شانۆ، شوێنگەی یادەوەرییە جیاوازەکان.. زاهیر عەبەڕەش

کاتێک دراما ــ شانۆ دراما بە یەکێک لە بەرزترین شێوەکانی دەربڕینی ڕۆحی مرۆڤ دادەنرێت چونکە ژانری شانۆ لە سروشتدا دیالێکتیکییە. لێرەدا دیالێکتیکی بەو مانایەیە کە دوو هەڵوێستی جیاواز یان زیاتر لە یەکتر کۆدەبنەوە، دژایەتی یەکتر دەکەن و لە ڕێگەی ئەم ململانێیەوە گەشە دەکەن. ئامرازی دیالەکتیکیشی دیالۆگە. دراما دوو ئامرازی سەرەکی بۆ ئەمە هەیە:
یەکەم گفتوگۆ – مرۆڤەکان قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن و بیروڕای جیاواز دەردەبڕن
دووەم ململانێ – بیرکردنەوە، بەرژەوەندی یان جیهانبینییەکانیان بەریەک دەکەون.
بۆ نموونە: لەسەر شانۆ لە بارەی کارەساتێکەوە لە نێوان دووکەسدا وتووێژ دەکرێت.
کەسی یەک دەڵێت: ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا کردەوەیەکی قارەمانانە بوو.
کەسی ب: نا، بۆ ئێمە کارەسات بوو.
پاشان مەرج نییە شانۆنامەنووس بڵێت کێ ڕاستە. بینەر ناکۆکی نێوان دوو ڤێرشون یان دوو شێوەی گێڕانەوەی دەبینێت.
ڕێک لەبەر ئەم تایبەتمەندییە، کە هیگڵ، شانۆ ــ دراما زۆر بەرز دەنرخێنێت. واتە بەهۆی ئەو ئەگەرەی کە فۆرمی دراما دابینی دەکات بۆ ئەوەی لەسەر شانۆ بەریەککەوتنی هەڵوێستە جیاوازەکان، ململانێ، ناکۆکی و پەرەسەندنی ئارگیومێنتەکانی لایەنە جیاوازەکان لێرەو لە ئێستادا ولە ڕەوشی ئێمەدا کێبڕکێی یادەوەرییە جیاوازەکان پیشان بدرێت. کە تیۆریستە مارکسیستەکان دەیانگوت کە دراما هەرەبەرزترین ئاستی بەرجەستەکردنی دیالێکتیکەکانی مێژووییە. هیگڵ گرنگە، چونکە دیالەکتیک و ناکۆکی وەک بەشێکی سەرەکی لە چۆنیەتی گەشەکردنی بیرکردنەوە و مێژوودا دەبینی.
بە ئاسانی ئەگەر ئێمە نەخشە سازیەکی بۆ بکەین بەم شێوەیە دەبێت
هەڵوێستێک + لەگەڵ هەڵوێستێکی دژبەردا کۆدەبێتەوە ← ململانێ دروست دەبێت ← پاشان تێگەیشتنێکی نوێ دروست دەبێت. بۆیە دەکرێت شانۆ ــ دراما خۆی وەک فۆرمێکی دیالێکتیکی مێژوو سەیر بکرێت.
یادەوەری جیاواز:
گرنگە لە بەسەرهاتە مێژوویەکاندا یادەوەری جیاواز وکێبڕکێی نێوان یادەوەرییە جیاوازەکان ببینین. لێرەدا تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤەکان بۆچوونی جیاوازیان هەبێت سەبارەت بە داهاتوو. هەروەها دەتوانن یادەوەری جیاوازیان هەبێت لە هەمان ڕووداوی مێژوویی.
بۆ نموونە ڕووداوێکی مێژوویی لە کوردستاندا لەبەرچاو بگرین.
کەسی یەکەم دەڵێت: ساڵی هەشتاکان کاتی بەرخۆدان و قارەمانێتی بوو.
کەسی دووەم دەڵێت: بۆ خێزانەکەم کاتێکی لەدەستدان و ترس بوو.
سێیەمیان دەڵێت: خۆم ئەو ڕووداوەم لەبیر نییە، بەڵام لەلایەن دایک و باوکمەوە بۆم باسکراوە.
بۆیە هەرسێکیان پەیوەندی جیاوازیان بە یەک ڕابردووەوە هەیە. شانۆ دەتوانێت ڕێگە بدات هەموو ئەم یادەوەرییانە لە یەک کاتدا لەسەر شانۆ بوونیان هەبێت.
بیرەوەری دیالۆگی / heteronomi هێتێرۆنۆمی
بیرەوەری دیالۆگی زۆر گرنگە بۆ شانۆ، بۆ شانۆنامە نووسان، یادەوەری دیالۆگی بەو مانایەیە کە یادەوەری تاکە چیرۆکێکی جێگیر نییە. چەند یادگاریەک هەن کە گفتوگۆ دەکەن و کێبڕکێ دەکەن و هەندێکجاریش دژایەتی یەکتر دەکەن. ئەگەر ڕووداوێکی مێژووی وەربگرین دەتوانرێت بەم شێوەیە بیری لێبکەینەوە.
کەسی A بە یەک شێوە لەبیریەتی
کەسی B بە شێوەیەکی تر لەبیریەتی
کەسی C بە شێوەیەکی دیکە لەبیریەتی
ئەم یادەوەریە جیاوازانە لەسەر شانۆ بەر یەکتر دەکەون، ئەم سێ کەسە لەسەر شانۆ دیالۆگ دەڵێن و ململانێ دەکەن. بینەر لەم سێ ئەکتەرەدا سێ ڤێرشونی جیاواز لە ڕابردوو دەبینێت. ئەمەیە کە پێی دەڵێت هێتێرۆمنیمۆنیک – یادەوەرییە جیاوازەکان بەڵام لە هەمان کاتدا بوونیان هەیە.
ئێدگاراس کلیڤیس کە مامۆستا و مێژووی شانۆ دەنووسێتەوە لە لێکۆڵینەوەکانیدا تیشک دەخاتە سەر فۆرمەکانی شانۆی سیاسی هاوچەرخ پێمان دەڵێت کە بۆچی هێتێرۆمنیمۆنیک گرنگە بە تایبەتی بۆ شانۆ، ئەو دەڵێت شانۆ ــ دراما دەتوانێت ئەم کارە بکات، چونکە بینەر دەتوانێت کەسانی جیاواز بە دیدگای جیاوازەوە بناسێت.
بۆ نموونە شانۆنامەیەک ڕەنگە باسی ڕووداوێکی مێژوویی بێت و چوار کەسی تێدابێت.
ڤێرشونی بیرگەی چوار کەس لەسەر سانۆ دەبینین.
یەکەم: ئێمە قوربانی بووین.
دووەم: ئێمە بەرەنگاری بووینەوە.
سێیەم: ئێمەش هەڵەمان کردووە.
چوارەم: دەمەوێت هەموو شتێک لەبیر بکەم.
مەرج نییە شانۆنامەنووس یەک ڤێرشون بدات بە بینەر و بڵێت ئەمەیان ڕاستە. بەڵکو بینەر دەگاتە ئەوەی کە ململانێی نێوان یادەوەرییەکان ئەزموون بکات. کە ئەوە زۆر گرنگە بۆ هەم بۆ بینەر هەم شانۆنامە نووس کە دەقێكی تەمەن درێژ بنووسێت. بینەر دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە خۆی لەگەڵ دیدگای کارەکتەرێکدا یەکبخات و هاوسۆزی بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە بینەر دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە کارەکتەرەکە ڕاستە. بەڵکو بینەرە ئەو پرسیارە دەکات ( تێدەگەم بۆچی ئەم کەسە بەو شێوەیە لەبیریەتی) بینەر دەتوانێت لە تێڕوانینێکی تەواو پێچەوانەی کارەکتەرەکان تێبگات. ئەم دید و تێڕوانینە بۆ شوناس شانۆ و نیشتیمان سازی زۆر گرنگە، چونکێ مەرج نییە شانۆ یەک چیرۆکی نەتەوەیی دروست بکات. هەروەها دەتوانێت ئەوە نیشان بدات کە مێژووی میللەت لە چەندین یادەوەری کێبڕکێکار پێکهاتووە. ئەمەش بەواتای مێژووی میللەت و یادگاری کەسانی جیاواز کە لەسەر شانۆ کۆدەبنەوە و ململانێ دەکەن بینەر ڕووبەڕووی چەند تێڕوانینی ڕابردوو دەبێتەوە. وە لێرەدا شانۆ تەنها نابێتە شێوازێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی مێژوو، بەڵکو شانۆ دەبێتە کەناڵێک و سەکۆیەک بۆ یادەوەری.
بە واتایەکی تر شانۆ شوێنێکە کە کۆمەڵگا دەتوانێت لێی بکۆڵێتەوە و دانوستان بکات و پرسیار بکات کە چۆن ڕابردووی خۆی لەبیر نەکات. شانۆ بە تایبەتی بۆ وێناکردنی مێژوو و یادەوەری بەکۆمەڵ گونجاوە، چونکە پێکهاتەی بنەڕەتی شانۆ لەسەر بنەمای دیالۆگ و ململانێ دامەزراوە. کاتێک کەسانی خاوەن ئەزموون و یادەوەری جیاواز لەسەر شانۆ کۆدەبنەوە و بەریەک دەکەون، ململانێ لە نێوان ڤێرشونە جیاوازەکانی ڕابردوودا ڕوودەدات. پاشان بینەر نەک هەر گوێی لە مێژوو دەبێت، بەڵکو ئەزموونی ئەوەش دەکات کە چۆن یادەوەرییە جیاوازەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. دەنگی جیاواز لێرەدا ڕەوایە بەبێ گوێدانە ئەوەی خاوەنەکانیان نوێنەرایەتی کام دەسەڵات یان کام لایەن دەکەن. بۆ نموونە، ناکۆکی لە نێوان خودی حزبییەکاندا سەرهەڵدەدەن کە پەیوەندییان بە ڕابردوویانەوە هەیە، جیاوازییەکانیان لە بەرامبەردا بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردستان.

زاهیر عەبەڕەش