دیوە شاراوەكەی فەیلەسوفان!.. سەدیق سەعید ڕواندزی
ئینگلیزەكان دەڵێن:_(هەموومان وەك مانگ واین، ڕووێكی شاراوەمان هەیە) زۆر جار ئەم ڕووە شاراوەیە دەكەوێتە بەر ڕۆشنایی و ئیدی حەقیقەتی بوونی مرۆڤ وەك ئەوەی كە هەیە دەردەكەوێت نەك ئەوەی خۆی لە بەرگ و ماسكێكی نماییشیدا دەنوێنێت! بێگومان بۆ كەسانێكی ئاسایی گەر ئەم ڕووە شاراوەیە خاڵێك و پەلەیەكی ڕەشیشی تێدا بێت، ڕەنگە ڕێی تێ بچێت و ئاسایی بێت، بەڵام بۆ فەیلەسوفان و بیرمەندان نەك هەر ئاسایی نییە، بەڵكو شەرمەزاریی و ڕووڕەشییەكی گەورەی مرۆیی و مێژووییشە، چونكە فەیلەسوفان كار لە سەر زانستی زانین و فەلسەفە و هوشیاركردنەوەی تاك و داهێنانی هزری و تێزی جیاواز دەكەن. لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندین وتارم لە بارەی هەریەك لە (هایدگەر و نیتشە و فۆكۆ) بەزمانی كوردی خوێندنەوە، چونكە تەنها ئەو زمانە دەزانم. بە ڕاستی زانیاریی وایان تێدا بوو بۆ من سەیر و نوێ و شۆكهێنەربوون، ئاخر ئەو فەیلەسوفانە لای زۆرینەی هەرە زۆری نووسەرانی كورد، تا ڕادەی پەیامبەرێكی ئایینی پیرۆز كراون و وایان لێهاتووە گەر نووسەرێك لە نووسینەكانیدا ناویان نەهێنێت، ئەوا بە نەخوێندەوار و بێ ئاگا لە دنیای ڕۆشنبیری ناوی دەبرێت، گەر ساڵانە سەد كتێبیش بخوێنێتەوە!
ئەوەی ئێمە لە بارەی هایدگەر زانیومانە، تەنها بوون و زمانە، بەڵام ئەم فەیلەسوفە، ڕەوایەتی بە جینۆسایدی جوولەكەكان داوە، ئەندامی حزبی ناسیونالستی ئەڵمانی بووە، هەوڵیداوە پەرێزی نازییەكان پاك بكاتەوە و تا مردووشە ئامادە نەبووە هاوسۆزی ئەو تراژیدیایە بێت، كە تا ئێستاش پەڵەیەكی گەورەی پڕ شەرمەزارییە بە تەوێڵی مێژووی مرۆڤایەتیدا ! نیتشە دەڵێت:
كە چوویە لای ژنەكەت قامچییەكەت لە بیر نەچێت، باوەڕی بە دەسەڵات و خزمەتكار و ڕەعیەت هەبووە، تەنها فاشیستەكان و كۆنەپەرستەكان سەرسامن بە بیری نیتشە. فۆكۆ، هۆمۆسێكسواڵ بووە! بۆ ماوەی بیست و پێنچ ساڵ، گەنجێكی كوڕی هاوماڵ كردووە و لەگەڵی ژیاوە، بە دوایدا چۆتە جەزائیر، سەرەنجامیش بە نەخۆشی ئایدز مردووە. شۆپنهاوەر، هانی مرۆڤەكانی دەدا خۆیان بكوژن و بەردەوام ڕەشبینانە بیری دەكردەوە، كەچی تا ئەو سەری ئاسمان دەستی بە ژیانەوە گرتبوو، ئەمە وێرای ئەوەی گاڵتە بە ژنان دەكات و بە قازو مراوی دەیانچوێنێت!
ئەم ڕووە شاراوانەی فەیلەسوفان، نەك هەر نەنگییە، بەڵكو خۆیان و فەلسەفەكەشیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر چۆن دەكرێت تۆ فەلسەفە پیشانی مرۆڤایەتی بدەیت، بەڵام بە نەخۆشی ئایدز بمریت، كە هەموومان دەزانین ئەو نەخۆشییە زادەی جۆرەها سێكسی نەشیاوە؟ ماركس، كە بە بڕوای من ناشێ ناوی لەگەڵ ئەوانە بهێنرێت، فەلسەفەی ماركسیزمی دانا، كە دیارترین فەلسەفەی خزمەتكردنە بە مرۆڤایەتی بە ئێستاشەوە بەراورد بە سیستەمی نامرۆیی سەرمایەداری، كەچی كاتێ سۆڤییەت ڕووخا، تین و توانجی دنیا لە شۆڕشەكە و لینین و ماركس دەگیرا و گاڵتە بە كۆمۆنیزم دەكرا، بەڵام هەمان ئەوانەی ڕەخنە لە ماركسیزم دەگرن، سەیر لەوە دایە سەرسامن بە كەسێك كە چاوی لە كوشتنی پێنچ ملیۆن مرۆڤی بێ تاوان پۆشیوە! بە داخەوە ئەوەی تا ئێستا لە ڕێی وەرگێڕانەوە بە ئێمە لە بارەی ئەمانەو دەیانی تر گەیشتووە، هەر تەنها ڕووە ماسكدراوەكەی ئەو فەیلەسوفانە و نموونە گەلێكی دیكەن. بۆیە ئێمە پێویستیمان بەوەیە، زانیاریی نوێ لە بارەی ئەوانە بزانین، زانیارییەك كە بوونیان بە ڕاستەقینەیی دەربخات، ئەمەش بە وەرگێڕێك دەكرێت، وەرگێڕان وەك ئەمانەت ببینێت، نەك هەوەسی كەسی!
*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان بڵاوكراوەتەوە.