان خۆسەری کورد بوو لە ڕۆژئاڤا. لەژێر ناوی سوریایەکی یەکگرتوو و بێ تیرۆردا لەگەڵ ترەمپ ڕێککەوتن و ئەویش تیشکی سەوزی بۆ هەڵکردن. ئەوەبوو ترەمپ پشتی لە کوردی هاوپەیمان کرد و لە ڕێگەی تۆم باراکەوە داوا لە کوردەکان کرا خۆیان هەڵوەشێننەوە ئەگەرنا لێیان دەدرێت. ئەمەریکا، تورکیا، سعودیا و قەتەر چوونە پشتی جۆلانی کۆنە سەرۆک تیرۆرستی ئیسلامی و هێرشیان بۆ کوردەکان هێنا. ڕۆژئاڤا کە بەهەزاران کەسی لە شەڕی دژی داعشدا لە دەستدا، خاوەنی هێز بوو، خاوەنی بیر و ئایدۆلۆژیا بوو، خاوەنی سەرکردەی مەیدانی بوون، بڕیاری بەرگرییان تا دوا فیشەک دا، کوردانی تاراوگە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای پارێزگاریی گەلی کوردیان کرد. بڕیاری بەرگرییکردن وایکرد هەندێ لە دۆستانی کورد لە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بجووڵێن، ڕێگە بە شەڕ و کۆمەڵکوژیی کوردان بگرن.
بەکورتی ئەمەریکا گەورەترین ناپاکی لە کوردانی ڕۆژئاڤا کرد کاتێ پشتی لەوانە کرد کە خوێنیان بۆ بەرگریی لە مرۆڤایەتی ڕشت، وە پشتی ئەوانەی گرت کە کۆمەڵکوژیی خەلکی سڤیلیان کردبوو و دژی ئازادی و دیموکراسی بوون، بە بەڵگەی ئەوەی ئەمەریکا خۆی وەکو تیرۆریست ناوزەدی کردبوون و خەڵاتی بۆ کوشتنیان تەرخان کردوو. ڕۆڵی ئەوروپا زۆر لاواز بوو، پاسیڤ بوون و لە کەلێنی چاویانەوە سەیری ئەم ناپاکییەیان کرد کە هەموویان لە کوردیان کرد.
گەلی ڕۆژئاڤا، کورد و کەمینەکانی دی، خاوەنی خۆسەریی بوون، ئێستا ئەم خۆسەرییە نەما و کۆتایی پێهێندرا، نەمانی خۆسەریی و دەسەڵاتێکی پێشکەتووخواز و نزمبوونەوە بۆ ئەگەری خوێندن بە زمانی کوردی و پارێزگاریی هێزە چەکدارەکان لە ڕیزی سوپای سوریادا، کەمترین دەست کەوتە، زۆر ئازار بەخشە کە سەیری ئەم دابەزین و نسکۆیە دەکەین، بەڵام ئەوە لە لەناوچوون و بەعەرەبکردنی وڵات باشتر بوو. نەتەوەی کورد هێزی زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهانی نییە، بۆیە کە گەورەترین زلهێز دژی گەلی کورد وەستایەوە، ناکرێ ڕێگەی خۆکوژیی هەڵبژێریت. هاوکێشەکە وا سوڕایەوە و تورکیا ڕێگەی گەیشتن بۆ ئامانجەکانی بۆ خرایە سەر پشت.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە وتارەکەیدا ئاماژە بە تەواوبوونی تێکەڵبوونی هێزەکان هەسەدە بە سوپای سوریا دەکات. بەپێی هەواڵەکان ئەو هێزانەوە بە پارێزراوی ماونەتەوە و تەنها ناویان گۆڕدراوە. ئەگەر وابێت ئەوە کارێکی باشە، خۆ ئەگەر پارێزگاریی ناوچە کوردیەکان بەو هێزانە بسپێردرێت گرنگی ئەو هێزانە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو جەخت لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندگەکاندا لە ناوچە کوردیەکاندا دەکاتەوە، ئاماژە بە بەڵێنی سەرۆکی سوریا لەم بارەیەوە دەکات. ئەگەر مافی خوێندن بە زمانی دایک لە بەڵێنەوە بخرێتە دەستوور بێگومان ئیدی ئەوە دەچەسپێندرێ و بە ئاسانی لاناچێت، بەڵام ئەگەر تەنها بەڵێنی سەرۆک بێت، جێگەی نیگەرانییە و دەکرێ لە داهاتوودا جۆلانی خۆی یا سەرانی سوریا لێی پاشگەز ببنەوە.
مەزڵوم جەخت لەسەر سوریای داهاتوو وەکو سوریای ئاشتی و بەیەکەوەژیان دەکاتەوە و دەڵێت، “ئەو سوریایەی ئێمە دەمانەوێت بنیاتی بنێین، سوریایەکە بۆ هەموو گەل و پێکهاتەکانی لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشوری، تورکمان و هتد. سوریایەکی یەکگرتوو و ئارام، کە ماف و کەرامەتی هەموو هاوڵاتیانی بپارێزێت و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکات”. لە ڕاستیدا بەدیهێنانی ئەم سوریایە کە بۆ هەموو گەلانی سوریا بێت و مافیان وەکو هاوڵاتی و کەمینە پارێزراو بێت، سەختە بێتەدی. چونکە، یەکەم، لە سوریادا ڕژێمێکی ئیسلامی نەتەوەپەرست لە دەسەڵاتدایە کە دژی مافی گەلانە. دووهەم، تورکیا کە پاڵپشتی حکومەتی سوریایە بەهەموو شێوەیەک دژیی هەر چەمکێکە کە پەیوەندی بە مافی گەلان وەکو کەمینە هەبێت. سێهەم، سوریا وڵاتێکی ناسەربەخۆ و بێ هێزە و بە پارەی دەرەکی وەستاوە، باری ئابووری لارە. ئەگەر بە قسەی تورکیا و قەتەر و سعودیا نەکات هاوکاریی لێ دەبڕن. چوارەم سوریا لە نێوخۆیدا نایەکگرتووە و کاریگەریی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی بەسەرەوەیە، وەکو ئیسلامیەکان دژی مافی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەن. پێنجەم ڕژێمەکە و گروپە ئیسلامیەکان دژیی ئازادی و کرانەوەی مرۆڤن، باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ نییە. بۆیە ئەم سوریایەی مەزڵوم دەیخوازێت بەداخەوە زۆر سەختە بێتەدی. جگەلەوەی ئەگەرەکانی پاشگەزبوونەوە و سەپاندنی حوکمی دیکتاتۆرانە بە کراوەیی هەن.
هەرچۆنی بێت کورد لە ڕۆژئاڤا هەندێ هەنگاوی گرنگی سەرەتایی هاویشتووە، پێشتر دان بە بوونی نیشتیمانی کورد لە سوریا نەدەندرا، خوێندن بە کوردی قەدەغە بوو، کورد هیچ مافێکی نەبوو. ئێستا دان بە بوونی کورد و زمانەکەی لە سوریادا دەندرێت، ئەگەر ئەو دانپێنانە بچێتە دەستور دەچەسپێ و بە ئاسانی لاناچێت. کۆمەڵگەی ڕۆژئاڤا هوشیار بۆتەوە، هێزی مرۆیی هەیە، بیرێکی پێشکەوتووخوازانەی هەیە، ئەوەش بە ئاسانی لەنێو نابردرێت. پێویستە ئەو ئامادەییە دەستی پێوە بگیرێت و بپارێزرێت بۆ دەرفەتی داهاتوو.
بەداخەوە ئەوەی ڕوودەدات سووڕبوونە لەسەر دابەشکردنی کوردستان و هەوڵی تواندنەوەی کورد لە بۆتەی دەوڵەتە سەپێندراوەکاندا ئەوەش پێداگرتنە لەسەر ناڕەواییەکانی ڕابردوو کە لە دوای ڕێککەوتنی لۆزاندا لە ساڵی ١٩٢٣دا هات. ئەوەیە تورکیا پێداگریی لەسەر دەکات و لە ژێر ناوی پارێزگاریی لە مافی کوردەکان لە وڵاتانی دراوسێ بە خەڵکی دەفرۆشێت. تورکیا دەیهەوێ ئەوەی لە سوریا بەدەستی هێنا لە وڵاتانی دراوسێش جۆرێک لەم نموونەیە بەسەر کوردەکاندا لەژێر چەمکی درۆینەی مافی کوردەکاندا بسەپێندرێت.

٢٧/٨/٢٠٢٦