گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی – بەشی پێنجەم

دراماتۆرگ
بەشی پێنجەم

-هەست ناکەیت تا ئێرە ویستوتە تەواو ئەو روانینە خۆرئاواییە لەشانۆی کوردیی بکەیتە دەرەوە؟

  • گەر بگەڕێینەوە سەرەتای گفتوگۆکە، تێدەگەین لەوەی هەر لەبەراییەوە ویستومە ڕەخنە لەسێنتەری ئەم شانۆیە بگرین، تۆ سەیرکە تا ئێرە من هەوڵمداوە لەدیدی دێرێدا ئەو سێنتەرە هەڵبوەشێنمەوە، ئێمە ئێستا لەبەردەمی بونیادەکانداین، دڵخۆشین لەبەردەم بونیاددا، چونکە بونیاد سێنتەری نیە، ئەوە ئەو دۆخە درووستەیە لەئێستادا لای نەوەیەکی نوێی شانۆ بوونی هەیە، پێشتریش خەڵکانێک ویستیان لێی بێنە دەرەوە، بەڵام نەیانتوانی گەشەی پێ بدەن، کارەکانی کۆڕی شانۆی با، نمونەیەکی دیاری ئەو قسانەمانە، بەتایبەت نمایشی «پێکەوە لەبەهەشتدا عەسرێ» دەیانویست تێگەیشتنی باو بۆ تازەگەری بگۆڕن، بەڵام دەست نیشانکراوی بیرکردنەوەی شانۆییان وایکردبوو تا شوێنێک بڕۆن، ئەوە ڕەنگە بۆ شانۆکاری کورد ڕەخنەیەکی قبوڵکراو نەبێت، بەڵام ڕاستیە، تا ڕادەیەکی زۆر هیوا فایەق لە «مارا-ساد» دەیویست ئەو دەرگا داخراوەیان بکاتەوە، بەلام سەرەنجام گرفتی هیوا لەوێ بوو نمایشەکە دەیویست خۆی بداتەوە دەست پرسەکانی شەقامی کوردیی، ئەوە کارێکی گرنگە، بەلام لەسەر لادان نەبێت لەسەر خودی تێکستەکەوە، هەرچۆنێک بێت ئەوان لەهەوڵی گۆڕینی ئەو دۆخە شانۆییەدا بوون، گەر نەیانتوانی هەناسە درێژبن و دەستکاری کۆی جومگەکان بکەن، بەڵام لەهەوڵی ئەوەدا بوون بەرەو ڕووی ئەو فۆڕمە باوەی تازەگەری بووەستنەوە، دوانزە ساڵە من لەکوردستان نیم و نازانم تەواو چی ڕوو دەدات، ئەوەی هەیە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەیبینم، بەلام شانۆکارانێک هەن جێگای ئومێدن، لەوانە شوان کەریم، ئەو خۆی دەنووسێت شانۆنامەی کەس نابڕێت، ئەوەی خۆی دەیەوێت دەینووسێت و لەگەڵ ئەکتەرەکان کاری تیا دەکات، ئەوەی من دەیبینم لەڤیدیۆکان یاخود لەناو وتاری رەخنەییدا ئەو تارادەیەکی باش دەزانێ لەگەڵ ویستی بینەری کورد رێ بکات، من بەشێک لەکارەکانیم بە ڤیدیۆ بینیووەو جێی سەرنجە، بە بروای من ئەوە سەرەتایەکی ڕاستەقینەیە بۆ شانۆی کوردیی. ئەو کارە پێویستی بە دراماتۆرگی شانۆییە، بزانێت پێویستی شانۆ چیە، تا بۆی بنووسێت.
    من وا تێدەگەم گفتوگۆکەمان لەئێستادا لەسەر پاییەکی زۆر ڕاستگۆو گرنگ وەستاوە، چونکە بابەتێکە هەمیشە وەک ووشە نەک چەمک ئامادەبوونێکی پتەوی هەیە، ئێمە ئەوەش کە لە عەرەبەکان خواستوومانە بە شیکردنەوەی دەقی تێگەیشتووین، من لەشاری وارشۆ بۆ ماوەی شەش مانگ دراماتۆرگم خوێندووە لە خوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگۆمند هۆبنەر، لەسەر دەستی دیارترین دراماتۆرگی ئەمرۆی شانۆی پۆلەندی ئەویش «ئارتور پاوڤێک» ە، دەمەوێت لێرەدا بەووردی لەسەر دراماتۆرگ بووەستم، لەچەمک و ناسینەوە تا دەگات بە چۆنیەتی کارکردن، چونکە هەندێکجار خوێندومەتەوە شانۆکاری کورد دەلێت دراماتۆرگ لەسەماو دەرهێناندا، نەخێر بەهیچ جۆرێک دراماتۆرگ لەسەمادا بوونی نیە، ئەوە کیرۆگرافە نەک دراماتۆرگ، دەرهێنانی شانۆیی هونەرێکی سەربەخۆیە، لەشوێنێکدا دراماتۆرگ بوونی هەیە، وەک کاک شوان کەریم خۆی نووسەری شانۆنامەکەی بێت، هیوادارم ئارامبگرن و پەلە نەکەن، تا بەورردی لەبارەیەوە دەدوێین، پێویست بەهەڵچوون ناکات، من بەکاری خۆمی دەزانم لەڕووی تیۆریەوە باسی بکەین و لەسەری بووەستین، تاوەکو وەک چەمکەکانی ڕابردوو بارگاوی نەکەین بە فانتازیا خۆی فریوودان.
    دراماتۆرگ لەڕابردوودا تایبەت بوو بە نووسەری شانۆیی، شکسپیر و مۆلێر دراماتۆرگن، ئەو چەمکە لەئێستاشدا بۆ نووسەری شانۆنامە بەکار دێت، بەواتای دراماتۆرگ ئەو کەسەیە کە دەقی شانۆیی دەنووسێت، تا هاتنی برێخت ئەو چەمکە بە بروای پاتریک پاڤیس بۆ نوسەری شانۆنامە بەکار هاتووە، تاوەکو ئەڵمانەکان گۆڕیان بۆ راوێژکاری ئەدەبی و شانۆیی دەرهێنەر، پاڤیس لەکتێبەکەیدا بەناوی «فەرهەنگی شانۆ» دراماتۆرگ دەباتە ناو درامای ئەرستۆیی و نا ئەرستۆیی، برێخت گۆڕانکاری بەکاری دراماتۆرگ دەکات، هەڵبەت توێژەری شانۆیی فەرەنسی ئان ئۆبێرسفێل کە لەبنەرەتدا ژنە جولەکەیەکی پۆلەندیە، هاوڕایە لەگەڵ ئەو ڕوانینەی پاتریک پاڤیس، ئۆبێر سفێل کتێبێکی هەیە بەناونیشانی «زاراوە سەرەکیەکان لە شیکردنەوەی شانۆدا»، ئەویش بەهەمان شێوە دراماتۆرگ بە نوسەری شانۆنامە ناو دەبات تا هاتنی برێخت، ئاماژە بەوەش دەکات بەوەی لەئەمڕۆدا ئەو چەمکە هەڵگری سێ مانایە: ١- توێژینەوەی بۆ بنیاتنانی شانۆنامە ٢- نووسینەوەی نمایش ٣- توێژینەوەی بەلگەدار بۆ پەیوەندی نێوان دەق و نمایشی شانۆیی لەلایەک و لەلایەکی ترلەنێوان مێژوو و لایەناکانیتردا، ئەویش وەک پاتریک پاڤیس ناوی دەبات بەمانا ئەڵمانی یاخود برێختیەکەی دراماتۆرگ.

