( ڕۆمانی فڕینی پردەکان لە نێوان چێژی دەق و ساتمەکانی گێڕانەوەدا)دا.. پ. د.نەجم ئەڵوەنی
ئەم ڕۆمانە دووەم ڕۆمانی (دڵشاد کاوانی)یە کە چاپی یەکەمی لە ساڵی (٢٠٢٣) لە چاپخانەی (پاندا) دەرچووە. بە درێژایی (٣٤٥) لاپەڕە کۆمەڵێ ڕووداو دەگێڕێتەوە کە بەسەر کۆمەڵێ کارەکتەری خەیاڵیدا هاتووە، لەوانە سیراجەددین و تاجەددین و ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور و کۆمەڵێ کارەکتەری لاوەکی وەک ئەوانەی لە حەقخانە دەژین و بڕوایان بە کتێبی قینات هەیە.
ڕۆماننووس لە کەشێکی خەیاڵیدا باسی ململانیی نێوان ئاینەکان دەکات و لە زاری کارەکتەرەکانەوە دەیەوێ ئەوە بە خوێنەر بڵێ کە ئەو ململانێیە لە گەوهەردا بۆ مەبەستێکی سیاسی و لە پێناو دەسەڵاتدا بەرپابووە، بەڵام لە بەرگێکی ئاینیدا خۆی نوواندووە ، و دواتریش ڕابەرانی ئاینی حەقە لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن و بە دڕندەترین شێوە لەگەڵ یەک دەجەنگێن. بۆ نموونە ئاپۆپ هێرش دەکاتە سەر خانەی کەوشەن و سوبحلئەزەل دەگرێ و لە سێدارەی دەدات، بەهادوور بە کوێری و لاڵی ڕیسوا دەکرێ و لەسەر جادە فڕێ دەدرێ و دەبێتە سواڵکەر و سیلۆنی پیر پاش دادگاییەکی ئاشکرا ناچار بە خۆکوژی دەکرێ. پاشان لەلایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامی کە هەردووکیان خوشکەزای سیلۆنی پیرن، کودەتا بەسەر ئاپۆپدا دەکرێ و دەکوژرێ و تەواوی کتێبەکانی قینات دەسووتێنرێن و دەسەڵاتێکی کۆماری بێ ئاین لە لایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامییەوە دادەمەزرێ.
لەم ڕۆمانەدا بەهادوور و سوبحلئەزەل بەیاوەری نەدیمی نەدیو گەشتێکی خەیاڵی بۆ بیابانی (نەقەب) دەکەن و لەوێ لە یەکتر دادەبڕێن و کچێکی وردیلەی سینەساف بەهادوور دەدۆزێتەوە و لە مردنی ڕزگار دەکات و دەیباتە شارێک دەکەوێتە نێو بیابانەوە، لەوێ چاوی بە کۆمەڵێ سەرکردە دەکەوێ، لەوانە مهاتما گاندی کە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکە لەبارەی خۆشناو و خۆشناوەتی و ئارەزوو دەکات بەسەردان بێتە ناوچەی بالیسان. هەر لەوێ چاوی بە جیڤارا و ترامپ و هتلەر و ستالین و ئیبنی سینا و ماندێلا و سەدام دەکەوێ. ئەوەی سەیر و سەرنچڕاکێشە لە دیوانەکەی سەدامدا دەبینێ لەیلا قاسم و محەمەدی کوڕی عومەری خاوەر دەژین و لەیلا بەدەم گۆرانییەوە سی دوو ساڵە ساقۆ و جلە سەربازییەکانی سەدام دەشوا کەچی خاوێن نابنەوە و هەر خوێنیان لێ دەچۆڕێ، محەمەدیش لە ساڵی ١٩٨٨ وە بێ نان و ئاو هەر خەریکی گەمەکردنە. سەردانەکانی بەهادوور بە یاوەری کچە وردیلەی بیابان، هەمان ئەو گەشتەی نێو داستانی (کۆمیدیای خواوەندی) (دانتی)مان بیر دەخاتەوە کە بەیاوەری ڤێرجل و پیاتریس بۆ دۆزەخ و بەهەشت و دیتنی قەشە و پیاوە ئاینییەکان و کەسانی دیکەی دەکەن. دیوارەکانی شاری نێو بیابان و قەڵایەکەی لەلایەن داروینەوە دروستکراوە و نابێ ئەوانەی لەوێ دەژین لە عەتەبە و دیوانی خۆیان بێنە دەرەوە و تێکەڵی یەک ببن ئەگینا وەک کچە وردیلەی بیابان بە بەهادوور