جەلاد.. شوان عەباس بەدری

ئەی جەلاد
ئیتر کێردەکەت فڕێ بدە
کەنارییە دڵ ڕەنگینەکان
بە یەکجاری لە نیشتمان کۆچیان کرد و
داڵەکەر خۆرەکان ئازادانە
بە ئاسمانی وڵاتدا دەسورێنەوە
ئیتر تاهەتایە
قاسپەی کەو و دەنگی هاژەی ئاو
لەو چیا و دەشتانە
زیندەبەچاڵ کراون و
تا حەز بکەیت
بۆ تاهەتایە ئیتر
بەس گوێت لە فیشە و خشەی مار دەبێت
چەند سامناکە
گوێچکەی بووکی خاک
بە دەنگی قەلەڕەش و بایەقووش و
چەقە چەقی چەقەڵ کاس بێت و
زەماوەندی خوێن لەگەڵ گورگە بریندارەکەی
دەستی خاک فرۆشان بگێرێت !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا کەلەسەری زەرنەقووتە بێ درەتانەکەی ئومێد
بە سەر سەری ڕمە ژەنگاوییەکەی نائومێدییەوەیە
ئەوەتا مێژوو
ناوی دەستە بێ بەزەیی و کێردە خوێناوییەکەتی
وەک بە بەزەیی ترین دەست و
دادپەروەرترین کێردی پاک لەناو خۆیدا
نووسیوەتەوە !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا سوپای هەزار بە هەزاری
نەزانی و بێهۆشی و نادادی
لەبەر دەم کۆشکە بە کەلەسەر ڕازێنراوەکەت
کڕنووشی سوپاسگوزاری بۆ بردوویت و
هەروەک خودا
عەرشەکەتیان لەسەر شانیان بەرزکردۆتەوە و
ناوەکەتیان لە سەر هەورەکان نووسیوە !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
زمانی وڵات بە دەستی پیاوەکانت بڕاوە و
کۆیلەکانت نیشتمانیان پڕکردووە لە چیرۆکی
پاڵەوانییە خەیاڵییەکانت
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە ئەی فس فس پاڵەوان
دڵخۆش بە
ئەی نابینی خەوی ئارام بنەوبارەگای
لە چاوەکان پێچاوەتەوە و
مرۆڤ لە ترسی مۆتەکە
باوەشی بە خۆیدا کردووە و
دەنگی پۆستاڵی سەربازەکان
لەرزەی خستۆتە گیانی مێروولەکان
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
دواجار لە نیشتمانەکەم
تاریکی بەسەر تیشکدا سەرکەوت و
هەموان لەناو کۆشکە وێرانەکەی
ئازادی و دادپەروەری و سبەی
کۆت و بەندکران و
کۆتاییان هات !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا دەستە گوولەکانی کەنار خوێناوەکەی
رۆڵەکانی خاک
خەتێکی ڕەشیان بە سەر
گشت خیانەتە بێ شەرمەکانی تۆ هێناوە و
بە ئاوی ئاڵتوون لەسەر لەوحی مەحفوزی
زاکیرەی جیلی تازە
وەک لە خۆبووردوویی و گیانفیدایی و چاونەترسیت
تۆماریان کردوون
دەستە خوێناوییەکانت بشۆ ئەی جەلاد
ئیتر نە کەناری و
نە ئاسکێک و
نە نێرە تاووسێک و
نە ویژدانێک
لەم نیشتمانە ماوە تا تۆ سەڕی ببرێت
ئارام بنوو ئەی جەلاد
ئارام بنوو
گژ و گیا و درەخت و ئاو و
چیا و دەشت و
مێروو و ئاژەڵ و باڵندە و
مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە
لە مەڵاسدان بۆ یەکتری و
چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ هەڵدڕینی یەکتر
ئارام بنوو ئەی جەلاد
ئارام بنوو
دەسەڵاتی سەد و پەنجا ساڵەی خۆت و کوڕ و نەوەکانت
پیرۆز بێت ئەی جەلاد !

بەلجیکا / 2026