-یانی چی مانا برێختیەکەی؟ ئایا دراماتۆرگ لای برێخت مانایەکی تایبەتی هەیە؟
-ئەو دوانە هەردووکیان دوو فۆڕم بە دراماتۆرگ دەبەخشن، دراماتۆرگ لەشانۆی ئەرستۆیی و دراماتۆرگ لەشانۆی نا ئەرستۆیی، ئۆبێر سفێل بە دوو تێگەیشتن لەسەر دراماتۆرگ وەستاوە، کاتێک باس لەجیاوازی مانای کۆن و نوێ بۆ دراماتۆرگ دەکات، لەمانای نوێدا کە باس لە برێختە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەڵمانیەکان مانای نوێیان پێداوە، مانا ئەڵمانیەکە ناو دەبات بە یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی، بڕوای وایە کاری ئەو بریتیە لەئامادەکردنی دەقەکان لەکاتی پێویستدا، گەڕان و توێژینەوەی ئەدەبی و مێژووییە، بیرکردنەوە لەماناو ئایدیۆلۆژیا، هەندێک کات کارکردن لەگەڵ گونجاندنی دەق، لەگەڵ هەلسان بە چاکسازیە گەورەو بچووکەکان، بەشداریکردن لەپڕۆڤەکان بەو پێییەی چاودێرێکی بێلایەنە، هەروەها هەندێک کاتی تریش بزوێنەرو چالاکە «ئامادەکردنی پرۆگرامەکان و رێکخستنی دانیشتنی گفتوگۆکان»
ئۆبێرسفێل بەم پێناسەیە سەیری کاری دراماتۆرگی نوێی شانۆی ئەڵمانی دەکات، ئاماژە بۆ زۆربەی دەرهێنەران دەکات کە دراماتۆرگ لەناو نمایشەکانیاندا هەیە، لەپاڵ ئەوە باس لەوانیتر دەکات، ووتەیەکی ڤیتز بە نمونە دێنێتەوە «نامەوێت کەسێک راسپێرم بۆ بیرکردنەوە» بەمانای ئەوەی لەلای ڤیتز دەرهێنەر بۆ خۆی هەڵدەستێت بەکاری دراماتۆرگی، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد باس لە لایەنگرانی شانۆیی برێخت دەکات بەوەی ئەوان رۆلی دراماتۆرگیان لەمانا نوێیەکەدا خستۆتە ڕوو، سەرباری ئەوەی کە برێخت بۆ خۆشی دراماتۆرگی تایبەتی بە کارەکانی هەبووە، ئەوەش لای ئەو دەرهێنەرە ناو دەبات بە «راسپاردنی ئایدیۆلۆژیا» کە ئەو راسپاردنە بە لاوازکردنی چەمکەکە دەبینێت.