دەڵێ تەواوی ئەو شارە لەڕووی ئاسایشەوە دەشێوێ، چونکە زۆربەی دانیشتوانەکەی دژ بە یەکن، یان سەردەمێک دۆستی یەک بوونە و ئێستا دوژمنی یەکن. لەڕێی ئەو کچە وردیلە مەمک بڕاوەوە گوێی لە کارەساتی ئەنفال دەبێ و ئەو کچە یەکێک بووە لەوانەی لە مردن ڕزگاری بووە وەک خۆی باسیکردووە، بەڵام سەربازەکان بەکۆمەڵ دەستدرێژییان کردووەتە سەری. ئەم کچە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە کە ئەفسەرێکی سوپا بووە ڕزگار کراوە و هێناوێتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بێ ئەوەی بزانێ ئەمە کچی خۆیەتی و داویەتی بە جووتیارێک، ئەو جووتیارەش وەک کچی خۆی خۆشی دەوێ@ و ژیانی دەپارێزێ، کەچی دواتر هەر لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە دەکوژرێ کاتێ داکۆکی لەو کچە کردووە و هەوڵیداوە ڕێگری بکات بۆ ئەوەی نەدیم و سەربازەکانی دەست درێژی بۆ سەر ناموسی ئەو کچە نەکەن کە لە بنەڕەتدا کچی خودی نەدیمە و ئێستا نایناسێتەوە، چونکە بە منداڵی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەبەر هەژاری و نەبوونی لەسەر داوای ئەو و بە ڕەزامەندی ئاپۆپی برای لەلایەن پوورە پەتییەوە دراوە بە کەسێک و ئەویش نازانێ ئەو کەسە کێیە، ڕێبوارە یان قەرەجە و لە شوێنێکی دیکەی ڕۆمانەکە کە دواتر باسی دەکەم، بابی کچەکە دەڵێ گوایە قەرەجێک فڕاندوویەتی. ئەم کچە لە ئەنجامی ئەو دەست درێژییانە سێ منداڵی دەبێ، تەنانەت سەربازەکانیش نازانن ئەو منداڵانە لە کێیانە، بەڵام نەدیم بە منداڵی خۆی دەزانین. ئاپۆپ ڕێی دەکەوێتە ئەو شوێنەی ئەو کچەی لێیە و لە ڕۆمانەکەدا وەک (لۆقەنتە)یەک ئاماژە بەو ماڵەکراوە کە ئەو ژنە و سێ منداڵەکەی لێی دەژین. ئاپۆپیش کاری سێکسی لەگەڵ دەکات بێ ئەوەی بزانێ ئەمە خوشکی خۆیەتی، بەڵام ژنەکە دوای دوو ساڵ پێکەوە بوون پێی دەڵێ کاتێ لەگەڵم جووت دەبی هەست دەکەم ئەم کارە لەگەڵ برایەکی خۆمدا دەکەم. ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە دواتر ئاشکرا دەبێ کە ئەو ژنە کچی نەدیمی نەدیوه و خوشکی ئاپۆپە.
ڕابەرانی ئاینی حەقە، بەپێی ڕێساکانی کتێبی قینات بەشێک لە پیاوانی پەیڕەوکەری ئاینەکە دەخەسێنن و بەشێک لە ژنەکان مەمک دەبڕن بۆ ئەوەی هەستی سێکسییان بکوژن و وەک کۆیلە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاریانبهێنن. هەرژنێکیش لەوانە کاری سێکس بکات دەبێ خۆی بکوژێ بۆ ئەوەی گوناهەکەی پاک ببێتەوە.
ئەم ڕۆمانە دەیان ڕووداوی سەیر و سەمەرەی لەخۆ گرتووە و واقیع و ئەفسانە و خورافەی تێدا ئاوێتەکراوە و پێویستە خوێنەر زۆر بە وردی بەدوای سەرەداوەکانیاندا بگەڕێ بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان بدۆزێتەوە. هیچ ڕووداوێک لەم ڕۆمانەدا نییە کە خوێنەر بتوانێ بەسەریدا باز بدات و بە وردی و قووڵی نەیخوێنێتەوە، ئەگینا ناتوانێ سەرەداوەکان بەیەک بگەیەنێت و سەر لەخۆی دەوەشێنێ. هەروەها لەم ڕۆمانەدا ڕووداوێک نییە بێ هۆ ڕووبدات و ڕۆماننووس بۆ مەبەستێکی دیاریکراو داینەمەزراندبێ.
لەڕووی هونەرییەوە، ئەم ڕۆمانە بە دوو شێوازی جیاواز پێشکەشکراوە: بەشێکی لەڕێی گێڕەوەی هەمووشتزانەوە و بەشێکی دیکەی لەڕێی گێڕەوەی هەمەنشتزانەوە. ئەمەش بەگوێرەی بابەت و کارەکتەرەکان گۆڕانی بە سەردا دێ. جاری واش هەیە یەک بابەت بە هەردوو شێوازەکە پێشکەشکراوە وەک لە لاپەڕە(١٦٥ـ١٦٨) دا بەرچاو دەکەوێ کە ڕووداوەکان بە نوورە جارێ بە گێڕەوەی هەمووشتزان و جارێ بە گێڕەوەی هەمانشتزان پێشکەشکراون.. شایانی گوتنە من بابەتەکانم بە گوێرەی ڕۆمانەکە بەسەر (٥٦) شەش بابەتی سەرەکیدا دابەشکردووە کە بە بابەتی (کوشتن) لە لاپەڕە چوار دەست پێدەکات و سیلۆنی پیر باسی دادگایی و دوا ساتەکانی ژیانی خۆی دەکات، و گێڕانەوەکەی خودییە و سیلۆن دەیگێڕێتەوە، دوا بابەتیش لەژێر ناوی (کۆتایی هاتنی ئاین و کتێبی قینات) ە کە گێڕانەوەکەی بابەتییە و لە لایەن گێڕەوەی هەمووشتزانەوە باسکراوە.
لەم ڕۆمانەدا زیاتر لە (٣٣) کارەکتەر بەشداری ڕووداوەکانیان کردووە، هەندێکیان سەرەکی و هەندیکیشیان لاوەکین. گرنگترینیان بەهادوور و سوبحلئەزەل و ئاپۆپ و نەدیمی نەدیو و سیلۆنی و جیقەڕشکن و زەینەفۆن و گوڵشەنی بەستامین. ئەم کارەکتەرانە هەندێکیان بەگوێرەی ڕووداوەکان ناویان، یان نازناویان دەگۆڕێ وەک وەک (نەدیم) کە دواتر کاتێ لەڕیزی سوپا هەڵدێ ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (زەنکەلۆن) یان (سیراجەددین) ی زڕ برای تاجەددین کە پاش سەرنەکەوتنی کودەتایەکەی بەسەر تاجەددینی برایدا بەرەو بیابانی نەقەب هەڵدێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (سیلۆنی). هەروەها جیقۆڕشکن نازناوی شاژنی بیابان لەخۆی دەنێ. بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی ئاینی حەقە، ڕابەرانی ئاینەکە بەڕووکەش کار بۆ نەمانی ئاینە جیاوازەکان دەکەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی شەڕی خوێناوی لە نێوان گەلان و تایفە جیاوازەکاندا ڕووبدات، هەروەها دەیانەوێ سنووری نێوان گەلان نەمێنێ و کاردەکەن هەموو گەلان بەیەک زمان بدوێن و بۆ ئەم مەبەستەش زمانی سپرانتۆیان هەڵبژاردووە کە تەنانەت کتێبی قیناتیشیان هەر بەو زمانە نووسیوە، ئامانجی سەرەکییان گوایە دامەزراندنی ئاینی ئاشتی و مرۆڤدۆستییە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەدات و من بەش بەحاڵی خۆم تووشی سەرسوڕمانی کردم. ئەم ڕۆمانە لایەنە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ پیشانی خوێنەر دەدات. بریتی نییە لە گێڕانەوەی هەواڵی چەند ڕووداوێک کە پێشتر خۆمان تێیدا ژیاوین یان ئەزموونمان کردووە. بە شێوازێکی زۆر نوێ نووسراوە، مژدەی لەدایکبوونی ڕۆماننووسێکمان پێ دەدات. ئەگەرچی بەداخەوە سەراپای ڕۆمانەکە تژییە لە هەڵەی ڕێنووس و پێویستە پێداچوونەوەیەکی تەواوی لەم بارەیەوە بۆ بکرێت.
سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم ڕۆمانە، دوا لاپەڕەیەتی کە لەزاری نووسەری ناوەکی دەقەکەوە بە شێوەیەکی هێمایی پێشکەشکراوە و خوێنەر تووشی هێدمە دەکات کاتێ بۆی دەردەکەوێ تەواوی ئەم ڕووداوانە بریتین لە کۆمەڵێ ڕووداوی خەیاڵی کە پاقلە فرۆشێک پاش ئەوەی لافاو لەژێر پردی (شۆڕش) عەربانە شەق و شڕەکەی تێکدەشکێنێ و پاقلەو هەنارەکەی دەڕژێتە ناو ئاوی لافاوەکەوە و ناچار دەبێ ماوەیەک لە ماڵەوە بێ ئیش بمێنێ و دەرفەتی هەبێ لەو ماوەیەدا ئەم ڕۆمانە بنووسێ.
