هەندێک هەڵەی فەیلەسووفەکان هەن ڕۆشنبیران نایانەوێت باسی بکەن.. زەکەریا نمر.. و. لە عەرەبیەوە ( یاسین لەتیف )

شێوازێکی باو هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ مێژووی فەلسەفەدا کە فەیلەسووفەکان دەگۆڕێت بۆ ناوگەلێکی پیرۆز. ئێمە سوکرات، ئەفلاتوون، ئەرستۆ، دیکارت، کانت، هێگڵ، مارکس و نیتشە بە جۆرێک دەخوێنینەوە وەک ئەوەی هەر یەکێکیان لە پێگەیەکی باڵاتری مرۆڤی ئاساییەوە گەیشتبێتە ڕاستی. ڕەنگە لە نێوانیاندا جیاواز بین، بەڵام کەمجار دەیانخەینە بەردەم ئەو پرسیارەی کە خۆیان لەبەردەم کەسانی تریاندا دایاننابوو: ئایا دەکرێت ئەم بیرۆکەیە هەڵە بێت؟ ئەو فەلسەفەیەی توانای ڕەخنەگرتن لە خاوەنەکانی لە دەست بدات، دەگۆڕێت بۆ مێژووی بیروباوەڕ و عەقیدە، نەک وەک مەشقێکی عەقڵانی.فەیلەسووف هەرچەندە بلیمەتیش بێت، هەر بە کوڕی سەردەمی خۆی دەمێنێتەوە. هەڵگری پێشوەختەکانی کاتی خۆی، سنوورەکانی زانیارییەکانی، ترسەکانی کۆمەڵگەکەی وهەندێکجاریش ناکۆکییە کەسییەکانی خۆیەتی. بۆیە خوێندنەوەی فەلسەفە وەک کۆمەڵێک دەقی پیرۆز، گرنگترین شتی تێدا دەکوژێت کە ئەویش “گومان”ـە.بۆ نموونە، ئەفلاتوون شوێنەوارێکی گەورەی لە مێژووی بیری سیاسیدا جێهێشتووە، بەڵام لە کتێبی “کۆمار”دا وێنایەکی سیاسی پێشکەش دەکات کە دەکرێت پرسیارگەلێکی قورس دەربارەی ئازادی و فرەیی (پلورالیزم) دروست بکات. ئەو بیرۆکەیەی کە دەبێت فەیلەسووفەکان فەرمانڕەوایی بکەن چونکە ئەوان باشتر لە خەڵکی ئاسایی “چاکە” دەناسن،دەرگا بە ڕووی پرسیارێکی مەترسیداردا دەکاتەوە: کێ بڕیار دەدات کێ ئەو فەیلەسووفەیە کە شایستەی حوکمڕانییە؟ و کێ چاودێری ئەو کەسە دەکات کە بانگەشەی خاوەندارێتی مەعریفە دەکات؟ کاتێک مەعریفە دەبێتە پاساو بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات، فەلسەفە خۆی دەتوانێت ببێتە پەردەیەک بۆ نوخبەگەرایی سیاسی.ئەریستۆش، سەرەڕای بەشدارییە گەورەکانی لە لۆژیک، سیاسەت، ئەخلاق و زانستەکاندا، لە دەرەوەی سنوورەکانی سەردەمی خۆی نەبوو. هەندێک لە تێڕوانینەکانی دەربارەی کۆمەڵگە،کۆیلایەتی و ژن، ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بوون کە مرۆڤی وەک یەکسان لە ماف و توانای بەشداریکردندا نەدەبینی. گەورەیی فیکریی ئەریستۆ بەو مانایە نییە کە هەرچی نووسیوە ڕاستە، و هەڵەکانی سەردەمەکەی ناکاتە ڕاستی فەلسەفی. هەندێکجاریش [ڕۆشنبیر] دەیەوێت وێنەی فەیلەسووفە بلیمەتەکە وەک خۆی بپارێزێت، زیاتر