-تائێرە پێناسەی چەمکەکەیە، ئێستا لەنێوان مانای کۆن بۆ دراماتۆرگ و مانای نوێی ئەڵمانیەکان تۆ چۆن سەیری ئەو چەمکە دەکەیت؟

-راستیەکەی ئەوە من نیم چۆن سەیری دەکەم، بەڵام بەپێی خوێندنەوەو خوێندن و تێگەیشتن، دەتوانم هەندێک ڕوانینی تایبەتی خۆم نیشان بدەم، کە هەوڵێکە بۆ نزیکردنەوەی هەردوو ماناکە لەیەکتری، ئەوەش لەڕوانگەی خوێندنی دراماتۆرگی و کۆمەڵێک نمایشی شانۆیی سەر شانۆکانی شانۆی پۆڵەندی.
دراماتۆرگ تێکستێکی ناشانۆیی دەگۆڕێت بۆ شانۆنامە، یاخود چیرۆکێکی ناو ڕابردوو کە لەزار بیستراوە، هەندێک دیاردە کولتوریەکانی سیما کولتوریی کۆمەڵگا کاتێک دەکرێت بە دەقی شانۆیی ئەوە دراماتۆرگە پێی هەڵدەستێت، بەجیا لەو مانا ئەڵمانیەی ئاماژەمان بۆ کرد، مانایەکیتری هەیە، دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندی دراماتۆرگ بانگهێشت دەکات بۆ چۆنیەتی لابردنی ووشەیەک یاخود ڕستەیەک کە ناکرێت بۆ کۆمەڵگاکەی ئەو گونجاو بێت، با نمونە بێنینەوە لەشانۆنامەی «سێ خوشک» لە نووسینی چێخۆڤ یەکێک لەخوشکەکان کە ماشا، یە ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەندا و لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوەو پێی دەلێن گیانەکەم.

-نەخێر وای پێ ناڵێت، بەلکو لە وەرگێرانەکەی جەلال تەقێ کە روسی زمانێکی تەواوە و پێشتر کۆمەڵە چیرۆکێکی تری چێخۆڤی کردووە بە کوردیی و لەوەرگێرانی ئەو شانۆنامەیەدا ووشەی گیانەکەم بە کار ناهێنێت، بەلكو ووشەی کۆخانێ دەنووسێت، ئایا پێت وایە ئەو دوو ووشەیە یەک مانایان هەیە؟

-پرسیارەکە لەشوێنی خۆیدایە، من هاوڕام جەلال تەقێ بەشاهیدی زۆرینە ڕووسی زمان و کوردیەکەشی پاراوەو دستۆڤسکی وەرگێراوە بۆ کوردیی لەپاڵ کۆمەلێک چیرۆک و شانۆنامەی چێخۆڤ، بەڵام ووشەی کوخانێ ووشەیەکی رووسی نیە، بەڵکو ووشەیەکی پۆڵەندیە، وەک ووشەی حەیاتمی کەرکوکی وایە، یا بەساقەوبمی سلێمانی، بۆ ژن و پیاو بەکار دێت، بەڵام بۆچی ماشا بە پۆلەندی دەیلێت؟ ئەوە سوکایەتیە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی بەوەی دەیەوێت بە ڤێرشینین بڵێت ژنەکان باوەشی سۆزداریت بۆ دەکەنەوەو دەڵێن کوخانێ، هەڵبەت لێرەدا بۆ دەرهێنەری پۆڵەندی دراماتۆرگ لەشانۆی پۆڤشیخنی بانگهێشت کرا کە چۆن ئەو ووشەیە لا ببردرێت و زیان بە شانۆنامەکە نەگەیەنێت، دراماتۆرگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، دەبێت سەر لەبەری کەسێتی ڤێرشینین دەستکاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ووشەیە بەکار نەهێنێت یاخود دەبێت دیمەنێک بەتەواوی لا ببردرێت، ئەوەش کارێکی نەکردەیە، دراماتۆرگ ئەو کارەش ئەنجام دەدات، نەک وەک شانۆی کوردیی دیمەن و پەردە لابەرین وبڵێین لەگەڵ دیدگای دەرهێنانیمان ناگونجێت، دەرهێنەری کورد دێت پێی دەلێی دەستکاری تەواوی تێکستەکەی شکسپیرت کردووە، دەڵێت ئەوە هاملێتی منە و من دەستکاری دەکەم، نەخێر هاملێتی تۆ نیە هی شکسپیرە، تۆ تەنیا پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو وەک ئەوەی شکسپیر داوای دەکات بیخەیتە سەر شانۆ، بۆت هەیە جل وبەرگ و دیکۆرو روناکی و جولە دەستکاری بکەیت، بەڵام دیالۆگ و ڕستەو کارەکتەرو دیمەن وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە لێرەدا بڕوام وایە تەواوی وێنەکانی دراماتۆرگمان ڕوون کردبێتەوە، بەڵام من نازانم بۆچی زۆرجار لەشانۆی عەرەبیدا دراماتۆرگ بە ڕەخنەگر دەناسرێت، بەوەی کاری نووسینی تێبینەکانی رۆژانی پرۆڤە بێت تاوەکو دواتر قسە لەنمایش بکات، ناوی دەبەن بە شیکەرەوەی دەق، ئەو مانا عەرەبیە کە بەشێکی دیاری شانۆکاری کورد تێی کەوتووە هیچ پەیوەندیەکی بە دراماتۆرگەوە نیە، دراماتۆرگ نە شیکردنەوەی دەقە نەوابەستەی نمایش ودەرهێنانە، دراماتۆرگ نووسەری شانۆنامەیە، بەدوای برێخت وەزیفەی تری بۆ دەرکەوتووە کە لەلای ئێمە زۆرجار ئەو کارەی دراماتۆرگ ڕاسپێردراوە بە بەرێوبەری شانۆ، چونکە ئامادەکردنی بەڵگەو دۆکۆمێنت بۆ ئەکتەرو ڕێکخستنی دانیشتنەکان کە لەشانۆی ئەڵمانی دراوە بە دراماتۆرگ لەلای ئێمە بەرێوبەری شانۆ پێی هەڵساوە.