ئەو نووسەرە ناوەکییە دەڵێ ڕۆژانە پەڕەی ئەو کتێبانەم دەخوێندەوە پێش ئەوەی بیانکەمە لەفەی پاقلە. کتێبی قیناتیش ئەو کتێبانەبوون کە لێیان تێ نەدەگەیشتم و ڕۆژانە قسەم لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا دەکرد کە وێنەکانیانم بە عەربانەکەمەوە لکاندبوو. مروو، و نیقێمی سووریش کە لای ڕابەرانی ئاینی حەقە کرابوونە نیشانە و هێمای ڕابەرایەتی، ئەو دەنکە هەنارانە بوون کە ڕۆژانە به کڕیارەکانم دەفرۆشت، کچە وردیلە جوانەکەش هێمایە بۆ ئەو کچە سواڵکەرەی هێشتا بنی مەمکی دانەنابوو، ڕۆژانە دەهات بە بەلاش پاقلەم دەدایە و لەم ڕۆمانەدا کردوومە بە هێما بۆ ئەو ژنانەی لە حەقخانە مەمکیان دەبڕین بۆ نەمانی حەزی جووتبوونیان. بەهادوور و سوبحلئەزەل بوونیان نییە و سیلۆنی پیریش هێمایە بۆ ئەو چاودێرەی شارەوانی کە ڕۆژانە لەژێر پردێکەوە ڕاوی دەنام بۆ ژێر پردێکی دیکە. بە بڕوای من ئەم نووسەرە ناوەکییە کە بەتەکنیکی میتاگێڕانەوە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی گێڕاوەتەوە، هەر خودی ڕۆماننووسی ڕاستەقینەی دەقەکەیە کە تەنیا پۆلی سێی ناوەندی تەواو کردووە و ئێستا خەریکی پیشەی سەرتاشینە لە شاری شەقڵاوە.
بەگشتی ئەم ڕۆمانە زۆر سەرنجڕاکێشە و شایانی ئەوەیە هەموو خوێنەرێک بەتاسەوە بیخوێنێتەوە. ئەوەی جێی داخە ڕۆمانەکە کۆمەڵێ هەڵەی تێکەوتووە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا نووسەر ئەزموونی کەمە و پێویستی بەوەیە وردتر بنووسێت و زیاتر بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر توانای بەسەر دەقی ڕۆماندا بشکێ و ڕیتمی گێڕانەوەکەی کۆنتترۆڵ بکات. لەم وتارەدا هەندێ لەو ساتمانەی گێڕانەوەکە دەخەمە بەرچاو بۆ ئەوەی نووسەر و هەروەها خوێنەرانیش سوودی لێ ببینن:
١ـڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی جیقۆ ڕشکنی خوشکی ئاپۆپ و کچی نەدێم دوو بۆ چوونی پێچەوانەی خستووەتە ڕوو. یەکەمیان لە لاپەڕە (٧٨) دا باسکراوە کە گوایە مام نەدیم لەبەر گریان و هاواری کچە برسییە سێ ساڵییەکەی بێزار بووە و داوای لە ئاپوپ کردووە بە پوورە پەتییە بڵێ هەرچۆنێک بێ ئەو کچەیان لەکۆڵ بکاتەوە، ئەویش لەسەر داوای ئەوان دەیدا بە کەسێک نازانێ ڕێبوارە یان قەرەج، کەچی نووسەر لە لاپەڕە (٢٧٧)دا ئەوەی لەبیر دەچێ و لە زاری زەنکەلۆن واتە مام نەدیمەوە کە بۆ ئاپۆپ قسە دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنە قەرەجێک ئەو کچەی ڕفاندووە.
٢ـڕۆماننووس هەوڵیداوە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێ کە پاش دابڕانێکی زۆر ئیتر نەدیمی نەدیو ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، لە کاتێکدا لە لاپەڕە (٩٤) دا ئاماژەی بەوە داوە پاش دابڕانی یەکەمیان لە ڕێی نێوان شاری خوزستان و عەکەدا کە ئاپۆپ لە باوکی بزر دەبێ و پاشان بەهادوور و سوبحلئەزەل لە مزگەوتی (گەورەی قوتب) ئەو دەدۆزنەوە کە وەک موستەعد لەوێ خەریکی خوێندنەوەی زانستی ئاینی بووە. کەسێکیش کە لە پلەی موستەعیددا بێ نابێ تەمەنی لە (٢٠) ساڵ کەمتر بێ. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بۆچوونەش سوودمان لە دوکتۆر (سالار تاوگۆزی) وەرگرتووە کە خۆی پێشتر حەوت ساڵ لە مزگەوتدا وەک فەقێ خوێندوویەتی. دابڕانی باوک و کوڕ لەپاش ئەو تەمەنە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی دواتر و لە تەمەنێکی باڵاتردا یەکتر نەناسنەوە.
٣ـ سەبارەت بە چۆنێتی ڕزگاربوونی جیقۆ یان کچە وردیلە لە ئەنفال کە دەکاتە کچی نەدیمی نەدیو، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە، و لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٩٠)دا لە زاری ئەو کچەوە کە بۆ بەهادوور باسی کردووە دەڵێ یەکێک لەوانەی لە ژێرمەوە بوون بە تووندی پاڵی پێوە نام و لە چاڵە خۆڵەکە منی کردە دەرەوە، کەچی نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥) دا قسە بۆ ئاپۆپ دەکات دەڵێ لەو ڕەشە کوژییەدا بە دزییەوە ئەو کچەم لەژێر دەمی شۆفەلێک دەرهێنا و لەمردنم قورتارکرد.
٤ـ هەر لە باسی ئەنفال و چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە بەدناوەدا، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە و لە زاری کچە وردیلەوە لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٨٩)دا دەڵێ: ((وەک چۆن لە دایکبووین ئاوا ڕووتیان کردینەوە و جلەکانیان لێداکەندین و لەسەر کەندەڵانێکی بەرز خلۆریان دەکردینەوە، لەم بیابانە ژێر خۆڵیان دەکردین…)). کەچی نەدیمی نەدیو یان ئەوەی ناوی خۆی بۆ (زەنکەلۆن) گۆڕیوە لە لاپەڕە (٢٧٥)دا دەڵێ: ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەمان دەخستە نێو چاڵێکەوە، بە مازووت و قیر و بەنزین بە زیدوویی ئاگرمان تێ بەردەدان، ئەوانمان بە دوژمنی سوپا و شانشین دەزانی. لەبەر چالاکیم لەو پرۆسەیەدا پلەم بۆ ئەفسەری بەرزکرایەوە.
٥ـ کچە وریلە لە لاپەڕە (١٨٨) دا بە بەهادوور دەڵێ:((من کچێک بووم هەر لە منداڵییەوە کچێنم بە بیان بەخشی)). دواتر لە لاپەڕە (١٨٩) دا دەڵێ پاش ئەوەی لە خۆڵەکە هاتمە دەرێ چاوم پڕ لە خۆڵ بوو، هیچم نەدەبینی و کەوتمە دەست سەربازەکان و یەکێکیان گوتی مەیکوژن، و بەدڵی خۆتان تێی بەربن. ئەوانیش بە نۆرە سوارم دەبوون و گوتیان لێرە بەتەنیا جێی دەهێڵین یان گورگان خواردوو دەبێ یانیش بە برسێتێ و تینوێتی دەمرێ. پاشان نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥ـ٢٧٦) بۆ ئاپۆپ دەوێ: دەڵێ دوای ئەوەی زۆرگێمان کرد، نەم ههێڵا بمرێ و لە کاتی گەڕانەوەدا ڕادەستی جووتیارێکی ئەم بنارەم کرد. کەچی نووسەر هەموو ئەو بەسەرهاتانە لەبیر دەکا و لە لاپەڕە (٢٧٦ـ٢٣٠) دا کە ئەو کچە لە لۆقەنتەکە بۆ ئاپۆپ دەوێ باسی مناڵی و قۆناغی عازەبی خۆی لە سایەی ئەو جووتیارەدا دەکات و ئەو پیاوە بە باوکی خۆی دەزانێ و بە جۆرێ قسە دەکات کە خۆی کچی ئەو پیاوە بووە تا ئەوکاتەی قەراوڵەکان لە سەرگردێکی نزیک لەو لۆقەتەیە سەربازگەیەک دادەمەزرێنن و پاشان بە کۆمەڵ دەست درێژی دەکەنە سەری و بابیشی دەکوژن. کچە دەڵێ: ((من کچی پیاوێکی بەهێز و جووتیارێکی لێزان و ئازابووم، هەر لێرە لە دایک بووم، نایەتە بیرم دایکم کەی و چۆن لە دەستداوە […]. باوکم پیاوێکی دوغری و سەر ڕاست و ئاڵتەیی بوو، هێندەی خاک کێڵابوو بۆنی خاک و خۆڵی گرتبوو […]. شەوانە لە باغەڵی باوەم دەخەوتم، دەستە بچکۆلەکانم لە مووە ڕەش و زبرەکانی گیر دەکرد و هەستم بە ئارامییەکی زۆر دەکرد. کە عازەب بووم بە کار و باری ناو ماڵ و کابانی مژوڵ بووم…)). ئەم قسانە تەواو پێچەوانەی ئەوەن کە ئەم کچە پاش ڕزگار بوونی لە ئەنفال لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە هێنراوە بۆ کوێستان و دراوەتە ئەو جووتیارە.
٦ـ سەبارەت بە باوکی بایڵۆجی مناڵەکانی کچە وردیلەکە، نووسەر دوو بۆچوونی دژ بەیەکی خستووەتە ڕوو. کچە وریلە لە لاپەڕە (٢٣٥)دا دەڵێ: ((نزیکەی سێ ساڵان من لەم ژیانە پیسەدا بووم، بە دزی و بە ئاشکرا، بە شەو و بە ڕۆژ، سەربازەکان وەکو گامێش بەسەرمدا دەپەڕین، ئەم سێ منداڵەم لێیان بوو. کەسیان نەیاندەزانی منداڵەکان هی کامیانن، بۆیە لەگەڵم گۆڕان و هەموویان منیان بە دایکی منداڵەکانی خۆی دەزانی، تا ئەندازەیەکی باش نەرمییان دەنواند)). کەچی لە لاپەڕە (٢٧٦) دا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو لەم بارەیەوە قسەیەکی تەواو پێچەوانە دەکات و دەڵێ: ((دوای ساڵانێک لەڕیزی سەربازیدا، بووم بە ژەنەڕاڵ، هەم دیسان سوپا لەشکریان هێنایە سەر لووتکە و چیا بەرزەکانی سەر سنوور، منیش گەڕامەوە، کچەکەم لای هەمان جووتیار دۆزییەوە، کە لۆقەنتەیەکی بچووکیان لە لێوار شەقام واڵاکردبوو. جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، لەناو لۆقەنتەکە بە دەستی خۆم جووتیارەکەم کوشت، هەمان هەلی مانەوەم بە کچەکە بەخشییەوە. ئەویش بە ئابڕووچوونی باجی مانەوەی دەدا. هەموو شەوێک وەک ڕەشە وەڵاخ سواری دەبووم. لە ئاکامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی من، سکپڕ دەبوو، بەرهەمی سێ منداڵی ئیفلیجی لێ کەوتەوە)).
٧ـئەگەرچی ڕۆماننووس دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو، ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، بەڵام لە هەندی شوێنی ڕۆمانەکەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کارەکتەرە زۆر بەباشی کوڕەکەی خۆی ناسیوەتەوە، بەڵام بۆی ئاشکرا ناکات. بۆ نموونە کاتێ لە گەشتێکدا بە جووتە دەچن بۆ سەردانی ئەو لۆقەنتەیەی کچە وردیلەی لێ دەژیا، لە ڕێگە دەگەنە سەر تاڤگەیەک بۆ پشوودان، گێڕەوەی هەمووشتزان لەڕێی ئاخاوتنێکی ناوەوەی زەنکەلۆن لە لاپەڕە (٢٧٠)دا ئەوە ئاشکرا دەکات کە زەنکەلۆن گومانی نەماوە ئاپۆپ کوڕەکەی خۆیەتی و ئێژێت:(( سوێند بە سازگاری ئەم تاڤگەیە، تۆ هەمان ئەو کەسەیت کە لە عەکاوە دێت و بۆ خوزستان دەچیت، لە کۆشکی دوو جمکەکانەوە دڵشکاویت و بۆ گەیشتن بە چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێیت)). لێرەدا بە ڕاشکاوی بێ ناو هێنان باسی ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور دەکات، چونکە ئەم دوو برایە جمکن و لە کۆشکی تاجەددیندا هاوڕێی یەک بوونە و دڵیان لەیەک شکاوە. هەروەها نووسەر لە ساتێکی بێ ئاگاییدا لە زاری زەنکەلۆنەوە لە لاپەڕە (٢٨١) دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارەکتەرە بەدەم گریانەوە لە بەردەم گۆڕەکانی کچە وردیلە و سێ مناڵەکەی و جووتیارە کوژراوەکەدا کەوتووەتە دانپێدانان و ناوی خۆی بە ئاپۆپ گوتووە و ئەوەشی پێ گوتووە کە زەنکەلۆن ناوی ڕاستەقینەی ئەم نییە. هەر لەم لاپەڕەیەدا ڕازی دڵی بۆ ئاپۆپ ئاشکرا دەکات و پێی دەڵێ: (( ئەو لە خوزستانەوە لەگەڵ دوو کوڕی جمکەی سەر گەورە و بچووک (ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەی ناڕاستەوخۆیە بۆ سوبحلئەزەل و بەهادوور) هاتووە، ئەوانی لە بیابان بەتەنیا جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە حەقخانە […]. گەرەکێتی ڕازی دڵی ئاشکرا وەکات و پێی دەڵێت ئەرکی ئەوەیە (واتە ئەرکی ئاپۆپ) کە خانەی کەوشەن هەڵبووەشێنێتەوە، چوون خانەی کەوشەن ڕێگر و بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم حەقخانە و موریدانی حەق)). بە پێی زانیارییەکانی نێو یادداشتی دووەم، زیمنهۆڤ هەوڵی زۆری داوە کە ئەم بکوژێ، بەڵام لە پیلانەکانی سەرکەوتوو نەبووە و ناچار بووە دان بە خۆیدا بگرێ. زیمنهۆڤ بە گێڕانەوەیەکی خودی لە لاپەڕە (٣٠٢) دا ئاماژەی بەوە داوە کە زەنکەلۆن حەزی لەوە بووە کەسێکی دڵبەرد و دەست ڕەش، بە تایبەتی لە ئالی خۆی بێت تا بیخاتە شوێنی خۆی و میراتی ڕابەرایەتی سەدان ساڵەی میرایەتی لە بنەماڵە و ماڵباتی تاجەددین وەرگرێتەوە. بۆ ئەمەش یاری نێوان دوو برا ساز دەکات، من دەکاتە ئامانج و بەهادوور دەکاتە قوربانی، ئاپۆپی نەگریسیش دەکاتە ئەنجام. کەواتە زەنکەلۆن بە خۆی پلانی داناوە بۆ ئەوەی ئاپۆپی کوڕی بکاتە جێگیرەوەی لە حەقخانە و هەر لەڕێی ئەویشەوە زیمنهۆڤ بکوژێ و خانەی کەوشەن وێران بکات. لە دوا ئەنجامیشدا ئاپۆپ شوێنی باوکی دەگرێتەوە و زیمنهۆڤیش واتە سوبحلئەزەل لە سێدارە دەدات.
٨ـ لە لاپەڕە (٢٨٨) دا دووجار نووسەر گێڕانەوەکەی تووشی ساتمە کردووە و لەیەکەمیاندا ناوی کارەکتەرێکی لەباتی کارەکتەرێکی دیکە داناوە و پاشان هەر لە هەمان دێڕدا ناوی کارەکتەرە خوازراوەکەی بیر کەوتووەتەوە و بە دروستی لە شوێنی خۆی داناوەتەوە. ئەمەش چەند جارێک دووبارە بووەتەوە. لە ساتمەی دووەم دا کارەکتەرێکی کوێر و زمان بڕاو دەکاتە نووسەری یادداشتنامە. گێڕەوەی هەمووشتزان لە باسی خەونی موگناتیسی دووەمدا دەڵێ بەهادوور بە حەسرەتەوە حەزی لێبووە هەواڵێکی سوبحلئەزەلی برای بزانێ، بۆ ئەمەش سیلۆنی پیر مەرجی ئەوەیە، ئەمجارە زمانی ببڕێت. سیلۆنی پیر وەک گێڕەوەی هەمووشتزان دەڵێ: ((گازێکی دوو سەرەی ئاڵچاغ دێنێت، دەیخاتە ناو دەمی ئاپۆپ و زمانی بەهادوور لەبنەوە دەردەکێشێت. بە مقەستێکی تیژ زوانی ئاپۆپ دەبڕێت، ئینجا بە شیشکە ئاسنێکی سوورکراوە برینی دەم و لغاوی ئاپۆپ داغ دەکات. پاشان تۆپە قۆزاغەیەکی لۆکەی بە سپرتۆ دەئاخنێتە ناو زاری. بەهادوور هەموو گیانی دەکەوێتە لەرز و دەبوورێتەوە. چەند ڕۆژێکی پێدەچێت بەهادوور ئاسایی دەبێتەوە، وەلێ ئێستە وەک کەسێکی بێ زمان و چاو، بە ئاماژەی دەست و یاداشت نووسین مەبەستەکانی بۆ سیلۆن دەنووسێت)). ئەوەی ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە دەزانێ ئاپۆپ کوڕی زەنکەلۆنە و زەنکەلۆنیش کێشەی لەگەڵ سیلۆنی و بنەماڵەی ئەودا نییە، بەڵکو هەردوو لا دەیانەوێ دەسەڵاتی بنەماڵەی تاجەددین بڕۆخێنن و بەهادووریش کوڕێکی تاجەددینە، بۆیە سیلۆنی پیر بەم چەشنە دڕندانەیە سەودای لەگەڵدا کردووە. هەروەها من پرسیار لە نووسەری ڕۆمانەکە دەکەم و دەڵێم: دەکرێ مرۆڤێکی کوێر بتوانێ بەدەستی خۆی یادداشت بنووسێتەوە…؟.
٩ـلە لاپەڕە (٢٩١ـ٢٩٢) دا، ڕۆماننووس لەبارەی زیمنهۆڤەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کارەکتەرە بەلۆژیک بیری کردووەتەوە و ئاوەز واتە عەقڵ لای ئەو چەقی بیر کردنەوە بووە، لە هەمان کاتدا گوتوویەتی زیمنهۆڤ بۆ ماوەی بیست ساڵ لە تونێڵێکی ژێر خانەی کەوشەندا بەردەوام خواردوویەتییەوە و هەمیشە مەست بووە و بڕوای بەوە بووە کە ئاگایی گەورەترین گرفتە لەبەردەم ڕاستیدا، چونکە مرۆڤ لە حەقیقەتی خۆی دوور دەخاتەوە. ئەم بۆچوونانەش بە بڕوای من تەواو پێچەوانەی ڕاستین، چونکە ئاگایی بناغەی بیری لۆژیکییە و عەقڵ لە نائاگییدا ڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. بەدمەستیش مرۆڤ وێران دەکات و ڕێی ڕاستی لەبەرچاو ون دەکات.
١٠ـ لە لاپەڕە (١٥٤، ١٥٥، ١٥٧) دا ڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی سوبحلئەزەل و بەهادوور، پاش کوشتنی باوک و داکیان بۆچوونێک دەخاتە ڕوو کە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە لە لاپەڕە (٣٠٧) دا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو کارەکتەرە باسکراوە. لە پێش کوشتنی باوک و دایکی ئەوان کە داکۆکییان لە نوور پەپوولە دەکرد، باوکیان داوا لە نەدیمی نەدیو دەکات ئەو دوو منداڵە وەک ئەمانەتێک بپارێزێ و لەو شوێنەیان دوور بخاتەوە ئەمەش لە لاپەڕە (١٥٤) بە تەکنیکی گێڕەوەی هەمانشتزان و بەگێڕانەوەیەکی خودی لەلایەن خودی سوبحەلئەزەلەوە باسکراوە و دەڵێت: ((باوکم من و بەهادووری ڕادەستی مام نەدیم کردو گوتی: تا زووە ئەمانە قورتارکە، ئەمانەم ئەمانەتی تۆکرد. هەرچەند ئێمە دەگریان و دەنووزاینەوە کە باوکمان جێناهێڵین و مام نەدیمیش پێداگیری دەکرد کە ناتوانێت لەم کاتە سەختەدا باوەم بەتەنیا جێبهێڵێت، بەڵام باوکم لەسەر داوەکەی مکووڕ بوو)). دوایی لە لاپەڕە (١٥٥)دا باسکراوە کە باوکی سوبحلئەزەل و بەهادوور کوژراوە و پاشان لە لاپەڕە (١٥٧) دیسان سوبحلئەزەل باسی چۆنێتی کوژرانی دایکردووە. کەچی لە بۆچوونی دووەمدا نووسەر لە لاپەڕە (٣٠٧) دا دەڵێ بە پیلانی سیراجەددینی زڕ برای تاجەددین ئەو منداڵانە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە بۆ شاری عەکا ڕفێراون بۆ ئەوەی وەک بارمتە بەکاریان بهێنێ تاوەکو تاجەددین ناچار بکەن دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ. ئەگەر تاجەددین لەلایەن دەسەڵات و بە بەرچاوی خەڵکییەوە کوژرابێ ئیتر چۆن سیراجەددین منداڵەکانی بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی ناچار بکرێ دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ…؟. ئەمە هەڵەیەکی زەقی گێڕانەوەیە لەم ڕۆمانەدا و نەدبوو هێندە ئاسان بەسەر ڕۆماننووسەکەدا تێپەڕێ.
١١ـ لە لاپەڕە (٣١٦) دا گێڕەوەی هەمووشتزان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهادوور ڕێبەری خانەی کەوشەنە، کەچێ لە ڕاستیدا وەک لە لاپەڕە (٣٠٢ـ٣٠٣)دا و لە زمانی خودی زیمنهۆڤەوە بە گێڕانەوەیەکی خودی باسکراوە، بەخۆی خاوەنی ئەو پلە ئاینییە بەرزە بووە و سەرەتا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو وەک پێغەمبەرێک و دوا نێردراو لە نامەکانیدا بە حەقەکانی ناساندووە و پاشان وای لێهاتووە ئەم ببێتە چەق و ئەویش ببێتە پاشکۆ. ئەمەش وای لێکردووه پیلانی لێ بگێڕێ و هەوڵی لابردن و کوشتنی بدات. پاشان هەر لە لاپەڕە (٣١٦) دا نووسەر ئەم هەڵەیەی ڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا ئاپۆپ کە پاش کوشتنی بابی خۆی بووەتە یارسوڵتانی حەقخانە بە جوانی و ڕێکوپێکی وەڵامی نامە و ڕاسپاردەکانی زیمنهۆڤی ڕێبەری خانەی کەوشەنی داوەتەوە و گوێڕایەڵی خۆی بۆ نواندووە.
پ. د.نەجم ئەڵوەنی
گۆڤاری دیوان ژمارە (٦٣)ی ٢٠٢٦