شوان کەریم، شکستهێنان یان سەرکەوتن؟.. حەيدەر عەبدولرەحمان

                    

نامەوێ بە پێچ و پەناو لەژێر پەردە قسە لەشانۆیی (پیانۆ) ی شوان کەریمی نووسەرو دەرهێنەر بکەم، ئەمە نە لە بەرژەوەندی بینەرو نەلە بەرژەوەندی خودی شوان کەریمە، لە هەموو حاڵەتێکا هەر دەرهێنەرێک بیەوێت بەردەوامی بە ئەزموونەکانی خۆی بدات، کەس ناتوانێ گرێنتی مانەوەی ئەو ئەزموونە بدات لە قەدێکی دیاری کراودا ، ئەگەر هەموو ئەگەرەکان نەخاتە بەرچاوی خۆی، لەوانەش سەرکەوتنی گەورە یان شکستی چاوەڕوان نەکراو.
شوان کەریم لەو دەرهێنەرانەیە بەرگەی وەستانی درێژ خایەن ناگرێت، بێ پرۆژەی شانۆیی یا درامی ئارام ناگرێ، باکیشی بە هیچ ئەنجامێک نیە لە ئەزموونەکانی، کاتێ شانی خۆی دایە بەر ئیشێک لە شکست ناترسێ، چونکە بە پێی لۆژیک ئەو هەڵس و کەوت لەگەڵ ئەنجامی کارەکان دەکات، بە پێی لۆژیکیش هەموو کارێک ئەگەری شکستی هەیە، وەک ئەگەری سەرکەوتن، بە پێی ئەو هاوکێشەیەش هیچ شکستێک خاڵی کۆتایی نیە، بەڵکو هاندانە بۆ بیرکردنەوە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەک کە کەوتۆتە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی دەرهێنەر.
ئەوەی لە پەراوێزی هەر کارێکی شکست خواردوو سوودی لێ وەردەگیرێ، بەدواداگەڕان و دۆزینەوەی ئەو فاکتەرانەن کە شکست هێنان دروستی دەکات،
خوا نەخواستە مەبەست لەو چەند نموونەیە، شوان کەریم و پیانؤکەی نیە، ئەگەرچی ئاساییە ئەگەر ئەویش بێت، مادام ئەو نەوەستاوەو کار دەکات، ئاستی داهێنانی یان شکست خواردنی، کارێکی ڕەها نیە، بەڵکو ڕێژەییە.
ئەگەر ڕیتمی کارکردنی شوان بێنیە بەرچاوی خۆت و بتەوێ بە ژمارە قسە بکەیت، دەگەیتە ئەو بڕوایە کە ڕیتمەکە بەلەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی سەختی شانۆ لە کوردستان و بە بەراورد لەگەڵ دەرهێنەرانی دیکەی کوردستان، ڕەنگە ڕیتمێکی خێرا بووە، ئەم خێراییە لە بەرژەوەندی شوان نەبووە، چونکە دەرفەتی خۆ ئامادەکردنی کەمتر بۆتەوە.
بەڵام بۆ خێرایی کارکردن؟
ئایا خێرایی بە مەبەستی دەسکەوتی ماددی بووەو بینەری زۆر و فرۆشتنی پلیتی زۆر بووەتە حالەتێکی موغری بۆ گەڕانەوەی خێرا؟
یاخود غیابی بەرهەمی شانۆیی و زەروورەتی شانۆ هانی داوە پەلە بکا بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەکە؟
هاوسەنگی یان لاری شوان بە تەنیا بەراوردێکی ( پیانۆ) لەگەڵ بابلۆو باڵندەی کامەرانی دەردەکەوێ، بەگشتی هەست بەجیاوازی زەقی (پیانۆ) لەگەڵ هەردوو بەرهەمدا گەلێک زۆرە،
ئەگەرچی دەرهێنەر هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەمان فۆرمی داوە، بەڵام ئەمجارەیان بە نادروستى.
وەک باوە شوان لەهەر سێ شانۆگەریدا یەک فۆرمی لە بونیاتی شانۆگەریەکانیدا بەکار هێناوە، بەڵام بۆ هەر نمایشێک ڕەنگێک
لەوانە بەکارهێنانی سیناریۆیەک کە وابەستە بێت، بەچەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی.
دووهەمیان بەکارهێنانی ئاوازو گۆرانی، کە ئەمجارە ئەکتیفی نمایشەکەی هێنایە خوارەوە، بەمەش ڕەگێکی سەرەکی نمایشەکەی کوشت.
سێیەمییان ڕەگەزی کۆمێدیایە لە هەرسێ نمایش، ئەمەشییان هەمان چارەنووسی ڕەگەزی دووەمی بەسەر هات.
ئەگەر بەم شێوەیە چەند پارچەیەکی نمایشەکە ڕوو بە ڕووی ئیفلیجی بێتەوە، دەبێ جەستەی نمایشەکە چی بەسەر بێت.

