ڕۆژگاری پووچگەرایی و بێبەهایی پێنووس.. ستار ئەحمەد

مرۆڤایەتی لە هیچ سەردەمێکدا وەک ئەمڕۆ دووچاری دابەزینی بەها گیانی و زانستییەکان نەبووەتەوە، بەڵام لە خاک و ناوچەی ئێمەدا ئەم دۆخە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. ئەمڕۆ دەبینین لە بەردەم سەردەمێکدا ڕاوەستاوین کە تێیدا کەسانی پووچ و بێناوەڕۆک کراونەتە پێشەنگی کۆمەڵگە و ناوەندە میدیایی و ڕاگەیاندنەکان بایەخی تەواویان پێدەدەن. ئەوانەی هیچ بەرھەمێکی زانستی و هزرییان نییە و تەنیا بە دەرکەوتنی ڕووکەشیان و دروستکردنی کەشوهەوای بێکەڵک سەرنجی خەڵکی دەڕفێنن، دەخرێنە سەرەوەی بایەخی کۆمەڵایەتیەوە. لە بەرامبەردا، ئەدیب و نووسەر و بیرمەندانێک لەم کوردستانەدا هەن کە هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو ڕووناک کردنەوەی بیری خەڵک و دەوڵەمەندکردنی زمان و وێژەی کوردی بەخشیوە، کەچی ئەمڕۆ لە پەراوێزێکی تەواو تاریکدا دەژین.
نووسەر و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لەم نیشتمانەدا گەیشتووەتە دۆخێک کە تەنانەت سادەترین مافی ژیان و بژێوییان نییە. بەشێکی زۆریان هیچ مووچە و داهاتێکی مانگانەیان نییە و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافی بەخێوکردن و هاوکاریی کۆمەڵایەتیش بێبەشن. کەس ئاوڕ لە دەرد و ئێشەکانیان ناداتەوە؛ نە دەسەڵاتی ڕامیاری کە ئەرکی سەرەکییەتی ڕێز لە سامانە هزرییەکەی بگرێت، نە کۆمەڵگە کە خەریکە هۆشیارییەکەی لەناو ڕەوتە ڕووکەشییەکاندا ون دەکات. ئەنجامی ئەم پەراوێز خستنە سەختە ئەوەیە کە پیاوانی قەڵەم لە برساندا یاخود لەژێر بنمیچی تەنهایی ماڵەکەی خۆیاندا بە بێکەسی و بەدڵپڕییەوە کۆچی دوایی دەکەن، بەبێ ئەوەی کەس لە ئازارەکانیان بگات یان زەنگێک بۆ فریادکەوتنیان لێبدرێت.
ئەم دۆخە تاڵە بێبەزییە، بەراورد دەکرێت بەو خەرجکردنە بێ‌سنوورەی کە لە پێناو کەسانی پووچ و بێ‌کاریگەردا ئەنجام دەدرێت. هەرێم پڕ بووە لە دیاردەی سەکۆ جۆراوجۆرەکان و دەرکەوتنی ڕووکەشانەی هەمە شێوە، کە هیچ بەهایەکی مرۆیی یان ڕۆشنبیری پێشکەش ناکەن. سەرەڕای ئەوەش، کاتێک ئەکتەرێکی بیانی یان کەسایەتییەکی دەرەوە سەردانی کوردستان دەکات، بە دەفتەرە دۆلار خەڵات دەکرێت و پێشوازیی شاهانەی لەلایەن دامودەزگاکانەوە لێدەکرێت، لە کاتێکدا نووسەرێکی نیشتمانی بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییەکی یان نانی ڕۆژانەی تووشی ئازارێکی جەرگبڕ دەبێت. ئەم دووڕووییە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنە، نیشانەی ئاشکرای داڕمانی بنەماکانی دادپەروەری و بەهای ڕۆشنبیرییە.
کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا بەهای مرۆڤ و خاوەن پێنووسەکان بەم شێوەیە بەرەو دابەزین دەچێت، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە نەک هەر لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە دەپووکێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئاکاری و نەتەوەییشەوە ڕووبەڕووی داڕمانی یەکجارەکی دەبێتەوە. وڵاتێک ڕێز لە زانا و نووسەر و ئەدیبەکانی نەگرێت و شوێنیان بە کەسانی ڕووکەش و بێ‌ناوەڕۆک پڕ بکاتەوە، هەرگیزاو هەرگیز ناتوانێت ئاسۆیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتووی بونیاد بنێت. پێویستە هۆشیارییەکی گشتی لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و ناو جەماوەردا دروست ببێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی بەها بۆ خامە بێگەردەکان، چونکە نەتەوەکان بە بڕی پارە و ناوەندە پووچەکان ناپێورێن، بەڵکوو بەو بیرمەندانە دەناسرێن کە مێژوو و شوناسی نەتەوەکەیان دەپارێزن.