لەوەی بیەوێت پشکنین بۆ بیرۆکەکانی بکات.دیکارت مەعریفەی لە ڕێگەی گومانەوە سەرلەنوێ بونیاد نایەوە و عەقڵی خستە چەقی پڕۆژە فەلسەفییەکەیەوە. بەڵام پڕۆژە دیکارتییەکە خۆی کۆتایی کێشەکە نەبوو. گوتنی ئەوەی کە عەقڵ خاڵی دەستپێکە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کێشەی پەیوەندی نێوان عەقڵ و جەستە چارەسەر ناکات، و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی مەعریفە وسنوورەکانی ناداتەوە.کانتیش یەکێک لە کاریگەرترین هەوڵەکانی بۆ تێگەیشتن لە سنوورەکانی عەقڵ پێشکەش کرد،بەڵام ئەویش لە تێڕوانینەپەیوەستەکانی بە سەردەمی خۆیەوە پارێزراو نەبوو. هەندێک لە نووسینەکانی دەربارەی گەلان و ڕەگەزەکان دەریدەخەن کە خاوەنی پڕۆژەیەکی ئەخلاقیی جیهانی، بە تەواوی لە تێڕوانینە ڕەگەزپەرستییەکانی سەدەی هەژدەهەمی ئەورووپا ڕزگاری نەبووە. ئەمە تێبینییەکی لاوەکی نییە؛ چونکە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ئەو فەیلەسووفەی دەربارەی مرۆڤ وەک “ئامانج لە خۆیدا” دەنووسێت، دەکرێت لە هەمان کاتدا
هەڵگری تێڕوانینێک بێت کە دژی ئەم بنەمایەیە کاتێک باسەکە دێتە سەرکەسانێک کە سەر بە گروپەکانی ترن.هێگڵ فەلسەفەیەکی گەورەی بۆ مێژوو پێشکەش کرد، و مێژووی وەک جوڵەیەکی دیالێکتیکی بینی کە تێیدا ڕۆح و ئازادی گەشە دەکەن. بەڵام گۆڕینی مێژوو بۆ ڕێڕەوێک کەئاراستە
و واتایەکی دیاریکراوی هەبێت، ڕەنگە فەلسەفە بخاتە ناو کێشەیەکی گەورەوە: چی ڕوودەدات کاتێک واقیع جیاواز دەبێت لەو مۆدێلەی بۆمان داناوە؟ ئایا هەرچی لە مێژوودا ڕوودەدات پێویستە تەنها لەبەر ئەوەی ڕوویداوە؟مارکس لای خۆیەوە ڕەخنەیەکی بەهێزی لە سەرمایەداری و چەوسانەوە گرت، و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵناسی جێهێشت. بەڵام هەندێک ئەزموونی سیاسی کە ناوی ئەویان بۆ ئاستی عەقیدە بەرزکردەوە، دەریانخست کە گۆڕینی تیۆری بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی داخراو دەتوانێت دەسەڵاتێکی نوێ بەناوی ڕزگارکردنی مرۆڤەوە بەرهەم بهێنێت.ناکرێت تەنها مارکس بەرپرسیار بکرێت لە هەموو ئەو کارانەی ئەو ڕژێمانە کردیان کە
دروشمەکانی ئەویان بەرزکردبووەوە، بەڵام ناشکرێت میراتی مارکسی لە ڕەخنە بێبەری بکرێت کاتێک هەندێک لە بیرۆکەکانی دەگۆڕێن بۆ یەقینێکی سیاسی کە قابیلی پێداچوونەوە نییە.سەبارەت بە نیتشە، لە کلتووری هاوچەرخدا بووەتە سیمبولی یاخیبوون لە بەها باوەکان،بەڵام وێنەکەی زۆرجار کورتکراوەتەوە بۆ چەند وتەیەکی کورت دەربارەی هێز، سەرکەوتن ونایابی. بەم شێوەیە فەیلەسووفێکی زۆر ئاڵۆز گۆڕدراوە بۆ کۆمەڵێک دەستەواژەی ئامادە کە هەندێکجار بۆ پاساودانی تاکگەرایی یان سووکایەتیکردن بە بێهێزەکان بەکاردێن. کێشەکە تەنها لە نیتشەدا نییە، بەڵکو لەو شێوازەدایە کە ڕۆشنبیر دەقێکی فەلسەفی پێ دەخوێنێتەوە: ئەو ڕستەیەی لێ دەردەهێنێت کە خزمەتی هەڵوێستەکەی دەکات و تەواوی پڕۆژە فیکرییەکە جێدەهێڵێت.تەنانەت ئەو فەیلەسووفانەی گومانیان کردە میتۆد، لە ناکۆکی ڕزگاریان نەبوو. ئەمە عەیبەیەکی ناوازە نییە لە فەلسەفەدا؛ بەڵکو بەشێکە لە سروشتەکەی. کێشەکە لەوێوەدەست پێدەکات کە هەوڵ دەدەین ئەم ناکۆکییانە بشارینەوە، چونکە دەمانەوێت وێنەیەکی نموونەیی دەربارەی خاوەن بیرۆکەکە بپارێزین. فەیلەسووفەکان خودای عەقڵانی نین،ئەوان مرۆڤن و لە ناو بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراودا بیر دەکەنەوە. ڕەنگە بیرۆکەگەلێک پێشکەش بکەن کە لە سەردەمی خۆیان تێپەڕێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانن لە هەندێک لە پێشوەختەکانی ئەو سەردەمە دەرباز بن. فەیلەسووف دەکرێت دەرگایەک بۆ ڕزگاری لە بوارێکدا بکاتەوە، و لە بوارێکی تردا دایبخات.بۆیە نابێت ئەرکی خوێنەری فەلسەفە تەنها ئەوە بێت کە بپرسێت: فەیلەسووفەکە چی گوت؟بەڵکو دەبێت بپرسێت: بۆچی وای گوت؟ چی هەبوو کە نەیتوانی بیبینێت؟ چ گریمانەگەلێکی وەک ڕاستی وەرگرت؟ کێ سوودی لەم بیرۆکەیە بینی؟ و کێ زیانی بەرکەوت؟ کێشەی بوونی هەڵەی کلتووری فەیلەسووفەکان نییە، بەڵکو ترسە لە دانپێدانان پێیاندا. ئەو ڕۆشنبیرەی وەک بڕوادارێک بەرگری لە فەیلەسووفە دڵخوازەکەی دەکات، هیچ شتێکی گچرنگ لە فەلسەفە فێر نەبووە. ئەو فەیلەسووفەی ڕەخنەکردنی لێ قەدەغە دەکرێت دەگۆڕێت بۆ بت، و ئەو خوێنەرەی لە ڕەخنەگرتن دەترسێت دەگۆڕێت بۆ شوێنکەوتە. فەلسەفە پێویستی بە بتی نوێ نییە، پێویستی بە خوێنەرێکە بتوانێت بە سوکرات بڵێت “ڕەنگە هەڵە بیت”،بە ئەفلاتوون بڵێت “شارە نموونەییەکەت ڕەنگە زیندان بێت”، بە ئەریستۆ بڵێت “بلیمەتیت پاساو بۆ پێشوەختەکانت ناهێنێتەوە”، بە کانت بڵێت “پڕۆژە ئەخلاقییەکەت ڕێگری لێ نەکردیت لە هەڵەکانی سەردەمەکەت”، بە مارکس بڵێت “ڕەخنەکەت بۆ سەرمایەداری هەر بەدیلێکی تر ناکاتە ڕاست”، و بە نیتشە بڵێت “یاخیبوون لە بەهاکان بەو مانایە نییە کە دەبێت هەموو بەهایەک بڕووخێت”. ئەمە سووکایەتی نییە بۆ فەیلەسووفەکان، بەڵکو ڕێزگرتنی ڕاستەقینەیە لە فەلسەفە.
چونکە گەورەترین وانە کە بتوانین لە مێژووی فەلسەفە فێری ببین، ئەوەیە کە هیچ کەسێک مافی قۆرخکردنی ڕاستی نییە، تەنانەت ئەوانەش کە ژیانی خۆیان بۆ گەڕان بەدوایدا تەرخان کردووە.