کاتێ بينه ر ناونیشانی نمایشەکە بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەو ئامێرە کرۆکی ئامانج و گوتاری نمایشەکەیە و هێمایەکی فەلسەفی کاریگەرە بۆ گوزارشت کردن لە گەلێک مەغزای نهێنی ڕووداوەکانی ناو نمایشەکە، وەک ئەوەی گوزارشت لەگۆشەگیری و تەنیایی و خەمێکی گەورەی دەروونی بکات، كه ئەو ئامێرە بە هەموو هێزی خۆیەوە، هەوڵی بە هاوسەنگ ڕاگرتنی بدات.
زۆر لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەمێنێتەوە ئەو ئامێرە مۆسیقاییە و ڕیتمی ئاوازەکانی، لە دەستی یەکێ لە کاراکتەرەکانی نمایش، بتخاتە ناو دنیای هێمنی و تەنیایی، کەچی تا کۆتایی نمایش ئەو ئامێرە وەک جەستەیەکی مردووی بێ خاوەن، یان وه ك یەکێ لە ئێکسسواراتی شانۆ بۆشاییەکی فەزای شانۆگەریيەکەی پئ پڕ کرابێتەوە.
ئەو کات بینەر لەخۆی دەپرسێ، باشە ئەودەرهێنەرە بەچ ئامانجێک ئەو نمایشەی ناو‌ ناوە (پیانوو) ئەگەر بوون و نەبوونی ئەو ئامێرە وەک یەک بێت لەسەر شانۆ؟
بۆچی دەرهێنەر هەوڵی نەداوە ئامێرەکە بە زیندوو ڕابگرێ، بەلانی کەم پاساو بۆ ئەو تەنە گەورە مردووەی سەر شانۆی هەبێت.
ئايا بەلای دەرهێنەر مردنی لایەکی فەزای نمایش، نا هاوسەنگی دروست ناکات، لەسەر تەختەی شانۆ؟
کێشەی گەورەی پیانووەکە ئەوەیەکە بۆتە ناونیشانی نمایش، هه ر ئه وه شه بۆتە خاڵی سەرەکی جەخت کردنەوەو لەسەر وەستانی بينه ربەرامبەر ئامێرەکە و بیرکردنەوە لە فەلسەفەو زەروورەتی لەسەر شانۆ.
پەلە پروزێ ی دەرهێنەر بۆ نمایش وای کردووە، کۆڵەگەی بنەڕەتی بونیاتی شانۆگەریيەکەی کە( دەقە) بخاتە مەترسییەوە، چونکە دایەلۆگەکانی بەشێوەیەکی پڕ لە تەموو مژاوى و ئاڵۆز داڕشتووە، کە لای بینەری کورد کەمێک نامۆ بێت، بەدەر لەچەند دایەلۆگێکی وەک داخستن و دا نەخستنی دەرگا بەڕووی بیانییەکان
ته نانه ت کاراکتەرێکی سەرەکی لە نێو کاراکتەرەکاندا هەڵنەبژاردووە، ببێتە پاڵەوانی هەڵگری ئامانجی نمایشەکە.
نەخێر فەلسفەی نمایشەکە پارچە پارچە کراوەو ڕادەست کردنيشی لاوازە.
بؤيه کۆتا دیمەن، ئەو کاریگەرییە هونەری و دراماتیکییەی نامێنێ کە بینەر ئاواتی بۆ دەخوازێ
من بینەرێکم بە پێنج خولەک دوای کۆتایی نمایش هیچ دیمەنێک، هیچ جولانەوەیەکی ڕەمزی، هیچ سینۆگرافیایەک، هیچ ڕیتمێکی جیاواز، هیچ..هیچ شتێکم لە زەهنی دا بە تۆمار کراوی لە مێشکدا نەماوە، هیچ ستاتیکاو جوانیەک چاومی تێر نەکردووە، کەواتە ئەو هەوو دەف و دۆڵەی لەبەردەم کامێرا بە بینەر تۆمار دەکرێن بۆ بازاڕ پەیدا کردن لە کوێن بۆ من نایانبینم؟
تەنیا شتێ کە نکۆڵی لێ ناکرێت و لە نمایشەکە دڵخۆش دەکات، ئەو ئەکتەرە لێهاتووانەن، کە زۆر بە کارامەیی و نواندنی داهێنەرانەیان هاوسەنگی شانۆیان ڕاگرتبوو، بینەریان لەزۆر کەلێنی گەورەی نمایش غافل کردبوو، یەکە یەکەی ئه و ئه كته رانه شایەستەی سەر بۆ دانواندنن.
ئەوەش كه له دوماهيدا گرنگە، شوان کەریم لەو ئەزموونە نوێیە ييدا وەری بگرێ، بە دەردی پارێزەری نمایشە كه ى خؤى نەچێ.
وا باشترە ئەو یەکەم کەس بێت لەوانەی سوود لەو فەلسەفەیە وەرگرن، بۆ ماوەیەک پشوو بدا، ئینجا بە داهێنانيَكى گەورەی وەک (بابلۆ)ى بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە.